باڵیۆز جامیس دۆبینز بەڕێوەبەری سەنتەری ڕەند بۆ گوڵان: كورد دەسكەوتی باشی بەدەست هێناوە ودەبێت هەوڵبدات بیانچەسپێنێت

باڵیۆز جامیس دۆبینز بەڕێوەبەری سەنتەری ڕەند بۆ گوڵان: كورد دەسكەوتی باشی بەدەست هێناوە ودەبێت هەوڵبدات بیانچەسپێنێت
باڵیۆز جامیس دۆبینز كە ئێستا بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی ڕەندە بۆ سیاسەتی بەرگری و ئاسایشی نێودەوڵەتی، یەكێكە لە دیپلۆماتە گەورەكانی ئەمریكا و پێشتر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بۆ كاروباری ئەوروپا و هەروەها ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆك و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بۆ ناوچەی بەڵكان و لە هەردوو پۆستی بیل كلینتۆن و جورج بوشیشدا، نوێنەری تایبەتی ئیدارەی ئەمریكا بووە بۆ كۆسۆڤۆ و بۆسنیا و هایتی و سۆماڵ، لەدوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەر و لە كاتی شەڕی ئەفغانستاندا بە نوێنەرایەتی سەرۆك بوش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانی بۆ دامەزراندنی حكومەت دوای ڕژێمی تاڵیبان وتووێژی كردووە، شایەنی باسە باڵیۆز جامیس دۆبینز یەكێك بووە لەو پێنج كەسەی كە گۆڤاری فۆرن ئەفیرز مێزگردێكی بۆ ڕێكخستن بە ناونیشانی (دەبێ لە عێراقدا چی بكەین؟ ?What to Do in Iraq) كە ئەم مێزگردەی فۆرن ئەفیرز بووە سەرەتایەك بۆ دامەزراندنی گروپی دیراسەتكردنی عێراق، بۆ قسەكردن لەسەر ڕەوشی ئێستای عێراق چەند پرسیارێكمان ئاراستەی باڵیۆز جامیس دۆبینز كرد، بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا عێراق كەوتە قەیرانێكی سیاسیی گەورەوە بەچەشنێك چاوەڕێی ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی دەكرێت لەسەر دوو ئاست، یەكەمیان شەڕی نێوان شیعە و سوننە، دووەمیان خراپبوونی پێوەندیی نێوان كورد و حكومەتی بەغدا، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ئەم بارودۆخە هەڕەشە لە ئاییندەی عێراق دەكات؟
- پێموایە دابەشبوونی نێوان كورد و عەرەب مەترسیدارترە، لەبەر ئەوەی هەردوولا چەكی تەقلیدیان هەیە، كە ئەمە حاڵەتەكە نییە لە نێوان شیعە و سوننەدا، لەبەر ئەوە من ئەو دابەشبوونە بە دابەشبوونێكی مەترسیدارتر دەزانم لە سەر ئاستی دانیشتوان. من پێموایە سەرەڕای ئەم دابەشبوونەش عێراق بە یەكگرتوویی دەمێنێتەوە، باوەڕم وانییە كاربەدەستانی واشنتۆن نیگەران بن لەوەی بارودۆخەكە لە ئان و ساتی خزاندا بێت بەرەو شەڕی ناوخۆ، چونكە ئێستا خەڵكی پتر نیگەرانە لەبارەی سوریاوە، بێگومان سوریا خراپتربێت ئەوا بۆی هەیە كاریگەری لەسەر وڵاتانی دراوسێ هەبێت لە نێویاندا عێراق، هەر ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارانەی كە خەڵكی لە نزیكەوە چاودێریی دەكەن.
