مایكل ئایزنستات بۆ گوڵان: ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە دەستدرێژی دەوڵەتانی دراوسێ بۆ سنوورەكان خراپتر دەبێت
August 10, 2011
دیمانەی تایبەت
مایكل ئایزنستات یەكێكە لە گەورە تۆژەرانی ئامۆژگای واشنتۆن بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك و بەڕێوەبەری پرۆگرامەكانی دیراساتی سەربازی و ئاسایشە لە ئامۆژگای ناوبرا و تایبەتمەندە لە وڵاتانی كەنداو، كاروباری ئاسایشی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و پێش ئەوەشی پێوەندی بە ئامۆژگای واشنتۆنەوە بكات، ئایزنستات وەك شرۆڤەكاری سەربازی هەتا ساڵی 1989 لەگەڵ حكومەتی ئەمریكا كاریكردووە، تاساڵی 2010 ش یەكێك بووە لە گەورە ئەفسەرەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق و لە بارەگای سەرەكی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كاریكردووە، بۆ قسەكردن لەسەر بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كاتی دیاریكراوی خۆی بەپێی رێككەوتنی (SOFA) لەنێوان ئەمریكاو عێراق و پێداویستی عێراق بۆ مانەوەی ئەم هێزانە، پێوەندیمان بە بەڕێز مایكل ئایزنستات لە ئامۆژگای واشنتۆن كرد و بەڕێزی بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن و وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە، ئەمەش دەقی ئاخاوتنەكەیە.* كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق یەكێكە لەو هەنگاوانەی كە كاریگەری لەسەر ئاییندەی دیموكراسی لە عێراقدا هەیە، بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەتەكە، واشنتۆن و بەغدا دەبێت ئەو هێزانە لە كۆتایی ئەمساڵدا بكشێنەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ ڕاددەیەك ئەم كشانەوەیە ڕەوشی ئەمنی وڵاتەكە دەخاتە مەترسیەوە؟ ئایا پێشبینی چ شتێكی دیكە دەكەیت لە پاشەكشەپێكردنی ئەم هێزانە؟
- سەرەتا ئێمە دڵنیانین لەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە كۆتاییدا دەكشێنەوە، پێدەچێت حكومەتی عێراق ئەوەی خستبێتەڕوو كە ئامادەی گفتوگۆكردنە لەبارەی ئەم پرسەوە. ئێمە نازانین ئەنجامی ئەم گفتوگۆیە چی دەبێت و نازانین ئایا لە دەرئەنجامدا دەبێتەهۆی گەیشتن بە بڕیارێك بۆ بانگهێشتكردنی هێزەكانی ئەمریكا بۆ ئەوەی بمێننەوە لە دوای كۆتایی ئەم ساڵەوە. هەروەها حكومەتی عێراق ئەوەی خستۆتەڕوو كە خوازیاری كڕینی فڕۆكەی شەڕكەری F16یە، ئەم فڕۆكانەش پێویستیان بە ڕاهێنەر هەیە. پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا بكشێنەوە، ئەوا ئەگەرێكی مەنتیقی، ئەگەر نەڵێین ئەگەرێكی باش هەیە كە ئاستی ناسەقامگیری لە عێراقدا بەرز دەبێتەوە، لە كاتێكدا ئەگەر هێزەكانی ئەمریكاش بمێننەوە ئەوا هێشتا تەحەددی لە ئارادا دەمێنێت، بەڵام بوونی ئەمریكا لەو وڵاتەدا بۆ ئەوەیە یارمەتی عێراقیەكان بدات بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو تەحەددیانە ببنەوە، هەروەها ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا بمێننەوە، ئەوا ئەو بارودۆخەی ئێستا لە ئارادایە كە بێ كەموكوڕی و كێشە نییە، بەڵام باشترە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو - بەردەوام دەبێت. ئەگەر هێزەكانی ئەمریكاش بكشێنەوە، ئەوا ئەگەری زۆر ئەوەیە ناسەقامگیریەكی زیاتر بێتەئاراوە و ڕەنگە شەڕ و ناكۆكیش ڕووبدات.
