باڵیۆز جەیمس دۆبینز بەڕێوەبەری ئامۆژگای ڕەند بۆ گوڵان: ئەگەر ئەمریكا بوونێكی سەربازی بەردەوامی نەبێت عێراق رووبەڕووی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەكیش دەبێتەوە

باڵیۆز جەیمس دۆبینز بەڕێوەبەری ئامۆژگای ڕەند بۆ گوڵان: ئەگەر ئەمریكا بوونێكی سەربازی بەردەوامی نەبێت عێراق رووبەڕووی هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەكیش دەبێتەوە
باڵیۆز جەمیس دۆبینز ئێستا بەڕێوەبەری سەنتەری رەندە بۆ دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی بەرگری، پێشتر چەندین پۆستی لە كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەبووە، لەوانە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بۆ كاروباری ئەوروپا، یاریدەدەری سەرۆك و راوێژكاری تایبەتی سەرۆك و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە بۆ كاروباری ناوچەی بەلكان، هەروەها باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە یەكێتی ئەوروپا، دۆبینز لەسەردەمی هەردوو ئیدارەی بیل كلینتۆن و جۆرج دەبلیو بۆشدا چارەسەری كۆمەڵێك تەنگژەی گەورەی پێ سپێردراوە و نوێنەری تایبەتی سەرۆك بوش بووە بۆ ئەفغانستان و كۆسۆڤۆ و بۆسنە و هایتی و سۆماڵ، یەكێك بووە لەو دیپلۆماتانەی كە سەرپەرشتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لەسۆماڵ كردووە، لەدوای كارەساتی 11ی سێپتەمبەر نوێنەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە بۆ رێكخستنی ئۆپۆزسیۆنی ئەفغانی لە بۆن، باڵیۆزخانەی ئەمریكای جارێكی دیكە لە كابول كردۆتەوە، ئێستاش لە ئامۆژگای بەناوبانگی رەند لەسەر ئەم پرسانە تایبەتمەندە و توێژینەوە دەكات (ئەفغانستان، بەلكان، ئەوروپا و ئاسایشی جیهانی، دیپلۆماتیەتی نێودەوڵەتی، عێراق، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست)) شایەنی باسە باڵیۆز دوبینز یەكێك بووە لەو پێنج تۆژەرەی كە پێش ئەوەی لیژنەیەك بەناوی گروپی دیراسەتی عێراق دابمەزرێت، دیراسەتی ئەوەیان كردووە چی بكرێت لەعێراقدا؟ ئەو پێنج تۆژەرەش بریتی بوون لە(لاری دایمۆند، جەیمس دۆبیز، چیم كۆفمان، ستیفن بیدل، لیسلی گلپ) كە ئەمانە هەرپێنجیان چەند جاریك گوڵان دیمانەی لەگەڵ كردون، سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراقیش ئەم هەفتەیە پێوەندیمان بە باڵیۆز جەیمس دۆبینز كرد و چەند پرسیارێكمان ئاڕاستە كرد كە بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.
* عێراق لەڕووی ئاسایش و سەقامگیریەوە لە دۆخێكی باشدانییە و هێزەكانی ئەمریكاش لە سەروبەندی كشانەوەدان، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دووبارە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەخاتە مەترسیەوە؟
- ئەگەر ئەمریكا بوونێكی سەربازیانەی بەردەوامی نەبێت، ئەوا مەترسیەكی گەورەی سەرهەڵدانی ناكۆكی عەرەب/كورد لە ئارادا دەبێت. هەروەها كەموكوڕی گەورە هەیە لە توانای هێزەكانی ئاسایشی عێراقدا. بۆ نموونە، لەهێزی ئاسمانیدا، كە ناتوانرێت بە خێرایی ئەو كەموكوڕیانە پڕبكرێنەوە، ئەمەش وا دەكات عێراق زیاتر ڕووبەڕووی دژایەتی دەرەكی و ناوخۆیی ببێتەوە.
