د. ئیبراهیم زەعفەرانی سەركردەی پێشووی ئیخوان موسلمین و دامەزرێنەری حزبی نەهزە بۆ گوڵان: ئیخوان موسلمین وەك هەر حزبێكی تر سیاسەت دەكات، سیاسەتیش هەندێك شتیان لێ داوا دەكات، رەنگە لە ئایینی ئی

د. ئیبراهیم زەعفەرانی سەركردەی پێشووی ئیخوان موسلمین و دامەزرێنەری حزبی نەهزە بۆ گوڵان: ئیخوان موسلمین وەك هەر حزبێكی تر سیاسەت دەكات، سیاسەتیش هەندێك شتیان  لێ داوا دەكات، رەنگە لە ئایینی ئی
* وازهێنانت لە گرووپەكەو دامەزراندنی حزبێك بە جیا لەوانی تر، زۆرانی سەرسام كردن، چی بووە هۆو پاڵنەرت بۆ ئەنجام دانی ئەو كارەت؟
ـــ هەڵەو كەموكورتیەكانی ناو گرووپ زۆر بوون و، هیچ وەڵامدانەوەیەكیان بۆ گۆڕانكاری پێ نەبوو، لەو دۆخەدا زەحمەت بوو لە ناویاندا بەردەوام بوومایە، ئەوەشم دەزانی كە لەگەڵ مەردایەتی و جوامێری و ڕەوشتبەرزی نەدەهاتەوە، لە كاتێكدا بڕیارێكی وا سامناك بدەم كە ئیخوانەكان ڕاپێچی ناو زیندانەكان دەكران و دەچەوسێنرانەوە، بەڵام لە پاش شۆڕشەكەوەو دوای ئەوەی ئیخوان كەوتنە بەر چاوو گوێی هەمووان و كەسیان لە كونجی زیندانەكان نەمانەوەو ستەمی دەزگا ئەمنیەكان لەسەریان لابرا، لە ڕووی شیمەتی مرۆییەوە بە هەندێك شتی ئەو گرووپە ڕازی نەبووم، بینیم شەقامەكەش لەپێش دامەزراندنی كیان و گرووپی تردا فراوان بووە، تاك گرووپ و تاك حزبی، قۆرخكاری و گەندەڵێتی لێ دەكەوێتەوە، قۆرخكاری تەنیا ڕێگەیەكی خێرایە بۆ گەندەڵێتی و جەبەرووت و دەسەڵاتخوازی، قۆرخكاری پەلكێشمان دەكاتە ناو هەژموونی سەرلەنوێی حزبی تاقانەوە، دەبێتە خاوەنی تاقانەی حكومەت و ئەنجوومەن، كۆنترۆڵكردنی هەموو پرۆسەی ژیانی سیاسی لەلایەن یەك حزبەوە با ئاڕاستەی ئایینی هەرچییەك بێت، ئەنجام هەر ستەمكاری لە دوایەو هەموو یاساكانی گەردوونیش ئەمە دەسەلمێنن، بۆیە پێم باش بوو ڕكابەری بەهێز و شەریف بێتە ناو مەیدانەوە، بەو بڕوایەمەوە كە هەمە بۆ فرەیی و هەبوونی فیعلی حزب و كیاناتی تری ڕكابەر لە مەیدانەكەدا، ئەم بڕوایەم وای لێ كردم لەگەڵ هەندێ هاوبیری خۆمدا هەوڵی دامەزراندنی حزبێك بدەین، ئێستا هەمەچەشنەیی كیانەكان پێویستە لە میسردا، هەر كەس بە تواناو خەسڵەتی خۆیەوە بێتە پێش و ئەوانەی كە ئامانجیان لە یەكترەوە نزیك بێت لە فراكسیۆندا یەكتربگرنەوە..
