مەسرور بارزانی بۆ گوڵان: بەرز راگرتنی هەستی نەتەوەیی و بەردەوامی خەباتی ئاشتیانە ئایندەیەكی رووناك دابین دەكات
August 15, 2011
دیمانەی تایبەت
مسرور بارزانی لەگەڵ ئەوەی دەرچووی زانكۆی ئەمریكایە لەواشنتۆن و یەكێكە لە پسپۆرەكانی بواری دیراساتی پێوەندییە نێودەوڵەتیەكان، لەهەمانكاتدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی كوردستانە، بەڵام بێجگە لە نازناوی پێشمەرگە، هیچ نازناوێكی دیكەی پێ خۆش نییە و بەردەوام حەزدەكات وەك پێشمەرگەیەكی رێبازی بارزانی خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت .
مسرور بارزانی لە ڕۆچوونیدا بەنێو رێبازی بارزانی نەمرو بەرنامەو پرۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئامانجی ئەوەیە لەسەر بنەمایەكی زانستی و هاوشان لەگەڵ سیاسەتی جیهانی سەردەم، بیری نەتەوەیی كوردستانی بكاتە هەوێنی بڕیارە چارەنووسسازەكانی ئاییندە، هەر لەم پێناوەشدا هەموو كات ئەو وتە بەرزە وێردی سەر زاریەتی كە دەڵێت:(یەكێتی نێوانمان سەركەوتمان مسۆگەر دەكات)، كەواتە لای مسرور بارزانی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد و كوردستانییەكان خاڵی یەكەم و دەسپێكی هەر هەنگاوێكی ئاییندەیە، ئەم یەكبوونەی داواشی دەكات، ڕێزگرتنە لەفرەیی سیاسی و بەرز ڕاگرتنی جیاوازییەكان و پێكەوە ژیان و پێكەوە كاركردنە بۆ ئەوەی بگەینە كەناری سەرفرازی.
هەروەها لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و تێگەیشتنی نێودەوڵەتی لەدۆزی كوردو چارەسەری ڕیشەیی بۆ كێشەی كورد، مسرور بارزانی لەماوەی خوێندنی لەواشنتۆن هەوڵێكی زۆریدا ئەم لایەنە بۆ بەرژەوەندی دۆزی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان وەرچەرخێنێت، هەر لەم پێناوەشدا دەستپێشخەری كرد بە دامەزراندنی سەنتەری مستەفا بارزانی بۆ ئاشتی لە زانكۆی ئەمریكا لەواشنتۆن، بۆ ئەوەی ئەم سەنتەرە بەردەوام دیراساتی ئەكادیمی لەسەر پرسی كوردو گەلانی ناوچەكە بەرهەم بێنێت و كۆنفراسی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان گرێبدات و لە هەوڵی ئەوەشدا بێت چارەسەری كێشەی كورد لە چوارچێوەی دابینكردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی سەیر بكرێت، نەك وەك پێشان كە چارەسەری ڕیشەیی كێشەی كورد وەك هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی سەیر دەكرا.
لەسەر ئاستی بایەخدانی بەلاوان و نەوەكانی ئاییندە وەك سەرچاوەی نوێبوونەوەی پارتی، مسرور بارزانی پرۆسەی بایەخدان بەلاوان و جێكردنەوەیان لەناو سەركردایەتی پارتی و دروستكردنی بڕیاردا بە پرۆسەیەكی بەردەوام دەزانێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە هەمیشە بایەخ بەلاوان بدرێت و بهێنرێنە ناو سەركردایەتی پارتی و ڕۆڵی دیاریان لە كۆمەڵگەدا پێبدرێت.
لەم چوارچێوەیەدا و بەبۆنەی 65 یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەپێویستمان زانی بەڕێز مسرور بارزانی لەسەر ئەم بۆنەیەو چەندین پرسی هەنووكەیی بێنینە ئاخاوتن، بەسوپاسەوە داواكەی گوڵانی پەسەند كردو بە سنگ فراوانییەوە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە، ئەمەش دەقی دیمانە تایبەتەكەی بەرێز مسرور بارزانی یە لەگەڵ گۆڤاری گوڵان.
