سوعات كینگلی ئۆغلۆ بۆ گوڵان:پەرەسەندنە ئیقلیمیەكان بە ئاراستەیەك ناوچەكە دەگۆڕن لەوانەیە نەناسرێتەوە

سوعات كینگلی ئۆغلۆ بۆ گوڵان:پەرەسەندنە ئیقلیمیەكان بە ئاراستەیەك ناوچەكە دەگۆڕن لەوانەیە نەناسرێتەوە
سوعات كینگلیئۆغلۆ یەكێكە لە سیاسەتمەدارەكانی پارتی داد و گەشەپێدان و جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەیە لەپەرلەمانی توركیا و پێشتریش یەكێك بووە لە ئەندامی پەرلەمانی ناتۆ گرووپی توركیا، هەروەها دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری سەنتەری ستراتیژییە (STRATIMA) بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ناوچەكە و هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەكرد، بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* بارودۆخی ناوچەكە چۆن دەبینیت بە تایبەتی كە پێشبینی ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد دەكرێت؟
- گومان لەوەدایە نییە كە بێداربوونەوەی عەرەبی بووە هۆی خێراتربوونی هەندێ پەرەسەندنی ئیقلیمی گرنگ و پێموایە بە بەراورد بە ڕابردو ناوچەكە بە شێوەیەك دەگۆڕێت كە نەناسرێتەوە. ئەو ململانێیەی لە سوریادا هەیە بە كەوتنی ڕژێمەكەی ئەسەد كۆتایی دێت و ئاسانكاری دەكرێت بۆ پرۆسەی ڕاگوزەری ئاسایی بە ئامانجی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دیموكراتی و ئومێدەكە ئەوەیە ئیرادەی خەڵكی سوریا لە یەكەم هەڵبژاردندا ڕەنگ بداتەوە و قۆناخی ڕاگوزەری قۆناخێكی دورودرێژ نەبێت، لەبەر ئەوەی وەك دەزانن بۆ ماوەیەكی زۆرە ململانێ لەسەر خاك هەیە و توندوتیژیەی زۆر لە ئارادایە. ئەوە ڕاستە كە لەگەڵ ڕۆیشتنی رژێمی ئەسەددا پێشبینی ڕوودانی پشێوی دەكرێت، بەڵام لە كۆتاییدا پێشبینی دەكرێت ژیانی ئاسایی بۆ سوریا بگەڕێتەوە و حكومەتێكی ئاسایی دابمەزرێت لەم وڵاتەدا. بە دڵنیاییەوە ئێمە لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین لە سوریا، هەروەها لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی عێراق دەكەین كە ئاشكرایە حكومەتی ئێستای توركیا پەیوەندیەكی زۆر گرژی هەیە لەگەڵ حكومەتەكەی مالیكی لە عیراقدا. كەواتە هەموو پەرەسەندنەكانی ناوچەكە بە جۆرێك لە جۆرەكان پێكەوە پەیوەستن. ئەمە مایەی نیگەرانیەكی زۆرە بۆ توركیا، كە سنوری لەگەڵ سوریا و عێراق و ئێراندا هەیە. خۆشبەختانە ئومێد دەكرێت بەم زووانە زاڵبن بەسەر ئەم گرژی و ڕووبەڕووبوونەوانە بۆ ئەوەی سوریا بنیات بنرێتەوە و پەیوەندیەكی ئاسایی هەبێت لە نێوان توركیا و سوریادا.
* عێراق، توركیا بە دەستوەردانی لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی تۆمەتبار دەكات، بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئایندەی وڵاتەكە چۆن دەبینیت؟
- ئێمە زۆر نیگەرانین لەو جۆرە لێدوانانە، لەبەر ئەوەی هەمیشە توركیا لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق و یەكێتی سیاسی ئەو وڵاتەدا بووە، ئێمە نیگەرانین لەوەی گرژیەكانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا، نێوان بەغدا و هەولێر خراپتر بێت، ئەمە سەرچاوەی نیگەرانیەكی سەرەكیە بۆ توركیا. ئێمە پەیوەندیەكی ئاساییمان دەوێت لەگەڵ عێراقدا، بەڵام بە داخەوە حكومەتی بەغدا تێڕوانینی زۆر تائیفیانەی هەیە و دەستی كردووە بە ڕەخنەگرتن لە توركیا، بە تایبەتی دوای ئەوەی سیاسەتی توركیا لە ئاست سوریادا دژ بە ڕژێمەكەی ئەسەد بوو. پێموایە مالیكی سیاسەتێكی زۆر مەترسیداری گرتۆتەبەر، نەك هەر تەنیا هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی لە عێراقدا، بەڵكو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی تەواوی ناوچەكە، چونكە هەروەك دەزانین ناوچەكە لە هەل و مەرجێكی زۆر لەرزۆك و زۆر گرژدایە، ئومێدەكە ئەوەیە تێڕوانینێكی پتر بەرپرسیارانە لە بەغدا باڵادەست بێت.
