وەزیری بازرگانی عێراق بۆ گوڵان: هە‌ڵبژاردنە‌كانی عێراق بەپێی فۆرمی خۆراك كراوە‌ نە‌ك بەپێی سەرژمێری دانیشتووان، بۆ مەبەستی سیاسی و دەنگی زیاتر یاری بەفۆڕمەكان كراوە

وەزیری بازرگانی عێراق بۆ گوڵان: هە‌ڵبژاردنە‌كانی عێراق بەپێی فۆرمی خۆراك كراوە‌ نە‌ك بەپێی سەرژمێری دانیشتووان، بۆ مەبەستی سیاسی و دەنگی زیاتر یاری بەفۆڕمەكان كراوە
بە بەردەوامی و چەندین ساڵە لەلایەن هاووڵاتیانەوە كۆمەڵێك گلەیی و ڕەخنەو پرسیاری حاشاهەڵنەگر لە شێوازی دابەشكردن و جۆری ئەو كەلوپەل و خۆراكانە دەكرێن كە لە ڕێگەی پسولەی بایەعییەوە وەردەگیرێن و خەڵكی لە دوای هۆكارە راستەقینەكانی دەگەڕێن، هاوكات پسولەی خۆراكیش ڕۆژانە لەناو چەندین پرس و گومانی تەمومژاوی و تەنگژاوی بارودۆخی ناسەقامگیری عیراقدا لە سەودادایەو دەنگۆی ئەوەش زۆرە كە هەندێك لایەنی ناو پرۆسەی سیاسی لە غیابی سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا گەمەكاریی بەو پسولانەوە دەكەن و بۆ لاسەنگ كردنی هاوكێشەكانی پرۆسەی سیاسی و دارایی و كاریگەری لە دابەشكردنی بەشە داهات و بودجەو داشكانەوەی لە بەرژەوەندی و وەدەستهێنانی دەنگی زیاتر بۆ خۆیان بەكاریدەهێنن، هەروەها خۆ بەدوورەپەرێزگرتنی وەزارەتی بازرگانی عیراق لە هەندێ ڕێكخراوی ناحكومی و دانەنانی نوێنەرانی حكومەتی هەرێم لە زۆربەی لیژنەكانیدا بە تایبەتیش لەو لیژنانەی سەرپەرشتی بەشە خۆراكی هاووڵاتیان دەكەن گومانەكان زیاتر دەكەن، بۆ تیشك خستنە سەر ئەم پرسانەو زۆرانی تر بەپێویستمان زانی لە بەغدا سەردانی بەڕێز د.خەیروڵڵا حوسێن وەزیری بازرگانی عیراق بكەین و ئەم پرسیارانەی ئاڕاستە بكەین ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.
لە دوای ساڵی 2003ەوە وەزارەتی بازرگانی عێراق نەیتوانیووە كارەكانی خۆی بە باشی ئەنجامبدات


* لەسەرەتادا حەز دەكەین بزانین ئایا چۆن باسی ئە‌دای وە‌زارە‌تی بازرگانی لە‌ عێراقی نوێدا دەكە‌یت، ئایا تا چەند ئێوە لە‌ ئە‌داو توانستی ئە‌م وە‌زارە‌تە‌ رازین؟
- وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراق ئەركەكانی‌ بریتیە لە‌ رێكخستنی كاروباری ئابووری و بازرگانی لە‌ ناوخۆ و دەرە‌وە‌ی عێراق، واتە‌ پێوە‌ندییە بازرگانی و ئابووریەكانی عێراق لە‌گە‌ڵ وڵاتانی دیكە‌ش رێكدەخات، ئە‌ركی دووە‌می وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراق بریتییە لە‌ رێكخستنی بازرگانی لەناوخۆدا، كاری سێیەمیش بریتییە لە‌ رێكخستن و تۆماركردنی هە‌موو ئە‌و كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیانە‌ی كە‌ لە‌ ناو عێراقدا كار دەكە‌ن، جگە‌ لە‌مە‌ دابین كردنی خۆراكە ئە‌وە‌ی پێی دەڵێن ئەمباركردنی ستراتیژی(الخزین الاستراتیجی) ‌ئە‌میش یەكێكە‌ لە‌ ئە‌ركە‌كانی وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراق، ئە‌مە‌ش چەند ماددەیەكی دیاریكراو دەگرێتە‌وەو وە‌ك خۆ ئامادەكردنێكە‌ بۆ رووبەڕووبوونەوە‌ی هە‌ر حاڵە‌تێكی لە‌ناكاو چ بەهۆی كارە‌ساتی سروشتی یان شەڕ یان هە‌ر كارە‌ساتێكی دیكە كە لە‌ هە‌موو وڵاتێكدا ڕوودەدەن‌، لە‌ عێراقدا ماددە سەرەكییەكانی بازرگانی بە پلە‌ی یەكە‌م بریتین لە‌ گە‌نم و شیری منداڵ و برنج و ڕۆن و چایی و بابەتە‌كانی دیكە‌، جگە‌ لە‌مە‌ ئە‌ركێكی دیكە‌ی وە‌زارە‌تی بازرگانی بریتیە لە‌ دیاریكردن و تۆماركردن و رێكخستنی كاری وە‌كالەتەكانی‌ بازرگانی بەپێی یاسای ژمارە یەك كە‌ لە‌ ساڵی 2000دا هە‌موار كراوە‌، هە‌روە‌ها چەند ئە‌ركێكی دیكە‌ لە دوای گە‌مارۆی ئابووری سەر عێراق خراوە‌تە‌ سەر وە‌زارە‌تی بازرگانی كە‌ پێشتر پێوە‌ندی بە وە‌زارە‌تی بازرگانییەوە‌ نە‌بووە و لە‌ یاساكە‌شیدا نییە ئە‌ویش بریتییە لە‌ بەشە خۆراكی هاووڵاتیان (البطاقة التموینیە).
وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراق لە‌ سەردەمی رژێمی پێشوو و ئێستایش بە ئە‌ركی خۆی هە‌ڵنە‌ستاوە‌، لە‌ دوای ساڵی 2003 وە‌زارە‌تی بازرگانی كە‌وتۆتە‌ چەند دەستێكە‌وە‌ بەهۆی ركابەرییە سیاسییەكانەوە كوتلە‌كان وە‌زارە‌تە‌كانیان بەركە‌وتووە‌، لە‌م دەستاودەستكردنە‌ هیچ یەكێك لە‌ وە‌زیرە‌كانی ئە‌م وە‌زارە‌تە‌ نە‌یتوانیوە‌ كاری سەرە‌كی وە‌زارە‌ت وە‌كو خۆی بە ئە‌نجام بگە‌یەنێت و زیاتر كاریان لە‌سەر (البطاقة التموینیە)ی كردووە‌، بۆیە ئە‌گە‌ر سەیری وە‌زارە‌تە‌كە‌ بكە‌ین لە‌ 2003 بەسەرە‌وە‌ هە‌موو ئە‌و گە‌ندەڵی و گرفتانە‌ی تێیدا روویانداوە‌ هە‌مووی بەهۆی (البطاقة التموینیە) یەوە‌ بووە‌، واتە‌ ئە‌م وە‌زارە‌تە‌ ئە‌ركی سەرە‌كی بریتی بووە‌ لە‌ رێكخستنی (البطاقة التموینیە) كە ئە‌ویش بریتی بوو لە‌ كڕینی كە‌لوپە‌ل‌ بەكۆ و بە بڕی زۆرو دابەشكردنی بەسەر بریكارە‌كان، واتە‌ ئە‌ركی سەرە‌كی خۆی نە‌كردووە‌ و ئە‌و ئە‌ركە‌ی كە‌ ئە‌نجامیشیداوە، هۆكارە‌كە‌ی ئە‌وە‌یە كە‌ ئە‌و كە‌سانە‌ی پسپۆرن و شارە‌زایی زۆریان هە‌بووە‌ لە‌ بەڕێوە‌بەرە‌ گشتییەكان و یاریدەدەرانی راوێژكاران و بەڕێوبەری بەشەكان هە‌موویان ڕایان كردووە‌ و عێراقیان جێ هێشتووە‌ بە حوكمی ئە‌و بارودۆخە‌ سیاسییەی كە‌ بەسەر عێراقدا هاتووە‌‌و ئە‌وانە‌ی لە‌ دوای 2003ەوە‌ هاتوون بە بریكاری‌ وە‌زارە‌تیشەوە‌ بۆ خوارە‌وە‌ هیچیان پسپۆر نین، بەڵكو بە ئیستیحقاقی سیاسی هاتوون، ئە‌مە‌ش یەكێكە‌ لە‌ كێشە سەرە‌كییەكانی وە‌زارە‌تە‌كە‌، چونكە‌ بۆ نموونە‌ خەڵك هە‌بووە‌ بەر لە‌ 2003 پاسەوان بووە‌، كەچی دوای 2003 بڕوانامە‌ی یاساییان بۆی دەرهێناوە‌و كراوە‌ بە بەڕێوە‌بەری گشتی ئیتر چاوە‌ڕوانی چی لە‌م وە‌زارە‌تە‌ بكە‌ین جگە‌ لە‌‌وە‌ نە‌بێ كە‌ خۆی و حزبەكە‌ی تێر بكات و كاری بۆ بكات، هە‌روە‌ها بڕێكی زۆر پارە‌ بۆ ئە‌م وە‌زارە‌تە‌ تە‌رخان كراوە‌ و لە‌بەر ئە‌وەی كە‌سانی ناشارە‌زا كاریان تێدا كردووە‌، بۆیە وای لێهاتووە‌، من كە‌ وە‌زارە‌تە‌كە‌م وە‌رگرت ئە‌و كە‌سانە‌ی كە‌ شایەنی پۆستە‌كانیان نە‌بوون گۆڕیومن و سەرە‌ڕای دەستێوە‌ردانی زۆر بۆ نموونە‌ دوو بەڕێوە‌بەری گشتی هە‌بوون كە‌ پاڵپشتییەكی زۆریان هە‌بوو،من بە یەك نووسراو هە‌ردووكیانم گۆڕی لە‌گە‌ڵ هە‌موو بەڕێوە‌بەری بەشەكاندا، هە‌روە‌ها كە‌ هاتم تێبینیم كرد كۆمپانیای گشتی خۆراك و كۆمپانیای گشتی دانە‌وێڵە‌ و كۆمپانیای دروستكردنی ئاردو كۆمپانیای دابینكردنی كە‌لوپە‌لی ناوماڵ و خانووبەرە‌ و بازاڕی ناوە‌ندی هە‌ن، لە‌ دوای 2003 ئە‌مانە‌ هە‌ر شتێكیان بە تە‌ندەر كڕی بێت خۆیان ڕایانگە‌یاندوە‌ و هێناویانە‌و وە‌ریانگرتووە‌، ئە‌مە‌ وایكردووە‌ لە‌ حەوت شوێنە‌وە‌ بەبێ بەرنامە‌ شت بكڕدرێت. بۆیە من كە‌ وە‌زارە‌تم وە‌رگرت ئە‌مانە‌م نەهێشت، لە‌ ناو یاسای وە‌زارە‌تدا بەشێك هە‌یە بە ناوی (بەشی گرێبەستە گشتیە‌كان) لە‌ ناو وە‌زارە‌ت پێشتر ئە‌مە‌ نە‌بووە و بۆم دەركە‌وت كە‌ كۆمپانیاكان شتومە‌ك دەكڕن كە‌ لە‌ راستیدا نابێ كۆمپانیا شتومە‌ك بكڕێت و بۆیە دەبێ ئە‌م بەشە زیندوو بكرێتە‌وە‌و كە‌سێكی یاسایی بكە‌ین بە لێپرسراوی و چەند كە‌سێكی شارە‌زای لە‌بەر دەست دابنێین و نوێنە‌ری كۆمپانیاكان لە‌وێ هە‌بن و لە‌وێوە‌ تە‌ندەركان دەربچن و شی بكرێنە‌وە‌و بڕیار لە‌سەر كڕینی كە‌لوپە‌لە‌كان بدرێت، هە‌روە‌ها لە‌م بەشەدا بڕیارم دەركردووە‌ كە‌ هە‌رچی كڕین و فرۆشتنێكی ئە‌م وە‌زارتە‌ هە‌یە دەبێ بەشێوە‌یەكی ناوەندی بێت و دەبێ من سەرپە‌رشتی(بەشی گرێبەستە گشتیە‌كان) بكە‌م و هە‌موو رۆژانی چوارشەممە‌ كۆبوونە‌وە‌ هە‌بێت و وە‌زیر و بریكارە‌كان و راوێژكار و پشكنە‌ری گشتی كە‌ سەر بە دەزگای پاكوەری واتە (نە‌زاهە)‌یە و بەڕێوە‌بەری گشتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوە‌بەری فە‌رمانگە‌ی یاسایی وە‌زارە‌ت لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌دا ئامادە بن، هە‌روە‌ها داوام لە‌ پە‌رلە‌مانی عێراقی كردووە‌ دوو ئە‌ندامیان كە‌ سەر بە لیژنە‌ی ئابوورین وە‌ك شایەت بێن و ئاشنای چۆنیەتی بەڕێوە‌چوونی كارە‌كان بن، ئە‌م لیژنە‌یە ئاگاداری وردەكاریەكانی كڕین ودابەشكردنی كە‌لوپە‌لی خۆراكە‌، پێش ئە‌وە‌ی وە‌زارە‌ت وە‌ربگرین،ئە‌مە‌ نە‌بووە، بۆیە گە‌ندەڵی هە‌بووە‌. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بە تەنیا لە وە‌زارە‌تی بازرگانی گە‌ندەڵی هە‌بوو بێت‌، لەبەر ئەوەی پێوە‌ندی بە بژێوی خە‌ڵكە‌وە‌ هە‌بووە‌ و زۆریش لە بەرچاوە‌، ئە‌گینا هە‌موو وە‌زارە‌تە‌كان گە‌ندەڵییان تێدا هە‌بووە‌.


