مورات سۆمەر بۆ گوڵان:سیاسەتەكانی مالیكی سەرچاوەی كێشەكانە هەر بۆیە ئەردۆگان بە هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆ تۆمەتباری دەكات

مورات سۆمەر بۆ گوڵان:سیاسەتەكانی مالیكی سەرچاوەی كێشەكانە هەر بۆیە ئەردۆگان بە هەڵگیرسێنەری شەڕی ناوخۆ تۆمەتباری دەكات
پرۆفیسۆر موراد سۆمەر ئوستادی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانە لە زانكۆی ئەستەنبوڵ و تایبەتمەندە لەسەر كێشە ئیتنیەكان و سیاسەتی توركیا، بەتایبەتیش كێشەی كورد لەتوركیا و ناوچەكە، سەبارەت بە زەمینەی ئێستا بۆ چارەسەری كێشەی كورد و هەڵوێستی توركیا لەهەمبەر هەرێمی كوردستان، پرۆفیسۆر موراد سۆمەر بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* ئایا تاچەند بارودۆخی ئاڵۆزی عێراق بەرەو شەڕی ناوخۆ دەچێت و تاچەند مەترسی بۆ سەر توركیا هەیە؟
- شەڕی ناوخۆ بەرژەوەندی هەموو عێراقیەكان ئەخاتە مەترسیەوە و ئەو دەستكەوتە سیاسی و ئابووریانەش لەناو دەبات كە لەم ساڵانەی دواییدا بەدەستیان هێناوە. دۆخەكە لەرزۆكە و بۆی هەیە سەربكێشێت بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ. بەڵام هێشتا پێموایە ئەگەری شەڕ لە ئارادا نییە. ئەویش لەبەر ئەوەی هەموو ئەكتەرە دەرەكی و ناوەكیەكان كە پەیوەندیان بە كاروبارەكانی عێراقەوە هەیە بەرژەوەندیان هەیە لە پاراستنی یەكێتی عێراقدا. ئەمە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی بارودۆخەكە دەگۆڕێت و یەكێك لەم لایەنە دەرەكیانە پێی وادەبێت دەستكەوتی دەبێت لە شەڕ و پارچە پارچەبوونی -ئەم وڵاتەدا-. بەڵام پێموایە هەوڵدەدەن ڕێگە لە هەرەسهێنانی تەواوی دۆخەكە بگرن. سەرەڕای هەڵكشانی گرژیەكە، سازش دەكەن بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕی ناوخۆ بگرن. بەڵام بۆی هەیە لەگەڵ پەرەسەندنەكانی سوریا و ئێراندا ئەم هەل و مەرجەش بگۆڕێت. بارودۆخی عێراق جیاوازە، لەبەر ئەوەی عێراق لەسەر كاغەز دەستوورێكی زۆر باشی هەیە، كە تا ئێستا بە تەواوەتی جێبەجێ نەكراوە. چەندین كێشەی چارەسەرنەكراوی گرنگ هەن لە پەیوەندیدا بە لێپرسینەوە و لێپێچینەوە و دابەشكردنی دەسەڵات و خاك و سەرچاوە سروشتیەكان لە نێوان حكومەتی مەركەزی و هەرێمی كوردستاندا. حاڵی حازر، سیاسەتەكانی سەرۆك وەزیران مالیكی ناكۆكی و بێمتمانەییەكی زۆر دەخوڵقێنێت لە نێوان حكومەتەكەی-مالیكی-، و ڕكابەرەكانی و هەرێمی كوردستاندا (KRG). سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەردۆغان بەغدای بەوە تاوانباركرد كە عێراق پەلكێش دەكات بۆ شەڕ. بەڵام پێش دوایین هەڵبژاردنەكان توركیاش چەند هەڵەیەكی كرد، كە ڕۆڵیان هەبوو لە دروستكردنی ئەم دۆخەدا. من باوەڕم وانییە هەرگیز توركیا پشتیوانی لە سیاسەتی تائیفی كردبێت لە عێراقدا، بەڵام لای زۆر كەس ئەم تێڕوانینە هەبوو. هەروەها دەبوو پێش هەڵبژاردنەكان گفتوگۆی باشتری لەگەڵ كوردەكاندا هەبوایە. لەوڵاتانی دیموكراسی و پەرلەمانیەكاندا قەیرانە سیاسییەكان لەڕێی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە یەكلادەكەنەوە. ئەگەر چارەسەركردنی كێشەكان بە ئاشتیانە و بەشێوەیەكی نا تائیفی لەگەڵ موعارەزەكانی و لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا مەحاڵ بێت بۆ حكومەتەكەی مالیكی، ئەوا پێویستە هەڵبژاردنی نوێ بكرێت و حكومەتێكی نوێ پێكبهێنرێت كە دەسەڵاتێكی نوێی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم كێشانە یەكلابكاتەوە. یاخود ڕەنگە سازش بكەن بۆ ئەوەی خۆیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لابدەن. ڕەنگە لایەنەكان لەسەر چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشانە ڕێكنەكەون، بەڵام ڕەنگە بتوانن لەسەر پرۆسەكە بگەنە ڕێككەوتن. بەم شێوەیە دیموكراسی ئەتوانێت سەركەوتوو بێت و یەكێتی عێراق بپارێزێت.
