كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان): رێز لە ئیرادەی هاووڵاتیانمان دەگرین و كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هێزەكانی ناوخۆ دەكەین

كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان): رێز لە ئیرادەی هاووڵاتیانمان دەگرین و كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هێزەكانی ناوخۆ دەكەین
پاراستنی هێمنی و ئاسایشی هاووڵاتیان و سەلامەتی رێگاوبانەكان و كەمكردنەوەی رووداو و نەهێشتنی تاوان؛ گرنگترین ئەو ئەركانەن كە دەكەونە ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم، ئەمە جگە لەوەی ئەركی بەڕێوەبردنی كارگێڕی و مەدەنیانەی قەزاو ناحیەكان و جێبەجێكردنی زۆربەی بەرنامەو پلانەكانی ژمارەیەك لەوەزارەتەكانیش دەكەوێتە ئەستۆی هێزەكانی ناوخۆ، هەربۆیە گرنگیدان بەبەرزكردنەوەی توانای كارمەندانی ئاسایش و پۆلیس و یەكە ئیدارییەكانی قەزاو ناحیەكان و ئاراستەكردنیان بەرەو پاراستنی هەرێمەكەو چەسپاندنی سەقامگیری تێیدا ئەركی ئەم وەزارەتەیە، تاكو بتوانرێت بەشێوەیەكی سەردەمیانەو بەڕەچاوكردنی پاراستنی بنەماكانی مافی مرۆڤ رێز لەسەروەریی یاساو سەرجەم مافەكانی بەهاووڵاتیبوون بگیرێت . لەدیمانەیەكی تایبەتدا ئەم پرسانەو چەندین بواری دیكەمان ڕووبەڕووی بەڕێز كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، بەسوپاسەوە وەڵام و راوسەرنجی خۆی دەربارەیان خستەڕوو.
* سەرەتا حەز دەكەین بزانین گرنگترین ئەركی وەزارەتی ناوخۆ لە قۆناغی ئەمڕۆدا چییە؟ ئایا تا چ رادەیەك مەترسیی تیرۆر بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی كوردستان هەیە؟


- وەزارەتی ناوخۆ وەك دەزگایەكی فەرمی لە ناو پێكهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارو چالاكی تایبەت بە پلانی ساڵانەی وەزارەت و بەرنامەی كاری حكومەت بەپێی یاسا و بڕیار و رێنماییەكانی بەڕێوە دەبات، دەتوانین بڵێین گرنگترین ئەركی وەزارەت دابینكردنی هێمنی و ئاسایشە بۆ هاووڵاتیان و فەراهەم كردنی كەش و هەوایەكی دڵنیایی و پاراستنی موڵكی گشتی و تایبەت و بەرژەوەندییەكانیان و رێكخستنی هاتوچۆ و پاراستنی سەلامەتی رێگاوبانەكان و كەمكردنەوەی رووداو و نەهێشتنی تاوانە، لەلایەكی دیكەشەوە ئەركی بەڕێوەبردنی مەدەنیانەی پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لە رووی كارگێڕییەوە لە ڕێگای وەزارەتەكەمانەوە جێبەجێ دەكرێت.


مەترسی بوونی تیرۆر تارادەیەكی زۆرباش لە هەرێمی كوردستان كۆنترۆڵ كراوە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بەگشتی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ بەرگریكردن لە هەر رووداوێكی نەخوازراوی تیرۆر و هاووڵاتیانیش بە هەموو چین و توێژەكانیانەوە هاوكارن و لە بچووكترین مەترسی و گومان ئاگاداری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ دەكەنەوە، كە لێرەدا دەمەوێ لەڕێی ئەم دیمانەیەوە دەستخۆشییان لێ بكەم و سوپاسیان بكەم و داوایان لێ بكەم بەردەوام هۆشیار بن و وڵاتی خۆیان بپارێزن و زیاتر و زیاتر هەماهەنگ و هاوكار بن لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستاندا.


