شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وەزیری پێشمەرگەی كوردستان بۆ (گوڵان): هێزی پێشمەرگەئامادەباشە و توانای بەرگری لە كوردستان هەیە، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین بارودۆخەكە هێوربكەینەوە
August 9, 2012
دیمانەی تایبەت
دوای لەشكركێشیەكەی سوپای عێراق بۆ سەر ناوچەی زوممار و هەڕەشەكانی ئەم دواییەی بەغدا بۆ سەر هەرێمی كوردستان بارودۆخەكە بەرەو ئاڵۆزبوون چووە، بەڕادەیەك سوپا تێكەڵاوی كێشە سیاسییەكان كرا، ئێستا حكومەتەكەی مالیكی دەیەوێت سوپا كێشە ناوخۆییەكانی بۆ چارەسەر بكات، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عیراقە، پرسەكانی خۆپڕچەك كردنی سوپای عێراق و بەڕێوەبردنی سوپا بەو عەقڵیەتە كە لەچەند ساڵی تر مەترسی گەورەی بۆ سەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەبێت، هاوكاتە لەگەڵ پرسەكانی پەراوێزخستنی بودجەی پێشمەرگەو پاراستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەناو سوپای عێراق و مەرام و نییەتی ئەو سوپایە بەرامبەر دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان. گوڵان لەدیمانەیەكی لەگەڵ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وەزیری پێشمەرگەی كوردستان ئەم پرسە گرنگەی تاوتوێ كرد، كە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە . ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.هێزی پێشمەرگە زامنێكە بۆ گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان و پاراستنی هێمنی و ئاسایشی ناوچەكە
* بارودۆخی ئێستا خەریكە بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت و ناچارین بەزمانی پێشمەرگە ئەو كێشانە چارەسەر بكەین، پرسیار ئەوەیە ئایا بەڕێزت وەك وەزیری پێشمەرگە تاچەند هێزی پێشمەرگە سازو ئامادەیە بۆ ئەوەی لەم قۆناخە سنورێك بۆ هەڕەشەكان دابنرێت؟
- ئەركی هێزی پێشمەرگە پارێزگاریكردنە لەو دەستكەوتانەی كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هەیە و ڕووبەڕووبوونەوەو بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەیە كە دژی ئەزموونەكە و ئەو هێمنی و ئاسایشەیە كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا بەرقەراربووە، بۆیە هێزی پێشمەرگە هەردەم ئامادەباشە بۆ ئەو جۆرە ڕووبەڕووبوونەوانە، بەڵام ئەو بارودۆخە گرژییەی ئەمڕۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەیە هەر هەمووی قابیلی چارەسەركردنە بەڕێگەی دانیشتن و گفتوگۆ و دیالۆگی تیروتەسەل یان گەڕانەوە بۆ دەستوور كە زۆربەی خەڵكی عیراق دەنگی پێداوە، بۆیە ئەوەی لەتوانای حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەیە بێت بەو پێیەو ئاڕاستەیەی كە لەسەرووی خۆمان پێمان دەدرێت، ئەوە ئێمە هەوڵدەدەین بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخەكە و ئەو گرژییەی دروستبووە و هەوڵدەدەین و بەجیدیش كە لەڕێگەی گفتوگۆو دانیشتنەوە چارەسەری هەموو كێشەكان بكەین نەك لەڕێگەی بەكارهێنانی هێزو چەكەوە، چونكە ئێمە دەزانین دەرئەنجامی بەكارهێنانی هێز لە كۆتایدا هەر گەڕانەوەیە بۆ سەر مێزی دیالۆگ، هەروەها ئێمە پێشمانوایە شەڕو بەكارهێنانی هێزو چەك نە لە بەرژەوەندی عیراقە و نە لەبەرژەوەندی هەرێمیشدایە.
