رۆژنامەنووس عەنبەرین زەمان بۆ گوڵان: گرنگترین لایەنی كۆنگرەكەی AKP بۆ چارەسەری كێشەی كورد ئەو وتارە بوو كە مسعود بارزانی بەكوردی پێشكەشی كرد

رۆژنامەنووس عەنبەرین زەمان بۆ گوڵان: گرنگترین لایەنی كۆنگرەكەی AKP بۆ چارەسەری كێشەی كورد ئەو وتارە بوو كە مسعود بارزانی بەكوردی پێشكەشی كرد
عەنبەرین زەمان یەكێكە لە ڕۆژنامەنووسە دیارەكانی جیهان و لە توركیا دادەنیشێت، ئێستا ستوون نووسی ڕۆژنامەی خەبەرتورك (Haberturk) هەروەها پەیامنێری گۆڤاری ئیكۆنومیستی بەریتانیا لە ئەستەنبولە، پێشتریش بۆ ڕۆژنامەكانی دیلی تلگراف و واشنتۆن پۆست و لۆس ئەنجلوس تایمز و هەواڵەكانی توركیا و عێراق و ئازربایجان و ئەرمینیای ڕووماڵكردووە، خاتوو عەنبەرین یەكێكە لەو ڕۆژنامەنووسانەی كە تایبەتمەندە لەسەر پرسی كورد و بایەخێكی زۆری پێدەدا، بۆ قسەكردن لەسەر ڕەوشی ئێستای ناوچەكە و چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا بەتایبەتی كە لەسەروبەندی كۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان زۆر بایەخی پێدەدرا، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ خاتوو عەنبەرین زەمان سازكرد، كە ئەمە دەقی ئاخاوتنەكەیە.
 * هەفتەی ڕابردوو سوریا سنووری بەزاند و خاكی توركیای بۆردومانكرد و پێنج هاووڵاتی توركیای كوشت و ئەمریكا و ناتۆ پشتیوانیان لە توركیا كرد و پەرلەمانی توركیاش هەڕەشەی ئەوەی كرد كە لە كاتی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوەدا كاردانەوەیان دەبێت و شەڕ لە دژی سوریا بەرپا دەكەن و توركیاش وەڵامی ئەم كارەی دایەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەم ڕووداوە دەبێتە بیانویەك بۆ دەستێوەردان لە سوریا؟

 

- خاڵی یەكەم سەرەتا ئێمە دڵنیانین لەوەی ئەو گوللە هاوەنەی لە ئاكچەكەلێ لە ئۆرفە كەوتە خوارەوە و پێنج هاووڵاتی توركیای كوشت لەلایەن سوپای ڕژێمی سوریاوە هاوێژرابێت، هێشتا ئەمە یەكلانەبۆتەوە. خاڵی دووەم ئەگەر بە ڕاستیش سەرچاوەی ئەو هێرشە سوپای ڕژێمی سوریا بێت، لەوانەیە ئەمە بە ڕێككەوت بووبێت و بە ئەنقەست نەبووبێت. كەواتە تاوەكو وردەكاری ڕووداوەكە ئاشكرا نەبێت، من پێموانییە ناتۆ و یان ئەمریكا لەبری توركیا دەستێوەردان لە سوریا بكەن، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا مەحاڵە بتوانین بڵێین توركیا بە ئەنقەست لەلایەن ڕژێمی سوریاوە كراوەتە ئامانج، لەبەر ئەوەی ڕژێمی سوریا ڕایگەیاندووە كە ئەوە بە ئەنقەست نەبووە و تەنیا ڕووداوێك بووە و دووبارە نابێتەوە. لە ڕاستیدا ئەم لێدوانە ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە كە سەرچاوەكەی سوپای سوریا بووە، بەڵام بە دڵنیاییەوە سوریا پێیوایە ئەمە هێرشێكی ڕاستەوخۆ و هێرشێكی و مەبەستدار نەبووە بۆ سەر توركیا. هەروەها ناتۆ یان ئەمریكا ئامادەیی خۆیان پیشان نەداوە بۆ دەستێوەردان لەو ناكۆكیەی لە سوریادا هەیە. واتە باوەڕم وانییە بەهۆی ئەو ڕووداوەوە هەڵوێستەكان گۆڕابێتن و بە دڵنیاییەوە پێموانییە لە هیچ كاتێكدا حكومەتی سوریا هێرش بكاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی ناتۆ بێت و بەرگری لە توركیا بكات، بەڵام من پێشبینی ئەوە دەكەم - بە دڵنیاییەوە- موعارەزە هەوڵی ئەوە بدات ڕووداوێكی لەم چەشنە دروست بكات- كەوا دەركەوێت هێرشەكە لەسوریاوە كراوە- بۆ ئەوەی توركیا و ناتۆ و ئەمریكا ڕابكێشێتە شەڕەوە لەگەڵ سوریا. لەبەر ئەوە پێویستە توركیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا دوا ڕاددە وریا و چاوەكراوە و بە حەزەر بن لە مامەڵەكردنیاندا لەگەڵ سوریا. لە لایەكی دیكە و هەر سەبارەت دەستێوەردانی توركیا لە سوریا، دەمەوێت هەندێ شت ئیزافە بكەم، یەكەم: خەڵكی توركیا بە توندی بەرهەڵستی دەستێوەردانی سەربازی لە سوریا دەكەن، سیاسەتی توركیا لە ئاست كێشەی سوریادا بێ پشتیوانی جەماوەریە و خەڵكی زۆر ناڕەحەتن بە پشتیوانی حكومەتی توركیا بۆ موعارەزەی چەكداری لە ناو سوریادا.

