پاڵیوراو بۆ سەرۆكایەتی میسر (بوسەینە كامل)ی ڕاگەیاندنكار بۆ گوڵان: ئەوەی ئازارهێنە قوربانیدانی گەنجانە و چنینەوەی بەرهەمەكەشیانە لەلایەن كەسانی ترەوە

پاڵیوراو بۆ سەرۆكایەتی میسر (بوسەینە كامل)ی ڕاگەیاندنكار بۆ گوڵان:  ئەوەی ئازارهێنە قوربانیدانی گەنجانە و چنینەوەی بەرهەمەكەشیانە لەلایەن كەسانی ترەوە
بوسەینە كامل ڕاگەیاندنكارو چالاكڤانێكی سیاسی و مافپەروەرە، بەرلەشۆڕش لە بوارەكانی نەهێشتنی گەندەڵێتی و هەژارێتی و دژایەتیكردنی حوكمی بۆماوەیی كاری كردووە، ئەمڕۆش وەك تاقانە ئافرەتێكی میسری خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژاردووە، وێڕای قورسایی ئەركەكەو جەسامەتی تەحەددییەكانیی كە وەك ئافرەتێكی سەربەخۆ ڕووبەڕووی دەبێتەوە، هاوكات بەرەنگاری هەموو ئەو لایەنانەش بۆتەوە كەبەدەر لەحساباتی سیاسی كەوتونەتە ململانێیەكی توند لەگەڵیدا. بە تێڕوانینی خۆی میلەكانی كاتژمێر بۆ دواوە ناگەڕێنەوە گەرچی شۆڕشەكە ئامانجەكانی خۆی تا ئێستا بە تەواوی وەدینەهێناوە، هەربۆیە بووسەینە سڵ دەكاتەوە لە دووبارەبوونەوەی بیرۆكەی ئیخوانەكان بۆ ئاوێزانبوونی پارەو دەسەڵات وەك چۆن پێشتر لە لایەن حزبی فەرمانڕەواوە ئەو دوو شتە ئاوێزان كرابوون..
گوڵان: ئەسما حوسەینی/ قاهیره


* دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێك بەسەر شۆڕشدا چۆن شۆڕشەكە هەڵدەسەنگێنی؟
ــ نازانین ئەم شۆڕشەمان بەرەو كوێ دەچێت، بەڵام بە تەئكید میلەكانی سەعات بۆ دواوە ناگەڕێنەوە، دڵنیام كە ئەنجومەنی سەربازی بەرەو پووكانەوە دەچێت بەهۆی ئەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە، ئێمە لە بەرانبەر خراپی بارودۆخێك دژ بە ڕژێمی پێشوو ڕاپەڕیوین، بەڵام ئەوەی لە پاش شۆڕش بینیمان توندوتیژتر بوو لە توندییەكانی ڕژێمی ڕووخاو، لەو ساتەوەختەوەی ئەنجومەنی سەربازی فەرمانیان دا بە تەقەكردن لە مانگرتووانی بێ چەك، كاتێك تەماشای ئیخوان موسلمینیش دەكەین ڕووی دووەمی هەمان حزبی وەتەنی پێشووی تێدا دەبینین، هەمان بیرۆكەو كۆنترۆڵە، لەكاتێكدا ئێمە لە قۆناغێكی زۆر هەستیاریشین، لە بەرژەوەندی كەسدا نییە بە تەنیا خۆی بكاتە بەرپرسیار لە بەرانبەر هەموو وڵاتەكە، بارێكی گرانەو بە تەنیا جەمسەرێك ئەم بارە هەڵناگیرێت، ئایا ئیخوانەكانیش جارێكی تر دەستاوێژی ئاوێزانكردنی نێوان پارەو دەسەڵات دووپات دەكەنەوە..؟
* بە ڕای تۆ شۆڕش بەرەو كوێ دەگات؟
ــ ئێمە بە وازهێنانەكەی حوسنی موبارەك تووشی واهیمەیەك بووین و وامانزانی بەرهەمی شۆڕشەكە پێگەیی، بەڵام وێڕای هەموو بارودۆخە سەختەكان و ئاكامە ترسناكەكان شۆڕش هەر بەردەوامە، مانگرتنی قوتابیان و خوێندكارانی قوتابخانەو زانكۆكان لە بەرانبەر كوژرانی هاوشانەكانیان لە بۆرسەعید دڵنیای كردینەوە لەوەی كە كەس ناتوانێت شۆڕش دامركێنێتەوە، زۆر شت هەن زەحمەتن ئێمە لێیان تێبگەین، چونكە لایەن و دەزگای فرە هەن دەست لە شتان وەردەدەن، بۆیە كەس ناتوانێت بە سانایی تێبگات لەوەی داخۆ ئەم كارانە كاری شۆڕشگێڕەكانن یان هی موخابەراتین یان بۆ ڕازی كردنن یان صەفەقاتن، باشترین بەرهەمی شۆڕشەكە تێكشكاندنی دیواری ترس بوو، ئەوەی گرنگترە لە دەستوورو یاساكان ئەوەیە ئێستا گەلێكی هۆشیارو وەئاگامان هەیە، ڕاستە بە تەواوی فەرمانڕەوایی موبارەكمان نەڕووخاندووەو ئەمەی ئێستا صەفقەیەكی نێوان ئەو و ئەنجوومەنی سەربازییە كە موبارەكیان قەناعەت پێهێنا تا وەلابچێت بەڵام گوشاری زۆرمان بۆ بردن تا وامان لێ كردن لە شەرمولشێخ دەریبهێنن و بەرەو دادگا ڕاپێچی بكەن، ئێستاش هەر گوشاریان بۆ دەهێنین.
