ئیحسان داغی بۆ گوڵان:توركیا رازی نابێت حكومەتی مالیكی گوشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی خۆی بەسەردا فەرز بكات
January 3, 2013
دیمانەی تایبەت
ئیحسان داغی كە ستوون نووسی رۆژنامەی تودەی زەمانی توركیە بەزمانی ئینگلیزی، پرۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانە لەزانكۆی میدل ئیست تەكنۆلۆژی لە ئەنقەرە و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتی توركیا و كێشەی كورد لەناوچەكە، سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە و گۆرانكارییەكان و ئاڵۆزییەكانی ئێستای عێراق و پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، پرۆفیسۆر داغی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* ئێستا بارودۆخی عێراق بەرەو ئەوە هەنگاو هەڵدەگرێت زیاتر بەرەو ئاڵۆزی بچێت، ئایا بەڕای تۆ وەك چاودێرێك توركیا چۆن سەیری ئەم پرسە دەكات؟
- بۆ توركیا سەقامگیری و یەكپارچەیی عێراق زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی روودانی هەر ئاڵۆزییەك لە عێراق بێشك كاردانەوەی نێگەتیڤانەی لەسەر توركیا دەبێت، هەربۆیە من وای دەبینم توركیا لەگەڵ سەقامگیربوونی عێراق و لەدژی هەڵگیرسانی شەڕی ئیتنی و مەزهەبیە لە عێراقدا، بەڵام بارودۆخی ئەمڕۆی عێراق خەریكە لەنێوان حكومەتی مالیكی و كوردەكان گرژی و ئاڵۆزیی تێدەكەوێت و هەڵبەتە ئەو شتەیش یەكپارچەیی عێراق بەگشتی دەخاتە ژێر هەڕەشەوە، هەروەك ئێوەیش بەئاگان پەیوەندییەكانی حكومەتی توركیا لەگەڵ حكومەتەكەی مالیكی لەم ماوەیەدا لە ئاستێكی باش نییە لەكاتێكدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) بەرەوپێشەوەچوونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و هەستدەكەم لە توركیا: حكومەت و كۆمەڵگەی بزنسكاران و كۆمەڵگەی توركی بەگشتی ئەو پەیوەندییانەی حكومەتی توركیا لەگەڵ حكومەتی كوردستانی عێراق بەرز دەنرخێنن، هەربۆیە پێشبینی دەكەم جۆرە دانوستانێكی یەكلاكردنەوە بێتەكایەوە لەنێوانی حكومەتی ناوەندی عێراقی لەگەڵ هەرێمی كوردستان.
* ئایا توركیا تاچەند پشتگیری هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگەر پێویستی كرد؟
- خەمڵاندنی ئەو شتە زەحمەتە، بەڵام بۆ حاڵی حازر ئەوەی كە هەستی پێ دەكرێت ئەوەیە كە توركیا لەگەڵ ئەوە نییە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) لەلایەن حكومەتی مالكییەوە هەڕەشەی لێ بكرێت، یان لەلایەن هەر لایەنێكی دیكە، توركیا رازی نییە و قبووڵ ناكات و پشتگیری ناكات لەوەی كە حكومەتی مالیكی دەست بەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) دابگرێت، من لێرەدا مەبەستم ئەوەیە توركیا هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكان، بەڵام لەوە دڵنیام كە توركیا هەست بە بێزاری دەكات لەو بیرۆكەیەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) ملكەچی حكومەتەكەی مالیكی بێت لە بەغدا، نازانم تاچەند بەڵام بێگومان توركیا پشتگیریی حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) دەكات بۆئەوەی بەرگری لەخۆی بكات و خۆی دوور رابگرێت لە زیانەكانی حكومەتی ناوەندی، بەڵام لەلایەنێكی دیكەوە كێشەكە لەوەدایە كە حكومەتی توركیا هیچ كارتێكی فشاری لەسەر حكومەتەكەی مالیكی نییە، كاتی خۆی – چەند ساڵێك لەمەوپێش – توركیا پەیوەندیی باشی لەگەڵ هەردوولا هەبوو: حكومەتی كوردستان و حكومەتی ناوەندی لە بەغدا، بەڵام ئەمڕۆ توركیا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ بەغدا نییە و هەربۆیەیش كارتی فشاری لەبەردەست نییە و ناتوانێت قەناعەت بە حكومەتەكەی بەغدا بێنێت یاخود فشاری لەسەر دانێت یانیش زۆری لێ بكات لەڕووی گۆڕینی رەفتارەكانی لەبەرامبەر كوردەكان لە كوردستانی عێراق.
* بەڕای تۆ تاچەند كێشە بۆ هەناردەكردنی نەوت و غاز لەڕێگەی توركیا دروست دەبێ؟
- بەڕای من قەیرانی گەورە لەنێوان حكومەتی عێراقی و هەرێمی كوردستان كاریگەری لەسەر مامەڵە ئابوورییەكانی نێوان توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) و كاریگەریی لەسەر هەماهەنگییەكان دەبێت لە كەرتی بەرهەمهێنانی وزە و هەروەها بواری گواستنەوە، هەڵبەتە ئەوە كارەساتێكی گەورەی لێ دەكەوێتەوە لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و ئەنقەڕە، هەربۆیە ئەمە دەبێت بە كێشەیەكی زۆر گەورە بۆ توركیا، بەڕای من توركیا هەموو هەوڵێكی دەخاتەگەڕ بۆ رێگەگرتن لە حكومەتەكەی مالیكی لەڕووی بەكارهێنانی هێز لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) و قەناعەت بە حكومەتەكەی مالیكی دێنێ بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.
