پرۆفیسۆر ئەلینا لیۆن بۆ گوڵان:بارودۆخی سووریا خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت بۆیە دەبێت ئەمریكا هەڵوێستێك وەربگرێت

پرۆفیسۆر ئەلینا لیۆن بۆ گوڵان:بارودۆخی سووریا خەریكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت بۆیە دەبێت ئەمریكا هەڵوێستێك وەربگرێت
پرۆفیسۆر ئەلینا ئیل لیۆن ئوستادی زانستی سیاسەتە لە زانكۆی نیو هامپشیر و پسپۆر و تایبەتمەندە لە بوارەكانی ئاشتیپارێزی و چارەسەری تەنگژەكان و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تیرۆریزم و توندوتیژی سیاسی، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای سوریا وەك بەشێك لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو بارودۆخە خراپەی بەهۆی ڕەفتارەكانی ڕژێمی ئەسەد لەو وڵاتە دروستبوون، پێوەندیمان بە پرۆفسیۆر ئەلینا لیۆن كرد و لە وتووێژێكی تایبەتیدا بەمجۆرە ڕای خۆی بۆ گوڵان دەربڕی.
* بارودۆخی سووریا گەیشتۆتە ئاستێك كە هەموو كەس پێشبینی ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد دەكات، بەڵام دەبێت هەوڵ و كۆشش بدرێت بۆ ڕاگرتنی ئەو خوێنڕێژی و توندوتیژیەی ڕوودەدات، بەڵام بۆچی تا ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ڕووی واقیعیەوە بێدەنگە؟
- بواری شارەزایی من سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكانە، من دەزانم ئێوە باس لە هاوكاری سەربازی و دەستێوەردانی مرۆیی دەكەن، كە مەبەست ئەوەیە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و هەندێ لە هاوپەیمانە ئەوروپییەكان بێن و دەستێوەردان بكەن بۆ هاوكاری كردنی خەڵكی سووریا، پێموایە ئەمە دەرفەتێكی باشی لەبەردەمدا نییە بۆ جێبەجێكردن، ئەویش لەبەر چەند هۆیەك، یەكەمیان بە پێچەوانەی لیبیاوە كە ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەوروپا توانیان لەڕێی ناتۆوە دەستێوەردان بكەن، ڕوسیا و چین بەرهەڵستی ئەو دەستێوەردانەیان نەكرد، بەڵام لە حاڵەتی سووریادا چین و ڕوسیا بە تایبەتی دژی هەر هاوكارییەكی سەربازین، ئەمەش مەسەلەكەی زۆر ئاڵۆزكردووە. هۆكاری دووەم لۆجستیە، ئەویش پەیوەستە بەوەی چۆن دەستێوەردان دەكەیت، لەبەر ئەوەی سووریا زۆر ئاڵۆزترە لە لیبیا، لە لیبیادا بوارەكە كراوەتر بوو بۆ ئەوەی هێزە ئاسمانییەكان دەستێوەردان بكەن، ئەویش بەهۆی نزیكی لیبیا لە ئەوروپاوە...بەڵام سووریا حاڵەتێكی زۆر ئاڵۆزترە لە پێوەندیدا بە دەستێوەردانی سەربازییەوە، مەسەلەكانی دیكەش ئاڵۆزن، بەلای ڕۆژئاوا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە سووریا زۆر جیاوازە لە لیبیا، چونكە سەرۆكی لیبیا، موعەممەر قەزافی هیچ هاوپەیمانێكی نەبوو، هیچ كەسێك لە ناوچەكەدا پشتیوانی نەكرد، ئەمە لە كاتێكدا سووریا، حكومەتەكەی ئەسەد دۆست و هاوپەیمانی هەیە، بە تایبەتی ئێران، كە ئەمەش كێشەكە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئاڵۆز دەكات، كەواتە لەو ڕووەوە دژواریەك هەیە، سەركردە نێودەوڵەتیەكانی