مستەفا ئاكیول بۆ گوڵان: پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان سیاسەتی نكۆڵیكردنی لەبوونی كورد لە توركیا نەهێشتووە

مستەفا ئاكیول بۆ گوڵان: پێوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان سیاسەتی نكۆڵیكردنی لەبوونی كورد لە توركیا نەهێشتووە
مستەفا ئاكیول یەكێكە لەڕۆژنامەنووسە دیارەكانی توركیا و جیا لەوەی ڕۆژنامەنووس دەرچووی زانستە سیاسیەكانی زانكۆی ئەستەنبولەو تیزی ماستەرنامەكەی لەسەر كێشەی كوردە لەتوركیا، ئاكیول ستوونووسە لەڕۆژنامەی حوریەت دەیلی نیوز و ستار كە دوو ڕۆژنامەی گەورەی توركیان، هەروەها وتارەكانی لەلەگۆڤاری فۆرن ئەفیرز و واشنتۆن پۆست و وۆل ستریت جۆرناڵ بڵاو دەبێتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر توركیا وەك دەوڵەتێكی گەورە لەناوچەكە و كاریگەری لەسەر كێشەكانی سوریا و عێراق و هەروەها ئاستی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا و ستراتیژیەتی حكومەتی ئاك پارتی بۆ چارەسەری كێشەی توركیا، وتووێژێكی ڕۆژنامەگەریمان لەگەڵ مستەفا ئاكیول سازكرد كە ئەمە دەقەكەیەتی:
* ئەو گۆڕانكاریانەی ئێستا لەناوچەكەدا ڕوودەدەن، توركیا قسەی خۆی لەسەر هەریەكێكیان هەیە، بەتایبەتیش مەسەلەی سوریا كە گرنگە بەشێوەیەك چارەسەر بكرێت كە بارودۆخی ناوچەكە نەشڵەژێت، یان كاریگەری لەسەر هاوسەنگی ئەقلیمی دروست نەكات، ئایا بەڕای تۆ توركیا ئێستا چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەكی گرنگی وەك دۆسێی سوریا دەكات؟
- ئاشكرایە تا ماوەیەك لەمەوپێش پێوەندیەكانی نێوان توركیا و سوریا لەوپەڕی باشی بوو كێشەكانی نێوان سوریا و توركیا چارەسەركرا بوون و دۆستایەتی و هاوپەیمانی باڵی بەسەر پێوەندیەكانی نێوان سوریا و توركیا كێشابوو، ئەمەش نیشانەی نیاز پاكی توركیا بوو، بەڵام گۆڕانكارییەكانی وڵاتانی عەرەبی هەر وەك چۆن هاوسەنگی زۆربەی شتەكانی گۆڕی، بەهەمان شێوە سوریاشی گرتەوە و داواكاری بۆ ئازادی و دیموكراتی لەوێش دەستی پێكرد، جێی ئاماژەیە كە تەنانەت لەم كاتەشدا توركیا بەڕژێمی سوریای ڕاگەیاند كەوا پێویستە گوێ بۆ داواكاریەكان شل بكات و ڕیفۆرمێكی دیموكراسی دەسپێبكات و پێیوابوو كە ئەمە لەبەرژەوەندی سوریا دەبێت، بەڵام دواتر توركیا بینی كە ئەم ئامۆژگاریانە بێسوود بوون و سوریا لەبەرانبەر داواكارییەكانی خەڵك دەستی كرد بەبەكارهێنانی چەك و توندوتیژی و دواتریش لەدوای ئەوەی پەناهەندەكانی سوریا هاتنە ناو خاكی توركیا، حكومەتی توركیا و تەنانەت شەقامی توركیش هەڵوێستی بەرامبەر سوریا گۆڕا، ئەمەش كاری كردە سەر پێوەندیەكانی نێوان هەردوولا و ئێستا پێوەندیەكان لەوپەڕی گرژیدایە، بەڕای من توركیا لەسیاسەتی بەرامبەر سوریا بەشێوەیەكی ئەخلاقی هەنگاوی هەڵگرتووە و پێم ئاساییە كە زۆر بەتوندی ئیدانەی توندوتیژی سوریا دەكات. بەڵام پێویستە ئەوەش بڵێم كە دەست تێوەردانی سەربازی توركی بۆ سوریا دروست نییە و بابەتێك نییە كە لەئەجێندای توركیا بێ و توركیاش خاوەنی ڕوانگەیەكی لەم جۆرە نییە. بەڵام تا پێی بكرێت هەوڵ دەدات لەڕێی دەوڵەتانی دەوروبەرەوە گوشار بخاتە سەر ڕژێمی ئەسەد و بەرەو گۆڕانێكی دیموكراسی ببات و لەم بارەیەوە توركیا یەكێكە لەدەوڵەتە هەرە كاریگەرەكانی ناوچەكە و بێگومان توركیا دژی شەڕە لەناوچەكە و نایەوێ ئەزموونێكی وەك شەڕی عێراق دووبارە ببێتەوە، چونكە ئەمە لەقازانجی كەس نییە لەناوچەكە و لەقازانجی توركیاش نییە، هەر بۆیە بەهەماهەنگی لەگەڵ سەركردەی دەوڵەتانی ناوچەكە هەوڵ بۆ گۆڕینی ڕژێمە دیكتاتۆریەكان دەدەن بەبێ خوێن ڕشتن و پاڵپشتی دیموكراسی دەكەن، ئەمە بێگومان سوریاش دەگرێتەوە.

