ئان ستیڤن لیستیك بۆ گوڵان: كۆتایی ڕژێمی سوریا وەك چاوسیسكۆ خوێناوی دەبێت نەك بەشێوەیەكی ئاشتیانە وەك وڵاتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا

ئان ستیڤن لیستیك بۆ گوڵان: كۆتایی ڕژێمی سوریا وەك چاوسیسكۆ خوێناوی دەبێت نەك بەشێوەیەكی ئاشتیانە وەك وڵاتانی دیكەی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا
پرۆفیسۆر ئان ستیڤن لیستۆك ئوستادی زانستی سیاسەتە لەزانكۆی پەنسلڤانیا و پسپۆر و تایبەتمەندە لەسەر سیاسەتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی بەراوردكاری، بۆ قسەكردن لەسەر دواپێشهاتەكانی گۆڕانكاری و بەردەوامی توندوتیژییەكان لەسوریا و مەزندە و ئەگەرەكانی ئاییندە بەتایبەتی كە ئێستا زۆر لەچاودێران پێشبینی ئەوە دەكەن لەئاییندەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری بەرچاو لەسوریا ڕووبدات، پێوەندیمان بەپرۆفیسۆر ئان ستیڤن كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* ئێستا باس لەوە دەكرێت هەوڵەكان بۆ ڕووخانی ڕژێمی سوریا چڕدەكرێتەوە، ئایا پێتوایە ئەم هەوڵانە دەتوانن ڕژێمی سوریا بڕووخێنن؟
- پێموایە ڕژێمەكەی ئەسەد دەڕووخێت و فشاری نێودەوڵەتی ڕوو لەزیادیش بەشێك دەبێت لەهۆكاری ڕووخانەكە، بەڵام باوەڕم وانییە ناتۆ بەچەشنی لیبیا ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بكات. ئەمە پرۆسەیەكی درێژخایەن دەبێت. پێموایە دوو ساڵ هەڵسەنگاندنێكی مەعقولە.

* تاچەند هەڵوێستی ئەم دواییەی كۆمكاری عەرەبی كە هەڵواسینی ئەندامیەتی سوریابوو لەو ڕێكخراوە مەزندە دەكرێت، هەنگاوی دیكەی بەدوادا بێت، بەتایبەتی وەك دەستپێشخەریەكەی وڵاتانی كەنداو بۆ دەستاو دەستی ئاشتیانە لەیەمەن، ئایا تۆ سەبارەت بەم بۆچوونە چی دەڵێیت؟
- ئەگەر ماوەیەكی دیكە بەسەر ئەم بارودۆخە بڕوات و گۆڕانكاری ڕوونەدات، ئەوا مەزندەكەم لەگەڵ هاتنی ساڵی تازە چەندین دەستپێشخەریی دەخرێنەڕوو، بەڵام پێشبینی ناكەم سەركەوتووبن. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕەنگە یەكێكیان بەشێك بێت لەو پرۆسەیەی كە ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد لەخۆدەگرێت. من پێشبینی دەكەم كۆتاییەكەی چەشنی كۆتایی ڕژێمەكەی چاوچیسكۆ لەڕۆمانیا بێت، نەك وەرچەرخانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات كە توندوتیژیەكی كەمتری بەخۆوە بینی.

* وێڕای ئەوەی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو زیاد دەڕوات، بەڵام دیسان هەڵوێستی چین و ڕوسیا ڕێگرە لەوەی بڕیارێكی نێودەوڵەتی دەربچێت، ئایا ئەم هەڵوێستە چەند ڕێگرە لەبەردەم بڕیارێكی نێودەوڵەتی؟
- ئاشكرایە هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە لەبەر ئەوەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشن و مافی ڤیتۆیان هەیە، ڕێگە لەئەنجومەنی ئاسایش دەگرێت لەدەركردنی بڕیارێكی ڕوون كە مۆڵەت بەدەستیوەردانی ناتۆ بدات، پێموایە ئەم هەڵوێستە زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەتوانای ڕژێمەكە بۆ مانەوە.

