د.خیروڵڵا حەسەن وەزیری بازرگانی عێراق بۆ گوڵان:دەبێت ئەو هێزانەی جووڵێنراون بكشێنەوە، مانەوەیان باڵانسی هێز تێكدەدات و كورد زەرەر دەكات

د.خیروڵڵا حەسەن وەزیری بازرگانی عێراق بۆ گوڵان:دەبێت ئەو هێزانەی جووڵێنراون بكشێنەوە، مانەوەیان باڵانسی هێز تێكدەدات و كورد زەرەر دەكات
هێوركردنەوەی بارودۆخی هەڵكشاوی نێوان هەرێم و بەغدا و پەنابردن بۆ زمانی دیالۆگ، هەموو كات لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە پێشوازی لێكراوە، هەربۆیەش كاتێك باس لەوە كرا كە نوری مالیكی ئامادەیە چارەسەری ئەو ئاڵۆزییە بەوە بكرێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو رێككەوتنەی لەساڵی 2009 كراوە سەبارەت بە ئیدارەی ئەمنی ناوچە دابڕێنراوەكان، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەو داوایەی رەتنەكردەوە و فەرمانیدا وتووێژ لەنێوان سەركردە سەربازییەكانی هەردوولا دەستی پێبكرێت، بۆ قسەكردن سەبارەت بە چۆنیەتی گەڵاڵە بوونی ئەم پێشنیارە، د.خیروڵڵا حەسەن وەزیری بازرگانی عێراق بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن:
(شەوی دووشەممەی رابردوو(19/11/2012) لەگەڵ د.مەجید حەمەدەمین وەزیری تەندروستی عێراق قسەمان لەسەر ئەوەدەكرد لەبەر ئەوەی بەیانی سێشەممە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران هەیە، بارودۆخی ئاڵۆزی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستی بە تاوتوێكردنێكی بە پەلە هەیە، لەم حاڵەتەشدا دەبێت وەك وەزیرەكوردەكانی ناو حكومەت هەڵوێستێكی یەكگرتووەمان هەبێت، هەر بۆ ئەم مەبەستە بە تەلەفون بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیسمان ئاگادار كردەوە، بەڕێزی پێشنیارەكەمانی پێ باش بوو، هەربۆیە رۆژی سێشەممە داوامانكرد ئەم پێشنیارە بخرێتە ناو بەرنامەی كۆبوونەوەكە، لەبەر ئەوەی هەڵكشانی ئاڵۆزییەكان كارێكی مەترسیدارە، بۆ ئەمەش پێشنیارەكە خرایە ناو بەرنامەی كۆبوونەوەكە و دوای چەند باسێك، سەرۆك وەزیران پێی وتین دەتوانن پێشنیارەكەتان باس بكەن، ئێمەش سەرەتا باسمان لەوەكرد ئاكامی شەڕە یەك لەدوایەكەكان چ كارەساتێكیان بۆ ئەم وڵاتە دروستكردووە، ئێستاش شەڕی مەزهەبی چ بارودۆخێكی ناسەقامگیری خوڵقاندووە و تەنانەت ناتوانرێت خزمەتگوزارییەكانیش دابین بكەین، دوای ئەمە هاتمە سەر ئەوەی پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران زۆر بەپەلە تاوتوێی ئەو گرژی و ئاڵۆزییە بكات كە لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبووە، دەبێت بە پەلە بڕیارێك لەبارەیەوە بدات، هەروەها باسی ئەوەشمانكرد كە ئەم گرژی و ئاڵۆزییە هۆكارەكەی بۆ جوڵانی هێزی دیجلە دەگەڕێتەوە، دواتر هەریەك لەوەزیرەكانیش راوبۆچوونی خۆیان لەسەر ئەم مەسەلەیە دەربڕی، پاشان نوری مالیكی سەرۆك وەزیران روونكردنەوەی خۆی سەبارەت بە هێزەكانی دیجلە دەربڕی و چەند پاساو بیانوویەكی هێنایەوە، ئێمەش رەخنە و گلەیی هەرێمی كوردستانمان لەمبارەیەوە خستەڕوو و پێمان راگەیاند كە هەرێمی كوردستانیش چەندین بەڵگە و پێشێلكردنی ناوەندیان لەبەر دەستە، سەرەنجام لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك وەزیران وتی: (پێشنیار دەكەم بگەڕێینەوە سەر لیژنەی هاوبەشی هەماهەنگی بەڕێوەبردنی ناوچەی جێناكۆكیەكان تەنیا لەڕووی ئەمنیەوە..)، بۆ ئەمەش ئێمە نەمان وت رازین، بەڵكو ئامادەییمان دەربڕی بۆ ئەوەی پێشنیارەكەی سەرۆك وەزیران بۆ هەرێمی كوردستان بگوازینەوە، پێشنیار كرا دكتۆر رۆژ نوری شاوەیس پێشنیارەكە بۆ سەرۆكایەتی هەرێم ببات، بەڵام بۆبەیانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران یەكتریان بینی بوو پێشنیارەكەیان بەوشێوەیە لێكرد كە نامەیەكی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ببرێت بۆ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان.))
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا و سەبارەت بەو پێشنیارە بەوەی تاچەند ئەم پێشنیارە دەبێتە هۆكارێك بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە، د.خیروڵڵا وتی: (بەبۆچوونی من پێشنیاری یەكەمیان تا رادەیەك باشە كە بەڕێوەبردنی مەلەفی ئەمنی (نەك بەڕێوەبردنی پارێزگاو قەزاكانی) ناوچە جێناكۆكەكان هاوبەش بێت، هاوكات ئەو هێزانەی لەلایەن عێراقەوە نێردراوە بكشێنرێنەوەو دوای ئاساییكردنەوەی ئەو شوێنانە وەكو 2003 چونكە ئیدارەكردنی مەلەفی ئەمنی بەمانەوەی ئەو هێزانە دەبێتە هۆكاری ئەوەی باڵانسی هێز لەو ناوچانەدا بەتەواوەتی تێك دەچێت، چونكە لای هەمووان ئاشكرایە بوونی هێزی دیجلەو هێزەكانی تری سوپا لەم ناوچانەدا بۆ پاراستنی ئەم ناوچانە نییە، بەڵكو كردارێكی سیاسییە تاوەكو لەڕێگای هێزەوەو لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان باڵانسی نفووزی كورد لەم شوێنانەدا بگۆڕن و تێكی بدەن، لەم قۆناغەدا كورد دەبێت زۆر وریا بێت و ئاگاداری ئەوە بێت ئەم هێزانە لەناوەڕۆكدا بۆ كەمكردنەوەی نەهێشتنی دەسەڵاتی كوردستانییە لەم ناوچانەدا)).
سەبارەت بەهەوڵەكانی بەڕێز مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەو بەستنی كۆبوونەوەیەكی نیشتمانی، وەزیری بازرگانی عێراق وتی: ((هەوڵەكانی سەرۆك كۆمار لەپێناو راگرتنی بارودۆخی عێراقە و لەلایەن هەموو لایەنەكانیشەوە بەپیرۆزی هەڵدەسەنگێنرێت، بەڵام كاتێك دەچێتە سەر كردار زۆر لە لایەنەكانی ناو عێراق رازی نین لەگەڵ یەكتر كۆببنەوەو گفتوگۆ بكەن، چونكە ئەو لایەنانە تەنیا مەبەستی تێكشكاندنی یەكتریان هەیە)).
Top