* تا چەند توركیا بارودۆخی هەرێمی كوردستانی بەلاوە گرنگە، بە تایبەتی كە حكومەتی عێراق هەڕەشە لەسەقامگیری ئەم هەرێمە دەكات؟
- ئەمە مایەی بێزارییەكی لە ڕادەبەدەرە بۆ ئێمە، كوردستانی عێراق دراوسێیەكی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، و ئێمەش پەیوەندیەكانی نێوان ئەنقەرە و هەولێر زۆر بەرز دەنرخێنین، هەروەك دەزانن لەم ساڵانەی دواییدا ئەو پەیوەندیانە بە ڕەوتێكی خێرا بەرەو پەیوەندیگەلێكی سیاسی و ئابووریی هەنگاویان نا. ئێمە هەموو جۆرە پەیامێك بۆ بەغدا دەنێرین كە پێویستە وریا بێت لەمامەڵەكردنی لەگەڵ هەولێر و هەڕەشەكردنی لە هەرێمی كوردستانی عێراق لە باكوور، لەلایەن حكومەتی مالیكیەوە مایەی قبوڵكردن نییە. بەلای ئێمەوە هەرێمی كوردستانی عێراق شەریكێكی ستراتیجیە و حاڵی حازر لە چەندین بواردا هاوكاری یەكتر دەكەین و پێموایە ئەمەش ڕێگاچارەیەكی تەندروستە بۆ خەڵكی هەردوولا، بەڵام ئێمە لە نزیكەوە چاودێری پەرەسەندنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەكەین.
* ئەگەر مالیكی فشار بخاتەسەر هەرێمی كوردستان، فشاری سەربازی بێت یان هەر شێوازێكی دیكە، ئایا توركیا بە چ شێوەیەك پاڵپشتی كوردستان دەكات؟
- پێموایە سەرۆك وەزیران ئەردۆغان لە چەند بۆنەیەكدا پەیامی خۆی ڕاگەیاندووە كە تێیدا گوزارشتی لەوەكردووە كە تەماشاكار نابێت و پشتیوانی هەرێمی كوردستانی عێراق دەكات ئەگەر- ئەگەرچی ئەمە شتێكی خوازراو نییە-ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان حكومەتی بەغدا و هەرێمی كوردستانی عێراقدا رووبدات.
* تا چەند توركیا هەنگاوی جدی ناوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە وڵاتەكەیدا، بە تایبەتی كە گفتوگۆی لەگەڵ ئۆجەلاندا كردووە و هەوڵی چارەسەری ئاشتیانە دەدات لەگەڵ پەكەكەدا؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە پەرەسەندنێكی نوێیە و ئێمە لە نزیكەوە چاودێری دەكەین، حكومەت ئیرادەی خۆی پیشانداوە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا لە زینداندا و پێدەچێت حكومەت لاپەڕەیەكی نوێی كردبێتەوە و دەستی كردۆتەوە بە پرۆسەیەك كە سازدانەوە و ئامادەكردنەوەی «rehabilitation» پەكەكە لە خۆبگرێت، كە بوار بە چارەسەری ئاشتیانە كێشەی كورد بدات. لە ڕاستیدا هێشتا زووە بزانین چ دەرئەنجامێكی دەبێت. لەبەر ئەوەی لە ڕابردووشدا چەند هەوڵێك دراوە، بەڵام بە داخەوە سەركەوتوو نەبوون. بە تێڕوانینی من ئامانجی ئەم كارە بریتییە لە دوورخستنەوەی جەنگاوەرانی پەكەكە بۆ دەرەوەی خاكی توركیا و دواتر دەست بە گفتوگۆ بكرێت، من نازانم كاردانەوەی پەكەكە چی دەبێت و من نازانم بەڕێز ئۆجەلان چەند دەسەڵاتی ماوە بەسەر پەكەكەدا. بەڵام لە مانگەكانی داهاتوودا دەبینین چۆن ئەمە پەرە دەسەنێت، بەڵام تێڕوانینی توركیا، بە تایبەتی تێڕوانینی شەخسی من تێڕوانینێكی پەرۆشانەیە بۆ ئەوەی چارەسەركردنی كێشەی كورد ببینین و بە دڵنیاییەوە پێشوازیەكی زۆر لەم كارە دەكەین.
Top