ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگەی كوردستان بۆ (گوڵان):دەمانەوێت كێشەكان بە ئاشتی چارەسەر بكرێن، ئەگینا هێزی پێشمەرگە توانای ئەوەی هەیە حەسمی بكات
November 19, 2012
دیمانەی تایبەت
دوای پێكهێنانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلەو لەشكركێشیەكەی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچەی زوممار و هەڕەشەكانی ئەم دواییەی فەرماندەكانی ئەو سوپایە بۆ سەر ناوچە دابڕێنراوەكان؛ بارودۆخەكەیان بەرەو ئاڵۆزبوون برد، بەپێچەوانەی بنەماكانی دەستووری عیراقیشەوەو وەكو هەموو جارێكیش كە لە مێژوودا چەندین جار ئەم سوپایە بە سیاسی و شەخسی كراوە، ئێستاش دووبارە سوپا تێكەڵاوی كێشە سیاسییەكان كرایەوە، بەمەش هێزە چەكدارەكانی سوپای عێراق هەڕەشەو دڵەڕاوكێیەكی زۆریان بۆ سەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش ناوچە دابڕێنراوەكان دروست كردەوە. گوڵان پەیوەندی بە ئەنوەری حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچە دابڕێنراوەكانی كرد و ئەم ئاخاوتنەی لەگەڵ سازدا، كە ئەمە دەقی دیمانەكەیە.* سەرەتا دەمانەوێت لەو پرسیارەوە دەست پێ بكەین، ئایا بەڕێزت وەكو بریكاری وەزیری پێشمەرگەی كوردستان و سەركردەیەكی مەیدانی، بارودۆخە مەیدانیەكەی لەشكركێشی هێزەكانی دیجلەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیەكەی سوپای عێراق و ئەو ئاڵۆزییەی كە لەناوچە دابڕێنراوەكان بە پیلان و ئەنقەست دژ بە خاك و خەڵكی ئەو بەشانەی كوردستان دروست كراوە، چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- وەكو لای هەمووان ئاشكرایە، ماوەیەكە راستەوخۆو بەئاشكرا حكومەتی عێراق و سوپاكەی چەند هەوڵێكی شەڕانگێزانەیان بەرامبەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بەتایبەتی دوای لەشكركێشی و جووڵاندنی هێزەكانی ئەو سوپایە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان و هەڕەشەكردن لەسەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە، تەنانەت ماوەیەكە هێڕشی تیرۆریستان لەسەر دانیشتووانی كورد زیادی كردووە، هەربۆیە ئێمەش وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە بەڵێنمان داوە بەهەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە كە پارێزگاری لەسەرو ماڵی هاووڵاتیانمان بكەین و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕێگا نادەین هێزەكانمان خروقات بكات، هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ كاردانەوەیەكی نەشیاو لەلایەن پێشمەرگەی كوردستانەوە دروست نابێت و تەنیا وەكو هێزێكی بەرگریكار لەسەروماڵی هاووڵاتیان هاتووینەتە ئەم ناوچەیە تاوەكو ئەگەر هێزی دیجلە لاساریی بكەن و كاری نەشیاو دژ بە هاووڵاتیانی ئەم ناوچانە بكەن، ئەوا ئەو كاتە هێزەكانی پێشمەرگە لەوپەڕی ئامادەباشیدایەو بۆ بەرگریكردن ئامادەین و بەتوندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە.
* حكومەتەكەی مالیكی وڵات بەرەو ئاڵۆزی و ململانێی سیاسی و سەربازیی پەلكێش دەكات و هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست دەكات؛ ئایا تاچەند هێزی پێشمەرگە سازو ئامادەیە بۆ ئەوەی لەم قۆناخەدا سنوورێك بۆ هەڕەشەكان دابنرێت بەتایبەتی ئەو هەڕەشانەی كە دەكرێنە سەر هاووڵاتیانی كوردستانی ناوچە دابڕێنراوەكان؟
ـ لەڕێگای گۆڤارەكەتانەوە داواكارم لەهاووڵاتیانی كوردستان كە ئاگاداری ئەوە بن هێزی پێشمەرگە وەكو هێزێك بەراورد نەكرێت بەسوپایەكی ورە لاوازی عێراق، چونكە ئەركی هێزی پێشمەرگە پارێزگاریكردنە لەو دەستكەوتانەی كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە و بەرگری لەهاووڵاتیانی خۆی دەكات، وەكو هێزی پێشمەرگەش پێمان خۆش نییە لەگەڵ ئەو لەشكركێشی و سوپایەی هاتۆتە ناوچەكە پێكدادان و رووبەڕووبوونەوە رووبدات چونكە هەموو خەڵكی ئەم وڵاتەین، بەڵام گەربێت و هێزی دیجلەو یەكەكانی سوپای عێراق بەردەوام بن لەو سەرپێچی و كاری نەشیاو و هاتنە پێشەوە، ئەوە بەدڵنیاییەوە ئەو جێگایانەی كە سوپای عێراقی بەهاوبەش و بەتەنسیقیش كە پێشتر لەگەڵ سوپای ئەمەریكا وەریانگرتووە لێیان وەردەگرینەوە .