* وەزارەتی ناوخۆی هەرێم تا چەند ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هەیە؟


- وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بەپێی دەستوری عێراق و یاساكانی هەرێم كار و چالاكییەكانی سەربەخۆیە و تەنیا ئەو بڕگانەی پەیوەستن بە دەستوور كە دەسەڵات بۆ حكومەتی فیدراڵ دەگێڕێتەوە وەك پۆلیسی سنوور و ڕەگەزنامە بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بەستراونەتەوە، لە رووی پێوەندی و هەماهەنگییەوە پێوەندییان بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە هەیە و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی عێراقی فیدراڵ تا ڕادەیەك باشە، بەڵام بە داخەوە هەندێك جار لە ئاستی پێویستدا نییە و لەم رووەوە هەست بە جۆرێك لە ناجددیەت دەكرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە.


* ماوەیەك لەمەوبەر توانرا مووچەی هێزەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەگەڵ مووچەی هێزەكانی ناوخۆی عێراق یەك بخرێتەوە ئایا توانراوە هەموو مووچەكانی هێزەكانی ناوخۆ یەك بكرێت؟


- مووچەی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستان هاوتای مووچەی هێزەكانی ناوخۆی عێراقە.


* لەناو هێزەكانی ناوخۆدا تا چەند ئەندامان و لایەنگرانی لایەن و پارتە سیاسیەكانی كوردستان هەیە؟ ئایا چۆن لە مەسەلەی حزبایەتی دەڕوانن؟


- لەناو هێزەكانی ناوخۆ لایەنگرو ئەندامی زۆربەی حزبەكان هەروەها بێ لایەنی تێدایە، بەڵام هەوڵی زۆرمان داوە دیاردەی حزبایەتی لە كاتی دەوام و لەناو دەزگاو فەرمانگەكاندا ڕەنگ نەداتەوە، بۆ نموونە دوو ساڵە دامەزراندن لە وەزارەت لە ڕێگای دابەشكردنی فۆرمەو بەپێی مەرجی یاساییە و لە ڕێگای لیژنەیەكی باڵای وەزارەتەوە بەڕێوەدەچێت، بەبێ ئەوەی لایەنگیری كەسەكان بۆ هەر حزبێك كاریگەری هەبوو بێت، تەنیا ئەگەر كەسێك شەهیدی پلە یەك تا پلە دووی هەبێت هاوكاری كراوە لە كاتی دامەزراندن.



* ئایا گرنگی بەبواری هۆشیاری دراوەو لە بوودجەی ئەمساڵدا بۆ ئەم لایەنە چەند تەرخانكراوە؟


- بواری هۆشیاری و راهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی لێهاتوویی فەرمانبەرو كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەموو ئاستەكاندا بەردەوامەو مانگانە خولی هۆشیاری و لێهاتوویی دەكرێتەوەو فەرمانبەرو كارمەندان بەشداری تێدا دەكەن ؛ چ خولی تایبەت بێت یان لەسەر ئاستی وەزارەتەكان یان لەسەر ئاستی عێراق بێت، هەندێ جار لە ناوەوەی هەرێم یان دەرەوەی هەرێم دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەسەر ئاستی حكومەت، وەزارەتی پلاندانان ساڵانە بڕیاری پێویست دەدات بۆ كردنەوەی خولی راهێنان و هۆشیاری بۆ سەرجەم وەزارەتەكان بەپێی پێویست و لەسەر داواكاری ئەو وەزارەتانە و لەسەر ئاستی وەزارەتیش ساڵانە بەدەیان خولی جۆراو جۆر دەكرێتەوە بۆ راهێنان و بەرزكردنەوەی ئاستی وشیاری كارمەندان و فەرمانبەرانمان لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم.


* وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ كۆمەڵێك وەزارەت كاری هاوبەشی هەیە، چونكە زۆربەی وەزارەتەكان لەجێبەجێكردنی بەرنامەو پلانەكانیاندا پێویستیان بە پشتگیری هێزەكانی ناوخۆیە، ئایا پێتان وایە وەكو وەزارەتی ناوخۆ توانیوتانە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەكانی دیكەی هەرێمی كوردستاندا بكەن، بەتایبەتی لەگەڵ وەزارەتی دادو دەسەڵاتی دادوەری كە بۆ پیادەكردنی سەروەریی یاسا پێویستە؟


- پێوەندییەكی پتەو لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەكانی پێوەندیدار هەیە لە ڕووی هاوكاری و هەماهەنگی بە تایبەتی ئەو وەزارەتانەی ئەركی هاوبەشمان لەگەڵیاندا هەیە وەك وەزارەتی داد و كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، هەروەها لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەماهەنگی زۆر باشمان هەیە و كۆبوونەوەی دەوری دوو تا سێ مانگ جارێك یان لەكاتی پێویستدا لەگەڵ یەكدی ئەنجام دەدەین بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەو كێشە و بابەتانەی پێوەندییان بە پەراوی لێكۆڵینەو هەماهەنگی نێوان پۆلیس و دادگاكان هەیە، هەروەها لەگەڵ وەزارەتی دادیش سەبارەت بە داواكاریی گشتی هەماهەنگیمان هەیە.