* رووبەڕووی هەڵوێست و بارودۆخی سەخت بوویتەوە هەر لە سەرەتای خۆپاڵاوتنت بۆ سەرۆكایەتی و هەروەها لەئاكامی بەشداربوونت لە شۆڕشەكەدا، تۆ یەكەمین ئافرەتی كە بەدرێژایی ماوەی دووری مێژوویی لە پۆستی فەرمانڕەوایەتی میسری نزیك دەبیتەوە؟
ــ من لە سەرەتاوە دركم بەوە كردبوو كە خۆپاڵاوتنم بۆ سەرۆكایەتی كارێكی ئاسان نابێت، هەندێك ئەم بابەتەیان بۆ خۆیان كردە گاڵتەجاڕێتی، هەندێكیش ئیش و كاریان نەبوو لە جنێوپێدانم زیاتر، یان تۆمەتباركردنم بە ماسۆنیەت و بەكرێگیراوی ئیسرائیلی و هەڕەشەكردنی كوشتنم و لاقەكردنم..
* ئەی خۆت بۆچی لە گەفدانەكانت دژ بە ئەنجوومەنی سەربازی فەرمانڕەوا دەنگت بەرز دەكەیتەوە؟
ــ لە یەكەم رۆژەوە كە چووینە مەیدانی تەحریر وتمان(( مەدەنیەت مەدەنیەت.. نا بۆ تایەفەگەری نا بۆ سەربازی)) لەو كاتەوە دركمان كردبوو بەوەی كە پێویستمان بە حوكمێكی مەدەنی هەیە، كێشەكە تەنیا پابەند نەبوو بە مەسەلەی موبارەكەوە، ئێمە لە ساڵی 1956وە هەر لە ژێر سایەی حوكمی سەربازیدا مابووینەوە، كە وتمان مەدەنیەت مەبەستمان تەنیا لە ئەنجومەنی سەربازی نییە، بەڵكو بە سەربازیكردنی وەزیفە مەدەنیەكانی تریشمان لا مەبەستە..
* بۆچی سەنگ و قورسایی گرفتەكان بە شانی ئەنجوومەنی سەربازی دەدەیت لە كاتێكدا ئەوانە بوون كۆتاییان بە چاخی فەرمانڕەوایەتی موبارەك هێناوە؟
ــ ئێستا دۆخەكە زەحمەتتركراوە لەو دۆخەی موبارەك حوكمی تێدا دەكرد، لە كاتی حوكمی پێشوودا من بووم كە مانم دەگرت لە پێشكەشكردنی هەواڵەكان، بەڵام ئێستا بە بێ هیچ هۆكارێكی یاسایی رێگە دەگرن لێم تا هەواڵەكان پێشكەش بكەم، لە كاتێكدا من لە پاڵ شۆڕش و لە بەرەی خۆیانم، ئەوانیش نەیان وتووە ئێمە دژی شۆڕشەكەین، كەچی ڕێگەیان گرت لێم تا بەرنامەیەك پێشكەش بكەم لەسەر چۆنیەتی گێڕانەوەی پارە دزراوەكانی میسر.