* بەپێی دەستوور و لە عیراقی نوێدا، سوپا نابێت بكرێتە ئالیەتێك و تێكەڵاوی كێشە ناوخۆییەكان بكرێت، بەڵام ئێستا حكومەتەكەی مالیكی دەیەوێت سوپا كێشە ناوخۆییەكانی بۆ چارەسەر بكات، ئەمەش پێچەوانەی دەستووری عیراقە، ئایا تاچەند ئەم هەنگاوە عیراقی نوێ دەخاتە مەترسیەوە؟
- بەتەئكید لەهەر شوێنێك و بۆ هەر كێشەیەكی ناوخۆ ئەگەر ڕوو بكەینە بەكارهێنانی هێزو چەك ئەوە ئەو دەسكەوتانەی كە ئەمڕۆ لە عیراق هەیە دەكەونەبەر هەڕەشەو لەناوچوون، لەبەر ئەوەی بەكارهێنانی هێز لەهەموو ڕوویەكەوە مەترسیدارە بۆ سەر ئەو ئازادی و دیموكراسیەتەی كە ئەمڕۆ لە عیراقدا هەیە؟
* وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەركی پاراستنی هەرێمی كوردستانی لە سەرشانە، هاوكات هاوكار و هەماهەنگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری حكومەتی عیراقی فیدراڵ بۆ پاراستنی سنورەكان، ئەوەی لە كێشەكانی ئەم دواییەی زومار بەدیمان كرد، ئەوەبوو كە حكومەتی فیدراڵی بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ ئێوە هێزی هێناوە بۆ ئەو ناوچەیە، ئایا بۆچی حكومەتی مالیكی ویستویەتی تاكلایەنانە ئەم كێشەیە دروست بكات؟
- پێمانوایە دروستكردنی هەموو ئەو كێشانە مەبەستی سیاسی لەپشتەوەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە بتوانین ئەو شەڕ و كێشانە لەخۆمان دووربخەینەوەو خۆڕاگربین لەبەردەمی ئەو كێشانە و بەسەر ئەو تەنگژەو گیروگرفتانە سەركەوین، هەر وەكو ئەو جارەی كە لە سەعدیەو جەلەولا توانیمان ئەو بەرنامەو نیەت و مەرامانەی كە هەیانبوو شكستی پێ بهێنین.
* بێگومان بەڕێزیشت دەزانی بەپێی دەستووری عیراق پێویستە هەر بەرەو پیشەوەچوونێك لەسەر ئاستی مەشق و راهێنان و چەك لە سوپای عیراق رووبدات دەبێ هەمان شتیش بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێت، ئێستا وەك باس دەكرێت لەم لایەنەوە هێزی پێشمەرگە پشتگوێ خراوە، ئایا تاچەند لەپشت ئەم پشتگوێ خستنەوەیە نیەتی شەڕانگێزانە هەیە بۆ دووبارە هەڕەشەكردن لە هەرێم؟
- دیارە دەبێت بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە دابین بكرێت، كە دەڵێت لە بودجەی عیراق واتە هەموو پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە چ لەڕووی چەكەوە چ لەڕووی مەشق و ڕاهێنانەوە چ لەڕووی كەرەستەو پێداویستی لۆجستیكییەوە و تەجهیزاتەوە دەبێت لەلای حكومەتی ناوەندیەوە بۆ هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت، چونكە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكە لە دامودەزگای بەرگری نیشتیمانی عیراقی و بودجەی سیادیش بۆ هێزە چەكدارەكان لە بودجەی هەرێمی كوردستانیش دەبڕدرێت، بۆیە بەشە بودجەی ئێمە لە ناوەندە و بەیاساش ڕێكخراوە كە دەبێت بۆمان بێت، بەڵام لەساڵی 2007ەوە تا 2012 ش هیچ پارەو بودجەیەكمان وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە حكومەتی ناوەندەوە بۆ ڕەوانە نەكراوە و عیراقیش بەپێچەوانەوە خۆی پڕ چەك دەكات و بەئارەزووی خۆی چەك دەكڕێت و تەجهیزاتی هەیە و مەشق و ڕاهێنان دەكات و لەهەموو ئەمانەش تائێستا بەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی تێدا نەبووە سەرەڕای هەموو ئەمانەش ئێمە پێمانوایە جارێكی تر ئەو بارودۆخانەی كە لەپێشتر و لەزەمانی حكومڕانییەكانی پێش ئەو بارودۆخەی كە ئێستای تێدایە لە عیراقە هەبوو و دوای ڕووخانی سەدام جارێكی تر نایەتەوە پێشەوە، جارێكی تر هیچ كەس و لایەن و دەسەڵاتێك ئەوە نابینێت كە كورد ببێتەوە ژێردەستە و بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئەوان و بەمیللەتێكی یا بەهاونیشتیمانیەكی پلە دوو دابنرێت، بۆی هەیە هەندێ جار لە هەندێ شوێن ئەوان هەڕەشە بكەن یا هێزێك كۆبكەنەوە، بەڵام ئەمڕۆ ناتوانن شەڕ بكەن یا پەلامارمان بدەن، هەر چەندە لەلایەكی تر ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیە بڕوات و حوكمڕانی عیراق بەم عەقڵییەتەوە بەڕێوەبچێت ئەوە بۆی هەیە پاش چەند ساڵێكی تر مەترسی گەورەی هەبێت.
