دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك بۆ (گوڵان): دەبێت هەرێمی كوردستان بەرنامەی خۆی هەبێت بۆ دوای گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان

دكتۆر نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك بۆ (گوڵان): دەبێت هەرێمی كوردستان بەرنامەی خۆی هەبێت بۆ دوای گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان
كێشەی كەركوك، كێشەی ناسنامەی كوردستانییەكەی نییە، لەبەر ئەوەی كەركوك بەشێك بێت لەناو ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان یان وەك ئێستا لەدەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەك شارەكانی دیكەی سلێمانی و هەولێر و دهۆك شارێكە ناسنامەی كوردستانی لەعێراقدا هەیە، بوونی ناسنامەی كوردستانیش بۆ شارەكانی كوردستان مانای ئەوە نییە ئەو شارە تەنیا هاووڵاتیانی نەتەوەی كوردی تێدادەژی، بەڵكو مانای ئەوەیە هاووڵاتیانی كوردستان بەجیاوازی نەتەوەو ئایینەوە پێكەوە وەك برا دەژین و پێكەوە بەرەو ئاییندەیەكی باشتر هەنگاو هەڵدەگرن، كەركوك نموونەیەكی زێدەگرنگە بۆ بەرجەستەكردنی پێكەوەژیان و لێبوردەیی، هەربۆیە ئێستا هەموو هەوڵی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بۆ ئەوەیە ئەم شارە بكاتە نموونەی پێكەوە ژیانی برایانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان و پێش ئەوەی ریفراندۆم مەسەلەی گەڕانەوەی كەركوك بۆسەر هەرێمی كوردستان یەكلاییبكاتەوە، رێككەوتن و پێكەوە كاركردنی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی(كورد و توركمان و عەرەب و كلد و ئاشوری) ببێتە ئەو زەمینەیەی كە كەركوك نەهامەتییەكانی ساڵانی پێشتری بیربچێتەوە و پرۆسەیەكی پەرەپێدان و فراوان و خێرای ئەوتۆ لەو شارە دەست پێبكات كە قەرەبووی ساڵانی پێشتری بۆ بكاتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر كاروبارەكانی ئەم شارە و هاریكاری و هەماهەنگی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان، گوڵان بووە میوانی بەڕێز د.نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك و لە دیمانەیەكی تایبەتدا بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە:
* چۆن كەركوك بكرێتە شارێكی پێكەوە ژیان و باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە دانیشتوانەكەی بكرێت؟ ئایا چ پلانتان بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆژەیە خستۆتە بواری جێبەجێكردنەوە؟
- ئێمە ئێستا هەموو پێكەوە خەریكین و پێكەوە دەژین و رۆژانە یەكتر دەبینین و لەگەڵ یەكتر دادەنیشین و لە بارەی كار و پرۆژەو بارودۆخی كەركوك كۆ دەبینەوەو گفتوگۆ دەكەین، ئێمە پرۆژەیەكی یەكجار زۆرمان بۆ شاری كەركوك لە پلاندایەو دەستمان پێكردووە، ئەگەر سەردانی ناو شار بكەیت كەم شوێن هەیە كاری لێ نەكرێت، بەڵكو لە هەموو لایەكەوە دەست بەكار و پرۆژەكراوە، بە هەمان شێوە لە دەرەوەی شاریش لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری كار و پرۆژە خراوەتە واری جێبەجێكردن و پێشكەوتن. چەندین پرۆژەی ستراتیژیمان بۆ شاری كەركوك هەیە وەكو پرۆژەكەی ئاوی خواردنەوە كە لە كۆتایی ساڵی 2011 تەواو دەبێت و هەنگاو و كاری پراكتیكی كراوە بۆ چارەسەركردنی گرفتی كارەبا، هەروەها وا دەكەین ئەو خەڵكانەی ئاوارەن و لەناو خانوو و بینایەی حكومەت دەژین، شوێنیان بۆ دابین بكەین بۆ ئەوەی خانوو و بینا حكومیەكان چۆڵ بكرێن و لەلایەن حكومەتەوە سوودی لێ وەربگیرێت.

