له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی گوڵان دا:ستۆران ستیڤنسۆن سەرۆكی شاندی یەكێتی ئەوروپا بۆ عێراق:

له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی گوڵان دا:ستۆران ستیڤنسۆن سەرۆكی شاندی یەكێتی ئەوروپا بۆ عێراق:
ستۆران ستیڤنسۆن سیاسەتمەدارێكی ناسراوی سكۆتلەندییەو لەساڵی 1999وە نوێنەرایەتی سكۆتلەندا دەكات لە یەكێتی ئەوروپا و سەرۆكی شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایە بۆ عێراق و یەكێكە لە كەسایەتیە ناسراوەكانی ناو دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، هەروەها سەرۆكی گرووپی دۆستەكانی ئێرانی ئازادە، پەرلەمەنتار ستۆران ستیڤنسۆن لەناو پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپادا چاودێری بارودۆخی عێراق لە نزیكەوە دەكات و لەگەڵ شاندی عێراق كۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوشی عێراق، هەربۆیە قسەكانی ستۆران ستیڤنسۆن ڕەنگدانەوەی هەڵوێستی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایە كە ئەویش جێبەجێكردنی دەستوور و بونیادی عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵیە، هەربۆیە دوای ئەوەی پرۆسەی سیاسی عێراق ئاڵۆز بوو و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاتر بەرەو تاكڕەوی ملی ناوە، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵوێستی توندی بەرامبەر وەرگرت، ستیڤنسۆن بەناوی شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپاوە نامەیەكی پشتگیری بۆ هەڵویستی سەرۆك بارزانی نارد، بۆ قسەكردن لەسەر هەڵوێستی پەرلەمانی ئەوروپا بەرامبەر عێراق و بۆچوونیان سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق، ئەم وتووێژە تایبەتەمان لەگەڵ ستۆران ستیڤنسۆن ئەنجامدا، بەڕێزی بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
گوڵان: بەڕێزتان وەك سەرۆكی شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بۆ عێراق، لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخی عێراق دەكەن و ئاگادارن كە پرۆسەی سیاسی لەعێراقدا بە چ ئاستەنگێكدا تێدەپەڕێت و هەروەها ئاگادارن كە نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بەتەواوی هەنگاوی بۆ تاكڕە‌وی هەڵگرتووە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئایا عێراق بەم بارودۆخەوە بەرەو كوێ دەچێت
؟
ستۆران ستیڤنسۆن: ئەمە پرسیارێكی باشە، لەبەر ئەوەی سبەینێ(مەبەستی ڕۆژی سێ شەممە 25/9/2012)یە، تەواوی ڕۆژەكە تەرخان دەكەم بۆ سەرۆكایەتی كردنی كۆبوونەوەی ساڵانەی نێو پەرلەمان لەگەڵ شاندی ئەنجومەنەكەی (ئەنجومەنی نوێنەرانی) عێراق، كە ئەوان بۆ دوو سێ ڕۆژە لە برۆكسلن، سبەینێ زنجیرەیەك كۆبوونەوە ئەنجام دەدەین، لەگەڵ خوانی نیوەڕۆ لە برۆكسل، بێگومان هەموو ئەم مەسەلانە گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، هەموو ئەم مەسەلانە تا دوا ڕاددە گرنگن، كە جێی نیگەرانی قووڵی منن، هەموو ئەوەی من وتوومە وەك سەرۆكی شاندی پێوەندیەكان لەگەڵ عێراقدا، ئەوەیە كە عێراق