* تۆ بە كەسایەتییەكی لەسەرخۆو ئارام و عاقڵمەند ناسراویت، ئەم سیمایانەی كەسایەتیت وایان لە خەڵكی كردووە لەو هۆكارە بەهێزە بپرسن كە هاندەرت بووە بۆ وازهێنان لە ئیخوانەكان؟
ـــ دوو هۆكار هەیە، یەكەمیان ئەوەیە من و كەسانی تریش لە ناوخەڵكی، داخوازی هەندێك چاكسازی كارگێڕی ناو ئیخوانەكانمان دەكرد، هەمان ئەو داخوازییانەی لە ڕژێمەكەی حوسنی موبارەكمان داوا دەكرد، كە چاودێری توندو جددی لەسەر دەزگاكانی جێبەجێكردن هەبێت بەتایبەت لەسەر نووسینگەی ئیرشاد و نووسینگە كارگێڕییەكانی پارێزگاكان تا ئەوانی تریش، ئەنجومەنەكانی شوورا دەسەڵاتیان هەبێت بۆ لێپێچینەوەی ناوەندەكانی كارگێڕی و دەزگاكانی جێبەجێ كردن، دووەمیان دروست كردنی دەزگایەكی دادپەروەری كارگێڕی كە بتوانێت لە ناو ئیخواندا دادپەروەری بەرجەستە بكات، هەڵەپاسەكان گەمارۆبدات نەك بە تەنیا ئەوانەی هەڵەكارن لە ناو ڕێكخستنەكاندا بەڵكو ئەوانەی بە حەقی پێوەندییەكان و ڕێبازەكان و ئەركەكانی سەرشانیان لە بەرانبەر خەڵكانی تریش كەمتەرخەم بوون، هیچ لیژنەیەكی تایبەتمەند بوونی نەبوو بۆ لێپێچینەوە لە هەڵەپاسەكانی ناو گرووپەكە، چونكە دەزگای دادوەری و چاودێری بوونیان نەبوو، خۆ ئەگەر مرۆڤ بە تەنیا بۆ خوداپەرستی خۆی تەرخان بكردایە، ئەوا خودا سزاكانی لە دنیادا بۆ دیاری نەدەكرد، خوداپەرستی بە تەنیا بەس نییە، پێویستە دەزگای چاودێری باش بوونی هەبێت تا هەمووان لە دەسەڵاتی ڕەها بە دوور بگرێت كە گەندەڵێتی ڕەهای لێ دروست دەبێت..
لە لیستی گرووپەكەدا هاتووە كە ئەنجومەنی جێبەجێكار دەتوانێت هەموو پیشەكانی هەیئەی شوورا وەربگرێت لە حاڵەتی كۆنەبوونەوەیدا، مەحاڵ بوو لە سەردەمی ڕژێمی پێشوودا ئەو هەیئەیە كۆبێتەوە، بۆیە نووسینگە كارگێڕییەكانیی و لەسەرو هەمووشیانەوە نووسینگەی ئیرشاد لە یەك كاتدا ڕۆڵی ڕكابەرو حەكەمیشی دەگێڕاو هەر خۆی لێپێچینەوەی لەگەڵ خۆیدا ئەنجام دەدا، لەو بڕوایەدام ئەمە پشت شكێنی هەر گرووپێكە ئیتر ڕێبازی هەر شێوەیەك بێت، ئەگەر بێت و مێخی بنەوا بۆ كارەكانی دانەكوتێت ئەوا چارەنووسی كارەكانی بە شكست كۆتایی دێت، هەرچەندەش خەڵكی قەبارەكەی لە دەرەوە بە زل ببینن، بەڵام لە ناوەوەیش پێویستە بوونی توندو تۆڵ ببێت، نەبوونی توندوتۆڵی ناخەكیە وا لە بونیادەكە دەكات، بیخاتە مەترسی لە ناوچوونەوە، من لەو كەسانە نەبووم كە هەڵە ببینم و فزەم لێوە نەیەت، كە كەوتمە ڕكابەریش نەمدەتوانی ڕاستییەكان بە هەموو ئەندامانی ئیخوان بگەیەنم، بۆیە لە ڕێی هۆیەكانی ڕاگەیاندنەوە كەوتمە بڵاوكردنەوەی نووسین، هاوبیرانم لە نووسینگەی ئیرشادەوە بەمە زۆر تووڕە بوون، گەرچی كەسیان غیرەتی ئەوەیان نەبوو لێكۆڵینەوە لە دژم ئەنجام بدەن، بەڵام بێدەنگی ئەوان وایان لێ كردم لە گرووپەكە وازبهێنم وێڕای بەڵێنی هەندێكیان بۆ چاكسازیی، من ڕێز لە بیرو ڕایان دەنێم ئەوانیش لەسەریان پێویستە ڕێز دابنێن بۆبیرو ڕای ئەوانی تری كە دەیانەوێت كیانی تری سەر بەخۆیان دامەزرێنن، ئەم عەیب و عارانە لەناو ئیخوانەكان هەن و پێویستە دەست بكەن بە چاكسازی ناو خۆیان، گەرچی درەنگیش بێت باشترە لەوەی بەم شێوەیە بمێننەوەو چاكسازی نەكەن..
