موەفەق روبەیعی بۆ گوڵا: «بارزانی» سەركردەیەكی مێژووییە لای عێراقییەكان نەك تەنیا ڕێزدارە بەڵكو هەمووان بەتایبەتیش دروستكارانی بڕیارەكان متمانەی پێ دەكەن

موەفەق روبەیعی بۆ گوڵا: «بارزانی» سەركردەیەكی مێژووییە لای عێراقییەكان نەك تەنیا ڕێزدارە بەڵكو هەمووان بەتایبەتیش دروستكارانی بڕیارەكان متمانەی پێ دەكەن
لەگەڵ ئەوەی هەموو لایەك لەهەوڵدان بۆ ئەوەی بەشێوەیەك لە شێوەكان جڵەوگیری باری ئاڵۆزی عێراق بكەن و هەرچۆنێك بێت پرۆسە سیاسییەكە بهێننەوە سەر سكەی خۆی، بەڵام ڕیشەی ناكۆكی و كێشەكان بە ئاڕاستەیەك قووڵن كە زۆر زەحمەتە بتوانرێت ئەم بارودۆخە بە ئاسانی راستبكرێتەوە، ئەم بۆچوونەش تەنیا بۆچوونی لایەنێك یان شرۆڤەوانێكی سیاسیی نییە، بەڵكو ئاڕاستەی كێشەكانی عێراق، كۆدەنگی هەموو لایەكی لەسەر پرۆسە سیاسیەكە بەو ئاڕاستەیە بردووە كە ئەو بۆچوونە گەڵاڵە بێت كە چارەسەری كێشەكان زۆر زەحمەتەو تەنانەت ئەو كۆنگرە نیشتمانیەشی كە بڕیارە بۆ كۆكردنەوەی هەردوولایەنی لیستی دەوڵەتی یاساو لیستی ئەلعراقیەو بەبەشداری تێكرای پێكهاتەكان گرێبدرێت، ئەمەش جۆرێك لە ڕەشبینی لەسەر دروست بووەو زۆربەی سەركردە سیاسیەكانی عێراق پێیانوایە ئەو كۆنگرەیەش ناتوانێت چارەسەری كێشەكانی نێوان لیستی ئەلعراقیەو دەوڵەتی یاسا بكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە هەستیارەو هەوڵەكان بۆ جڵەوگیری ئەم بارودۆخە نالەبارە، وەك گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بەرێز د.موەفەق ڕوبەیعی ڕاوێژكاری پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی عێراق سازداوە، ئەمەش دەقەكەیەتی.
*رۆڵی كورد لە پڕۆسەی سیاسی و ڕووكردنی هەندێك لە سیاسەتوانەكان بۆ هەرێم و سەرهەڵدانی ناكۆكی چۆن دەبینیت؟
موەفەق روبەیعی: من پێموایە كە ڕۆڵی هەرێم ڕۆڵێكی سەرەكی و میحوەری و مەركەزییە، بەتایبەتی شەخصی بەڕێز سەرۆك بارزانی، مەبەستم، ئەو سەرچاوەی متمانەیەو پاپەندە بە وشە و بەڵێنەكانییەوە. بۆیە پێموایە ئەو وەك مەرجەعییەتێكی سیاسی رۆڵێكی زۆر گەورەی هەیە. منیش لێرەوە لەڕێگەی گۆڤارەكەتانەوە داوا لە بەڕێز سەرۆك بارزانی دەكەم ڕۆڵێك بۆ لێكنزیككردنەوەی بۆچوونەكان بگێڕێت، هەروەك جاران. خودی خۆم ئەدای برای بەڕێزیان خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانیم بینی چۆن بووە، هەروەها ئەدای بەڕێزیشیان لە كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆن، هەر كاتێك ئێمە گەیشتبووینە رێگەیەكی داخراو بەڕێزیان دەهات، بینیم ئەدای چۆن بوو لە ئەنجوومەنی حوكم، ئێمە دەگەیشتینە رێگەی داخراوو ئەویش دەهات لەگەڵ دەستەبژێرەكان دادەنیشت و چارەسەری گونجاوی دەخستەڕوو كە بەلای هەمووانەوە پەسەند دەبوو، هەروەها لەمیانەی پڕۆسە سیاسییەكەشدا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، فاكتەرێكی سەرەكی بووە لە چارەسەركردنی ئیشكالییاتە سیاسییەكان.

