ئەدهەم بارزانی بۆ گوڵان: ئەگەر سەرۆك بارزانی بڕیاری چارەنووس بدات، دەبێت هەموو گەلی كوردستان و حزبە سیاسییەكان لە پشت ئەو بڕیارە رابوەستن

ئەدهەم بارزانی بۆ گوڵان: ئەگەر سەرۆك بارزانی بڕیاری چارەنووس بدات، دەبێت هەموو گەلی كوردستان و حزبە سیاسییەكان لە پشت ئەو بڕیارە رابوەستن
ئەدهەم بارزانی وەك كەسایەتییەكی سیاسەتمەدار و ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم دیمانە ڕاشكاوانەیەدا، وێڕای ئاوڕدانەوەیەكی خێرای بۆ مێژووی بەرخودانی میللەت، زۆر بە واقیعیانەوە بارودۆخی ئێستای كوردستانیش تەماشا دەكاتەوە، دانیشتن لە بەرانبەریدا بۆ دیالۆگ و گفتوگۆكردن، لە سەفەرێك دەچێت بۆ چوونە ناو دنیایەكی بێفیزی و شەفاف كە قەدری هەموو كەسێكی لایەو ئاكام لە گەیاندنی پەیامی ئومێد بەخشانەش بێ بەشت نەكات، وەك گۆڤاری گوڵان لە سەردانێكمان بۆ لای بەڕێزیان ئەم دیمانەیەی لێ بەرهەم هات، كە ئەمەش دەقەكەیەتی.


*دەسپێكی پرسیارمان بەوە دەست پێدەكەین، ئایا شیخ ئەدهەم بارزانی واقیعی سیاسی ئێستا چۆن دەخوێنێتەوە، بە تایبەتی كە ئێستا كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەبارودۆخەكەدا هاتۆتە ئاراوە، گۆڕانكاری لە حكومەتیشدا دەستی پێكردووە؟
- بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان، لەدەسپێكدا سوپاسی گۆڤاری گوڵانی ئازیز دەكەم بۆ ئەم دەرفەتە، سەبارەت بەم پرسیارە، بێگومان ڕاستە یەكەمین پرسیارە. بەڵام دەیان پرسیاری لەخۆی گرتووە، من پێموایە واقیعی ئێستای كوردستان راستیەكەو، دۆزی میللەتێكی گەورەیە، بەدرێژایی مێژووی نوێی جیهان نەتوانراوە ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، ئەوەی لەم بەشەی كوردستاندا لەدوای ڕاپەرین و هەڵبژاردنەكانی 1992 نیمچە سەربەخۆییەكی بەخۆیەوە بینیوەو، پەرلەمان و حكومەتێك دامەزراوە، ئەوە ماوەی 20 ساڵە لەم نیمچە سەربەخۆییەدا دەژین، بۆیە من ئەم ئەزموونەی باشووری كوردستان وەك بەشێك لە كێشەی نەتەوایەتی هەر چوارپارچەكە سەیر دەكەم، لەم ماوەیەدا كۆمەڵێك شت هەنگاوی بۆ هەڵگیراو خواست و ڤیانەكانی گەلی كوردستان بەرەو پێشەوە چوون، لەسەر ئاستی جیهان زیاتر كێشەی گەلی كوردستان ناسراو بایەخی پێدرا، ئەمەش وایكرد شانازی بەخۆمانەوە بكەین. بەڵام ئەم بارودۆخە لە خۆڕاو هەروا بە ئاسانی نەهاتۆتە ئاراوە بۆیە لێرەدا ئاماژە بەچەند شتێك دەكەم:
- جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لەشەڕی خواكوڕك پێشبینی گۆڕانكاری گەورەی كرد، بۆیە شەڕی خواكوڕك بوو بە خاڵی بەرخودان و بووە ئەو خاڵەی كە دەبێت بسەلمێنرێت كە كورد ماوەو هەردەمێنێت، لەو قۆناخەدا كە شەڕی خواكورك لە گەرمەدا بوو، جەنابیان جەختی لەسەر ئەوەكردەوە كە ئەمە بۆ رژێمی بەعس ناچێتە سەرو دەبێت گۆڕانكارییەك لە بارودۆخی ناوچەكە رووبدات، من پێموایە ساڵێك یان كەمتر دوای ئەم قسانەی جەنابی سەرۆك، ئیتر ئەوە بوو سەدام حوسێن ئەو هەڵە گەورەیەی كردوو كوەێتی داگیركرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هەموو شتێك بگۆڕدرێت.


- لەبەهاری ساڵی 1991 دیسان لەشاری كۆیەی خۆشەویست، ئاماژەی بەوەكرد پێویستە هەڵبژاردن بكرێت و بەرەو دەوڵەتی دامەزراوەو یاسا هەنگاو هەڵبگرین، ئەمەش ئەو ئەزموونەی ئێستایە كە تیایدا دەژین و هەنگاوی زیاتری بۆ هەڵدەگرین.
مەبەستم لێرەدا ئەو پێشبینیانەی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لە خواكوڕك و كۆیە كردی ئەوەیە، كە دەبێت ئێمە كوردستان بەرەو وڵاتی دامەزراوەیی و سەروەریی یاسا و هەڵبژاردن ببەین، ئەمەش واتە دەبێت بڕیاری گەل شوێنی بریاری شۆڕشگێڕی بگرێتەوە، بەڵام ئەگەر پرسیار ئەوە بێت ئایا لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا گرفتەكانی ئێمە چی بوون؟ بێگومان ئێمە باش دەزانین كە چ كێشەو ململانێیەك لەناوەوەو دەرەوەی كوردستان لەسەر ئەم ئەزموونە هەبووە، لەلایەكەوە لەسەر ئاستی دەرەكی چەندەها كێشەو پیلان و هێرش (هێرشی ئاسمانی و زەمینی و تۆپخانەكان) هەبووەو هێزی سەربازی هەندێك دەوڵەتانی دراوسێ، ناوەناوە سنوورەكانیان بەزاندوین و هەڕەشەیان لە ژیان و بوونی ئەم میللەتە دەكرد، بەڵام وێڕای هەموو ئەو هەڕەشە دەرەكیانە توانیوومانە پێشكەوتن بەدەست بهێنین، بەڵام ئەگەر دیسان پرسیار بكەین، ئایا توانیوومانە بەتەواوەتی سوود لەم ئازادییەی وەربگرین؟ من راشكاوانە دەڵێم بەداخەوە نەمانتوانیوە وەك خۆی سوودی لێ وەربگرین و هەنگاوەكانمان بەو ئاستە خێرابكەین، كە ئەم ئەزموونە بەرەو دەوڵەتێكی هاوچەرخ بچێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بۆیە لەم خاڵەدا پێویستە هەموومان دان بەو راستیەدا بنێین، بەوەی هەموومان لەم پرۆسەیەدا هەندێك هەڵەمان كردووەو ویستوومانە ئەزموونی دەوڵەتانی رۆژئاوا بێنین و لەكوردستان فۆتۆكۆپی بكەین و جێبەجێی بكەین، ئێمە ئەو پرسیارەمان لەخۆمان نەكردووە، ئایا دەتوانین لە هەموو شتێكدا بگۆڕێین؟ ئایا دیموكراسی شمەكە تا بچین لە یەكێك لە مۆڵە گەورەكانی ئەوروپاو ئەمریكا بە ئەندازەی كوردستان بیكڕین و پیادەی بكەین؟ بێگومان نەخێر لەبەر ئەوەی دیموكراسی بەرهەمی ئەزموونی دەیان ساڵەی نەتەوە جیاوازەكانی ئەم جیهانەیەو دەبێت ئێمە لەو ئەزموونانەوە فێربین چۆن دیموكراسی بونیاد دەنرێت.نەك كۆپییان بكەینەوە.