* گەیشتویتەتە ئەو بڕوایەی كە هیچ ئومێدێك بۆ چاكسازی لە ناو ئیخواندا نەمابێت؟
ــ چاكسازی لە ناوخۆوە زەحمەت بووە، بەربەستی گەورەی لە بەردەم دانراوە، ئیخوانەكان ئێستا سەریان قاڵە، تیا ڕاماون ئایا خۆیان بۆ چاكسازی تەرخان بكەن یان بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەكە، بەرپرسیارێتی مەزنیان لە بەرامبەر گەل دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە ئەوان تەنیا لایەنێك بوون كە بەر لە شۆڕش ڕێكخراو بوون، بۆیە پڕكردنەوەی بۆشاییەكان ئەركی ئەمان بووە، پێویستە جێی ئومێدی خەڵكی بن، چونكە وڵاتەكە بەمان سپێردراوە وڵات لە هەموو بوارەكانەوە تێكشكانی بەر كەوتووە دوای ئەوەی هەموو دەزگاكانی تێكشكاون و تاسەر مۆخ گەندەڵییان تێدا بڵاوبۆتەوە، دوای ئەوەی ڕژێم ڕووخاوەو هێشتا زۆر كەس لە پێگەی خۆیاندا بە گەندەڵێتی ماونەتەوە، لە ڕیشەوە دەركێشانی ئەو هەموو گەندەڵێتییە كات و كاری زۆری دەوێت هیمەتی دەوێت لە هەموو نیشتمانپەروەرانی ئەم وڵاتەوە..
* هەن دەڵێن ئیخوانەكان هەوڵی هەژموونگەرایی و قۆرخكاری و دەسەڵاتخوازی دەدەن، دەیانەوێت بیرو ڕای خۆیان بەسەرهەموواندا فەرز بكەن، وەك ئەوەی حزبێكی تری وەتەنی بن هەر وەك ئەوەی پێشوو؟
ــ لەو بڕوایەدام لە ژێر سایەی شۆڕش و بێداربوونەوەی ئێستادا كە واقیعەو هەیە ناتوانن لە بەرامبەر گەل قۆرخی هەموو شتان بكەن، واقیعەكە ئەوەیان بەسەردا دەسەپێنێت كە مامەڵەی دروست لەگەڵ هەموواندا بكەن، بارودۆخەكە لەوان بەهێزترو گەورەترە، پێویستە هاریكاریی ئەوانی تر بن، لەو بڕوایەدام بوونی سەلەفی و ئیخوان لە پرۆسەی سیاسیدا وەرچەرخانی گەورە دروست دەكات بە گۆڕینی دیدو بۆچوونەكانیان لە بەرانبەر ئەوانی تر، ئەگەر كاری باش بكەن جێی دەستخۆشی هەمووان دەبێت، بەڵام ئەگەر خراپە بكەن كۆمەڵگەی میسری بەزەیی بەوانیشدا نایەتەوەو لێیان خۆش نابێت، چونكە هۆیەكانی ڕاگەیاندن چاویان كراوەیەو خەڵكی بۆ بینینی داخوازی و پێداویستییەكانیان، هۆشیارییان هەیە، هیچ شتێك لە هاووڵاتیان ناشاردرێتەوە، وەك جاران نییە، چیتر زەمەن ناگەڕێتەوە بۆ فەرمانڕەوایی یەك حزبی و یەك سەركردەیی، پێویستە بنەماكانی وەرچەرخانی دیموكراتی لە وڵاتماندا بچەسپێت، چونكە تەنیا ئەزموونێكی مرۆڤایەتییە كە سەركەوتنی وەدەست هێنابێت، دینگەكانی ئەم ئەزموونەش بریتییە لە فرەیی هاوكوفانە..
