دكتۆر فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان): كوردو لایەنەكانی كوردستان كە دەگەنە مەسەلەی نەتەوایەتی یەك دەنگ و یەك هەڵویستیان هەیە

دكتۆر فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان): كوردو لایەنەكانی كوردستان كە دەگەنە مەسەلەی نەتەوایەتی یەك دەنگ و یەك هەڵویستیان هەیە
د.فوئاد حوسێن وەك نوێنەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەندامی ئەو شاندە كوردستانیەیە كە لە هەموو لایەنە سیاسییەكان پێكهاتووەو لەم دواییەدا سەردانی بەغدایان كردووە، ئامانجی ئەم سەردانە بۆ بەغدا لەو ڕووەوەیە كە شاندی كوردستان وتووێژ لەگەڵ هەموو لایەنە عێراقییەكان بكات بۆ ئەوەی لەسەر هەموو ئەو پرسانە وتووێژ بكەن كە پێوەندی بەعێراقەوە هەیە، هەروەها وتووێژ لەسەر ئەو پرسانەش بكەن كە پێوەندی بەكێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە، د.فوئاد حوسین سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
خۆشحاڵ بوونی خەڵك و لایەنەكانی بەغدا بە سەردانەكە
* دوای ئەوەی وەك نوێنەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندەكەدا سەردانی بەغداتان كردو لەوێش لەگەڵ كۆمەڵێك لایەن و هێزی سیاسی كۆبوونەوە، دەرنجامی ئەم دیدارو كۆبوونەوانە بەچی گەیشتن؟
ئێمە بەگشتی هەموو لایەن و هێزە سیاسییەكانی عێراقمان بینی، هاوپەیمانی نیشتمانیمان بینی كە هەموو هێزە سیاسییەكانی شیعەی تێدایەو تاك تاكیش لەگەڵ حزبی دەعوەو ئەنجوومەنی باڵاو فەزیلەو حزبی ئیسلامی عێراقی و حزبی شیوعی و لیستی ئەلعێراقیە دانیشتین و كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ جەنابی سەرۆك كۆماری عێراق ئەنجامدا، پاشان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆبووینەوەو لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانیش كۆبووینەوە، بەگشتی ئەو حزب و لایەن و كەسانەی دیتمان، بۆ گۆڕینەوەی بیروڕابوو دەربارەی كۆمەڵێك كێشە، بەشێك لە كێشەكان پێوەندی هەیە بەعێراقەوە، بەشێك لەكێشەكانیش پێوەندی بەكێشەكانی نێوان هەولێرو بەغداوە هەیە، ئەو كێشانەی پێوەندی بەعێراقەوە هەیە هەندێ لەلایەن و هێزو كەسەكانی عێراقی لەئێمە زیاتر باسیان دەكرد، بۆنموونە باسی ئەوەیان دەكرد كە عێراق بەرەو كوێ دەچێت و ئەم كێشانەی كە پێوەندی بە پڕۆسەی سیاسییەوە هەیە چۆن تەگەرەی تێكەوتووەو گرفت و كێشەكان لە كوێن، دیتمان خەڵك زۆر لەمانە نیگەرانن، بە تایبەتی خەڵك نیگەرانن لە بارودۆخی سیاسی گشتی عێراق، هەروەها ئەوەی پێوەندی هەیە بەكوردستانەوە، واتە ئەوكێشانەی لەنێوان بەغداو هەولێرە، لە زۆربەی هەرە زۆری دانووستاندنەكانی لەگەڵ ئەو خەڵك و هێزە سیاسی و سەركردانەی ئەنجاممانداو بینیمان هەموویان پشتگیری لە داواكاری كوردی دەكەن، بێگومان دوور نییە هەر هێزێك تێڕوانین و بیروبۆچوونی تایبەتی هەبێت بۆ داواكاری و مەرامێك، بەڵام بەگشتی بینیمان خەڵك خۆشحاڵە بە هاتنی شاندی كوردی بۆ بەغدا، هەروەها كەموكوڕی خۆشمان لەوێ بینی كە ئەو خەڵكانەی ئێمە كە نوێنەری هەرێمی كوردستانن چ لە وەزارەتەكان بێت چ لە پەرلەمان چ لەدەزگاكانی تربن وەكو تاك كارو ئیشی خۆیان كردووەو ماندووبوون، بەڵام واقیعێك هەیە پێویستە ئاماژەی