* ئاشكرایە ناوچە دابڕێنراوەكان تارادەیەكی باش بەراورد بەناوچەكانی تری عێراق سەقامگیرترە، ئەویش بەهۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كە توانراوە لەو ناوچانە سەقامگیرییان تێدا دروست بكرێت، بەڵام هەوڵیش هەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری ئەو ناوچانە تێكبدرێت، بەتایبەتی دوێنێ باس لە پێكدادانێك دەكرێت لەنێوان پۆلیسی فیدراڵی و یەكێك لە بارەگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە ئایا هاتنی سوپا نائارامی و ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا لێنەكەوتۆتەوە؟
- ئەو كێشەیە زیاتر كێشەیەكی تایبەتی بووە، پێوەندی بەو لەشكركێشیەوە نییە كە ئێستا كراوەتە سەر ناوچە دابڕێنراوەكان و بووەتە هۆی ئاڵۆزبوونی ناوچەكە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەنزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین، چونكە بارودۆخەكە هەستیارەو هاتنی هێزی سەربازی و سوپا بۆ ئەم ناوچەیە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری بۆ ناوچەكە لەگەڵ خۆی دەهێنێت.
* بەڕێزت یەكێك بووی لە پێشمەرگەكانی داستانی خواكورك، ئەمە بۆ جاری دووەمە سەرۆك بارزانی پێشبینی مەترسی گەورە دەكات، ئێستا هەموو لایەنێك گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە بەراستی مالیكی تاكڕەوەو دەیەوێت خروقاتی دەستووری بكات، بەڕێزت لەسەر ئەو پێشبینیەی سەرۆك بارزانی كە لە نەورۆزدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەم وڵاتە بەرەو دۆخێكی خراپ دەچێت، لەمبارەیەوە چی دەڵێیت؟
- سەرۆك بارزانی لەخەمخۆرییەوەیە بەرامبەر نەتەوەكەی، وەكو سەركردەیەكی لێهاتووی كارامەو وەكو سەرۆكێك كە بەرپرسیارێتی لەسەر شانە، هەمیشە پێشبینیەكانی هاتۆتە دی، بەدڵنیایشەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان عەقڵیەتی حوكمڕانان و سیاسەتمەدارانی عێراقی باش ناسیوە، هەربۆیە پێشبینیەكانی بەرامبەر بەو مەترسیانەی چاوەڕێی گەلانی عێراق و كوردستان دەكات راستەو هاتۆتە دی و تێڕوانینێكی دوورمەودای هەیە.
* وەك دەبینین جەنابی سەرۆك بارزانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئایا تەوجیهاتی سەرۆك بارزانی بۆ ئێوە چییە؟
- فەرمانی جەنابی سەرۆك بۆ ئێمە لەبەرژەوەندی گەلی كوردستانەو بەهیچ شێوەیەك لێی لانادەین، چونكە گەربێتوو خوانەخواستە گوێرایەڵی فەرمانەكانی نەكەین تووشی هەڵە دەبین، هەربۆیە فەرمانەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و كە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشە بۆ ئێمە شوێن و جێگای گیان فیداكارییە.
* هەر لەم روانگەیەوە بەڕێز سەرۆكی هەرێم هەفتەی رابردوو ئاماژەی بەوەكرد گەربێتوو سنوورێك بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی دیجلە دانەنرێت، هەڵوێستی ترمان دەبێت؛ ئێوە وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان تا چ رادەیەك لەئامادەباشیدان؟
- هێزی پێشمەرگە لەئامادەباشیدایە بۆ بەرگریكردن لەهاووڵاتیانی كوردستان و داواو سیاسەتی راست و دروستی جەنابی سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان، بەگیان و بە خوێن جێبەجێی دەكەین .