* لێرەوە ئەگەر جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ پێشبینیەكانی سەرۆك مسعود بارزانی، بێگومان وەك بەڕێزیشت ئاگاداریت كە بەڕێزیان لە ڕۆژی 19ی شوبات 2012، لە ساڵیادی یەكێتی لاوان و قوتابیانی كوردستاندا، ئاماژەی بەوەكرد (چاوەڕوانی ئایندەی گەش بن..)، ئایا بەڕێزت چۆن ئەم پێشبینیەی سەرۆك دەخوێنیتەوە؟
- ئەمە یەكێكە لە وتەكانی ئەو رۆژەی( 19/2/2012) ی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی، كە لەشاری هەولێرو لە مەراسیمی لاوان و قوتابیان ئاماژەی پێكردو بەدەق دەڵێت:(باش گوێم لێڕابگرن چاوەڕێی ئایندەیەكی گەشبن ئینشائەڵڵا) ئەو بەدەق ئەمەی فەرموو، من لەوانەی پێشتر ئاماژەم پێكرد، مەبەستم لەم (ئاییندە گەشە) بوو كە بەڕێزیان ئاماژەی پێكرد، من دەمویست بگەمە ئەم خاڵەو ئاماژە بەوە بكەم، ئایا ئەمە تەنێ قسەی ئەدهەم بارزانی یە، یان شرۆڤەیەكە، یان پروپاگەندەیەكە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن؟ لەوانەیە هەندێك بەوجۆرە تەفسیری بكەن و بڵێن: بەڵێ ئەدهەم ئەندامی حزبێكەو دەیەوێت بەم شێوەیە پروپاگەندە بۆ حزبەكەی خۆی بكات، من دەڵێم نەخێر، لەبەر ئەوەی سەرۆكی حزبەكەی من كە ئێستا سەرۆكی هەڵبژێردراوی هەرێمی كوردستانیشە، لە تەمەنی 16 ساڵییەوە پێشمەرگەی ئەم كوردستانە بووە، هەروەها ئەم سەرۆكە شاگردو پەروەردەی دەستی مستەفا بارزانی یە و موریدی شێخ ئەحمەدی بارزانی یە، رێگای شێخ ئەحمەدی بارزانیش رێگەیەكی رۆشن و دیارە بۆ هەموو كەسێك و بێجگە لە(خۆشەویستی و دادپەروەری و باوەڕبەخۆبوون و ڕاستی) شتێكی دیكەمان لەم رێبازە بەدی نەكردووە، لەم روانگەیەوە جەنابی سەرۆك بارزانی ئومێدی هەرە گەورەی ئەوەیە كە ڕۆژێك لەڕۆژان نەتەوەو گەلی كوردستان وەك تەواوی نەتەوەو گەلانی جیهان، لەسەر خاكی كوردستان بە ئازادی بژین وخاوەنی دەوڵەت و ئاڵای خۆیان بن.


* ئایا تۆ وەك شەخسی ئەدهەم بارزانی پێتوایە ئەم (ئایندە گەشە) دوورە یان نزیكە، یان با بڵێین ئایا ئەم پێشبینەش وەك پێشبینیەكانی جەنابیان زوو دێتە دی؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی هەر بڕیارێك بدات، دەبێت ئەو بڕیارە لەو شوێنە رابگەیەنرێت كە شوێنی خواست و ئاواتەكانی گەلی كوردستانە، بۆیە من زۆرجار ئەم باسەم وروژاندووە، هەستمكردووە هاووڵاتیانی كوردستان، بە جیاوازی بۆچوون و نەتەوەو ئایینەوە، هەموویان بەچاوێكی پڕ ڕۆندكەوە ئومێد دەكەن، ئەم رۆژە ساتێك زووتر بێت، بۆیە من پێموایە ئەگەر جەنابی سەرۆك بڕیارێك لەمبارەیەوە بدات، ئەوا لەسەر خواست و ویستی ئەم میللەتە بڕیار دەدات، بەڵام ئەوەی گرنگە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر جەنابی سەرۆك بڕیارێكی لەو جۆرە بدات، ئەوا ئەوەی لەسەر ئێمە پێویستە وەك جەماوەری كوردستان و گەلی كوردستان و تەواوی حزب و لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە، دەبێت بە هەموو توانای خۆمان لەپشتی ئەم بڕیارە ڕابووەستین، هەروەها دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكەین بۆ ماوەیەكی كاتیی گوشارێكی گەورە بێتە سەرمان، بەڵام دەبێت بەرگەی بگرین لەبەر ئەوەی ئەو گوشارە لەماوەیەكی كەمدا بەڕێدەكرێت.


*لەم بارودۆخەدا قسەوباس لەوەدەكرێت ئێستا هەوڵدان بۆ گرێدانی كۆنگرەیەكی نەتەوەیی لە ئارادایە، بەڵام لەباری واقیعیشدا دەبینین حزب و لایەنە سیاسیەكان وەك پێویست لێك نزیك نین، ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی ئەم یەكڕیزییە بێتە دی؟
- گومانی تێدا نییە هیچ پێشكەوتنێك بۆ هیچ میللەتێك نایەتەدی، ئەگەر ناوماڵی خۆیان دروست نەبێت، لە گوتاری سیاسیی نیشتمانیدا هەڵوێستەكانیان یەكگرتوو نەبن، من لێرەوە یەكەمجار ئەم پرسیارە لەخۆم دەكەم، من وەكو ئەندامێكی پارتی، وەك دەروێشی رێگای مەلا مستەفا بارزانی، پاشان هەمان پرسیار لەتەواوی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەكەم و دەڵێم، ئایا ئێمە چ كێشەیەكمان هەیە كە وایكردووە لەیەكتری نزیك نەبین؟ بۆچی هەموومان براو هاوكاری یەكتری نەبین؟ ئەگەر جیاوازی رێگرە كە هاوكاری یەكتری نەكەین ئەوا راشكاوانە دەڵێم بەدرێژایی مێژوویی مرۆڤایەتی نەك هەر لە سیاسەتدا، بەڵكو لەنێوان ئایینەكان و لەناو یەك ئاینیشدا، لەنێوان مەزهەبەكاندا، جیاوازی لە تێڕوانین و بۆچوون و شرۆڤەكاندا هەبووە، هەر بۆ نموونە قورئانی پیرۆز كە وەك موسڵمانان مەرجەعی هەموومانە،دەبینن چەندین تەفسیری جۆراوجۆر لەسەر دەقە پیرۆزەكانی ئەم قورئانە كراون، ئەگەر سەیری هەریەك لەم تەفسیرانەش بكەین، دیسان جیاوازی دەبینین، بۆیە دەڵێم بوونی جیاوازیی یەكێكە لەو نیعمەتانەی كە خوا بە مرۆڤەكانی بەخشیوە، بۆیە ئەگەر ئەم جیاوازییە بوونی نەماو من و تۆ وەك یەك بیرمان كردەوە، ئەوا پێشكەوتنی هەردووكمان لەئاستی پێشكەوتنی یەك مرۆڤدا دەبێت نەك دوو مرۆڤ، ئەمە هەر فیكری یەك كەسە، بەڵام ئەگەر 10 كەس لەم ژوورەدا بن و هەریەكەیان لەوێ دیكە جیاواز بیر بكاتەوە، ئەو كاتە هەست دەكەین 10 مرۆڤ بوونی هەیەو بەجیاوازی بیر دەكەنەوە، هەر بۆیە هیچ گومانی تێدا نییە لە فیكری 10 كەسدا شتێكی جوانترو ڕێكوپێك تر بەرهەم دێت وەك لە فیكری تەنیا كەسێكدا، هەروەها توانای مرۆڤەكانیش ئەو كاتە دەردەكەوێت كە بتوانن پێكەوە مامەڵە بكەن و پێكەوە بەرەو ئامانجێك هەنگاو هەڵبگرن، كەواتە جێگەی خۆیەتی بپرسم ئایا من چ كێشەیەكم لەگەڵ جەنابی كاك نەوشیروان مستەفا هەیە؟ بە پێچەوانەوە من نەك كێشەم لەگەڵی نییە، بەڵكو شانازی پێوە ئەكەم، چونكە رۆژێك لەرۆژان چەكی پێشمەرگایەتی لەشان بووەو زەحمەتی بۆ كوردستان بینیوە. یان ئایا بۆچی من رێز لەهەموو شەهیدانی تەواوی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان نەگرم؟ ئەمە هی پرسیار كردن نییە، بەڵكو پێویستە لەسەرم ڕێزیان بگرم و سەری رێزیان بۆ دابنەوێنم. یان ئایا پیشمەرگەكانی ئەم حزب لەگەڵ ئەو حزب چ جیاوازییەكیان هەیە؟ بێگومان بەجیاوازی بیربۆچوونەكانیانەوە هەموویان بەڕێزن، لەبەرئەوەی هەموو یەك ئامانجیان هەبووە، ئامانجەكەش خزمەتكردنی گەل و خاكی كوردستان بووە. لێرەدا دیسان دەیڵێم بەداخەوە لەبەرئەوەی هەندێك جار بەو جۆرە بیردەكەینەوە، ئێمە هەموومان تووشی هەڵە بووین، من پێموایە دەبێت ئەم بیركردنەوەیە بگۆڕین و، دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین بۆچی تەنیا جوانی و ئیجابیەتەكانی حزبەكەی خۆم ببینم؟ ئایا تەنیا جوانی و ئیجابیەت تەنیا لەناو حزبەكەی مندا هەیە؟ من لەوەڵامدا دەڵێم نەخێر جوانی و ئیجابیەت لەلایەنەكانی دیكەش هەن بەڵام تائێستا بەرچاوم نەكەوتوون، من پێموایە زۆرجار وابیرمانكردۆتەوە كە تەنیا حزبەكەی خۆمان ببینین و تەنیا پروپاگەندە بۆ حزبی خۆمان بكەین، بۆیە من بەشێوەیەكی گشتگیر و تێكڕایی دەڵێم، ئێمە هەموومان كادر و ئەندام و لایەنگرانی خۆمان بۆ مەبەستی كوردستان و كوردایەتی و مەزڵومیەتی گەلی كوردستان پەروەردە نەكردووە، بۆیە حزبایەتی لە كوردستان بۆتە شتێكی جیاواز، حزب بۆتە پەرستگاو ئەندام و كادرانی حزب بوونە بەندە لەو پەرستگایەدا، ئەمەش وایكردووە تەنیا چوارچێوەی یەك حزب(ئەو حزبەی خۆمان ئەندامین تیایدا) ببینین و، بێجگە لە جوانی و ئیجابیەتەكانی حزبەكەی خۆم، هیچ شتێكی دیكە بەجوان و ئیجابی نازانین، ئەمەش زیانی لەهەموومان داوە، بۆیە ئەگەر حزب رێكخستن بێت بۆ توانا و ئیمكانیەتی ئەم میللەتەو بۆ گەیشتن بە ئامانجێكی پیرۆز، ئەوە كارێكی زۆر باشە، بەڵام كە گەیشتە ئەوەی حزب ئامانج بێت یان حزب ببێتە پەرستگا و ئەندامی حزب ببێتە بەندەی ئەو پەرستگایە، ئەوا لێرەدا دژایەتی لەسەر ئەو فیترەتە پاكەی مرۆڤ كە جیاوازییە دروست دەبێت و هیچ جیاوازییەك قبوڵ ناكرێت، كە ئەمە دروست بوو من ناتوانم جوانی و ئیجابیەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك خۆی ببینم، كە ئەم حزبە لەسەردەمی مەلا مستەفا بارزانیدا پارتێكی جەماوەری بووە و بێجگە لە ئامرازێك بۆ ڕێكخستنی تواناو ئیمكانیەتی گەلی كوردستان شتێكی تر نەبووە، بێجگە لە خزمەتكاری بۆ خاكی كوردستان و گەلی كوردستان شتێكی تر نەبووە و هەر لەم پێناوەشدا بە هەزاران شەهید و قوربانی داوە، یان جوانی و ئیجابیەتی لایەنەكانی دیكەش نابینم.


