جەنگیز چاندار بۆ گوڵان:ئەگەر شەڕی ناوخۆ رووبدات عێراق كۆتایی دێت

جەنگیز چاندار بۆ گوڵان:ئەگەر شەڕی ناوخۆ رووبدات عێراق كۆتایی دێت
جەنگیز چاندار یەكێكە لەو رۆژنامەنووسانەی توركیا، كە نەك هەر لەسەر ئاستی توركیا ناسراوە، بەڵكو لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و لەهەمانكاتدا یەكێكە لەو كەسانەی كە لەناو توركیا هەوڵێكی زۆری داوە بۆ ئەوەی كێشەی كورد لەو وڵاتە بەشێوەیەكی ئاشتی و دیموكراتیانە چارەسەر بكرێت، چاندار كە ئێستا ستوون نووسی رۆژنامەی حوریەت دەیلی نیوزە و وتارەكانی بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و توركی بڵاو دەبنەوە، بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای عێراق و ناوچەكە و هەرێمی كوردستان، جەنگیز چاندار بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* دۆخی عێراق بەرەو بارگرژی تائیفی و شەڕێكی ناوخۆیی نەتەوەیی دەچێت، كە ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سیاسەتەكانی نوری مالیكیەوە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند شەڕی ناوخۆ ئاییندەی ئەم وڵاتە دەخاتە مەترسیەوە؟
- ئەگەر شەڕی ناوخۆ رووبدات، ئەوا لەو حاڵەتەدا ناتوانین چیتر باس لە عێراق بكەین، لەبەر ئەوەی دەرئەنجامی شەڕەكە عێراقێكی یەكگرتوو نابێت، كەواتە ئەوەی توانرا دوای 2003 بپارێزرێت ئەوا ئەمجارە ناتوانرێت بپارێزرێت، لەبەر ئەوەی ئەم شەڕە دەبێتە هۆی لێكترازانی نەتەوەیی لەعێراقدا، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی عێراق كۆتایی بێت.
* توركیا نیگەرانە لە بارودۆخی عێراق و سەرۆك وەزیرانی توركیا هۆشداری داوە لە ئەگەری شەڕی تائیفی و ئیتنی لە عێراقدا دەستەوەستان نابێت، ئایا توركیا ئەتوانێت چ ڕۆڵێك ببینێت؟
- حكومەتی توركیا پەیوەندیەكی زۆر خراپی لەگەڵ حكومەتی مەركەزی بەغدا هەیە، پەیوەندی نێوان ئەردۆغان و مالیكی زۆر خراپە، تەنانەت پەیوەندی شەخسی نێوان ئەردۆغان و مالیكیش هەرەسی هێناوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان حكومەتی ئەنقەرە و حكومەتی بەغدا. كەواتە ئەگەر شەڕ لە نێوان- ئەگەرچی كەس خوازیاری ئەم شەڕە نییە- كوردستان و بەغدا رووبدات، ئەوا پێدەچێت، ئەویش لە ڕوانگەی ئەو لێدوانانەی بەم دواییە لە توركیا دراون، توركیا لایەنی هەرێمی كوردستان بگرێت، بە دڵنیاییەوە شەڕێكی لەم شێوەیە ئاكامی ئیقلیمیشی لێدەكەوێتەوە و درێژ دەبێتەوە لە تارانەوە بۆ ئەنقەرە و لە ئەنقەرەوە بۆ دیمەشق و شوێنەكانی دیكە. لەبەر ئەوە ئاسان نییە بزانین چۆن پەرەدەسەنێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ناكۆكی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەنقەرە لایەنگیری هەولێر دەكات.
* كوردستان دراوسێی ڕاستەوخۆی توركیایە و بەرژەوەندیگەلێكی ئابووری و بازرگانی گەورە لە نێوان هەردوولادا هەیە، هەروەها كوردستان هەوڵی هەناردەكردنی نەوت و گاز دەدات لە ڕێی توركیاوە، بەڵام حكومەتی عێراق هەوڵدەدات كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئایا تا چەند توركیا لەم تەنگژەیەدا پاڵپشتی ئەم هەرێمە دەكات؟
- لە ڕاستیدا زۆر زەحمەتە بتوانین لە ئێستادا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە. هەروەك پێشتر باسمكرد هیچ كەسێك لە ناوچەكەدا خوازیاری ئەم شەڕە نییە، كە دۆخێكی نادیار هەیە لە سوریا و لە پەرەسەندن و بەرەوپێشچووندایە، هەربۆیە شەڕی نێوان كوردستان و بەغدا دۆخێكی ئاڵۆزتر دەخوڵقێنێت لەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی ناوچەكەدا، كەواتە لە ئێستادا ئەمە لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێكی ناوچەكەدا نییە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ئەم شەڕە بەرپا بێت- كە كەس خوازیاری نییە و لە بەرژەوەندی كەسیشدا نییە لە ناوچەكەدا-ئەوا هەموو ئاماژەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە توركیا لایەنگیری كوردستان دەكات دژ بە بەغدا.
