لەیلا نەجواتی چالاكوانی سوریا بۆ گوڵان: گوشاری بەهێز بۆ سەر ڕژێمی ئەسەد ئەوەیە وڵاتانی جیهان باڵیۆزانی ئەو وڵاتە ڕەوانەی سوریا بكەنەوە
March 18, 2012
دیمانەی تایبەت
-پێویستە وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی دیكەی جیهان هەڵبستن بە دەركردنی باڵیۆزەكانی سوریا لە وڵاتەكانیان، لەبەر ئەوەی ئەم باڵیۆزانەی سوریا لەوڵاتان، باسك و ئامڕازی حكومەتێكن كە خەڵكەكەی خۆی لە وڵاتەكەدا دەكوژێت
* دوای ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانی بڕیارێك لە دژی رژێمەكەی ئەسەد دەربكات، هەموو چاودێران پێشبینی دەكەن كە ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپاو جامیعەی عەرەبی و توركیا لە دەرەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیار بدەن، بەڵام تاوەكو ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگا نادات كردەوەی سەربازی لە دژی سوریا ئەنجام بدرێت، كەواتە چۆن دەتوانرێت سنوورێك بۆ كارەكانی ڕژێمی سوریا دابنرێت، ئایا ئێوە وەك چالاكوان چیتان كردووە؟
- بۆ چەندین مانگە ئەو سورییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، بۆ نموونە من لە ئیسپانیا دەژیم، فشار لەسەر حكومەتەكانمان دروست دەكەین بۆ ئەوەی هەڵبستن بە دەركردنی باڵیۆزەكانی سوریا لەم وڵاتانە، ئێستا ئێمە ئەوە بەدی دەكەین كە وڵاتانی ئەوروپا باڵێۆزەكانی خۆیان لە سوریا دەكشێننەوە، بەڵام ئەمە هەنگاوێكی بەهێز نییە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی بە خێرایی بەرەو ئاڵۆزبوون دەچێت و بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانیە ئەمنیەكان كە ڕووبەڕوی خەڵكی وڵاتەكە بۆتەوە. ئەوەی ئێمە بە هەنگاوێكی بەهێزی دادەنێین و ئەوەی ئێمە داوای دەكەین كە دەبێتەهۆی گۆشەگیركردنی ڕژێمی سوریا و ئەوەی چالاكوانەكان داوای دەكەن.. ئەوەیە وڵاتانی ئەوروپاو وڵاتانی دیكەی جیهان هەڵبستن بە دەركردنی باڵیۆزەكانی سوریا لە وڵاتەكانیان، لەبەر ئەوەی ئەم باڵیۆزانەی سوریا لەوڵاتان، باسك و ئامڕازی حكومەتێكن كە خەڵكەكەی خۆی لە وڵاتەكەدا دەكوژێت، ئەم باڵیۆزانە فشار دەخەنەسەر هاووڵاتیانی سوریا لەم وڵاتانە، هەڕەشەیان لێدەكەن و خێزانەكانیان ئازار دەدەن تەنیا لەبەر ئەوەی خۆپیشاندان دەكەن لە وڵاتەكەی خۆیاندا. كەواتە چۆن ئەم وڵاتە دیموكراتیانە ڕێگە بەم باڵیۆزانە دەدەن كە نوێنەرایەتی وڵاتەكانیان ناكەن، بەڵكو تەنیا نوێنەرایەتی ئەم ڕژێمە ناشەرعیە دەكەن، چۆن ڕێگەیان پێدەدەن لێرە بمێننەوەو ئەم باڵیۆزانە دەپارێزن. ئەمە ئەو هەنگاوەیە كە ئێمە داوای دەكەین و هێشتا نەمانتوانیوە ئیجماعێك دروست بكەین لە ناو وڵاتانی ئەوروپادا بۆ ئەوەی سەرجەم باڵیۆزەكانی سوریا لە وڵاتەكانیان دەربكەن.