پێویستی بە حكومەتی شەراكەتی نیشتیمانی (الوحدة الوطنیة) هەیە، حكومەتێك ئیعتیراف بە دیموكراسی و ئازادی و مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی ئافرەتان بكات، جێی داخە كە ڕێككەوتنەكەی هەولێر بە تەواوەتی جێبەجێ نەكراوە، زۆرێك لە بەشە سەرەكیەكانی ڕێككەوتنی هەولێر بە جێبەجێنەكراوی ماونەتەوە، وەزیرە سەرەكیەكانی، ناوخۆ، بەرگری و ئاسایش نەدراون بە ئەندامانی دیكەی حكومەت، بەڵكو هێشتا لەژێر كۆنتڕۆڵی سەرۆك وەزیران، نوری مالیكیدان، لەو هەلومەرجەدا دەسەڵاتێكی زۆر لە دەستی ئەودا بێت و ئەمەش تەندروست نییە بۆ دیموكراسی و من حەزدەكەم ئەمە بە درێژی لەگەڵ شاندی پەرلەمانی كە سبەێنی ئامادەی كۆبوونەوەكەم دەبن. موناقەشە دەكەم كە سبەینێ دێنە كۆبوونەوەكەم، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە دەكەین كە چۆن بارودۆخەكە چارەسەر بكرێت. هەروەها ئەوەی جێی نیگەرانی قووڵی منە كە ئەوە نزیكەی دە مانگ تێپەڕیوە بەسەر دوا سەردانەكەمدا بۆ بەغدا، كە دڵنیاكرامەوە لەوەی لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بڕیی كارەبای دابینكراو لە 4 كاتژمێرەوە بە زوویی بۆ 12 كاتژمێر و دواتر بۆ 24 كاتژمێر بەرز دەبێتەوە و بە خێرایی ئاوی خواردنەوە- شیرین- بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی عێراق دابین دەكرێت و سیستمی ئاوەڕۆی گونجاو دادەنرێت كە سەرجەم دانیشتووانی گوند و شارۆچكە و شارەكان لێی سوودمەن دەبن، ئێستا من ئەوەم بۆ دەركەوتووە كە هیچ شتێك لەمانە ڕووییان نەداوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی نەوت بۆ ئاستی ساڵی 2003 گەڕاوەتەوە، ئایا هەموو ئەو پارانە بۆ كوێ دەچن؟ ئەگەر ئەو پارانە بۆ دروستكردنی دەزگا پێویستەكان و بۆ دابینكردنی 24 كاتژمێری كارەبا و ئاوی شیرین و سیستمی ئاوەڕۆ بۆ هاووڵاتیە عێراقیەكان بەكارنەهێنرێت، ئایا ئەو پارانە بۆ كوێ دەچن؟ ئەمە مایەی مەترسییە بە لای منەوە. سبەینی پەیامی من بۆ شاندەكە ئەوە دەبێت كە ئێمە لە ئەوروپا ئامادەی هاوكاریكردنین بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق، بەڵام دەبێت ئەوە لەسەر بنەمای حكومڕانی باش بێت، پێویستە ئەداكردنی حكومەتی عێراق ئەركەكانی ڕەنگدانەوەی یەكگرتوویی و یەكبوونی نیشتیمانی بێت، ئێمە سكاڵایەكی زۆرمان پێگەیشت لەبارەی دادگاییكردنی ئەم دواییەو حوكمی لەسێدارەدانی جێگری سەرۆك كۆمار، تاریق ئەلهاشمی، كە ئەمە شەرمەزارییەكی تەواوە، پاسەوانەكانی لەژێر ئەشكەنجەدا ناچاركران ئیعتیراف بكەن، یەكێك لە پاسەوانەكانی لەژێر ئەشكەنجەدا گیانی لەدەستدا، ئەم كردەوانە و زۆرێك لە حوكمەكانی لەسێدارەدان كە جێبەجێكران، بێ ئەوەی دادگاییەكی گونجاو بكرێن بەپێی ئەو ستانداردە یاساییانەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیقرار كراون، ئەمە قابیلی قبوڵ نییەو ئێمە دەمانەوێت حكومڕانی باش جێی هەموو ئەمانە بگرێتەوە، ئەگەر نا ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر ئەو هاوكارییە ئابووریەی كە ئەگەری ئەوە هەیە لە ئاییندەدا ئەوروپا بە عێراقی ببەخشێت.

