حەسەن سەلیم ئوزەرتەم بۆ گولان:بۆ گەیشتن بەچارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لەتوركیاپێویستە پەكەكە پابەند بێت بە ئاگربەست

حەسەن سەلیم ئوزەرتەم بۆ گولان:بۆ گەیشتن بەچارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لەتوركیاپێویستە پەكەكە پابەند بێت بە ئاگربەست
حەسەن سەلیم یەكێكە لە تۆژەرەكانی ئامۆژگای یۆساك (USAK) بۆ دیراساتی ستراتیژ و نێودەوڵەتی و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی توركیا و پەیوەندی توركیا لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ستوون نووسی توركیش ویكلی جۆرناڵە، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و هەوڵەكانی توركیا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد لەتوركیا و دانوستانەكانی لەگەڵ ئۆجەلان و پەكەكە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ حەسەن سەلیم ئەنجامدا.
* ئێستا بەپێی بۆچوونی زۆر لە چاودێران كاتی ئەوە هاتووە چاوەڕێی رووخانی رژێمی ئەسەد بكرێت، ئەگەر ئەمە رووبدات چ گۆڕانێك لەناوچەكە روودەدات؟
- سەبارەت بە سوریا، ئێستا ئەوە ئاشكرایە كە رژێمەكەی ئەسەد چیتر ناتوانێت كۆنتڕۆڵی وڵاتەكە بەتەواوەتی بكات، بەتایبەتی لەبەرئەوەی سوپای ئازاد و گرووپە چەكدارەكانی دیكە پەناگەی ئارامیان لەناو خاكی سوریا هەیە لەكاتێكدا هێزەكانی ئەسەد دەتوانن تەنیا چەند پارچەیەكی دیاریكراو لە سوریا كۆنتڕۆڵ بكەن، هەر لەمڕووەیشەوە ئەگەری ئەوە هەیە كە هەڕەشە لە سوریا-وە سەرچاوە هەڵگرێ لە ناوچەكە و بڕوات بەرەو ئاڕاستەی توركیا و عێراق و لوبنان و ئوردون ...وتاد. توركیا لە هەوڵدانە بۆ یارمەتیدانی ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەپێناو دابینكردنی پاڵپشتی و هاریكاری لەمیانی پڕۆسەی گۆڕینی رژێم لە سوریا بەشێوەیەكی پۆزەتیڤانە لەبەرئەوەی پاراستنی یەكپارچەیی وڵات یەكێكە لە ئامانجەكانی توركیا.
* لەم بارودۆخەدا خەریكە باری عێراقیش بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، ئایا تاچەند ئەم بارودۆخە كاریگەری لەسەر گۆڕانكارییەكان دەبێت؟
- پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بینیمان حكومەتەكەی مالیكی سیاسەتی تایفەگەرانەی پیادەكرد، لەلایەنێكی دیكەشەوە حكومەتەكەی مالیكی لە هەوڵدانە بۆ جێگیركردنی پێگەكەی لە وڵات لەڕێگەی لەدەستگرتنی ژمارەیەك وەزارەتی دیاریكراو، بۆنموونە وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها هێزە ئەمنییەكانی وڵات و سوپا، هاوكات لە هەوڵدانە بۆ گۆڕینی چوارچێوەی دەستووری لە عێراق، لەلایەنێكی دیكەشەوە لە پێشهاتەكانی ئەم دواییانەدا لەبارەی تاریق هاشمی و ساڵح موتڵەگ و رافع عیساوی كە بوونەتەهۆی ئەوەی پسپۆر و چاودێران لە توركیا نیگەران بن لەبارەی ئاییندەی عێراق لەبەرئەوەی ئەو كەسایەتییانە نوێنەری عەرەبی سوننە بوون لە عێراق هەربۆیەیش بەردەوامبوونی فشاروگوشاری زیاتر لەسەر ئەو كەسایەتییانە دەبێتەهۆی لێكترازانی زیاتر لەنێوان سوننەكان و شیعەكان، لەلایەنێكی دیكەوە و لەڕووی كێشە دەستوورییەكان و ئاییندەی كەركوك و ئەگەرەكانی بەكارهێنانی هێزی چەكدار لەو شارەدا هەڕەشەیەكی دیكەیە كە ئەو شتەیش كاریگەری نێگەتیڤانەی لێ دەكەوێتەوە، بەڵام نەك لەسەر سەقامگیریی عێراق بەتەنیا، بەڵكو لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە بە تەواوەتی و لەمڕووەیشەوە توركیا لە هەوڵدانە بۆ زیاتر چەسپاندنی سەقامگیری بەتایبەتی لە باكووری عێراق و پاڵپشتی لە سەقامگیریی ناوچەكە دەكات بۆئەوەی بۆ سەرتاسەری عێراق-دا بڵاوەبكاتەوە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی ناوەندی بەهەڵە لە مەبەستەكانی توركیا تێیگەیشتووە و پێیوایە توركیا دەستێوەردان لە كاروبارە ناوخۆییەكانی عێراق دەكات.