* AKP وەك ئەوەی حزبی حاكمە لە توركیا، كۆنگرەكەی جێگەی بایەخی هەموو ناوچەكە بوو، لەم كۆنگرەیەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ئاماژەی بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی توركیا كرد و جەختی لەسەر ئەوه ‌كردەوە توركیا ئامادەیە بە شێوەیەكی گونجاو و دیموكراتیانە كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكات، ئایا تاچەند مەزندە دەكرێت ئاك پارتی دوای ئەم كۆنگرەیە هەنگاوی گرنگ بۆ چارەسەر كێشەی كورد هەڵبگرێت؟

- لە ناو ئەو كۆنگرەیەدا نامیلكەیەكیان دابەشكرد كە وردەكاری ئەو چاكسازیانەی تێدابوو، لە نێویاندا چاكسازی پەیوەست بە كێشەی كوردەوە، بۆ نموونە ئەوەی تێدا هاتبوو كە لە مەودوا زمانی كوردی لە فەرمانگە حكومیەكاندا بەكاردەهێنرێت و لە كاتی دادگاییكردندا شایەتی بە كوردی بدەن و بە زمانی كوردی بەرگری لە خۆیان بكەن، واتە پێدەچێت كۆت و بەندەكانی سەر بەكارهێنانی زمانی كوردی كەم بكرێتەوە، ئەمە هەنگاوێكی ئیجابیە، بەڵام ئایا ئەمە بەسە؟ لە ڕاستیدا زۆربەی كوردەكانی توركیا وەڵامەكەیان نەخێرە، بەڵكو تاقیكردنەوەی ڕاستەقینەی بەردەم پارتی داد و گەشەپێدان لە دەستبەركردنی مافەكانی كورددا، ئەو دەستوورەیە كە دادەڕێژرێتەوە- لەبەر ئەوەی حاڵی حازر توركیا لە پرۆسەی نووسینەوەی هەمواركردنی دەستووری 1982دایە كە كە لەلایەن ڕژێمی سەربازییەوە نووسرایەوە، كە ئەو كاتە لە دەسەڵاتدا بوو-، لەبەر ئەوە زۆربەی كوردەكان پێیانوایە ئەگەر مافەكان لە دەستووردا دەستەبەر نەكرێن ئەوا ئەو چاكسازییانە قورساییەكی زۆریان نابێت، چونكە ئەگەر لەڕووی دەستووریەوە زامن نەكرێن، ئەوا هەر حكومەتێكی نوێ دەسەڵات بگرێتەدەست دەتوانێت ئەو چاكسازیانە پێچەوانە بكاتەوە، كەواتە دەستوور كلیلە، دووەم دەتوانین بڵێین پارتی داد و گەشەپێدان مەسافەیەكی زۆر بڕیوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، زۆرتر لە هەر پارتێكی پێش خۆی، ئەمەش لەو ڕاستیەدا ڕوونە كە گفتوگۆیان لەگەڵ پەكەكە و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا كردووە لەو دورگەیەی لێی زیندانیكراوە، هەروەها بەم دواییە سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند كە بیر لە دووبارە ئەنجامدانەوەی ئەو گفتوگۆیانە دەكاتەوە، كە پێموایە ئەمەش لێدوانێكی زۆر گرنگە و لەلایەن هەموو ئەو كەسانەی وڵاتەكەوە پێشوازی لێكرا كە خوازیاری ئاشتین، لەبەر ئەوەی ئاشتی پێویستیەكی بە پەلەیە و هەروەها چاكسازیش بە تەنیا كێشەكە چارەسەر ناكات، لەبەر ئەوەی پێویستت بە دانیشتن هەیە لەگەڵ پەكەكە، هەروەها ئەوەی حكومەت لە ڕابردوودا كردی، بۆ ئەوەی پەكەكە بە چەكدانان و ڕاگرتنی شەڕ ڕازی بێت، ئەمە شتێكی سەرەكیە. * ڕۆژنامەكانی توركیا باس لەوە دەكەن كە AKP ئامادەیە بۆ چارەسەری ئاشتیانە دیالۆگ لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان بكات، ئەگەر دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان بكرێت، تاچەند مەزندە دەكرێت، PKK واز لە خەباتی چەكداری بێنێت و شێوازی ئاشتیانە بگرێتە بەر؟

