د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گوڵان: ئەگەر مالكی ئامادەی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكان نەبێت بڕیاری پێویست دەدەین

د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گوڵان: ئەگەر مالكی ئامادەی جێبەجێكردنی رێكەوتنەكان نەبێت بڕیاری پێویست دەدەین
بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەك نوێنەری سەرۆك بارزانی ڕۆڵێكی دیارو گرنگی بۆ لێك نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەچوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی گێڕاوە كە پاشان ڕێككەوتننامەی هەولێری لێكەوتەوە، دوای ئەوەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕێككەوتنە حكومەتی عێراق پێكهات، بەڕێزیان بێجگە لەوەی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقە، لەهەمان كاتدا جارێكی دیكە وەك نوێنەری سەرۆك بارزانی لەبەغدا چاودێری جێبەجێكردنی خاڵەكانی نێو ڕێككەوتنەكەشی كردووە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێزی بۆ بەشداری كردن لەو كۆبوونەوە فراوانەی سەرۆك بارزانی هاتبووەوە كوردستان و جارێكی دیكە وەك نوێنەری سەرۆك بارزانی ڕاسپێردراوە بۆ ئەوەی نامەی زارەكی سەرۆك بارزانی بگەیەنێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەوەی ئایا ئەوان ئامادەن ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكەن یان نە؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگانە بەڕێز د.رۆژ نوری شاوەیس پێش گەڕانەوەی بۆ بەغداو لەدیدارێكی كورتدا بواری ئەوەی پێداین چەند پرسیارێكی ئاڕاستە بكەین، بەسوپاسەوە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە، ئەمەش دەقی دیمانەكەی بەڕێزیانە لەگەڵ گۆڤاری گوڵاندا.
د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گوڵان: من بە نوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی دەچمەوە بۆ بەغدا، نامەیەكی زارەكی جەنابی سەرۆكم بۆ سەرۆك وەزیران و لیستی دەوڵەتی یاسا پێیە، ناوەڕۆكی نامەكەش ئەوەیە كە جەنابی سەرۆك بارزانی مەبەستێتی بزانێت ئایا سەرۆك وەزیران و لیستی دەوڵەتی یاسا ئامادەن ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكەن یان نە؟ ئەگەر ئامادەن، ئەوا هاوپەیمانی كوردستانیش ئامادەیە شاندی خۆی بنێرێت، ئەگەر ئامادەش نەبن، ئەوا ئێمەش بۆخۆمان جارێكی دیكە كۆدەبینەوەو بڕیاری پێویست دەدەین.



دەقی دیمانەكە:

گوڵان: ماوەیەكە كێشەیەك لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیەی بۆ بەشداری كورد لە حكومەتی عێراق ئیمزاكراوە هاتۆتە ئاراوە، هاوپەیمانی كوردستانی داوا دەكات پێویستە ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكرێت، ئایا بەڕێزتان لەسەر ئەم مەسەلەیە چی دەڵێن؟
د.رۆژ: ئەوەی ڕوون و ئاشكرایە ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنانە ڕێككەوتین و ئەو خاڵانەی لەنێوانماندایەو داوادەكەین جێبەجێ بكرێن هەموویان ئیمزا كراوە، بەڵام تا ئێستا ئەو خاڵانە جێبەجێ نەكراون، یان ئەگەر هەوڵێكیش بۆ جێبەجێكردنی درابێت، زۆر بەسستی و خاوی هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە، یان ئاستەنگیان بۆ جێبەجێكردنی دروست كردووە، بۆیە زۆر پێویست بوو ئەو كۆبوونەوە فراوانە لەگەڵ جەنابی سەرۆك بارزانی بكرێت و ڕاستیەكان بخرێتە بەردەمی لایەنە كوردستانیەكان و مەسەلەكان بەشێوەیەك باسبكرێت كە بڕیاری لەبارەوە وەربگیرێت، بڕیارەكەش وەك ئێوەی ڕۆژنامەنووسانیش پێتان گەیشتووەو دەیزانن بەوجۆرەیە كە ئەو لایەنانەی هاوپەیمانیمان لەگەڵیاندا هەیەو لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتننامەیەی لەسەری ڕێككەوتووین پێكەوە حكومەتمان دروستكردووە، پێویستە پابەندی ئەو خاڵانە بن كە لەرێككەوتننامەكەدا هاتووە، بۆیە ئەگەر پابەند نەبن، یاخود ئەو خاڵانە جێبەجێ نەكەن، لەگەڵ ئەوەی ئێمە پێمان ناخۆشە و نامانەوێت كێشە دروست بێت، بەڵام ئەگەر لە كاتێكی دیاریكراودا جێبەجێی نەكەن، ئێمە ئازادین ئەو بڕیارە بدەین كە پێویستە.