* هۆكاری چی بوو وە‌زارە‌تی بازرگانی لە‌ گرنگترین گرێبەستە‌كانی كە‌ گرێبەستی خۆراك و دەرمانە‌ و‌ زۆر سەرە‌كین و پێوە‌ندییان بە ژیانی خە‌ڵكە‌وە‌ هە‌یە سەركە‌وتوو نە‌بووە؟
- سەرە‌تا با پرسیارە‌كە‌ت بۆ ڕاست بكە‌مە‌وە‌، جارێ دەرمان هیچ پێوە‌ندی بە وە‌زارە‌تی بازرگانییەوە‌ نییەو گرنگترین گرێبەستە‌كانی وە‌زارە‌تی بازرگانی بریتین لە‌مانە‌ی خوارە‌وە‌: لە‌ ساڵێكدا پێویستە‌ چوار ملیۆن تە‌ن گە‌نم دابین بكات بۆ عێراق كە‌ بەشێكی گە‌نمی ناوخۆی عێراقە‌ و تێكڕا‌ی ساڵانە‌ دەگۆڕدرێت واتە‌ جێگیر نییە بۆ نموونە‌ لە‌ ساڵی 2010 عێراق یەك ملیۆن و 820000 تە‌ن گە‌نمی ناوخۆی وڵاتی هە‌بووە‌ و ئە‌وە‌ی دەمێنێتە‌وە‌ لە‌ كۆی 4 ملیۆن تە‌نی تر‌ دەكڕێت، ئە‌مساڵ یەك ملیۆن و 750000 تە‌ن گە‌نمی خۆوڵاتی كە‌واتە‌ پێویست 2250000تەن گە‌نم بكڕین، بەو مە‌بەستە‌ بۆ كڕینی گە‌نم تە‌ندەر دەكە‌ین كە‌ پێویستە‌ كۆمپانیای جیهانی تێیدا بەشدار بن و تە‌نیا گە‌نمی ئوسترالی، ئە‌مریكی، كە‌نە‌دی، رووسی دەكڕین، چونكە‌ لە‌ جیهاندا گە‌نمی ئوسترالی بەناوبانگە‌ بەوە‌ی ئاردەكە‌ی سپی دەردەچێت، پێكەهاتە‌ی خۆراكی نێو گە‌نمی كە‌نە‌دی و ئە‌مریكیش زۆر باشە، ئە‌مانە‌ لە‌گە‌ڵ گە‌نمی خۆوڵاتی تێكە‌ڵ دەكە‌ین ئە‌و ئاردەی لێی دروست دەبێت و گونجاوە‌، گە‌نمی خۆوڵاتی بە تە‌نیا ئاردەكە‌ی بۆر دەردەچێت و بەهای خۆراكی زۆرە‌ و ئە‌وانی تریش بە تە‌نیا گە‌نمە‌كە‌ی ئاردەكە‌یان سپی دەردەرچێت، بەڵام بەهای خۆراكی كە‌مترە‌ و دەبێ مە‌ڵتی ڤیتامین پریمێكس و فۆلوویكسی تێبكە‌ین.
ئێمە‌ تا مانگی هە‌شتی ساڵی داهاتوو گە‌نممان كڕیوە‌،حیسابی ئە‌وە‌مان كردووە‌ ئە‌گە‌ر بارودۆخی سیاسی عێراق تێك بچێت لە‌ ئە‌نجامی كشانە‌وە‌ی هێزەكانی ئە‌مریكا یان تێكچوونی پێوە‌ندی نێوان كوتلە‌ سیاسییەكان ئەوە ئێمە‌ یەدەگمان هە‌بێت، وە‌ك یەدەگ گە‌نمی بیانیمان كڕیوە‌ تا مانگی ئاداری ساڵی داهاتوومان هە‌یە، واتە‌ كێشەی گە‌نممان نییەو هە‌موو 35 رۆژ جارێك لە‌ هە‌موو پارێزگاكانی عێراق ئارد دابەش دەكە‌ین بە رێژە‌ی 9 كیلۆ بۆ هە‌ر هاووڵاتییەك كە‌ پێموایە زۆرە‌و بیرمان لە‌وە‌ كردۆتە‌وە‌ بیگۆڕین واتە‌ لە‌ سەنتە‌ری شارە‌كان كە‌می دەكە‌ینە‌وە‌و تا لە‌ دەرە‌وە‌ زیاتر بدەین، چونكە‌ ئافرە‌تی ماڵ لە‌ شارە‌كان بەكەمی نانی دەكە‌ن بە بەراورد لە‌گە‌ڵ ئافرە‌تانی قە‌زا و ناحیە و گوندەكان. سەبارە‌ت بە ڕۆن سەرە‌تا ڕۆن دابەش دەكرا دواتر وردە وردە كرا بە زەیت، سەرە‌تا لە‌ كوردستان دەستمان پێكردو ئێستا لە‌ هە‌موو عێراق زەیت دابەش دەكە‌ین، چونكە‌ زەیت بۆ تە‌ندروستی مرۆڤ باشترە‌، هە‌روە‌ها بۆ بەكارهێنانیشی ئاسانترەو مانگانە‌ هەر هاووڵاتییەك لیترێك زەیت وە‌ردەگرێت و جۆرە‌كە‌شی باشترە‌ لە‌وە‌ی كە‌ لە‌ سوپە‌ر ماركێتە‌كانە‌‌، لە‌ سەرە‌تای ساڵە‌وە‌ زەیتمان كڕی كە‌ بەشی كردین تا ئە‌م مانگە‌و تا مانگی سێی ساڵی داهاتوو زەیتمان هە‌یە، زەیتە‌كە‌ش راستە‌وخۆ لە‌ كارگەوە‌ دەكڕین نە‌ك لە‌ بازرگانەكانەوە، چونكە‌ رە‌نگە‌ بازرگان دەستاو دەستی پێبكە‌ن و جۆرە‌كە‌ی خراپ بێت و نرخیشی گرانتر بێت و نازانین چۆن و لە‌ كوێوە‌ دێت، لە‌م ماوە‌یەدا 250 هە‌زار تە‌ن زەیتمان كڕیوە‌ كە‌ كە‌رە‌ستە‌ خاوە‌كە‌ی ئە‌رجە‌نتینی و ڕووسیە، بەڵام نابێ ئۆكرانی وچینی تێدا بێت، چونكە‌ جۆری چینی خراپە‌ ئۆكرانیەكە‌ش لە‌بەر ترسی هەبوونی تیشكدانی ناوو‌كی، چونكە‌ هە‌ر شوێنێك كە‌لوپە‌لی ناووكی یان وزەی ئە‌تۆمی هە‌بێت ئێمە‌ زەیتیان لێ ناكڕین و ئەوەش یەكێكە‌ لە‌ مە‌رجە‌كانی تە‌ندەرە‌كانمان، سەبارە‌ت بە شیر كە‌ وە‌زارە‌تم وەر‌گرت لە‌ كۆگاكاندا شیری (سیلیاو نە‌فتالیا) هە‌بوو،‌ لە‌سەریان نووسراوە‌ فە‌رە‌نسییەو چەند بازرگانێك بە رێكە‌وتن لە‌گە‌ڵ وە‌زارە‌ت بەشی ساڵێكیان هێنابوو، ئە‌م مانگە‌ تە‌واو بووە‌، من خۆم گومانم هە‌بوو، چونكە‌ منداڵ پێی دەڕشێتە‌وە‌، دوای ئە‌وە‌ی شیكردنە‌وە‌مان لە‌سەری كرد، بۆمان دەركە‌وت كە‌ ئە‌م شیرە‌ لە‌ فەرە‌نسا بەرهە‌م نەهاتووە،‌ لە‌وانە‌یە تەنیا لە‌ فە‌رە‌نسا لە‌ قوتوونرا بێت، گرێبەستە‌كە‌م راگرت و تازەم نە‌كردەوە، هە‌فتە‌ی رابردوو بەشی یەك ساڵ شیری (دیالاك)مان كڕیوە‌، كە‌ شیرێكی نیوزلە‌ندییەو كارگە‌ی قوتووبەندیی لە‌ ڤێتنامە‌و لە‌ بازاڕەكانی عێراق بەناوبانگە‌و خە‌ڵكی دەوڵە‌مە‌ندیش بۆ منداڵە‌كانیان بەكاری دەهێنن و دوو جۆری هە‌یە لە‌ یەك رۆژ بۆ شەش مانگ و لە‌ شەش مانگ بۆ دوازدە مانگ، هە‌رچەندە نرخی شیری دیالاك گرانترە‌، بەڵام لە‌بەر ئە‌وە‌ی درووستبوون و تە‌ندروستی منداڵمان لە‌لا مە‌بەستە‌ بۆیە ئە‌وەمان كڕیوە.