* ئەدهەم بارزانی خۆی ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئایا ئەمەی دەیڵێیت خۆشت دەگرێتەوە، راشكاوانەتر ئایا تۆش بەوجۆرە حزبایەتی دەكەیت؟
- من ئومێدەوارم وانەبم، بەڵام حزبایەتی وای لێهاتووە بەم شێوەیە بیردەكەینەوە، هەربۆیە پێشتریش ئەوەم وتووە ئەدهەمیش زۆرجار تووشی هەڵەبووە، لەوانەیە منیش ئەو هەڵەیەم كردبێت، بەڵام مرۆڤ لە گۆڕین و پێشكەوتندایە، ئەوەی ئێستا دەیڵێم لەوانەیە ساڵی داهاتوو گۆڕانكاری باشتر لە بۆچوونەكانم هاتبنە ئاراوە، بۆیە دەبێت ئەم گۆڕانكارییە هەبیت و مرۆڤ ئەوەندە جورئەتی هەبێت بە هەڵەكانی خۆی بڵێت هەڵە. داوای لێبوردن بكات.


* ئەگەر هەر لەچوارچێوەی كاری حزبایەتی بمێنینەوە، ئایا چۆن گۆڕانكاری لە میكانیزمی حزبایەتی كردن لە كوردستاندا بێنینە ئاراوە؟
- من بەپێویستی دەزانم لەسەر ئەم مەسەلەیە لای هەموومان جدییەتێك هەبێت، بەوەی میللەت و وڵاتی ئێمە پێویستی بەوە هەیە ئەو قۆناخە تێپەڕێنن و بۆ قۆناخێكی كراوەترو گەشتر هەنگاو هەڵبگرین، دەبێت بگەینە ئەوەی من بزانم پێش ئەوەی ئەندامی حزبێكم لە حزبەكانی كوردستان، من كوردم و كوردستانیم، هەروەها لەوە تێگەیشتبم كە سێ بەشی دیكەی ئەم كوردستانە لە ژێر دەستمدا نییەو تا ئێستا داگیركراوە، هەربۆیە كاتێك بەمجۆرە بیرمان كردەوەو بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتیمان وەلانا، كێشەی حزبایەتی ئێمەش چارەسەر دەبێت، هەر لەم بۆچوونەوەیە كاتێك باسی كۆنگرەی نەتەوەیی دەكەین، پێویستە بزانین ئەم كۆنگرەیە سەركەوتوو نابێت، ئەگەر دڵەكان پاك نەبێتەوە، ئەوەی من ئومێدم پێیەتی ئەوەیە كە گەلی كوردستان و لاوەكانی ئەم كوردستانە بەتێكڕایی ببنە هۆكارێك بۆ ئەوەی ئێمە هەموو پێكەوە هۆشیار بینەوەو بگەینەوە خاڵێك، ئەو خاڵەی كە پێی دەڵێن خاڵی خزمەتكردن و بەرەو پێشەوە بردنی ئامانجەكانی ئەم میللەتە.

* هەروەك بەڕێزت دەزانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەكڕیزی نێوماڵی كوردی زۆر مەبەستە، ئایا تاچەند سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدەرەوەی پارتی هەوڵ بۆ ئەم لایەنە بدات؟
- ئاشكرایە جەنابی سەرۆك بارزانی، یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان بە فاكتەری سەرەكی و گرنگی هەر هەنگاوێك دەزانێت، ئەمەشی لەچەندین بۆنەو وتاردا ئاماژەی پێكردووە، هەروەها ئەم ئەركەش بە هۆكارێكی گرنگ دەزانێت كە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی قبوڵ كردووە، واتە ئەو بۆیە ئەم پۆستەی وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانێت ناوماڵی كورد رێكبخاتەوە، یان وەك خۆی فەرموویەتی (بۆ ئەوەی بتوانم لایەنەكان هێندە لێكنزیك بكەمەوە كە چیتر خوێنی كورد بەدەستی كورد نەڕژێت) وەك لە دەسپێكیشدا ئاماژەم پێكرد جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەرچووی قوتابخانەی مەلا مستەفا بارزانی یە، مەلا مستەفای بارزانیش موڵكی تەنیا لایەنێك نییەو بەتەنیا موڵكی پارتی نییە بەڵكو موڵكی هەموو كوردستانە، بۆیە ئەگەر سەیری مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بكەین لەو كاتەی مەلا مستەفا بارزانی ڕێبەرایەتی كردووە، ئەوا دەبینین هەموو بیرۆبۆچوون و ئایدلۆژیای جیاواز لە ناو ئەو بزاڤە بوونی هەبووە، لەمپەڕی چەپەوە بۆ ئەوپەری ڕاست، هەموو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، بەهەژارو دەوڵەمەندو ئاغاو جوتیار لەسێبەری رێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی كۆبوونەوە، بێگومان ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندیانەی مەلا مستەفای بارزانیش لەناو باوەڕێكدا دروست بوون كە دادپەروەری و خواناسی و ئاداب و ئەخلاقی تێدا بووە، سەرۆك مسعود بارزانیش قوتابی ئەو رێبازە، بۆیە هەوڵەكانی ئەویش بۆ هەمان ئەم ئامانجانەیە.