پێ بكرێت ئەویش ئەوەیە خۆیان ڕێك نەخستووە، واتە چوارچێوەیەك نییە كە دابنیشن بەیەكەوە بڕیاربدەن و پێكەوە گفتوگۆ بكەن، بە تێڕوانینی من لەئایندەیەكی نزیكدا پێویستە ئەو چوارچێوەیە دابمەزرێت، تاوەكو كارەكانی هێزە سیاسییەكانی كوردستان باشتر بەڕێوەبچێت و كارەكانی ئەوانەی بەناوی كوردستانەوە لەئەنجوومەنی وەزیرانن باشتر بەڕێوەبچێت، ئێمە كە بۆ بەغدا هاتین، هاتنمان هەم بیروڕاگۆڕینەوە بوو هەم نامەمان هەبوو و هەم داواكاریمان هەبوو، هەم كەموكوڕییەكانی خۆشمان بینی و زانیمان كەموكوڕی خۆمان چییەو زانیمان ئیشەكانی ئێمە لە بەغدا چۆن كراوە.
خاڵەكانی ڕێكەوتنەكەو هەنگاونان بۆ بەیاسایی كردنیان
* ئەی سەبارەت بەو خاڵانەی لە رێككەوتنەكەی هەولێردا هاتوون، ئایا ئێوە جەختی لەسەر دەكەنەوە یان چ وتووێژێك لەسەر ئەم پرسەكراوە؟
- وەكو وتم كۆمەڵێك لەو خاڵانەی كە ڕێكەوتنی لەسەركراوە پێوەندی بە بارودۆخی عێراقەوە هەیە، لەوانە كاتێك باسی لەشكر دەكرێت یا باسی یاسای نەوت و غاز دەكرێت واتە باسی عێراق دەكرێت، یا كە باسی پاپەندبوون بە دەستوور دەكرێت واتە باسی عێراق بە گشتی دەكرێت، بێگومان ئەمە كوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام پێوەندی بە عێراقەوەیە، كە باس لە هاوبەشی نیشتمانی دەكەیت ئەوە بارودۆخی سیاسی عێراق دەگرێتەوە، لەبارەی ئەم بابەتانەوە هەموو لایەن و كەس و هێزە سیاسییەكانی عێراق نیگەرانن، چونكە بارودۆخی عێراق بەم شێوەیە ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە ئەم كێشەو بارودۆخانە چارەسەر بكرێت، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە داواكاری كوردستانەوە هەیە، بۆ نموونە با باسی یاسای نەوت و غاز بكەین كە یاسایەكە بۆ عێراقە، بەڵام بۆ كوردستانیش گرنگە، لەمبارەوە خەڵكێكی زۆرمان بینیوە دەڵێن با یاسایەكمان هەبێت، گەرچی دوور نییە بیروباوەڕیان لەسەر ناوەڕۆكی یاساكە جیاوازبێت، بەڵام بوونی یاسایەك بەلایەنی هەمووانەوە گرنگە، ئەمەش هەم عێراقییە هەم هاوپەیمانی نیشتمانی كە شیعەكانە باسی ئەوە دەكەن، بەڵام هەر یەكەی بۆچوونێكی تایبەتی لەسەر ناوەڕۆكی یاساكە هەیە، بەڵام گرنگە لەمبارەوە دەست بكرێت بە ئیش كردن، چونكە لەم لایەنەوە كەموكوڕییەكی گەورە لەم وڵاتە هەیە، هەروەها ئالیەتی بەدواداچوونیش نەبووە، تا لە مەسەلەی ئەو ڕێككەوتنەی كەهەبووە كاری لەسەر بكات، لەلایەك میكانیزمی بەدواداچوونی لە عێراق نییەو جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتنەكەش لەلای ئێمە نییە تاوەكو بەدواداچوونی لەسەر بكەین، بۆیە ئێستا پێویستە ئێمەش لەگەڵ ئەو كەسانەی لە بەغدان ئالیەتێكی بەدواداچوون بدۆزینەوە بۆ ئەوەی هەم خاڵەكانی كە ڕێككەوتنی لەسەر كراوە دیراسە بكەین هەم ئیشەكانیش بەدواداچوونی لەسەر بكرێت، خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە كە تۆ ئالیەت دادەنێیت و كاتێكی زەمەنیشت پێویستە بۆ ماوەی جێبەجێ كردنی دابنرێت، دەبێ كاتێك دابنێیت ئەو خاڵانەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە كەی و چۆن جێبەجێ دەكرێت، ئینجا ئێمە لە كۆبوونەوەكەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراقدا كۆمەڵێك خاڵ و بابەتی گرنگمان باس كرد.