* زۆران كەس هەن پێیان وایە ئیخوان بەرنامەی حازربەدەستی هەیە بۆ داڕشتنەوەو پەیكەربەندكردنەوەی گەلی میسری، بە پێچەوانەی حزبی نەهزەی تونسییەوە وەك نموونە؟
ــ لەو بڕوایەدام ئیخوان ناچارن هانا بەرنە لای ئەوانی تر و بە پێی واقیعەكە مامەڵەیان لەگەڵ بكەن گەرچی خاوەن توانستی زۆریان هەیە، بەڵام لە ئاست تەحەدیاتی دۆخەكەدا نین بۆیە ناچارن بێ جیاوازی هانا بەرنە لای هەموو خاوەن توانستەكانی وڵاتەكە، چونكە میسرییەكان هەموویان دڵسۆزن بۆ وڵاتیان..
*كەواتە میتۆدەكەی ئیخوان هانا بردنە بۆ ئەوانی تر نەك هاوبەشی كردن و شەریكایەتی لەگەڵ ئەوانی تردا؟
ــ ئەگەر بیانەوێت حكومەت دامەزرێنن، فەرزە لەسەریان سوود لە هەموو وزەو توانستەكان وەربگرن ئەگینا شكست دەهێنن، ئەگینا گەل وازیان لێ دێنێت چۆن بە ئاسانی سەركەوتن بە هەمان شێوە بە ئاسانی دەڕووخێن، هەر لایەنێك بێ ماندوو بوون و بێ توانست و بێ شارەزایی سامانێكی دەست بكەوێت دەیدۆڕێنێت بەڵام ئەو لایەنەی بە دروستی خۆی بینا دەكات لە هەموو بوارەكانی ژیاندا بەرنامەی دەبێت و زەحمەتە بەئاسانی شكست بهێنێت، ئیخوان باش دەزانن كە ئۆپۆزسیۆن لە بواری ڕاگەیاندن و بواری پرۆسەی سیاسیدا تۆكمەن و هێندە ئاسان نییە بەسەریدا زاڵ بن، چونكە ئەم هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی میسری پێشتر ستەمی دەزگا سەركوتكارەكانیان تاقیكردۆتەوە، بۆیە تەنیا بە كرانەوە بارودۆخەكان لە وڵاتدا دەگۆڕدرێن..
* چۆن گەلی میسرو كاردانەوەكانی هەڵدەسەنگێنیت، ئایا گەلێكە بە ئاسانی دەچێتە ژێر ڕكێفی هەر كەسێكەوە كە دروشمی ئیسلامەتی لێ هەڵبڕێت؟
ــ گەلێكی دڵسافن، بەڵام هاوكات پێداویستییان هەیە، ئەوەی ئەو پێداویستیانەی بۆ دابین نەكات دەیڕووخێنن، ئیتر چەندە ئەو كەس و لایەنە ئاییندار بێت هەر دروشمێكی لێ هەڵبڕیبێت، گەل چیتر ناكەونە ژێر سۆزی كوێرانەوە، مەترسی گەورە لەوەدایە ئەوانەی بە ئاڵای ئیسلامییەوە هاتوون شكست بخۆن و ئەم شكستە لەسەر ئاڵاكە حیساب بكرێت، بۆیە پێویستە ئیخوان بە ئاسایی مامەڵە بكەن و بانگەوازی ئیسلامی لێ بگەڕێن بۆ دەزگا تایبەتمەندەكان چ ئەزهەر یان دەزگا ئاینیەكانی تر، پێویستە وەك مرۆڤ گفتوگۆبكەن و پێوەندییان بە حەرام و حەڵاڵكردنەوە نەبێت، شتێك نەكەن سۆزی خەڵكی بە هۆكاری ئاینی بەلای خۆیاندا ڕابكێشن و بە كەوتنی خۆیان هەیبەتی ئاینیش لە بەرچاوی خەڵك بخەن، بۆیە پێویستە دامودەزگای ئاینی تر هەبن بۆ كاروباری ئایین، ئیخوان وەك هێزە سیاسییەكانی تر بە سیاسەتەوە خەریكن، سیاسەتیش هەندێك شتیان لێ دەخوازێت، كە لە ئاییندا گونجاو نییە، شەرع رێگەی داوە بە فەرمانڕەوایەتی كردن، بەڵام نەك بەوەی بانگەواز بۆ فەرمانڕەوایی بە ناوی ئاینەوە بكرێت.