* ئایا تۆ ڕاشكاوانەتر هەڵوێستەكانت دەخەیتە ڕوو؟
ــ رەنگە لەبەر ئەوەبێت من هیچ صەفەقاتێك و رێكەوتنێكم لەگەڵ هیچ لایەنێك ئەنجام نەدابێت، ئێستا شاڵاوێك هەیە بۆ سەر رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەگەر هەموومان بە ئازایەتی زیاترەوە بجووڵاینایەتەوە رێگریمان لە زۆر شتی خراپ دەكرد كە ڕوویاندا یان ڕوودەدەن..
* سووربوونێكت هەیە لەسەر ئەوەی ئەنجوومەنی سەربازی بدرێتە دادگا؟
ــ بەڵێ پێویستە ئەنجومەنی سەربازی لەسەر ئەو سیاسەتانەی پیادەی كردن بەرانبەر حەقی شۆڕشەكەو بەرانبەر میسر لێپرسینەوەی بەرانبەر بكرێت.
* چۆن هەڵمەتەكەت بەرێوە دەچێت؟
ــ هەڵمەتەكە ئاسان نییە بەڵام لەسەر زەمینەی واقیعەوە زەحمەت نەبوو، هاووڵاتیانی سادە بەلایانەوە جیاواز نییە كێ هەڵدەبژێرێن، گرنگ ئەوەیە پاڵێوراو ئەوە لبێكبداتەوە واتای چییە ببیت بە سەرۆك یان حاكم، لە هەموو وڵاتانی ئەوروپاو خۆرئاوا حاكمان خزمەتكاری گەلن، بیرۆكەو لۆژیكی ئەوەی بەرپرسێك گەورەی گەلەكەی بێت بوونی نییە، بەرپرسیارێتی بریتی نییە لە دیمەن و دیكۆر و كۆنترۆڵكردن.
* بەرنامەی هەڵبژاردنت لە چی پێكهاتووە؟
ــ كارەكەم زەحمەت كراوە لێم؛ كەسێك هەڕەشەی كوشتنی لەسەر بێت و لە كارەكەی دوور بخرێتەوە ناتوانێت بە ئاسانی و بە ئازادی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیدا بجووڵێتەوە .
* ئەو پەیامە چییە كەنیازمەندی بیگەیەنیت؟
ــ دەڵێن شۆڕش لە قاهیرەو شارە گەورەكان نەچۆتە دەرەوە، بۆیە نیازمەندم لە هەڵمەتی خۆپاڵاوتنمدا ئەو شۆڕشە بگەیەنمە گوندو شارۆچكەكان، بە جەخت كردنەوە لەسەر هەرەوەزی گەل بۆ سەرخستنی رۆحی ئەرێنی و دووركەوتنەوە لە خاڵە نەرێنییەكان، پێشنیازی باشم لە خەڵكەوە پێ دەگات، بەرنامەی هەڵبژاردنم لە دەوری دوو تەوەرە دەسوڕێتەوە دژایەتی گەندەڵێتی و بەرەنگاربوونەوەی هەژارێتی..
* كێ لایەنی دارایی هەڵمەتەكەتی لە ئەستۆ گرتووە؟
ــ خۆم بە بابەتی پارەوە سەرقاڵ ناكەم زیاتر پشتم بە شارەزایی بەستووە، هەموو بزاف و جووڵانەوەكانم لەسەر گیرفانی خۆمە،، ئەو هەموو پارە ڕشتنە بە حەرام دەزانم كە پاڵێوراوان پەخشان و تەخشانی پێ دەكەن.
* چی پێشنیاز دەكەیت بۆ بارودۆخی نالەباری ئابووری؟
ــ ئابووری دەسپێكی دەرچوونە بەرەو چاكسازی، چونكە كاریگەرێتی هەیە بۆ خوێندن و فێربوون و تەندروستی و گشت خزمەتگوزارییەكانی تریش، بڕوام بەوە نییە سەرۆك كۆمار ببێتە ئامڕازێك بۆ كردنەوەی گرێ كوێرەكان و مەرج نییە بۆ هەموو شتێك رووی تێبكرێت، دەخوازم بیرۆكەی فریادڕەسێتی سەرۆك كۆتایی پێبێت و مەرجیش نییە سەرۆك لە هەموو شتێك بزانێت، چونكە ئەو سەرۆكەی چارەسەری ئەفسووناوی گشت كێشەكانی لایەو خەونەكان بونیاد دەنێت و گرفتەكان دەست نیشان دەكات لە گوفتارەكانیدا زێدەڕۆیی تێدایە، بۆیە هەمیشە بە هاوكاری تیم كارەكان رێك دەخەمەوە.