گوڵان: ئێستا كاتی ئەوە هاتووە دەست بخرێتە سەر ڕاستیەكان، پرسیاری ئێمە لەبەڕێزت وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق و نوێنەری سەرۆك بارزانی بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنەی لەئاكامی دەستپێشخەرییەكەی بەڕێزیان هاتە ئاراوە، بۆیە حەزدەكەین باسی چۆنیەتی ڕێككەوتن لەسەر ئەو 19 خاڵەمان بۆ بكەیت كە بەپێی ئەو خاڵانە بەشداری حكومەتتان كردووە؟
د.رۆژ: پێش هەموو شت ئەوەی ڕێككەوتنی لەسەر كراوە لە 19 خاڵ زیاترە، جەنابی سەرۆك بارزانی لەكۆبوونەوە فراوانەكە خوێندییەوە، پێشتر زۆر كەس دەیانگوت زۆر شت هەیە باس نەكراوە یان ئاماژەی پێنەكراوە، بەڵام ئەو دیكۆمێنتەی جەنابی سەرۆك خوێندییەوە شتێكی تەواو ڕێكوپێك بوو هەمووشی لەسەر كاغەز نووسراوەو هەمووان ئیمزایان لەسەر كردووە، هەروەها پێش هەموو شت ئەو ڕێككەوتنە كۆمەڵێك خاڵی تێدایە كە تایبەتە بەعێراق و پێش هەمووشت بەپێی ئەو ڕێككەوتنە پێویستە حكومەتی عێراق حكومەتی هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینە بێت، هەروەها بەشێوەیەكی گشتی جەختكردنەوەیە لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی حكومەتی عێراق كە بێگومان ئەگەر حكومەتی عێراق پێشبكەوێت هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە، دوای ئەم خاڵانە ئینجا هاتۆتە سەر ئەو مەسەلانەی پێوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە، هەروەها گەرەنتی جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەیە واتە بە چ میكانیزمێك جێبەجێ بكرێت، هەروەها ئەوەشی تێدایە ئەگەر جێبەجێش نەكرێت پێویستە چی بكرێت، ئەمانە هەموویان خاڵی دیاریكراون و لە دیكۆمێنتە نووسراوەكەدا هەیەو ئیمزایان لەسەر كراوە، وێنەیەكی ئەو دیكۆمێنەش وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد جەنابی سەرۆك بارزانی لەكۆبوونەوە فراوانەكە خوێندییەوە، دەسپێكی ئەو ڕێككەوتنە لە دابەشكردنی پۆستە سەروەرییەكانەوە دەست پێدەكات، واتە چ لایەنێك پۆستی سەرۆك كۆماری بەردەكەوێت، كام لایەن پۆستی سەرۆك وەزیران، هەروەها كێ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی بەردەكەوێت، لەڕووی هونەریشەوە هەر بۆنموونە كورد چەند وەزارەتی بەردەكەوێت، چ دامەزراوەیەك دروست دەكرێت بۆ ئەوەی حكومەتی هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینە بێتە ئاراوە، وەك ئەنجوومەنی باڵای سیاسەتی ستراتیژی، هەروەها نووسینەوەی پەیڕەوو پرۆگرامی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاگرتنی هاوسەنگی دەستووری كە ئەمانە پێوەندییان بەهەموو عێراقەوە هەیە، لێرەدا من بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم، ئەگەر بنەمایەكی پتەو بۆ هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینە نەبێت و عێراق هەنگاوی زیاتر بەرەو دیموكراتی هەڵنەگرێت، بێگومان ناتوانرێت داخوازییەكانی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت، هەربۆیە دوای ئەمانە دێتە سەر ئەو خاڵانەی پێوەندی بەكوردستانەوە هەیە، پێویستە ئەوەش بڵێم ڕێككەوتنەكە هیچ كەموكورتیەكی تێدا نییە، بەڵام بەداخەوە كێشەكە لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیەو ئەو لایەنەی لەپرۆسەكەدا دەسەڵاتی زیاتر بەدەستەوەیە بریتییە لە لایەنی سەرۆك وەزیران، بەشێكی زۆری ئەو خاڵانەی پشتگوێ خستووە، هەندێكی زۆری جێبەجێ نەكردووە، هەندێكی هەوڵیداوە جێبەجێیان بكات، بەڵام لە جێبەجێكردنەكەدا سست بووە، هەر لەبەر ئەم هۆكارانە وامان لێدەكات ئێمە هەوڵێكی جددی تر بدەین بۆ ئەوەی ئەو ڕێككەوتننامەیە جێبەجێ بكرێت، لەبەر ئەوەی لەبەرژەوەندی ئێمەش و هەموو گەلانی عێراقدایە، لەبەرژەوەندی هەموو لایەنە سیاسییەكانە، تەنانەت لەبەرژەوەندی ئەو لایەنەی سەرۆك وەزیرانیشدایە، بۆیە دەبێت هەوڵبدەین جێبەجێی بكەین، ئەگەر جێبەجێ نەكرا، ئەوكاتە ناچار دەبین دابنیشینەوەو بیر لەوە بكەینەوە بزانین هەنگاوی ئاییندەمان چی دەبێت.