* سوود وەرگرتن لە مێژوو و لە رێبازی بارزانی بەرەو ئەوەمان دەبات ئەو باسە بكەینەوە كە ئەم تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی مەلا مستەفای بارزانیش هەڵقوڵاوی رێبازێك بووە كە پێشتر بوونی هەبووە، ئایا دەكرێت لەسەر رێبازی بارزانی و تەریقەتی شێخەكانی بارزان باسی ئەو مێژووە بكەین؟
- بۆ ئەوەی بەتەواوی سوود لەو مێژووە وەربگرین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ مێژووی شێخەكانی بارزان، ئاشكرایە شێخ عەبدولڕەحمان یەكەم شێخی تەریقەت بووە لە بارزان، دوای ئەویش شێخ عەبدولسەلامی یەكەم برای بووە، لەدوای ئەویش، شێخ محەمەدی بارزانی بووە كە دەبێتە باوكی(شێخ عەبدولسەلامی دووەم و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا) بۆیە شێخ محەمەد سێیەمین شێخی تەریقەت بووە لە بارزان، دوای ئەویش دوو لە كوڕەكانی (شێخ عەبدولسەلامی دووەم و شێخ ئەحمەد) یەك لەدوای یەك جێگەیان گرتۆتەوە، بۆیە ئەم پێنج كەسە یان ئەم پێنج شێخە درێژەپێدەری یەكتری بوون لە تەریقەتی بارزاندا، لەسەردەمی هەریەك لەم شێخانەدا، قۆناخ بە قۆناخ ئەم تەریقەتە گەشەی كردووەو فراوان بووەو لە چوارچێوەی گوندێك دەرچووەو و چووەتە ناو عەشیرەتی بەرۆژ، لەناو عەشیرەتی بەرۆژیش دەرچوو، چووە ناو عەشیرەتەكانی دیكە.


* واتە مەبەستت ئەوەیە بڵێیت بارزان یان بارزانیەكان عەشیرەتێكی دیاریكراو نین؟
- لێرەدا بەپێویستی دەزانم هەڵوەستە لەسەر ئەم مەسەلەیە بكەم، لەبەر ئەوەی بەداخەوە زۆر لایەن هەن، زۆر لە مێژوونووسان، زۆر لە ڕاگەیاندنەكان، بە هەڵەدا دەچن كاتێك دەڵێن عەشیرەتی بارزان، لەبەر ئەوەی بارزان عەشیرەت نییە، هەربۆیە ئەگەر سەیری مێژووی عەشیرەتەكانی كوردستانیش بكەین، عەشیرەتێك بەناوی بارزان بوونی نییە، بەڵكو بارزانیەكان ملەتێكن و، گوندی بارزان بۆتە ناوی ئەم ملەتە، بۆیە لێرەوە دەكرێت بڵێین بارزان گوندێكە لەناو عەشیرەتی بەرۆژ، پاش بەرفراوانبوونی تەریقەت، بێجگە لە بەرۆژییەكان ( نزاری، دۆڵەمەڕی،گەردی،مزووری، شێروانی، هەركی، بنەجی) گرتەوە، واتە ئەم حەوت عەشیرەتە كۆبوونەوەو ناوی بارزانیان هەڵبژارد كە لەژێر ئاڵای بارزان كۆببنەوەو، ئەویش ئاڵای ( عەدالەت، خواناسی، كوردناسی، وەفا) بووە، هەربۆیە بارزان گوندێكە لەناو عەشیرەتی بەرۆژی، بەڵام ئێمە دوای فراوانبوونی تەریقەت لە چوارچێوەی عەشائیری خۆمان دەرچووین، لەژێر سێبەری ئەو بیروباوەڕانەی لەگوندی(بارزان) دروست بوو، هەموو كۆبووینەوە، بۆیە من بازران بە زانكۆیەك دەزانم لە بوارەكانی(كوردایەتی، خواناسی، دادو دادپەروەری كۆمەڵایەتی، ئەخلاق و پاكی و رەوشت بەرزیدا) وشەی (ملەت)یش كە بۆ بارزانیەكان بەكارهاتووە، لەمانا عەرەبیەكەیدا بۆ ئەو كەسانە یان ئەو كۆمەڵە كەسانە بەكاردەهێنرێت كە لەدەوری بیروباوەڕێك (عەقیدەیەك) كۆدەبنەوە، بۆیە مەرج نییە ئەم كەسانە لە گوندو عەشیرەت و رەنگ و رەگەزێك بن، هەروەك لە قورئانیشدا هاتووە ملەتی ئیبراهیم و تاد. بۆیە ئێمەش ملەتێكین لەدەوری ئەم بیروباوەڕە پاكە كۆبووینەوە. من لێرەدا ئەگەر بگەڕێمەوە بۆ مێژوو لەوانەیە بڵێن پروپاگەندە دەكات، بەڵام پێش هەموو شت دەڵێم بارزان ئێمەی فێركردووە كە توندڕۆ و موتەعەسب نەبین، لە ناو خودی دێی بارزاندا، مزگەوتی موسڵمان و لەتەنیشت ئەو دێری كریستیانەكان، لە تەنیشت ئەویش كەنیشتی جولەكەكان(كە ئەو كات جولەكەی لێبووە) هەرسێكیان لەیەكڕیز پێكەوە بوونیان هەبووە، هەر كەسێك بەشێوازی خۆی خواپەرستی دەكردو كەسێك نەبووە كە رێگەی لێبگیرێت، هەروەها ئەو عەدالەتەی لەناو كۆمەڵگەی بارزاندا لەسەر دەستی ئەو شێخانەی تەریقەت بەدیهات، ئەگەر وەك دەڵێن دادپەروەریی ڕەها تەنیا كاری خودای پەروەردگارەو، ناتوانم بڵێم دادپەروەری رەها لەبارزان بوونی هەبووە، ئەوا زۆر بەجورئەتەوە دەتوانم بڵێم دادپەروەریەكی نیمچە ڕەها لەهەموو بوارەكاندا بوونی هەبووە. ئەم حاڵەتە هەتا گەیشتۆتە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەم، تەریقەتی بارزان خواناسی و ئەخلاق و دادپەروەری بووە، ئەم باوەڕەش لەناو ملەتی بارزاندا شوێنی خۆی گرت، ئەمە وایكرد كە لەدەوری تەریقەتی بارزان هێزێك دروست بێت، ئەم هێزە چەكدار بوو بەمانای وشە، واتە چەكدار بە عەقیدە، بە باوەڕێكی بەهێز كۆبێتەوە، بەڵام لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەم ( كە لەساڵی 1914 لە موسڵ بەدەستی عوسمانیەكان شەهید كرا)، بیروباوەڕی تەریقەتی بارزان دەكەوێتە خزمەتی كوردو كوردایەتی، ئەمەش لەبەر ئەوەبووە كورد میللەتێكی مافخوراو مەزڵوم بووە، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش هەمیشە ئەمری پێكردوین پێویستە بەرگری لە مەزڵوم بكەین و دژی زۆرداری بین، ئیدی لێرەوە بارزان بازنەی خواپەرستی و خواناسین و بازنەی موریدەكان و مانەوە لەناو مزگەوتەكان دەردەچێت، ئەم باوەڕە دەبێتە كوردایەتی و بەرگری لە كورد و كوردستان، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی چەندەها شەڕ لەبارزان دروست بێت، بەرگری و مقاوەمەت بەردەوام بێت،هەروەها پاش شەهادەتی شێخ عەبدولسەلامی دووەمیش، ئەم ئاڵایە نەكەوتە سەر زەوی و شێخ ئەحمەدی برای وەك مورشیدی تەریقەت و شێخی پێنجەمی بارزان بەردەوامی دایە ئەم رێبازە و بەرگریكردن لە كورد و كوردایەتی، لەو سەردەمەشدا كە مەلا مستەفا گەنجێكی تازە پێگەیشتوو بووە، چەندین جار لەلایەن شێخ ئەحمەدی بارزانیەوە راسپێردراوە بۆ هاوكاری كورد لە باكوور، بۆ هاوكاری شۆڕشەكانی شێخ مەحمودی حەفید لەسلێمانی و بارزانیش بووە ئەو شوێنەی بەهیچ شێوەیەك تەنازولی بۆ حكومەتی ناوەندی عێراق نەكات، هەربۆیە كاتێك لەساڵی 1921 حكومەتی عێراق لە هەر سێ ویلایەتی موسڵ و بەغدا و بەسرا دروستكراو لە ساڵی 1925 بەزۆر و زۆرداری هێزەكانی ئاسمانی بەریتانیا كوردستان لكێنرا بە حكومەتی تازەی عێراقەوە، ئەو كاتە بۆ یەكەمین جاربوو هێزی ئاسمانی بەریتانیا فڕۆكە جەنگیەكانی لە شۆڕشەكانی بارزان تاقیبكاتەوە، پاش بارزان بۆ دووەمین جار بەریتانیا لە ئەفغانستان بەكاری هێنا، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین مەلا مستەفای بارزانی لەسەرو بەندێكی وادا و لەناو ئەم بیروباوەڕەدا دەركەوت، بۆیە زۆرجار لەم راستەوە دەڵێم بەداخەوە، خەڵكانێك كە ئێستا سەیری بارزان دەكەن، ئەدهەم بارزانی بە نوێنەری بارزان ببینن، بەڵام ئەو عەدالەتەی لەبارزان هەبووە، بەهیچ شێوەیەك ئەوە نییە ئێستا لەسەروو چاوی ئەدهەم بارزانیدا دەیبنیت، ئەو پاكی و عەدالەتەی ئەو كات لە بارزاندا هەبووە، بڕواناكەم لە هیچ شوێنێك هەبووبێت، هەر بۆنموونە باسی سۆسیالیزم دەكەن و دەڵێن پێویستە هەموو شت بە عەدالەت دابەش بكرێت، ئەوا من دەڵێم پێش ئەوەی شۆڕشی بەلشەڤیك رووبدات، ئەو عەدالەتە لەبارزان بوونی هەبووە، ئەمە ماوەی چەند ساڵێكە لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكان باسی ژینگە و گیاندارانی كیۆی دەكەن، بەڵام ئەوە دەیان ساڵە لە بارزان ژینگە پاراستن پێڕەو دەكرێت، هەتا ئێستاش كێشەی ژن و كچ لە زۆر شوێنی كوردستان ماوە، كە پارە وەردەگرن، كە كچ بە كچ دەگۆڕنەوە، كە زوڵم لە كچ دەكرێت و بەزۆر بەشوو دەدرێن، ئەم كێشانە لە دەیان ساڵ پێش ئێستادا لە بارزان چارەسەركراون و ئەو كێشانە بوونیان نەماوە، هەر كچ و كوڕێك لە بارزان یەكتریان ویستباو باوكی كچەكە ڕێگری بكردایە لەو هاوسەرگیرییە، دەیتوانی پەنا بباتە شێخی بارزان و شێخ بانگی باوكی كچەكەی دەكرد و پێی دەوت : دەبێت بیدەی بەم كوڕە لەبەر ئەوەی یەكتریان خۆشدەوێت.