* ئەی سەبارەت بە بێكاری چیت پێشنیاز كردووە؟
ــ پرۆژە زۆرن بۆ چارەسەری بێكاری كە پێشكەشی حكومەتی پێشوش كراون بەڵام ویستی جێبەجێكردنی پێویستە.
* هەمیشە قسە لەسەر وابەستەبوون و پەرەپێدان دەكەیت وەك ئەوەی دوو كاری هاوكوف بن؟
ــ ئینتیماو پەرەپێدان دوانەی یەكترن، بەهۆیانەوە شتێك پێشكەشی وڵاتەكەت دەكەیت گەر هەست بكەیت بەشێكت هەیە تێیدا، تەنیا ژمارە نیت.
* زۆر لەسەر بەرنامەی خۆپاڵاوتنت دەدوێیت وەك ئەوەی لە پێشبڕكێدا بیت لەگەڵ ئەوانی تردا؟
ــ من تەنیا ئافرەتێكم كە خۆم دەپاڵێوم و لە هێڵەكانی پێشەوەی شۆڕشدا بووم، بوونی من پێویستە، رۆژنامەكان هەواڵەكانم بڵاوناكەنەوە بۆیە ناچارم كە خۆم لەسەر بەرنامەی خۆم بدوێم..
* بەو قسانەت دكتۆر محەمەد بەرادعیت هێنایەوە یادم، ئەم هەستەت رەنگە وات لێ بكات لە كۆتاییدا تۆش لە دیمەنەكە بكشێیتەوە؟
ــ بەر لە كشانەوەی بەرادعی من قسەم لەگەڵی كرد، ئەو كەسێكی خاوەن ویژدانەو دڵم هەمیشە لای ئەوو هەروەها ئەیمەن نوورە كە زۆر بێ ئەدەبانە هێڕش دەكرایە سەریان، تا ئاستی گومان خستنە سەر ئەیمەن نوور و دواتر باجی دایەوە بەوەی ئازادی خۆیی و خانەوادەی لەدەست بدات، بەرادعی هۆكاری لۆژیكی هەبوو بۆ كشانەوە بە هیوام خۆپاڵێوراوانی تریش بە دوای ئەودا هەمان هەڵوێست وەربگرن، چونكە وای دەبینێت كەشوهەوای دیموكراتی نەسازاوە بۆ هەڵبژاردن و تا ئێستا دەستوورێكمان نییە، من لەوەدا هاوڕای ئەوم، بەڵام دەخوازم هەڵبژاردن هەر ئەنجام بدرێت، هەڵمەتی خۆپاڵێویی من شتێكی ترەو جیاوازو ناوازەیە یەكەمین ئافرەتم خۆم بۆ سەرۆكایەتی دەپاڵێوم و ئەمە نزیكە لە بزاڤێكی كۆمەڵایەتی، بۆیە گرنگە چونكە گۆڕانكاری فیكری تێدایە ئەوەش كاتی زیاتری دەوێت، ئەمەش كارێكی مەحاڵ نییە.
* شۆڕشەكەتان لێ دزرا وەك هەندێك وا لێی دەدوێن؟
ــ گەشبینم سەرەڕای ناهەمواری بارودۆخەكەش، ئەوەی ئازارهێنە قوربانیدانی گەنجانە بە رۆح و گیانی خۆیان و چنینەوەی بەرهەمەكەشیانە لەلایەن كەسانی ترەوە، ئەمەش دژ بە سروشتی شتەكانە..
* ئێستا زۆر لەسەر رەتكردنەوەی هاریكاری ئەمەریكی و پاڵپشتی دەرەكی شت دەوترێت، تۆ لەم بارەوە چی دەڵێی؟
ــ میسر سەربەخۆیە، هیچ كەس نایەوێت هەموو تەمەنی لەسەر هاریكاری ئەوانی تر بەسەرببات، سەرۆكی مفەوەزییەی ئەوروپی لە ڕاگەیاندنێكیدا وتی ئەگەر سامانی میسر نەدزرایە ئەوا بەشی بژێوی چارەگێكی ئەوروپای دەكرد، بۆیە پێشتر داوام دەكرد هاریكارییەكان ببەسترێنەوە بە ئاستی جێبەجێ كردن و كاراكردنی رێكەوتنامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە نەهێشتنی گەندەڵێتی. هیچ دڵخۆش نیم بەو بارودۆخەی ئێستامان كە لەسەر هاریكاری دەرەكی بژێین.