* سەرەڕای ناسەقامگیری دۆخی عێراق پرۆسە سیاسییەكەش بەرەو ئاڵۆزی دەچێت، واتە پێوەندی نێوان پێكهاتە سەرەكیەكان ئاڵۆز دەبێت، كە سەرۆك وەزیران هەنگاو بەرەو ئۆتۆكراتی دەنێت، هەر ئەمەش وایكردووە مەترسی بێتوانایی لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكاندا سەرهەڵبدات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا مەترسی ئەوەی لێدەكرێت شەڕی ناوخۆ بەدوای خۆیدا بهێنێت؟
- مەترسیدارترین دابەشبوون ئەو دابەشبوونەیە كە لەنێوان كورد و عەرەبەكاندا هەیە. لە غیابی هێزەكانی ئەمریكادا، ئەگەری ناكۆكی نێوان هەردوو سوپاكە لەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان زیاد دەكات.
* ئێمە دەزانین كە هێزە تیرۆریستیەكان دۆخی نائارام و ناسەقامگیری عێراق ئیستیغلال دەكەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا ئەكەوێتە مەترسیەوە ئەگەر تیرۆریستەكان بگەڕێنەوە بۆ عێراق؟
- ڕەنگە هێزە ئەمنیەكانی عێراق بتوانن ڕووبەڕووی تەحددی تیرۆر ببنەوە. ئەوەی زیاتر مایەی مەترسیە ناكۆكی نێوان هێزە سەربازییەكانی كورد و عەرەبەكانە، هەروەها لەنێوان میلیشیا شیعە و سوننەكانە.
* لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە كە هەڵمەتە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكانی ئەمریكا دەست پێدەكات، ئەگەر دووبارە دۆخەكە بەرەو ئاڵۆزبوون بچێت، ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەمە دەبێتە كارتێكی بەهێز بەدەست كۆماریەكانەوە بۆ ئەوەی لە دژی دیموكراتەكان بەكاری بهێنن؟
- ڕەنگە بەم شێوەیە نەبێت. ئەوە سەرۆك بۆش بوو كە ڕازی بوو لەسەر كشانەوەی تێكڕای هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتایی ساڵی 2011دا. سەرۆك ئۆباما پێشنیاری هێشتنەوەی هێزێكی بچووكی ئەمریكای كردووە ئەگەر حكومەتی عێراقی خواستی لەسەر بێت.
* شكستی ئەمریكا لە عێراقدا كاریگەری دەبێت لەسەر پێگە و بەرژەوەندی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، ئایا تا چەند ئەم شكستە كاریگەری و كاردانەوەی دەبێت لەسەر پێگەی ئەمریكا لە تەواوی ناوچەكەدا؟
- ئەگەر عێراق دووبارە بگەڕێتەوە بۆ بازنەی ناكۆكی تائیفی، ئەوا ئەمە زیاتر دەبێتەهۆی ناسەقامگیركردنی ناوچەكە كە حاڵی حازر خۆی لە پشێویدایە. ئەمریكا پشتیوانی گۆڕانی دیموكراسی لە تونس، لیبیا، میسر و سوریا دەكات. دووبارەبوونەوەی شەڕی ناوخۆ لە عێراقدا ڕەنگە كاریگەری ڕاستەوخۆی تەنیا بۆ سەر سوریا هەبێت، بەڵام دەبێتە پاشەكشە بۆ هێزە میانڕەوە دیموكراتیەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا.
* تا چەند پێشبینی ئەوە دەكەیت كە ئەمریكا و عێراقیەكان گرنگی بارودۆخەكە لەبەرچاو دەگرن و ڕێگەیەك بۆ كێشەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەدۆزنەوە، لەبەر ئەوەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كێشەگەلێكی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت؟
- ئەمە بڕیارێكە تەنیا بەغدا دەتوانێت بیدات. ئەمریكا ئامادەیە بوونێكی سەربازی بچووكی هەبێت ئەگەر داوای لێبكرێت، بە پێچەوانەوە ئیلتیزامی خۆی جێبەجێ دەكات بۆ ئەوەی بەتەواوەتی بكشێتەوە لە كۆتایی ساڵدا.
Top