وەك كوفی ئەنان پێش چەند ڕۆژێك باسی لەوەكرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت پێكەوە كاربكات، لەبەر ئەوە خەڵكی ڕەخنەیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە، چونكە كارا نەبووە و وەك پێویست جموجۆڵی نەكردووە، لەبەر ئەوە كاتێك ئەمە بە كەسێك دەڵێیت ئەوا ئەمە پێی دەوترێت سیاسەتی شەرمەزاركردن، كاتێك شەرمەزار دەبێت ئەوا ناچار دەبێت بێتەپێشەوە و كاراتر بێت، ئێمە ئەمە لە ئەمریكادا دەڵێین، بەڵام ئەوەشمان لەبەرچاوە كە هەڵبژاردنێكی سیاسی لە ئەمریكادا دەكرێت و ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر تەوقیتی دەستێوەردان لە بارودۆخی سووریادا، لە ناوخۆیی ئەمریكادا ئەوەی بە هەنگاوێكی كاریگەر دادەنرێت، كە بەلای منەوە زۆر كاریگەربوو كە هەستا بە ڕزگاركردنی ژیانی سەدان هەزار كەس لە بەنغازی لە لیبیا، بەڵام زۆرێك لە ئەمریكییەكان پێیان وانەبوو ئەوە كاریگەری هەبووە و باوەڕیان وانەبوو ئەوە كارێك بێت شایستەی ئەنجامدان بێت، هەروەها سەرۆكی ئێستای ئەمریكا، ئۆباما بە ڕوونی باسی لەوە نەكردووە كە ئەوە چەند كاریگەر بوو و چەند گرنگ بوو، چونكە ئەمساڵ، ساڵی هەڵبژاردنە و هەروەها لەبەر ئەوەی ئەوە بڕیارێك نەبوو لەسەر ئاستی خەڵكی پشتیوانی لێكرابێت، من باوەڕم وایە دوای هەڵبژاردنەكە، بە چاوپۆشین لەوەی كێ هەڵدەبژێردرێت، ئەوا بواری زیاتری هەیە بۆ ئەوەی كاری زیاتر بكات لە ئاست ئێران و لەگەڵ كۆمكاری عەرەبی لە بەرامبەر حكومەتی سووریادا.
* هەندێك پێیانوایە هۆكاری ئەنجامنەدانی هیچ كارێك بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی ئەمریكا دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆچی یارمەتی موعارەزە نادات تاوەكو بتوانێت بارودۆخەكە یەكلابكاتەوە؟ بەتایبەتی كە دەتوانێت هاوكاریی توركیا بكات لەم ڕووەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، بەپێی تێگەیشتنی من حاڵی حازر ئەمریكا سەرقاڵی دەستێوەردانێكی ناسەربازیانەیە لە سووریادا، وەزیری بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەردەچێت و دەبێت ئەمریكا كارێك بكات، ئەمەش خۆی لە هاوكاریكردن لەڕێی پێدانی زانیاری هەواڵگری و كەلوپەلی سەربازی دەبینێتەوە لەڕێی سعودیە و قەتەرەوە، ڕەنگە جموجوڵی سەربازی گەورە نەبینین، بەڵام پشتیوانیەكی هەنگاو بە هەنگاوی سوپای سووریای ئازاد دەبینین، واتە هاوكاریەكی كەمی ئەو سوپایە دەبینین، شتێكی دیكە كە جیاوازە بەلای منەوە ئەوەیە موعارەزەی سوری- بەلای كەمەوە لە تێڕوانینی ئەمریكادا- موعارەزەیەكی ڕێكخراو و یەكگرتوو نییە بە چەشنی ئەوەی موعارەزەی لیبیا- كە باوەڕوابوو موعارەزەیەكی ڕێكخرا و یەكگرتووبوو-كەواتە ئەمریكا بە تایبەتی دەیەوێت ئەوە ڕوون بێت كە ئەو پشتیوانی لە كێ دەكات، كەواتە نەبوونی ئەو ڕۆشنیە بەلای ئەمریكاوە لەبارەی ئەوەی سوپای سوری ئازاد كێن و موعارەزەی سوری كێن مایەی نیگەرانیە، ئەمەش بارودۆخەكە لەسەر ئەرزی واقیع ئاڵۆز