* لە سێبەری وتوێژەكانی پێش گرێدانی ئەو كۆنگرەیەی كە هەمووان پشتی پێ دەبەستن، خوێندنەوەت چییە بۆ دیمەنە سیاسییە ئاڵۆزەكەی ئەمڕۆ؟
موەفەق روبەیعی: لەو بڕوایەدانیم كە قەیرانی سیاسی لە «عێراق»دا بوونی هەبێت. بەڵكو پێموایە یەكێك لەو كێشانە ڕوویانداوە كە ئێمە هەمیشە ڕاهاتووین لە رووبەڕووبونەوەیان، ئەو گرفتانەی كە رووبەڕوومان دەبۆوە، تەنانەت كاتێك لە ئۆپۆزسیۆن بووین یان پاش ئازادكردن و پاش ساڵی 2003.
مەبەستم لەوەیە كە هیچ قەیرانێكی ڕاستەقینە لەئارادا نییە بەو ئاستەی كە مایەی هەڕەشە بێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی و كە بیگەیەنێتە ڕووخان، بەڵكو كێشەیەكی سیاسی لەئارادا هەیە، پێموایە چەند كێشەیەك هەیە، یان چەند تەحەددایەك، كە دەتوانین بەسەریاندا زاڵ بین، ئەمە لەلایەكەوە. خاڵی دووەم، بەڕای من پێویستە لەسەر گەلەكەمان لەوە تێبگەن كە لەلای ئێمە لە بەشە عەرەبیەكەی عێراق دوو بەرنامەی سیاسی هەیە، دوو پڕۆژەی سیاسی هەیە، دوو ئاڕاستەی سیاسی هەیە. ئاڕاستەی «هاوپەیمانی نیشتمانی» كە ئەمڕۆ برامان «مالكی» (واجیهەكەیەتی)، پڕۆژەیەكی دیكە بریتیە لە «عێراقیە» كە ئەمڕۆ «د.ئەیاد عەلاوی» واجیهەكەیەتی. ئەم دوو پڕۆژە سیاسییانەش لە یەكتری جیاوازن. بەواتای، ئەگەر بێت و بۆنموونە 10 پرسیار ئامادەبكەیت و پرسیارەكان ئاڕاستەی ئەندامێكی سەركردایەتیی «هاوپەیمانی نیشتمانی» بكەیت و هەرهەمان ئەو پرسیارانە ئاڕاستەی ئەندامێكی سەركردایەتیی لیستی «عێراقیە»ش بكەیت، بۆنموونە پرسیار بێت لەسەر كێشەكانی هەرێم و ناوەند، كێشەی مەركەزییەت و نامەركەزییەت، كێشەی هەرێمەكان، كێشەی نەوت، كێشەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، كێشەی بونیادنانی هێزە چەكدارەكان، كێشەی ریشەكێشكردنی بەعس، كێشەی ئاوەدانكردنەوە، كێشەی مانەوە یان كشانەوەی هێزی بیانی لە عێراق، هەروەها لەڕووی هەڵوێستەكانی عێراق بەرامبەر بە سوریا یان بەرامبەر «عەرەبستانی سعودیە» یان بەرامبەر «ئێران» یانیش بەرامبەر بە «توركیا»، ئەمانە هەموویان پرس و كێشەی گرنگ و سەرەكین كە پێوەندییان بە «عێراق» و ئایندەی وڵاتەكەوە هەیە، بەڵام لەئاكامدا دەبینی وەڵامەكان لەنێوان «هاوپەیمانی نیشتمانی» و «عێراقیە» جیاواز دەردەچن، هەربۆیە جیاوازییەكانی نێوانیان سیاسییە نەك شەخصی.

