باڵیۆز چارلس دونبار بۆ گوڵان:ڤیتۆی ڕوسیا و چین جوڵەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەبەرامبەر ڕژێمەكەی ئەسەد پەكخستووە
September 6, 2012
دیمانەی تایبەت
باڵیۆز چارلس دونبار كە ئێستا وانەبێژە لەزانكۆی بۆستن، پسپۆر و تایبەتمەندە لەداڕشتنی سیاسەتی ئەمریكا و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەساڵی 1962- 1993 یەكێك بووە لەفەرمانبەرانی كاروباری دەرەوە لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و لەو ماوەیەشدا چەندین جار پۆستی باڵیۆزی ئەمریكای لەوڵاتانی قەتەر و یەمەن و ئەفغانستان پێ سپێردراوە، بۆ قسەكردن لەسەر باری ئێستای سوریا و هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەهەمبەر ئەو بارودۆخە دژوارەی ئێستا سوریا پێیدا تێدەپەڕێت، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی باڵیۆز چارلس دونبار كرد و بەمجورە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* وێڕای هەڵكشانی ئاستی توندوتیژی و ژمارەی قوربانیان و ڕێژەی كۆچبەران بۆ وڵاتانی دراوسێ، بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاكو ئێستاش هەر بێدەنگە؟
- كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ نییە، بەڵام ئەمریكا و وڵاتانی دیكەش واپێیانباشترە لەڕێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بجووڵێنەوە، بەڵام هەروەك ئاشكرایە بەهۆی ڤیتۆ-ی ڕوسیا و چین بەداخەوە هیچ جووڵانەوەیەك لەئارادا نییە.
* بەڵام شەڕێكی خوێناوی و گەورە لەنێوان هێزەكانی ئەسەد و میلیشیا نیشتمانییەكان هەیە و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن و میلیشیا چەكدارەكان ناتوانن ڕكابەریی هێزەكانی ئەسەد بكەن لەبەرئەوەی هێزەكانی ئەسەد چەكی قورستریان هەیە و لەئاكامیشدا ناتوانن ڕژێمەكە بڕووخێنن و خوێنڕشتن هەر بەردەوامە، بەڕای تۆ كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانای دەستێوەردانی نەبێت ئیتر بۆ لەسەر ئاستی ناوخۆییدا یارمەتیی ئۆپۆزسیۆن نادەن بۆ پێ ڕووخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد لەلایەن ئۆپۆزسیۆن-ـەوە؟
- نەتەوە یەكگرتووەكان پاكتی خۆی هەیە و بەپێی بەندەكانی ئەو پاكتە ڕێوشوێنی پێویست وەردەگرێت بۆ پیادەكردنی، هەربۆیەیش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕیاریداوە لەم كەیسەدا ئەو ڕێوشوێنانە بگرێتە بەر كە پاكتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆی دیاری دەكات، سەرۆك ئۆباما وتی ئەگەر سەلمێندرا كە سوریا چەكی كیمیایی هەیە ئەوە ئەوكات ئەو ڕەفتارەی ڕژێمی سوریا تێڕوانینەكانی ئەمریكا دەگۆڕێت.
* لایەنێكی دیكەی گرنگ كە كاریگەریی لەسەر كەیسەكەی سوریا هەیە، نزیكبوونەوەیە لەهەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، پسپۆران پێیانوایە تا هەڵبژاردنەكان كۆتایی نەیەت ئەمریكا ناتوانێت هیچ بڕیارێك دەربكات، بەڕای تۆ ئایا دەكرێ چارەنووسی وڵاتێك، سوریا، لەگەڵ بەرژەوەندییە ناوخۆییەكانی وڵاتێك، هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا، گرێبدرێتەوە؟ ئەوە ڕەوایە؟
- لەڕاستیدا، بەڕای من كەیسەكەی سوریا پێوەندیی لەگەڵ بەرژەوەندییە ناوخۆییە سیاسییەكانی ئەمریكا نییە، هەربۆیە من پێموایە كە ئەم مەسەلەیە مەسەلەیەكی زۆر گەورە نابێت لەمیانی هەڵبژاردنەكانمان بۆ سەرۆكایەتی.