* بەپێی ئەو بودجەیەی لەبەردەستتانە ئایا دەتوانن وەك پێویست خزمەتی هاووڵاتیانی كەركوك بكەن و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكەن، یان بەرێگەی وەبەرهێنان هەندێك پرۆژەیان بۆ جێبەجێ بكەن؟
- كار و پرۆژەكانی پارێزگای كەركوك جیاوازە لە پرۆژەكانی وەبەرهێنان، ئێمە وەك پارێزگا لە كار و پرۆژەی خزمەتگوزاری بەردەوامین و بەپێی ئەو پلانەی دامانناوە پرۆژەمان زۆرە، سەبارەت بەوەی بۆچی چەند مانگێك لە جێبەجێكردنی كار و پرۆژەكان دواكەوتین؟ بێگومان مەسەلەكە تەنیا لەبەر ئەوە نەبوو بودجەمان نەبوو، بەڵكو پێویست بوو پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا، پێش ئەوەی ساڵەكە تەواو بێت هەموو پرۆژەكانی خۆیان ئامادەبكەن، بەڵام هیچ كار و پرۆژەیەكیان ئامادە نەكردبوو، بەڵام ئێمە هەر چۆنێك بێت هەوڵمانداوەو خەریكین ئەو ماوەی لە دەست چووە قەرەبووی بكەینەوە تاوەكو بتوانین كار و پرۆژەكان ئەنجام بدەین، سەبارەت بەلایەنی وەبەرهێنانیش دەتوانم بڵێم لایەنی وەبەرهێنان لە كەركوكەوە بەرەو گەشەكردنە، خەڵكی وەبەرهێن زۆر دێن و دەیانەوێت كار و پرۆژەی هەمەجۆر ئەنجامبدەن، هەر لە كارەباوە تا دەگاتە جوانكاری شارەكە و پرۆژەی نیشتەجێبوون، داوام لە ئەنجوومەنی پارێزگا كردووە بۆ ئەم لایەنە كارەكان زوو بڕوێنن و سستی لە كارەكان نەكرێت تاوەكو وەبەرهێنەكان بێزارنەبن و وەبەرهێنەكانیش لەوە تێگەیشتوون كە هاوكاری و پشتگیریان دەكرێت، بۆیە لەمەودوا دەبینرێت كە پرۆژەی وەبەرهێنان لە كەركوك دەكەوێتە مەیدانی كار و جێبەجێكردنەوە.

* لە چاو ساڵانی رابردوو پێوەندی نێوان پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا بەرەو باشی رۆیشتووە، چونكە ساڵانی رابردوو پێوەندی نێوانیان باش نەبوو و كێشە هەبوو، هەروەها ئایا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاكان رای تۆ چۆنە؟
- پێوەندیمان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگا زۆر باشە بەتایبەتی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەن، لە بارەی هەڵبژاردنەوە ئێمە پێمان خۆشە هەر ئەمڕۆكە هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام ئەمە بە بڕیاری بەغداوە دەبێت و پەرلەمانی عێراق دەبێ بڕیار بدات و ئێمەش بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ بەغدا هەوڵمانداوە و داوامانكردووە پەلە بكەن بۆ ئەوەی زوو هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام كێشە هەیە..

* نزیكبوونەوەی پێكهاتەی توركمان لە كورد ئەمە رێككەوت بوو یان كاری بۆ كراو چەند كاریگەری هەیە لەسەر باشبوونی بارودۆخی ئەمنی لە شارەكەدا؟
- نزیكبوونەوە لە توركمان گەورەترین كاریگەری لەسەر بەڕێوەبردنی شارەكە هەیە، چونكە ناو شاری كەركوك لە ئەسڵدا هەر كورد و توركمانی تێدابووە، ئینجا ئەم دوو پێكهاتە ئەگەر لەگەڵ یەكتر رێكبكەون و لەگەڵ یەكتر كار بكەن، ئەوە كار و رەوشی شارەكە باشتر دەبێت، لەبەر ئەوەی متمانە لەنێوان هەردوولا زیاتر دەبێت، راستە ئەوان توركمانن و ئێمە كوردین لەوانەیە بۆچوونی جیاواز لە نێوانماندا هەبێت، بەڵام لە زۆر شتدا دەتوانین یەك بگرینەوە و ئەو شتانەی لەسەریشی رێك ناكەون نابێ ببێتە هۆی ئەوەی لە یەكتر دوورمان بخاتەوە.

