دیڤید فلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بونیادی ئاشتی لە زانكۆی كۆلۆمبیا بۆ گوڵان:مالیكی بەردەوام مەیلی تاكڕەوی هەبووە و ئێستاش حكومەتەكەی بەرەو تاكڕەوی زۆرینە هەنگاو هەڵدەگرێت
پرۆفیسۆر دیڤید فلیپس پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر پرسی عێراق و توركیا و كورد و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێوەبەری پرۆگرامەكانی بونیادی ئاشتی و مافە لەسەنتەری دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلومبیاو پێشتریش راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بووە، بۆ قسەكردن سەبارەت بەباری ئێستای عێراق، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پرۆفیسۆر فلیپس كرد بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* پێت وانییە بە كشانەوەی هێزەكانی لەعێراق، ئەمریكا شەڕەكەی عێراقی دۆڕاند؟
- نەخێر، پێموانییە-ئەمریكا- شەڕەكەی عێراقی دۆڕاندبێت. سەددام ڕۆیشتووە و عێراقیەكانیش لە ڕێی گفتوگۆوە دەست و پەنجە لەگەڵ چارەسەركردنی جیاوازیەكانیدا نەرم دەكەن. ئەمە كاتی دەوێت.
* ئەو عێراقەی ئەمریكا لەدەستی رژێمی پێشوو رزگاری كرد، ئێستا پشتگیری لەمانەوەی ئەسەد دەكات، ئایا ئەمریكا بۆ ئەمە عێراقی رزگاركرد؟
- هەڵوێستی عێراق زیان بە خەڵكی سوریا دەگەیەنێت كە خوازیاری حكومەتێكی نوێنەرایەتین كە تێیدا پرۆسەی بڕیاردان بە نامەركەزی بكرێت و ئاییندەیەك بۆ وڵاتەكەیان بهێننەدی كە خاڵی بێت لە توندوتیژی.
* لەمەش زیاتر ئێستا مالیكی بەنیازە سوپاكەی پڕچەك بكات، ئایا تاچەند ئەم هەنگاوەی مەترسیدارە؟
- بەردەوام مالیكی مەیلی شمولیەت و تاكڕەوی پیشانداوە. دیموكراسی پەیوەستە بە سازشكردن و گەیشتن بە ڕێككەوتنەوە. پێویستە مالیكی هۆشیار بێت بەو ڕاستیەی كە حكومڕانیەكەی بەرەو تاكڕەوی زۆرینە ملدەنێت.
* ئایا ئەو چەكانە مەترسی لەسەر گەلی عێراق دروست ناكات، بەتایبەتیش گەلی كوردستان؟
- پێویستە ئەمریكا ڕێككەوتنی فرۆشتنی تانكی ئەبرامز و فڕۆكەی جەنگی بە عێراق هەڵوەشێنێتەوە. ئەگەری زۆرە چەكی پێشكەوتوو لەلایەن مالیكیەوە لە دژی خەڵكەكەی بەكاربهێنرێت نەك بۆ پاراستنی سنوورەكانی عێراق. پێویستە ئیدارەی ئۆباما زۆر ڕوون بێت لەوەی: كە ڕێگە نادات بەغدا دەستدرێژی بكاتە سەر هەرێمی كوردستان. كوردەكانی عێراق دۆستێكی بەنرخن كە دەبێت واشنتۆن بەرژەوەندیەكانیان بپارێزێت. لەمەش زیاتر لەم مەسەلەیەدا ڕەفتارەكانی چین و ڕوسیا مایەی شەرمەزارین كە ڕێگەیان لە كۆششە نێودەوڵەتیەكان گرت بۆ فشارخستنەسەر ڕژێمی دیمەشق. دەبێت مالیكی لایەنی ڕاستی مێژوو بگرێت، نەك ببێتە جێبەجێكاری سیاسەتی بێزراوی چین و ڕوسیا لە ئاست سوریادا. "