* تاچەند توانراوە ڕێگا لە سەرپێچیكاران بگرن بەتایبەت سەرپێچیكردنە سەر زەویی حكومی و بەكارهێنانی نایاساییانەی زەویی شارەوانی و كشتوكاڵ؟


- لە ڕێگای پارێزگا و قەزا و ناحیەكان لێژنەی هەڵگرتنی تەجاوزات هەیە كە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان سەرپەرشتی دەكەن، ئەم لێژنەیە ژمارەی پێویستیان لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەژێر دەستدا هەیە لە هەر شوێنێك سەرپێچی كردن هەبێت یان فەرمانگەكانی كشتوكاڵ یان شارەوانیەكان هەواڵیان پێ بدەن، بڕیاری پێویستی لێدەدرێت و سەرپێچیكاران دەستگیر دەكرێن و بە پێی یاسا سەرپێچی كردنەكەش هەڵدەگرن. بەهەمان شێوە سەبارەت بە سەرپێچیكردن لە موڵكی گشتیی و كارەبا، لە هەر شوێنێك سەرپێچی كردن هەبێت لە ڕێگای لیژنەی پارێزگاو قەزاكان بڕیاری هەڵگرتنیان دراوەو ئەم پرۆسەیە بەردەوامە، سەرپێچی كردنی هێڵی كارەبا تا رادەیەكی باش نەماوە، چونكە ئێستا كارەبای هەرێم زۆر باشە.








* وەزارەتی ناوخۆ پێش ماوەیەك بۆ كۆتاییهێنان بەدیاردەی توندوتیژی و كوشتن بڕیاری هەڵمەتی نەهێشتنی چەكی دەركرد، ئەو بڕیارە بەكوێ گەیشت؟ ئایا بوونی چەك هۆكارێك نییە بۆ زیادبوونی توندوتیژی و تاوان دژ بە ئافرەتان؛ ئەم دیاردەیە بۆچی هەر ڕوو لە زیادبوونە؟


- لێژنەیەكی هاوبەش هەیە لە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ نەهێشتنی دیاردەی چەكداری بە تایبەتی هەڵگرتنی چەك و هەر كەسێك بە چەكی بێ مۆڵەتەوە بگیرێت، بەپێی یاسا ژمارە (16) ی ساڵی 1993 دادگایی دەكرێت، مۆڵەتدانیش بۆ هەڵگرتنی چەك تەنیا بۆ هەڵگرتنی دەمانچەیە ئەویش ئەگەر حاڵەتەكە پێویست بێت. هەروەها ئەم لیژنەیە داوای لێ كراوە پێشنیاری پێویست ئامادە بكات بۆ ئەوەی بتوانرێت بە هاوكاریی هەموو لایەك دیاردەی چەكداری بنبڕ بكرێت لە هەرێمی كوردستان.


هەر كۆمەڵگایەك چەكی تێدا بێت رووداویشی لێ دەكەوێتەوە، بەهۆی بارودۆخی عێراق بە گشتی هەر لە ساڵی 1991 و دواتریش لە 2003 دوای رووخانی رژێم چەكێكی زۆر كەوتە دەستی خەڵك و كڕین و فرۆشتنی نایاسایی پێكراوە، بەڵام خۆشبەختانە لەم چەند ساڵەی دواییدا تا راددەیەكی زۆر هەڵگرتنی چەك كەم بووەتەوەو ئومێدیش دەخوازین بەهۆی متمانەی خەڵك بە دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس و ئەو یاسا و رێنماییانەی سەبارەت بە چەك هەڵگرتن و مامەڵە پێكردنی دەرچووە و جێبەجێ كراون، بوونی چەك لەبەر دەستی هاووڵاتیان و هەڵگرتنی و مامەڵە پێكردنی زیاتریش كۆنترۆڵ بكرێن.


* زۆرجار هاووڵاتیان گلەیی لەوە دەكەن كە لەكاتی كەوتنەوەی تاوان یان رووداو، بەئاشكرا باس ناكرێت یا لە هۆیەكانی ڕاگەیاندنەوە بڵاو ناكرێتەوە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتیان لە خۆپاراستندا بەشداری نەكەن؟


- سەبارەت بەو تاوان و رووداوانەی هێشتا لێكۆڵینەوەیان نەگەیشتۆتە ئاكامی یەكلاكەرەوە، بەمەبەستی پاراستنی كەسەكان و ئاشكراكردنی تاوانباران ناكرێت هیچیان لەسەر بڵاو بكرێتەوەو بدرێنە دەزگاكانی راگەیاندن، بەڵام بەگشتی لە بەشی ئاماری وەزارەتدا مانگانە ئاماری رووداوەكان لەسەر هەموو كێشەكانی كوشتن، دزین، رووداوی سووتان، هەموو تاوانەكانی تر پۆلێن دەكرێن و بە دەزگاكانی راگەیاندن دەدرێت.


هەروەها بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاكان تەخویل كراون لەكاتی پێویستدا بەمەبەستی رووماڵكردنی ئاماری رووداوەكان و ئەو تاوانانەی كە لە سنووری چالاكییەكانیان ئەنجام دراون كۆنگرەی رۆژنامەنووسی ببەستن، چەندین جاریش دەزگاكانی راگەیاندن راستەوخۆ داوایان لێ كردووین و بۆ بەدواداچوونی رۆژنامەگەری لیستی رووداوەكانیان پێدراوە و لە چەندین دیراسات و توێژینەوەی ئەكادیمی قوتابیانی خوێندنی باڵای زانكۆكان هاوكاری و ئاسانكارییان پێشكەش كراوە، بە پێدانی داتای ساڵانەو مانگانەی كێشەكانی تۆماركراو لە بنكەكانی پۆلیس لە هەرێمی كوردستان.


* مامەڵەكردنی هێزەكانی ناوخۆ لەگەڵ رۆژنامەنووسان تا چ رادەیەك دروستە، راستە زۆرجار پیشەی رۆژنامەنووسی تێكەڵ بەزۆر پیشەی دیكەی بووە، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێت وا نییە زۆر جار رۆژنامەنووسان دەبنە قوربانی كەلتور و نەریتی توندوتیژی كۆمەڵگا و هێزەكانی ناوخۆ؟


- پیشەی رۆژنامەنووسی پیشەیەكی پیرۆزەو هەستیارە و پێویستە لە هەموو لایەكەوە ئاسانكارییان بۆ بكرێت، بۆ رووماڵكردنی هەواڵەكان ئێمە پەیوەندییەكی زۆر باش و هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ سەندیكای رۆژنامەنووسان، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێ رۆژنامەنووسان بزانن مەرج نییە هەموو وردەكاریی رووداوەكان وەربگرن، بەڵكو پێویستە خۆیان شیكردنەوەیان هەبێت، چونكە كەیسەكانی تایبەت بە رووداوەكانی كوشتن یان توندوتیژی خێزانی لەوانەیە ئەگەر بگاتە سەر پەڕەی رۆژنامەكان كێشەی زیاتری لێبكەوێتەوە، هەروەها لە رووی یاساییەوە ناكرێت هەندێ نهێنیی لێكۆڵینەوە بەر لە تەواوبوونی ئاشكرا بكرێت.


* ئێستا وەكو تێبینی دەكرێت و بەراورد بەزۆر وڵاتانی پێشكەوتووی جیهانیش مامەڵەی هێزەكانی ناوخۆ لەبەرامبەر خۆپیشاندان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووەو پێكدادانەكان زۆر كەمبوونەتەوە، ئایا دەتوانین بڵێین لەم رووەوە ستانداردی جیهانی پیادە دەكەن؟