* مەسەلەی بڕیاردان لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەلایەن عێراقەوە بۆتە پرسێكی سیاسی، بۆتە كارتێكی سیاسی، واتە تێكەڵی بەرژەوەندی سیاسی كراوە، چونكە ئێمە دەزانین كە هەر پێكهاتەیەكی عێراقی ئەم مەسەلەیە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكار دەهێنێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەر عێراقیەكان و پێكهاتە سیاسییەكان نەتوانن بگەنە ڕێككەوتنێكی هاوبەش، ئایا ئەمریكا پاشەكەشە بە هێزەكانی دەكات؟
- عێراقیەكان ئەوەیان ڕاگەیاندووە كە ئەوان بیر لە ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بەرگری خۆیان و وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەكەنەوە، بەپێی تێگەیشتنی من سوپای ئەمریكا پێویستە لەوە بكۆڵێتەوە ئایا ئەم بناغەیە بە تەنیا بەسە بۆ هێشتنەوەی هێزەكانی لە دوای كۆتایی ئەم ساڵەوە. من دڵنیانیم لەوەی هێزەكانی ئەمریكا بتوانن لە دوای كۆتایی ئەم ساڵەوە بمێننەوە ئەگەر ڕێككەوتنێكی ڕەسمی نەبێت كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە موسادەقەی لەسەركرابێت. هەروەها هەروەك ئێوەش ئاماژەی پێدەكەن ئەگەری ئەوەش هەیە سیاسەت ڕێگە لە گەیشتن بە ڕێككەوتن لەنێوان هەردوو وڵاتدا بگرێت.
* بە پێی لێكدانەوەی فەرماندەكانی سوپای ئەمریكا، دۆخی ئەمنی ساڵی ڕابردوو باشتر بوو بە بەراورد بە ئەمساڵ، هەروەها هەمیشە مەترسی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ هەیە لەكاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چۆن ئەم مەسەلەیە لە سیاسەتی ئەمریكا لەبەرچاو دەگیرێت؟
- ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، ئەوا پێموایە ئەمە هۆكاری ئەوەیە بەرپرسەكانی ئەمریكا گوزارشتیان لە ئامادەیی خۆیان كردووە بۆ هێشتنەوەی سوپا لە عێراقدا لە دوای كۆتایی ئەم ساڵەوە، ئەویش ئەگەر عێراقیەكان داوای مانەوەیان لێبكەن، بەڵام ئەمە بڕیارێكی عێراقیە و پێویستە بڕیارێكی عێراقی بێت و لەچوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەم بڕیارە بدرێت و ئێمە ناتوانین هێزەكانمان لەدوای كۆتایی ئەم ساڵەوە بهێڵینەوە بێ ئەوەی عێراقیەكان داوامان لێبكەن. ئەگەر ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگە بەلایانەوە، ئەوا دەبێت دەست لەو سیاسەتە هەڵگرن و ئەو كارە بكەن كە پێویستە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی عێراق لەبەرچاو بگیرێت لە ناوچەیەكدا كە خێری عێراقیان ناوێت.
* دەوڵەتە دراوسێكان سنوور دەبەزێنن و بۆمباران دەكەن، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت كە هێزەكانی عێراق توانای پاراستنی سنوورەكانیان نییە، كەواتە ئایا تا چ ڕاددەیەك كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەروازە بۆ دەستێوەردانی دەرەكی دەكاتەوە؟
- ئێستا كە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدان ئەمە ڕوودەدات، بۆیە پێموایە خراپتریش دەبێت ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا وڵاتەكە جێبهێڵن. ئەمە پرسێكە تێیدا دەتوانین یارمەتی هێزە ئەمنیەكانی عێراق بدەین بۆ ئەوەی خۆیان بەم كارە هەڵبستن، بەڵام لەم مەسەلەیەدا كە پەیوەستە بە كردەوەكانی ئێرانەوە، ئەم كردەوانە لە ناوچەیەكدا ئەنجام دەدرێت كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كۆنتڕۆڵكراوە و دەبێت ئەم پرسە لە نێوان بەغدا و هەولێر و بە پشتیوانی ئەمریكا یەكلابكرێتەوە. من لەوە دڵنیانیم ئەگەر هێزەكانی ئەمریكاش بمێننەوە، ئەوا كردەوەی لەم شێوەیە ڕوونادات، بەڵام ئەگەر ئەمریكا بكشێتەوە، ئەوا دۆخەكە خراپتر دەبێت.
