د. محەمەد نورەدین پسپۆر لە كاروباری توركیا بۆ گوڵان: توركیا دەیەوێت بەهۆی ئەم ڕووداوەوە

د. محەمەد نورەدین پسپۆر لە كاروباری توركیا بۆ گوڵان: توركیا دەیەوێت بەهۆی ئەم ڕووداوەوە
د.محەمەد نورەدین یەكێكە لە پسپۆرە دیارەكانی كاروباری توركیا لە وڵاتانی عەرەبی و خاوەنی چەندین كتێب و سەدان وتارە لەسەر ڕەوشی توركیا، هەربۆیە لە زۆربەی كەناڵە ئاسمانیە عەرەبیەكانی وەك ئەلعەربیە و ئەلجەزیرە لەسەر ڕەوشی توركیا ڕاو سەرنجەكانی بەهەند وەردەگیرێن، سەبارەت بەگرژی و ئاڵۆزیی ئەم دواییەی نێوان توركیا و سوریا، د.محەمەد نورەدین لە لێدوانێكی تایبەتدا بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
ئەو گرژیی و ئاڵۆزییەی كە دوای ڕووداوی چەند ڕۆژی ڕابردوو كە چەند گوللە تۆپێك كەوتە ناو خاكی توركیا بووە هۆكاری ئەوەی 5 هاووڵاتی توركیا گیان لەدەست بدەن، لەگەڵ ئەوەی ڕووداوێكی خوازراو نییە، بەڵام زۆر نائاساییش نییە، لەبەر ئەوەی لەو ناوچە سنووریانە لە نێوان سوپای ڕژێمی ئەسەد و چەكدارانی موعارەزە شەڕ و پێكدادان هەیە، ئەو چەند گوللە تۆپەش تەنیا بە 70 مەتر لە ناو خاكی توركیا كەوتووەتە خوارەوە، هەربۆیە لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئەم ڕووداوانە ناو بە ناو دێنەئاراوە، بەڵام توركیا ئەو ڕووداوەی بەوشێوەیە گەورە كرد و لە ماوەیەكی كورت و بەخێرایی و لەناكاودا ڕەوشەكە بەم شێوەیە هەڵكشا و گەیشتە ئەوەی پەرلەمانی توركیا یاداشتنامە دەربكات و حكومەت سەرپشك بكات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەودیو سنوورەكان، ڕاستە لە یاداشتنامەكە ناوی سوریا نەهاتووە، بەڵام بێگومان مەبەستەكە سوریا-یە، هەربۆیە من پێموایە ئەم هۆكاری گەورەكردنی ڕووداوەكە لەلایەن توركیاوە، دوو هۆكاری سەرەكیی لەپشتەوەیە، یەكەمیان ئەوەیە توركیا لە هەوڵدانە بۆ پەلكێشكردنی پاڵپشتییەكی ئەتڵەسی و ئەمریكی بە مەبەستی خوڵقاندنی بارودۆخێكی دیاریكراو بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە ناو خاكی سوریادا، هەر لەم ڕووەیشەوە پێموایە ئەمریكا – بەو ناوەی كە بڕیاردەری سەرەكییە لە هاوپەیمانیی باكووری ئەتڵەسی – بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەم ئاڕاستەیەدا نییە، بێگومان لێرەدا پرسیارێك دێتەئاراوە كە بۆچی توركیا دەیەوێت هاوپەیمانیی ئەتڵەسی بێنێتە نێو دەستێوەردانێكی سەربازی لە سوریا؟ ئەوە لەبەرئەوەی توركیا لەبارەی كەیسەكەی سوریا دووچاری قەیرانی چەقبەستن بۆتەوە، هەروەها لەبەرئەوەی كەیسەكەی سوریا ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت بە فاكتەرێكی فشاربەخش لەسەر بارودۆخی ناوخۆی توركیا لە ڕووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەمنی...و تاد. هۆكاری دووەم كە لەپشت ئەوەیە توركیا بەم شێوەیە ڕووداوەكەی گەورەكردووە و كە هەڕەشە لە خاكی سوریا دەكات: بەڕای من ئەمە هەوڵدانێكە بۆ خافڵاندنی سوپای سوریا لە جەنگەكەی حەلەب بەتایبەتی پاش ئەوەی دەنگۆی ئەوە لەئارادا هەیە كە هێزێكی گەورەی 200 هەزار سەربازی سوریا بە چەك و پێداویستییەكانیانەوە خۆیان ساز و ئامادەكردووە بۆ جەنگی حەلەب، ئەمەیش هەوڵدانێكە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕووخانی حەلەب بەتەواوەتی لە دەستی ڕژێم لەبەرئەوەی گرتنی حەلەب لەلایەن سوپای سوریا-وە دەبێتەهۆی ئەوەی دەسەڵاتەكانی سوپای سوریا بەرفراوانی بەخۆیەوە ببینێت لەنێوان حەلەب و سنوورەكانی توركیادا و هەڵبەتە ئەمەیش دەبێتە شكستێكی گەورە بۆ ئۆپۆزسیۆنی چەكدار و هەروەها بۆ توركیا-یش كە هەمیشە پاڵپشتی لە ئۆپۆزسیۆن دەكات. "
Top