فەرهاد ئەتروشی ئەندامی پەرلەمانی عیراق بۆ(گوڵان):هێشتا پرۆژەی یاسا كۆنەكە لەپەرلەمان هەموار نەكراوە گۆڕان هەڵمەتی دژی پارتی دەست پێكردووە

فەرهاد ئەتروشی ئەندامی پەرلەمانی عیراق بۆ(گوڵان):هێشتا پرۆژەی یاسا كۆنەكە لەپەرلەمان هەموار نەكراوە  گۆڕان هەڵمەتی دژی پارتی دەست پێكردووە
یەكهەڵوێستی لەسەر بەرژەوەندی گشتی خەڵكی كوردستان، خاڵی سەرەكی و یەكلایكەرەوەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ناكرێت ئەو كێشانەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە لەگەڵ كێشەكانی بەغدا تێكەڵ بكرێت، ئەوەی لە یەك دوو ڕۆژی رابردوو لە هەڵمەتی راگەیاندنەكەی گۆڕان دژی پارتی دەخوێنرێتەوە، هەست دەكرێت لە پێناوی بەرژەوەندی حزبی زۆر شت تێكەڵكراوەو هەوڵدراوە كە راستیەكان ئاوەژوو بكرێتەوە، بەتایبەتی لەسەر پرسی زیادكردنی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، ئەم ئاخاوتنەمان لەگەڵ بەڕێز فەرهاد ئەتروشی ئەندامی پەرلەمانی عیراق سازكردووە كە ئەمە دەقەكەیەتی.
• بزوتنەوەی گۆڕان هەڵمەتێكی دژی ئێوەی پەرلەمانتار لە بەغدا دەستپێكردووە، بەوەی گوایە ئێوە دژی ئەوەن كە نوێنەرێكی كورد لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن زیاد بكرێت، ئایا دەكرێت لەسەر ئەو مەسەلەیە وەڵاممان بدەیتەوە؟
- سەبارەت بەو هەڵمەتەی لەسەر ئەم پرسە بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێكردووە، دەمەوێت لەسەرەتاوە ئەوە بەخەڵكی كوردستان بڵێم، مەسەلەی گۆڕینی پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن بەوجۆرە نییە، یەكەم ئەم پرسە هەتا ئێستا پڕۆژە یاسایەو ئەم پڕۆژە یاسایەش، هێشتا لەناو پەرلەماندا بڕیاری لەسەر نەدراوەو ناتوانرێت بڕیاریش لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە بدرێت تاوەكو یاساكە هەموار نەكرێت، چونكە دەبێت یاسا كۆنەكە هەموار بكرێت بۆ ئەوەی ژمارەكە لە( 9 ئەندامەوە)ەوە ببێت بە 15 ئەندام و لەمبارەشەوە بڕیار نەدراوە، بەڵام پێشوەختە گۆڕان دەستیان بە پڕوپاگەندەو هەڵمەتی ڕاگەیاندن كردووە و مەبەستیشیان ئەوەیە گوشار لەسەر پارتی و هەموو لایەنەكانی تری كوردستانی دروست بكەن بۆ ئەوەی كەسێكی گۆڕان لەناو كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن ببێتە ئەندام، دووەم كە ئەوان باسی بەرژەوەندی كورد دەكەن با بە لۆژیك و بابەتیانە قسە بكەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر پێكهاتەی كۆمسیۆنی باڵا نۆ ئەندام بێت، ئەوە وەك ئێستا ئێمە وەكو كورد دوو ئەنداممان دەبێت، دەكاتە رێژەی لە23%، بەڵام لەكاتێكدا ژمارەكە ببێتە 15 ئەندام، ئێمە وەكو كورد یەك كەسمان بۆ زیاد دەبێت دەبینە 3ئەندام و ڕێژەكەی كوردیش لەو كاتەدا كەم دەبێتەوە بۆ 20%، بۆیە لێرەدا دەپرسین ئایا 23% زیاترە یا 20% ؟ ئایا لە ئێمە تێكچووە یا لەوان تێكچووە؟ لەلایەكی تر ئەگەر بابەتەكە كوردایەتیە ئەوە ئێمە دەڵێین 23% ە زیاترە و بۆ كوردیش باشترە و ئەگەر بابەتەكە حزبایەتیە و دەیانەوێت كەسێكی گۆڕان لەناو كۆمیسیۆن بێت با ئەوە بۆ خەڵك ئاشكرابێت كە مەبەستیان بەرژەوەندی كورد و كوردستان نییە و دەیانەوێت كەسێكی گۆڕان لەناو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردندا هەبێت، خاڵێكی تر كە ئێمە واقیعیانە سەیری دەكەین، ئەویش ئەوەیە ئەگەر ژمارەكە لە 9 ەوە زیادبكرێت بۆ 15، ئەوا 4 ئەندامی دیكە بۆ لیستی دەوڵەتی یاسا (واتە حزبی دەعوا) زیاد دەبێت، دووەكەی دیكەش یەكێكیان بۆ حزبی فەزیلە و ئەوی دیكەشیان بۆ گۆڕان دەبێت، بۆیە لەم روانگەیەوە و لەدوای زیادكردنی ئەندامەكان، لایەنگرانی مالیكی و دەوڵەتی یاسا 6-7 ئەندام دەبەن، ئەگەر ئەم ژمارەیەشیان هەبوو ئەوا مالیكی بە ئاسانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش كۆنترۆڵ دەكات، كە ئەمەش روویدا ئەوا ئایندەی هەڵبژاردن لە عیراقدا دەكەوێتە مەترسیەوە و هەڵبژاردنی راستەقینە بوونی نامێنێت، بۆیە راشكاوانە دەڵێم ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان هیچ كام لەو مەسەلانەی لا گرنگ نییە، تەنها ئەوە نەبێت ئەندامێكی كۆمسیۆنی باڵای بەربكەوێت، لە پێناوی ئەمەشدا ئێمە ڕۆژانە دەبینین كە لێكنزیكبوونەوەی نێوان گۆڕان و حزبی دەعوە چۆنە، لەمەش زیاتر گۆڕان بەردەوام لە كوردستان و بەغدا دژایەتیمان دەكات و ئێستاش دەیەوێت بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆی ئێمە پشتگیری بكەین، بەراستی ئێمە ئەمە بە واقیعی نازانین، لەبەر ئەوەی ئەم مەسەلەیە پەیوەندی بەبەرژەوەندی كوردەوە نییە و تەنها بەرژەوەندی حزبی لایەنێكە، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، با بۆ خەڵكیش ئاشكرابێت، بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆن تەنیا پارتی دژی نییە، بەڵكو لیستی ئەلعراقیەو لیستی سەدرو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و ...تاد دژی زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنن. هەروەها ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ گۆڕان و هیچ لایەنێكی تری كورد و كوردستان نییە.


* تۆ ئاماژەت بەوەكرد، ئەم زیادبوونە تەنها لەبەرژەوەندی گۆڕان و مالكیە، پرسیار ئەوەیە ئایا بۆچی لەناو هەموو لایەنە سیاسیەكانی عیراق تەنیا گۆڕان لەگەڵ مالیكی و دەوڵەتی یاسا یەكیگرتۆتەوە؟
- ئەوەی من دەیزانم یەكەم: گوشاری دەوڵەتێكی دراوسێیە لەسەر گۆڕان و وایكردووە بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت یارمەتی مالیكی بدەن.
دووەم: خاڵی هاوبەشی نێوان مالیكی و دەوڵەتی یاساو گۆڕان دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی یە و لاوازكردنی پارتی یە لە كوردستاندا، هەر بۆیە گۆڕان بە جەماعەتی بەغدا دەڵێن ئەگەر دەتانەوێت پارتی لاواز بێت ئەوە یارمەتیمان بدەن با كەسێكمان لەناو كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەبێت تاوەكو لە هەڵبژاردنەكاندا پارتی لاواز بكەین و نەهێڵین تەزویر بكات، لەبەر ئەوەی گۆڕان وا دەڵێت كە گوایە ئێمە وەكو پارتی لە هەڵبژاردنەكان بە تەزویر دەنگمان هێناوە و دەسەڵاتمان وەرگرتووە، هەروەها ئێستاكە گۆڕان لەگەڵ حزبی دەعوەو دەوڵەتی یاسا پەیوەندییان باشە ئەو قسانەی لەبەغدا حزبی دەعوە دەیكەن زیاتر كەسەكانی گۆڕان لەسەر پارتی دەیكەن بەتایبەتی لە بابەتی نەوت و غاز و پێشمەرگەو ئەو خاڵانەی تر كە كێشەی لەسەرە لەنێوان هەرێم و بەغدا، هەروەها گۆڕان بۆیان دەركەوتووە ئەگەر بیانەوێت شتێك لە كوردستان بكەن ئەوە دەبێت دژایەتی پارتی بكەن و ناتوانن دژایەتی پارتی بكەن تەنیا بەو ڕێگایە دەبێت كە هاوپەیمانی لەگەڵ حزبی دەعوە و مالیكی بكەن ئەوەش بیركردنەوەی سەرەكی گۆڕانە.