- خۆپێشاندان پیادەكردنێكی دیموكراسییانەیەو هەموو هاووڵاتیان دەتوانن بۆ هەر مەبەستێكی پێویست خۆپێشاندان ئەنجام بدەن وەك لە دەستوورو یاساكاندا رێكخراوە، ئێمەش لە وەزارەت چەند رێنماییەكمان بۆ سەرجەم هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بڵاوكردۆتەوە كە پێویستە خۆپێشاندانەكان بە شێوەیەكی هێمنانە و بەپێی یاسا دوور لە كاری توندوتیژی و تۆقاندن بەڕێوەبچن،چونكە پێویستە هەموومان بزانین ئەوانەی دێنە سەر شەقامەكان خۆپێشاندان ئەنجام دەدەن هاووڵاتی خۆمانن و دوژمن نین، لەوانەیە داواكارییەكەیان خستنەڕووی مەزلومییەتێك بێت و بیانەوێت حكومەت یان پەرلەمان یان ڕای گشتی لێ ئاگادار بكەنەوە، بۆیە پێویستە رێز لە ئیرادەی هاووڵاتیان بگیرێت تاكو ئەو رادەیەی یاسا پێشێل نەكەن. سەرەڕای ئەوەش بەردەوام خول و راهێنان بۆ پۆلیسەكانمان دەكرێتەوە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی چالاكییەكانیان و خۆگونجاندنیان لەگەڵ پرەنسیپ و رێنماییە نێودەوڵەتییەكان، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین شارەزا لە ئەمریكا و فەرەنسا بانگهێشتكراون و خولی تایبەتییان لەسەر چۆنیەتی هەڵسوكەوتی هێزەكانی ناوخۆ لەگەڵ خۆپیشاندەران كردۆتەوە، تاكو ڕوویەكی شارستانی و دیموكراتییانە پیشانی ناوەوەو دەرەوە بدەین و كارمەندانمان ڕابهێنین بە شێوازێكی مۆدێرنانە هەڵسوكەوت لەگەڵ خۆپێشاندەراندا بكەن.


* تا چەند لە بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێدا سەركەوتوو بوون، لەكاتێكدا لە دنیای پێشكەوتوودا ئامێرو تەكنەلۆژیای زۆر تازە بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان بەكاردەهێنرێت؟


- هەر لە سەرەتای دامەزراندنەوەی دەزگاكانی پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و دەزگاكانی ئاسایشی ناوخۆ لە دوای راپەڕینەوە،هەوڵ درا بە شێوازێكی سەردەمییانە و بە سوود وەرگرتن لە تەكنەلۆژیای نوێ دابمەزرێنەوە، لەم چەند ساڵەی دواییشدا تا راددەیەكی باش توانراوە لە دامودەزگاكانی پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ و بەدواداچوونی بەڵگەی تاوان و سەرجەم دامودەزگاكانی ئاسایشی ناوخۆ سوودیان لێ وەربگیرێت، بەردەوامیش چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی سوود وەرگرتنی زیاتر خولی تایبەت و مەشق و ڕاهێنان بۆ كارمەندان دەكرێتەوە.


* سیستەمی چاودێری و بەدواداچوونی ئەو ئاسایش و كارمەندانەی هێزەكانی ناوخۆ كە كەمتەرخەمن و زۆر جاریش هەڵەو سەرپێچی و بگرە تاوانیش ئەنجام دەدەن؟ بەتایبەتی مەسەلەی لێپچینەوە لەگەڵ ئەو گەنجانەی لەگەڵ ئافرەتان زۆر جار لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە دووچاری هەراسانكردن و لێپرسینەوە دەبن و هاووڵاتیانیش لەم رووەوە گلەییان هەیە بەتایبەتی شوفێرانی ئافرەت؟


- ئێمە بەدواداچوونی بەردەواممان هەیە و هەر كاتێك بزانین سەرپێچی یان كەمتەرخەمی هەبێت لەلایەن هێزەكانمان لەهەر ئاست و پلەیەك بێت ڕێوشوێنی یاسایی تەواویان بەرامبەر وەردەگرین، داواكاریشین لە هاووڵاتی بەڕێز هەر سەرپێچییەك یان ئیزعاج بوونێك هەبێت لەلایەن پۆلیسەوە یان مەفرەزەكانی پۆلیسی هاتووچۆ ئاگادارمان بكەنەوە لە رێگای تەلەفۆن یان داوا تۆمار بكەن لەسەر كەسەكان، تا ڕێوشوێنی یاسایی تەواویان بەرامبەر وەربگرین. ئێستاش لەسەرجەم بنكەو بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس سندوقی سكاڵامان هەیەو بەدواداچوونی رۆژانەی لەسەر دەكرێت و چەند ژمارەیەكی تەلەفۆنیشمان داناوە بۆ پێوەندیی هاووڵاتیان و لەسەر هەر كەموكوڕییەك بەدواداچوون دەكەین.


* پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگە لەڕووی ئۆتۆمبێل و كەلوپەل و كارمەندەوە كەموكوڕییان هەیە، ئایا توانراوە ڕاوكردن و سەرپێچیكردنە سەر دارستان كۆنترۆڵ بكرێت؟


- پۆلیسی دارستان فەرمانگەیەكی فەرمی سەر بە پۆلیسی گشتیی هەرێمە بەپێی پێویستی، بەڕێوەبەرایەتی و بنكەیان لە سەرجەم شەرو شارۆچكەكەو شوێنەكانی دارستانی چڕی دارستانی تێدایە، كراوەتەوە، بەڵام ئەم بەڕێوەبەرایەتییە نوێیە چەند ساڵێكە دامەزراوە، لەوانەیە لە ڕووی ڕاهێنانەوە پێویستیان بەشارەزایی زانستیانەی باش هەبێت، هەروەها كەلوپەل و ئامێر و ئۆتۆمبێلی پێویستیان بۆ دابین كراوەو لە داهاتووشدا بەپێی فراوانبوونی ئەركەكانیان پێداویستییەكانیان بۆ دابین دەكرێت.


* بۆچی تا ئێستا لێرەو لەوێ ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە یا جام رەش دەبینرێت، ئایا كێشەتان لەگەڵ هەندێ بەرپرسانی حزبی و حكومی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دیاردەیە؟


- ئۆتۆمبێلی بێ ژمارە تاكو رادەیەكی زۆر نەماوە بەتایبەتی لەشارە گەورەكانی هەرێم ئەم بابەتە بنبڕكراوە، بەڵام لە هەندێ ناوچە ئۆتۆمبێلی نایاسایی بەدی دەكرێت كە لە هەر كاتێكدا بكەونە دەست مەفرەزەكانی هاتوچۆ یان بازگەكان دەستگیر دەكرێن، بەڵام سەبارەت بە دیاردەی ئۆتۆمبێلی جام رەش ئەم دیاردەیەش نەماوە، تەنیا ئەگەر جاروبار حاڵەتێكی وا بەدی بكرێت، ئەویش مەفرەزەكانی هاتووچۆ و بازگەكان دەسەڵاتیان هەیە بە وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان.


* چۆن ڕێگا لەو قەرەباڵغی و جەنجاڵییەی ئۆتۆمبێل دەگیرێت لە كاتێكدا تا ئێستا بەلێشاو ئۆتۆمبێل دێتە ئەم هەرێمەوەو سیستەمی ترام و پاسی تێدا نییە؟


- خۆتان دەزانن عیراق زیاتر لە دەروازەیەكی هەیە بۆ هێنانی كەلوپەل و ئامێرو ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان و ناوەڕاست و باشوور، بڕیارێكیش هەیە لە هەموو عیراق كاری پێدەكرێت كە لە دوو مۆدێل زیاتر ئۆتۆمبێل داخل ناكرێت، بۆ نموونە ئێستا تەنیا مۆدیلی 2011 و2012 رێگای هاتنە ژوورەوەیان پێ دەدرێت، بۆ سیستەمی دانانی پاس و ترام ئێستا پرۆژەی دروستكردنی ترام لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنە لە هەولێر بەم نزیكانە بڕیاری لەسەر دەدرێت.


* هەر سەبارەت بەكەرتی هاتوچۆ گلەییەكی زۆر سەبارەت بە كامێرەی كۆنترۆڵكردنی خێرایی هەیە و شوفێران پارەیەكی زۆریان بۆ هاتووە، ئایا لەو جەنجاڵی و ناڕێكیەی رێگاكان یا دانانی كامێرەكان لەشوێنی وا كە ئۆتۆمبێل خێرایی بۆ كەم ناكرێتەوە یا نزیك ترافیك لایتێكە دەبێت خێرا بڕوا، پێت وانییە پێویستە دووبارە رێنمایی و راسپاردەی نوێ بۆ ئەم بوارە دەربچێت و بەپێی ئەندازەی شارستانیی هاتوچۆ رێك بخرێتەوە؟


