عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: جارێكی تر كەس ناتوانێت عێراق بەرەو تاكڕەوی ببات ئومێدەوارم مالیكییش ئەو ڕۆژانەی لەبەرچاوبێت كە تاكڕەوی عێراقی بەكوێ گەیاند

عارف تەیفور جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: جارێكی تر كەس ناتوانێت عێراق بەرەو تاكڕەوی ببات ئومێدەوارم مالیكییش ئەو ڕۆژانەی لەبەرچاوبێت كە تاكڕەوی عێراقی بەكوێ گەیاند
عارف تەیفور ئەندامی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەگوڵانی ڕاگەیاند كێشەو ناكۆكیەكانی نێوان هەردوو لایەنی سوننە و شیعە هێندە زۆرن زۆر زەحمەتە بتوانرێت بەئاسانی چارەسەر بكرێت، سەبارەت بەڕۆڵی لایەنی كوردستانیش لەو پرۆسەیەدا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە لایەنی كوردستانی بەردەوام هەوڵیداوە ڕۆڵی میانگیر ببینێت و نەبێتە بەشێك لەكێشەكە، سەبارەت بەكێشەی تاریق هاشمیش كە ئێستا هەندێك لایەن دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بكەنە ناو ئەو كێشەیە، ئاماژەی بەوەكرد كە پێش ئەوەی هاشمی بێتە كوردستان بە15 ڕۆژ فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، هەروەها هاشمی بەڕێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا هاتۆتە كوردستان و ماوەی 4 كاتژمێر لەفڕۆكەخانە بووەو سەرۆك وەزیران خۆی فەرمانی داوە سەفەر بكات، بۆیە ئێستا ئەو قسانەی دەكرێت تەنیا هەوڵێكە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ئیحراج بكرێت، دەربارەی ئەم پرسانە و كۆمەڵێك پرسی دیكە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
* دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، عێراق كەوتۆتە ناو چەندین تەنگژەی سیاسییەوەو تائێستاشی لەگەڵدا بێت تەنگژەكان بێ چارەسەر ماونەتەوە، ئەمەش نەك كاروچالاكییەكانی حكومەتی پەكخستووە، بەڵكو خەریكە مەترسی گەورە بۆ سەر داهاتووی عێراقیش دروست دەبێت، ئایا ئەگەر ئەو تەنگژە سیاسییە بێ چارەسەر بمێنێتەوە، بەڕای بەڕێزتان، ئاییندەی ئەم وڵاتە بەرەو كوێ دەگات؟
- هێزەكانی ئەمریكا بەپێی ئەو ڕێكەوتنە ستراتیژییەی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە مۆر كرابوو، كشانەوە. بێگومان بەر لەكشانەوەش ناكۆكییەكی زۆر لەنێوان لایەنەكانی عێراقی هەبووە، ئیتر لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ناكۆكییەكان زیاتر و قووڵتر بوونەوە تا ڕاددەیەك گەیشتە ئەوەی یەكتری تاوانباربكەن بەوەی گوایە دەستیان لەكاری تیرۆركاری دژ بەیەكتر هەبێت، بۆ نموونە تاوانباركردنی تاریق هاشمی یەكێكە لەو تۆمەتباركردنانە، لەبەرەنجامی ئەو ناكۆكییانە دروست بووەو ئێستاش ئەو ڕایكردووەو لەهەرێمی كوردستانە، ئەم گرفتەو ئەوانی تریش بێ چارەسەر ماونەتەوە، هەروەها تا ئێستاش نەیانتوانیوە پۆستە سەربازی و ئەمنییەكان یەكلایی بكەنەوە، كە بەدەست دەوڵەتی یاساوە ماوەتەوەو مالیكی خۆی سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی ئەو پۆستانە دەكات و لێیان بەرپرسە، ئەمەش جێی نیگەرانی هەموو لایەنەكانی ترە، بەتایبەتی لایەنی سوننەو لایەنی كوردیش، چونكە دەبوایە هێزە ئەمنییەكان بەدەست كەسانی بێلایەنەوە هەڵسوڕابایە، بەتایبەتیش ئەو كەسانەی سەرپەرشتی ئەم هێزە ئەمنیانە دەكەن پێویستە دوور بن لەمەسائیلی حزبییەوە، ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی دووبەرەكێی توند لەنێوان هەموو لایەنەكان دروست بێت، ئەوەبوو هەوڵی بەستنی كۆنگرەیەكی نیشتمانی