مارك شیللر بۆ گوڵان: سەرۆك وەزیرانی لێهاتوو دامەزراوە بونیاد دەنێت بۆئەوەی دامەزراوەكان ئۆفیسەكەی خۆی كۆنترۆڵ بكەن

مارك شیللر بۆ گوڵان: سەرۆك وەزیرانی لێهاتوو دامەزراوە بونیاد دەنێت بۆئەوەی دامەزراوەكان ئۆفیسەكەی خۆی كۆنترۆڵ بكەن
پرۆفیسۆر مارك شیلر ئوستادی ئابووری گشتی و ئابووری سیاسییە لەزانكۆی سانت گەلن لەسویسرا و هەروەها تۆژەرە لەئامۆژگای سویسرا بۆ ئابووری نێودەوڵەتی، بۆقسەكردن لەسەر حكومڕانی لەسەدەی بیست و یەكەم و ئەركی حكومەت لەپرۆسەی حكومڕانی هاوچەرخدا، گوڵان ئەم وتووێژەی لەگەڵ پرۆفیسۆر شیللر ئەنجامداوە كە ئەمە دەقەكەیەتی.
* هەندێك جار وا بیر لەحوكمڕانیی باش دەكرێتەوە وەك ئەوەی كە مرۆڤایەتی لەسەدەی بیست و یەكەمدا شایستەی بێت، بەواتای مەرج نییە لەهەموو كۆمەڵگەیەكی خاوەن حكومەتی هەڵبژێردراودا حوكمڕانیی باش هەبێت، یان حكومەتی هەڵبژێردراو واتای حوكمڕانیی باش بگەیەنێت، بەڕای تۆ و بەپێی تێگەیشتنت، ئایا حوكمڕانیی باش چییە و چۆن پێناسەی دەكەیت؟
- یەكەمین هەنگاو بریتییە لەئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی بەردەوام، بەڵام پێویستە هەڵبژاردنەكان ئازاد بێت و تیایدا چەندین كاندید لەگرووپە جیاوازەكانەوە بەشداربن بەو ئاستەی كە بتوانن خۆیان هەڵبژێرن و حكومەت پێكبێنن، پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد پێموایە بونیادنانی دامەزراوەكانیش گرنگە، مەبەستم لەوەیە دامەزراوەكان بۆ چاودێری و لێپرسینەوە «موسائەلەو موحاسەبە» پێویستە، گرنگە دەسەڵاتی یاسادانان توانای هەبێت دەسەڵاتی جێبەجێكاری كۆنتڕۆڵ بكات، پێویستە شەفاففییەت هەبێت بۆئەوەی بزانرێت لەدەسەڵاتی یاسادانان چی ڕوودەدات و پرۆسەكانی بڕیاردان چین، چەندین توێژینەوە هەیە لەسەر پێناسەكردنی «حوكمڕانی باش» بۆیە ناتوانم وەڵامێكی كورتتان پێ ببەخشم.

* لەبەرئەوەی حكومەت بەشێكە لەحوكمڕانی بۆیە پێویستە كارلێك و هەماهەنگیی هەبێت لەگەڵ توخمەكانی دیكەی حوكمڕانی وەكو ئۆپۆزسیۆن و میدیا و ڕای گشتی، هەڵسوڕانی ئەم توخمانە هەموویان پێكەوە حوكمڕانیی باش پێكدێنن، بەڕای تۆ ئایا چۆن دەكرێ وا لەتوخمە جیاوازەكانی كۆمەڵگە بكرێت كە پێكەوە هەماهەنگ بن بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی حوكمڕانییەكی باش؟
- بەپێی توێژینەوەكانی هەندێك لەهاوكارەكانم، سەرەتا پێویستە جۆرە پرۆسەیەكتان هەبێت لە بەدامەزراوەكردن بەو ئاستەی كە كارلێكی هەبێت و تەنیا لەڕێگەی دانانی یاسایەك نەبێت لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان یاخود دەسەڵاتی جێبەجێكاری، بۆنموونە حكومەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە تیایدا سەرۆكێك بۆ دەسەڵاتی یاسادانان هەڵدەبژێردرێت لەگەڵ سەرۆكێك بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكاری، بۆیە بۆ مەبەستی دانانی هەر سیاسەتێك ئەوە ئەو سیاسەتە دەخرێتە دەنگدانەوە و پێویستیی بەوەدەستهێنانی دەنگ دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی یاسادانان و هەروەها لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكاریش، هەربۆیە دەبینین جۆرە كارلێكێك لەنێوان هەردووك لەلقەكانی حكومڕانی هەیە، یاسادانان و جێبەجێكاری. بۆیە بەڕای من ئەمە شتێكی زۆر گرنگە. لایەنێكی دیكەی ئەم مەسەلەیە بریتییە لەبەشداری ئۆپۆزسیۆن، لێرەیشدا مەسەلەكە پەیوەستە بەجۆری سیستەمی هەڵبژاردنەكانتان، بۆنموونە ئەگەر بێت و سیستەمەكە سیستەمی زۆرینە بێت واتە دوو پارتی سیاسی ئەوكات مەسەلەكە پەیوەستە بەئیرادە و هێزی ئەم دوو پارتە و پێویستە لەگەڵ پارتی ئۆپۆزسیۆن ڕێكبكەون، دووبارە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك نموونەیەك دێنمەوە كە تیایدا دەبینین پارتی كۆمارییەكان لەدەسەڵاتی یاسادانان زۆرینەیە و هاوكات سەرۆك لەپارتی دیموكراتەكانە، بۆیە پێویستە لەسەر سەرۆك لەگەڵ پارتی ئۆپۆزسیۆن بدوێت و لەگەڵیان ڕێكبكەوێت لەبەرئەوەی بەبێ ڕەزامەندیی كۆمارییەكان سەرۆك ناتوانێت هیچ یاسایەك یاخود هیچ سیاسەتێك دەربكات، هەربۆیە دەبینین كاتێك كە دەسەڵاتی جێبەجێكاری دەكەوێتە دەست پارتێكی سیاسیی دیاریكراو، ئەوە بۆئەوەیە لەگەڵ پارتی ئۆپۆزسیۆن بدوێت، بەڵام چەندین شێوازی جیاواز هەیە بۆ داڕشتنی سیستەمەكان.

* دیموكراسییەت بەرهەمی سەروەری یاسایە، نەك بەپێچەوانەوە. بەڕای تۆ ئایا چۆن دەتوانرێت پەرە بەسەروەری یاسا یاخود حوكم بەیاسا بدرێت لەپێناو چەسپاندنی دیموكراسییەت؟
- چەسپاندنی سەروەری یاسا شتێكی ئاسان نییە، بەڵام بەڕای من پێش هەمووشتێك پێویستە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت، پێموایە ئەوە یەكێكە لەخاڵە سەرەكییەكان كە گرنگە دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت. هەروەها بەڕای من پێویستە «دادوەرەكان»یش سەربەخۆ بن و لەژێر كۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری بن، ئەمە شێوازی كارلێكدانە لەنێوان دامەزراوە جیاوازەكان كە چەسپاندنی ئاسان نییە، پاش ئەوەی ئەم جۆرە دامەزراوانەتان بونیادنا ئەوكات پێویستە ڕێگە نەدەن دیاردەی گەندەڵی ببێتە بەربەستێك لەبەردەم هەوڵەكانتان لەچەسپاندنی دامەزراوەكان، بەڕای من تەنانەت گەر دامەزراوەكان بەشێوەیەكی دروستیش بونیاد بنێن، ئەوە بەگژداچوونەوەی دیاردەی گەندەڵی هەمیشە زەحمەتە، بۆیە پێموایە گەندەڵی هەمیشە بەربەستێكە لەبەردەم چەسپاندنی سەروەری یاسا. لەلایەنێكی دیكەوە، زۆر گرنگە هاووڵاتیان لەیاسا تێبگەن و هەروەها پێویستە بەجۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ كەلتور و پێوەرە كۆمەڵایەتییەكان، لەبەرئەوەی ئەگەر هات و پێوەر و كەلتورە كۆمەڵایەتییەكان بەپێچەوانەی یاسا بوون، ئەوكات گرژی ڕوودەدات لەنێوان تێگەیشتنی هاووڵاتیان و تێگەیشتن لەڕوانگەی یاساییەوە، بۆیە پێویستە جۆرە گونجاندنێك لەنێوان ئەم دوو ڕەهەندە هەبێت و تێگەیشتن هەبێت كە چی دروستە و چی هەڵەیە، ئەم تێگەیشتنە زۆر گرنگە بۆ بونیادنانی دامەزراوەكان، بەڵام بەجۆرێك پەیوەستە بەتایبەتمەندییە لۆكاڵەكانی وڵاتەكان.