* لەگەڵ پێكهاتەی عەرەب لە كەركوك چۆنن، بۆچی ئەندامانیان بایكۆتی كۆبوونەوەكان دەكەن؟
- هەموو ئەندامانی پێكهاتەی عەرەبی كەركوك لە ئەنجوومەنی پارێزگا و لەناو ئیدارەش بایكۆتی ئیدارە و كۆبوونەوەكان ناكەن، وەك دەبینین جێگری پارێزگار و بەشی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا جگە لە چەند كەسێكیان نەبێت هەموویان رۆژانە دەوام دەكەن و بەشداری لە كۆبوونەوەكان دەكەن، هەر بۆ نموونە مانگانە جارێك كۆبوونەوەی هەموو قەزا و ناحیەكانمان هەیە، لەم كۆبوونەوانەدا هەر هەموو قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ئامادەدەبن، هەربۆیە كە دەڵێن عەرەب بایكۆتی كۆبوونەوەكان دەكەن، ئەمە ڕاست نییە تەنیا عەبدوڵڵا عاسی و دوو كەسی تر لە ئەنجوومەنی پارێزگا نایەن بۆ كۆبوونەوە، بەڵام ئەوانەش رۆژانە دێنە پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگا و داوای شت دەكەن و كاریان لێمان دەوێت تەنیا ناچنە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، واتە كە دەڵێن عەرەب بایكۆتی كردووە وا نییە بایكۆتیان نەكردووە، چونكە ئەو كاتە بە بایكۆت دادەنرێت كە هەر هەموویان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان لە كۆبوونەوەكان بەشدار نەبن، ئەو تێڕوانینەی هەیە و دراوە، وانییە و هەڵەیە.

* هەندێ جار ململانێی سیاسی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەناوچەكانی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان روودەدات، ئایا ئەمە كاریگەری لەسەر بارودۆخی شاری كەركوك و بەتایبەتی لەسەر یەكگرتوویی كورد لەم شارە كردووە؟
- ئێمە لە كەركوك ئەو كێشەیەمان نییە و نێوان حزبە سیاسییەكانی كورد باشە و ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنن وەكو گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ پێوەندی باشمان لەنێواندا هەیە و لەگەڵمان لە كار و ئیش هاوكارن و تا ئێستاكە بۆ ئێمە هیچ كێشەیەكیان دروست نەكردووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە هاوكاریشمان دەكەن، بە تەئكید لایەنی یەكێتی و پارتیش زۆر باشن و هەموولایەك هاوكاری باشی ئێمەن.

* ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتەكان هاوكاری شاری كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی ئەو سنوورە دەكەن بۆ ئەنجامدانی كار و پرۆژە بەتایبەتی ئەمساڵ؟
- ئێمە لە پارێزگای كەركوك تا ئێستا هیچ یارمەتیەكمان بۆ نەهاتووە لە بوودجەی ئەمساڵەداو وابزانم بۆشمان دانەنراوە، نەك ئەمە زەمالەی خوێندن هەیە بۆ دەرەوە، یەك زەمالەی خوێندن بۆ خەڵكی كەركوك دانەنراوە، هەروەها (25) هەزار دامەزراندن لە هەرێمی كوردستان هەیە لەمەش یەك كەسی كەركوك دانەنراوە دابمەزرێت، لەبەر ئەوە ئێمە داوا دەكەین كەركوك هەر بە قسە ناگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵكو دەبێت بەجدی ئاوڕی لێبدرێتەوە.

* سەبارەت بەوەی كارەبا لە هەولێرەوە بدرێت بە كەركوك گوایە هەندێ كێشەی هەیە، بەچی گەیشت؟
- ئێستا خەریكین كێشەكان چارەسەر دەكەین و نزیكەوتووینەوە بگەینە رێككەوتن.