گوڵان: بەڕێزت لە نامەیەكتدا كە بۆ بارزانیت نووسیووە، پشتگیری لە هەڵوێستەكانی بارزانی دەكەیت لە پرۆسەی سیاسی عێراقیدا، ئایا پیشاندانی ئەم پشتگیریە لەلایەن جەنابتەوە ڕەنگدانەوەی پشتگیری پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایە لە پرۆسەی دیموكراتی لەعێراق و پشتگیری لە بونیادنانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدرالی؟
ستۆران ستیڤنسۆن: پشتیوانی من بۆ سەرۆك بارزانی- كە من لە چەند بۆنەیەكدا چاوم پێی كەوتووە- چەند جارێك لێرە لە برۆكسل و هەروەها لە كۆشكەكەی خۆی لە كوردستان، پشتیوانی من بۆ بارزانی و هەرێمی كوردستان لەبەر ئەوەیە كە جیاوازی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها جیاوازی نێوان كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق لە رادەبەدەرە، لەبەر ئەوەی تیرۆر لە ناو كوردستاندا ڕوونادات، لەبەر ئەوەی حكومەتی كوردستان داڵدەی زۆرێك لە پەنابەرانی سەر بە هەموو كەمینەكانی داوە، لە نێویاندا، زۆرێك لە مەسیحییەكان، هەروەها بۆ عەرەب و توركمانەكان و بۆ زۆرێك لە پەنابەران، ئەگەرچی ئەمە بارگرانی دەخاتەسەر ئابووری كوردستان، بەڵام ئەوان دەرگایان واڵاكردووە و ڕایانگەیاندوە كە پەنابەران شوێنێكی ئارام لە كوردستاندا دەبیننەوە، كە ناتوانن ئەمە لە بەشەكانی دیكەی عێراق بەدەست بهێنن. ئابووری كوردستان لە گەشەكردندایە، من بە چاوی خۆم ئۆتێل و بازاڕەكانم بینی- كاتێك چووم بۆ هەولێر-واتە ژیانی ئاسایی لە كوردستاندا دەستپێكراوەتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی لە هەرێمی كوردستاندا حكومەتێكی دیموكراتی گونجاو كاروبارەكان بەڕێوەدەبات، هەروەها ئابووریەكی باش بەڕێوەدەبەن. ئەوان سنووریان بۆ تیرۆر داناوە بەهۆی ئەوەی پێشمەرگە سنوورەكان دەپارێزن. پێموایە هەموو ئەوانە دەرسێكن دەبێت بەشەكانی دیكەی عێراق لێوەی فێربن.

گوڵان: ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەست دەكرێت زۆربەی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا كونسوڵخانەی خۆیان لە هەولێر دەكەنەوە، هەروەها هەست دەكرێت كە ئاستی وەبەرهێنان و كۆمپانیاكانی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان زیاتر دەبێت، ئایا بوونی ئەم پێوەندییە ئابووری و بازرگانیەی نێوان هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا چۆن دەخوێنێتەوە

؟
ستۆران ستیڤنسۆن: پێموایە ئەوە پێوەندییەكی بازرگانی تەندروستە، لەبەر ئەوەی پیاوانی كاری ئەوروپی پێیانوایە سەرمایە بەگەڕخستن لە كوردستاندا سەلامەتە، لە كاتێكدا وەبەرهێنان لە بەشەكانی دیكەی عێراق مایەی كێشەو گرفتێكی زۆرە، ئەویش بەهۆی ئاستی گەندەڵی و ئاستی توندوتیژی و نەبوونی پرۆسەیەكی قەزائی گونجاو، تاوەكو بەشەكانی عێراق پێكەوە كار نەكەن و وڵاتەكە پاك نەكەنەوە و نوێنەرایەتی هەموو لایەن و بەشەكان نەكەن و نوێنەرایەتی مافی كەمینەكان نەكەن، بە هەمان شێوەی نوێنەرایەتی كردنی زۆرینەی شیعە، واتە تاوەكو ئەمانە ڕوونەدەن، ئەوا وەبەرهێنەرانی ڕۆژئاوا زۆر نیگەران دەبن لەوەی وەبەرهێنان لە عێراقدا بكەن. من كاری خۆم لەوەدا دەبینم كە هانی ئەو پرۆسەیە بدەم، بەڵام ئەمە تا دێت زیاتر و زیاتر قورس دەبێت، كاتێك دەبینیت چالاكی یاخیگەری دەستی پێكردۆتەوەو چەندین خەڵك دەكوژرێن و كاری خۆكوژی دەكرێت و و نزیكەی هەموو هەفتەیەك كاری ئیغتیالات دەكرێت.

گوڵان: بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، زۆر بەتوندی بەرپەرچی سیاسەتەكانی نوری مالیكی داوەتەوەو تەنانەت ڕایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەك تاكڕەوی خۆسەپاندنی مالیكی قبوڵ ناكرێت، لەم بوارەشدا لایەنە سیاسیەكانی عەرەبی و سوننە پشتگیری لە هەڵوێستەكانی بارزانی دەكەن، بەڕای بەڕێزت ئایا تاچەند بارزانی دەتوانێت لەم قۆناخەدا پرۆسەكە لەدەستی دیكتاتۆریەت ڕزگار بكات؟

ستۆران ستیڤنسۆن: بێگومان ئەو ڕێككەوتنەی بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریكا ئیمزاكرا لە هەولێر، لە دوای ئەو هەڵبژاردنەی جێی ناكۆكی بوو، ڕێككەوتنەكەی هەولێر بەردی بناغەی حكومەتە هاوپەیمانیەكە بوو، كە بڕیار بوو حكومەتی شەراكەتی نیشتیمانی، بێت بە سەرۆكایەتی نوری ئەلمالیكی، بەڵام ئاماژەكان لە زیادبووندان كە ئەوە ڕوونادات، ئەوەش جێی نیگەرانیەكی قووڵە، لەبەر ئەوە پێموایە سەرۆك بارزانی دەتوانێت هەندێ دەرس فێری سەرۆك وەزیران، نوری مالیكی، بكات، بەوەی پیشانی بدات كە چۆن سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا سەری كێشا بۆ گەشەی ئابووری، سەری كێشا بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی دەرەكی بكرێت لەلایەن ڕۆژئاواوەو متمانە هەبێت بە ئاییندەی كوردستان، هەروەها ئەو ڕاستیەی كە توركیا یەكێكە لە وەبەرهێنە دەرەكیەكان لە كوردستاندا، ئەوەی سەلماند كە دەكرێت تەنانەت ئەو لایەنانەشی ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت ببنە دژ و دوژمنت، ببنە دۆست و وەبەرهێنەری سەرەكی، ئەگەر هاتوو كەشە سیاسیەكەو كەشە ئابووریەكە سەقامگیر بوو.

گوڵان: ئێستا بە ئاشكرا هەستدەكرێت كە عەرەبی شیعەی عێراق خۆیان بەلای ئێراندا ساخكردۆتەوە، لەبەرامبەردا توركیاش بە ئاشكرا پشتگیری عەرەبی سوننە دەكات، هەر بۆ نموونە ئێستا تاریق هاشمی لە توركیاو لە بەغدا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەركراوە، بۆیە مەسەلەكە بەو جۆرە دەخوێنرێتەوە كە ئێران دەیەوێت ڕۆڵێكی كاریگەر لە ناو عێراقدا بگێڕێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە عێراق لەنێوان ئێران و توركیادا چۆن كێشەكانی چارەسەر دەكات
؟
ستۆران ستیڤنسۆن: ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە، لەبەر ئەوەی بەلای منەوە هیچ گومانێكی تێدانییە، كە ئەمە تێڕوانینی خەڵكانێكی زۆرە لە ئەوروپا و ئەمەریكا، بەڵام لە ئێستادا ئێران گەورەترین مەترسییە لەسەر ئاشتی لە ناوچەكەدا، هەروەها ڕەنگە گەورەترین مەترسی بێت لەسەر ئاشتی جیهان و لەسەر هەر وڵاتێكی سەر ئەم هەسارەیە، حكومەتی ئێستای ئێران بە ئاشكرا پشتیوانی بەشار ئەسەد لە سوریا دەكەن و چەكی بۆ دەنێرن، لە هەوڵی بەرهەمێهنانی چەكی ناووكیدان و ئەوەش ڕوونە كە كاریگەری و دەستڕۆیشتووییان هەیە بەسەر سیاسەتی سەرۆك وەزیران نوری ئەلمالیكیەوە، ئەوە دۆخێكی تەندروست نییەو دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری ناوخۆیی عێراقدا مەسەلەیەكە نابێت هیچ هاووڵاتیەكی عێراق قبوڵی بكات.
گوڵان: لەسەر ئاستی پێوەندییە دیپلۆماتیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەوروپا، هەست دەكەین سەردانەكانی بەڕێز بارزانی بۆ دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا زیادی كردووە و دەتوانین بڵێین زۆربەی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپای گرتۆتەوە، ئایا پێشوازی دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا لەو ئاستە بەرزەدا لە سەرۆك بارزانی چۆن دەبینیت؟
ستۆران ستیڤنسۆن: ئەوان بەڕێز بارزانی بە كەسایەتییەكی بێئەندازە گرنگ لە عێراقدا دەزانن، هەروەها وەك سەركردەیەكی ئیقلیمی دەیبینن، كە ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا بەدی هێناوە، بەم شێوەیە، ئەوان بە دۆستایەتییەكی مەزنەوە لێی دەڕوانن و سەردانەكەی بۆ ئێرە جێی پێشوازی لێكردنێكی زۆرە.