دەدرا تا ئەو ڕێكەوتننامەیەی لەهەولێر كرابوو، خاڵەكانی جێبەجێ بكرێن، بەو خاڵانەشی كە دەوڵەتی یاسا لەدوای ڕێكەوتنەكە لێی پاشگەزبۆتەوەو چەند خاڵێكی تریشی بۆ زیاد بكرێت، بەڵام پێش گرێدانی كۆنگرەكە، كێشەی گەورەتر هاتونەتە پێشەوە، یەكێك لەوانە كردنەوەی دۆسیەی تۆمەتباركردنی كردنی تاریق هاشمی و هەروەها كێشەی ساڵح موتڵەگە، كە ئەمەی دواییان چەند شتێكی لەسەر نوری مالیكی ڕاگەیاندبوو لەبەرانبەریشدا مالیكی نامەیەكی بۆ ئێمە نارد كە ئیقالەی بكەین، بەڵام ئێمە تا ئێستا ئیقالەمان پێ نەكردووە، چونكە بەگرفتێكی سیاسی دەزانین، هەموو ئەم كێشانە ئەگەر چارەسەر نەكرێن تا دوای بەستنی كۆنگرەی كۆمكاری عەرەبی ئەوە بەتەئكید پرۆسەی سیاسی لەم وڵاتەدا بەرەو لێكترازان و پوكانەوە دەڕوات، چونكە هەموو لایەنەكان بەرەو دووركەوتنەوە لەیەكتری دەچن و پشت دەكەنە یەكتر و لەیەكتری نزیك نابنەوە، هۆكاری یەكەمیش دەگێڕدرێتەوە بۆئەوەی كە ئەو گرووپەی كە دەسەڵاتی بەدەستە ئامادەیی تێدا نییە لەوانی تر تێبگات و كێشەكان بەرەو چارەسەر ببات.
* ئەگەرچی كێشەی نێوان مالیكی و عەللاوی ناكۆكییەكە لەنێوان دوو قەوارەی سیاسییە، بەڵام ئەمە تەشەنەی سەندووە بۆ ئەوەی مەترسی شەڕی نێوان سوننەو شیعەی لێ سەرهەڵبدات، ئایا ئێوە وەك لایەنی كوردستانی چۆن سەیری لایەنەكانی ئەم كێشەیە دەكەن؟
- لەڕاستیدا لەنێوان سوننەو شیعەدا ناكۆكی و دووبەرەكی هێندە زۆرن ئاستەمە بگەنە ئاكامێكی یەكلاكەرەوە بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوانیان، تەنانەت لایەنەكانی سوننە وێڕای ئەو هەموو كێشانەی لەگەڵ لایەنەكانی شیعەدا هەیانە، بەڵام لەبەرانبەر لایەنی كوردی نەرمیان پیشان نەداوە و، ئامادەیی خۆیان پیشانی هاوپەیمانی كوردستانی نەداوە تا پێكەوە بتوانین هاریكار و هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی گرفتەكان چارەسەر بكەین، بەپێچەوانەوە زۆربەی زۆری بەرپرسانی كورد تا ئێستاش لایەنی شیعەیان پێ باشترە وێڕای ئەو هەموو ناكۆكیانەی كە حكومەتی ناوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیەتی، لەبەرچی، بۆنموونە لەم ڕۆژانەدا كاتێك لەلایەن لیژنەی شەهیدانەوە لەئەنجومەنی نوێنەران یادی هەڵەبجە كرایەوە، لەهۆڵەكەدا یەك ئەندامی لیستی عێراقیە ئامادە نەبوون هاوبەشیمان بكەن لەو یادە كارەسات ئامێزەدا، بەڵام ئەو شیعانەی كە ناكۆكن لەگەڵمان بەتایبەت زۆربەی بەرپرسانی دەوڵەتی یاسا هاتبوون لەو یادەدا هاوبەشییان كرد، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە كە سوننەكان هەر لەو خەیاڵاتە كۆنینەی خۆیان دەژین كە پێیانوایە پێویستە هەر خۆیان حوكمی ڕەهای ئەم وڵاتەیان لەدەست بێت، بۆیە سوننە بەهیچ شێوەیەك نەیتوانیوە كورد لەخۆی نزیك بخاتەوە تا فشارێكی گەورە دروست بكات و كێشەكان چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵكو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ كێشەكانی سوننە لەبەرانبەر شیعەو كورد گەورەتر دەبن، هەروەها هەفتەی ڕابردووش ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بەكۆی دەنگ ئەو بڕیارەیان دەركردووە كە گوایە ناوچەكانی موسڵ لەدەرەوەی ماددەی 140 و ئەو بڕیارانەی پابەندن بەو ماددەیە ناوچەكانی موسڵ ناگرێتەوە، ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆی ئەوەی كە لایەنی سوننە لەكوردیش دوور بكەوێتەوەو لەبەرانبەر لایەنی شیعە بەتەنیا بمێنێتەوەو كێشەكانی زیاتر بە كەڵەكەكراوی لەسەر یەك بكەوێت..