* ئایا تاچەند ئەم بارودۆخە بە تایبەتی گرژییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا كاریگەری لەسەر توركیا دەبێت؟
- سەقامگیری هەرێمی كوردستان بەلای توركیاوە زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی بزنسمان و كۆمپانیا و دیپلۆماتكاری توركیا لەو هەرێمە بوونیان هەیە، لەلایەنێكی دیكەوە پێموایە كە توركیا و هەرێمی كوردستان بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوانیاندا هەیە لەبەرئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند سەرچاوەیەكی وزەی وڵات لەژێر كۆنتڕۆڵێتی و لەئەنجامیشدا توركیا تاكە دەروازەیە بۆ گرێدانی كوردستان لەگەڵ ئابووریی جیهانی لەبەرامبەریشدا توركیا خاوەن ژێرخانی جێگیرە و یاریدەدەرە بۆ گواستنەوەی سەرچاوەكانی بۆ ئابووریی جیهانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.
* بۆ توركیا گرنگە هەوڵبدات كێشەی كورد لەوڵاتەكەی خۆی چارەسەر بكات، ئەم هەوڵانە هەستی پێدەكرێت، بەڵام هەنگاوی خێرای بۆ هەڵنەگیراوە، ئایا چاوەڕێ دەكرێت هەنگاوەكان خێراتر بكرێن؟
- سەبارەت بە پرسی كوردی توركیا، پێموایە توركیا دەتوانێت مامەڵە بكات لەسەر هەردووك لە ئاستەكاندا: لەڕووی پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەروەها لەڕووی پرسی كورد لە ناو توركیا، لەبەرئەوەی ئەو دوو مەسەلەیە لە یەك جیاوازن بەشێوەیەك كە یەكێكیان كێشەیەكی سیاسیی ناوخۆیە لەكاتێكدا پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان شتێكی پەیوەستدارە بە سیاسەتی دەرەوەی توركیا، پێموایە كە توركیا بەمدواییانەدا هەنگاوی زۆر گرنگی گرتووەتەبەر لەڕووی چارەسەركردنی پرسی كورد لەڕێگەی كاركردن لەسەر میكانیزمی سیاسی.
* دواپرسیار: توركیا لە هەوڵدانە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بەشێوەیەكی ئاشتییانە، تاچەند ئەم هەنگاوانە جددین و ئەنجامەكانی چۆن دەبینی؟
- سیاسەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر چەندین رەهەندی جیاوازی هەیە بەشێوەیەك كە یەكێك لەو رەهەندانە بریتییە لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر، رەهەندێكی دیكەیش بریتییە لە گرتنەبەری رێگەچارەی سیاسی لەڕێگەی گفتوگۆكانی نێوان عەبدوڵا ئۆجەلان و حكومەتی توركیا، لەلایەنێكی دیكەشەوە و لەپێناو پاراستنی سەقامگیری ئەوە پێویستە لەگەڵ هاوبەشەكانمان هەماهەنگ بین لە ناوچەكە، هەر لەم ڕووەیشەوە دەتوانم ئەوە بڵێم كە سەركەوتنی توركیا لە گفتوگۆكان پەیوەستدارە بە دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە بۆ كێشەكان، بەڵام سەبارەت بە گفتوگۆكان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان ئەوە چەند كێشەیەك لەئارادا هەیە لەبەرئەوەی بەڕای من پێناچێ عەبدوڵا ئۆجەلان كاریگەریی لەسەر پ.ك.ك مابێ، هەربۆیەیش باوەڕناكەم بتوانین پشت بەو گفتوگۆیە ببەستین لەبەرئەوەی چەند ساڵێك بەرلەئێستا حكومەتی توركیا لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان دانوستان و گفتوگۆی دەكرد و شتەكان زۆر بە نەرم و نیانی بەڕێوەدەچوو، بەڵام پ.ك.ك بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی هێرشەكانی لەدژی پۆلیس و سڤیل و ناوچەكان لە توركیا، هەربۆیە پێموایە سەركەوتنی گفتوگۆكان پەیوەستە بەوەی كە پ.ك.ك هێرشەكانی رابگرێت، ئەگەرنا ئەوە بەپێچەوانەوە پێناچێ لایەنەكان بگەنە چارەسەرێكی یەكلاكەرەوە، بەڵام ئەگەر سەیرێكی ستراتیژییەتەكانی ئەمڕۆی حكومەتی توركیا بكەین دەبینین هەنگاوی جددی ئەنجامدراوە بۆ بەكۆتاهێنانی چەكداری پ.ك.ك لە وڵات لەبەرئەوەی ئەمڕۆ تەنیا بیرۆكراتەكان نین كە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كفتوگۆ دەكەن، بەڵكو وەزیرەكان و ئاژانسی هەواڵگریش لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان دانوستان دەكات، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە توركیا بایەخێكی زۆری بەم مەسەلەیە داوە، بۆ گەیشتن بە چارەسەری یەكلاكەرەوە لەگەڵ ئەو رێكخراوە(پ.ك.ك)، ئەوا پێویستە پەكەكە هێرشەكانی رابگرێت و پابەند بێت بە ئاگاربەستەوە بۆ ئەوەی بەشێوازی ئاشتیانە بتوانیت چارەسەرێك بدۆزیتەوە.
Top