* بەڕای تۆ هۆكارەكان چین لەپشت ئەم كێشمەكێش و دووركەوتنەوە سیاسییە لەڕووی بانگەشەكردن بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بە كۆدەنگی یان بە یەكگرتن و زۆرینەیەكی سیاسی كاروبارەكانی وڵات بەڕێوەدەبات، بۆ ئەم لێكدووركەوتنەوەیە هەیە؟ ئایا هۆكارەكانی بۆ نەبوونی متمانە دەگەڕێتەوە؟
موەفەق روبەیعی:من پێموایە كە جیاوازی لەنێوان قەوارە سیاسییەكاندا شتێكی زۆر ئاساییە لەبەرئەوەی بریتیە لە ململانێ لەسەر دەسەڵات و سامان. سیاسەتوانەكان نوێنەرایەتیی دەنگدەرەكانیان دەكەن و لەگەڵ نوێنەرایەتیكردنی پێكهاتە رەگەزی و مەزهەبییەكانیان، بۆیە لە هەوڵدان دەبن بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵات و پارە بۆ پێكهاتەكەیان، هەربۆیە جیاوازی لەمبارەیەوە شتێكی زۆر ئاساییە، تەنانەت لەهەموو بارودۆخەكاندا ئاساییە. لەلایەكی دیكەوە، پێشنیارێكم هەیەو پێموایە كە پێویستە لەسەر «هاوپەیمانی نیشتمانی» و «هاوپەیمانی كوردستانی» بانگەشە بۆ حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی بكەن و بانگێشتی لایەنەكانی «عێراقییە»ی بۆ بكەن، حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی نەك حكومەتێكی زۆرینەی مەزهەبی. ئەو لایەنانەی كە وەڵامدانەوەیان دەبێت بەشداریی تێدا بكەن و ئەوانی دیكە ببن بە ئۆپۆزسیۆن، بەم شێوەیەیش قەوارەیەكی بەهێزو بەڕێزی ئۆپۆزسیۆن پێكدێت كە هەڵەكانی حكومەت راست دەكاتەوە. لەئاكامیشدا، دەرفەتی دوو ساڵ بۆ ئەم حكومەتە دەڕەخسێت، مەبەستم لەمڕۆوە تاكو هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، دەرفەتی دوو ساڵی لەبەردەم دەبێت و ئەگەر هات و توانیی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات ئەوە شتێكی باشەو ئەگەر نەیتوانی ئەوە ئەوكات دووبارە دەنگی پێ نادرێتەوە.

* بەڵام هەر لەساڵی 2003ـەوە و تاكو ئەمڕۆمان حكومەتی عێراقی ئەم جۆرە ئاڵۆزییەی تێنەكەوتووە لە دیمەنە سیاسییەكەی رەنگ بداتەوە، بۆنموونە كەیسەكەی «تاڕیق هاشمی»جێگری سەرۆك كۆمار و هەڵكشانی ئاستی توندوتیژی و كشانەوە لە پەرلەمان و وەزارەتەكان، قەت بەم شێوەیە ئاڵۆزیی تێنەكەوتووەو وەستان نەبووە لە وەزارەتەكان و كاروبارەكانی هاووڵاتیان ڕانەوەستاون...
موەفەق روبەیعی:نەخێر، بەڕای من ئێمە لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا بە قەیرانی گەورەتر و ترسناكتر تێپەڕیوین كە 10 بە قەد كێشەكانی ئەمڕۆ گەورەتر بووە. ئەمەیان كێشەیەكی سیاسییە نەك كێشەیەكی شەخصی. لەلایەنێكی دیكەوە، كەیسەكەی جێگری سەرۆك كۆمار بەڕێز تاڕیق هاشمی مەسەلەیەكی دادوەرییە نەك سیاسی. بۆیە ئەگەر هات و بێ تاوان دەرچوو، ئەوكات دەگەڕێتەوە بۆ پۆستەكەی و ئەگەریش تاوانبار دەرچوو زیندانی دەكرێت.

* ئایا ڕێگەچارەكان چین بۆ دەرچوون لەم گرفتانەی كە ناوت لێیان ناوە «كێشەی سیاسی»؟
موەفەق روبەیعی: بەڕای من باشترین و گونجاوترین ڕێگەچارە بریتیە لە پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی سیاسی كە هەردوو لە هاوپەیمانەكان لەسەری رێككەون و بانگێشتی ئەو لایەنانەی ناو عێراقیە بكەن كە ئەگەری هەیە پێكەوە كاری تێدا بكەن. ئەمە باشترین ڕێگەچارەیە، لەبەرئەوەی بەوپێیە ئۆپۆزسیۆن پێكدێت «حكومەتی سێبەر»لەبەرامبەر ئەو حكومەتە. ئەوەی كە ئەگەری روودانی هەیە، لەو بڕوایەدام كە بەشێك لە وەزیرەكانی «عێراقیە» دەگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەشێكی دیكەیان دوادەكەون، بەڵام پێموایە كە بەشە زۆرەكەیان دەگەڕێنەوە. لەلایەنێكی دیكەوە، پێموایە بەشێكی زۆری نوێنەرەكان دەگەڕێنەوە بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبەرئەوەی ئەم دواكەوتنەیان دواخستنی بەرژەوەندییەكانی گەلە.