سەبارە‌ت بە شەكر، سێ وڵات بە بەرهەمهێنە‌ری شەكر لە‌ جیهاندا ناسراون، یەكە‌میان هیندستانە تە‌نیا لە‌ نێو هیندستان 573 پاڵاوگە‌ی شەكر هە‌یە، بەڵام مواسەفاتی شەكری هیندی بۆ وڵاتی ئێمە‌ نابێ، چونكە‌ ئە‌گە‌ر بیكە‌یە ناو چایەوە شیرینی ناكا سروشتی عێراقیەكانیش وایە دەبێ چایەكی زۆر شیرین بێت، بۆیە نایكڕین و لە‌ تە‌ندەریشدا ئە‌وە‌ روون دەكە‌ینە‌وە‌، وڵاتی دووە‌م بەرازیلە‌و سێیەمیش تایلە‌ندە كە‌ ئە‌ما‌نە‌ شەكرە‌كە‌یان باشەو زۆربەی وڵاتانی دنیا شەكر لە‌م دوو وڵاتە‌ دەكڕن.
وە‌رزەكانی بەرهەمهێنانیان جیاوازە، بەرازیلییەكان ئێستا كە‌رە‌ستە‌ی خاوی شەكر دەكات بە میسانۆڵ واتە‌ غازەكە‌ی لێدەردەكا، چونكە‌ سوودی فرۆشتنی غازەكە‌ی زیاترە‌ لە‌ هی شەكرە‌كە یان لە‌و وە‌رزەی كە‌ نرخی شەكر بەرزە شەكر دەفرۆشێت و ئە‌گە‌ر نرخی شەكر دابەزی دەیكات بە غاز و دەیفرۆشێت‌، بۆیە دەبینین جاری وا هە‌یە لە‌ بازارە‌كانی جیهان شەكر زۆر گران دەبێت، چونكە‌ كە‌رە‌ستە‌ی خاوی شەكر بۆ مە‌بەستی تر بەكاردەهێنرێت، هە‌روە‌ها شەكری بەرازیل و تایلە‌ند لە‌ژێر كۆنتڕۆڵی مافیایە، بۆیە كڕینی شەكر ئاسان نییە، بۆ چەند ساڵێك عێراق شەكری لە‌ناو كارگە‌كاندا كڕیوە‌، بەڵام دواتر رێگایان پێنە‌داوە‌ بەردەوام بێت، بۆ نموونە‌ وڵاتی دراوسێ هە‌یە پارە‌ دەدات تە‌نیا بۆ ئە‌وە‌ی شەكر نە‌گاتە‌ عێراق، وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراقی لە‌ 2010 بۆ یەكجاریش شەكری دابەش نە‌كردووە‌، بەڵام لە‌ كۆی نۆ مانگی 2011 زیاتر لە‌ حەوت مانگی شەكرمان دابەشكردووە‌ كە‌ مە‌رجە جیهانییەكانیشی تێدایە.
بابێینە‌ سەر باسی برنج، ئە‌و برنجە‌ی كە‌ لە‌ كۆگاكاندا هە‌بوو و دابەشمان دەكرد من وە‌ك وە‌زیر قە‌ناعە‌تم هە‌بوو كە‌ برنجێكی باش نە‌بووە و بریتی بوو لە‌ برنجی ڤێتنامی و تایلە‌ندی كە‌ هە‌ردووكیان جۆری خراپن، هە‌رچەندە برنجە‌كە‌ ماوە‌ی بەسەرچوونی زۆر درێژ بوو، یاخاوێن و بێ شێ بوو‌، لە‌ كوالێتی كۆنترۆڵ دەردەچێت و هیچ میكرۆبێكی تێدا نە‌بوو، لە‌ عێراق باشی و خراپی برنج بەند نییە لە‌سەر ئە‌وە‌ی كە‌ میكرۆبی تێدابێ یان بوونی هە‌بێ یان ئیكسپایەر بێ، بەڵام كاتێك كابان برنج لێدەنێت ئە‌گە‌ر د‌نكە‌كانی پێكە‌وە‌ بنووسێت و دێمی نە‌كێشا، دەڵێن برنجێكی خراپە‌، برنجی تایلە‌ندی و ڤێتنامیش نە‌رمە‌، تۆپە‌ڵ دەبێ و یەكتر دەگرێت. تا مانگی حەوت ئە‌و برنجە‌مان لە‌ عێراق دابەشكرد، لە‌بەر ئە‌وە‌ی هاووڵاتی برنجە‌كە‌یان پێ باش نە‌بوو، بڕیارماندا نە‌یەتە‌وە‌ عێراق و هە‌وڵماندا برنجی ئە‌مریكی و بەرازیلی و هیندستانی و پاكستانی و ئۆرۆگوایی بكڕین، ئێستا گرفتێكمان هە‌یە ئە‌ویش ئە‌وە‌یە كە‌ برنجی نوێمان دابەشكردووە‌، بەڵام لە‌بەر ئە‌وە‌ی بریكارە‌كان برنجی كۆنیان لا كەڵەكە بووە یان لە‌ بازاڕ هە‌رزانە‌‌ هە‌ڵدەستن برنجە كۆنە‌كە‌ دەدەنەوە بە خە‌ڵك و ئۆرگواییەكە‌ دەفرۆشنە‌وەو ئێستا خە‌ریكی چارە‌سەر كردنی ئە‌م گرفتە‌ین‌.
بەگشتی كێشەكانی (البطاقة التموینیە) بریتین لە‌ كڕین و هێنان و گواستنە‌وە‌ی لە‌ناو عێراقدا، ئێمە‌ گشت كێشەكانمان كۆنتڕۆڵ كردووە‌ تە‌نیا كێشەی بریكار نە‌بێت كە‌ ژمارە‌یان دەگات 59000 بریكار لە‌ سەرتاسەری عێراق واتە‌ 59000 گرفت كە‌ پێویستی بە چارە‌سەركردن هە‌یە، هە‌روە‌ها گواستنە‌وە‌ی كەلوپەل یەكێكە‌ لە‌ كێشەكانمان، زۆر جار هاووڵاتیان دەڵێن لە‌ سەردەمی رژێمی پێشوو باشتر دەگە‌یشت، ئە‌مە‌یان ڕاستە‌ بەڵام ئێستا لە‌بەر تێكچوونی رێگاوبانە‌كان و زۆربوونی بازگە‌كان و نا سەقامگیری و كردەوە‌ تیرۆریستییەكان، ئە‌مانە‌ وایان كردووە‌ كە‌ گواستنە‌وە‌و هاتوچۆ كە‌م بێتەوە، ئە‌مە‌ش كاریگە‌ری دەبێت لە‌سەر كاری بەشە خۆراك و وە‌زارە‌تی بازرگانی.