* بۆ جێبەجێكردنی خواست و داوای هاووڵاتیان پێویستە حكومەت لەكۆمەڵگەی دیموكراسیدا ئاكتیڤ بێت، لەبەرئەوەی هەندێك جار بۆشاییەكەی نێوان حكومەت و خەڵك وەكو مەترسی و گرفتێكی گەورە دەژمێردرێت. بەڕای تۆ، لەپێناو ڕێگەگرتن یاخود نەهێشتنی دروستبوونی بۆشایی لەنێوان حكومەت و خەڵكدا، ئایا پێویستە حكومەت چۆن كاربكات و چۆن ڕەفتار بكات؟
- دووبارەی دەكەمەوە، ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بەچۆنیەتی دامەزراندنی حكومەت و تەنیا ئەوەندە نییە حكومەت بێت و ڕەفتاربكات بەوشێوەیەی كە پێی باش بێت، بەڵكو پەیوەستە بەچۆنیەتی بونیادنانی دامەزراوەكان، بەڕای من یەكێك لە لایەنە سەرەكییەكان ئەوەیە خەڵكی تێكەڵی سیاسەت بن، یەكێك لەو لایەنەی لەوانەیە جێگەی مشتومڕ بێت ئەوەیە كە من پێموایە پێویستە هاووڵاتیان توانایان هەبێت بۆ سازدانی ڕاپرسی بۆئەوەی بەشداریبوونێكی ڕاستەوخۆیان هەبێت لەپرۆسەی دروستكردنی بڕیارەكان و نەك تەنیا لەڕووی پرۆسەكانی هەڵبژاردن، بەڵكو لەسەر زۆربەی مەسەلەكانی دیكەیش، بۆیە بەڕای من بەشێكی سەرەكیی ئەم مەسەلەیە پەیوەستە بەهەبوونی ئامرازەكانی دیموكراسییەتی ڕاستەوخۆ بۆئەوەی بڕیاری كۆتایی لەدەست هاووڵاتیان بێت، بەشی دووەم: بەڕای من پێویستە حكومەت نزیك بێت لەهاووڵاتیان، نەك بەوشێوەیەی حكومەتێكی مەركەزی و نیشتمانی هەبێت كە بۆ هەموو هاووڵاتیان بڕیاربدات لەبەرئەوەی لەوانەیە هاووڵاتیانی وڵاتێك بریتی بن لەچەندین گرووپی جیاواز و لەوانەشە لەچەندین ناوچەی جیاواز نیشتەجێ بن و چەندین كێشە و مەسەلەی جیاوازیان هەبێت، بۆیە بەڕای من زۆر گرنگە حكومەتێكی خاوەن هەیكەلییەتێكی نامەركەزی هەبێت بۆ نموونە چەند حكومەتی لۆكاڵتان هەبێت كە باجەكان كۆبكاتەوە و بڕیاردەر بێت لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی سەرچاوەكان، نەك تەنیا كۆكردنەوەی باجەكان، بەڵكو كۆكردنەوەی باجەكان و چۆنیەتی خەرجكردنی تێچوونەكان لەیەك كاتدا، هەروەها هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ ئەو جۆرە حكومەتە لۆكاڵانە هەڵبژێرن، وێڕای ئەم حكومەتە لۆكاڵانەیش حكومەتێكی مەركەزی هەیە كە بەرپرسیارە لەسەر دانانی بەشێك لەسیاسەتەكان بۆنموونە سیاسەتی دەرەوە یاخود سیاسەتی بەرگری كە خۆی لەخۆیدا دەكەوێتە چوارچێوەی سیاسەتی نیشتمانی، بەڵام هەندێك لە لایەنەكانی دیكە وەكو ژێرخانەكان و پەروەردە...و تاد. دەكەونە چوارچێوەی دەسەڵاتی حكومەتە لۆكاڵ و هەرێمییەكان، بۆیە بەڕای من زۆر گرنگە دەسەڵات و حكومەت لەهاووڵاتیانەوە نزیك بێت و لەهاووڵاتیان بپرسێت پێداویستییەكانیان چین و دەرفەت بۆ هاووڵاتیانیش فەراهەم بكرێت تێكەڵی پرۆسەكانی دروستكردنی بڕیارەكان بن، نەك تەنیا لەسەر ئاستی نیتشمانی، بەڵكو لەسەر ئاستی هەرێمیش، بۆئەوەی هاووڵاتیان لەنزیكەوە ئاگادار بن و بزانن چی ڕوودەدات و ببینن كام لەسیاسەتەكان جێبەجێ دەكرێت، بۆیە بەڕای من زۆر گرنگە دامەزراوەكان نزیك بێت لەهاووڵاتیان و دەنگی هاووڵاتیان بیستراو بێت لەسیاسەت و دەرفەتیان بۆ فەراهەم بكرێت لەنزیكەوە بەدواداچوون بكەن بۆئەوەی بزانن چی ڕوودەدات، هەربۆیە من پێموایە بەنامەركەزییەتبوون و دیموكراسییەتی ڕاستەوخۆ بەشێكی زۆر گرنگە لەمبارەیەوە.