* بەرێز مسرور بارزانی لەم یادە پیرۆزەدا هەستی خۆی چۆن دەردەبڕێت و پەیامی بۆ خەڵكی كوردستان و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان چییە؟
- پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی لە هەموو ئەندام ولایەنگرانی پارتی وسەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم و هیوادارم هەمیشە سەركەوتوو و سەربەرز بن.
* كاتێك باسی پارتی دەكەین ناتوانین باسی ڕێبەری نەتەوەیمان بارزانی نەمر دامەزرێنەری پارتی نەكەین، كاتێك باسی بارزانی نەمریش دەكەین، ناتوانین باسی ڕێبازی بارزانی نەكەین، ئایا بارزانی نەمر و پارتی و ڕێبازی بارزانی، پێكەوە مانای چییە؟ چۆن بتوانین بەردەوام ئەم سێ لایەنە بكەینە ئیلهامی خەباتی ئاییندەمان؟
- پارتی لە پێناو بەرگری كردن لە مانەوەی خەڵكی كوردستان و بەدیهێنای مافە رەواكانی دامەزرا. ڕێبازی بارزانیش پێكهاتووە لە خەباتی بێگەردی خەڵكی كوردستان لە پێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی خۆیان لەسەر بنەمای ئاشتی و یەكسانی و دیموكراسی. سەرۆكی نەتەوەییمان جەنابی بارزانی نەمر سیمبولی مێژوویی پاكی و دادپەروەری و خۆڕاگری وخەبات وتێكۆشانە، نەك تەنیا بۆ پارتی بەڵكو بۆ هەموو هەوادار ولایەنگرانی ڕێبازەكەی لەهەموو پارچەكانی كوردستان. بۆیە پێم وایە بەرزراگرتنی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانی و بەردەوامیدان بە خەباتێكی پاك و سەربەرزانە وئاشتیانە و سەردەمیانە، دەتوانێت ئایندەیەكی ڕووناكمان بۆ دابین بكات و دەرخەری وەفاداری ئێمەش بێت بەرامبەر بە سەرۆك ورێباز وپارتەكەمان.
* پارتی دیموكراتی كوردستان سبەینێ 65 هەمین مۆمی تەمەنی خۆی دادەگیرسێنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی دیموكراتی كوردستان بەتەمەنترین حزبی سیاسییە لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، كە تائێستاش وەك حزبی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و هێزێكی كاریگەر لەعێراقدا بوونی هەیە، پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئایا نهێنی ئەم متمانەیەی جەماوەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان چییە؟
- پارتی ماڵی هەموو خەڵكی كوردستانە و، پێش ئەوەی پارتێكی سیاسی بێت، بزووتنەوەیەكی جەماوەرییە، بۆیە لەهەر بارودۆخ و قۆناغێكی مێژووییدا هەموو چین و توێژەكان جێگەیان لەناو پارتیدا دەبێتەوە. هەر ئەم تایبەتمەندییەش وای كردووە كە پارتی بەردەوام لە خزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت. لە لایەكی تریشەوە پارتی هیچ كاتێك لەسەر حسابی خەڵكی كوردستان موساوەمەی نەكردووە و سەركردایەتی پارتی و بە تایبەت جەنابی بارزانی نەمر وسەرۆك مەسعود بارزانی هەمیشە ئامادەی خۆبەختكردن بوونە لە پێناو پاراستنی ژیان وماڵ وكەرامەتی خەڵكی كوردستان و، لە كاتی تەنگانەدا هەمیشە پارتی یەكەم پەناگە و یەكەم بەرگریكاری خەڵكی لێقەوماوی كوردستان بووە. كەواتە وەك ماڵێكی گەورە هەمیشە ئامێزی كراوە بووە و ئەم پێوەندییە نەپساوەیە وای كردووە پارتی هەمیشە جێگای متمانەی خەڵكی كوردستان بێت.