* لەسەر ئاستی ئیقلیمی، عەرەبستانی سعودیە و توركیا ئیرادەیەكی بەهێزیان هەیە بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد، بەڵام ئەو هەڵوێستە تەنیا لەمیدیاكاندایە و تاكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی پراكتیكییان نەگرتۆتەبەر بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەكە و لەڕووی پراكتیكییەوە هیچیان نەكردووە، ئایا ڕای تۆ لەمبارەوە چیە؟
- مەڵێن هیچیان نەكردووە، توركیا لەسەرتاسەری وڵاتدا هەوڵ و كۆششی زۆریداوە بۆ یارمەتیدانی پەنابەرەكان، لەلایەنێكی دیكەوە – لەشوێنێك خوێندمەوە – عەرەبستانی سعودیە تەمویلی ناردووە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوری و لەوەیەش دڵنیام كە ئەو جۆرە هاوكارییانە بەردەوام دەبێت، هەربۆیە قسەكەتان ورد نییە كە دەڵێن «هیچیان نەكردووە».
* مەبەستمان لەوەدایە كە هەر لەسەرەتای شۆڕشەكەی سوریا-وە توركیا گەرموگوڕ بوو لەسەر پاڵپشتیكردن لەئۆپۆزسیۆن هەموو وڵاتانیش پێشبینیی ئەوەیان دەكرد توركیا دەستێوەردانی سەربازی بكات بۆ یارمەتیدانی گەلی سوریا و ڕاگرتنی كوشتنی ڕۆژانەی سڤیلەكان، پرسیارەكەمان ئەوەیە كە ئایا بۆچی هەوڵی زیاتر نەبووە بۆ بەرفراوانكردنی هەوڵی هەرێمی بۆ پێ ڕووخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد و ڕاگرتنی توندوتیژی و كۆمەڵكوژی؟
- دەبێت هەموو ئەو ڕاستیە بزانین كە كارئەكتەرەكان لەسەر ئاستی ئیقلیمی خۆیان بەو جۆرە ڕەفتار دەكەن كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیان دەگونجێت و بەباشی دەزانن، بەڵام ئەو ڕاستیەش هەیە كە هەموو دەوڵەتانیش بەستراونەتەوە بەپاكتی نەتەوە یەكگرتووەكان و دەبێت بەپێی ئەو ڕێوشوێنە بجوڵێنەوە كە ئەو پاكتە بواری پێداوە.
* عێراق خۆی بەهاوپەیمانی ئەمریكا دەزانێت و ڕێككەوتنی ستراتیژی لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام ئاشكرایە حكومەتی عێراق پاڵپشتی لەڕژێمەكەی ئەسەد دەكات بۆ مانەوەی لەدەسەڵات، بەڕای تۆ بۆچی ئەمریكا كاریگەریی نییە لەسەر هەڵوێستەكانی حكومەتی عێراقی؟
- ئاشكرایە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمریكا هیچ نفوزێكی لەسەر حكومەتی عێراقی و ڕەفتارەكانی نەماوە، عێراق بڕیاریدا قسە و پێشنیارەكانی ئەمریكا فەرامۆشبكات و هەموو بۆچوونێكی لەلایەن ئەمریكا-وە ڕەتكردووەتەوە، بۆیە ئەمریكا شتێكی زۆری پێناكرێ لەمبارەیەوە، ئێمە پارە و خوێنی زۆرمان لێ ڕۆیی، بەداخەوە عێراقییەكانیش خوێنی زۆریاندا بۆئەوەی عێراق ببێت بەخاوەنی حكومەتێكی باشتر، لەكۆتاییدا گەیشتینە ئەو ئامانجە، بەڵام حكومەتی عێراقی زیاتر بایەخیداوە بەهەڵوێستەكانی حكومەتی ئێرانی.
* پێشبینییەكان چین لەبارەی توندوتیژییەكانی سوریا و پێتوایە تاكەی درێژە دەكێشێت و تاچەند پێتوایە ئێران پاڵپشتی لەڕژێمەكەی ئەسەد بكات لەڕێگەی پارە و چەك و تاچەند پێتوایە خەڵكی سوریا مەینەتیی زیاتر بچێژن؟
- پێموایە ئازاری زیاتر دەچێژن، ئەوەیش كە تاكو ئێستا لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ڕوویداوە ئومێدبەخش نییە هەر لە دەست لەكاركێشانەوەی بەڕێز كۆفی عەنان وەكو میانگیرێك تا دەگاتە هەڵوێستە بەردەوامەكەی ڕوسیا لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕەفتارەكانی ڕژێمەكەی ئەسەد، بەڵام بەلایەنی كەمەوە نەتەوە یەكگرتووەكان یەكێك لەدیپلۆماتە بەتواناكانی خۆی دەستنیشانكردووە بۆئەوەی جێگەی بەڕێز عەنان بگرێتەوە، من لەو بڕوایەدا نیم لەمەودایەكی كورتدا سەركەوتوو بێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لەهەوڵەكانی.