گوڵان: بوونی سەرچاوەی گاز و نەوت لە هەرێمی كوردستان، هەرێمی كوردستانی كردۆتە دەوڵەتێكی خاوەن سەرچاوەی وزە، بەڕێزیشت دەزانی گاز و نەوتی كوردستان بەڕێگەی توركیا بۆ ئەوروپا دەچێت، ئایا تاچەند نەوت و گاز، هەرێمی كوردستانی لە یەكێتی ئەوروپا نزیك كردۆتەوە؟
ستۆران ستیڤنسۆن: بە دڵنیاییەوە سەرچاوەكانی نەوت و گاز گرنگییەكی بنەڕەتیان هەیە، نەك هەر بۆ كوردستان، بەڵكو بۆ تەواوی عێراق، هەروەها ئێوە ڕێككەوتنی دەستووریتان هەیە بۆ دابەشكردنی داهاتی سەرچاوەكانی نەوت و گاز كە لە كوردستاندا پەرەی پێدەدرێت. پێموایە پێویستە بەدوادواچوون بۆ ئەم تەرتیباتە دەستووریانە بكرێت، واتە دەبێت لە نزیكەوە و لەسایەی یاسای نێودەوڵەتیدا موتابەعەیان بكرێت. بەڵام ئەو ڕاستیەی كە ئێمە تا ڕاددەیەكی دیاریكراو پشت بە هاوردەكردنی نەوت و گاز لە كوردستانەوە- لە ڕێی توركیاوە- دەبەستین، ئەوە پیشان دەدات كە كوردستان چەند گرنگەو بە چاوێكی بەرزیشەوە لە ئابووری كوردستان دەڕوانرێت لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە.
گوڵان: مسعود بارزانی هەفتەی ڕابردوو جارێكی دیكە لە ئیتاڵیا دووبارەی كردەوە، مانەوەی كورد لەگەڵ عێراق بەندە بە جێبەجێكردنی دەستوور، هەروەها بەندە بەوەی عێراق دیموكراتی بێت، ئێستا هەموو كەس دەبینێت كە حكومەتی بەغدا نە دەستوور جێبەجێ دەكات و نەدیموكراتیشە، ئەمەش مانای ئەوەیە بارزانی لە هەوڵی ئەوەدایە هەرێمی كوردستان لە عێراق جیابكاتەوەو دەوڵەتێك ڕابگەیەنێت، ئایا ئەگەر كورد دەوڵەت ڕابگەیەنێت، یەكێتی ئەوروپا هەڵوێستی چۆن دەبێت بەرامبەر ئەو دەوڵەتە تازەیە؟
ستۆران ستیڤنسۆن: بێگومان ئەوە مەسەلەیەكی تا دوا ڕاددە هەستیارە، من خەڵكی سكۆتلەندام و سكۆتلەنداش پێشنیاری ئەوەی كردووە لە ساڵی 2014دا ڕاپرسی ئەنجام بدرێت و ئەو پرسیارە لە خەڵكی سكۆتلەندا بكرێت ئایا دەیانەوێت لە بەریتانیا( شانشینی یەكگرتوو) جیا ببنەوە، پێموایە ئەوە بیرۆكەیەكی زۆر خراپەو من لەگەڵ ئەوەدا نیم سكۆتلەندا وەك نەتەوەیەك جیاببێتەوە. من دەزانم فشارێكی زۆر و پرسگەلێكی زۆر هەن كە كاریگەرییان لەسەر كوردستان هەیە، ئەوەش پرسێكی بێئەندازە هەستیارە و نائارامی و نیگەرانییەكی گەورە دەخوڵقێنێت لە هەموو دەوڵەتە دراوسێكاندا، بۆ نموونە ئێران و توركیا، هەروەها لە بەشەكانی دیكەی عێراقیشدا، لە هەمان كاتدا، پێموایە مەسەلەیەكی مشتومڕهەڵگر و هەستیاری وەك ئەو مەسەلەیە دوابخرێت تا ئەو كاتەی بەدەستهێنانی -ئەوەی من داوام كردووە- حكومەتی شەراكەتی نیشتیمانی لە بەغدا، كارێكی مومكین دەبێت، كە بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی هەموو بەرژەوەندییەكانی عێراق بكات، بەو شێوەیە ئێمە خۆمان لە ناكۆكی و گرژی لادەدەین لە داهاتوودا.
 
Top