* ئەوەی ئەمجارە بینرا، نوێنەری سەرۆكایەتی هەرێم جەنابتان بوون و نوێنەری یەكێتی و پارتیش وەكو دوو حزبی دەسەڵات و هەروەها نوێنەری لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش لەكوردستان بەشداری ئەو شاندەیان كرد، ئەمە تا چەند گرنگ بوو كە جەنابی سەرۆك بارزانیش جەختی لەسەر بەشداری كردنی هەموو لایەنەكان لەم شاندەدا دەكردەوە، تا چەند گرنگ بوو كە كورد بەم یەك دەنگی و یەك ڕیزییەوە بتوانێ ئەو داواكاریانەی هەیە جێبەجێ بكرێت و لایەنەكانیش پایەندبن بەو بەڵێنانەی یا ئەو ڕێككەوتنانەی لەگەڵ كورد هەیان بووە؟
- هاتنی ئەم شاندەی كوردستان بۆ بەغدا دوو، سێ بابەتی گرنگی چەسپاند، یەكەمیان، مەسەلەی كوردستانەو بایەخێكی یەكجار گرنگیان دا بە بەغدا، چونكە بەغدا لە ڕووی سیاسییەوە گرنگە، هەروەها وەكو دەوڵەت و حكومەت نەك تەنیا گرنگە بۆ بەشی عەرەبی لە عێراق، بەڵكو گرنگە بۆ هەرێمی كوردستانیش.
دووەمیان، هاتنی ئەم شاندە بەم شێوەیەی كە نوێنەرانی هەردوو حزبی بەشدار لە دەسەڵات و حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیشی تێدایە، گرنگی و كاریگەری خۆی هەیە، ئەم شاندەی لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نێردراوە بۆ بەغداو جەنابی سەرۆك ئەمری فەرمووە كە منیش لەم شاندەدا بەشداربم، ئێمە هەموومان بەیەكەوە بەیەك دەست و بەیەك هەڵوێست ئیش دەكەین و گفتوگۆ دەكەین، بۆیە ئەم شاندە بەم شێوەیە وێنەیەكی زۆر گرنگی دا بە خەڵكەكەی كە لە بەغدایە، چونكە سەلماندی كوردو لایەنەكانی كوردستان كە دەگاتە مەسەلەی نەتەوایەتی یەك دەنگ و یەك هەڵوێستیان هەیە بەتایبەتی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەم شاندە واقیع و تێروانینێكی جوانی پیشاندا، ئەمەش گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان كە بزانن ئێمە هەموو لایەك لە كوردستان یەك هەڵویستین لە مەسەلەكانی نەتەوایەتی و ئایندەی كوردستاندا، تێڕوانینێكی داوەتە ئەوانەش كە دوژمنی ئێمەن یا دۆستی ئێمەن لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقیدا، پیشانیدان كە كورد لەهەركاتێكدا گەیشتە كێشەی نەتەوەیی و چارەنووسسازی یەك دەگرن و یەك دەنگ دەبن، ئینجا دامەزراندنی شێوەی شاندەكەو هاتنی شاندەكە بۆ بەغداو گرنگیدانی بە بارودۆخی بەغدا، نەك تەنیا گرنگیدانە بە هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئەوە بەڕای من بۆچوون و تێروانینێكی باش بەجێ دەهێڵێت لەلایەن عەرەبەكانی عێراقیشەوە.
Top