* سوریا چۆن دراوسێی توركیایە بەهەمان شێوە دراوسێی عێراق و هەرێمی كوردستانیشە، لەم هاوكێشەیەدا توركیا و هەرێمی كوردستان تاڕاددەیەك هەڵوێستیان لێك نزیكە، بەڵام هەڵوێستی بەغدا جیاوازە و لەگەڵ مانەوەی ڕژێمی ئەسەدە، ئایا تاچەند هەرێمی كوردستان و توركیا لەم پرسەدا دەتوانن یەك ئاراستە بۆ سوریا پێكەوە دیاری بكەین؟
- هەرێمی كوردستان و توركیا لەزۆر بواردا خاوەن هەڵوێستی هاوشێوەن، لەمەسەلەی سوریاش هەر بەهەمان شێوە هاو هەڵوێستن، بۆیە من بەمە زۆر خۆشحاڵم، لەبەر ئەوەی وەك توركێك چەندین جار پشتگیری پێوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و توركیام كردووە و دڵخۆشم ئێستا دەبینم پێوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا لەم ئاستەدایە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی مالیكی كە ئەویش وەك ئێران بیردەكاتەوە لەگەڵ چەند دەوڵەتێكی تری ناوچەكە پاڵپشتی مانەوەی ڕژێمی ئەسەد دەكەن و لەڕوانگەی ئەوانەوە هەرچیەك دەبێ با ببێ، بەڵام پێویستە پاڵپشتی ڕژێمی سوریا بكرێ و ئەسەد لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەمە ستراتیژی ئەو دەوڵەتانەیە كە بێگومان فاكتەری مەزهەبی ڕۆڵێكی گرنگی لەم پرسەدا گێڕاوە، بەڵام پاڵپشتیكردنی ڕژێمێك كە بەكوێرانە خەڵكی خۆی بەكۆمەڵ دەكوژێت، بێگومان ئەمە هەڵوێستێكە دوورە لەئەخلاقەوە، بۆیە من لێرەوە هەڵوێستی حكومەتی ڕێزدار بارزانی و هاوشێوەبوونی لەگەڵ هەڵوێستی حكومەتی توركیا زۆر بەرز هەڵدەسەنگێنم و جێی خۆشحاڵیە و بێگومان مافی كوردەكانی سوریاش بابەتێكی زۆر گرنگە و پێویستی بەگۆڕانكاریەكی دیموكراسی ئەوتۆیە كە جارێكی تر ئاڵۆزی لەناو سوریا دروست نەكات و مافی ئەم گەلەش پشتگوێ نەخات. لەم ڕووەوە ئەگەر حكومەتی مەركەزی عێراق و ئێران وەك پێویست هەڵوێست بنوێنن، ئەوا ڕژێمی سوری بێگومان زیاتر دەكەوێتە ژێر گوشارەوە و بەگۆڕانێكی دیموكراسی ڕازی دەبێ، بەڵام بەداخەوە ئێران و ڕووسیاش لەپشتەوە لەگەڵ حكومەتی مەركەزی عێراقی پاڵپشتی ئەم سیاسەتە نا مرۆڤانەیە دەكەن.