* زۆرجار لە‌ ئە‌نجوومە‌نی نوێنە‌ران باس لە‌وە‌ دەكرێت، ئێوە‌ راستە‌وخۆ‌ گرێبەستە‌كان لە‌گە‌ڵ كۆمپانیاو و وڵاتە‌كاندا بكە‌ن، تا چەند ئە‌و كارە‌تان كردووە؟
- كڕینی كە‌لوپە‌ل چەند جۆرێكی هە‌یە یەكێكیان ئە‌وە‌یە كە‌ تە‌ندەر بكە‌ی بۆكڕینی پێداویستییەكان و مانگانە‌ چەندین تە‌ندەرمان هە‌یە، كە‌ بەڕای من ئە‌مە‌ شێوازێكی سەركە‌وتوو نییە، چونكە‌ بۆ نموونە‌ كە‌ تە‌ندەر دەكە‌ی بۆ كڕینی 100،000 تە‌ن شەكر زۆربەی ئە‌وانە‌ی دێن بۆ تە‌ندەرە‌كە‌ كۆمپانیای تە‌واو نین و لە‌ كڕینی كە‌لە‌پە‌لی خۆراكدا شارە‌زا نین و بە نرخێكی كە‌م دێنە‌ ناو كە‌مكردنە‌وە‌كە‌و ئێمە‌ش بەپێی رێنماییەكان ناچارین بیدەین بەو كۆمپانیایەو كارە‌كە‌ی بۆ ناكرێت، یان كۆمپانیا هە‌یە كە‌ توانای جێبەجێكردن و هێنانی شەكرە‌كە‌ی هە‌یە، بەڵام لە‌بەر ئە‌وە‌ی نرخە‌كە‌ی زۆرە‌ بۆی دەرناچێت، بۆیە كۆمپانیایەكی ئاست نزم و ناشارە‌زا لە‌ كارە‌كە‌ دێتە پێشەوە، بۆیە زۆربەی تە‌ندەرە‌ ناسەركە‌وتووە‌كان لە‌ ئە‌نجامی ئە‌وە‌یە كە‌ كۆمپانیای ناپرۆفیشناڵ دێت بە نرخی زۆر كە‌م ئە‌ركە‌كە‌ دەخاتە‌ ئە‌ستۆی خۆی و سەركە‌وتوو نابێت، جۆری دووە‌می كڕین بریتییە لە‌وە‌ی كە‌ وە‌زارە‌ت خۆی بچێت لە‌ كارگە‌كان كە‌لوپە‌ل بكڕێت لە‌مە‌دا زۆر سەركە‌وتووین و ئە‌نجامە‌كە‌شی باشترە‌، سێیەمیش ئە‌وە‌یە كە‌ بازرگانێك لە‌ كۆگاكانی پێداویستییەكی دیاریكراو هە‌یەو كاتێك پێداویستییەكە‌ بەپێی مە‌رج و مواسەفاتی وە‌زارە‌ت بێت دەچین گفتوگۆی لە‌گە‌ڵ دەكە‌ین بۆ كڕینی بەپێی بڕیارێك كە‌ پێی دەڵێن بڕیاری 37 كە‌ لە‌ ساڵی 2010 لە‌ ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران دەرچووە‌.


* دۆسیەی ئە‌و كۆمپانیانە‌ی لە‌ گە‌ندەڵییەكەی هێنانی زەیت بۆ پارێزگای بەسرە‌ تێوە‌گلاون بەچی گە‌یشتووە‌؟
- ئە‌م دۆسیەیە نە‌زەیت بووە‌ و نە‌ بۆ پارێزگای بەسرە‌ بووە‌، لە‌ ساڵی 2008 وە‌زارە‌تی بازرگانی داوای كردووە‌ رۆن و زەیتی بۆ بێنن هە‌ركە‌سێك رۆیشتبێت بۆ وە‌زارە‌ت كاغە‌زێكیان بۆی كردووە‌ واتە‌ گرێبەستی رە‌سمی نە‌بووە‌، كۆمپانیایەك بە وە‌زارە‌تی وتووە‌ من دەچم رۆن دەهێنم پێیان وتووە‌ بڕۆ بیهێنە‌ كاغە‌زێكیان بۆ كردووە‌ و پێی دەڵێن (قطع) واتە‌ وە‌زارە‌ت رێگای پێداوە‌ بچێت زەیت بهێنێت، ئە‌م كۆمپانیایە كە‌ كوردییەو خاوە‌نە‌كە‌ی ناوی (هیوا ئە‌حمە‌د)ە چووە‌ بۆ هێنانی ڕۆن و زەیت و 30،000 تە‌ن بەس ڕۆنی هێناوە،‌ زەیتی نەهێناوە‌ و تە‌نیا بۆ بەسرا نە‌بووە‌ بەڵكو بۆ هە‌موو عێراقی هێناوە‌، لە‌سەر داوای وە‌زارە‌تی بازرگانی و دوای ئە‌وە‌ی بە كە‌شتی هێناویەتی لە‌ (ام قصر) دایگرتووە‌و بە وە‌زارە‌تی ڕاگە‌یاندووە‌ كە‌ ڕۆنە‌كە‌ی گەیشتووە، لە‌ وە‌زارە‌تەوە رۆژێك پێیان وتووە‌ بەڵێ وەریدەگرین و رۆژێكی تر وتوویانە‌ نا وەری ناگرین، بەم شێوە‌یەش كێشە لە‌نێوان بازرگانە‌كە‌و و وە‌زارە‌تدا دروست بووە‌و بە بن بەست گەیشتوون، لە كۆتاییدا ئە‌م ڕۆنە وە‌رنە‌گیراوە‌و لە‌ كۆگاكانی وە‌زارە‌ت هە‌ڵیشنە‌گیراوە‌، تا ساڵی 2011 واتە‌ بۆ ماوە‌ی دوو ساڵ لە‌ دەرە‌وە،‌ لە‌بەر باران و سەرما و گە‌رما و با و شێ لەو ناوە كەوتووە‌‌، كە‌ من هاتم و جە‌ردی كۆگاكانی وە‌زارە‌تم كرد دەبینیم ئە‌م هەموو ڕۆنە‌ كە دوو مانگی ماوە‌‌ ئێكسپایەر بێت و نرخە‌كە‌شی 57 ملیۆن دۆلارە‌، بینیم ئە‌م ڕۆنە‌ چەكێكە‌ دوو سەرە،‌ ئە‌گە‌ر وە‌رینە‌گرم بازرگانێكی عێراقی بڕی 57 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەكە‌وێت، واتە‌ زیان بە سەرمایەیەكی عێراقی دەكە‌وێت حەق نییە ئە‌م زەرە‌رە‌ بكات، لە پای چی، وتم ئە‌گە‌ر بكرێ بیدەینە‌ خە‌ڵك و دابەشی بكە‌ین، لیژنە‌یەكم نارد، لیژنە‌كە‌ پێیان ڕاگە‌یاندم كە‌ تە‌نەكە‌كانی ژە‌نگاوی بوون و تە‌نیا دوو مانگیشی ماوە بۆ تێكچوون، بۆیە بڕیارمدا دابەشی نە‌كە‌ین، ئە‌م كێشەیەم گە‌یاندە ئە‌مینداریەتی گشتی و ئە‌نجوومە‌نی وە‌زیران و پە‌رلە‌مان، ئە‌وان‌ پێیان وتم دەتوانی زوو دابەشی بكە‌ی، وتم نە‌خێر زۆری نە‌ماوە‌ ئێكسپایەر دەبێت و دوو ساڵیش دەبێ لە‌ دەرە‌وە‌ی ئەمبارەكان دانراوە،‌ ئێستا وە‌ك ژەهری لێ هاتووەو ئامادە نیم دابەشی بكە‌م، لیژنە‌ی نە‌زاهە‌ لە‌ پە‌رلە‌مانی عێراقەوە لیژنە‌كی تایبەتیان بۆ ئە‌م كێشەیە دروست كردو ناردیان بۆ (ام قصر) ئە‌م كێشەیە تا ئێستاش لە‌ دادگا و لیژنە‌ی نە‌زاهە‌ ماوە‌تە‌وە‌و هیچ پێوە‌ندی بە ئێمە‌وە‌ نییە، لیژنە‌ی نە‌زاهە‌ و دادگا بڕیاریانداوە‌ ئە‌م 30،000 تە‌ن ڕۆنە‌ لە‌ كۆگایەكی تایبەتی ئێمە‌ هە‌ڵبگرن و بە مۆم دەرگای كۆگاكە‌ش دابخە‌ن، بۆ ئە‌وە‌ی كە‌س نە‌توانێت بیكاتە‌وە‌، دەتوانم بڵێم تە‌نیا ئە‌م رۆنە‌ كێشەی هەیە.