* ئێستا لەلایەن هەندێك پەرلەمانتاری نزیك لەدەوڵەتی یاسا باس لەوە دەكرێت كە هەرێم هەوڵیداوە چەك بكڕێت، ئایا ئێوە پێویستتان بەچەك هەیە، ئەگەر پێوستیتان پێی هەیە چۆن دەیكڕن؟
- من پێموایە ئەو پەرلەمانتارانەی دەوڵەتی یاسا كە ئەو جۆرە قسانە دەكەن ئەوە زانیارییان كەمەو لەئاستی ئەو بەرپرسیاریەتیەش نین، چونكە هەندێ قسە دەكەن بەناوی پەرلەمانتارانەوە كە هەندێكیان لەوان هیچ مافێك بە كورد نادەن، لەوانە هەیە دەڵێت كورد چەكی كڕیووە و پەیوەندی لەگەڵ فڵانە دەوڵەت هەیە و ئەو كەس و پەرلەمانتارو لایەنانە بەئارەزووی خۆیان قسە لە گیرفانیان دەردەهێنن و ئەمانەش بۆ شێواندنی بارودۆخ و بابەتەكانە، بۆیە لێرەدا بۆ زیاتر ڕوونكردنەوە ئێمە هیچ چەكێكمان نەكڕیووە، ئەگەر بێتە سەر ئەوەش بۆ پارێزگاریكردن لەخۆمان و لەمیللەت و دەسكەوت و ئەزموونەكەمان و لەكاتێكدا ئەگەر نائومێدیش بووین لە عیراق ئەوە بەتەئكید دەستكراوەین بۆ پڕچەككردنی خۆمان و ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوەكو بتوانین پارێزگاری لەدەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان بكەین.
* پێش ئەو رووداوانەی سوریا، چەندین جاری دیكە سنورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دراوسێكانەوە ئاڵۆزی لێ دروستبووە، بەڵام حكومەتی عیراق نە سوپای جوڵاندووە نە هیچ، بۆیە ئێستا كە هێز دەنێردرێت بۆ رەبیعەو زممار شتی دیكەی لێدەخوێنرێتەوە، ئایا بەڕای تۆ چی لە پشتی ئەو هەنگاوانەی حكومەتی عیراق هەیە؟
- لەڕاستیدا زۆرجار سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن دەوڵەتەكانی دەوروبەرەوە بەزێندراوە، بەڵام بەداخەوە عیراق هیچ هەڵوێستێكی روون و ئاشكرای بەرامبەر ئەو كێشەو دەوڵەتانە نەبووە، هەرچەندە ئێمە ماف بە عیراق دەدەین ئەگەر خۆی بەبەرپرس بزانێت بەرامبەر هەموو سنوورەكان و مافی خۆیەتی پارێزگاری لێ بكات، چونكە بەرپرسیاریەتی سنوورەكان لەئەستۆی حكومەتی ناوەندە، بەڵام لەكاتێكدا ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا و دەستوورەوە ئەگەر پێویستمان بە هێزو سوپای عیراق هەبێت بۆ پارێزگاری كردن لەسنوورەكانمان یا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەیەك كە كاریگەری خراپی بۆ سەر بەرژەوەندی و هێمنی و ئاسایشی هەرێم هەبێت و لەو كاتەشدا هەر دەبێت لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە داوا لە عیراق بكرێت بۆ هاوكاری كردن نەك حكومەتی عیراق لەخۆیەوە هێز بەكەڵەگایی بنێرێت ئەمەش نەقابیلی قبوڵە نە قبوڵیش دەكرێت.