* هەرچۆنێك سەیری ئەم گۆڕانكاریانە بكرێن، هەست دەكەین چارەسەركردنی كێشەی كوردیش گۆڕانی بەسەردا دێت، بەمانایەكی دیكە، پێویستە بیر لەچارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ كێشەی كورد بكرێتەوە، حكومەتی توركیا بەم ئاراستەیە هەنگاوی هەڵگرتووە، بەڵام پرسیار ئەوەیە حكومەتی توركیا تاچەند هەنگاو بۆ بەكردەیی كردنی ئەم ستراتیژە تازەیە هەڵدەگرێت بۆ ئەوەی كلیلی گۆڕانكارییەكان هەر بەدەستی خۆیەوە بمێنێتەوە؟
- كێشەی كورد لەتوركیا بەڕاددەیەكی زۆر دەرەنجامی سیاسەتی تێكەڵكردنەوە و تواندنەوەی ڕژێمە سیاسیەكانی پێشووی توركیایە و لەگەڵ هاتنی ئاك پارتی بەڕێژەیەكی زۆر ئەمە لەئارادا نەما، هەر لەسەردەمی تورگوت ئۆزال كرانەوەیەك لەم بارەیەوە دەستی پێكرد و حكومەتیش ئەمەی زیاتر بەرەوپێش برد، بۆیە ئەوانەی كە دژایەتی ناسنامەی كوردیان دەكرد لەتوركیا بەڕێژەیەكی زۆر بەرچاو كەمبوونەتەوە، بەڵام لەلایەكی تریشەوە داواكاریەكانی كۆمەڵگەی كوردی هەمیشە لەزیادبوون دان و بێگومان كارێكی ئاسان نییە كە بتوانی بەشەكەی تری كۆمەڵگە بۆ جێبەجێكردنی ئەم داواكاریانە ڕازی بكەی. دووەم پ.ك.ك كە لەتوركیا لەژێر ناوی داواكاری ماف بۆ گەلی كورد چەكی هەڵگرتووە ئەمان زیاتر بۆ ئامانجە سیاسیەكانی خۆیان كۆشش دەكەن و لەم بارەیەوە داوای ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی لەتوركیا دەكەن كە بدرێتە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان، ئەمەش زۆر زەحمەتە لەلایەن بەشەكەی تری كۆمەڵگە قبوڵ بكرێ، هەمیش بەشێكی زۆر لەكوردەكان دەنگیان بەئاك پارتی داوە و ئەمانیش بەمە ڕازی نین، چونكە لێرەدا پ.ك.ك داواكاریەكی سیاسی زۆری هەیە، بەڵام لەهەمان كاتیشدا ئاك پارتیش هەندێك ڕەخنەی لەسەر هەیە پێویستە ئەمەش ببینین، بۆیە زۆر گرنگە بزانین ئەم كێشەیە بەكوێ دەگات، لەم چوارچێوەیەدا من پێموایە دۆستایەتی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، ئەو بۆچوونە چەوتەی كە دژی كورد هەبوو و نەیدەویست دان بەبوونی كوردا بنرێت، گۆڕیوویەتی، ئەمڕۆ توركیا بەسایەی دروستكردنی پێوەندی دۆستانە لەگەڵ كوردەكانی عێراق و بەشێك لەكوردەكانی سوریا توانیویەتی ئەوە نیشان بدات كە خاوەنی ڕوانگەیەكی گشتگیری دیموكراسیە. سەبارەت بەگەلی كوردیش من حەز دەكەم كورد لەبری ئەوەی بیر لەڕاگەیاندنی دەوڵەتێكی بچووكی نەتەوەیی بكاتەوە، سەیری یەكێتی ئەوروپا بكات، بەمانایەكی دیكەش با لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەهەمان شێوەی یەكێتی ئەوروپا بیر بكەینەوە و ڕێگەی ئۆتۆنۆمی و فیدرالی بەیەكەوە گرێبدرێنەوە و كێشەكانمان چارەسەر بكەین، لەم ڕووەشەوە جیاوازی نێوان توركیا و عێراق ئەوەیە كە لەتوركیادا كوردەكان زۆر بڵاوبوونەتەوە بۆ نموونە زۆرترین ڕێژەی كورد لەئیستانبوڵە نەك لەدیاربەكر، لەم ڕووەوە سیستەمی فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی وەك عێراق لەوانەیە جێبەجێكردنی قورستر بێ لەم ڕووەوە لەتوركیا و لەوانەیە توركیا هەندێ تایبەتمەندی جیاوازی هەیە، بەڵام هەرچۆنێك بێ پێویستە مافی كوردەكان بپارێزرێ و ڕێزی لێبگیرێ لەم ڕووەشەوە هەنگاوی گرنگ هەڵگیراوە و پێویستیمان بەڕیفۆرمی نوێتر هەیە و هیوادارم حكومەت ئەمە چارەسەر بكات لەگەڵ دەستووری نوێ. بەڵام چەك داگرتنی پ.ك.ك ش لەتوركیا كارێكی زۆر قورسە لەم ڕووەشەوە ئاگاداری هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان و ڕێزدار بارزانین و من وەك تاكێكی تورك لێرەوە دەمەوێ سوپاسی بەڕێزیان بكەم.