* ئەگەر لێرەوە كاریگەری رێبازی بارزانی لەسەر پارتی باس بكەین، ئایا پێگەی پارتی لەناو رێباز و باوەڕی بارزاندا چۆن بووە؟
- من دەڵێم : مەلا مستەفا بارزانی ئەو سەركردە گەورەیەی نەتەوەی كورد لە بارزانەوە هەنگاوی هەڵگرت بۆ شۆڕشی نەتەوەیی سەرتاسەریی و ئەو خەڵكانەشی لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بوون، بەم باوەڕە بەهێزە چەكداربوون،كە هەر هەموویان ئامادەبوون ڕۆحی خۆیان پێشكەشی كوردایەتی و پاراستنی خاكی كوردستان بكەن...ئەوجا ئەگەر لێرەوە بگەڕێینەوە سەر پارتی، من پێموایە ئەو بناخە فیكرییەی لە بارزان لەسەر دەستی بارزانی و هەڤاڵانی لەناو پارتی دروست بوو، گەورەترین سەرمایەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجەكانی خۆی، بۆیە ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارەت بدەمەوە، ئایا پارتی سەبارەت بە باوەڕی بارزان چ پێگەیەكی هەیە؟ من لێرەدا دەڵێم پارتی تەواوكاری ئەم بۆچوون و عەدالەتەی بارزان بووە بۆ رێكخستنی بواری كوردایەتی و پرسی نەتەوەی كورد، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوایە، باوەڕی بارزان نەیدەتوانی لەسەر ئاستێكی بەرزی نەتەوەیی و كوردستانی پەرە بەم بۆچوون و رێبازە بدات و بەرگری لە مەزڵومەیەتی نەتەوەی كورد بكات، لەبەر ئەوەی ئەگەر پارتی وەك حزبێك یان ڕێكخستێك رۆڵی خۆی نەگێڕابایە، من پێموایە بەبێ پارتی ئەمەش بە بارزان نەدەكرا، من پێش ئێستا باسی حزب و حزبایەتیم كرد، بەڵام لەسەردەمی مەلامستەفا بارزانیدا حزبایەتی پارتی وەك حزبایەتی ئێستا نەبووە، پارتی هۆكار و ئامرازی رێكخستنی هێزو تواناكانی گەلی كوردستان بوو، هەموو بیربۆچوونە جیاوازەكانیش لەناو پارتی جێگەیان دەبووەوە،هەمووشیان یەك ئامانجیان هەبوو كە كوردایەتی و پاراستنی كورد و كوردستان بوو. ئەگەر سەیری سەركردە دیارەكانی ئێستا بكەین، من دەڵێم هەموو ئەو سەركردانەی ئێستا هەن دەرچووی قوتابخانەی پارتی و مەلامستەفای بارزانین، با پێش هەموویان ناوی جەنابی كاك مسعود بارزانی و بەرێز مام جەلال تاڵەبانی، كاك نەوشیروان، كاك كۆسرەت رەسوڵ، حەمەی حاجی مەحمود بێنم. زۆری دیكەش .. ئەمانە هەموویان و هەریەك بەشێوەیەك دەرچووی قوتابخانەی مستەفا بارزانین، لەچوارچێوەی رێكخستنەكانی ئەو سەردەمی پارتی دیموكراتی كوردستان پێگەیشتوون، هەموو بیرۆبۆچوونەكانیش لە ژێر چەتری پارتی و گەورەیی مەلا مستەفا كۆبووبوونەوە، لێرەدا بە جورئەتەوە دەڵێم لەوانەیە ئێستا رەشماڵی پارتی بۆ هەموو بیرۆبۆچوونەكان بچووك بێت و نەتوانێت هەموویان كۆبكاتەوە.