* سەبارەت بە بودجە، زۆر هەن وای دەبینن كە بودجەیەكی زەبەلاح خراوەتە بەردەستی ئیخوان و ئیسلامیەكانی ترەوە كە لە دەرەوەی میسرەوە بۆیان دێت؟
ـــ لە ڕاستیدا ئیخوانەكان لە هەموو دنیادا بڵاوبوونەتەوەو لە موچەكانی خۆیانەوە پارە بە حزب دەبەخشن..
* باشە پارەی تریان لە لایەن و دەوڵەتانی دەرەوە بۆ نایەت؟
ــ ئەو پارانەی لە ئەندامانی خۆیانەوە دێت بۆیان ملیۆنەهایە، لەو دواییانەدا چارەگی موچەكانی ئەندامانی خۆیان، ئەوانەیان كە لە تاراوگەن لێیان وەردەگرتن، واتە پارەی سێ مانگی مووچەی كاركردنی ساڵێكی هەر ئەندامێكیان ئابوونەی حزب بوو، بۆ ڕۆژانی هەڵبژاردن.
* ئیخوان دروشمی (خێرمان بۆ خەڵكی دەوێت) بەرزكردۆتەوە، ویستیان خۆیان وەك نموونەی ئیسلامیەكانی توركیا نیشان بدەن بەڵام لە ڕاستیدا نموونەی تریشیان لە شێوەی ئیسلامیەكانی تالیبان و ئێران و سۆدان و سعودیە هەیە، بەڕای تۆ كام لەو نموونانە دیوی راستەقینەی ئیخوانن؟
ــ لە نموونەی تالیبان و ئێرانی بەدوورن، كەمێك لە مۆدێلی توركییەوە نزیكن هەر یەك لەو مۆدیلانەش بارودۆخی تایبەت بە خۆیان هەیە لە سۆدان دووكەرت بوونی ئیسلامیەكان گرفتەكانی دروست كرد، بەرنامەیەكی ئیسلامیانەی بەهێزیان هەبوو كە حەسەن تورابی ئامادەی كردبوو، بەر لە هاتنیان بۆ حوكم، حكومەتی سێبەری بەهێزیان هەبوو، باشتر لەوەی ئێمە لە میسر هەمانە..
*بەڵام بە گەیشتنیان بە دەسەڵات كارەكان گۆڕدران؟
ـــ كەوتنە ڕكەبەری یەكتر، ناتوانم بەهانەیان بۆ بهێنمەوە، بەڵام تەحەددیاتی گەورە هاتە پێشیان، لە جەنگی باشوور كە ساڵانێكی زۆر درێژەی كێشا هەروەها لە دارفۆرو خۆرهەڵاتی سۆدان و ڕژێمی حوسنی موبارەكیش لە دژیان بوو هەروەها چەندین هێزی نێودەوڵەتی و هەموو ئەمانە وای لێ كردین نموونەی ڕاستەقینەی ئەوان نەبینین.
* ئایا بارودۆخ وا لە ئیخوانەكانی میسر دەكەن بكەونە بەردەم تەحەددیاتی تازەوە؟
ــ لەو بۆچوونەدام هەڵوێستی میسر هەستەوەرترە، وڵاتانی گەورە بە شێوەیەكی ڕوون و ئارامتر مامەڵە لەگەڵ میسردا دەكەن، نە پاشكۆیایەتی و نەكشانەوە لە مەیدانەكەدا بەدی ناكرێت وەك چۆن لە سەروەختی ڕژێمی پێشوو بەدی دەكرا، نە حاڵەتی سەربەستانەی دەسەڵاتی میسرییە لە وەرگرتنی بڕیارەكاندا، بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایی و خۆرئاوایی تا ئێستاش بە شوێن دۆخێكەوەن تا ئەو بەرژەوەندییانە پارێزراو بمێننەوە، ئەوەی بەرپرسیارێتی دەسەڵاتی میسری لە ماوەكانی داهاتوو دەگرێتە ئەستۆ، هەوڵ دەدا كە بەرژەوەندییەكانی دەرەكی و هاوكات بەرژەوەندی گەل بپارێزێت، سەرۆكی كۆماریش لە ڕێگەی هەڵبژاردنێكی ئازادانەوە كە دێت و بەهێز دەبێت ئەوەش بە پاڵپشتی گەلەكەی، لە لایەن وڵاتانی زلهێزەوەش ڕێزلیگیراو دەبێت هەمان شت بۆ ئەنجومەنی گەل كە بە هەڵبژاردنی ئازاد هاتن ڕاستە لە كاتێكدا لەو بڕوایەشدا نیم كە هەڵبژاردنەكە %100 خاوێن بووبێت.