* كوردەكانیش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بە هەڕەشە بۆ سەر سەقامگیری هەرێمی كوردستان دادەنێن، كە تەنیا ناوچەی سەقامگیری عێراقە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەمریكا سەقامگیری هەرێمی كوردستان بە ئیعتیبار وەردەگرێت، لەبەر ئەوەی دەكرێت ئەمە بە تاقە دەستكەوتی ئەمریكا لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ئەژمار بكەین؟
- بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەمە لەبەرچاودەگرین، بەڵام دووبارەی دەكەمەوە ئەمە بڕیارێكی عێراقیە، ئەمریكاش ئەوەی ڕاگەیاندووە ئەگەر داوای لێبكرێت ئەوا دەمێنێتەوە، ئەمە مەسەلەیەكە دەبێت عێراقیەكان لەنێو خۆیاندا یەكلابكەنەوە. ئەمریكا كارێكی زۆری لەدەست نایەت جگە لەوەی ڕایبگەیەنێت ئێمە ئامادەین ببینە دۆست و هاوپەیمانی عێراقیەكان، بەڵام هەندێ شتیش هەیە كە دەبێت عێراقیەكان بیكەن بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات.
* ئەمریكا خوازیارە هەندێ هێز لە عێراق بهێڵێتەوە، ئایا ئەركەكانی ئەم هێزانە چی دەبن؟
- دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ عێراقیەكاندا بكرێت لە بارەی ژمارەی ئەم هێزانەوە. ئەركەكانیشیان بریتی دەبێت لە یارمەتیدانی عێراقیەكان بۆ ڕاوەدونانی تیرۆریستان و هێرشكردنەسەر تیرۆریستان و گرووپە میلیشیاییەكان، یارمەتی عێراق دەدەن لە مەشقپێكردنی هێزە ئەمنیەكانی، هەروەها یارمەتی عێراقیەكان دەدەن لە بونیادنانی متمانە بە خۆیان بۆ ئەوەی بەرهەڵستی بكەن لە دەستێوەردانی دەوڵەتە ئیقلیمیەكان لە كاروباری عێراقدا.
* ئایا پێتوایە ئەمریكا هیچ هێزێك لە هەرێمی كوردستان جێدەهێڵێت، ئەویش بۆ ئەوەی یارمەتی حكومەتی هەرێم بدات لە وەستاندنی ئەم بۆردومانانە؟
- من نازانم، هەرچەندە ئەمە شتێكی زۆر مومكینە. هەروەها ئەمە دەوەستێتەسەر بەغدا و هەولێر.
* دوا وتەت چییە؟
- خوێنێكی زۆری ئەمریكی و عێراقی ڕژاوە بۆ ئەوەی عێراق ببێتە خاوەنی ئەو سەقامگیریەی ئێستا هەیەتی و ئەو فۆرمی حكومەتە دیموكراسیەی ئێستا هەیەتی. زۆر گرنگە بەردەوام بین لە كاركردن لەگەڵ یەكدا بۆ ئەوەی بینا لەسەر ئەو دەستكەوتانە بكەین كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەدەستهاتوون. هیوادارم حكومەتی عێراق كاری ڕاست بكات بۆ ئەوەی بوار بەوە بدات ئەم پێوەندییە لە داهاتوودا بەردەوام بێت.