* لایەنێكی دیكە مەسەلەی ناوچە دابڕێنراوەكانە كە ئێستا بەهۆی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە توانراوە ئەو ناوچانە سەقامگیریان تێدا دروست بكرێت، بەڵام هەوڵیش هەیە بۆ ئەوەی سەقامگیری ئەو ناوچانە تێكبدرێت، پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەگەر ئەو ناوچانە هەڕەشەیان كەوتەسەر تاچەند ئێوە ئامادەن وەك هێزی پێشمەرگە بیانپارێزن؟
- بەتەئكید یەكێك لەكێشەكانی ئێمە ئەو ناوچە دابڕێنراوانەی كوردستانە كە كێشەو ناكۆكیان لەسەرە و تائێستا نەگەڕاونەتەوە سەر هەرێمی كوردستان و ئەو هەڕەشەی پێشتر هەبوو لەسەر كورد و توركمان و دانیشتوانی رەسەنی ئەم ناوچانە ئەوە ئێستاكەش هەمان هەڕەشە بەزیادەوەش لەسەر خەڵكەكە هەیە، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە زامنێكە بۆ گەڕاندنەوەی ئەم ناوچە دابڕێنراوانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بۆ پاراستنی هێمنی و ئاسایشی ناوچەكە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەك كە دەكرێتە سەر دانیشتوانە ڕەسەنەكەی ئەو ناوچانە.
* لەدوای ساڵی 2003ەوە واتە لەدوای پڕۆسەی ئازاد كردنی عیراقەوە لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقدا لیژنەیەكی 3 قۆڵی هەیە كە ئەمەریكاش لەخۆ دەگرێت و هەماهەنگی نێوان ئەم سێ لایەنە كاروبارەكان بەڕێوەدەبات، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم هەماهەنگییە ئێستا ماوە، ئەگەر ماوە بۆ حكومەتی عیراق پێوەی پابەند نابێت؟
- تائێستاش ئەم هەماهەنگییە سێ قۆڵییە ماوە و كارو ئیشەكان وەكو خۆی دەڕوات بەڕێوە و بازگەی هاوبەش و لیژنەی هەماهەنگیمان لەنێوانەدا هەیە و لەهەندێ شوێن هێزو دەوریاتی هاوبەشمان بەیەكەوەیە، بەڵام بەتەئكید ئەو هەماهەنگیەش خەلەلی تێكەوتووە.
* حكومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان لە هەموو ئەو كێشانەی لەنێوانیان لەگەڵ عیراق دێتەپێش ڕێگاچارەی سەرەكی بەگفتوگۆو دانیشتن بووە، ئایا لەم كێشەی ئێستاكە كە حكومەتی عیراق هێزی هێناوەتە زممار هیچ دانیشتن و دیالۆگێك ئەنجام دراوە؟
- نەخێر لەم ماوەیەدا بەتایبەتی لە دەستپێكردنی ئەو كێشەو گرژیەی ئێستادا كە لە ناوچەی زوممارە هیچ دانیشتن و گفتگۆیەكمان نەكردووە.
* ئایا هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێكهاتەیەكی دامەزراوەیی و ڕێكخراوە و دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئەو كێشەو گرفت و هەڕەشانە ببێتەوە كە ڕووبەڕووی دەبنەوە؟
- بێگومان هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە شێوەیەكی سەردەمیانە بەدامەزراوە كراوە، بەدڵنیاییەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئەو كێشەو گرفت و هێزانە ببێتەوە كە ڕووبەڕووی دەبنەوەو هەڕەشەن بۆ سەر ئەزموون و دەسكەوتەكانی هەرێمی كوردستان.