شێخ حەمید مەعلە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بۆ گوڵان:سەماحەتی عەممار حەكیم و سەماحەتی موقتەدا سەدرداوایان لە حكومەت كردووە وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە

شێخ حەمید مەعلە لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بۆ گوڵان:سەماحەتی عەممار حەكیم و سەماحەتی موقتەدا سەدرداوایان لە حكومەت كردووە وەڵامی خۆپیشاندەران بداتەوە
شێخ حەمید مەعلە یەكێكە لەسەركردەكانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و ئەندامی پەرلەمانی عێراقیشە لەسەر لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی، سەبارەت بە هەڵوێستی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لەسەر داواكاری خۆپیشاندەران و كۆبوونەوەی نێوان سەید موقتەدا سەدر و سەید عەممار حەكیم، لە لێدوانێكی تایبەتی بۆ گوڵان بەمجۆرە هەڵوێستی خۆیانی روونكردەوە.
((رۆژی هەینی سەماحەتی موقتەدا سەدر سەردانی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی كرد و لەگەڵ سەماحەتی عەممار حەكیم كۆبۆوە، لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا دوایان لە حكومەت كرد وەڵامدانەوەی بۆ خواستە دەستوورییەكان و خواستەكانی گەلی عێراق هەبێت، هەروەها بە پێویستیان زانی كێشەكانی ئەمڕۆ بەپەلە و بە حەكیمانە یەكلابكرێنەوە، لە وتاری رۆژی هەینی مەرجەعییەتیش داواكرا بەوەی پێویستە گوێ لە هاووڵاتیان بگیرێت و بارودۆخەكە هیۆر بكرێتەوە، ئەمەش وەك هەنگاوی پێویست و بەپەلە كە پێویستە لە ئێستادا بگیرێنە بەر، كەواتە ئەگەر وەڵامدانەوەیەكی خێرا هەبێت بۆ ئەو داواكاریانەی خۆپیشاندەران، ئەوا بێگومان هەندێك لەو داواكاریانە خۆیان یاسایی و دەستوورین و بەشێكن لەو داواكاریانەی كە پێشتریش خراونەتەڕوو، ئامانج لەم داواكاریانە ئەنجامدانی چاكسازی پێویستە لە پرۆسە سیاسییەكاندا، بەڵام هەندێك داواكاری دیكە هەن پێویستیان بەوەیە پەرلەمان كۆبێتەوە، لەبەر ئەوەی پێویستی بەدانانی یاسا یاخود گۆڕین و هەمواركردنی یاسا هەیە، هەندێك داواكاری دیكەشیان راستەوخۆ پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە و پێویستە حكومەت دەستبەجێ وەڵامدانەوەی هەبێت بەرامبەر ئەو داواكاریانە و رێگە چارەی پێویست بگرێتە بەر بۆ ئەوەی جێبەجێیان بكات، هەربۆیە ئەگەر بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ داواكاری خۆپیشاندان بكرێت، ئەوا تیگەیشتن دێتە ئاراوە، بەڵام وەك ئەوەی ئێمە دەیبنین و مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت پێمانوایە ئەم مەسەلەیە بەمزوانە كۆتایی نایەت. لە دەسپێكیشدا حكومەت زمانی هەڕەشەی بەكارهێنا دژی خۆپیشاندەران، بێگومان زمانی هەڕەشە بۆ وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران گونجاو نییە، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا دەبێت چاوەڕێی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان بین كە بانگێشەی بۆ كراوە، وا بڕیاربوو رۆژی یەكشەممە ئەو دانیشتنە ئەنجامبدرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی رۆژی یەكشەممە پشوو بوو، ئەوا لەوانەیە دووشەممە یان سێ شەممە ئەنجامبدرێ)).
Top