* بۆچوونێك هەیە كە چیتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت مامەڵە لەگەڵ حكومەتی سوریا بكات، لەبەر ئەوەی حكومەتی سووری هیچ شەرعیەتێكی نەماوە، كەواتە ئەگەر ئەم حكومەتە شەرعیەتی نەمابێت، بۆچی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە خێرایی ئەم هەنگاوە هەڵناگرن ئایا ڕووخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد ئاسانتر نییە؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد هەموو وڵاتێك نیگەرانە لەوەی بەدیلی دوای ئەسەد چی دەبێت، ئەمە بە تەنیا بەسەر سوریادا جێبەجێ نابێت، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچەكە ڕاستە. ئاسان نییە لە دوای ڕژێمێكی سەركوتكار دۆخێك دروست بكەیت كە كۆمەڵگەی مەدەنی بوونی هەبێت و دامەزراوەكان كاری خۆیان بكەن و هاووڵاتیان بپارێزرێن بێ ئەوەی كودەتایەكی دیكە ڕووبدات یان دووبارە دەست بەسەر دەسەڵاتدا بگیرێتەوە، ئەمە كارێكی زەحمەتە و كاتی دەوێت. پێم وایە وڵاتان لەسەرتاسەری جیهاندا لەوە دەترسن بەدیلی دوای ئەم حكومەتە چییە و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. ئەگەر بەدیلێكی ڕوون هەبوایە ئەوا وڵاتانێكی زیاتر بە پەرۆشێكی زیاترەوە پشتیوانیان دەكردو گفتوگۆیان لەگەڵ دەكرد. پێم وایە ئاسان نییە داوای بەدیلێكی ڕوون بكرێت لەم دۆخی ناكۆكییەدا. بەڵام باوەڕم وایە چیتر حكومەتی سووری توانای بەردەوامبوونی مابێت بە چاوپۆشین لەوەی بەدیلی ڕوون لە ئارادا دەبێت یان نا.
* ئێستا باس لە هاوكاریكردنی موعارەزەی سووری دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ڕژێمی سوریا بڕوخێنێت، بەڵام بە پێی لێكدانەوەی شارەزایان ڕژێمی سوریا زۆر لەوە بەهێزترە كە بتوانرێت بەهۆی موعارەزەوە بڕوخێنرێت، بە چەشنی رژێمەكەی سەددام حوسێن كە موعارەزە نەیدەتوانی بیڕوخێنێت، پرسیارەكە ئەوەیە لە كاتێكدا موعارەزە توانای ئەنجامدانی ئەم كارەی نییە، بۆچی ڕۆژئاوا ڕێگە بە بەردەوامبوونی ئەم خوێنڕێژیە دەدات؟
- پێم وایە بەرژەوەندیی جیۆستراتیژی هەیە لەم مەسەلەیەدا، چونكە هەموولایەك دەیانەوێت بزانن دەستكەوت و بەرژەوەندیەكانی خۆیان لە رووخانی رژیمی ئەسەد چی دەبێت، ئەمە بە چاوپۆشین لەوەی بەدیلەكە كێ دەبێت. لەبەر ئەوە نابێت ساویلكە بین، چونكە هەمیشە بەرژەوەندی هەیە لەم مەسەلەیەدا، واتە بەرژەوەندی هەیە لە پێوەندیدا بە پشتیوانیكردنی یان پشتیوانی نەكردنی ئەم لایەن یاخود ئەو لایەنەوە. لە ڕاستیدا دژواری هەیە لەم مەسەلەیەداو ئێمەش لەو دژواریە تێدەگەین، لەبەر ئەوەی هێشتا دڵنیانین لەوەی بەدیلی دوای ڕژێمەكە چییە و هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە تاوەكو ئێستا هەوڵەكانی ڕوخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد هەوڵی شەرمنانە بوونە، واتە هێشتا بەدیلەكە دیار نییە و زۆر زەحمەتە دوای دەیان ساڵ بتوانین بە ڕوونی گوزارشت لە بەدیلەكە بكەیت. ئێمە دەزانین ئەمە حاڵی ئەمەریكا بوو لە كێشەی عێراقدا، دوای دەیان ساڵ لە سەپاندنی توندوتیژی و سەركوتكاری كە هاووڵاتیان هەستیان نەدەكرد لەلایەن حكومەتەوە پارێزراون، زۆر زەحمەتە كە بتوانین لە ماوەی چەند مانگێكدا بەدیلێكی ڕاستەقینە بۆ رژێمی ئێستای ئەسەد بخەینەڕوو. من پێم وایە بەدیلەكە هەرچییەك بێت ئەم ڕژێمە بەردەوام نابێت، واتە تەنانەت ئەگەر بەدیلیش نەبێت ئەوا ئەم رژێمە بەردەوام نابێت لەبەر ئەوەی تاكە كاردانەوەی بریتیە لە توندوتیژی. واتە دوای ساڵێك تەنها وەڵامدانەوەیان بۆ هاوڵاتیان بەكارهێنانی توندوتیژی بووە، ئەمەش مەرگی ڕژێمەكەیە و ئەمەش خۆكوشتنی ڕژێمەكەیە، لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە جگە لە توندوتیژی هیچ وەڵامێكی دیكەی هەبێت وپێم وایە رژیم نائومێدانە ڕەفتار دەكات و سەرەنجام فشارە ناوخۆیی و دەرەكیەكان سەركەوتوو دەبن، ئیتر باجی ئەو سەركەوتنە چەندیش گران بێت.