 

- پەكەكە چەند مەرجێكی هەیە، هەندێكیان ماقوڵن و هەندێكیشان زەحمەتە ڕای گشتی توركیا قبوڵی بكات، بەڵام كاتێك ئەم گفتوگۆیانە دەكرێت ئەوا هەردوولا سەقفی داواكاریان زۆر بەرزدەكەنەوە، بەڵام ئامانجەكە ئەوەیە بگەنە زەمینەیەكی هاوبەش و من نازانم بۆچی ناكرێت بگەنە زەمینەیەكی هاوبەش. هەروەها كاتێك باسی پەكەكە دەكەین ئەوا هەموو هەر یەك هەڵوێست نین، لەبەر ئەوەی هەندێ كەس لە ناو پەكەكەدا مەیلی ئاشتیان هەیە و هەندێكیشیان بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئاشتیدا نین و هەوڵی لەناوبردنی پرۆسەی ئاشتی دەدەن، هەروەك پێشتر كردیان. ئەوەی پێویستە بوونی ئیرادەیەكی سیاسی بەهێزە، بە تایبەتی لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەوەی لە هەوڵدانیدا بۆ هێنانەدی ئاشتی سەرقاڵ نەكرێت بە شتی دیكەوە، یان وێنەی ناشرین نەكرێت، تەنانەت لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە تیرۆریستیەكاندا، لەبەر ئەوەی كاتێك منداڵ و ژن و خەڵكی مەدەنی دەكوژرێن، ئەوا ئاشكرایە دەتوانین بەو كارانە بڵێین كاری تیرۆریستی و حكومەتی توركیش نابێت ملكەچی بۆ بكات، واتە لە كاتی پێداگیریدا لەسەر ئاشتی ملكەچی بۆ ئیستفزازكردنی ئەو كەسانە نەكات كە دژی ئاشتین.

 

* ئێستا پێوەندی نێوان پارتی BDP لەگەڵ AKP لەو پەڕی توندیدایە و باس لەوە دەكرێت كە توركیا حەسانەی پەرلەمانی لە پەرلەمانتارانی BDP بسێنێتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا كاتێك ئەردۆگان مەبەستی بێت كێشەی كورد چارەسەر بكات، ئایا چۆن دەبێت پێوەندییەكانی لەگەڵ BDP ئاسایی نەكاتەوە؟

 

- ئەمە پرسیارێكی باشە، لەبەر ئەوەی زۆر كەس پێیانوایە سەرۆك وەزیران زۆر بایەخ بەوە دەدات كە وەك سەرۆك هەڵبژێردرێت كاتێك هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2014دا ئەنجام دەدرێت، و كێشەی كورد چارەسەر بكات. هەروەها ئەو دەیەوێت لە ڕێی هەڕەشەكردنەوە بە سەندنەوەی حەسانە لە ئەندامانی بەدەپە و گرتنەبەری خیتابێكی توند لە ئاست كێشەی كورددا، هەوڵی كێشكردنی دەنگی ناسیۆنالیستە توركەكان بدات. پرسیارە سەرەكیەكە ئەوەیە ئایا بەڕێز ئەردۆغان ئامانجەكانی سەرۆكایەتی دەخاتەلاوە لە پێناو بردنەوەی ئاشتی لە توركیا، كە پێویستە ئەمە ئامانجی باڵای ئەو بێت، لەبەر ئەوەی بە ڕاستی كێشەی كورد گەورەترین تەحەددیە كە ڕووبەڕووی وڵاتەكە بۆتەوە و هۆكاری سەرەكیشە بۆ ئەوەی تا ئێستا ئێمە دیموكراسیەكی تەواو گەشەكردومان نییە و یەكێكە لە بەربەستە سەرەكیەكان كە لە ڕووی ئابووریەوە لە ناوچە كوردیەكەدا سەركەوتوو نەبووە و زیاتر و زیاتر دەبێت سەرچاوەی گرفت بۆ توركیا و بۆ پێوەندیەكانی لەگەڵ دراوسێكانیدا، لەگەڵ ئێران و بە دڵنیاییەوە سوریا و هەروەها عێراقیش، كەواتە كێشەی كورد كاریگەری هەیە بەسەر زۆربەی لایەنەكانی ژیانی توركیاوە، بەسەر ئابووریەكەیەوە، بەسەر دۆخی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەوە.

* بەڕێز ئەردۆگان دەیەوێت خۆی بۆ سەرۆكایەتی كۆمار ئامادەبكات و ماوەی دوو خولی دیكە كە دەكاتە ساڵ 10 سەرۆكی توركیا بێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەردۆگان دەیەوێت هەتا ساڵی 2023 لە دەسەڵاتدا بێت و توركیا بكاتە سوپەر پاوەرێكی ئیقلیمی، ئایا ئەگەر ئەردۆگان ببێتە سەرۆكی توركیا، تاچەند توركیا بەرەو ئەو ئاواتە هەنگاو هەڵدەگرێت؟

 

- پێموانییە تەنیا بوونی ئەرۆدغان بە سەرۆكی وڵاتەكە، بە زەرورەت دەبێتەهۆی ئەوەی توركیا ببێتە سوپەر پاوەر لە ناوچەكەدا، مەسەلەكە ئەوەیە ئایا چ جۆرە سەرۆكێك دەبێت، ئایا دەسەڵاتێكی زۆری دەبێت بەپێی ئەو گۆڕانكاریانەی لە دەستووردا دەكرێن، یاخود ئەو گۆڕانكاریانەی كاریان بۆ دەكات بۆ زیادكردنی دەسەڵاتی سەرۆك، یاخود سەرۆكێكی چەشنی ئێستامان دەبێت، كە زیاتر لە كەسایەتیەكی سەرەكی و زیاتر وەك ناوبژیوانێكی –نێوان لایەنەكان-ـە نەك سەرۆكێكی كە دەسەڵاتی جێبەجێكاری ڕاستەقینەی هەبێت. لەبەر ئەوە ناتوانین مەزەندەی ئەوە بكەین چ توركیایەكمان دەبێت لە سایەی سەرۆكایەتی ئەردۆغاندا، بەڵام ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەیزانین ئەوەیە ئەگەر كێشەی كورد چارەسەر نەكرێت ئەوا زەحمەتە توركیا ببێتە هێزێكی كاریگەر لە ناوچەكەدا، لەبەر ئەوەی هەمیشە خاڵی لاوازی دەبێت، كە ئێستا ئێمە دەبینین لە سوریادا ڕژێمەكەی ئەسەد كێشەی كوردی توركیا ئیستیغلال دەكات بە زیادكردنی ئاستی توندتیژیەكان لە توركیادا، دەكرێت هەمان شت لەبارەی ئێرانەوە بووترێت، كەواتە تاوەكو توركیا ئاشتی لەگەڵ كوردەكانی وڵاتەكەیدا نەكات، ئەوا هەمیشە ئەگەری ئەوەیە بەم شێوەیە لەلایەن هێزە دەرەكیەكانەوە كێشەی بۆ دروست بكرێت، هەروەها تاوەكو ئاشتی لە وڵاتەكەیدا نەبێت، ئەوا زەحمەتە توركیا ڕۆڵێكی سەركردایەتی درێژخایەن لە شوێنەكانی دیكە ببینێت.