* قسە هەیە لەسەر بڕینی ئەو هاریكارییانەی لە ئەمەریكاوە پێشكەشی میسر دەكرێت؟
ــ ئەو ڕێكخراوە بیانیانەی ڕێگەیان پێدرا چاودێری هەڵبژاردنەكانی ئەم دواییە بكەن بۆچی ئێستا لەسەر ئەوە دەدوێین كە بوونیان ناشەرعییە بە رای من ئەوانە دەیانەوێت لەگەڵ ئەمەریكا بیكەنە ئاژاوەگێڕی چونكە دیالۆگی هەیە لەگەڵ ئیخوانەكاندا لەو بڕوایەشدا نیم وڵاتانی خۆرئاوا فشار بخەنە سەر میسر، ئێمە ئەو هێزە مەترسیدارە نین تا ڕووبەڕوومان ببنەوە گرفتی خۆمان هەیەو لە بەرژەوەندی هیچ لایەكدا نییە میسر بڕووخێت و ناشیانەوێت ببێتە هێزێكی زەبروەشێن لەو بڕوایەدام گرنگترین شت بۆ ئەمەریكاو خۆرئاوا ئەوەیە میسر ببێتە لایەنێك بۆ سەقامگیری .
* ئەی پێوەندییەكانمان لەگەڵ هێزە هەرێمییەكانی وەك ئیران و توركیا پێویستە چۆنی بێت؟
ــ پێویستە لەسەر خاڵەكانی رێكەوتن و كەلتووری هاوبەش پێوەندی دروست بكرێت لەگەڵ سەرخستنی بەرژەوەندی باڵای میسری بۆیە پەیامەكەم لە هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەوەلیاتی ئەجینداكانم وڵاتی میسرە، بۆیە هەر لێدوانێك لەسەر كۆڕەوو پێكرانی مەسیحیەكان یان بە كافركردنی بەهائییەكان كارێكی بێ مانایە.
* ئەی ئەولەویاتی سیاسەتی دەرەوە كە جێی بایەخت بن چین؟
ــ پێویستە لە ڕووی مەبدەئەوە بە رووی جیهاندا بكرێینەوەو پێوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان گرێ بدەینەوە.
* میسری شۆڕش گرفتی زۆری لە رژیمی پێشوەوە بە كەڵەكەكراوی بۆ ماوەتەوە؟
ــ خوالێخۆشبوو ئەحمەد بەهائەدین وتی كاتێك گرفتێك بە بنبەست بگات بگەڕێن بە شوێن بەرژەوەندی، هیچ گرفتێك بێ چارەسەر نییە لەم دنیادا، بەڵام زۆرجار بە ئەنقەستەوە چارەسەرەكان ئاڵۆز دەكرێن..
* چی دەڵێی سەبارەت بە گرفتی گەورە لە ڕووباری نیلدا؟
ــ كاتێك لەتەك شاندی میللی دیبلۆماسی میسری بووم تووشی داچڵەكان هاتین كاتێك سەرۆك وەزیرانی ئەسیوبیا پێی وتین من لە حوسنی موبارەك زیاتر لە ئیسرائیل نزیك نەبوومەتەوە هەر رێكەوتن و دیالۆگێك ئەنجام بدرایە عومەر سلێمانی بەڕێوەبەری موخابەراتی پێشووی ڕژێم لەباری دەبرد، هەروەها ئەحمەد نەزیفی سەرۆك وەزیرانی پێشوو بۆ داوەتنامەی سەرۆك وەزیرانی ئەسیوبیا خۆی لە گێلی دابوو بەو شێوەیە رەفتارەكانی میسر لووتبەرزی تێدابووە پێشتر و پێوەندییەكان تێكدەرانە بوون لەگەڵ وڵاتانی كیشوەری ئەفریقیادا..
* ئەو تێكدانە بە ئەنقەست و مەبەستەوە بووە؟
ــ لە هەموو وەزیفەكانی وەزارەتی دەرەوەو ناوخۆدا نەیانهێشتووە كەسانی لێهاتوو دڵسۆز بگاتە پۆستە باڵاكان بۆیە پێویستە پاكسازییان تێدا بكرێت بە تایبەتی لەوانە پاكبكرێنەوە كە لە دەرەوە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكانیان سووك كردووە، تەنیا بە تاقە شاندێك كە لەماوەی سێ رۆژدا سەرۆكی ئەسیوبیامان بینی و بەڵێنی ئەوەمان لێی وەرگرت كە تەواوكردنی بەنداوی نەهزە دوادەخەن تا ئەو كاتانەی میسر دامودەزگاكانی بونیاد دەنێتەوە
* بە ڕای تۆ گرنگترین بەرهەمەكانی شۆڕش لە چیدا دەبینرێتەوە؟
ــ گەورەترین بەها لەم شۆڕشەدا ئەوە بوو ماسكەكانی داماڵی، وەك ئەو قۆرییەمان لێ هاتووە كە قوڵپ دەدات و هێشتاش كاتی زیاتری ماوە بۆ ئەوەی بە تەواوی چایەكە بكوڵێت، چایی شۆڕش نەكوڵاوە ئیتر بۆچی تەماعیان لە پۆستەكانە.