* با لەرێبازی بارزانیەوە بێین بۆ پرۆسەی چاكسازی سەرۆك مسعود بارزانی، كە بڕوای بە عەدالەت و چاكسازی هەیە، ئایا چۆن سەیری ئەم پرۆسەیەی سەرۆك بارزانی دەكەن و چۆن دەتوانین ئەم پرۆسەیە سەربخەین؟
- ئەگەر تێبینیت كردبێت لە پەنجاو نۆیەمین ساڵیادی كۆماری كوردستان لە مەهاباد و ساڵیادی قوتابیان و لاوانی كوردستان، جەنابی سەرۆك ئاماژەی بە پرۆسەی چاكسازی كرد،و وتی بەرنامەی چاكسازیمان هەبوو و ئەم بەرنامەیەش بەردەوامی هەیە، لەوانەیە هەندێك كەس بڵێن ئایا بۆ تائێستا زۆر شت نەكراوە؟ بەڕێزی ئاماژەی بەمە كرد كە ئەمە كارێكی گران و سەختە هەتا بتوانین هەموو چاكسازییەكان لەكاتێكی كورتدا ئەنجامبدەین . من لێرەدا زۆر باش دەزانم مەبەستی جەنابی لەم قسەیە چییە بۆیە لێرەدا دەڵێم با بێین هەموومان بە جورئەتەوە(لێرەدا تەنیا مەبەستم پارتی نییە مەبەستم هەموو لایەنەكانە) بڵێین ئایا كێ لە ئێمە هەڵەی نەكردووە؟ ئایا لەماوەی ئەم 10-12 ساڵەی حكومڕانی كوردستان كێ لە ئێمە هەیە تووشی هەڵە نەبووبێت؟ ئایا هەموومان كە دەسەڵاتدار بووین بەشێوەی نایاسایی نەچووین بۆ ئەم بوارە هەڵانە؟ من لەوەڵامی ئەم پرسیارانە دەڵێم هەموومان هەڵەمان كردووە، بۆیە مەبەستی جەنابی سەرۆك لێرەدایە، كە دەڵێت قورسە، قورسیەكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەوانەی هەڵەیان كردووە چەند بەرانبەر ئەو كەسانەن كە هەڵەیان نەكردووە، بۆیە پێویستە بۆ ئەم كارە بەرنامەیەكمان هەبێت و هەمووشمان شانی بدەینە بەر بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت، تا هەموومان دەگەینە ئەو قەناعەتەی پێكەوە هاوكاری یەك بین و ئەم هەڵانە راست بكەینەوە، بۆ ئەمەش كاتمان پێویستە.


* مەبەستت لەهاوكاریكردن چییە؟
- دەمەوێت زۆر بەروونی باس لەم خاڵە بكەم، من باسی كەس ناكەم باسی خۆم دەكەم، ئەگەر من تاكو ئێستا لەم بوارانە تووشی هەڵە بووبم، ئەوا پێویستە لە ئێستا ڕابووەستم، ستۆپێك بكەم، بڕیاربدەم كە ئیتر ئەم هەڵەیە ناكرێت و دووبارە ناكرێتەوە، پاش بڕیاردان كە هەڵە نەكەم، ئەگەر من تووشی لێپرسینەوە ببم لەبەرامبەر ئەم میللەتە دەبێت جورئەتم هەبێت داوای لێبوردن لە میللەتی خۆم بكەم و دەڵێم بەڵێ هەڵەم كرد، ئەگەر میللەت داوای لێبوردنی لێ قبوڵ كردم، من سوپاسی میللەتی خۆم دەكەم، ئەگەر لێبوردنی قبوڵ نەكرد، پێیان دەڵێم لەمانە هەڵەم كردووە و داوای لێبوردن دەكەم، ئەگەر قبوڵیان كرد سوپاسیان دەكەم، نەیانكرد ئەوا دادگا چی بڕیاردا قبوڵی دەكەم و ئامادەم بچمە بەردەم دادگا، منیش یان بەرگری لەخۆم دەكەم یان دووبارە دان بە هەڵەكانی خۆمدا دەنێمەوە.

* مەبەستی من ئەوە بوو كاتێك دەڵێن چاكسازی پێویستە هەموومان هاوكاری بكەین و پێكەوە جێبەجێی بكەین، هەر ئەوەندە نەبێت بڵێین ئەوە بەرنامەو فەرموو ئێوە جێبەجێی بكەن، ئایا بەبێ هاوكاری بەرنامەی چاكسازی سەركەوتوو دەبێت؟
- كێ بەرنامە بۆ چاكسازی پێشكەش دەكات؟

* وەك ئەو بەرنامەیەی ئۆپۆزسیۆن كە شەش پاكێجی لەخۆی گرتووەو دەڵێن ئەوە بەرنامە فەرموو جێبەجێی بكەن؟
- من ناوی ئۆپۆزسیۆن ناهێنم، من ڕێزی ئۆپۆزسیۆن دەگرم، بەڵام هەر كەسێك بێت، با بڵێین گریمان ئەم شەش پاكێجانە هی ئەدهەم بارزانی بێت، دەبێت ئەدهەم بارزانی ئەو كارانەی نەكردبێت كە لەناو پاكێجەكاندا هاتوون، نابێت من خۆم جگەرە دەكێشم بە تۆ بڵێم جگەرە مەكێشە، كاتێك جگەرەم تەرككرد ئەو كاتە بەتۆش دەڵێم جگەرە مەكێشەو خراپە، بۆیە دووبارەی دەكەمەوەو دەپرسم ئایا هەمووان بە تێكڕایی تووشی ئەم هەڵانە نەبووین؟


* لایەنێكی دیكە مەسەلەی گۆڕینی كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، وەك دیاریشە بەرێز نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمان دەست نیشانكرا بۆ ئەوەی كابینەی تازە پێكبهێنێت و سەرۆكایەتی حكومەت بكات، خەڵك سەبارەت بەم كابینەیە ئومێدێكی لا دروست بووە، ئایا سەرچاوەی ئەم ئومێدە لای ئەدهەم بارزانی چییە؟
- ئێمە لێرەدا باسی شتێك دەكەین كە پێی دەڵێن حكومەت، حكومەت كۆمەڵێك كەس پێكیدەهێنن، ئەگەر ئێمە سەیری سەرۆكی ئەم حكومەتە نوێیە بكەین كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یەو لە پەرلەمانی كوردستانەوە ناوزەد كراوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە چۆن توانای ئەم كەسە كە ناوی نێچیرڤان بارزانیە هەڵدەسەنگێنین؟ ئەوا لەوەڵامدا من ئەوە دەڵێم كە ئەمە ڕای زۆربەی خەڵكی كوردستانیشە، ئومێدێكی زۆریان بە نێچیرڤان بارزانی هەیە، ئەمەش چەندین هۆكاری لە پشتە لەوانە:(لەبەر ڕابردووی ئەو لە حكومڕانی، لە ئاوەدانكردنەوە، لەپێشخستنی ئابووری كوردستان، لەبوار بەهێزكردنی پێوەندییەكانی دەوربەری و دەرەكیدا) ئەمەش واتە من توانای حكومەت و حكومداری لە نێچیرڤان بارزانیدا دەبینم كەسێكە دەتوانێت بڕیار بدات، زۆر باش دەتوانێت دروست و نادروست دەست نیشان بكات، زۆرباش دەزانێ لە كوێ دەست پێدەكات و لەكوێ كۆتایی پێدەهێنێت، ئایا ئەمە خۆی فێركردووەو هەوڵیداوە، یان ئەمەش یەكێكە لە كەرەمەكانی لەدونی، ئەمەش بە شتێك دەڵێن كە خوا بەكەسێكی دابێت، ئەمە كەسایەتی كاك نێچیرڤان بارزانی یە، بەڵام لێرەدا شتێك دەمێنێت پێویستە زۆر بەراشكاوی دانی پێدا بنێین، هەرچەندە من ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانم و هەرخۆشی بەشێكی سەرەكی و دامەزرێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە، چ پارتی و چ لایەنی هاوپەیمانی ئێمە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، چ حزبەكانی دیكە، ئەگەر نەبینە كۆسپ لەبەردەم بەرنامەی كاك نێچیرڤان بارزانی ئەوە پێشكەوتن دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر ئێمە وەك حزبە بەشداربووەكانی كوردستان كۆسپمان بۆ دروستكرد، ئیدی ئەم كەسایەتیە بەچ شێوەیەك دەبێت حكومەت بەڕێوە ببات، ئایا دەتوانێت بەدەستێك شەڕ لەبەرەی ناوخۆی بكات و بە دەستێكیش حكوومەت ئاوەدان بكات؟ بێگومان ئەمە بۆ ئەو كارێكی سەخت دەبێت.