* لەسەر پێشنیاری سەرۆك مسعود بارزانی داوا لە كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا، كە هەوڵبدرێت مافی بڕیاردانی چارەنووس بخرێتە ناو بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئایا تاچەند كارتان بۆ ئەو پێشنیارە كردووە؟ ئایا لای پارتی بڕیاردانی مافی چارەنووس چ مانایەكی هەیە؟ بۆچی پارتی هێندە ئەم بڕیارەی بەلاوە گرنگە؟
- پێشنیاری جەنابی سەرۆك لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بڕوایەكی تەواوی بە یەكسانیی نەتەوەكان ومافی مرۆڤ و داوای ڕەوای خەڵكی كوردستان هەیە.
زۆرجار جەنابیان فەرموویانە كە ماف لە لایەن خواوە دەدرێت. ئێمە مافمان لێ سەندراوەو بەدەست هێنانی مافەكانمان حەقی خۆمانە. جێبەجێ كردنی هەر بڕیارێكیش پێشتر پێویستی بە بڕیار وئیرادەی جێبەجێ كردن هەیە. ئێمە تەنیا دروشم هەڵناگرین و دەزانین گەلێكی مافخوراوین و پشت بەخوا ئەو مافە ڕۆژێك وەردەگرینەوە.
* بۆ پارتی و ئەندامانی پارتی جێگەی سەربەرزییە كە ئێستا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرۆكی هەڵبژێراوی گەلی كوردستانە، لای سەرۆكی كوردستانیش مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان مەسەلەیەكی مەبدەئییە و هیچ كاتێك تەنازولی لەسەر ناكات، ئایا تاچەند ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی لەناو پرۆگرامی پارتی دیموكراتی كوردستان رەنگیداوەتەوە؟ تاچەند ئامادەن بۆ ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی قوربانی بدەن؟
- ئێمە شانازی دەكەین كە جەنابی سەرۆك نەك تەنیا جێگەی متمانەی پارتەكەیەتی بەڵكو زۆرینەی خەڵكی كوردستان متمانەی پێدەكەن و جێگەی بڕوایانە. ئەمەش بێگومان ئەنجامی مێژووی خەبات و هەڵوێستەكانی جەنابیانە. پارتی دامەزراوەیەكی سیاسیە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلەكەمان، بۆیە پارتی بەردەوام لە ئاستی متمانەی خەڵكدا دەمێنێتەوەو ڕاستگۆیانە لە پێناو خزمەتیان و وەدەستهێنانی گشت ماف وئامانجەكان هەوڵ دەدات.
* پارتی دیموكراتی كوردستان لەماوەی 65 ساڵی تەمەنیدا بەوە ناسراوە، بۆ هەموو قۆناخێك بەرنامەی تایبەتی هەبووە و لەناو نائومێدیدا سەرچاوەی ئومێد بووە، بێگومان ئێستا پارتی لە قۆناخێكدایە هەموو كوردستانییەكان چاوی ئومێدیان تێبڕیوە، ئایا بەڕای بەڕێزتان پارتی بەرنامەی بۆ قۆناخی ئێستا چییە و ئومێدی بۆ ئاییندەی كوردستان لەسەرچی چڕكردۆتەوە؟
- پارتی هەمیشە بڕوای بەخۆی و خەباتەكەی هەبووە و هیچ كاتێك هەستی نەكردووە كە پێویستیی بە موزایەدەی سیاسیی و یاریكردن بە هەستی خەڵكی كوردستان هەیە. هەمیشە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان بڕیاری داوەو داڕشتنی بەرنامەكانیشی لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژووشدا لەسەر بنەمای توانای جێبەجێكردنی ئەو بەرنامانە بووەو، لەهەموو ئەزموونێكیش سەركەوتوو بووە. پارتی دروشم لەپێناوی دروشم و ڕاكێشانی هەست وسۆزی خەڵك بەرز ناكاتەوە، هەر كاتێ بڕیاری بەرزكردنەوەی دروشمێكیدا هەموو هەوڵێك دەدات جێبەجێی بكات. ئێستاش پارتی هەست بە هەستیاری ئەم قۆناغە دەكات و خۆشی ئامادە دەكات بەشێوەیەكی واقعیانە و لۆژیكی هەڵسوكەوت لەگەڵ ڕووداوەكان بكات.