- كامێرای كۆنترۆڵی خێرایی هاوكارێكی زۆر باشە بۆ كەمكردنەوەی رووداوەكان لەناو شارو دەرەوەی شار، پێویستە شوفێرەكان لە هەموو شوێنێكدا پابەند بن بە خێرایی دیاریكراوی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل و هەتا ئەگەر لەو شوێنەی كامێرای كۆنترۆڵیشی تێدا نەبێت پێویستە سەرپێچی نەكەن و زیاتر لە خێرایی دیاریكراو لێنەخوڕن، بەداخەوە بەپێی ئامارەكانمان زیاتر لە 85% رووداوەكانی ئۆتۆمبێل بەتایبەتی ئەو رووداوانەی مردنی تێدایە هۆكارەكان لێخوڕینی لە رادەبەدەرەی شوفێرەكانە كە پابەند نین بە یاساو رێنماییەكانی هاتووچۆ، بۆ ئەم مەبەستەش رێنمایی بەردەوام لە وەزارەتمان و هاتوچۆی گشتییەوە دەردەچێت بەمەبەستی زیاتر پابەندكردنی شوفێران بە یاساو رێنماییەكانی هاتوچۆ و كەمكردنەوەی ئاستی سەرپێچی و رووداوەكان.


* پێش ساڵێك لەمەوبەر لەچاوپێكەوتنێكی گوڵاندا باست لە بەندیخانە هاوچەرخەكان كرد، كە لەزۆر شوێنی كوردستان دەكرێنەوە ئایا ئەم پرۆژەیە بەكوێ گەیشت؟


- بەندیخانەی هاوچەرخ لە دهۆك هەیەو لەسەر ستانداردی جیهانی دروست كراوە، دەربارەی سەرپێبوونی (عائدیە) ئەم بەندیخانانە دوو جۆرن: ئەوانەی بۆ حوكمدراوەكانن و چاكسازیی بەندكراوەكانیان تێدا ئەنجام دەدرێت و سەرپێبوونیان بۆ وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، بەڵام دەربارەی بەندیخانەكانی تایبەت بە راگیراوان سەرپێبوونیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، كە ئێستا لە هەرسێ پارێزگای هەرێم و زۆربەی قەزاكان باڵەخانەی نوێیان بۆ دروست كراوە.


* كۆتایی قسە بۆ بەڕێزتان ئایا چ بڕیارو راسپاردەیەكی نوێ دەردەچێت تا لە ڕێگای گۆڤارەكەمانەوە بەهێزەكانی ناوخۆ یا هاووڵاتیانی بدەین؟


ئێمە لە وەزارەت پلانی ساڵانەمان هەیە و پلانی درێژخایەنی (5) ساڵەمان هەیە و كاروچالاكیی وەزارەتی ناوخۆ بەپێی ئەو پلانانە بەڕێوەدەچن و بەنیازین لە ساڵی ئایندەدا دوای گەڕاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتووچۆ لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ سەر وەزارەتی ناوخۆ، گرنگی بە رێگاكانی دەرەوە بدەین لە نێوان پارێزگاو شارو شارۆچكەكان و هێماكانی هاتووچۆ بە تەواوی دابنرێن، لە رووی گرنگیدان بە پارێزگاریكردن لە مافەكانی ئافرەت و بەرگری لێ كردنیان بەرامبەر بەو توندوتیژییانەی كە رووبەڕوویان دەبێتەوە بریاڕ دراوە بە كردنەوەی (10) بنكەی پۆلیس لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە كەیسەكانی توندوتیژی خێزانی و ئافرەتان .


هەروەها وەزارەت گرێبەستێكی كردووە بە كڕینی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ كە ئەم ئۆتۆمبێلانە لە كۆمپانیادا تایبەت بۆ كاری پۆلیس و هاتووچۆ دروست كراون و كامێراو كۆنترۆڵی تەكنەلۆژیی تەواویان تێدایە بۆ كۆنترۆڵكردن و وێنەگرتنی هەر رووداو و كێشەیەك كە رووبدات.


هەروەها پرۆژەی كارپێكردنی هەلیكۆپتەری هاتووچۆ لە جێبەجێكردندایە كە لە كاتی رووداوەكانی هاتووچۆ لە شوێنە دوورەدەستەكان هەلیكۆپتەر بگاتەئەم شوێنانە و قوربانییەكان بگوازێتەوە.


هەروەها وەزارەت لەپلانی دایە بۆ ساڵی ئاییندە پەیمانگەیەكی تایبەت بە كەیسەكانی توندوتیژی خێزانی بكاتەوە.

Top