* لە دیمەنی سیاسیدا بەردەوام دانیشتن و كۆبوونەوە ئەنجامدراوە، بەڕای تۆ ئەو كۆنگرەیەی كە سیاسەتوانەكان بەنیازن لە بەغدا ئەنجامی بدەن چی لێ دەكەوێتەوە پێتوایە دەگاتە چ ئەنجامێك؟
موەفەق روبەیعی:ئەم كۆنگرەیە گۆپاڵی سیحری نییە بۆئەوەی بتوانێت گرفتەكانی عێراق چارەسەربكات. بەڵام لەوانەیە ببێتە مایەی تواندنەوەی بەشێك لەو بەستەڵەكە كە لەماوەی چەندین ساڵ یان چەند مانگی رابردوودا كەڵەكەی كردووە. كەشوهەوایەكی سیاسیی پۆزەتیڤ بخوڵقێنێت بەرەو ئاڕاستەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەو كۆمپرۆمایز لەنێوان هاوبەشە سیاسییەكان. خاڵێكی دیكە هەیە، لەوانەیە زۆربەی ئەنجامەكانی كۆنگرەكە بەپێچەوانەی دەستوورەوە بێت. بەواتایەكی دیكە، پێویستە رێككەوتن و بڕیارەكانی كۆنگرەكە بەپێی دەقە دەستوورییەكان بێت. هەر لەمبارەیەشەوە، كاتێك كە پێویست بكات بڕیارەكانمان لەچوارچێوەی دەستوور بێت كەواتە با دەستوور بەكاربێنین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان، بۆچی بۆ كۆنگرە بڕۆین؟ باشتروایە دەستوور بەكاربێنین نەك بڕۆین بەرەو كۆنگرەكان، ئەو دەستوورەی كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان گەلی عێراقی پشتی پێ دەبەستێت.

* كەواتە بەڕێزت مەبەستت لەوەدایە كە كۆنگرەكە «رازیكردنی» لێ دەكەوێتەوە؟
موەفەق روبەیعی: پێش هەمووشتێك، گومانی زۆر هەیە كۆنگرە گرێبدرێت. خاڵی دووەم: ناكۆكی هەیە لەسەر ناونانی بە»كۆنگرە»، مەبەستم لەوەدایە كە هەندێك لایەن ناڕازین لە بەكارهێنانی زاراوەی «كۆنگرە» یان «كۆنگرێس» یانیش «كۆنفڕانس»، بەڵكو دەیانەوێ ناوی لێ بنرێت «دیداری نیشتمانیی گشتی – اللقاء الوطني العام» یان «الملتقى الوطني العام» یا «كۆبوونەوەی نیشتمانیی گشتی – الإجتماع الوطني العام».

* بەڵام كێشە هەیە لەسەر رێوشوێنی كۆنگرەكەو نامتمانەیی لەنێوان لایەنەكان كە هەندێكیان رازی نین لە بەغدا گرێ بدرێت و هەندێكی دیكەیان بەشدار نابێت گەر لە هەولێر بێت، بەڕای تۆ هۆكارەكان چین كە نامتمانەیی لەنێوان سیاسەتوانەكان گەیشتۆتە ئەم ئاستە ترسناكە؟
موەفەق روبەیعی: ئەوە شتێكی ئاشكرایە كە متمانەی نێوان هەندێك لە سیاسەتوانەكان درزی تێكەوتووە، بەڵام پێموایە كە ئەگەر ڕێگەچارەكان تەنیا «هەولێر» و «بەغدا» بێت ئەوە بەڕای من «بەسڕە»یش هەیە، مەبەستم ئەگەر ناڕازین نە لە «هەولێر»گرێبدرێت و نە لە «بەغدا» كەواتە با لە «بەسڕە» بێت، خۆ «بەسڕە»ش هەروەك «بەغدا» دەژمێردرێت، مەبەستم لەوەیە كە هەموو پارچەكانی «عێراقی عەرەبی» وەك یەك سەیر دەكرێت.