* ئە‌ی كێشەی گە‌نمەكەی كە‌ركوك بە كوێ گە‌یشت؟
- وە‌زارە‌تی كشتوكاڵ ئە‌و گە‌نمە‌ی كە‌ لە‌سەر خاكی عێراقی و لە‌لایەن جوتیاری عێراقییەوە‌ كراوە‌ پێی دەڵێن(پلانی كشتوكاڵی) هە‌ر جوتیارێك كاغە‌زی پلانی كشتوكاڵی هە‌بووبێت گە‌نمە‌كە‌ی لێ وە‌رگیراوە و نرخی یەك تە‌نی 720،000 دینارە‌‌، ئە‌مە‌ش بۆ پاڵپشتی كردنی زیاتری جوتیارانی عێراقە، بەڵام هە‌ر گە‌نمێك بەپێی پلانی كشتوكاڵی نە‌بێت و وە‌زارە‌تی كشتوكاڵی عێراقی پشتگیری لە‌ جوتیارە‌كە‌ نە‌كردبێت گە‌نمە‌كە‌ وە‌رنە‌گیراوە‌، چونكە‌ كە‌سانێك هە‌ن گە‌نمی ئۆكرانی كە‌ تە‌نی بە 200 دۆلارە‌ دەهێنن تا وە‌زارە‌ت وە‌ك گە‌نمی عێراقی لێیان وە‌ربگرێتەوە.


* باس لە‌ بوونی كێشەكانتان دەكرێت لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی هە‌رێمی كوردستان و هۆكارە‌كە‌شی بۆ ئە‌وە‌ دەگە‌ڕێتە‌وە‌ كە‌ لیژنە‌كان نوێنە‌ری هە‌رێمی كوردستانی تێدا نییە بەتایبەتی لە‌ مە‌سەلە‌ی بەشە خۆراكی هاووڵاتیاندا؟
- هیچ كێشەیەك لە‌نێوان وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراق و حكومە‌تی هە‌رێمی كوردستاندا نییە، چونكە‌ ئە‌و خۆراكە‌ی كە‌ دەكڕدرێت لە‌ بودجە‌ی حكومە‌تی هە‌رێم و بودجە‌ی حكومە‌تی ناوە‌ندی ناكڕدرێت بەڵكو لە‌ نە‌فە‌قاتی تایبەتی دەكڕێت و پێوە‌ندی بە 17%ی هە‌رێمە‌وە‌ نییە.


* بۆچی ناتوانرێت كۆنترۆڵی بەرزبوونە‌وە‌ی نرخی پێداویستییە سەرە‌كییەكان بكرێت لە‌ بۆنە‌ ئایینیەكاندا؟
- لە‌ عێراقدا یاسای رێكخستنی بازرگانی هە‌یە كە‌ ئە‌گە‌ر بە تە‌واوی جێبەجێ بكرێت دەتوانرێت نرخ بەشێوە‌یەكی رێكوپێك دیاری بكرێت، بەڵام لە‌بەر ئە‌وە‌ی یاساكە‌ جێبەجێ نە‌بووە‌، ناتوانرێ نرخە‌كان كۆنتڕۆڵ و دیاری بكرێ بۆ جێبەجێكردنیشی پێویستە‌ چەند یاسایەكی دیكە‌ی لە‌گە‌ڵدا جێبەجێ بكرێت بۆ نموونە‌ پێویستە‌ تاریفە‌ی گومرگی هە‌بێت كە‌ بەبێ ئەوە ناتوانرێ كاری بازرگانی لە‌نێو عێراقدا رێك بخرێت، چونكە‌ ئە‌گە‌ر تاریفە‌ی گومرگیش هە‌یە حكومە‌ت پاڵپشتی بەرهەمی نیشتمانی دەكات، كە‌واتە‌ چەندین فاكتە‌ر هە‌ن پێوە‌ندییان بە یەكە‌وە‌ هە‌یە و یەكتر تە‌واو دەكە‌ن.