* ئەی پێوەندییە عارەبییەكانمان؟
ـــ من ناتوانم لەسەر غەزەو قودس بدوێم بێ ئەوەی لەمیسر نەدوێم ئەگەر میسر چاك بێت هەموو وڵاتانی تریش چاوی لێ دەكەن بۆیە پێویستە میسر لەو تەنگژەیەی ئێستای دەربكەین.
* زۆر لە میسرییەكان گلەیی لە وڵاتانی كەنداو دەكەن و دەڵێن هەستمان پێ ناكەن؟
ــ ئەمە خیتابێكی باش نییە نامەوێت بەو لۆژیكە بدوێم كاتێك چوومە ئەسیوبیا وتم لە مافە مێژووییەكان نادوێین بەڵكو مافە مرۆییەكان جێی لێدوانن هەر مناڵێك لە كەناری نیلدا پێویستە ئاوی خاوێنی و خۆر و كارەبای دەست بكەوێت، ناتوانم بەو شێوەیە بیربكەمەوە ئەگەر خۆم بە برای گەورە دابنێم.
* ساڵانی ئاشتی لە بەرانبەر ئیسرائیلدا هەڕشەلێكراوە، هەن پێیان وایە چاوێك بە ڕێكەوتنامەی كامب دیڤید بخشێنرێتەوە؟
ــ ئەوە هێشتا وەختی نییە، ئێمە بونیادنانی وڵاتمان لە پێشە، ئەمە پێویستە كاری سەرەكیمان بێت، ئاسایشی سینا بە زیادكردنی تانك ناپارێزرێت بەڵكو بە ئاوەدانكردنەوەیەتی.
* ئێستا دروشمی ئاینی بەرزكراوەتەوەو لە ئامانجی شۆرش ترازاوە؟
ــ منیش زۆرم پێ سەیرە پیاوانی مەسیحی و كڵێساو شێخەكانی ئیسلامی پێكەوە لە دژی شۆڕشدا وەستابوونەوە، كڵێسا پێی وابوو ڕژێمی پێشوو پارێزگاری لێ دەكات ئیسلامیەكانیش پێیان وابوو شۆڕش دەرچوونە لە فەرمانی حاكمان بە سەركەوتنی شۆڕشەكە سوننەت و شەریعە خۆی كرد بە ناوداو دروشمی ئیسلامیە ئیسلامیەیان لێ هەڵبڕی.
* تۆ لە سەركەوتنی ئیسلامیەكان دەترسێیت؟
ــ نیگەران نیم، ئەمەخولێكەو تێدەپەڕێت هەمووان ناچارن بەرەو پێشەوە بچن و خۆیان پەرە پێبدەن، هیچ كەسێك ناتوانێت هەموو شتەكان بە تەنیا بۆ ئەم وڵاتە بكات..
* ئیسلام نزیكە لە دەروونی میسرییەكانەوە؟
ــ ئیسلام شتێكی جوانە نابێت بشێوێنرێت، زۆر هەن مەبەستیانە بەوێنەی شێواو ئیسلام نیشان بدەن، ئیسلام و هەموو ئایینەكان بەهای خێرەو ماف و دادوەری و بەزەییان هەیە، بەڵام ئایین قۆرخ دەكرێت، ئومێد دەكەم ئەو پارتانەی ئیسلامیان كردۆتە دروشمی خۆیان نەبنە دیوی دووەمی حزبی نیشتمانی پێشوو.
* هەڵسەنگاندنت بۆ ئەدای پەرلەمان چییە لە قۆناغی ڕابردوودا؟
ــ زەحمەتە حوكم بدرێت لەسەری، لە كۆتاییدا پەرلەمانێكە بۆ ماوەیەكی كورت، هەست دەكەم پێویستە ڕاگەیاندن دانیشتنەكانی بخاتە ڕوو تا بیانبینین و هەڵیانسەنگێنین.
Top