* خاڵێكی دیكە هەیە و كەمێك دوورە لەم بابەتەوە، بەدرێژایی پڕۆسە سیاسییەكە مەرجەعییەتی ئایینی هەمیشە جێگەدەستی لەسەر دیمەنە سیاسییەكە دیاربووە، مەبەستم لە ئەنجامدانی لێدوان و تاڕادەیەك دەستێوەردانە لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەكان، بەڵام ئەمجارەیان هەستمان نەكردو نەمانبینی هیچ مەرجەعیەتێكی ئایینی دەستێوەردان بكات، بەڕای تۆ بۆچی هەڵوێستی وەرنەگرت ؟
موەفەق روبەیعی: مەرجەعییەتی ئایینی لە ئەدای هەندێك لە سیاسەتوان و لێپرسراوەكان بێزارە بۆیە دەیەوێ خۆی بەدوور بخاتەوە لە رەفتارە خراپەكانی هەندێك لە سیاسەتوانەكان. بۆیە لەڕێگەی گۆڤارەكەتانەوە داوا لە مەرجەعییەتی ئایینی دەكەم بە قورساییە مەعنەوییەكەیەوە كاربكات بۆمەبەستی یارمەتیدانمان بۆ دەربازبوون لەم كێشەیەی كە دووچاری بووینەتەوە.

* هیچ ترسێك هەیە لە گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم یا لەڕووی دابەشكردنی «عێراق» بۆ سەر هەرێمەكان و لەو جۆرە بابەتانە؟
موەفەق روبەیعی: نەخێر، بەڕای من بارودۆخ و فاكتەرەكانی ئەمڕۆی وڵات یاریدەدەرنین بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی، نە لەنێوان عەرەب و كوردو نە لەنێوان شیعەو سوننە لەبەرئەوەی بارودۆخەكانی ئەمڕۆ جیاوازە لە جاران، پێشتر هێزی بیانی بوونی هەبوو لەگەڵ گرژییەكی تایفەگەریی گەورە، پێكهاتەی عەرەبی سوننە لە حكومەت و پەرلەمان بەشدار نەبوو، هاوكات «قاعیدە» زۆر چالاك بوو، هەروەها لایەنی شیعەكانیش میلیشیاتەكان زۆر بەجموجۆڵ بوون. هەربۆیە، پێمانوایە هیچ بارودۆخێكی بابەتییانە لەئارادا نییە كە ببێتەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە ناوچەكە.

* زۆر بەلامانەوە گرنگە رای بەڕێزت وەرگرین لەبارەی ئاستەكانی ئەدای نوری مالكی لەبەرئەوەی بەپێی لێدوان و بۆچوونەكانی سیاسەتوان و چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە مەیلی هەیە بۆ دیكتاتۆریەت و تاكڕەوی خوێندنەوەت چییە بۆ ئەم قسانە؟
موەفەق روبەیعی: وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستیی بە شیكردنەوەیە هەیە، بەڵام من پێموایە ئەو كەسەی كە سەرۆك مالكی تۆمەتباردەكات بە دیكتاتۆریەت و تاكڕەویی لە دەسەڵات، دەمەوێ ئەوە بڵێم كە دەستوورەكەمان رێگەنادات نە بە تاكڕەوی لە دەسەڵات و نە بە دیكتاتۆریەت، بۆیە پێویستە ئەو كەسە لەڕووی دادوەرییەوە بەپێی دەستوور بجووڵێتەوە، مەبەستم ئەوەیە هەموو كەسێك دەتوانێت سكاڵا بەرزبكاتەوە بۆ دادگای دەستووریی باڵا یا بۆ دادگای ئیتیحادی لەدژی سەرۆك وەزیران یا سەرۆك كۆمار یان هەر وەزیرێك كە فڵان سەرپێچیی كردووە لە دەستوور، دەستوورەكەمان قەدەغەی كردووە تاكڕەوی لە دەسەڵات و دیكتاتۆریەت ڕووبدات. دەستوورەكەمان دەسەڵاتی فراوانی بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەخشیوە، هەموو ئەو بڕیارانەش كە دەریاندەكات لەڕێگەی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ئەنجام دەدرێت. بۆیە بۆنموونە ئەگەر هاتوو بەشێوەیەكی تاكڕەوانە هەر بڕیارێكی دەركرد، ئەوكات هاووڵاتی دەتوانێت سكاڵای لەسەر تۆماربكات و بڵێت سەرۆك وەزیران سەرپێچیی كردووە لە دەستوور. بۆیە پێموایە كە ئەم جۆرە شتانە مەسەلەی سیاسیی لەپشتەوە هەیەو بۆمەبەستی فشارخستنە سەر حكومەت و «مالكی»یە.