* هەموو كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی پێویستیی بەمیدیای ئازاد هەیە لەگەڵ بەرهەمهێنانی ڕەخنە بۆمەبەستی چاودێریكردنی حكومەت لەنزیكەوە، لەبەرئەوەی ڕەخنەگرتن لەحكومەت بەجۆرێك واتای چاودێری دەگەیەنێت لەسەر حكومەت، بەڕای تۆ، ئایا تاچەند پێتوایە كە زانیارییە هەڵەكانی میدیا مەترسی دەخاتە سەر پرۆسەی بونیادی دیموكراسییەت؟
- ئەمە لایەنێكی زۆر گرنگە و تاڕاددەیەك گەیشتن بەو خاڵەی كە دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو بوارەی كە توێژینەوەی لەسەر دەكەم، بەڕای من میدیای ئازاد زۆر گرنگە و پێموایە زۆربەی توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە میدیای ئازاد زۆر گرنگە، سەرچاوەی زانیارییەكان لایەنێكی زۆر گرنگە و بەشێك لەتوێژینەوەكەم بریتییە لەڕەفتارە داراییەكان، مەبەستم چۆنیەتی كۆكردنەوەی باجەكان و ئەنجامدانی خەرجییەكان، ئێمە پێویستیمان بەو زانیارییانە هەیە كە سەربەخۆ بێت و بۆنموونە لەژێر كۆنتڕۆڵی حكومەت نەبێت، لەبەرئەوەی لەوانەیە بەرژەوەندییەكانی هاووڵاتیان لەبەرژەوەندییەكانی حكومەت جیاواز بێت و ئەگەر بێت و حكومەت تاكە سەرچاوە بێت بۆ زانیارییەكان ئەوكات حكومەت بەئارەزووی خۆی هەندێك لەخەرجییەكان جێبەجێ دەكات و هەندێكی دیكەی فەرامۆشدەكات و هاوكات بۆ میدیا-یش زەحمەت دەبێت بتوانێت چاودێریی دەسەڵاتدارەكانی حكومەت بكات، بۆیە بەڕای من یەك دامەزراوەی گرنگ هەیە كە بوونی هەبێت و ئێمە ئەم شتەمان لەدامەزراوەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تاقیكردۆتەوە و پێمانوایە سەركەوتووە، ئەویش بریتییە لەوەی كە دەستەیەكی حكومیی سەربەخۆ هەبێت لەژێر ناوی «دەستەی باڵای چاودێریی دارایی – Supreme Auditing Institution» كە چاودێریی هەموو خەرجییەكانی حكومەت بكات، هەروەها دەتوانن لەسەر بنەمایەكی بەردەوام ڕاپۆرت ئامادەبكەن لەسەر چۆنیەتی بەكارهێنانی پارەكان لەلایەن حكومەتەوە بۆنموونە لەڕووی شێوازی وەدەستهێنان و چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكان، پاشان زانیارییەكان بڵاوبكرێتەوە بۆئەوەی پێداچوونەوەی لەسەربكرێت و ڕەخنەی لێ بگیرێت، لایەنی دووەم بریتییە لەچۆنیەتی خەرجكردنی پارەكان لەسیاسەتەكان بۆنموونە لەڕووی پرۆسەكانی هەڵبژاردن و پەروەردە...و تاد. بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بۆ پڕۆژەكان بكرێت بۆئەوەی بتوانرێت بڕیاربدرێت لەسەر ئەولەوییاتەكان و بزانرێت كام پڕۆژە زۆر گرنگە و كامەیان زیاتر خزمەت بەهاووڵاتیان دەگەیەنێت، هاوكات پرۆسەی هەڵسەنگاندن لەئارادا هەیە كە لەلایەن «وردبین»ێكی سەربەخۆ ئەنجام دەدرێت بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆژەكان و ڕەخنە دەگرێت لەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكان و هەروەها پێشنیار و ڕاسپاردە دەبەخشێت لەوبارەیەی كە ئایا كام پڕۆژە گرنگە و كامەیان گرنگ نییە، بەڵام ئەمە پێویستیی هەیە بەهەبوونی دامەزراوەیەكی چاودێریی دارایی سەربەخۆ، هەروەها پێویستە دەستەی ئەو دامەزراوەیە لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەڵبژێردرێت، ڕاستە ئەمە شتێكی نوێیە بەڵام پێموایە كە میدیا دەتوانێت لەڕێگەی ئەو دامەزراوەیەوە زانیاری وەدەست بێنێت.