 

 * بەشداریكردنی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی وتارێك بە كوردی لە كۆنگرەی AKP وەك حزبی حاكم لە توركیا ڕووداوێكی بێ وێنەیە لە مێژووی توركیادا، ئایا ئامادەبوونی مسعود بارزانی لەو كۆنگرەیە و پیشاندانی هاوكاری بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد لە توركیا تاچەند دەبێتە قۆناخێكی نوێ لە پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا؟

 

- ئەو ڕاستیەی كە بەڕێزیان ئامادەی كۆنگرەكە بوون و بە كوردی وتاریاندا، ئەمە ڕووداوێكی زۆر دیار و گرنگ بوو، ئەوەی پیشاندا كە توركیا چەند بەرەوپێشچووە لە زاڵبوونیدا بەسەر ئەو ترس و سڵەمینەوەی هەیبوو لە ئاست كوردستانی عێراقدا و نیشانەیەكی ڕوون بوو لەسەر گەشەكردنی پێوەندیەكی ستراتیژی لە نێوان كۆماری توركیا و كوردستانی عێراق، كەواتە ئەمە ڕووداوێكی لە ڕادەبەر گرنگ بوو و من موجازەفەی ئەوە دەكەم كە بڵێم ئەمە گرنگترین لایەنی كۆنگرەكە بوو لە پێوەندیدا بەوەی كە باس لە توركیا كرا بە شێوەیەكی گشتی. لە پێوەندیدا بە چارەسەركردنی كێشەی كوردەوە، بەڕێز بارزانی هاوكار بووە و فاكتەرێك بووە لەم ڕووەوە و مەحاڵە بۆ ئەو كە هاوكار نەبێت، لەبەر نزیكی جوگرافی، چونكە توركیا سنووری هەیە لەگەڵ كوردستانی عێراقدا، هەروەها پەكەكە بنكەی لە كوردستانی عێراقدا هەیە، لەبەر ئەوەی وەك سەركردەیەكی كوردی دیار لە ئاست جیهاندا، بە دڵنیاییەوە ئەوەی بارزانی دەیڵێت لەبارەی كورد بە گشتی و لەبارەی كوردی توركیا بە تایبەتی گرنگی خۆی هەیە. كەواتە ئەو ڕاستیەی كە پێوەندیەكانی نێوانمان بە شێوەیەكی دراماتیكی بەرەوپێشچووە و هەروەها ئەو پێوەندیە ئابووریە گەشەكردووەی هەمانە، كاریگەری ئیجابی دەبێت لەسەر كوردەكانی توركیا، لە ڕاستیدا زۆربەیان لەڕووی ئابوورییەوە قازانج دەكەن بەهۆی ئەم بازرگانیەوە، كە هەلی كار لە عێراق دەدۆزنەوە و كار لەگەڵ كوردستانی عێراقدا دەكەن، هەموو ئەمانە گرنگن و ئێمەش دەزانین كە بەڕێز بارزانی لە ڕابردودا و بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا هەوڵ و كۆششی سەختی كردووە كە ڕۆڵی نابژیوانی ببینێت، بۆ نموونە لە نێوان توركیا و موراد قەرەیلاندا.

 

 
* هاوپەیمانێتی نێوان وڵاتانی كەنداو و توركیا لەلایەك و هاوپەیمانی نێوان ئێران و سوریا و حزبوڵا لەلایەكی دیكەوە كە عێراقیش لەوە نێوەندەدایە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەبێتەهۆی گۆڕانی هاوكێشەی سیاسی ناوچەكە؟

- نەمانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بەو مانایە نایەت كە ئیتر ئاشتی و سەقامگیری لە سوریادا دێتەدی.... لە ڕاستیدا نیگەرانیەكی زۆر هەیە كە سوریا بخزێتە شەڕێكی ناوخۆیی حزبی و ئیتنی و تائیفیەوە بە چەشنی ئەوەی لە ڕابردودا لوبنان پێیدا تێپەڕی، كە بۆی هەیە تەواوی ناوچەكە دووچاری ناسەقامگیری بكات. هێشتا زووە پێشبینی ئەوە بكەین كە ڕۆیشتنی ئەسەد دەبێتەهۆی زیانێكی گەورە بۆ ئێران-هەروەك زۆر كەس پێشبینی دەكەن- یاخود بۆ حزبوڵا، یاخو چیتر ناتوانن بە ئاسانی لە ناو سوریا یان شوێنەكانی دیكەدا چالاكیەكانی خۆیان ئەنجام بدەن.

"
Top