* بارودۆخی عێراق كاریگەری هەیە لەسەر وڵاتانی درواسێ و عێراق هەڵوێستێكی سلبی هەیە لە ئاست كێشەی سوریادا و هەڵوێستەكەی دژی خەڵكی ئەو وڵاتەیە، لە هەمان كاتدا عێراق پێوەندیەكی خراپی لەگەڵ سعودیەدا هەیە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی چارەسەركردنی كێشەكان ئاڵۆزتر بێت؟
- ئامادەنەبوونی عێراق بۆئەوەی بە ئاشكرا لایەنێكی ململانێ و ناكۆكیەكەی سوریا بگرێت هەڵوێستێكە مایەی تێگەیشتنە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دابەشبوونەی لە نێو خەڵكی عێراقدا هەیە و ئەو فشارانەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە لایەنە جیاوازەكانەوە، لە ئێران و لە سعودیەوە، هەڵوێستی عێراق هەڵوێستێكی ناهاوسەنگ و ناوهاوكار بووە، بەڵام پێموانییە عێراق گەمەكارێكی گەورە بێت لە بارودۆخی سوریادا، دەكرا هەڵوێستی عێراق هاوكارتر بوایە، بەڵام باوەڕم وانییە بەو شێوەیە هاوكار بووبێت، ئەوەندەی من بتوانم بیڵێم بەشێوەیەكی مەترسیدار چەك و هاوكاری لە عێراقەوە بۆ ڕژێمەكەی ئەسەد دابین نەكراوە.
* جێگری سەرۆكی ئەمریكا، جۆزیف بایدن سەردانی عێراقی كرد بۆئەوەی لایەنەكانی عێراق بگەنە ڕێككەوتنێك، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمریكا دەتوانێت هاوكار بێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و یەكلاكردنەوەی ئەو قەیرانە سیاسیەی لە ئارادایە و تا چ ئەندازەیەك كاریگەری هەیە لەسەر عێراق؟
- ئاشكرایە دەستڕۆیشتوویی ئەمەریكا زۆر سنووردارترە بە بەراورد بەو چەند ساڵە كەمەی ڕابردوو كە تێپەڕی، پێموایە هەموولایەك ئامادەن گوێ بۆ ئەمریكا بگرن، و هەموو كەس لەو ڕاستیە تێدەگات كە ئەمریكا زیاتر لەسەر ئاستی جیهانی و بە بەردەوامی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی هەیە. تا ڕاددەیەكی دیاریكراو ئەمریكا بە هێزێكی بێلایەن دادەنرێت لە ناكۆكیی نێوان شیعە و سوننە و لە نێوان كورد و عەرەبدا، ئەم بێلایەنیەش بۆتە هۆی زیادكردنی سەنگی ئەمریكا لە هەوڵەكانیدا بۆ میانگیریكردنی ئەو ناكۆكییانە، لەم قۆناغەشدا ئەمریكا میانگیرە، نەك لایەنێكی پرۆسەكە.
* هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق كێشەی هەڵپەسێردراویان لەگەڵ یەكدا هەیە، ئەمەش مەترسی لەسەر سەقامگیری هەرێمی كوردستان دروست دەكات كە تەنیا ئەم هەرێمە لە عێراقدا ئارامە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئاڵۆزیی نێوان هەرێم و حكومەتی مەركەزی هەڕەشە نابێت بۆ سەر سەقامگیری عێراق؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد ناكۆكیی نێوان كورد و عەرەب ناكۆكییەكی مەترسیدارترە بە بەراورد بەو دابەشبوونانەی دیكە كە لە كۆمەڵگەكەدا هەن، لەلایەكی دیكەوە پێموایە كورد ئاستێكی بەرزی خۆبەڕێوەبردنیان(ئۆتۆنۆمی) بەدەستهێناوە، كە پێویستە تەواو ڕەزامەند و خۆشحاڵ بن بەوەی بەدەستی هێناوە، بەڵام دەبێت درك بەوەش بكەن كە ئەو دەستكەوتانە ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە لە كاتی ڕوودانی هەر ناكۆكیەكدا، كە دەبێت هەوڵی چەسپاندن و جێگیركردنیان بدات نەك ئەو دەسكەوتانە لەدەست بدرێن.
Top