* بە پێی لێكدانەوەی شارەزایان هەڵوێست و تێڕوانینی ڕوسیا دوای هەڵبژاردنەكان گۆڕاوە و و ڕەنگە ڤلادمیر پۆتین پشتیوانی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكات، بەڵام ڕژێمەكەی سوریا بانگەشەی ئەوە دەكات كە سەركەوتنی پۆتین دەستكەوتە بۆ سوریا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەڵوێستی ڕوسیا چی دەبێت؟
- من نائومێدبووم و هاووڵاتیانی سوریاش لە هەڵویستی روسیا نائومێدبوون، خەڵكی سوریا دركیان بەوەكردوە ڕوسیا پشتیوانی خەڵكەكە ناكات، بەڵكو پشتیوانی رژێمە ناشەرعیەكە دەكات. خەڵكی سەر شەقامەكان ئەوە دەخەنەڕوو و هۆشیارن بە كاریگەری ڤیتۆكەی ڕوسیا و كاتێك لەو گرتە ڤیدیۆیە دەڕوانین كە دایكێك مناڵە كوژراوەكەی لە باوەشگرتووەو هاوار دەكات ڕوسیا تۆ ئەم كارە دەكەیت و ئەمە ڤیتۆكەی تۆیە و ڤیتۆكەی تۆ ئەمەی خوڵقاندووە، كەواتە ئەوان هۆشیارن بە كاریگەریە ڕاستەوخۆكانی كاردانەوە نێودەوڵەتیەكان، هۆشیارن بەوەی بەهۆی پشتیوانی ڕوسیاوە بۆ حكومەتی سوریا ئەم كوشتارە بەردەوامە. پێم سەیرە، بۆیە دەپرسم دەبێت دەستكەوتەكانی ڕوسیا چی بن لە پشتیوانیكردنی رژێمی سوریا؟ من دەزانم ڕوسیا چەكی پێ دەفرۆشێت و بەرژەوەندی ئابووری هەیە، بەڵام پێم وانییە ئەوانە بەس بن بۆ ئەوەی ببنە پاساوی ئەوەی ڕوسیا ئەوەندە سوور بێت لەسەر پشتیوانیكردنی حكومەتی سوریا، پێم وانییە مەسەلەكە تەنیا بەرژەوەندی ئابووری بێت، بەڵكو بەرژەوەندیەكە بریتیە لە هێزی جیۆستراتیجی وپێم وایە ئەمە ئەوە پیشان دەدات كە چۆن ڕوسیا دەیەوێت پەرە بە بەدیلێك بدات بۆ هێزە ئیمپریالیەكە، كەواتە مەسەلەكە پتر نمایشكردنی هێزە و دەسەڵاتی خۆیانە لە جیهاندا وەك دەسەڵاتێكی بەدیل، زیاتر لەوەی دەستكەوت و بەرژەوەندی ئابووری بێت. من نازانم تا چەند ڕوسیا ئەتوانێت بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی حكومەتی سوریا كاتێك هەموو شتەكانی دیكە لە دەست دەدات.