* سەبارەت بە ماددەی 140 كە پێشتریش خۆت بابەتت لەسەر نووسیووەو ئەندامیش بووی لەو لیژنەیەی بۆ جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە دانرابوو، ئایا ئەم ماددەیە بەچی گەیشتووە، بەتایبەتی ئێستا كە هەندێ كەس و لایەن دژی جێبەجێكردنی وەستاون و كاردەكەن؟
- هەڵبەتە خەڵك هەیە دژی ماددەی(140)ـە، بەڵكو خەڵك هەیە دژی دەستووری عێراقیشە، بەڵام دژایەتی خەڵك بۆ ماددەی(140) مانایەی ئەوە نییە كە نابێت ئەم ماددە دەستوورییە جێبەجێ نەكرێت، ماددەی(140) ماددەیەكی دەستوورییە هەڵبەتە جێبەجێكردنیشی تەنیا لە كەركوك خۆی نییەو جێبەجێكردنی بەندە بە بەغداوە و بەندە بە هەرێمی كوردستان و بەندە بە خودی كەركوكیشەوە، ئێمە تا ڕاددەیەك لە كەركوك ئیش و كاری خۆمان بەشی خۆمان دەكەین ئەویش ئەوەیە كە پێكهاتەكانی ناو كەركوك پێوەندی نێوانیان باش بێت، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ ماددەی(140) بكرێت و جێبەجێ بكرێت، ئێمە تا ئێستا لە پلە و قۆناغی یەكەمین كە ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكەیە و تا ئێستا ئەم قۆناغە كۆتایی نەهاتووە، ئەمەش هۆكاری زۆرە لەوانە تا ئێستا سنووری پارێزگای كەركوك نەگەڕاوەتەوە شوێنی خۆی و ئەمەش دەبێ لە پەرلەمانی بەغداوە بڕیاری لەسەر بدرێت و تا ئێستا كە لە كەركوك كێشەیەكی زۆر لەسەر موڵكایەتی هەیە، لەبەر ئەوەی لە كاتی خۆیدا حكومەتی عێراقی دەستی بەسەر زۆر موڵكی كورد و توركمان داگرتووە و داویەتییە خەڵكی تر و تا ئێستا كە بۆ خاوەنەكانیان نەگەڕاوەتەوە، ئەمانە بەشێكە لە ئاساییكردنەوە بۆ ماددەی(140)، هەروەها ئێمە خەڵكێكی زۆرمان هەیە كە لەكاتی خۆی دەركراون و ئاوارەبووینە لە عەمەلیەی ئەنفال و تەعریبكردنی شاری كەركوك، ئەمانەش تا ئێستا كە لەبەر چەند هۆیەكی هونەری ماددەی(140) نەیانی گرتۆتەوە تاوەكو بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و قەرەبوو بكرێنەوە.

* دەنگۆی ئەوە هەیە دووبارە هەندێ عەرەب گەڕاونەتەوە بۆ شاری كەركوك، یا لەناوچەكانی تری عێراقەوە روویان لە پارێزگای كەركوك كردووە، ئایا شتی وا هەیە؟
- نەك گەڕاونەتەوە، بەڵكو زۆر كەم لەم ماڵانە تا ئێستا چووینەوەو لە كەركوك دەرچووینە، خەڵكێكی زۆر قەرەبووكراینەوە و ئیمزایانكردووە كە لە كەركوك دەربچن و بگەڕێنەوە بۆ شار و شوێنی خۆیان، بەڵام تا ئێستا لە كەركوك ماونەتەوە، گرنگ لای ئێمە ئەوەیە كە ئەوانە لە بڕیاردانی ئاییندەی كەركوك بەشدار نەبن و لەم چەند ساڵانەی رابردوو خەڵكێكی زۆر بە بیانووی ئەوەی كە شاری كەركوك لەو شارانەی خۆیان كەمتر توندوتیژی تێدایە هاتۆتە ناو كەركوك و لە ئەسڵدا خەڵكی كەركوك نین، هەر بۆ نموونە لە دیالە خەڵێكی زۆر هاتوونە و ناناسرێن و نازانین كێن، ئەمانەش بێگومان كاریگەریان لەسەر بارودۆخی ئەمنی كەركوك هەیە، لەلایەكی تر ئێستا كە بارودۆخی دیالە لە ڕووی ئەمنیەوە زۆر باشە با ئەوانە بۆ شوێنی خۆیان بگەڕێنەوە، چونكە ئەمانە قورساییان لەسەر كار و پێداویستی و خزمەتگوزارییەكانیش هەیە وەكو ئاو و كارەبا و...تاد. گەرچی دەزانین خەڵكی خۆمان پێویستیان بەم كار و خزمەتگوزاریانە هەیە و خۆمان تا ئێستاش كەموكوڕیمان لە بوارەكانی خزمەتگوزاری هەیە و بارگرانی ئەم خەڵكەش زیاتر باری خزمەتگوزاریەكانیان قورس كردووە.

