عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ (گوڵان):هاو هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مالیكی و دەوڵەتی یاسا جگە لەزیان هیچ سوودێكی بۆ كورد نییە
September 6, 2012
دیمانەی تایبەت
سەبارەت بەو هەڵمەتی راگەیاندنەی بزووتنەوەی گۆڕان لەدژی پەرلەمانتارانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەرپای كردووە بەوەی گوایە پەرلەمانتارانی پارتی دژی ئەوەن كە نوێنەرێكی كورد بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان زیاد بكرێت، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی بەڕێز عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق كرد و بەڕێزی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.دەوڵەتی یاسا وەكو مەبدەئێكی ستراتیژیی ئامادە نییە وا بەئاسانی دان بەمافەكانی گەلی كورد بنێت
* یەك دوو رۆژێكە بزوتنەوەی گۆڕان باسی ئەوە دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئەوەیە نوێنەرێكی كورد لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان زیاد بكرێت، ئایا بەراستی پارتی دژی ئەوەیە كە نوینەرێكی دیكەی كورد بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان زیاد بكرێت؟
- ئەو بارودۆخەی ئەمڕۆ نوێنەرانی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراقدا سەبارەت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی وروژاندویانەو لەراگەیاندنەكانی گۆڕان و ئەوانەی پەیوەندیدارن پێیانەوە بڵاوی دەكەنەوە گوایە پارتی دیموكراتی كوردستان رازی نییە لەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی لە9 كەسەوە بكرێتە 15كەس، ئەمە بەڕاستی چەواشەكارییەكی زۆر گەورەیە كە بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەرەكانی لێرە دەیكەن، چونكە تا ئێستا بەهیچ شێوەیەك وەكو پارتی نەمان وتووە ژمارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق 9 یا 15بێت، بەڵكو چاوەڕوانی ئەوە دەكەین دەرئەنجامی ئەو مەسەلەیە لە ناو پەرلەماندا بۆ دەنگدان بخرێتەڕوو، ئەوكات بڕیارو ڕای خۆمان دەدەین، بەڵام هەرگیز ئامادە نین كەس بتوانێت رای خۆیانمان بەسەردا فەرز بكات، ئێمە وەكو پارتی هێڵێكی جێگیر و رێبازێكی تایبەتی خۆمان هەیە لەسەری كارەكانمان دەكەین، لەگەڵ ئەمەش دا ئێمە ئەو راستیە ناشارینەوە كە 9 كەس بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بەباشتر دەزانین كە كارەكانیان رێكوپێكترو پوختر دەبێت، ئەمڕۆ ئەو موحاسەسەیەی لەعێراقدا هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ئیشوكارەكان كوشندەیە بەپێچەوانەوە لە15 كەسی دا موحاسەسە زیاتر دەبێت، چونكە ئێستا چەند كەسێك لەو 9 كەسەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی بوونیان نییە ئەگەر بێتوو بكرێتە 15 كەس ئەو كات ئەو ژمارە كەسەش دێتە سەری و دەبێتە ڕێگاگرتن لەبڕیار وەرگرتن و ئاستەنگ لەبەردەم كارو ئیشەكان دروست دەبێت، یەكێك لەوانەی ئەگەر ببێتە 15 ئەندام، دانانی نوێنەرێكی گۆڕانە كە دەڵێن قەناعەتمان بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن كردووە كە ئەوان رازی بن لەسەر ئەوەی ئەو كەسەی لە بزووتنەوەی گۆڕان دابنرێت، ئەوان بەقسەی خۆیان دەڵێن :( ئەگەر بەو شێوەیە بوو كە دەیانەوێت ئەو كات كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ دەبێت و دوور دەبێت لە ئیشوكاری حزبایەتی بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئێمە نەهاتینە ناو كۆمسیۆنەكە ئەوە حزبیەو ناسەربەخۆیە.) . ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان رای خۆمان جێگیرەو بەروونی دەیڵێین گەرچی راوبۆچوونی ئێمە زیاتر لەكاتی دەنگدانەكەدا دەردەكەوێت بەڵام من وەكو بیروبۆچوونی شەخسیم 9 كەس زۆر بەباشتر دەزانم لەوەی بیكەینە 15، چونكە دانانی 15 كەس دەبێتە گێرەشێواندن و نانەوەی گرفت و دانانی ئاستەنگ بۆ ئەو كۆمسیۆنەی داهاتوو، هەربۆیە گۆڕان كە ئەمڕۆ كەوتۆتە هەڵمەتێكی راگەیاندنی پروپاگەندەیی زۆر بێتام، بەوەی ئەوان نوێنەرایەتی كورد دەكەن ئەگەر ئەوان نەیەنە كۆمسیۆنەكە كورد بێبەش دەبێت و دوور دەكەوێتەوە لەكۆمسیۆن، ئێمە لەم مەسەلەیە وردەكاریەكی حسابیمان كردووە ئەگەر لە 9 كەس 2 كەس كورد بێت ئەوا رێژەی كورد 23% دەبێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ببێتە 15 و 3 كەس كورد بێت لەو حاڵەتەدا رێژەی كورد دێتە خوارەوە بۆ 20%، كەواتە لە9 كەسەكە رێژەی كورد زیاتر دەبێت بەراورد بە 15 كەسەكە، هەربۆیە رێژەی 2 لە 9 دا زۆر زیاتر لەبەرژەوەندی كوردە و بۆیە بەباشتری دەزانین كە ئەوە بمێنێتەوە .
* بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەكات لەو 6 ئەندامەی زیاد دەكرێت یەكێكیان بەر گۆڕان دەكەوێت و ئێوەش دژی ئەوەن كە ئەندامێك بدرێتە گۆڕان، ئایا ئەمە تاچەند راستە؟
- سەبارەت بەبیانووی بزووتنەوەی گۆڕان بەوەی لەو سێ ئەندامەی كە مالیكی دایاندەنێت ئەندامێكیش بەر ئەوان دەكەوێت، ئەمە لەكاتێكدا ژمارەی ئەندامانی دەوڵەتی یاسا چەند زیاد بێت بەو ئەندازەیەش مەترسی خۆسەپاندن و تاكڕەوی و دیكتاتۆریەتی ئەو كوتلەیە زیاتر دەبێت، لەكاتێكدا گۆڕان دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ هێزو لایەنە كوردستانیەكان بكەن تا لەو بەشەی 9 ئەندامەی بەر كورد دەكەوێت بەشیان هەبێت، بەڵام بەداخەوە بزوتنەوەی گۆڕان لەبری ئەوەی لەگەڵ لایەنە كوردستانیەكان وتووێژ بكات، خۆشیان ئەو راستیە دەزانن ئەگەر بكرێتە 15 هەژموونی مالیكی و دەوڵەتی یاسا بەسەر كۆمسیۆنەكەدا زاڵ دەبێت، بەڵام وێڕای ئەمانەش بەبەردەوامی لەگەڵ كوتلەی دەوڵەتی یاسا سەرقاڵی گفتوگۆو وتووێژن تاوەكو بەو شێوەیە ژمارەی كۆمسیۆن زیاد بكەن بۆ ئەوەی هێزی مالیكی لەناو كۆمسیۆنەكە زیاد بێت و بەتەواوەتی بتوانێت كۆنترۆڵی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتوو كۆمسیۆن لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی خۆیاندا بێت و كەس نەتوانێت دەنگی هەبێت و جووڵەی تێدا بكات، هەربۆیە برادەرانی گۆڕان بەبەردەوام لەگەڵیاندان لەگفتوگۆكردن و قسەكردندا، ئێمە پێمان وتوون دەتوانین لەدوای ئەوەی كۆمسیۆن دروست دەبێت، پۆستی بەڕێوەبەری گشتی لەناو كۆمسیۆنەكە هەیە، دەتوانین لەو پۆستانە بدەینە بزوتنەوەی گۆڕان یا یەكگرتووی ئیسلامی و ئەو لایەنانەی تر كە هەیە پۆست و كاریان بدەینێ بۆ ئەوەی لەهەمان كاتدا بەشدار بن لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دوور نەكەونەوە، بەڵام ئەوان بۆخۆیان بەدوای تەیاری دەوڵەتی یاسا كەوتوون و لەگەڵ ئەواندا رۆشتوون .
* باشە كە باردۆخەكە بەو شێوەیەیە، بۆچی بزوتنەوەی گۆڕان موزایەدە لەسەر پارتی دەكات، لە كاتێكدا خۆشیان دەزانن ئەم موزایەدە كردنە سەرەنجام بە زیان بۆ بەرژەوەندی كورد دەشكێتەوە؟
-كەس ناتوانێت موزایەدە بەسەر دڵسۆزی پارتی بۆ گەلی كورد بكات، هیچ كەسێك بەرگریكارێكی وا دڵسۆزی نییە بەقەد ئەوەی پارتی هەیەتی بۆ گەلی كورد لەبەغداو بگرە لەهەرشوێنێكی تر، لەبەر ئەوە ئەوان كاتێك هەوڵی چەواشەكردنی ئەم مەسەلەیە دەدەن، میللەتەكەمان ئەوەندە شارەزایە كە ئاگای لە دڵسۆزی و خەبات و تێكۆشانی پارتی یە و ئەوەندە ئاگای لێ یە كە بزانێت كەسێك نییە بتوانێت موزایەدە بەسەر دڵسۆزی پارتی بكات لەدڵسۆزیدا بۆ ئەم میللەتە. بۆیە من بەباشی دەزانم گۆڕان لەو بیروبۆچوونەی خۆیان بگۆڕێن و بگەڕێنەوە و دوور بكەونەوە لەو چەواشەكارییە، بێن لەگەڵ ئێمەدا بەهاوكاری هەموو لایەك لەگەڵ پارتی و یەكێتی نیشتمانی كوردستان و لایەنەكانی تری ئیسلامی كە لەپەرلەمانی كوردستانن و حزبە سیاسیەكانی تر كە لە هاوپەیمانی كوردستانیدان پێكەوە هەموومان تێبكۆشین بۆ چەسپاندنی ئەو مافانەی گەلی كورد كە لەبەغدا بەدەستمان هێناون، كە ئەمڕۆ مالیكی و دارودەستەكەی و حزبەكەی خۆیان لێدەدزنەوەو پاشگەزبوونەتەوە لێی. هەر بۆیە ئەگەر لەروانگەی بەرژەوەندی گشتی كوردەوە سەیری مەسەلەكە بكەین، ئەوا راشكاوانە دیارە كە هاو هەڵوێستی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ مالیكی و دەوڵەتی یاسا جگە لەزیان هیچ سودێكی بۆ كورد نییە، چونكە دەوڵەتی یاسا وەكو مەبدەئێكی ستراتیژیی ئامادە نین وا بەئاسانی دان بەمافەكانی گەلی كورد بنێن، تەنیا مەگەر كورد بەیەكپارچەیی بچێتە پێشەوەو رووبەروویان بێتەوە و ئیرادەی خۆی بەسەر دەوڵەتی یاساو دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنن.