پرۆفیسۆر پیتەر ئێڵ ڕۆسۆ بۆ گوڵان:ئەو پەرەپێدان و پێشكەوتنەی ئەمڕۆ ئەمریكا پێی گەیشتووە بەرهەمی ئەو بناخەیەیە كە ئەلیكسەندەر هاملتۆن دایڕشتووە
September 27, 2012
دیمانەی تایبەت
پرۆفیسۆر پیتەر ئیڵ ڕۆسۆ ئوستادی ئابوورییە لە زانكۆی ڤاندەربیلت و پسپۆر و تایبەتمەندە لە ئابووری گشتگیر و سیستمی بانكی و گۆڕانكاری تەكنۆلۆژی و ڕۆڵی مێژووی سیستمی دارایی و دامەزراوەكان لەسەر وەرچەرخانی ئابووری و گەشەی درێژخایەن، بۆ قسەكردن لەسەر ڕۆڵی دامەزراوەكان بۆ پەرەپێدان لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو و دید و بۆچوونی سەركردە لەم قۆناخە بۆ سەركەوتنی پرۆسەكە و بەرەو پێشەوەبردنی كۆمەڵگە، پرۆفیسۆر ڕۆسۆ بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.دامەزراوەكان بەشێكی گرنگن لە پەرەپێدانی ئابووری بەتایبەتی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو، ئەگەر لێرەوە ئاوڕێك لە مێژووی ئەمریكا بدەینەوە، دەبینین پرۆسەی پەرەپێدانی ئابووری بەشێوەی دامەزراوەیی، لە چوارچێوەی سیستمی بانكی هاتە ئاراوە، ئەم سیستمە بواری ئەوەی ڕەخساند سەرمایەداری خێرا پەرەبستێنێت و ئەوەش سوودبەخش بوو بۆ پەرەپێدانی ئابووری، هەندێك پێیانوایە كە ئەم بنەما دەستووریە بووە مایەی خوڵقاندنی بناغەیەك بۆ سیستەمی دارایی ئەمڕۆ، ڕاستە سیستەمەكە كەموكورتی تێدا هەبوو، بەڵام بەگشتی و بەدرێژایی مێژوو هاریكار بوو لە پێشكەوتنی ئابووری ئەمریكادا. هەروەها بوونی سەركردەی بەهێز لە قۆناخی پەرەپێداندا فاكتەرێكی دیكەیە، هەر بۆ نموونە ئەمریكا سوودی وەرگرتووە لە هەبوونی سەركردایەتییەكی بەهێز كە لەو سەردەمەدا پاڵپشتیی لە پێشكەوتنی ئەمریكا دەكرد، ئەلێكسەندەر هاملتۆن كە یەكەم وەزیری دارایی ئەمریكا بووە لە دوای سەربەخۆیی نموونەیەكی بەرچاوە لەسەر سەركردەیەكی بەهێز كە یاریدەدەر بوو و توانیی سیستەمی دارایی دامەزرێنێت، هەربۆیە هەبوونی سەركردەیەكی بەهێز و خاوەن دیدێكی پۆزەتیڤ بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەكان و هاندەر بۆ گەشەپێدانی ئابووری، بێگومان ئاسانكار و یاریدەدەر دەبێت بۆ وەدیهێنانی پێشكەوتن لەوڕووەوە. هەروەها دامەزراوەكان گرنگن بۆ بوینادی ژێرخانی ئەنجامدانی پڕۆژەكان و خزمەت گەیاندن بە كۆمەڵگە بەگشتی، هەڵبەتە باشترین ڕێگە لە لەسەرەتادا ئەوەیە حكومەت هەڵستێت بە بونیادنانی دامەزراوەكان و پاشان دامەزراوەكان خۆیان كاربكەن و خۆیان خۆیان بەڕێوەبەرن و سەرنجی سەرمایەداری بەرەو لای خۆیان ڕابكێشن لەپێناو تەمویلكردنی پڕۆژەكانی بازاڕ كە سوودیان هەیە بۆ پێشكەوتن، سەبارەت بە وڵاتانی تازەپێگەیشتووش واباشترە لەسەرەتادا حكومەت هەڵستێت بە بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی دامەزراوەكان بەڵام لەمەودایەكی دووردا حكومەت و هەروەها كەرتی تایبەتیش هەردووكیان پێكەوە دامەزراوەكان بەڕێوەببەن. تەكنۆلۆژیاش بەشێكی گرنگە لە پرۆسەی گەشەپێدان، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ تەكنۆلۆژیا كەوتۆتە ناوەندی مۆدێلی گەشەپێدانی ئابووریی كلاسیكی و چەمكی ئەم مۆدێلە دەڵێت كۆمەڵگە هەڵدەستێت بە تەوزیفكردنی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژی بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی، هەربۆیە تەبەنناكردنی تەكنەلۆژیا لایەنێكی سەرەكییە لە پەرەپێدانی ئابووریدا.