* ڕاگەیاندنەكان ڕەوشی خراپی خەڵكی سوریاو بەردەوامبوونی كۆمەڵكوژی سوریا پەخش دەكەن، ئایا لە ڕوانگەی مرۆییەوە، نەك سیاسی چۆن بتوانرێت ئەم خەڵكانە بپارێزرێن و ناوچەیەكی ئارامیان بۆ دروست بكرێت؟
- ئەوە كارێكی بوێرانەیە كە ئەوە پەخش دەكەن كە ڕوودەدات، لەبەر ئەوەی ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی ئەوە پیشان بدەن كە ڕووبدات، لەم ڕێیەشەوە پەیامێكی بەهێز دەنێرن و ئەوە ڕادەگەیەنن كە ئێمە لێرەین و ئەوان پەیامێك دەنێرن كە دەنگدانەوەی گەورەی هەیەو بە چەشنی ئەو نامەیەی لە ڕابردوودا دەخرایە بوتڵێكەوە و دەیاندایە دەم ئاوەكە بە ئومێدی ئەوەی كەسێك بیدۆزێتەوە و بیخوێنێتەوە، كەواتە ئەوان ئەو ڤیدیۆیانە دەنێرن بۆ ئەوەی ئێمە ئەوان لەبیر نەكەین، لە دۆخی ئێمەدا ئامانجەكە ئەوەیە فشار لەسەر حكومەتەكانمان بكەین تاوەكو باڵیۆزەكانی سوریا دەربكەن، هەروەها بۆ ئەوەی هاوكاری مرۆییان بۆ ڕەوانە بكەین، بە تایبەتی بۆ شاری حومس. ئێمە گوێیان لێدەگرین و پەیامەكەیان بڵاودەكەینەوەو كار دەكەین بۆ ئەوەی دەنگیان بیستراو بێت و ئەوەندەی پێمان دەكرێت لە ڕووی ئابوورییەوە یارمەتیان بدەین و بە دواداچوون بۆ داواكاری و ئەجێندەكانیان بكەین لەسەر ئەرزی واقیع.
* لەپێوەندیدا بە سیاسەتی ئیقلیمیەوە ئەوا مانەوەی ڕژێمەكەی ئەسەد بە سەركەوتن بۆ ئێران و بە شكست بۆ سعودیە دادەنرێت، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك مانەوەی ئەسەد هەڕەشەیە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەكە؟
- من وای دەبینم رژێمی سوریا زۆر ژیرانە ڕەفتاری كردووە كە خۆی وەك پارێزەری هاوسەنگی ناساندووە، كە هاوسەنگی ناوچەكە دەپارێزێت. وای پیشانی داوە كە دژایەتی ئیسرائیل دەكات و ئێستاش دەركەوتووە كە ئەوە ڕاست نییە، كە دەبینین ئیسرائیل نیگەرانە لە ڕووخانی ڕژێمەكەی سوریا، لەبەر ئەوەی دڵنیان هەر حكومەتێك لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خەڵكەوە بێتەسەر دەسەڵات خۆشحاڵ نابێت بەو بارودۆخەی لە ئارادایە لەگەڵ ئیسرائیلدا، ڕاستە باس لەوە دەكردا كە سوریا دژایەتی و بەرهەڵستی ئیسرائیل دەكات، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع هیچ شەڕ و ناكۆكیەك لە ئارادانەبوو لە نێوان سوریا و ئیسرائیلدا و تەنیا لە ڕووی خیتابەوە دژایەتی یەكتریان دەكردو ئەمەش خزمەتی بە ئەجێنداكانیان دەكرد. ئەمە بەسەر بوارەكانی دیكەشدا جێبەجێ دەبێت حكومەتی سوریا وەك ڕاگری هاوسەنگی خۆی نمایش دەكرد، بەڵام حكومەتێكی ناشەرعی كە پارێزگاری لە خەڵكەكەی خۆی ناكات و دەیانكوژێت، واتە حكومەتێك بایەخ بە خەڵكەكەی نەدات و ئەو كارانە بەسەر مناڵاندا بهێنێت و بەسەر مەدەنی و بێتاوانەكاندا بهێنێت، ئیتر بۆچی ئەو كارە لە دژی كەسانێك ناكەن كە بایەخیان پێنادەن، كەواتە ئەوان تەنیا گرنگی بە بەرژەوەندیەكانی خۆیان دەدەن. لەبەر ئەوە باوەڕم بەوە نییە كە هیچ هاوسەنگیەك بپارێزن لە ناوچەكەداو ئەوان تەنیا خزمەت بەبەرژەوەندیەكانی خۆیان دەكەن و من باوەڕم وایە حكومەتێكی شەرعی كە لەلایەن خەڵكی سوریاوە هەڵبژێردرابێت باشترە بۆ سوریەكان و بۆ ناوچەكەش.