* دەبینین دۆخی سوریا بەرەو كۆتایی دەچێت، ئەویش دوای گۆڕانی هەڵوێستی ڕوسیا، بەڵام هێشتا حكومەتی عێراق پشتیوانی ڕژێمی سوریا دەكات، بەڵام هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە خەڵكی سوریا دەكات و توركیاش هاوكاری خەڵك و موعارەزەی سوریا دەكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئەم هەڵوێستە هاوبەشەی كوردستان و توركیا چ كاریگەریەكی دەبێت لەسەر گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە؟
- دووبارەی دەكەمەوە زەحمەتە بتوانین پێشبینی ئەوە بكەین كە بارودۆخەكە چ شێوەیەك دەگرێت لە سوریا، ئەوە ڕاستە یەكانگیریەك لە بەرژەوەندیەكاندا ڕوویداوە لە نێوان هەرێمی كوردستانی عێراق و توركیا لەبارەی پشتیوانیكردنی موعارەزەی سوریەوە، كە هەردوولا دژی ڕەفتارەكانی ڕژێمی بەشار ئەسەدن لە دیمەشق. ئەگەر سوریا دابەش بێت، ئەوا ئەگەر كوردستانی سوریا بێتەئاراوە ڕوون نییە چۆن دەردەكەوێت و كێ كۆنتڕۆڵی دەكات و چۆن و لە كوێ، ئەمانە پرسگەلێكن كە دەبێت چاوەڕێی بكەین و ببینین چۆن پەرەدەسێنن. لەبەر ئەوە وەڵامێكی كورت نییە بۆ ئەم پرسە. كەواتە دەبێت چاودێری ڕەوتی بەرەوپێشچوونی بارودۆخەكە بكەین و بزانین هەڵوێستی یاریزانە ئیقلمیەكان چیە لە سیناریۆ جیاوازەكان و دۆخە جیاوازەكاندا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەتوانین بڵێین یەكانگیریەك لە بەرژەوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستانی عێراق و توركیا هەیە لەبارەی هەڵسەنگاندنی بارودۆخی سوریاوە.
* دەبێت كێشەی توركیا بە شێوەیەكی دیموكراتی چارەسەر بكرێت، بەڵام هێشتا توركیا هەنگاوی جددی و دیموكراتیانەی هەڵنەگرتووە و كێشەی كوردی لە پرسی پەكەكەدا بچووك كردۆتەوە، بۆچی توركیا هەنگاوی جددی هەڵناگرێت و بیانوی پەكەكە نابڕێت و وای لێناكات چەك دابنێت؟
- ئەم پرسیارە لە چەند ڕستەیەكدا وەڵام نادرێتەوە، بەڵكو پێویستی بە كۆنفرانسێكە بۆ وەڵامدانەوەی، من هاوڕام لەگەڵ ئەوەدا- كە بەلای كەمەوە لەم ساتەوەختەدا توركیا لە پێگەیەكدا نییە چارەسەرێكی دیموكراسی و سیاسی بخاتەڕوو بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی كورد، بۆچی ......و چۆن؟ هەروەك ئاماژەم پێكرد وەڵامدانەوەی ئەمانە پێویستی بە كۆنفرانسێكە و لە چاوپێكەوتنێكی وەك ئەمەدا وەڵام نادرێتەوە.
* دوا وتەت چیە؟
- من ئەوە دەڵێم كە زۆر كەس لە توركیا هۆشیارن بەو ڕاستیەی كە دەبێت چارەسەرێكی سیاسی بۆ كێشەی كوردی توركیا بدۆزرێتەوە و لەم پێناوەشدا كار دەكەن.
Top