* بەڵام كاتێك سەركردایەتی پارتی باسی حكومەتەكەی كاك نێچیرڤان بارزانی دەكەن، ئاماژە بەوەدەكەن، بەرنامەی حكومەت بەرنامەی خەڵك دەبێت، ئایا مەبەستتان لەم بەرنامەیە چییە؟
- تاكو ئێستا گلەیی و گازندەیەكی زۆری خەڵك لە كابینەكانی پێش ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبووە، مەبەستم هەموو كابینەكانە كە دووانیان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی سەرۆكی بووە، گلەیی و گازندەكان لەسەر ئەو بنەمایانە بوون كە ئەم كابینانە كابینەی حزبەكان بوون، ئەوجا ئەوەی من لە كاك نێچیرڤان تێگەیشتبووم ئەو دەیویست ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بێت، هەموو لایەنەكانی كوردستان پێكەوە بكەونە خزمەتی گەنجان و خەڵكی كوردستان، بێ ئەوەی لەسەر بنەمای حزبایەتی (هەموو حزبەكان) كار بۆ هیچ كەسێك بكرێت.

* بەڵام وەك دەیبینین ئەمجارەش لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەشداریان نەكرد، پرسیار ئەوەیە ئایا چارەسەری نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەم حاڵەتە چی دەبێت، بۆ ئەوەی ئەم حكومەتە حكومەتی هەمووان بێت و لە خزمەت و بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندا بێت؟
- من لەسەر ئەم پرسە ئەوەندە دەڵێم، بەداخەوە (تۆ ناوت بردن بە ئۆپۆزسیۆن) من دەڵێم بەداخەوە ئەو لایەنانەی كە مەبەست بوو بەشداری بكەن، بەشدارییان نەكرد، بەڵام ئەمە بۆچوونی تایبەتی منە، ئەگەر ئەو لایەنانە بەشدارییان بكردایە قازانجێكی زۆریان دەكرد، مەبەستم لە قازانجی ماددی و دەسكەوتی حزب خۆیان نییە، بەڵكو مەبەستم هەتا ئەو بۆچوونانەی هەیانە لەسەر ئاییندەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، من پێموابوو دەیانتوانی لەهەموو بوارێكدا ئەوەی خۆیان دەیانەوێت لە چوارچێوەی كابینەی كاك نێچیرڤان بارزانی بەدەستی بهێنن، لەبەر ئەوەی كاك نێچیرڤان كەسێكی كراوەیەو بەهیچ شێوەیەك جیاوازی لەنێوان هیچ لایەنێكدا ناكات، بۆ مێژووش ئەوە دەڵێم وەزیرەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەموویان ئەو شاهیدیە بۆ كاك نێچیرڤان دەدەن، ئەگەر سەرۆكی حكومەت لە یەكێتیش بووایە، هەر ئەوەندە دەسەڵاتیان دەبوو، بە قەناعەتیشەوە دەڵێم ئەگەر ئەو لایەنانەی پێیان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن یان با بڵێین ئەو لایەنانەی لەدەرەوەی دەسەڵاتن، ئەگەر ئێستاش بەشداری لە كابینەكەی كاك نێچیرڤاندا بكەن هەموو شتێك لەداواكانی خۆیان بەدەست دەهێنن.

* لەم حاڵەتەدا كە پارتی و یەكێتی لەگەڵ سێ لایەنەكەی دیكە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیان راگرتووە، ئایا كەناڵی دیكە بۆ پێوەندی كردن لەگەڵ ئەو لایەنانە هەیە یان تەواو لێكدابڕاون؟
- بێگومان نە، لێكدانەبڕاوین، بۆیە گومانم نییە كە كەناڵەكانی پێوەندی بەردەوامن.


* مەبەستت ئەوەیە نهێنین؟
- نە، مەبەستم ئەوەیە مەرج نییە هەموو شت لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە بڵاوبكرێتەوە، خودی كاك نێچیرڤان ڕۆژانە بەتەلەفون لەگەڵ سەركردەی هەموو حزبەكانی كوردستان قسە دەكات، ئەمە بێجگە لەسەردانەكانی كە خۆی دەیكات و بڵاودەكرێنەوە، بۆیە بەردەوام پێوەندی هەیە.

* سەبارەت بەو ساردییەی لە نێوان پارتی و یەكگرتوو هەیە، ئایا بەنیاز نین چارەسەرێكی بۆ بدۆزنەوە، یان هەنگاوی دیكە هەڵبگرن؟
- ئێمە هەمیشە وەك پارتی وتوومانە و لە ئاستێكی بەرزی پارتیش باس لەمەكراوە، هەر كاتێك یەكگرتوو ئامادە بێت بۆ گفتوگۆ ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ.

* بۆچی یەكگرتوو ئامادە نییە بۆ گفتوگۆكردن؟
- من شتێك بە تۆ دەڵێم و لەهەمانكاتیشدا دەڵێم ئینشائەڵڵا بەوجۆرە نابێت كەمن بیرم لێكردۆتەوە، من پێموایە یەكگرتووی ئیسلامی لە شرۆڤەو تەفسیركردنی ئەم دواییان بۆ هەندێك ڕووداو لەگەڵ رێزم بۆیان تووشی هەندێك هەڵەبوون، یەكێك لەو تەفسیرە هەڵانەیان بۆ ئەو هەڵبژاردنانەیە كە لەچەند وڵاتی عەرەبی وەك تونس و میسر ئەنجامدراون، بەوەی لایەنێكی ئیسلامی كۆمەڵێك كورسی بەدەست هێناوە، بۆیە یەكگرتوو وابیر دەكاتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستان، ئەوانیش بە هەمان ئاست خەڵك دەنگیان پێدەدەن و رێژەیەكی زۆری كورسییەكان دەبەنەوە، پێموایە ئێوەش تێبینی ئەوەتان كردووە وتیان رایانگەیاندووە بەوەی یەكگرتوو وتوویەتی كەمن درێژەپێدەری ئیخوان موسلمینم لە كوردستان(من ئەمەم بیستووە بەس ڕاگەیەنراوەكەم نەبینیووە) من ئەڵیم لەمەدا خۆیان تووشی هەڵەیەك كردووە لەبەر ئەوەی لەو شوێنانەی تر ڕوودەدات، بەهیچ شێوەیەك لە كوردستان روونادات، بۆیە ئەگەر لێم بپرسی فیكر و كاری یەكگرتوو چۆنەو بەچ شێوەیەك دەبێت؟ لەوەڵامدا دەڵێم یەكگرتووش وەك هەموو حزبەكانی كوردستان مافی خۆیانە چۆن خۆیان پێیان باشە بەو جۆرە سیاسەت بكەن، لێرەوە ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەو ئاژاوەیەی لە دەڤەری زاخۆ دروست بوو، هەرچۆنێك دروست بووبێت، لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پێكهێنراوە، ئەو لیژنەیە هەندێك بۆچوونی خۆی وتووە رەنگە هەندێك شتی دیكەش مابێت، بۆیە من لێرەدا ناتوانم هیچ بڵێم تا لێكۆڵینەوەكان كارەكانیان تەواو دەكەن، بۆیە دەڵێم سووتاندنی بارەگاكانی یەكگرتوو كارێكی ناشرین بوو دەبوایە ئەم كارە نەكرێت، بەڵام ئەوان پێش ئەوەی ئاكامی لێكۆڵینەوە دەربچێت دێن پارتی تاوانبار دەكەن، لەدەسپێكیشدا پارتییان تاوانبار كرد، ئەمە كارێكی دروست نەبوو، ئەمە لەكاتێكدا كۆمەڵێك راپۆرت ئاماژەیان بەوەكردووە كە كۆمەڵێك لەئەندام و هەوادارانی یەكگرتوو كۆمەڵێك شوێنی خەڵكیان لەزاخۆ سووتاندووە، بەڵام تا ئێستا پارتی بەیانێكی دەرنەكردووە كە یەكگرتوو تاوانبار بكات، بەهەر شێوەیەك بێت ئەم ئاژاوەیە لەبەرژەوەندی كەسدا نییە، قەتیش لەبەرژەوەندی هیچ لایەكدا نەبووە، بۆیە وێڕای هەموو ئەمانە پێویستە بڕیاری پێكەوەژیانمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی تردا هەبێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا برادەرانی یەكگرتوو تاكەی دەتوانن بە تەنیا بژین و دیالۆگ رەتبكەنەوە، ئەم هەڵوێستە بێجگە لەوەی لە كۆتاییدا سوودی بۆ ئەوانیش نییە، لەهەمانكاتدا یەك ڕیزی نێو ماڵی كوردیش بەئەندازەی قەوارەی یەكگرتوو بەرەو لاوازی دەبات.