* لەناو پێكهاتەی سوپای عێراقدا ژمارەیەكی یەكجار كەمی كوردی تێدایە، تەنانەت ئەم هێزەی دیجلە كە دروستكراوە زیاتر لە 90%ی عەرەبەو سەربازەكانی سەر بەیەك مەزهەبن، ئایا ئێوە وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چۆن سەیری ئەو مەسەلەیە دەكەن؟
- دوای هەڵوەشانەوەی سوپای بەعسێنراوی ڕژێمی ڕووخاوی پێشوو، سوپای عێراق لەسەر خوێن و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگە دروست بوو، بەداخەوە كاروكردەوەی شۆڤێنیانە وایكرد ژمارەیەكی كەمی سەربازو ئەفسەری كورد لەو سوپایەدا بمێنێت، سەركردەكانی ئەو سوپایە جارێكی تر مەرامی ئەوەیان هەیە، بەچاوی داگیركاری بەنیەتی خراپ لەبەرزاییەكانی كوردستان بنواڕن. ئێمە پێمان وایە ئێستا سوپای عێراق بەپێكهاتەیەكی سەقەتەوە دروست بووە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندبازی دروست بووە و سوپایەكە پڕ بۆتەوە لەخەبیرە سەربازییەكانی داخ لەدڵی رژێمی بەعس. ئومێدمان وابوو بەو سوپایەوە پێكەوە عێراق و كوردستان بپارێزین، بەڵام بەداخەوە كاتێك ئەوان كۆمەڵێك تانك و زرێپۆش و چەكی نوێیان بینی لەهەموو بەڵێن و قسەكانیان باشگەزبوونەوە و ئێستا دەیانەوێت بەهەڕەشەی سەربازی مەرامەكانیان بهێننە دی.
* دوێنێش داوایان دەكرد كە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی باكوور دابمەزرێت و بە ئاشكراش ئەو داوا گوماناوییە لەلایەن عەبدولسەلام مالیكییەوە باس كرا؟
- ئەوە خەونی حوشترە ..
* بەڵام زۆرجار باس لەوە دەكرێت هاتنی ئەو هێزانە دەبێتە ئەمری واقیع لەپارێزگای كەركوك و وەكو كارتێكی سیاسی دژ بەخواست و ویستی هاووڵاتیانی ناوچەكەو كوردستان بەكار دەهێنرێت؟
- ئومێد دەخوازم ئەمە روونەدات و بیرۆكەیان بەو ئاڕاستەیە نەچێت كە هێزی سەربازی بنێرن و ئەمری واقیع دروست بكەن، ئێمە لەچاوەڕوانی ئەوە بووین حوكمڕانانی بەغدا وڵات بكەنە بەهەشت و خۆشی و خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانەكەی بهێنن، نەك جارێكی تر لەژێر تەپوتۆزی دوكەڵی تانك و زرێپۆش و هێزی چەكداری، خەڵكی ئێمە بترسێنن تا دەستبەرداری مافەكانی بێت، هەربۆیە لەم مینبەرە جوانەی ئێوەوە بەخەڵكی كوردستان رادەگەیەنین كە دوا داواكاری كورد كە خۆی لەبەرزاییەكانی حەمرین دەبینێتەوە بەدی دێنین.
* جەنابتان و وەزیری پێشمەرگە كۆبوونەوەیەكتان لەگەڵ پارێزگاری كەركوك كردبوو، ئایا ئەو كۆبوونەوەیە بۆ چ مەبەستێك بووە؟
- جەنابی پارێزگاری كەركوكمان بینیوە بۆ ئەوەی پێی رابگەیەنین كە هێزی پێشمەرگە لەخزمەتی خەڵكی كوردستان و كەركوك دایە، ئامادەین لەخزمەتی ئەواندا بین و پارێزگارییان لێبكەین.