گوڵان: بەڕێزتان وەك دەزانیت لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێز د.ئەیاد عەلاوی سەرۆكی لیستی ئەلعراقیە سەردانی هەولێری كردو لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆبووەوەو جارێكی دیكە جەخت لەسەر ڕێككەوتننامەكە كرایەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە حكومەتی ئێستای عێراق ڕێككەوتنەكەی پێشێل كردووەو بەرەو تاكڕەوی هەنگاو هەڵدەگرێت؟
د.رۆژ: لە بەیاننامەی ئەو كۆبوونەوە فراوانەی كرا، ئاماژە بەوەكراوە دەبێت ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، هەوڵبدرێت دووبارە شەراكەتی نیشتمانی ڕاستەقینە بێتەوە كایە، هەروەها هاوسەنگی دەستووری دوور لەتاكڕەوی بێتە ئاراوە، ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ ئەوەی تاكڕەوی هەیە، شەراكەتی نیشتمانی ڕاستەقینە نییە، هەروەها هاوسەنگی دەستووری هەتا ئێستا بە ڕێكوپێكی جێبەجێ نەكراوە، هەروەها ئەو كێشانەشی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبوون چارەسەر نەكراون، جگە لەمانەش سەرۆك وەزیران هاتووە بە تاكڕەوی تەعدیلی وەزاری كردووەو بەجارێك سێ وەزیری كوردی لابردووە، لەڕاستیدا ئەمە هەنگاوێكی زۆر سلبییە پێش ئەوەی وتووێژ لەگەڵ لایەنی كوردستانی لەسەر ئەو مەسەلەیە بكات، بۆیە ئەمانە هەمووی پێویستی بەراستكردنەوە هەیە، چونكە ئەگەر وا بڕوات دیاردەی تاكڕەوی زیاتر دەبێت، بۆیە دەبێت ئەم پرسانە لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەكان باس بكرێت و هەموو پێكەوە هەوڵبدەین بیخەینەوە سەر خەتە ڕاستەكەی ڕێككەوتننامەی هەولێر كە بەپێی دەستپێشخەریەكەی سەرۆك بارزانی هاتۆتە ئاراوەو هەموو لایەك ئیمزامان لەسەر كردووە.


گوڵان: بۆ ڕاستكردنەوە یان هەوڵدان بۆ جێبەجێكردنی خاڵەكانی ڕێككەوتننامەی هەولێر، بڕیارە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بەڕێزت وەك جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق چۆن سەیری بەرنامەی ئەم سەردانە دەكەیت و تاچەند بەڕێزت بەم سەردانە گەشبینیت؟
د.رۆژ: پێش هەموو شت من ئێستا كە دەچمەوە بۆ بەغدا بەنوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی دەچم، ئەوە بخە ئەولاوە كە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقم هەیە، بەڵام ئەركی سەرەكی سەرشانی من ئەوەیە بەنوێنەرایەتی سەرۆك بارزانی چاودێری جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیە بكەم، هەروەها نامەیەكی زارەكی جەنابی سەرۆك بارزانیم پێیە بۆ ئەو لایەنەی هاوپەیمانین لەگەڵیدا كە ئەویش سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا و سەرۆك وەزیرانی عێراقە، ئەو نامەیەش بریتییە لەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی مەبەستێتی بزانێت ئایا سەرۆك وەزیران و لیستی دەوڵەتی یاسا ئامادەیە ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ بكات یان نە؟ ئەگەر ئامادەیە، ئەوا هاوپەیمانی كوردستانیش ئامادەیە شاندی خۆی بنێرێت، ئەگەر ئامادەش نەبێت، ئەوا ئێمەش بۆخۆمان جارێكی دیكە كۆدەبینەوەو بڕیاری پێویست دەدەین.
Top