* پارتی لە قۆناخی خەباتی چەكداریدا هەموو كات بڕوای بە خەباتی بەرەیی و پێكەوە كاركردن هەبووەو پێشەنگ بووە لە دامەزراندنی بەرەی نیشتمانی دیموكراتی(جود)، دواتریش بەرەی كوردستانی، ئەم گیانی بەرەیی و پێكەوە كاركردنە بووە مایەی دامەرزاندنی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا باردۆخەكە گۆڕدراوە، پارتی یەكێكە لە حزبە فەرمانڕەوایەكانی كوردستان و لەبەرامبەردا حزبی ئۆپۆزسیۆن هەیە، ئایا بەرنامەی پارتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن چۆنەو هەروەها چۆن سەیری ئۆپۆزسیۆن دەكات؟
- پارتی لە قۆناغی خەباتی چەكداری و ئێستاش لە سەردەمی حوكمڕانیدا، هەموو مەبەستێكی خزمەتی خەڵكی كوردستان و دابینكردنی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان بووەو دەبێت. بۆیەشە هەر لایەن وپارت و گرووپێك لە پێناو دەستەبەركردنی ئامانجەكانی گەلەكەمان خەبات بكات، پارتی بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت و دەستی دۆستی و هاوكاریی بۆ درێژ كردووە. ئێستاش كە یاسا و رێسای حوكمرانی و ئۆپۆزسیۆن هەیە، پارتی وەك لایەنێك ملكەچی یاساو ئیرادەی خەڵكی كوردستان مامەڵە دەكات وهەمیشە ڕێزی لە دەنگ و بڕیاری خەڵك گرتووە كە لە هەڵبژاردنەكاندا دەریدەخەن.
* پارتی هەر لەسەرەتای دامەزراندییەوە خۆی وەك پارتێكی دیموكراتی ڕاگەیاندووە، بەرێزتان دەزانن لە دیموكراتیدا هیچ پارتیك تاسەر پارتی فەرمانڕەواو تاسەر پارتی ئۆپۆزسیۆن نییە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەگەر ڕۆژێك پارتی بووە ئۆپۆزسیۆن، لای ئێوە ئۆپۆزسیۆن بوون چ مانایەك دەگەیەنێت؟
- ئەوەی بڕوای بە دیموكراسیەت و پرۆسەی هەڵبژاردن هەبێت دەبێ ملكەچی ئەنجامەكانیشی بێت. لە هەر هەڵبژاردنێكدا لایەنی براوە دەبێتە دەسەڵات و لایەنی دۆڕاویش ئەگەر بە پێی ڕێكەوتن لەگەڵ لایەنی براوە بەشداری لە دەسەڵات و حكومەتدا نەكات، دەبێتە ئۆپۆزسیۆن. ئۆپۆزسیۆن پێویستە بەر لە هەر شتێك رێز لە را و دەنگ و ئیرادەی خەڵك بگرێت و تا هەڵبژاردنی داهاتوو بەشێوەیەكی شارستانیانە هەوڵی راستكردنەوەی هەڵەو شكستەكانی خۆی بدات. لایەنی دەسەڵاتیش بەرنامەیەكی ڕاگەیەندراوی هەیە كە خەڵك چاوەڕوانی جێبەجێكردنی دەبن. بۆیە دەسەڵات ئیلتیزامی جێبەجێ كردنی ئەو بەڵێنانەی لەسەرە كە لە كاتی هەڵبژاردندا بە خەڵكی داوەو بەهۆیانەوە متمانەی خەڵكی وەرگرتووە. هەركاتێ لایەنی دەسەڵات نەیتوانی لە هەڵبژاردنێكدا سەركەوتن بەدەست بێنێت، پێویستە بچێتە شوێنی ئۆپۆزسیۆن و هەوڵ بدات رێگایەكی شارستانیانە بگرێتەبەر بۆ گەیشتنەوە بەدەسەڵات لە هەڵبژاردنی داهاتوویدا، هەروەها بەردەوام رێنوێنی وچاودێری دەسەڵات بكات بە رێگە یاساییەكان و بە بەشداریی ئەكتیڤی ئەندامەكانیان لە پەرلەمان و بەكارهێنانی شێوازی سەردەمیانە. بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن خۆیان بە خزمەتكاری خەڵك بزانن و ململانێی سیاسیی نێوانیان دەسكەوت و بەرژەوەندیەكانی گەل و وڵات نەخاتە مەترسیەوە. كەواتە پێویستە ئۆپۆزسیۆن ودەسەڵات راستگۆ بن لەگەڵ گەلەكەیان و خەڵك نەكەنە قوربانیی هیچ دەسكەوتێكی سیاسی و شەخسی. پارتی وەك لایەنێكی سیاسی پابەندی ئیرادەی خەڵك دەبێت لە هەر شوێنێك خۆی ببینێتەوە.