* بەڵام ئێستا هێزی پێشمەرگە زیاتر لەباكووری ئەو پارێزگایەیە نەك لەخوارووی پارێزگای كەركووك، ئایا هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا بوونیان نییە؟
- ئەوە رێككەوتنی نێوان لیژنەی تەنسیقی باڵا بووە كە بەناوبژیوانی و بوونی سوپای ئەمەریكا كراوە كە بەداخەوە سوپای عێراق ئیلتزامی بەو رێكەوتنە سێ قۆڵییە نەكرد كە لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق و هێزەكانی ئەمەریكا كرا. هەتا ئێستاش ئێمە نەجووڵاوین و بەگوێرەی ئەو رێكەوتننامەیە، بەڵام ئەمڕۆ هەڕەشە كراوەتە سەر خەڵكی دووزخورماتوو، جەنابی وەزیری پێشمەرگە بەهێزێكەوە چۆتە ئەوێ و منیش لەبەرزاییەكانی كەیوانەوە چاوەڕێی دوابڕیارم.
* بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی دیجلە كە دروسكراوەو هاتۆتە پارێزگای كەركوك، تەنیا بۆ كەركوك نییە، بگرە خانەقین و مەندەلی و دووزخورماتوو دیالەش دەگرێتەوە، ئایا سەبارەت بەو ناوچانە تا چ رادەیەك هێزی پێشمەرگە لەئامادەباشیدایە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی كوردستان؟
- ئومێدەواریشین كێشەكان نەگاتە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەڵكو لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، چارەسەرەكەی نەیەتە لای ئێمە، بەڵام كە هاتەلای ئێمە، ئەوكات ئێمە ناچار دەبین رووبەڕووی پیلان و مەرامی شەڕانگێزیی ببینەوەو چارەسەری كێشەكەش دەكەین.
* وەكو سەركردەیەكی مەیدانی كە ئێستا لەو ناوچەیەدایت، ئایا هاووڵاتیانی كوردستانی لەكەركوك و تەواوی ناوچە دابڕێنراوەكانی تردا تاچەند هاوكارن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەو ورەیان بەرزە؟
- هاووڵاتیانی خۆشەویستی كەركوك و خانەقین و دووزخورماتوو تەواوی ناوچەكانی تر بە كچ و كوڕیانەوە پێشمەرگەن و دڵنیاشن لەفیداكاری و دڵسۆزی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ئێمە دەبینە قەڵغان بۆ ئەوان و هاووڵاتیانی كوردستانیش لەو ناوچەیە هێزو پاڵپشتییەكی گەورەن بۆ هێزی پێشمەرگە .
* ئەگەر شتێكت مابێت و ئیمە پرسیارمان نەكردبیت، ئایا دوا پەیامت چیە؟
- ئومێدەوارم هەندێك لەو سیاسەتمەدارانەی بەغدا كە بە پیلانگێڕی خەریكن بەخۆیاندا بچنەوەو هێشتا زووە، چونكە سەربازەكانی كە دەیانكەنە سووتەمەنی پیلانەكانیان گوناهیان نییە، بەڵكو سەركردە سیاسی و فەرماندەییەكانیان پەلكێشیان دەكەن بۆ ئەو رووبەڕووبوونەوەیە، پێویستە كێشەكانی عێراق لەسەرمێزی گفتوگۆ لەبەغدا چارەسەر بكرێن و دژایەتیكردنی هاووڵاتیانی عێراق و كوردستان بەو سوپایەی عێراق نەكەن و بۆ جارێكی تریش سوپای عێراق شەرمەزاری گەلانی عێراق بن. چونكە ئێستا لای هەمووان ئاشكرا بووە كە هەڵبژاردنەكان نزیك دەبێتەوەو مالیكی وەكو كارتێكی سیاسییانە لە ڕێگای سوپاوە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیكلامی هەڵبژاردن و مانەوەی خۆی بەكار دەهێنێت. پەیامیشم بۆ سوپای عێراق ئەوەیە كە ئەو راستیەیان لەبەرچاوبێت كەئێمە بووین ئەو هێزەی عێراقمان چەندینجار رزگاركردووە، ئێستاش داوایان لێدەكەین كە بەو عەقڵیەتە هەڵسوكەوت نەكەن كە ئێمە دوژمنی یەكین، ئەم وڵاتە وڵاتی هەموومانە، پەیامیشم بۆ خەڵكی كوردستان ئەوەیە كە دڵنیابن لە هێزی پێشمەرگە كە قەڵغانێكە بۆ خەڵكی كوردستان و پارێزگاریكردن لەسەروماڵیان و بەرگریكردن لەو سەقامگیری و ئارامیەی كە ئێستا لەهەرێمی كوردستان بە هەوڵ و ماندوو بوونی سیاسەتێكی حەكیمانە فەراهەم كراوە.