* وڵاتانی تازەپێگەیشتوو كە هێشتا لەسەرەتای پرۆسەی پەرەپێداندان، دەبینین دامەزراوەكان بونیادنەنراون و هەموو سەرنجەكان جەختدەكرێتە سەر كەسایەتییەكان، بۆنموونە وەكو سەرۆك وەزیران و هەندێك پسپۆران پێیانوایە كە چەند سەرۆك وەزیران لەم قۆناغەدا باوەڕی بەدیموكراسییەت هەبێت ئەوەندە زیاتر پرۆسەی بونیادی دیموكراسییەت سەركەوتوو دەبێت. بەڕای تۆ، سەرنجت چییە لەسەر ئەم بابەتە و تاچەند پێتوایە كە كەسایەتیی سەرۆك وەزیران گرنگە لەقۆناغی گواستنەوە و بۆ بونیادنانی دامەزراوەكانی كۆمەڵگەی دیموكراسی؟
- ئەوە مایەی بەختەوەرییە كە كەسێكتان تێدا هەبێت خەمی هەمووانی هەبێت، بەڵام باوەڕناكەم ئەوە شتێكی پێشبینیكراو بێت لەبەرئەوەی خودی سەرۆك وەزیران لەڕووی پێناسەكەیەوە هەرگیز پێی خۆش نییە بكەوێتە ژێر كۆنتڕۆڵی هاووڵاتیان، لەوانەیە لەلایەنێكەوە بەختتان هەبێت و سەرۆك وەزیران كاربكات بۆ بونیادنانی ئەو جۆرە دامەزراوانە، بەڵام من لەمبارەیەوە پشت بەسەرۆك وەزیران نابەستم، بەڵكو زیاتر پشت بەفشاری هاووڵاتیان دەبەستم، بەڵام ئەمە كارێكی زۆر زەحمەتە، بەڕای من پێویستە خاڵێكی دەسپێكتان هەبێت – بەتایبەتی كاتێك كە لەسەرەتاكانی قۆناغی بونیادنانی دامەزراوەی دیموكراسی بن – ئەوە زۆر گرنگە سەرۆك وەزیرانی لێهاتووتان هەبێت كە هاندەر بێت بۆ بونیادنانی دامەزراوەی دیموكراسی، بەڵام ئەگەر لە لایەنێكی دیكەوە بیری لێبكەینەوە و سەرۆك وەزیران بێگومان حەزێكی تێدا هەیە بۆئەوەی دەسەڵاتی هەبێت و بتوانێت كاربكات و كۆنتڕۆڵی هیچ كەسێك لەسەری زاڵ نەبێت، لەبەرئەوەی بۆ شەخسی سەرۆك وەزیران تاڕاددەیەك شتێكی ناخۆشە كە دامەزراوە بونیادبنێت و ئەو دامەزراوەیە ئۆفیسی سەرۆك وەزیرانەكە كۆنتڕۆڵ بكات، بۆیە من پێموایە كە لەوانەیە بەختتان هەبێت و ئەگەریش بەخت یاوەرتان بێت ئەوە زۆر گرنگە لەو جۆرە سەرۆك وەزیرانەتان هەبێت، بەڵام ئەگەر بەختتان نەبوو و سەرۆك وەزیرانێكی باشتان نەبوو ئەوكات كارەكە ئاڵۆزیی تێدەكەوێت و زۆر زەحمەت دەبێت لەڕووی بونیادنانی دامەزراوەی مەدەنی، بۆیە بەڕای من زۆر گرنگە لەسەرەتاكانی قۆناغی گواستنەوەدا ئەو جۆرە كەسانەتان تێدا هەبێت، كەسانێكی باش، كە شتی باشیان بۆ هاووڵاتیان بوێت، لەهەمان كاتدا پێویستە هاووڵاتیان باوەڕیان بەپرۆسەی دیموكراسی هەبێت، بەڵام گرنگە لەوە تێبگەن كە بونیادنانی دامەزراوەی دیموكراسی پرۆسەیەكی قورس و زەحمەتە، بەڵام من تاڕاددەیەكی زۆر پێموایە كە خەڵك بەهێزن و سەركەوتنی دیموكراسییەت بەدەست هاووڵاتیانە و هاتنەدیی هەر لەتوانا و لەسەر دەستی خەڵكە.
Top