*عێراق لە‌ پێشەوە‌ی ئە‌و وڵاتانە‌یە كە‌ بۆ دابین كردنی كە‌لوپە‌لی خۆراك پشت بە دەرە‌وە‌ دەبەستێت بۆ ساغ كردنە‌وە‌ی ئە‌م مە‌سەلە‌یە چی بكرێت باشە ئایا وە‌زارە‌تی بازرگانی و وە‌زارە‌تی كشتوكاڵ هیچ هە‌نگاوێكیان ناوە‌ لە‌م بوارە‌دا‌؟
- وە‌زارە‌تی بازرگانی پێوە‌ندی نییە بە بەرهەمهێنانی بەروبوومە‌ كشتوكاڵییەكان وئە‌م كارە‌ راستە‌وخۆ پێوە‌ندی بە وە‌زارە‌تی كشتوكاڵە‌وە‌ هە‌یە، ئێمە‌ ساڵانە‌ بە وە‌زارە‌تی كشتوكاڵ رادەگە‌یەنین كە‌ ئە‌مساڵ پێویستیمان بە چەند تە‌ن لە‌ كە‌لوپە‌لی خۆراكی هە‌یە وە‌ك برنج و گە‌نم و شەكر، وە‌زارە‌تی كشتوكاڵیش دەست دەكات بە پلانی خۆی بۆ بەرهەمهێنانی ئە‌وە‌ی كە‌ پێویستە‌ لە‌ كە‌لوپە‌لە‌كان، بەڵام بۆ نموونە‌ وە‌زارە‌تی كشتوكاڵ ناتوانێت شیر دابین بكات، بۆیە ئێمە‌ ناچارین شیر لە‌ دەرە‌وە‌ بهێنین، چونكە‌ مانگانە‌ پێویستمان بە چەند هە‌زار تە‌ن لە‌ شیر هە‌یە بۆ گە‌ورە‌و بۆ منداڵان (نە‌ك تە‌نیا لە‌ عێراق بەڵكو لە‌ زۆر وڵاتی دیكە‌ش دەبێ شیر بهێنن) بە بڕوای من تا 20 ساڵی دیكە‌ش عێراق ناتوانێت مانگانە‌ دوو هە‌زار تە‌ن لە‌ شیری تە‌ڕبەرهە‌م بهێنێت تە‌نانە‌ت توركیا و سوریا و زۆر لە‌ وڵاتانی ئە‌وروپاش ئە‌و توانایەیان نییە، چەند وڵاتێكی دیاریكراو نە‌بێت وە‌ك فە‌رە‌نسا،هۆڵە‌ندا، دانیمارك، نیوزلە‌ندا، هە‌روە‌ها لە‌ عێراق شەكر نییە هە‌ر دەبێ لە‌ دەرە‌وە‌ بیهێنین، بە هە‌مان شێوە‌ ئە‌و زەیتە‌ی لە‌ عێراق بەرهە‌م دەهێنرێت بەشی 10%ی دانیشتووانی عێراق ناكات، ئێمە‌ مانگانە‌ پێویستمان بە 48000 تە‌ن لە‌ زەیت هە‌یە ئە‌م‌ بڕە‌ زۆرە‌ پێویستی بە چەند گوڵە‌بەڕۆژە‌ هە‌یە بۆ ئە‌وە‌ی بتوانی ئە‌م بڕە‌ زەیتە‌ بەرهە‌م بهێنیت، ئە‌مە‌ لە‌ توانای وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراقیدا نییە.


* ئاستی پێوە‌ندیتان لە‌گە‌ڵ رێكخراوە‌ ناحكومیەكان بەتایبەتی ژوورە‌ بازرگانیەكان چۆنە؛ زۆر جار باس لە‌ ساردی پێوە‌ندییەكانتان دەكرێت‌؟
- من تە‌نیا باس لە‌ سەردەمی خۆم دەكە‌م، بە پێچەوانە‌وە‌ هە‌ماهە‌نگییەكی زۆر باشمان هە‌یە لە‌وانە‌ لە‌گە‌ڵ ئە‌نجوومە‌نی پیاوانی كاری عێراقی و یەكێتی ژوورە‌ بازرگانیەكانی عێراقی و دەستە‌ی وە‌بەرهەمهێنان پێوە‌ندییەكی زۆر زۆر باشمان هە‌یە لە‌ زۆر مە‌سەلە‌دا راوێژ بە یەكتر دەكە‌ین، لە‌ لیژنە‌كاندا هە‌میشە ئە‌ندامیان هە‌یە تە‌نانە‌ت پێشنیارمان كردووە‌ لە‌ دەستە‌ی راوێژی وە‌زارە‌تیشدا ئە‌مانە‌ دەنگیان هە‌بێت.


* بڕیار بوو كۆمە‌ڵێك سایلۆ لە‌ عێراق دروست بكرێت، ئە‌مە‌ بەچی گە‌یشت؟
- مە‌سەلە‌ی دروستكردنی سایلۆ لە‌ عێراق زۆر ئاڵۆزە و ئاسان نییە، دەمە‌وێ ئە‌وە‌شت پێ بڵێم كە‌ لە‌ هە‌موو پارێزگاكانی عێراق سایلۆ هە‌یە جگە‌ لە‌ سلێمانی، لە‌ هە‌ندێك پارێزگاش سایلۆی زۆر كراوە‌ لە‌ هە‌ندێكیان نە‌كراوە‌ ئە‌مە‌ش لە‌وانە‌یە بەپێی سیاسەتی حكومە‌ت و بڕی بەروبوومە‌ كشتوكاڵیەكانی بووبێت، كە‌چی سلێمانی بەرهە‌میشی زۆر بووە‌، بەڵام نیازی گواستنە‌وە‌ی شارەكەیان هە‌بووەو‌ سایلۆیان بۆی دروست نە‌كردووە‌ یان دروستیان كردووە‌و بە نیوە‌ناچڵی بەجێیان هێشتووە‌، هە‌روە‌ها سایلۆكانی عێراق هە‌موویان كۆن بوون و نوێترین سایلۆی عێراق لە‌ ساڵی 1990 دروستكراوە‌و زۆربەیان لە‌ سەرە‌تای شەستە‌كانی سەدەی رابردووە‌وە دروستكراوە،‌ كە‌واتە‌ زۆربەی سایلۆكانی عێراق پێویستە‌ بگۆڕدرێن، ئە‌وانە‌شی هە‌یە دەبێ نۆژەن بكرێنە‌وە‌، هە‌روە‌ها ئە‌و سایلۆیانە‌ی كراون بەپێی ژمارە‌ی دانیشتووان بووە‌، بۆیە هە‌موو پارێزگاكان پێویستیان بە چەند سایلۆیەك هە‌یە، لە‌ كوردستان لە‌ چوارچێوە‌ی 17%ی بەشی هە‌رێم لە‌ بودجە‌ی عێراق، حكومە‌تی هە‌رێم سایلۆ دروست دەكات واتە‌ لە‌ هە‌ولێر و دهۆك و سلێمانی ئە‌ركی حكومە‌تی فیدرالی نییە سایلۆی بۆ دروست بكات.
ئێمە‌ لە‌ وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراق پلانێكمان داناوە‌ كە‌ بەپێی ژمارە‌ی دانیشتووانی هە‌ر شارێك سایلۆ دروست بكە‌ین نە‌ك بە گوێرە‌ی ئە‌و گە‌نمە‌ی بەرهە‌می دەهێنێت، چونكە‌ سایلۆ وە‌ك تە‌نكە‌ری ئاو وایە، ئە‌و بودجە‌یەی كە‌ بۆ دروستكردنی سایلۆ بۆمان دیاریكراوە‌ بەشی ئە‌وە‌ ناكات ئێمە‌ بتوانین لە‌ ساڵێكدا ئە‌و هە‌موو سایلۆیە دروست بكە‌ین بۆیە بەرنامە‌یەكمان داناوە‌ كە‌ تا 2015 بتوانین لە‌ هە‌موو پارێزگاكان سایلۆ دروست بكە‌ین و ئێستا دوو سایلۆ دروست دەكە‌ین لە‌ كە‌ربەلا و دیوانییە، ساڵی داهاتووش لە‌ بەسرا و موسەنا و سەڵاحەدین و كە‌ركوك و واست سایلۆ دروست دەكە‌ین.