دەكات. لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییەوە چەمكی بەرپرسیارێتی پاراستن هەیە، ئەویش كاتێك پێشێلكاریەكی زەقی مافەكانی مرۆڤ دەكرێت، كە مەبەست لەوەیە ژمارەیەكی زۆر خەڵكی دەكوژرێن، بەپێی تێگەیشتنی من ئێمە بەرەو ئەو دۆخە دەچین. كەواتە كاتێك ژمارەیەكی دیاریكراوی خەڵكی دەكوژرێن، ئەوا خەڵكانێكی زۆر دەنگ بەرز دەكەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن و ڕایدەگەیەنن ئیتر بەسە و دەبێت كارێك بكرێت لەم ڕووەوە و ئەو كاتە دەگەینە دۆخێك كە هەوڵ و كۆششی زیاتر دەخرێتەگەڕ. لەلایەكی دیكەوە كوژرانی باڵیۆزی ئەمریكا لە لیبیا و خۆپیشاندانەكانی یەمەن و میسر، هاوكارنین بۆ سووریا، چونكە هەر كەسێك ئیدارەی ئەمریكا بگرێتەدەست دوو دڵ دەبێت لەوەی دەستێوەردان بكات لە هەر شتێكدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، من پێموایە مەسەلەی ئەوەی خۆپیشاندانەكانی میسر چۆن دەكەوێتەوە و چی لە یەمەن و لیبیادا ڕوودەدات لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا كاریگەرییان دەبێت. واتە ئەمە لەلایەك نیگەرانی ئەمنی ئەمریكا زیاتر دەكات، بە تایبەتی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری زۆر نیگەران دەبن لە ئەنجامدانی كارەكانیان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئیدارەی ئۆباما ڕەخنەی ئەوەی لێگیراوە كە سەلامەتی ئەو دیپلۆماتكارانەی ئەمریكای نەپاراستووە كە لە ناوچەكەدا كاردەكەن، كەواتە نیگەرانی واقیعی هەیە، حكومەتی ئەمریكا دوو دڵە لە ئەنجامدانی كاری زیاتر. كەواتە بە چاوپۆشین لەوەی ئایا خۆپیشاندانەكانی میسر و خۆپیشاندانەكانی دژ بە باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە یەمەن و باڵیۆزەكانی دیكە بەرەو هەڵكشان دەچن یان نا، ئەوا وەك موعارەزەیەكی بەهێز دەردەكەوێت بۆ بوونی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمەش ئەوەندەی دیكە ئەركی ئەمریكا قورستر دەكات كە قەناعەت بە ئەمریكییەكان یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات كە باشترە كاری زیاتر بكات لەم وڵاتانەدا.
* بەڕای تۆ ئەگەر ڕژێمی ئەسەد بڕووخێت ئەو دەرهاویشتانە چین كە لێی دەكەونەوە؟
- ئەگەر ڕژێمەكەی ئەسەد بڕووخێت، ئەوا دەرئەنجامی بەرفراوانی لێدەكەوێتەوە لەسەر عێراق و لەسەر ئێران و توركیا بە دیاریكراوی، كەواتە بە دڵنیاییەوە ئاكامەكانی ناكۆكیی سووریا كاریگەری گرنگی دەبێت لەسەر عێراق. لەڕووی كاریگەری ئیقلمیەوە، ئەوا یەكێك لە نیگەرانییەكانی من ئەوەیە ئەوەی لە سووریادا ڕوودەدات كاریگەری لەسەر ئێران دەبێت لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە زۆر گرێدراوە بە ئێرانەوە، چونكە بە پێی قسە و باسەكان- بەڵگەكان ڕوون نین- كە ئێران پشتیوانی ڕژێمەكەی ئەسەد دەكات و عێراقیش بەشێكە لەو مەسەلەیە، واتە ئەگەر ئەسەد بڕووخێت ئەوا ئەمە مانای ئەوەیە ئێران هاوپەیمانی نامێنێت و ڕەنگە عێراقیش، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی هەردوولایان.
Top