* ئێستا پرۆسەی سیاسیی عێراق بەرەو ئالۆز بوون دەچێت و مەترسی ئەوە دەكرێت بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بارودۆخەكە بەرەو خراپتر بچێت و ترسی ئەوە هەیە بارودۆخی عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە ئاڵۆز بێتەوە، ئەم ئاڵۆزیەش لەبەرژەوەندی توركیا نابێت، بەتایبەتی ئێستا كە پێوەندیەكی گەورەی ئابووری و بازرگانی لەنێوان توركیا و هەرێمی كوردستان هەیە، ئایا لەم بارودۆخەدا توركیا هەڵوێستی چۆن دەبێت بەرامبەر باوردۆخەكە بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی؟
- توركیا هیچ كاتێك پاڵپشتی ناكۆكی سوننی و شیعەی عێراقی نەكردووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە هەمیشە هەوڵی دامركاندنەوەی داوە، سەرۆك وەزیرانی توركیا كە سەردانی عێراقی كرد، سەردانی سیستانی و ناوچە پیرۆزەكانی كرد و گوتی من موسڵمانم لەبری سوننی و شیعە بۆ نمونە. ئەمڕۆش توركیا دژی ناكۆكی مەزهەبیە لەعیراق و لەم ڕووەوە سیاسەتی گشتگیر پەیڕەو دەكات، حكومەتی مالیكی و ئێران هەمان هەڵوێستیان نییە، ئەمەش بۆتە هۆكاری ئەوەی توركیا زیاتر لەكورد و عەرەبە سوننەكانی عێراق نزیكتر بێت، لەبەرامبەر ئەمەشدا حكومەتی مالیكی هەڵوێستێكی توندی بەرامبەر توركیا وەرگرت سەرەڕای ئەمەش سیاسەتی توركیا لەعێراق بریتییە لەبەرەنگاربوونەوەی ناكۆكیەكان و پاڵپشتی كردنی ئاشتی، ئەكەر مالیكی تۆزێك لەم هەڵوێستە توندەی بەرامبەر توركیا بگۆڕێت، ئەوا پێموایە لەئەنكەراش هەنگاوی بەرامبەر وەردەگرێ، چونكە ئەنكەرا حەز بەبوونی كێشە ناكات و حكومەتی مالكیش نازانم ئەمە چۆن لێك دەداتەوە. حكومەتی توركیا لەناوچەكە پاڵپشتی دوو شت دەكات یەكەمیان ئاشتی و سەقامگیری دووەمیان دیموكراسی، توركیا لایەنگیری خۆشگوزەرانییە و لەم ڕووەوە ئەگەر بێتو سەیری توركیا بكەین، ئەوا داهاتێكی نەوتی نییە. بۆیە خۆشگوزەرانیش پەیوەستە بەسەقامگیری و ئاسایش و ئاشتی و دیموكراسی ناوچەكە، بۆیە هیواخوازم حكومەتی مالیكیش لەعێراق سیاسەتی گشتگیرتر لەبری سیاسەتی تاكڕەوی پەیڕەو بكات و بێگومان توركیاش لەم ڕووەوە پاڵپشتیی دەكات.

* ئایا تاچەند مەزندە دەكرێت توركیا لەیەك كاتدا بتوانێت ڕۆڵێكی گەورە وەك دەوڵەتێكی گرنگ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگێڕێت و لەهەمانكاتدا هەنگاو بەرەو ئەندامیەتی یەكێتی ئەورپاش هەڵبگرێت؟
- پێشەكی پێویستە ئەوە بڵێم كە هەوڵی توركیا بۆ بەئەندام بوونی لەیەكێتی ئەوروپا هێور بۆتەوە و بەخێرایی جاران بەردەوام نییە، ئەم كەمبونەوەی خێراییەش لەپاڵ هەڵبژاردەو بڕیاری توركیا پەیوەستە بەبارودۆخی ئەوروپا كە دەوڵەتانی وەك فەرەنسا و ئەڵمانیا دژی بەئەندامبوونی توركیان و بەتایبەتی حكومەتی ساركۆزی لەم ڕووەوە زۆر بەڕوونی ڕایگەیاند كەوا توركیایان ناوێت، هەرچەندە توركیا تووشی جۆرێك لەساردبوونەوە بووبێت، بەڵام گۆڕانی هاوسەنگیەكان لەئەوروپا و نەمانی ساركۆزی لەوانەیە دووبارە تێن بەتوركیا ببەخشێ بەهەنگاونان بەچالاكی، لەم ڕووەشەوە پێم باش نییە زۆر بەخێرایی توركیا هەنگاو بنێت و ویستی شەقامی توركیش بەڕێژەیەكی باش كەمبۆتەوە و ئابووری توركیا لەزۆربەی ئابووری دەوڵەتە ئەوروپیەكان باشترە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم باشە ئەم ماوەی بەئەندام بوونە هەر بەردەوام بێت و لەهەمانكاتدا توركیاش لەسەر ڕۆڵــگــــێڕانی خـــــــــــــۆی لەڕۆژهەڵاتی نــــاوەڕاســت بەردەوامە، لەبەر ئەوەی ئەم هەنگاوە دژ بەیەكنین، بەڵكو تەواوكاری یەكترین.
Top