* ئایا توركیا ئەتوانێت چ ڕۆڵێك ببینێت لەم هەل و مەرجەدا؟
- پێویستە توركیا پشتیوانی دەستووری ئێستای عێراق و یەكێتی عێراق بكات، بێئەوەی وا دەركەوێت كە لەو سیاسەتە تائیفیەدا لایەنگیری لە یەكێك لە لایەنەكان دەكات.
* بەڵام حكومەتی عێراق هەوڵدەدات كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئایا تا چەند توركیا لەم تەنگژەیەدا پاڵپشتی ئەم هەرێمە دەكات؟
- توركیا بەرژەوەندی هەیە لە پاراستنی یەكپارچەیی عێراق و بنیاتنانی پەیوەندیگەلێك لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا(KRG) كە سوودی هەردوولای تێدابێت و هەردوولا پشت بە یەكتر ببەستن. كەواتە هەوڵدەدات ئەم بەرژەوەندیانە بپارێزێت و بەكاركردن لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكانیدا هەوڵدەدات ئەم كارە بكات. كێشەی گەورە ئەوەیە توركیا و ئەمریكا هەمان تێڕوانینان نییە بۆ دۆخی عێراق. هەروەها تێگەیشتن و سیاسەتی ئەمریكاش گرنگە، هەم بۆ هەرێمی كوردستان(KRG) و هەم بۆ توركیاش. هەروەها بەرژەوەندیەكانی توركیا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا (KRG) پەیوەندیان بە بواری ئابووری و ئاسایشەوە هەیە. توركیا چاوەڕوانی ئەوەی هەیە لە هەرێمی كوردستان(KRG) كە هاوكاری بكات لە پرسی پەكەكە. تا ئەو كاتەی هەردوولا بەردەوام دەبن لەسەر پێكەوەكاركردن لەسەر ئەم پرسە، ئەوا هیچ گرفتێك ڕوونادات.
* ئەگەر باسێكی سوریا بكەین، ئێستا چاودێران پێیانوایە رژێمی سوریا بەرەو كۆتایی دەڕوات، دوای رووخانی ئەسەدیش بارودۆخەكە دەگۆڕێت، لەم هاوكێشەیەدا عێراق پشتگیری مانەوەی ئەسەد دەكات، ئایا رووخانی ئەسەد چ گۆڕانكاریەك دروست دەكات؟
- نەك تەنیا بەغدا، بەڵكو ئێرانیش بەردەوامە لەپشتیوانیكردنی ڕژێمی ئەسەد. ئەوەی لە سوریادا ڕوودەدات بە ئاسانی تەشەنە دەكات و عێراق و سەرجەم ناوچەكە ناسەقامگیر دەكات. پێموایە تەنیا بە گرتنەبەری ڕێگاچارەیەكی هەمەلایەنە ئەتوانرێت شەڕی سوریا چارەسەر بكرێت. پێویستە ئەو چارەسەرەش بەرژەوەندیەكانی هەموو هێزە ئیقلمیەكان لەبەرچاو بگرێت و ستراتیجیەتێكی دەرچوون بۆ ئەسەد و ڕژێمەكەی دەستەبەر بكات. ئەمە پاساو نییە بۆ هەر تاوانێك كە دژ بە مرۆڤایەتی دەكرێت، بەڵام پێویستە واقیعی بین بۆ ئەوەی خۆمان لە خوێنڕێژی و ئێش و ئازاری زیاتر لابدەین.