* ئێستا لەسەر ئاستی ناوچەكەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەپۆلی كۆمەڵێك گۆڕانكاری ڕووی كردۆتە ناوچەكە، بەتایبەتی سوریا كە راستەوخۆ دراوسێی هەرێمی كوردستانە، بەرێزتان چۆن ئەو گۆڕانكارییانە بەگشتی و بارودۆخی سوریا تەماشا دەكەن و پەیامتان بۆ كوردی سوریا چییە؟
- ئەو گۆڕانكاریانەی لە ناوچەكەدا دەیبینین ئاماژەن بۆ ئەو راستییەی كە هیچ هێزێك لە ئیرادەی گەل بەهێزتر نییە و هیچ رژێمێكی سەركوتكاریش تا سەر دەوام ناكات. ئێمە پشتگیری لە مافی گەلان و بەرفراوانبوونی سیستەمی حوكمڕانیی دیموكراسی لەهەموو ناوچەكەدا دەكەین و پشتگیری لە مافە ڕەواكانی كورد لە سوریا دەكەین و هیوادارین بگەنە كەناری ئاشتی و ئارامی و بەگشت مافەكانیان شاد ببن.
* بەڕێزتان دەزانن، كاتێك حزب لە حكومەتدا بێت و حزبی فەرمانڕەوا بێت، بەردەوام رەخنەی لێدەگیرێت و بەگەندەڵی تۆمەتبار دەكرێت، لەم چوارچێوەیەشدا كادرانی پارتی كە ئێستا لەناو حكومەت كاربەدەستن، پەنجەی تۆمەتی گەندەڵییان بۆ درێژ دەكرێت، ئایا ئێوە ڕاتان بەرامبەر ئەو تۆمەتانە چییە؟ ئایا سیاسەتی پارتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چییە؟ تاچەند لەرێی پارتیەوە كار بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی دەكەن؟
- ناكرێ حزب یان دەسەڵات بەگشتی تاوانبار بكرێت. ئەوەی كار بكات لەوانەیە هەڵەش بكات، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە هەڵەكان بەردەوام نەبێت. ئێمە بەهیچ شێوەیەك پشتگیری لەگەندەڵی ناكەین چ لەدەسەڵاتدا بێت یان دەرەوەی دەسەڵات و كەسیش بێبنەماو لەخۆمانەوە تاوانبار ناكەین. یاسا هەیە و دادگا تەنیا شوێنە كە دەتوانێت بڕیار بدات كێ لەگەندەڵی تێوەگلاوە. ئەگەر كەسێك لەناو پارتی بە گەندەڵی تۆمەتبار بكرێت وەك هەر كەسێكی ئاسایی پێویستە ڕووبەڕووی دادگا و یاسا ببێتەوە. پارتی دژی گەندەڵییەو هەموو هێزی خۆی بۆ پاڵپشتی لە چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی دەخاتە كار.