* لەسەر دۆسیەی تۆمەتباركردنی تاریق هاشمیی بۆچی هەندێك لایەن دەیانەوێت هەرێمی كوردستان بەو بابەتەوە تێوەگلێنن؟
- ململانێ و ناكۆكییەك لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەو لایەنانە هەیە، ئیتر لایەن هەیە بەردەوام لەپیلانڕێژیدایە بۆ هەرێمی كوردستان، ئێستا یەكێك لەو پیلانانە كە تەونی بۆ دەڕێسرێت مەسەلەی تاریق هاشمییە، ئەگینا پازدە ڕۆژ پێش ئەوەی بێتە كوردستان فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووبوو، دوای ئەو پازدە ڕۆژە ئینجا چووەتە ناو فڕۆكەخانەو نزیكەی چوار كاتژمێر لەوێ ماوەتەوەو بەگیریان هێناوە، دواتر سەرۆك وەزیران خۆی ئاگاداری بووە كە ئیزنیان داوە بڕواتە كوردستان، لەگەڵ نائیبی دووەمی سەرۆك وەزیران خۆیدا بووە، ئەمە ئەگەر پیلان نەبێت بۆچی لەو هەموو كاتەی لای خۆیان بووە دەسبەسەریان نەدەكرد، تا ئەو سەعاتەی گەیشتە كوردستان ئینجا كە گەیشتۆتە هەرێم ئەوجا دەڵێن ئادەی بۆمان بنێرنەوەو تەسلیمی بكەنەوە، ئەوەش بۆ ئەوە بوو هەرێم تووشی ئیحراجی بكەن و هەرێم تۆمەتبار بكرێت بەوەی مافی مرۆڤی پێشێل كردووەو بەپێچەوانەی هەموو عورف و دابێك تاریق هاشمی تەسلیم كردووەتەوە.
* ڕەفتارو بڕیارە تاكڕەوانەكانی نوری مالیكی لەعێراقدا ترسی ئەوەی لێ دەكرێت ئەم وڵاتە بەرەو تاكڕەوی پەلكێش بكات، بەردەوامبوونی ئەم ڕەفتارانەی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئێستا تا چەند نیگەرانی ئەوەی لێ دروست دەبێت كە عێراق بەرەو ئاییندەیەكی باش نەچێت؟
- بەقەناعەتی من ڕەنگە مالیكی هەوڵی ئەوەی هەبێت كە خۆی یان حزبەكەی دەسەڵاتی ڕەها بخەنە ژێر جڵەوی خۆیانەوە، بەڵام باوەڕناكەم لەدوای ئەو چارەنووسە ڕەشەی بەسەر سەدام حوسێن هات كەس بتوانێت جارێكی تر ئەم وڵاتە بەرەو تاكڕەوێتی و تاكحزبی پەلكێش بكاتەوە، تەنانەت لەناوخۆی ئیئتیلافی نیشتمانیدا پەرچەكرداری توند هەیە بۆ دانانی بەربەست لەبەردەم ڕەفتارە تاكڕەوەكانی مالیكی، ئومێدەوارم مالیكی وەك كەسێك كە لەدژی سەدام حوسێن و حوكمی دیكتاتۆری خەباتی كردووە ئەو ڕۆژە ڕەشانەی بێتەوە پێش چاو كە تاكڕەوێتی ئەم وڵاتەی چی لێدەكردو بەرەو كوێی دەگەیاند، بۆیە ئەگەر ئەمیش بەو ڕێچكەیەدا بڕوات، چۆن پێشتر خۆی بەربەرەكانێی سەدامی دەكرد، ئەوا لایەنەكانی ئێستای ئۆپۆزسیۆنیش بەهەمان نەفەس و شێوە بەربەرەكانێی ئەم دەكەنەوە، بۆیە حەق نییە لەسەر ئەم ڕەفتارانەی بەردەوام بێت..