* توركیا نیازی هەبوو كێشەی كورد لە وڵاتەكەی خۆی چارەسەر بكات، ئێستا ئەو هەنگاوانە وەك پێویست نابینرێن، ئایا هۆكاری ئەمە بۆچی دەگێڕیتەوە؟
- چوار هۆكار هەن. یەكەم، سەرۆك وەزیران ئەردۆغان متمانە بە بەدەپە و پەكەكە ناكات، لەبەر ئەوەی ئۆباڵی شكستی گفتوگۆكانی ئۆسلۆ و «كرانەوەی دیموكراتی»یان دەخاتە ئەستۆ كە لە ساڵی 2009دا ڕوویدا. هەروەها لە ڕووی سیاسیەوە كارێكی پڕ مەترسی دەبێت ئەگەر هەنگاوی بوێرانە لە ئاست كێشەی كورددا هەڵبگرێت پێش هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیە چاوەڕوانكراوەكان لە ساڵی 2014دا، لەبەر ئەوەی كارێكی لەم چەشنە دەبێتەهۆی لەدەستدانی دەنگی ناسیۆنالیستە توركەكان.
دووەم، هێشتا نوخبەی توركیا لە ڕووی ڕۆشنبیریەوە ئامادەیی ڕووبەڕبوونەوەی داواكاریەكانی كوردی نییە. بە پێچەوانەی ساڵانی نەوەتەكانەوە، دان بە ناسنامەی كوریدا دەنێن و ئامادەی قبوڵكردنی مافە كەلتوریەكانن، بەڵام ئامادەنین بیر لە پێدانی هیچ مافێكی سیاسی بكەنەوە. لە ڕاستیدا، كەس دەقا و دەق نازانێت چۆن داواكاریەكانی كورد دەستەبەر دەكرێت. پێموایە ئەوەی بە ڕاستی كوردەكان خوازیاری ئەوەن ڕۆڵیان هەبێت لە كاروبارەكانی خۆیاندا «وەك كورد»، واتا، ڕۆڵیان هەبێت لە دامەزراوە و ناسنامەی خۆیاندا، بەڵام كەس نازانێت چۆن لە دەوڵەتێكی موەحەددا و چۆن بێ لاوازكردنی ناسنامەی نەتەوەیی توركیا ئەم كارە دەكرێت. ئەمە كارێكی مومكینە، بەڵام پێویستی بە متمانە و چارەسەرێكی یاسایی و دامەزراوەیی داهێنەرانە هەیە.
سێیەم، سیاسەتی ناوخۆیی جەمسەرگیری تێكەوتووە. پارتی داد و گەشەپێدان بە تەنیا ناتوانێت كێشەی كورد چارەسەر بكات، بەڵام هەمیشە لە مشت و مڕدایە لەگەڵ هەموو پارتەكانی موعارەزەدا لەبەر هۆكارگەلێك كە پەیوەندیان بە كێشەی كوردەوە نییە. پارتی جەهەپە كە پارتێكی موعارەزەی سەرەكیە بە چەشنی بەدەپە ئایدۆلۆژیایەكی چەپڕەوی هەیە، بەڵام زۆر زەحمەتە بتوانن پێكەوە كاربكەن لەبەر ئەوەی بیركردنەوەیان جیاوازە لە ئاست كێشەی كورد و پەكەكەدا. كەواتە پێویستە پتر پراگماتی بن و لەبارەی كێشەكانەوە هاوكاری یەكتر بكەن.
چوارەم، دۆخی دەرەكی دۆخێكی زۆر گۆڕاوە. توركیا ترسی هەیە لەوەی پەرەسەندنەكانی سوریا ببنەهۆی بەهێزكردنی پەیەدە و پەكەكە.
Top