* سیاسەتوانەكانی «عێراق» لەم جۆرە بارودۆخانەدا هەمیشە خوازیارن دەستێوەردانی دەرەكی هەبێت لە دیمەنە سیاسییەكەی «عێراق»، یا پەنا بۆ دەرەوە دەبەن. بەڕای تۆ، بۆچی كێشەكانمان بەشێوەیەكی ناوخۆیی چارەسەر نەكەین؟ مەبەستم، دەستپێشخەرییەكی «كوردی» هەبێت یاخود «سەدری» یانیش «شیعی»، بۆ لە ناوخۆ كێشەكانمان چارەسەر ناكەین؟
موەفەق روبەیعی: لەمبارەیەوە بەشێوەیەكی تەواو لەگەڵ بۆچوونەكەتان هاوڕام، بەڕای من تێڕوانین بۆ دەرەوەی وڵات یا بۆ وڵاتانی هەرێمی یەكێكە لە كارەساتەكانی «عێراق»ی پاش 2003. هیچ وڵاتێكی هەرێمی خێری بۆ «عێراق» ناوێت، هەندێك لە وڵاتانی دراوسێ دەیانەوێت نفوزی ئابووری و سیاسی خۆیان لە «عێراق»دا فراوان بكەن، هەندێك لە وڵاتانی دراوسێ نایانەوێ ئاستی رۆژانەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق بگاتە 12 ملیۆن بەرمیل لەبەرئەوەی ئەمە زەرەریان پێ دەگەیەنێت و وا لە عێراق دەكات ببێت بە وڵاتێكی زلهێز و بڕیاردەر لەڕووی دەستنیشانكردنی نرخی نەوت لە جیهان. هەروەها هەندێك لە وڵاتەكان حەزناكەن عێراق ببێت بەخاوەن هێزێكی چەكداریی بەهێز، لەبەرئەوەی ئەو شتە بە هەڕەشە دەزانێت و خوازیارە عێراق هەمیشە ملكەچ بمێنێتەوە. هەندێك لە وڵاتەكان عێراق تەنیا بەبازاڕێك دەزانێت بۆ بەكاربردن و نفوزی سیاسی. بەڕای من لێدوانەكانی ئەم دواییانەی سەرۆك «ئەردۆغان» لە «توركیا» لەبارەی عێراق باش نەبوو، بۆیە حەزدەكەم پێی بڵێم، چۆن رێگەت بەخۆت داوە دەست تێوەردان بكەیت لە كاروبارەكانی عێراق؟ ئایا تۆش رێگەم پێ دەدەیت پێشنیارت بۆ بكەم، بۆنموونە گفتوگۆ لەگەڵ»پارتی كرێكارانی كوردستان» بكەیت و چارەسەرێكی ئاشتییانە بۆ پرسی كورد بدۆزیتەوەو بۆنمونە ئۆتۆنۆمی یا فیدرالییەتێكی كوردی بۆ كوردەكانی «توركیا» فەراهەم بكەیت؟ ئایا رازی دەبێت دەستێوەردان لەو كاروبارانە بكەم و ئەم پێشنیارانەی ئاڕاستەبكەم؟ هەروەك چۆن من رێگە بە خۆم نادەم ئەم جۆرە پێشنیارانە ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆك «ئەردۆغان» بكەم، بەهەمان شێوە پێویستە ئەویش رێگە بە خۆی نەدات دەستێوەردان لە كاروبارەكانی «عێراق» بكات.

* كەواتە بۆ سیاسەتوانی عێراقی، پەنا بۆ دەرەوە دەبات؟
موەفەق روبەیعی: بەداخەوە هەندێك لە سیاسەتوانەكانی عێراق خاوەن هێزێكی»زاتی» نین، بۆیە بۆ زاڵبوون بەسەر برایەكی خۆی پەنا بۆ لایەنی هەرێمی دەبەن، لەدژی رۆڵەیەكی گەلەكەی، هاونیشتمانێكی وڵاتەكەی، پەنا بۆ لایەنی نێودەوڵەتیش دەبات، لەدژ هاونیشتمانێكی خۆی، ئەمەیە كارەساتەكە. ئێمەین كە بانگێشتیان دەكەین بۆ دژایەتیكردنی خۆمان، خۆمانین دەیانهێنین لەدژی كەسێك لە خۆمان.