* سەرۆكی كوردستان بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لە بەهاری ئەمساڵدا قۆناخی یەكەمی بەرنامەی چاكسازی خۆی راگەیاندو لە ناوەڕاستی حوزەیرانیش قۆناخی دووەمی ڕاگەیاند، ئایا وەك پارتی دیموكراتی كوردستان چۆن سەیری ئەو بەرنامەیەی جەنابی سەرۆك دەكەن؟ تاچەند هاوكاری سەرۆكن بۆ ئەوەی بەرنامەكەی سەركەتوو بێت؟ ئایا بەڕای بەرێزت تا ئێستا بەرنامەكەی تاچەند سەركەتوو بووە؟
- بەرێز جەنابی سەرۆك بڕوای پتەوی بەحوكمڕانی دادپەروەرانەو دڵسۆزانە هەیەو هەڵمەتێكی بەرفراوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەو بنبڕكردنی گەندەڵی دەستپێكردووەو بێ فەرق و جیاوازی هەركەسێك بە بەڵگەی سەلمێنەر لە گەندەڵی تێوەگلابێت ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت. ئێمە ئەو هەڵمەتەی جەنابی سەرۆك بە بەرز دەنرخێنین و پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ بەڕێزیان دووبارە دەكەینەوە. پێموایە بنبڕكردنی گەندەڵی پێویستیی بە میكانیزمێكی پاك و بێگەردە كە ڕێگە لە ئەنجامدانی گەندەڵی بگرێت نەك تەنیا بەدواداچوونی ئەو گەندەڵیەی كە كراوە بكات. ئەمەش لەبەرنامەی جەنابی سەرۆكدا هەیە. بێگومان ئەوانەی گەندەڵی دەكەن بەرژەوەندییان دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیەش هەوڵی پاساوهێنانەوەو دواخستنی ئیجرائات دەدەن، بەڵام هیوادارم بە هاوكاری خەڵكانێكی دڵسۆز پەلە لە سەركەوتنی بەرنامەی بەرێزیان بكرێت.
* دروشمەكانی پارتی لە كۆنگرەی 13 بریتی بوون لە (نوێبوونەوە و دادپەروەریی و پێكەوەژیان) بێگومان لەم پرسیارەدا جەخت لەسەر نوێبوونەوە دەكەین، ئایا مەبەستان لەنوێبوونەوە چی بوو، چیتان كردووە، تاچەند توانیوتانە جێگە بۆ نەوەی نوێ لەناو پارتی بكەنەوە؟
- نوێبوونەوە كۆتایی نایەت، واتە تەنیا یەكجارو بۆ مەبەستێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی بەردەوام و سیستماتیكییە. نوێبوونەوە مانای گۆڕانی سیستەمێك بە سیستەمێكی دیكەش نییە، بەڵكو بەردەوامیە لە خۆ گونجاندن لەگەڵ قۆناغەكانی هەنووكەیی و ئامادەبوونە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكانی داهاتوو. ئێمە لە ناو پارتیدا هەم بەرنامەی نوێمان هەیە بۆ ئەم قۆناغە، هەم ژمارەیەكی بەرچاو لە كادیرە پێشكەوتووەكانی پارتی هاتوونەتە سەركردایەتی كە درێژەپێدەری رێبازە پیرۆزەكەی بارزانین و ئومێدێكی زیاتریان بۆ توێژی گەنج و دڵسۆز بەرهەم هێناوە كە رێگەی پێشكەوتن و سەركەوتن لە ناو پارتیدا كراوە و فراوانە.