* بە چی دەیسەلمێنیت كە خاوێن نەبووبێت؟
ـــ ژمارەكانی كۆتایی و هەندێ تەمومژی لە ژماردنەكاندا، بۆنموونە بە شێوەیەكی هەڕەمەكی هەزاران سندوق لە شوێنێكی تەسكدا فەرز كرابوون، لە ماوەی دوو ڕۆژدا بە خەڵكێكی كەم ئەنجامدرابوو، %90 دەتوانین بڵێین خاوێن بووە بەڵام لە هەڵەو كەموكورتی بێ بەش نەبووە..
* هەندێك وای دەبینن بزووتنەوەی ئیخوان پێویستە كراوەتر بن لەگەڵ خەڵكیدا كەلتووری حەسەن بەنا چی لێ ماوەتەوە تا بانگەوازی بۆ هەمووان پێ ڕابگەیەنرێت؟
ـــ لە ناو گرووپەكەدا ئەندامانێكی ڕوو كراوە هەن، لە نموونەی دكتۆر محەمەد بەڵتاجی كە لەگەڵ ئەوانی تردا مامەڵەی كردوە وەك كەسایەتییەكی نیشتمانی خۆشویستراو بوو، ئەگەر ئەم كەسایەتییانە زۆر بن ئیخوان بە ڕووی كۆمەڵگەدا دەكرێتەوە، چونكە پێشتر هەر لەناو خۆیاندا هەڵسوكەوتیان دەكرد، ئێستا لەبەردەم تەحەدیاتدان و پێویستە مامەڵە لەگەڵ بەرانبەرەكانیان بكەن، لە پرۆسەی كاری گشتیدا لەگەڵ ئەوانی دیكەدا بەریەك دەكەون، ئەمە لە ئەردەن ڕوویداو كەلێن كەوتە نێوان سەركردە دامەزرێنەرەكان و سەركردایەتی گرووپەكەیانەوە.
* لە پاش دووكەرت بوونی حزبی وەسەت دواتر نەهزەو تەوژمی میسری و دكتۆر ئەبو فتوح و دكتۆر هلباوی و دكتۆر محەمەد حەبیب و هی تریش لەم كەشوهەوای جووڵانەوانەدا ئایا ئیخوانەكان لە چاوەڕێی دووكەرت بوونی زیاتردان؟
ـــ رەنگە دوو كەرت بوون وارد نەبێت، بەڵام ڕەنگە ئەندامانێكی زۆر هەبن لە حزب واز بهێنن..
* بۆچی لە بەرانبەر ئەبو لفتوح هەڵوێستی ئیخوان لەگەڵی توند بوو، تەنانەت لە بەرانبەر ئەوانەیش كە پشتگیریان لێ دەكرد؟
ــ دەركردنی هەندێك لە ئەندامانیان بە هۆی ئەو بابەتەوە هەڵەیەك بوو ناكرێت كەس لە ڕێكخستنێكدا دەربكەیت لەبەر دوو هۆكار نەبێ، یان لەبەر ئەوەی لە مەبدەئەكانی ئەو كیانە دەرچووبێتە دەرەوە یان كاری بەدڕەوشتی ئەنجام دابێت، بەڵام كەسێك لەسەر بڕیارێكی كارگێڕی جیاوازی هەبووبێت و ئەنجامی نەدا بێت، دەكرێت سزای بدرێت بە ئاگادار كردنەوە، دەركردنی كەسێك لەسەر ئەنجامنەدانی بڕیاری كارگێڕی نەشیاوەو نەكراوە..بەو كارەیان ئیخوان خۆیان فڕێ داوەتە تەنگژەیەكەوە..
* سەپاندنی بە زۆرەملێی یەك پاڵێوراو بەسەر ئەنداماندا كارێكی هەڵە نییە؟
ــ پێویستە تاك و گرووپ بەجێبهێڵیت بۆ هەڵبژاردن، تا بەپێی ویژدانی خۆیان هەڵبژێرن، ئەمە كەسایەتی بۆ خەڵكی دروست دەكات تا لە نێوان دوو پاڵێوراودا بەراورد بكەن و بڕیاری خۆیان بدەن، ئیخوانەكان پاڵێوراوەكانی خۆیان بەزۆر دەسەپێنن، تا ئەندامەكانیان هەڵیانبژێرن.
