سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق، بۆ گوڵان: كە چوومە بەغدا تەنها 6 كاتژمێر كارەبا هەبوو، هاووڵاتی هەبوو نەیدەتوانی ئاوی خواردنەوەی پاكی دەست بكەوێت

سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ عێراق، بۆ گوڵان: كە چوومە بەغدا تەنها 6 كاتژمێر كارەبا هەبوو، هاووڵاتی هەبوو نەیدەتوانی ئاوی خواردنەوەی پاكی دەست بكەوێت
ستۆران ستیڤنسۆن پەرلەمانتاری سكۆتلەندایە و لەساڵی 1999 ەوە تائێستا نوێنەرایەتی سكۆتلەندا لەپەرلەمانی ئەوروپا دەكات، هەروەها لەناو پەرلەمانی ئەوروپاشدا سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپایە بۆ عیراق، بۆقسەكردن لەسەر تێروانینی شاندی یەكێتی ئەورپا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و ئاییندەی عێراق، بەتایبەتی كە سەرۆكی شاندی پەرلەمانی ئەوروپا چەند مانگێك پێش ئێستا سەردانی بەغداو هەولێری كردووە، لەم چوارچێوەیەدا وەك گۆڤاری گوڵان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی بەڕێز ستۆران ستیڤنسۆن كرد، ئەمەش دەقی وەڵامەكانیەتی.
ستۆران ستیڤنسۆن: كوردستان بۆتە نەوایەك بۆ ئاوارەی بەشەكانی دیكەی عێراق كە لە دەست توندوتیژی و سەركوتكاریی هەڵهاتوون


* ئێستا مەترسی ئەوە هەیە كشانەوەكەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دۆخی ئەمنی عێراق خراپتر بكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر هەلومەرجی عێراق ناسەقامگیر بوو تا چ ڕاددەیەك دەبێتە گۆڕەپانێك بۆ تیرۆریزم؟
- من سەردانی عێراقم كردو لە بەغداو هەولێر بووم، بینیم كە دۆخی كوردستان لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراقدا تەواو جیاوازە. لەوكاتەدا لە بەغدا تەنیا 6سەعات كارەبا هەبوو لە ڕۆژێكدا، هەندێ لەهاووڵاتیانی عێراق نەیانئەتوانی ئاوی پاكی خواردنەوە بەدەست بهێنن، ڕێژەیەكی بەرزی بێكاری هەیەو گەندەڵییەكی بەربڵاو هەیە. لە ڕاستیدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا عێراق دووەم گەندەڵترین وڵاتی دنیایە، تەنیا سۆماڵ لە عێراق گەندەڵترەو هێشتا زۆربەی بڕگەكانی ڕێككەوتنی هەولێر كە حكومەتی هاوپەیمانێتی لێپێكهات جێبەجێنەكراون. كەواتە ئاشكرایە ڕێگایەكی دوور هەیە پێش ئەوەی بانگەشەی ئەوە بكرێت دیموكراسیەك هەیە قابیلی ئەوەیە بكرێتە مۆدێل. من هەفتەی ڕابردوو لە برۆكسل چاوم بە بارزانی سەرۆكی كوردستان كەوت، پێی وتم كە هێشتا لەبەشەكانی دیكەی عێراق هەر 6 سەعات كارەبا دابین دەكرێت، لەو كاتەوەی من لەوێ بووم- كە مانگی نیسان بوو- تاوەكو ئێستا بەرەوپێشچوونێكی زۆر بەدی نەهاتووە. كەواتە ڕوونە بارودۆخەكە بەو شێوەیەی بەڵێن بە من درا بەرەوپێش نەچووە، ئەوە بە من ڕاگەیەنرا لە كۆتایی ئەمساڵدا بەلای كەمەوە 12 سەعات كارەبا دابین دەكرێت و لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا 24 سەعات كارەبا دابین دەكرێت، كە دەبینین ئەوە ڕوونادات. لە دەرئەنجامدا هاووڵاتیانی عێراق دوچاری نەهامەتی دەبنەوە. سەرباری هەموو ئەوانە ڕەوشێكی ئەمنی زۆر خراپ لە ئارادایە، كە بەشێوەیەكی ڕێكخراو ئیغتیالات و هێڕشكردن ئەنجام دەدرێن و سەركوتكاریەكی بە ئاشكرایی بۆ سەر كەمینەكان هەیە. من زۆر دڵتەنگم بە وتنی ئەوەی تێكڕای بارودۆخەكە مایەی نائومێدیە. لەلایەكی دیكەوە پێچەوانەوەی ئەمە لە كوردستان دەبینین، كە تیرۆریزم نییە، كێشەی ئەمنی نییە، ڕێژەی گەشەی ساڵانەی ئابووریەكەیان نزیكەی لە سەدا9یە، وەبەرهێنانێكی زۆر هەیە، 24 سەعات كارەبا هەیە، ئاوی پاكی خواردنەوە هەیە، ڕێژەیەكی بەرزی دامەزراندن و بەكارخستن هەیە. لەڕاستیدا كوردستان بۆتە نەوایەك بۆ ئاوارەی بەشەكانی دیكەی عێراق كە لە دەست توندوتیژی و سەركوتكاریی هەڵهاتوون. دەبێت ئەوە بڵێم دڵتەنگم بەوەی بەم شێوەیە ڕەخنە لە عێراق دەگرم، بەڵام پێدەچێت شتگەلێكی زۆر كەم ڕووبدات لە سایەی ئەم حكومەتەی ئێستادا. خەڵكی عێراق شایستەی باشترن. پێم وایە دەبێت ئەمەریكیەكان هەست بە شەرم بكەن بەوەی ئەم پشێوییە خراپەیان خوڵقاندووەو ئێستاش بە نیازن لە كۆتایی ئەمساڵدا ئەو وڵاتە جێدەهێڵن و پشێوی و دۆخێكی شپرزە لە دوای خۆیان جێدەهێڵن.