* لایەنێكی دیكە كە پێویستە لەم یادە ڕاشكاوانە وەك ڕەخنە رووبەڕووی پارتی بكەینەوە، گلەیی و گازندەی خەڵكی سلێمانی و گەرمیانە، ئێمە وەك گوێبیستی ڕەخنەكانیان بووین، خەڵكی ئەو ناوچەیە گلەیی ئەوە لەپارتی دەكەن، كە بایەخدانی پارتی بەو ناوچانە لەئاستی خەباتی قوربانیدانیان نییە، ئایا بەڕاستی پارتی ئەو ناوچانەی فەرامۆش كردووە؟ ئەگەر فەرامۆشی نەكردووە پەیامی بەرێزت بۆ خەڵكی ئەو ناوچانە چییە؟
- رەخنەو گلەیی خوشك و برایانمان لەسنوورەكانی گەرمیان و سلێمانی بەدڵێكی فراوان قبوڵ دەكەین و مافی خۆیانە چاویان لە پارتی بێت بایەخێكی زیاتر بەو سنوورانە بدات. هەموو شارو شارۆچكەو هەر بستێكی وڵاتەكەمان خۆشەویست وجێگەی بایەخە، بەڵام بەداخەوە هەندێك ڕووداوی ناخۆش لەماوەی ڕابردوودا هێزو تواناكانی پارتیی لەو شوێنانە سنووردار كرد. سەرەڕای ئەم گرفتانە بەهیچ شێوەیەك فەرامۆش نەكراون و لە كۆنگرەی ١٣ بڕیاری پارتیمان ئەوە بووە كە گرنگی بەو سنوورانە بدرێت. چۆن پارتی پێشتر پێشڕەوی خەبات و تێكۆشان بووە لەو سنوورانە، لەمەولاش هەوڵی نزیكبوونەوەی زیاتر لە خواستی خەڵكی ئەم دەڤەرانە دەدات و لە هێڵی پێشەوەی ئاوەدانی و سەقامگیركردنی بارودۆخ و خزمەتی خەڵكەكەدا دەبێت. داوا لە هەموو خوشك وبرایانی خۆشەویست دەكەم كە هاوكارمان بن، پارتی لە خزمەتیاندا بەردەوام بێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.
* وەك تێبنی دەكەین بەڕێزت زیاتر سەردانی ناوچەكانی هەولێر و بادینان دەكەیت، تا ئێستا نەمانبینوە ناوچەكانی گەرمیان و هەڵەبجە و سلێمانی بەسەر بكەیتەوە، ئایا بەنیازن نین ئەو ناوچانە بەسەر بكەنەوە؟
- زۆرم پێخۆشە سەردانی هەموو ناوچەكان بكەم هەرچەندە چەندین جار چووم بەڵام پێمخۆشە زیاتر لە خزمەتی خوشك و برایانم لەو ناوچانەدا بم. ئەوەی راستی بێت هەموو چالاكییەكانم بەبەرچاوی كامێرادا نەبوون و مەبەستم زیاتر خزمەتكردن بووە نەوەك خۆدەرخستن. هیوادارم شانسی ئەوەم هەبێت زیاتر دەرفەتی كاركردنم لەو سنوورانەش بەركەوێت.
* لە مانگی ئاییندە یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە، ئەم شۆڕشە یەكێكە لە گەورەترین شۆڕشەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان، ئایا چۆن خۆتان بۆ یادكردنەوەی ئەو بۆنەیە ئامادەكردووە؟
شۆڕشی گەورەی ئەیلول، شۆڕشی دروستكردنی هەستی نەتەوایەتی و فراوانكردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان بوو، بۆیە لەسەر هەموومانە ئەم یادە بەرز بنرخێنین و بەڵێن دوپات بكەینەوە كە تا بەدیهێنانی هەموو مافەكانی خەڵكی كوردستان بەردەوام بین و ئەوەی پێویستە لەسەرمان درێغی نەكەین. لە ئێستادا لە هەموو وردەكارییەكانی ئامادەكاری بۆ یادی شۆڕشی ئەیلول ئاگادار نیم، بەڵام هیوادارم هەر تاكێكی ئەم وڵاتە لە لای خۆیەوە بەڵێنی وەفاداری و درێژەپێدان بە خەباتی شەهیدە سەربەرزەكان و پێشمەرگە قارەمانەكان و گەلە تێكۆشەرەكەمان بدات و بەم شێوەیە ئەم یادە پیرۆز ڕابگرین.