عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: مالیكی دەیەوێت بە ئۆپەراسیۆنی دیجلە دەنگی كۆنە بەعسیـــەكان كۆبكاتەوە
November 26, 2012
دیمانەی تایبەت
لەگەڵ ئەوەی ئوسامە نوجیفی سەرۆكی پەرلەمان ئێستا لەهەوڵی هێوركردنەوەی تەنگژەكانی نێوان هەرێم و بەغدایە، بەڵام گومان هەیە پەرلەمان لە ئێستادا بتوانێت هیچ رۆڵێك بگێڕێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە و رۆڵی پەرلەمان بەڕێز عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.*بەڕێزتان وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەتان بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا چۆنە كە بەهۆی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە و جووڵاندنی سوپاوە بەرەو ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان و گرژی و ئاڵۆزی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی هێناوەتە ئاراوەو خەریكە دەگاتە ئەو ئاستەی تەواوی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا لەناو ببات، ئايا بەڕێزت لەمبارەوە چی ئەڵێیت؟
- خوێندنەوەم بۆ ئەم بارودۆخە هەڵایساوە ئەوەیە كە ئۆپەراسیۆنی دیجلە شتێكی نادەستوورییەو مالیكی بە ئەنقەست ئەو گرژییە دروست دەكات تا بیكاتە بانگەشەو حەملەو ڕیكلامێكی هەڵبژاردن بۆ خۆی تا هەست و سۆزی عەرەبە سوننەكان بەلای خۆیدا ڕابكێشێت، هەمان كات تا حەددێكی زۆریش توانیویەتی عەرەبە شۆڤینستەكانی كە لە دەوروبەری كەركوك و حەویجە هەن بەلای خۆیدا ڕاكێشاوە، چونكە ئەم پرۆسەی ئۆپەراسیۆنە هەر لەسەر داوای ئەوانیش دامەزراوەو بۆیە پشتگیری لە مالیكی دەكەن لەو مەسەلەیەدا، ئەمە خاڵێكە كە مالیكی كاری بۆ كردووە تا ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەكات، بە ڕاستی دەرئەنجامی ئەمە زۆر ترسناكە، چونكە هەردوو لا ڕۆژ دوای ڕۆژ هێز كۆدەكەنەوەو زیاتر ئەو هێزانەی كە بەرانبەر یەكتر ڕاگیراون لە یەكتر نزیكتر دەبنەوە، بە دڵنیایی ئەگەر ئەمە وا بڕوات ئەگەری تەقینەوەیەكی خراپی لێ دەكرێت، هیوادارم ئەو تەقینەوەیە ڕوو نەدات، ئومێدەوارم بتوانرێت بە حیكمەتی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی كۆمار چارەسەرێك بدۆزنەوەو لەم وەختەدا ڕێگە بە مالیكی نەدەن و شتێك بقەومێنێ، بەكاری بهێنێت بۆ سوودی خۆی، ئەوەندەی ئاگادارین خودی خۆی ئەم دۆخەی دروست كردووە بۆ ئەوەی بیقۆزێتەوە تا بیكاتە هۆیەك بۆ هەڵمەتی پڕوپاگەندەو بۆ خۆ پاڵاوتنی خۆی و وەدەستخستنی دەنگی زیاتر ئەمە لە لایەكەوەو لە لایەكی ترەوە ئامانجەكەی مالیكی زیاتر بەرانبەر هەموو كوردو هەرێمی كوردستانە تا عەرەبە شۆڤینیەكانی ناوچەكە بە لای خۆیدا ڕابكێشێت و هەستی شۆڤێنێتییان زیاتر بكات لە دژی كوردستان، واتە نیازیەتی بەم گرژییەی كە لەگەڵ كورددا دروستی كردووە هەرچی كۆنە بەعسیەكان و عارەبە شۆڤینیەكانی ئەو ناوچانەیە لە دەوری خۆی كۆبكاتەوەو بۆ مەرام و مەبەستی شەخسی بەكاریان بهێنێت وبەو ئومێدەشی لە مانگی نیسانی داهاتوو كە هەڵبژاردنی پارێزگاكان ئەنجام دەدرێت ئەو هێزانە بەو ئاڕاستەیە بجووڵێنێت كە خۆی مەبەستی دەبێت، تا دەنگی زیاتر بۆ خۆی مسۆگەر بكات..