* تا چ ڕاددەیەك پێت وایە كێشە هەڵپەسێردراوەكان، گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكان، شیعەو سوننەو كوردەكان، یەكێتی عێراق دەخاتە مەترسییەوە؟
- ئومێدی من ئەوەیە ئەم مەترسییەی لێنەكەوێتەوە. من خەڵكی سكۆتلەندام، كە دۆخێكی هاوشێوەی كوردستانمان هەیە، حكومەتێكی خۆبەڕێوبەرمان هەیە، كە بەرپرسیارێتیەكانی شۆڕكردۆتەوە لە هەندێ بواری دیاریكراودا، وەك تەندروستی، پەروەردە، گواستنەوەو دامەزراندن، بەڵام نەك بۆ سیاسەتی بەرگری و كاروبارەكانی دەرەوەو ئەمنی كۆمەڵایەتی. كوردستان لێكچوونێكی زۆری هەیە لە پێوەندیدا بە بوونی حكومەتێكی خۆبەڕێوبەرەوە، سكوتلەندا یەدەگێكی گەورەی نەوتی هەیە، هەروەها كوردستانیش. پێم وایە كوردەكان بە باشی ئاوێتەبوونەو لە تەباییدان لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراقدا، بەڵام دەبێت بەشەكانی دیكەی عێراق چاو لە كوردستان بكەن لە چارەسەركردنی گەندەڵیداو باشتركردنی دەرفەتەكانی دامەزراندن و كاركردن و هەوڵدان بۆ ئەوەی دووبارە ئابووری گەشە بكاتەوەو حكومەتێكی دیموكراتیان هەبێت كە نوێنەرایەتی تێكڕای خەڵك بكات، نەك تەنیا لایەنگەلێكی كۆمەڵگەكە.

* لە كاتێكدا ئەمەریكا دەكشێتەوە كە حكومەتێكی سەقامگیر بوونی نییە لە عێراقدا، كە دەزانین بۆ ماوەی دوو ساڵە هێشتا حكومەتەكە بونیادی خۆی تەواو نەكردووە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك بوونی حكومەتێكی ناتەواو مەترسی بۆ سەڕ ڕەوشە ئەمنیەكە دروست دەكات و عێراق دەكاتە زەمینەیەك بۆ دەستێوەردانی دەرەكی؟
- بە دڵنیاییەوە تەواو ڕوونە كە ڕۆژانە ئێران دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی عێراقدا دەكات، لە ئێستادا ئێران مەترسی دەستیوەردانی بۆ عێراق هەیە، كە شەرمەزارییە عێراق ڕێگە بەدەستێوەردانی بدات. لە ڕاستیدا نابێت عێراق ڕێگا بدات دەستێوەردان لە كاروباری ناوخۆییدا بكەن، پێم وایە ئەمەریكاش پاشەكشە دەكات و كاریگەریەكەشی ناسەقامگیركردنی دۆخەكەیە كە خۆی لە خۆیدا ناسەقامگیرە.

* ئێمە هەرێمێكی دیموكرات و ئاراممان لە عێراقدا بنیاتناوە، تا چەند ئەمەریكا ئەمە لەبەرچاو دەگرێت یارمەتیمان دەدات لە پاراستنی هەرێمەكە لە دژی ئەو توندوتیژیەی لە بەشەكانی دیكەوە دەپەڕێتەوە بۆ عێراقە ئارامەكە، كە هەرێمی كوردستانە؟
- یەكێك لە هۆكارەكانی ئەوەی كوردستان لە تەقینەوەی تیرۆریستی و لە ئیغتیالات بە دوورە ئەوەیە كە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بە بەشەكانی دیكەی عێراقەوە بۆ چەندین ساڵە بە باشی لەلایەن پێشمەرگەوە پارێزگارییان لێدەكرێت و پێم وایە كوردەكان توانای تەواویان هەیە بۆ ئەوەی بایەخ بە بەرژەوەندیەكانی خۆیان بدەن. بەڵام من ئەو ڕاستیە دووبارە دەكەمەوە كە كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق پێشوەختە یارمەتیدەر نابێت لە سەقامگیركردنی دۆخێكی هەستیارو ناسكدا.

* دوا وتەت چییە؟ پەیامت بۆ خەڵكی ئێمەو بە تایبەتی بۆ كوردەكان؟
- من پیرۆزبایی لە كوردستان دەكەم بۆ ئەو بەرەوپێشچوون و گەشەكردنەی بەدەستیان هێناوە لە پێوەندیدا بە ئازادی و دیموكراسی و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و مافەكانی ئافرەتان و وەبەرهێنانی ناوخۆیی كە دەبێتە مایەی گەشەكردن و بووژانەوەیەكی ڕوو لە زیاد بۆ وڵاتەكە، من سەری ڕێز بۆ كوردستان دادەنەوێنم، كە پێویستە وەك نموونەیەكی درەوشاوە ڕەفتار بكات بۆ بەشەكانی دیكەی عێراق و لە ڕاستیدا بۆ بەشەكانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لە پێوەندیدا بە چۆنیەتی كاركردن و سەركەوتنی دیموكراسیەوە، كەواتە مۆدێلی ڕاستەقینە بۆ دیموكراسی بریتیە لە كوردستان نەك بەشەكانی دیكەی عێراق.
Top