هەندێك وای دەبینن ململانێی شەخسی لەپشت لابردنی ئەبوئەلفتوحەوە هەبوو تاكو دەسەڵاتیان لەناو ئیخواندا كەم بكەنەوە، راستە چونكە ناكۆكی شەخسی زاڵ بووە بەسەر بەرژەوەندی شەخسی دا سەرەتا وتیان پاڵێوراوی ئیسلامیمان ناوێت دواتر وتیان پێویستە باكگراوەندێكی ئیسلامیانەی هەبێت، ئینجا هەستان بەپێشكەشكردنی پاڵێوراوەكەیان لە پاش ئەوەی ئەبوئەلفتوحیان دەركردبوو، بەهۆی سەربەخۆ خۆپاڵاوتنیەوە، بەبیانووی ئەوەی ئەمەریكا تەنگیان پێ هەڵنەچنێ .
* ئەندامانی بنكەی ئیخوان پابەند دەبن بە بڕیاری سەركردایەتیەكەیانەوە؟
- فەرمانەكانی ئیخوان هەرچۆنێك بێت، جیاوازی دەخاتە ناو ئەندامەكانیەوە، چونكە هەندێكیان دوور لە بڕیاری گشتی ویژدانی خۆیان حوكم پێ دەكەن .
* لەسەر ئیخوان زیندانی كراویت و ئەشكەنجەدراویت و قوربانیت دا لە پێناویاندا، ئایا بەلاتەوە زەحمەت نەبوو كە بەجێت هێشتن، هەندێك دەڵێن ئەوەی ئیخوانی بەجێهێشتبێت ئیسلامی بەجێهێشتووە ؟
- لە پێناوی ئیخواندا زەحمەتیم نەكێشاوە، بەڵكو لە پێناوی خوادادا بووە، ئەبو دەردائی سەحابە لەدوای ئەوەی ناكۆكیەكی هەبوو لەگەڵ خولەفادا بەتەنیا لە بیاباندا سەری نایەوە، لەكاتێكدا پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت زۆر ستایشی كردبوو كاتێك وتبووی: (سەرفرازی بۆ ئەبو دەردایە كە بەتەنیا ژیاوەو بەتەنیا مردوو بەتەنیا زیندوو دەبێتەوە) ئەوەی لەپێناوی رەزامەندی خوادا زەحمەتی دەكێشێت پاداشتی دەدرێتەوە، منیش بۆ رەزامەندی خودا چوومەتە ناو ئیخوان و لەبەرهەمان هۆكاریش بەجێم هێشتن تا لەبەرامبەر خوادادا بەقەناعەتی خۆم رابوەستم نەك بەقەناعەتی كەسانی تر.
* دەتوانین بڵێین دوور كەوتنەوەت لە ئیخوان لەئاستی كەمال هلباوی و محەمەد حەبیب و ئەبولفتوح، بۆ خۆتان نامەیەكی ئاگاداركردنەوە بوون تا ئیخوانەكان چاكسازی راستەقینە لەناو ریزەكانیاندا ئەنجام بدەن؟
- ئەمە بەشێكی؛ بەشەكەی تری ئەستۆپاكانەی خۆمە لەبەرامبەر خودا، نەمویست لە هەڵەدا بەشدار بم و بێدەنگ بم لێی. هەركەسێك دەنگی پێدابم كە هەڵبژێردرێم بۆ ئەنجومەنی شورای گشتی، چاوەڕێی ئەوەی لێكردوم راستی بڵێم بۆیە وتم لەژێر زەبری هەر بارودۆخ و دەرئەنجامێكدا بووبم، گرنگ ئەوەیە لە راستی لانەدەم ؟
* هەڵەكان بەو پلەیە گەورە بوون ؟