* هەست دەكرێت ئەمجارە زیاتر لە جارانی تر پەرلەمان لە ئاست ڕەفتارو كردەوەكانی سەرۆك وەزیران دەستەوەستانن و هیچیان پێ ناكرێت، هەندێك دەڵێن پەنا دەبرێتە بەر دادگای فیدراڵی ئایا پەرلەمان هێندە بێ دەسەڵات بووە لە ئاست دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران هیچی پێ نەكرێت؟
- بە حەقیقەت حەز دەكەم ڕاستییەك هەیە وەك خۆی بیخەمە پێش دیدو بیری خوێنەران، لە پەرلەماندا كەمینەیەكی كوردی تێدا هەیە كە ژمارەیەكی كەمە لە ئیئتیلافە كوردستانیەكان پێكدێن، كە نزیكەی 58 ئەندام پەرلەمانن، بەم ژمارەیەوە ناتوانرێت كاریگەریت هەبێت لەسەر 325 ئەندام لە پەرلەماندا، ئەمە ناكرێت، چونكە بە ڕاستی كە دۆز و كێشەی بنەڕەتی دێتە پێشەوە، حەز دەكەین خەڵكی باش ئەوەش بزانن هەموو فراكسیۆنە كوردستانیەكان یەكن و كێشەو ناكۆكیەكانی خۆیان دەنێنە ئەولاوە لە پێناوی سەرخستنی دۆزە سەرەكییەكانی كورد، لەم بارەیەوە برادەرانی خۆمان بە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكانەوە بوونەتە یەك دەنگ و هەوڵ دەدرێت بۆ هەر مەسەلەیەكی چارەنووسساز یەكدەنگ و یەك ڕا بین لە ناو هۆڵی پەرلەمان، پێكیشەوە توانیمان بە هەموومان قەناعەت بە كوتلەكان بكەین تا لەگەڵماندا هاودەنگ بن بۆ ئەوەی ئوسامە نوجێفی بهێنین بۆ هەولێر و جەنابی كاك مسعود ببینێت و دواتر بڕواتەوە بۆ بەغداو مالیكی ببینێت و میانگیری بكات لەو نێوانەدا تا چارەسەرێك بۆ ئەم كێشانە بدۆزینەوە، ئێستا خەریكە و بە ئومێدی ئەوەین دەوری خۆی بە باشی ببینێت لەم ڕووەوە باش ئاگاداری ئەوەیشین كە عەرەب بە زۆربەی زۆری كوتلەكانیانەوە كۆك و تەبان لەسەر بەربەرەكانی و دژایەتیكردنی ئامانجەكانی گەلی كوردستان، باشیش بوو كە ئەمجارە یەكڕیزی و یەكدەنگییەك لە ناو هۆڵی پەرلەماندا دروست بوو، دەركەوت كە كوردیش یەك دەنگەو بە تەنگ كێشە بنەڕەتیەكانی كە دەستوورین هاوكوكن بۆ ڕەتكردنەوەی ئەو مانۆڕانەی مالیكی دەیكات..
* ئێستا سەرۆك كۆمار لە هەڵوێستە نابەجێیەكانی سەرۆك وەزیران نیگەرانە هەروەها چاودێران دەڵێن مالیكی هیچ هەیبەتێكی بۆ پەرلەمان نەهێشتۆتەوەو ئایا ئەو دوو سەرۆكایەتیە دەتوانن چ هەڵوێستێك بەرانبەر بە مالیكی بگرنەبەر؟
- سەرۆك كۆمارو سەرۆكی پەرلەمانیش ڕەنگە لە هەوڵدابن هەڵوێستێك بەرامبەر مالیكی وەربگرن ئەگەر هەوڵی جددی بدرێت لە ناو پەرلەماندا، هەرچەندە سەرۆكی پەرلەمان كە سەربە لیستی عیراقیەیە ئەو هێزەی نەماوە بتوانێت بە تەنیا فشاری هەبێت و شتێكی وا بكات، بەڵام ئەگەر هەوڵی وا بدرێت ئەوا ئیحتیمالی ئەوەی هەیە كە بە لیستە كوردستانیەكان و لیستی سەدرییەكان وعێراقیە ڕەنگە بتوانرێت سنوورێك دابنرێت بۆ ئەم ڕەفتارە نابەرپرسیارانەی مالیكی، چ بە كێشانەوەی متمانە لێی، ئیتر ئەمە هەوڵێكەو ڕەنگە بخرێتە بواری جددیاتەوەو ئیحتیمالە سەربگرێت و مالیكی متمانەی لێ بكێشرێتەوە..