*لە‌ بەرنامە‌ی وە‌زارە‌تدا هە‌یە ناوچەی بازرگانی ئازاد دابمە‌زرێت، گرنگترین ئە‌و كێشانە‌ چین كە رووبەڕووی دامە‌زراندنی ئە‌م ناوچە بازرگانییە دەبنە‌وە‌؟
- زۆربەی كێشەكان سیاسین، بڕیار وایە لە‌نێوان عێراق و هە‌ر یەكە‌ لە‌ توركیا و ئێران و سعودیا و ئوردن چەند ناوچەیەكی بازرگانی ئازاد دروست بكرێت، پێداویستییەكانی دامە‌زراندنی ئە‌م ناوچانە‌ لە‌لایەن ئێمە‌و وە‌زارە‌تی بازرگانی هە‌ر یەكێك لە‌م وڵاتانە‌ دابین كراوە‌، بەڵام كێشەكە‌ بریتییە لە‌ مە‌سەلە‌ سیاسیەكان، توركیا لە‌ لایەك ئاومان لێدەگرێتە‌وە‌و لە‌لایەكی ترەوە داوای بازاڕی ئازادمان لێدەكات، ئێمە‌ بە دامە‌زراندنی بازاڕی ئازاد لە‌گە‌ڵ توركیا رازین بە مە‌رجێك وە‌زارە‌تی سەرچاوە‌ ئاوییەكانی عێراق رازی بێت، چونكە‌ لە‌نێوان وە‌زارە‌تە‌كانی عێراق هە‌ماهە‌نگی و ئاگادار بوون لە‌ كارە‌كانی یەكتری هە‌یە واتە‌ وە‌زارە‌تە‌كان پێویستە‌ بەرژە‌وە‌ندی یەكتری بپارێزن، لە‌ دانیشتنە‌كانماندا لە‌گە‌ڵ توركە‌كان وە‌ك وە‌زارە‌تی بازرگانی هیچ كێشەمان نە‌بووە‌، بەڵام لە‌ ڕووی ئاوە‌وە‌ كێشەمان هە‌بووە،‌ بۆیە رێكە‌وتنە‌كان ڕادەگرین بە هە‌مان شێوە‌ لە‌گە‌ڵ ئوردن و سعودیا و ئێرانیش واتە‌ كێشەی ئابووری و بازرگانیمان لە‌گە‌ڵیاندا نییە بەڵكو كێشەكان سیاسین.


ناهاوسەنگی سیاسی نێوان كوتلە سیاسیەكان كاریگەریی هەبووە لەسەر كارە بازرگانیەكان
* باس لە‌ بوونی هە‌زاران پسولە‌ی خۆراكی ساختە‌ دەكرێت، ئایا ئە‌نجامدانی سەرژمێری گشتی پێویست نییە بۆ چارە‌سەركردنی ئە‌م گرفتە‌؟
- سەرژمێری گشتی لە‌ عێراق زۆر پێویستە‌ بۆ زۆر شت، لە‌وانە‌ بۆ وە‌زارە‌تی ئێمە‌ زۆر پێویستە‌، چونكە‌ سەرژمێرییەكی راست و دروستی عێراقمان نییە بۆ ئە‌وە‌ی بتوانین لەو‌ رێگایەوە‌ پسولە‌ی خۆراك دابەش بكە‌ین بەڵكو وە‌زارە‌تی بازرگانی عێراقی چەند زانیارییەكمان لە‌ لایە بەپێی فۆرمی خۆراك كە‌ رێژە‌یەكی زۆری ساختە‌ی تێدایەو خۆراك دابەش دەكە‌ین، هە‌روە‌ها پرۆسەی سیاسی لە‌ عێراق بەپێی سەرژمێری دانیشتووان نە‌كراوە‌، واتە‌ هە‌ڵبژاردنە‌كانی عێراقیش بەپێی فۆرمی خۆراك كراوە‌، نە‌ك بەپێی سەرژمێری دانیشتووان، فۆرمی خۆراكیش بۆ زۆر مە‌بەست زیاد و كە‌می پێكراوە‌ لە‌وانە‌ دزین لە‌ بەشە خۆراك بۆ نموونە‌ بریكار و پارێزگا هە‌ن ناوی زیادیان نووسیوە‌ هە‌روە‌ها بۆ ئە‌وە‌ی ژمارە‌ی دانیشتووانیشی پێ زیاد بكرێت، بۆیە ئە‌گە‌ر سەیری زیادبوونی ژمارە‌ی دانیشتووان لە‌ عێراق 2-3% بووە‌، بەڵام ئە‌گە‌ر بەپێی پسولە‌ی خۆراك لە‌ 10-15%ش تێپە‌ڕی كردووە‌، لە‌ هە‌ندێك پارێزگادا لایەنێكی سیاسی باڵا دەستە‌ بۆ ئە‌وە‌ی لە‌ هە‌ڵبژاردن دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت ژمارە‌ی خە‌ڵكی زیاد كردووە‌، لە‌ بەرامبەردا لایەنێكی تر لە‌ ناوچەیەكی تردا هە‌مان كاری كردووە‌ لە‌م نێوە‌ندەدا ژمارە‌ی دانیشتووانی عێراق لە‌ پسولە‌ی خۆراكدا زیاد بووە‌.
بۆیە ئێمە‌ وە‌كو وە‌زارە‌تی بازرگانی لە‌ڕووی داراییەوە‌ زۆر زەرە‌رمان كردووە‌ لە‌ پسولە‌ی خۆراك، پرۆسەی سیاسی لە‌هاوسەنگی نێوان كوتلە‌ سیاسییەكان زیانی پێكە‌وتووە‌، بۆیە قسەمان لە‌گە‌ڵ وە‌زارە‌تی پلاندانان كردووە‌ كە‌ پێویستە‌ سەرژمێری گشتی دانیشتووان ئە‌نجام بدرێت بۆ ئە‌وە‌ی ژمارە‌ی راستە‌قینە‌ی دانیشتووان بزانین.


* تا ئێستا چەند كۆمپانیا خراوە‌تە‌ لیستی رە‌شەوە‌؟
- ئە‌م پرسیارە‌ زۆر فراوانە‌، چونكە‌ ساڵانە‌ كۆمپانیا هە‌ن دەخرێنە‌ لیستی رە‌شەوە‌و هە‌ر كۆمپانیایەك سەر بە هە‌ر وە‌زارە‌تێك بێت و ناوخۆیی بێت یان بیانی بەپێچەوانە‌ی ڕێنماییەكان ڕە‌فتار بكات دەخرێتە‌ لیستی ڕە‌شەوە‌ و تە‌نیا ئێمە‌ نین كە‌ كۆمپانیا دەخە‌ینە‌ لیستی ڕە‌شەوە‌ بەڵكو هە‌ر وە‌زارە‌تێك سەرپێچی لە‌هە‌ر كۆمپانیایەك ببینێت بەلیستێك وە‌زارە‌تی پلاندانانی لێ ئاگادار دەكاتە‌وە‌و وە‌زارە‌تی پلاندانان بۆی هە‌یە بیخاتە‌ لیستی ڕە‌شەوە‌، بۆیە بۆ زانینی ئە‌و كۆمپانیایانە،‌ پێویستە‌ سەرە‌تا ماوە‌كە‌ی دیاری بكە‌یت، كە‌ لە‌ چ ماوە‌یەك و لە‌ چ بوارێك بووە‌ ئینجا دەبێ لە‌ وە‌زارە‌تی پلاندانان وە‌ریبگریت.
Top