* لایەنێكی تری گرژتربوونی كێشەی نێوان لایەنەكان بەهۆی دەستێوەردانی دەوڵەتانی دەوروبەری عێراقەوەیە بۆ ناو كاروبارەكانی ناوخۆی ئەم وڵاتەو كارتێكردنە سەر بڕیارەكانیدا، تاچەند سەروەری بوونی عێراق مانایەكی بۆ دەمێنێتەوە لەكاتێكدا لایەنەكان كاریگەری دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەكە بیانجوڵێنێتەوە؟
- سەروەربوونی عێراق لەژێر هەڕەشەدایە كە بەم شێوەیەی ئێستا ڕەنگە نەمێنێتەوە، چ بەهۆی ناكۆكی نەبڕاوەی نێوان سوننەو شیعەو ناكۆكییەكانی نێوان كوردو عەرەب و دووبەرەكێیەكانی نێوان خودی لایەنە سیاسییەكان لەگەڵ یەكتری و ملدانی بەردەوامی مالیكی بۆ تاكڕەوی لەحوكم كردنیدا و هاوكات نفوزی وڵاتانی دراوسێش تاو بەم ناكۆكییانە دەسێنن، چونكە ئەو دەوڵەتانە دوژمنی یەكترن و پێكەوە لەناوچەكەدا كۆك نین و ناكۆكییەكانی ئەوانیش ڕاستەوخۆ لەعێراق ڕەنگی داوەتەوە، ئەمە پرۆسەی لاواز بوونی عێراق خێراتر دەكەن، بۆیە پێویستە عێراقییەكان هۆشیاربن و دوای حەزو هەوای ئەو وڵاتانە نەكەون كە نایانەوێت عێراق بەیەكگرتوویی بمێنێتەوە هەردەم دەیانەوێت عێراق لاواز بێت.
* هەرێمی كوردستان وەك تاقانە ناوچەی ئارام لەعێراقدا سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هەمیشە كەسانی خاوەن دەسەڵات لەحكومەتی ناوەندەوە خەریكن بەدروست كردنی كێشەو هەرا نانەوە بۆ ئەم هەرێمە دیموكرات و سەقامگیرە، چۆن هەرێم دەتوانێت خۆی لەهەڕەشە بەردەوامەكانی ناوەند بپارێزێت؟
- هەروەك جەنابی سەرۆك بارزانی لەكۆبوونەوەی لەگەڵ لاوانی هەر چوار پارچەكەی كوردستان باسی كرد ئەگەری زۆر هەیە لەسەر ئەوەی زۆربەی لایەنەكانی عێراقی حەسوودی بەم دۆخەی كوردستان بەرن كە هەرێمێكی هێمن و ئارامەو پرۆژەی زۆری تێدا ئەنجام دەدرێت و بەڕوونی خزمەتگوزاری تێدا پێشكەش بەهاووڵاتیان دەكرێت و لەگەڵ بەشەكانی تری عێراقدا زۆر زۆر جیاوازیی هەیە، ئەم حەسادەتە پاڵ بەهەندێ لایەنەوە دەنێت بكەونە بەربەرەكانێی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێمە دەبێت زیاتر لەوە بەرپرسیارتر بین و وریاتر بجوڵێینەوەو نەهێڵین ئەم دۆخە ئارامەی لەكوردستان دروست بووە بشێوێنرێت و تووشی هەنگاوێك بێت كە گرفتی گەورە لەگەڵ حكومەتی ناوەند دروست بێت، بەهەر شێوەیەك بێت پێویستە هەوڵ بدەین بەدیپلۆماسیەت و پێكەوە دانیشتن چارەسەری ئەم ناكۆكیانە بكەین، بەڵێ زۆر لایەنی عێراقی هەن بەردەوام لەهەوڵدان ئەم وەزعە لەكوردیش تێك بدەن و وەكو بەشەكانی تری ناوخۆی عێراق ناسەقامگیر و وێران بێت..
* ئێستا ئەمریكا هیچ هەبوونێكی سەربازییانەی لەناو عێراقدا نەماوە، بۆ ئەوەی لەمە زیاتر بارودۆخەكە تێكنەچێت و پرۆسەی سیاسی عێراق لێكنەترازێت، ئەمریكا بەچ شێوازێك لەتوانایدا دەبێت هاوكاری لایەنەكان بكات بۆ گەیشتنە چارەسەری كێشەكانیان؟
- ئەوەی دەیبینم و هەستی پێدەكەم ئەمریكا نە كاریگەری ماوە نە شتێكی بەدەست ماوە لەناو عێراقدا تا بەلایەنی سەربازی یان ئەمنی یارمەتی عێراق بدات، بەڵام ڕەنگە بەئامۆژگاری و ڕێنماییكردنەوە بتوانێت ئاگاداری لایەنەكان بكاتەوە، چونكە نفووز و پێگەی ئەمریكا لەعێراقدا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەبەرانبەر نفووز و پێگەی ئێرانییدا زیاتر دەكشێتە دواوە، نەیارانی ئەمریكا دەسەڵاتیان زیاتر بووە لەگۆڕەپانی عێراقیدا، بۆیە ئێستا دەبێت ڕێ لەوە بگرین سوپای عێراقی بەم حاڵەی ئێستایەوە پڕ چەك نەكرێتەوەو ئەگەری سەركوتكردنی كوردو لایەنە عێراقیەكانی تر دروست نەبێتەوە لەلایەن ئەو سوپایەوە.
Top