* ئایا ئەم بارودۆخە سوریا بەرەو ڕووی مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی نابات، ئایا تا چەند دۆخەكە لەكۆنتڕۆڵ دەردەچێت ئەگەر شەڕی ناوخۆ ڕووبدات؟
- لەبەر ئەوەی عەلەویەكان و مەسیحیەكان تا ڕاددەیەك كەمینەگەلێكی بچووكن، ئەوا ئەگەری ئەوە لەئارادانییە شەڕێكی ناوخۆیی سەرتاسەری بەچەشنی ئەوەی لەلوبناندا ڕوویدا، لەسوریا ڕووبدات. پرسیارە ڕاستەقینەكە ئەوەیە ئایا هێزە چەكدارەكان توانای ئەنجامدانی كردەوەكانیان لەناوچە غەیرە عەلەویەكان لەدەست دەدەن، یاخود ئایا ژمارەیەكی گەورەی سەرباز هێزێكی جیا و تایبەت بەخۆیان پێكدەهێنن. لەبەر ئەوەی مەسەلەكە پەیوەستە بەیەكگرتوویی سوپاوە، ئەوا گۆڕانی كتوپڕ ڕوودەدات كاتێك ئەفسەرەكانی سوپا ڕوو لەدەروازەی دەرچوون دەكەن كاتێك دەبینن ڕەشەبای گۆڕانكاری دژی ڕژێمەكە هەڵیكردووە.

* ئایا لەم بارودۆخەدا نەتەوەیەكگرتووەكان ناتوانێت هەڵوێستێكی مرۆیی هەبێت و هێزی كڵاوشینەكان بۆ ڕێگرتن لەشەڕی ناوخۆ ڕەوانەی سوریا بكات؟
- ئەگەر ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێست وەرنەگرێت، ئەمە ڕوونادات. تاوەكو ڕوسیا و چینیش سووربن لەسەر هەڵوێسستەكانی خۆیان، ئەنجومەنی ئاسایش هیچ كارێك ناكات، بەڵام ئەگەر هەڕەشەی شەڕێكی ناوچەیی لەئارادا بێت، ڕوسیا و چین هەڵوێستەكانی خۆیان دەگۆڕن.

* تا چ ڕاددەیەك مانەوەی دۆخی سوریا بەم شێوەیە كاریگەری لەسەر سەقامگیری سوریا و ناوچەكە دەبێت؟
- خراپتربوونی دۆخی سوریا هانی ڕژێمەكانی وەك، مەغریب، جەزائیر، ئەردەن و كوەیت دەدات بۆ ئەوەی خێراتر بیر لەئیدارەدانی وەرچەرخان بەرەو دیموكراسی بكەنەوە بۆ ئەوەی خۆیان لەئەنجامێكی هاوشێوەی سوریا لابدەن. باوەڕم وانییە ئیسرائیل دەستێوەردان بكات، بەڵام دۆخی عێراق ئەوەندە هەستیارە كە سەقامگیری لەوڵاتێكدا ڕەنگە ببێتەهۆی قووڵتركردنەوەی نائارامی لەوڵاتێكی دیكەدا. هاوپەیمانی ئێران لەگەڵ سوریا و بەرژەوەندی و نفوزی ئێران لەعێراق و لوبنان وا دەكەن سیاسەتەكانی ئەم وڵاتە زۆر گرنگ بن. لەڕاستیدا ڕاپۆرتگەلێك هەن باس لەچوونی كەسانێكی لوبنانی دەكەن بۆ سوریا بۆ پشتیوانیكردنی ڕژێمەكە. توركیا و ئێران زۆرترین دەستڕۆیشتوویی و زۆرترین توانایان هەیە بۆ ئەوەی بەشداریەكی ئیجابی بكەن. ئەگەر پێكەوە بەئەسەد بڵێن دەبێت بڕوات و زەمانەتی كەسەكانی و عەلەویەكان بكەن، ئەوا ڕەنگە دەرفەتی ئەوەیان هەبێت كێشەكە چارەسەرە بكەن.
Top