* حەز دەكەین لەگەڵ بەرێزت باسی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بكەین، كە بەڕێزتان پەیجێكی كاراتان هەیە و نزیكەی 13- 14 هەزار كەس لایكی كردوون، بۆیە لەم لایەنەوە ئێمە وەك لاوێك سەیرت دەكەین و وەك كەسێك كە لەنێو لاوان خۆشەویست بێت، پرسیاری من ئەوەیە شێخ ئەدهەم بارزانی چۆن لەناو فەیسبووك خۆی دەبینێتەوە؟
- من ویستم لەرێگەی ئەم لاپەڕەیەی فەیسبووكەوە رێچكەیەك بشكێنم، واتە ویستم لەرێگەی ئەم ماڵپەرەوە دەرگایەكی دیكە لەگەڵ جەماوەر بكەمەوە، دەرگای دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و دەرگای دڵم لەگەڵ خەڵك بكەمەوە، بۆ ئەمەش هەندێك جار بە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هەندێك وێنەی قۆناخی خەباتی چەكداری، بڵاوكردنەوەی هەندێك كاری هونەری خۆم، لەبەر ئەوەی ئەگەر هونەرمەندان قبوڵی بكەن من لەدوو بواردا خۆم بەهونەرمەند دەزانم، بوارێكیان شیعرە، بواری دووەمیشیان تەحنیت كردنی گیاندرانە،كە ناوە زانستیەكەی تاكسیدەرمی( taxidermy)یە،كە هەندێك جار ئەو كارانە دەكەم و هەندێك وێنەی ئەو شتانەشم بڵاوكردۆتەوە، ئەگەر هیچم نەبێت تەنیا سڵاوێك بۆ ئەو خەڵكانە دەنێرم كەلەسەر ئەم پەیجەن، هەندێك جار پرسیارێك دەكەم بۆ ئەوەی بزانم رای ئەوان چییە، هەر لەرێگەی ئەم پەیجەوە دەرگایەكی دیكەم لەگەڵ خەڵكانێكی زۆر لەدەرەوەی وڵات كە لێك دوورین كردۆتەوە، سەبارەت بەوەشی تۆ بەمنت وت لاو، من لە لاویەتی تێپەڕیووم و لە 16ی نیسانی 1962 لەدایك بووم، واتە پاش یەكدوو مانگی تر تەمەنم دەبێتە پەنجا ساڵ، ئەگەر تێبینت كردبێت لەسەر ئەم پەیجە بە عەرەبی شتێكم نوسیبوو(احب شیخا ان یكون فیه شیئا من الشباب. احب شاب ان یكون فیه شی من شیخوخە)، ئەمەش واتە حەزم لەو بەتەمەنەیە (ناڵێم پیرەیە)كە شتێك لە گەنجایەتی تێدایە. حەزم لەو گەنجەیە كە شتێك لە بەتەمەنی تێدایە، هەربۆیە كاتێك دەچینە ساڵەوە ئەمە بەو مانایە نییە كە پیربووم و دەبێت واز لە هەموو شتێك بێنم، یان گەنجێكی پێگەیشتوو بم مانای ئەوەنییە كە هیچ سنوورێك بوونی نەبێت.

* بەڵام شەوێكیان نووسیبووت ئەوە سەعات یەكی دوای نیوەشەوەو من تا دوو كاتژمێری تر لەخزمەتانام، پرسیاری من ئەوەیە ئایا ئەمە بۆنەیەك بوو یان تۆ ئەو ماوەیەت هەیە تەرخانی بكەیت بۆ وەڵامدانەوەی خەڵك؟ ئایا تاچەند ئەو كێشانەی خەڵك بە ڕێگەی فەیسبووك پێت دەڵێن تۆ وەك ئەندامێكی سەركردایەتی دەیبەیتە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی پارتییەوە؟
- یەكێك لەو كێشانەی ئێستا هەیە، بوونی ئەو بۆشاییەیە كە لەنێوان خەڵك و بەرپرساندا دروست بووە، زۆرجار بەڕێگەی ئەم پەیجە، خەڵكانێك بۆم دەنووسن، من شانازی بە مێژووی بەرخودان و ئەو داستانانە دەكەم كە تۆ بڵاویان دەكەیتەوە، بەڵام پێمان بڵێ بۆ ئێستا چیت هەیە بۆ ئێمە؟ بۆیە پێویستە ئێمە بزانین ئێستا میللەت چی پێویستە، بەرنامەی تازەی ئێستای من چییە؟ ئەمە گرنگە، من نامەوێت بچمە ناو وردەكاری بەرنامەی خۆمان وەك پڕوپاگەندە، بەڵام ئەوەندە دەڵێم ئەگەر هەریەك لەئێمە هەریەكەمان یەكێك لە خاڵەكان چارەسەر بكەین، دەتوانین هەموو كێشەكانمان چارەسەر بكەین، هەر لەسەر ئەم بابەتە رێگەم بدە شتێكی تریش بڵێم، ئەویش سەبارەت بە بەرپرسیاریەتیە، ئەم وشەیە ماناكەی بەكوردی روون و ئاشكرایە، وشەی مورادیفی ئەویش بە عەرەبی كە دەبێتە(المسؤلیة) ئەویش هەر دیارە، بۆیە بەرپرس یان مەسئول ئەو كەسەیە كە هەر كەس دەتوانێت لێی بپرسێت، واتە پێم بڵێ ئەدهەم بارزانی بۆ ئەم كارەت كرد بۆ ئەو كارەت نەكرد؟ ئەمە بەرپرسە لەبەرامبەر میللەت و لەبەرامبەر جەماوەرو بۆ جەماوەر هەیە كە لێی بپرسێتەوە، هەروەها لەمەش گرنگتر بەرپرس، لەبەرامبەر پەروەردگاریش بەرپرسە واتە پرسیاری لێدەكرێت، ئایەتیكی قورئانمان هەیە كە دەڵێت(وقفوهم انهم مسؤلون) ئەمەش واتە لەرۆژی حیسابدا بانگیان دەكات و دەڵێت ڕایانبگرن ئەمانە لەدنیادا بەرپرس بوون، لێیان بپرسن بۆ ئەمەیان كرد یان بۆ ئەمەیان نەكرد؟ ئەمەش واتە لەهەردوو دنیا بەرپرسین، لەم دنیا بەرپرسین وەڵامی پرسیاری هاووڵاتیان و جەماوەر بدەینەوە، لەو دنیاش دەبێت وەڵامی پەروەردگار بدەینەوە، بۆیە من لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسیاریەتی یان مەسئولیەت دەبینم. ئەمەش واتەی بەرپرسیاریەتی خزمەتكارییە، خاكڕاییە.


* ئەگەر دواپرسیاری خۆم بە پرسیارێكی تایبەتی كۆتایی پێبێنم و بڵێم بۆچی بە كاك ئەدهەم بارزانی دەڵێن شێخ ئەدهەم و بەڵام بەشێكی دیكەتان هەر لە خانەوادەی بارزانی شێختان پێوە نییە؟
- سەبارەت بەو پرسیارە من بەوجۆرە وەڵامت دەدەمەوە، كە وشەی شێخ لەناو ئێمەدا پیرۆزە، لەبەر ئەوەیە ئێمە لەشێخانی بارزان عەدالەت و كوردناسی و خواناسی و پاكیمان بینیوە، وشەی شێخیش لەناو ئێمە تەنیا بۆ ئەو پێنج شێخە بەكارهاتووە كە لەشێخ عەبدولڕەحمان دەست پێدەكات تاوەكو شێخ ئەحمەد، سەبارەت بەوەی بەمن دەڵێن شێخ ئەمەش وەك هەر نازناوێك بەو جۆرە ناوی دەركردووە، ئەگەر نا من شێخ نیم، ناگەمە ئاستی كەمتر لەیەك لەسەدی
Top