* ئەگەر كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لەلایەن دەوڵەتی یاساوە كۆنتڕۆڵ بكرێت چ مەترسیەك دروست دەبێت؟
- لەراستیدا ئێستا مالیكی زۆر باوەڕی بەدیموكراسی نەماوە، ئەم قسەیەش بەنەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكا وتراوە، تەنیا دەیەوێت هەڵبژاردن بكرێت بۆ ئەوەی شەرعیەتی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی پەیدا بكات، واتا دەیەوێت بەكۆمەڵگای نێودەوڵەتی رابگەیەنێت كە هەڵبژاردن دەكەم و كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی هەڵبژاردن هەیەو ئەوا دەڵێن دەرئەنجامەكان تەواون، واتا وەكو شەرعیەتێكی ساختە دروست دەكات تاوەكو مامەڵە لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكات و پێیان دەڵێت دیموكراتیەتم هەیە، سەرجەم بەڕێوەبەرو بەڕێوەبەرە گشتیەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان هەرهەمووی لەلایەن خۆیەوە كۆنترۆڵ كراوەو دامەزراندن و دانانی بەڕێوەبەرو بەڕێوەبەرانی گشتی لەژێر دەسەڵاتی مالیكی دایە بۆ ئەوەی لەهەڵبژاردنی داهاتوو كۆنترۆڵی كۆمسیۆنەكە بكات و زامنی دەرچوونی خۆی بكات و لە بەرژەوەندی مالیكی و حزبی دەعوەدا بێت تا بۆ خولەكانی سێیەم و چوارەمیش هەر خۆی لەدەسەڵات بمێنێت، ئەم راستیەشی بەئاشكرا وتووە كە گەر بێتوو گەل دەنگ بەمن بدات دەتوانم بۆ خولەكانی دواتریش بمێنمەوە لەدەسەڵات .
* ئایا لەم باردۆخە گۆڕان چ قازانجێك دەكات، بەتایبەتی كە ئەو مەسەلەكان بەجۆرێكی دیكە پیشانی ڕای گشتی كوردستانی دەدات؟
- هەموو جارێك ئێمە تكا لەبرادەرانی گۆڕان دەكەین لەكۆبوونەوەكانی فراكسیۆنەكانی حزبە كوردستانیەكان ئامادە بن كەچی ئامادە نابن، تكایان لێدەكەین كە بەیاننامەیەكمان لەسەر پرسە كوردستانی و نەتەوەییەكان و نیشتمانیەكان هەیە تاوەكو ئامادەبن، بەڵام ئەوان بەپێچەوانەوە ئامادە نابن و بەدەنگمانەوە نایەن و مەرجمان لەسەر دەچەسپێنن و داوای گۆڕانكاری لەبەیاننامەكان دەكەن، بەڵام ئێستا بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان لەناكاو دەڵێن پشتگیریمان بكەن بۆ ئەوەی لیستی كوردی یەكهەڵوێست بێت، لەكاتێكدا هەموو رۆژێك دژایەتیمان دەكەن و چەواشەكاری دەكەن، من پێم سەیرە هەر لەسەرەتای پەرلەمانەوە لە 2010 ەوە دەستیان كردووە بە دژایەتیكردنی پارتی، بەتایبەت دژایەتی كردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە رۆژانە كێشەمان هەبوو لە گەڵیانداو وەسفی حكومەتی هەرێمیان وەكو حكومەتێكی دیكتاتۆری قەزافی و بەشار ئەسەد دەكرد، من پێم سەیرە ئەگەر تۆ بەرژەوەندی میللەتی كوردو كوردستانت دەوێت ئەم كێشانە لەپەرلەمانی كوردستان باس بكە، بۆ كێشەكانی كوردستانی دەهێننە بەغدا، ئەوان دەڵێن نەخێر بەغدا ئەم كێشانەمان بۆ چارەسەر دەكات، سەیرە ئێمە دەستوورێكمان داناوە كە ئەم دەستوورە دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم و بەغدای دیاریكردووە، تۆ دەتەوێت ئەم دەستوورە تێكبدەیت و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بدەیتە بەغدا، بۆیە من پێموایە ئەوان لەبەر ئەوەی لەكوردستان ئیشیان پێناكرێت و ناتوانن شتێك پێشكەش بەخەڵكی كوردستان بكەن ئەوا دەیانەوێت لە بەغدا سەرقاڵمان بكەن بەشتی لابەلاوە، ئێستاش بە خەڵكی كوردستان رادەگەیەنین و جارێكی تر دەڵێین، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین كێشە لەگەڵ گۆڕان دروست بكەین بەڵكو لەگەڵ ئەوەین هەڵوێستی كوردی لەم قۆناغە هەستیارەدا یەكهەڵوێست بێت بەڵام جێگای داخە برادەرانی گۆڕان لەمەشدا بۆچوونیان جیاوازە.
Top