* رای بەڕێزت چییە لەبارەی داواكارییەكان بۆ پێكهێنانی هەرێمەكان و خودحوكمكردن هاوشێوە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەرێمی»سەڵاحەددین»، هەرێمی «ئەنبار»و بۆنموونە «بەسڕە» و «نەجەف». بەڕای تۆ ئایا ئەم پڕۆسەیە سەركەوتوو دەبێت لەڕووی دابەشبوون بۆ هەرێمەكان؟
موەفەق روبەیعی: بەڕای من دیموكراسییەت و فیدراڵییەت دوو ڕوون بۆ یەك دراوی عێراقی. ئەگەریش بەردەوام بین لەسەر دیموكراسییەتێك بەبێ هەرێمەكان یا بەبێ فیدراڵییەت، ئەوكات واتای ئەوە دەگەیەنێت كە ئەم دیموكراسییەتە دەمانگەیەنێتە دیكتاتۆریەتێكی زۆرینە، یان لەسەر بنەمایەكی مەزهەبی یان قەومی. بەواتای شیعە بەرامبەر سوننەو عەرەب بەرامبەر كورد، لەئاكامیشدا دەبێت بە دیكتاتۆریەتێكی شیعەی عەرەبی، ئەویش شتێكی ناپەسەندە. بەڵام ئەگەر بەتەنیا رووبكەینە هەرێمەكان یا ئیتیحادی یان فیدراڵییەت بەبێ دیموكراسییەت، ئەوكات دەبێت بە جیابوونەوە. كەواتا دیموكراسییەت و فیدراڵییەت دوو توخمی سەرەكین، بەواتای پێویستە هەردووكیان هاوتەریب بن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانمان. عێراق وڵاتێكی فرەڕەگەز و فرەئایین و فرەتایفەو فرەمەزهەب و فرەنەتەوەیە، بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە، ئێمە پێمانوایە كە پێكهێنانی هەرێمەكان پرسێكی سەرەكییەو چارەسەرە بۆ زۆربەی كێشەكانی عێراق. بۆیە من لەم «مونتەڵەقەوە» دەڵێم هاوڕام لەگەڵ میكانیزمەكان، لەسەر مۆدێلەكەی هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوەی پێموایە نموونەكەی هەرێمی كوردستان نموونەیەكی سەركەوتووە، بۆیە دەكرێ لەهەموو پارچەكانی عێراق هەرێمەكان پێكبهێندرێت. بەڵام هاتنەباسی هەرێمەكان بۆ حاڵی حازر دوو كێشەی لێ دەكەوێتەوە، كێشەی یەكەم: ئەم باسە لە ساتێك سەریهەڵداوە دەڵێی وەك ئەوەیە هاندەری سیاسیی لەپشتەوە هەیە بۆ لاوازكردنی حكومەتی ئێستای عێراق. مەبەستم لەوەدایە كە مەسەلەكە دروستە بەڵام مەبەستەكەی هەڵەیە، مەبەستەكە لاوازكردنی حكومەتە. كێشەی دووەم كە زۆر ترسناكە بریتیە لە دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی لە كاروبارەكانی عێراق، ئەم قسەیەشم شیكردنەوە نییە بەڵكو لێی دڵنیام، من ئاگادارم لەوەی كە ئەمڕۆ هەندێك لە وڵاتانی هەرێمی هەندێك لە پارێزگاكان هاندەدەن بۆ پێكهێنانی هەرێمەكان، كە ئەمەش دەسپێكێكە بۆ جیابوونەوە. هەربۆیە، ئەگەر بێت و هیچ كام لەو دوو فاكتەرانە بوونیان نەبێت، نە مەبەست بۆ لاوازكردنی حكومەت و نە دەستێوەردانی هەرێمی، ئەوكات زۆرئاساییە هەموو پارێزگایەك بكرێت بە هەرێم، یا چەند پارێزگایەك هەرێمێك پێكبێنن، ئەوكات هیچ كێشەیەك لەوبارەیەوە نابێت.
Top