* ئێستا یەكێك لە پرسە گرنگەكانی دیكە مەسەلەی سوریا و رووخانی ئەسەدە، توركیا و هەرێمی كوردستان هەڵوێستیان لێك نزیكە، ئایا ئەم دۆسیەیە چەند جێگەی بایەخە بۆ هەردوولا؟
- تێكهەڵكێشییەكی زۆر هەیە لەنێوانی روانگەی توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG) لەبارەی پێشهاتەكانی ناوچەكە، حكومەتەكەی مالیكی لە روانگەیەكەوە سەیری رژێمەكەی ئەسەد دەكات كە جیاوازە لە روانگەی توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەربۆیە روانگەی هەردوولا تێكهەڵكێشە و خاوەن هەڵوێستێكی هاوبەشن لەبارەی مالیكی و هەروەها لەبارەی سوریا، هەڵبەتە ئەمەیش زەمینەیەكە بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان (KRG)، بەڵام ئەگەر هات و رژێمەكەی ئەسەد رووخا – هەروەك پێشبینی دەكرێت لەماوەیەكی كورت بڕووخێ – ئەوە ئەوكات حكومەتەكەی مالیكی لە بەغدا دووچاری گرفت دەبێتەوە، چونكە بە رووخانی ئەسەد هاوپەیمانێك لەدەست دەدات لە ناوچەكە و لەهەمان كاتیشدا پێگەی ئیدارەی مالیكی لەناوچەكە بەگشتی لەرزۆك دەكات و پەیوەندیی لاوازی دەبێت لەگەڵ توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش (KRG).
* لەتوركیاشدا كێشەی كورد هەیە، ئایا تاچەند حكومەتی توركیا ئامادەباشە بۆ چارەسەری كێشەی كورد لەوڵاتەكەی خۆیدا؟
- ئەمڕۆ لە ئەنقەڕە تێگەیشتنێك هەیە لەوبارەیەی كە پ.ك.ك ئامادە نییە چەك فڕێبدات و هەربۆیەیش پێیانوایە دانوستان لەگەڵ پ.ك.ك زەحمەتە بۆ چارەسەركردنی پرسەكە، بەڕای من حكومەت گومانی لە مسداقیەت و نییەتی پ.ك.ك هەیە و هەروەها پ.ك.ك-ـش لەلای خۆیەوە متمانە بە حكومەت ناكات، هەربۆیە ئەمڕۆ قەیرانی نامتمانەیی لەنێوان هەردوولا هەیە، لەلایەنێكی دیكەوە لەبارەی خستنەڕووی پرسی كورد و لایەنەكانی لە توركیا ئەوە پرسی كورد راستەوخۆ پەیوەستە بە پ.ك.ك و پەیوەندیی بە پ.ك.ك-ـەوە هەیە هەربۆیەیش حكومەتی توركیا حاڵی حازر دوودڵە لەبەرئەوەی بەڕای من ئەوان پێیانوایە كە ئەگەر هات و چەند هەنگاوێكی چاكسازییان گرتەبەر لەبارەی پرسی كورد ئەوە ئەو شتە پێگەی پارتی داد و گەشەپێدان لە سیاسەتەكانی توركیا لاواز دەكات تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت كە پ.ك.ك لەلایەن خۆیەوە دەستپێشخەر بێت، بۆیە من بەوشێوەیە دەیبینم كە حكومەت خاڵێكی گرێدانی دروستكردووە لەنێوان ئەنجامدانی چاكسازی لەگەڵ چەكدانانی پ.ك.ك، پێموایە بۆ ئێستا ئەمە خوێندنەوەی حكومەتە بۆ پرسی كورد لە توركیا، حكومەتی توركیا زۆر نیگەرانە و دوودڵە لە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێك لەبەرئەوەی حكومەت پێیوایە كە چارەسەركردنی پرسی كورد ئەگەری هەیە پێگەی (أ.ك.پ) لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا لاواز بكات، هەروەك ئێوەیش بەئاگان لەساڵی 2014 هەڵبژاردنەكان سازدەكەین لەسەر ئاستی لۆكاڵ و پاشان لەسەر ئاستی نیشتمانی و ئەو هەڵبژاردنە بەلای حكومەتەوە زۆر گرنگترە، هەربۆیەیش پێیانوایە وەدیهێنانی چاكسازی لەبارەی پرسی كورد پێگەی حكومەت لە توركیا لاواز دەكات، شەخصی خۆم لەگەڵ ئەو بۆچوونە هاوڕانییم، بەڵام ئەمە تێگەیشتنەكەیە لەبارەی پرسی كورد لەسەر ئاستی حكومی.