- ئەو هەڵانە دەبنە هۆی رووخاندنی دامودەزگاو بڵاوبوونەوەی گەندەڵی چونكە دەسەڵاتی رەها گەندەڵێتی رەهای لەدوایە، لەناو ئیخواندا هیچ جۆرە چاودێریەك نەبووە بۆیە نووسیم كێ لەهەڵەكانی نووسینگەی ئیرشاد دەپێچێتەوە؟ بوونی چاودێری گرنگە، تا نەكەونە هەڵەوە و خەڵكیش هانبدرێت فشار بێنن بۆ ئەو كەسەی كە هەڵە دەكات تا هەڵە دووبارە نەبێـتەوە، نەبوونی چاودێری كارێكی خۆكوژانەیە لەناو ئیخواندا، تەنیا پێوەندییە كۆمەڵایەتیەكان و خزمایەتی و پێكەوەژیانی ئەندامانی خێزان لەناو یەكدا ئەو چیمەنتۆیەن كە ئیخوانی كرووەتە یەك پایە، بەڵام لەحەقیقەت دا نابێت ئەم هۆكارانە پێكەوەیان گرێبدات، بەڵكو پێویستە چاودێری و دادپەروەری و دیموكراتیەت، ئامڕازێك بن بۆ راستكردنەوەی هەر هەڵەیەك، هەر گرووپێك ئەم ئامرازانەی تێدا نەبێت دەڕوخێت، مرۆڤەكان وەك ئامێرن ئەگەر صیانە نەكرێن بۆگەن دەبن، نەبوونی چاودێری هەر گرووپێك لەناو دەبات ئەگەر دادوەرانە كەسانی پسپۆری دانەنابێت بەسەر كارەكانی خۆیەوە. پێغەمبەر ( د.خ) دەفەرموێت:(انما اهلك من كان قبلكم انهم كانو اذا سرق فیهم الشریف تركوه، واذا سرق فیهم الضعیف اقاموا علیه الحد)، هەروەها دەڵێت ئەگەر كەسێك نەبێت بەزاڵم بڵێت ئەی زاڵم، ئەوا بونیادەكە لەناودەچێت. ئەو دوو هۆكارەی پێغەمبەر بۆ گرووپ دایناون تا وریا بین لێی، بە پێی ئەوە راستە بیناكە نەڕووخاوە بەڵام هۆكارەكانی ڕووخاندنی هەبوونیان هەیە، ئایا چاوەڕێ بوومایە ئەو خانووە بەسەرماندا بڕووخێت، لەكاتێكدا شووتەكانی ئاگادار كردنەوە لەناو ئیخواندا دەنگیان لێ بەرز بۆتەوە، ئەگەر فریا نەكەون، نەخۆشیەكەی ناو خۆیان دەبەنە ناو وڵاتەكەشەوە.
گەرچی ئیخوان ئێستا هەن بەڵام هۆكارەكانی لەناوچوونیشیان هەیە، بەگفتوگۆو نووسین چەندین جار ئاگادارم كردنەوە بەڵام بێ وەڵام بوون .
* ئایا ئیخوانەكان خاوەن متمانە پێكراوەكانی خۆیان پێش خاوەن تواناكان خستوە ؟
- كەسانێك هەبوون پێویست وابوو پێگەی بەرزیان هەبێت وەك دكتۆر عوسام عریان كە پێویست وابوو سەرۆكی حزبەكە بێت یا سەرۆكی ئەنجومەنی گەل یا سەرۆكی هەمووان بێت. لەبەر ئەوەی لەناو ئیخواندا نەخۆشی گوێگرانی پەیدا بووە بیروباوەڕی تاقانە كە لەناو كلتووری ئیسلامیدا هەیە ئەو بیروباوەڕەیە كە دەڵێت سەركردەی بەتوانا دەكەوێتە پێشەوەی پێش، وا پێویستە ئیخوان موڵكی نیشتمان بن، ئەگەر بەرژەوەندی نیشتمانی بكرێتە پارسەنگ لەگەڵ بەرژەوەندی گرووپێكدا پێویستە بەرژەوەندی نیشتمانی لە پێشەوە بێت .
* رێی تێدەچێت كە چەند حزب و گرووپێك كە لەئیخوان وازیانهێناوە لە دواجاردا یەكتر بگرن ؟
- هــــەوڵ دەدەیــن لەفـــراكســیۆنێكدا یەك بــگرین، چــونكە فراكسیۆنە بـچـــووكـــەكـــان كـــــاریــــگەرییەكی لاوازیان هەیەو لەناو دەریاشدا تەنیا كەشتی گـــەورەیە لەنگەر دەگـــرێت و بەلەمە بچووكەكانیش نغرۆ دەبن .
Top