* ئەگەر ماددەی(140) جێبەجێ نەكرێت چی لە كەركوك روودەدات؟
- بەڕاو بۆچوونی من ماددەی(140) ماددەیەكی دەستووریە و دەبێ هەموو ماددەكانی دەستوور جیبەجێ بێت، نەك تەنیا ماددەی(140)، ماددەی(140) رێگەی داناوە بۆ چارەسەركردنی ئاییندەی كەركوك و ئەو كێشانەی كە لە كەركوك هەیە و ساڵانە روویداوە، بەڵام ئێمە ئەوەیش دەزانین قۆناغی سێیەمی ماددەكە ئەویش ریفراندۆم و دەنگدانە، من پێموایە دەبێت رێككەوتنێك لە لەنێوان پێكهاتە نەتەوەییەكانی كەركوك وەك (كورد و توركمان و عەرەب و كلد و ئاشووری) هەبێت بۆ ئەوەی ئەو قۆناغەش كۆتایی پێبێت، راستە ئێمە وەك كورد لەدەنگدانەكە لەوانەیە بتوانین زۆرینەی دەنگ بەدەست بهێنن بۆ ئەوەی بڕیار بدەین بگەڕێینەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەگەر رێككەوتن لە نێوانماندا نەبوو ناتوانین بە ئارامی بژین، هەر بۆیە دوای ئەوە ئێمە لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆك كۆماری عێراق و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەردوو لاش پارتی و یەكێتی لە هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە، باسی ئەوەمان كردووە، كە پێویستە لە هەرێمیشەوە بزانرێت كاتێك كەركوك دەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەرنامە بۆ كەركوك چییە؟ لە ئێستاوەش دەبێ ئەو بەرنامەیە ئامادە و دیار بكرێت و ئێمە هەندێ بۆچوونی خۆمان هەیە بەوانمان وتووە، ئەوەش گرنگە بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە دڵنیبابن كە دێنەوە هەروا نایەنەوە بەبێ هیچ شەرت و قەیدێك، مەرج هەیە، چونكە ئەو خەڵكەی دێتەوەش مافیان هەیە، لەبەر ئەوەی شاری كەركوك وەكو هەولێر و سلێمانی دهۆك و گەرمیان نییە، چونكە كەركوك سێ نەتەوەی تێدایە و كلد و ئاشوریشی تێدایە راستە ئەوان كەمن، بەڵام ئەوانیش مافیان هەیە.

* سەبارەت بەباری ئەمنی كەركوك، بەم دوایەش بەهۆی كاری تیرۆریستی قوربانییەكی زۆری لە كەركوك كەوتەوە، بەڕێزت چۆن سەیری سەقامگیری كەركوك دەكەیت و تاچەند ئەو كارانە مەترسی لەسەر سەقامگیری كەركوك دروستكردووە؟
- ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە باری ئەمنی لە كەركوك ئارامە و رووداوی گەورە رووی نەداوە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئێمە پاڵی لێبدەینەوە و وابزانین هەروا دەمینێت، چونكە ئەم تیرۆیستانە سروشتیان وایە ماوەیەك خۆیان بێ دەنگ دەكەن و خۆیان بۆ كاری تر ئامادە دەكەن، بۆیە دەبێ ئێمە زۆر وریابین، بە تەئكید دەبێ وریابین كە زۆرجار تەقینەوەی دووەم دەبێت، بۆیە داواكارین لە كاتی رووداوی تەقینەوەكان لە شوێنەكە كۆنەبنەوە، ئێستاكە لە كەركوك ئیجرائاتی ئەمنیمان بەهێزكردووە لەچەند لایەكەوە بەتایبەتی لەلای بازگەكانی سنووری رۆژئاوا و خوارووی كەركوكەوە كە خەڵك لەم سنوورانە دێنە ناو كەركوك ژمارەی ئاسایش و پۆلیسمان لەم شوێنانە زیادكردووە و ئامێر و تەكنۆلۆژیای باشمان داناوە بۆ دۆزینەوەی تەقەمەنی و هۆكارەكانی تیرۆریستی و وامانكردووە كە پۆلیسی هاتووچۆ هەموو ئۆتۆمبێلێكی بێ ژمارە رابگرێت و تۆماری بكات بۆ ئەوەی بزانی هی كێیە، داوامانكردووە ئەو شوێنانەی خەڵك لی دەحەوێنەوە و دەمێنێتەوە وەك ئوتێل و مۆتێل، ناویان تۆمار بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو كەسانە كێن، لەبەر ئەوەی بۆی هەیە لەناو ئەو كەسانە تیرۆیست هەبێت. هەروەها وامانكردووە ئەو شوێنانەی كە كراون بە شوێنی حەوانەوە و مۆڵەتیان نییە دابخرێن و لە هەمان كاتدا تەنسیق هەبێت لەنێوان هەموو لایەنەكانی ئاسایش و ئەمنی شارەكەدا بۆ ئەوەی ئاگاداری یەكتر بن لەكارەكانیاندا.

* لەگەڵ دەنگۆی كشانەوەی سوپای ئەمریكا توندوتیژی لە عێراق زیادی كردووە، ئایا ئەو توندوتیژیانەی كەركوكیش پێوەندی بە عێراق و بەم دەنگۆیە هەیە؟
- هۆی زیادبوونی كاری تیرۆریستی بەڕاوبۆچوونی من پێوەندییەكی ئەوتۆ و راستەوخۆی نییە بەكشانەوەی ئەمریكا، بەڵام كشانەوەی ئەمریكا بە بۆچوونی ئێمە بۆ عێراق خراپە، لەبەر ئەوەی تا ئێستا عێراق ئەو توانایەی نییە كە ئاسمان و سنووری خۆی بپارێزی و تیرۆریست تا ئێستا لە عێراق ماون و كاری خراپ دەكەن، بۆیە لەم رووەوە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا یارمەتی عێراق دەدات، بەتایبەتی لەو روەوە كە وڵاتانی هاوسنوور بیر لەوە نەكەونەوە كاری خراپ لە عێراق ئەنجام بدەن و هێزە ئەمنیەكانی عێراق بە پۆلیس و سەربازەوە پێویستی بە مەشق كردن هەیە تاوەكو كارەكانیان باشتربێت، ئەمانەش ئەمریكا دەتوانی بیكات و هاوكاری عێراق بێت، لەبەرئەوە بەڕای ئێمە باشترە ئەگەر بێتو حكومەت و پەرلەمانی عێراق داوا لە ئەمریكا بكەن بۆ مانەوەیان لە عێراق بەبێ ئەو داوایە ئەمریكا ناتوانی بمێنێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی توندوتیژیەكی زۆر لە عێراقدا بەڕای ئێمە.

* بە گشتی ئەو گرووپانە كێن كە توندوتیژی و كاری تیرۆریستی لە شاری كەركوك ئەنجام دەدەن؟
- لە كەركوك ئەو گرووپە سەرەكیانەی كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن قاعیدە و نەقشبەندییەكان و كۆنە بەعسین و ئەنسار سوننەن، بەڵام لەناو ئەمانەش خەڵكی تر هەیە دز و جەردەن كە خەڵك دەڕفێنن بۆ پارە، بێگومان تیرۆریستەكان مەبەستیان ئەوەیە كە ئاژاوە و پشێوی لە كەركوك بنێنەوە، بۆ ئەوەی پێكهاتەكانی ناو كەركوك نێوانیان تێك بچێت، تاوەكو ئەمەش كاریگەری لەسەر هەموو عێراق هەبێت، هەر بۆیە ئەوان پێیان ناخۆشە ئەمڕۆكە پێكهاتەكانی كەركوك لە نێوان خۆیان گونجاون، راستە جیاوازی سیاسی هەیە و بۆچوونی جیاجیا هەیە، بەڵام ئەمانە سروشتین، بەڵام تیرۆریستان دەیانەوێت بارودۆخی عێراق هەر چۆنێك بێت تێك بدەن، بەتایبەتی ئێستا لەهەندێك لەو وڵاتانەی پێشتر لێی بوون ئێستا جێگەیان لەق بووە و دەیانەوێت لە عێراق جێگەیەك بۆ خۆیان بكەنەوە.

* پێشتر لە نیویۆرك تایمز و واشنتۆن پۆست نووسینت هەبوو، بۆچی ئێستا نووسینت نەماوە؟
- من ئێستا پارێزگاری كەركوكم، ئەو كاتە سەرۆكی ئەنستیتوتی كورد بووم لە واشنتۆن، كارەكانیش جیاوازی هەیە. بۆی هەیە لە ئاییندەدا نووسینم ببێت، بەڵام وەكو پارێزگاری كەركوك.
Top