د. نەجمەدین كەریم: زانیاریمان هەیە بەشێك لەسەركردەكانی حزبی بەعس لە سوریاوە هاتوونەتە حەویجە و لەگەڵ تیرۆریستان خۆیان ئامادەدەكەن بۆ تێكدانی بارودۆخی كەركوك
March 26, 2011
دیمانەی تایبەت
كاتێك سەردانی كەركوك دەكەیت ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەبینیت كە تاچەند دانیشتووانی ئەم شارە خۆڕاگربوون و لەهەموو خزمەتگوزاری و پێشكەوتنێك فەرامۆشكراون، ئەمڕۆ كەركوك لەبەردەم مەترسیدایە، مەترسی پیلانی دوژمنان و هێزە شۆڤێنییەكان لە نێوخۆی عێراق و دەرەوە، هەر بۆیە لەهەموو كات زیاتر پێویستە تاكی كوردو پارتە سیاسییەكان هۆشیارییان هەبێت بەرامبەر بەمەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كە ناكرێت موزایەدەی لەسەر بكرێت. لەم بارودۆخەدا پرسیار ئەوەیە ئایا بارودۆخی كەركوك بەكوێ گەیشتووە؟ ئایا تاچەند ئیدارەی كەركوك سەركەوتوو بووە لەخزمەتكردنی دانیشتووانی كەركوك؟ گەڕانەوەی كەركوك بۆ باوەشی نیشتمان بەكوێ گەیشت؟ هێرشی ئەم دواییەی شۆڤێنییەكان و كۆنترۆڵكردنی حەویجەو ڕیاز بۆ چی مەبەستێك بووە؟ گۆڕینی پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك تاچەند خزمەت بە گۆڕینی بارودۆخەكە دەكات؟ ئەمەو چەندین پرسیاری ترمان ئاراستەی دكتۆر نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئەندامی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، كە ئەمە دەقەكەیەتی:ئەو بەعسییانەی كە لەسوریاوە هاتوون ئامادەكاری بۆ تێكدانی بارودۆخەكە لە كەركوك دەكەن
گوڵان: بۆچی هەر دەبێت مێژووی كەركوكییەكان وا بێت، كەبەردەوام لەقۆناغە مێژووییەكاندا بكەونە بەردەم هێرش و پیلان، لەلایەكی ترەوە خەڵكەكەی بێبەش بوون لەخزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، كەچی سەرەڕای ئەمە كەركوكییەكان زیاتر وابەستەی مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانن، پیلانی شۆڤێنییەكان دژ بەكوردەكانی ئەم شارە چییە هەست ناكەیت كەركوك لەمەترسیدایە؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: تەعریب و تەرحیل و ژینۆسایدكردنی دانیشتووانی كەركوك بەتایبەتی نەتەوەی كورد مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە، ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی عێراق دەستێكی بەرچاویان لەم هێرش و پیلانانەدا هەبووە، بەبەعسی كردن و گۆڕینی نەتەوە سیمایەكی دیاری ئەو ڕژێمە فەرمانڕەوانەی بەغدا بووەو زۆریش باس كراوە. من زیاتر دێمە سەر دوای ساڵی 2003 كەئەو كاتە بە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادكردنی عێراق، لە كەركوك قۆناغێكی نوێ هاتە ئاراوە، هەلێكی گەورە بوو بۆ كورد كە بتوانێت لەكەركوك بارودۆخێكی تازە دروست بێت و پێوەندییەكی دروست و باش لەنێوان پێكهاتەكانی لێبكەوێتەوە، من بەخراپی نازانم دان بەوەدا بنێین كە هەڵەمان لەو كاتەدا هەبووە، كە هۆكارێكی ئەو هەڵەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خەڵكانێكی زۆر لەم شارە دەركرابوون، كاتێك گەڕاونەتەوە نەتوانراوە وەك پێویست ڕێكبخرێن و پێداویستییەكانیان بۆ فەراهەم بكرێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەو كاتەوە كە ئیدارەی كەركوك دامەزراوە ئەو ئیدارەیە كەموكوڕی تێدا بووە، لەبەر ئەوەی ئیدارەكە بەپەلە دروستكرابوو، وا پێشبینی دەكرا دوای ماوەیەك گۆڕانكاری تێدا بكرێت چ لەڕێگای هەڵبژاردنەوە یا لەڕێگای ترەوە، كاتێكیش لەكەركوك جگە لە2005 تا ئێستا وەكو پارێزگاكانی تری عێراق هەڵبژاردن نەكرا، بۆیە كەموكوڕی ڕەنگی داوەتەوە و، بەداخەوە كەركوكییەكان لەو هەلە بێ بەش بوون.
باری ئێستای كەركوك لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی تێدا ئەنجام نەدراوە ئەو بەرپرسانەی چ لە ئەنجومەنی پارێزگا چ پارێزگار خۆی لە2005 تاكو ئێستا لەو پۆستانە ماونەتەوە، ئاشكراشە لە دیموكراتیترین وڵاتدا ئیدارەیەك زۆر بمێنێتەوە تەنانەت كارەكەشی چەند باش بێت خەڵكەكە تووشی بێزاری دەبێت، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی خەڵكی كەركوك بەپەرۆشن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكەركوك ئەنجام بدرێت و خەڵكی تازە هەڵبژێرن، هیوادارین ئەمجارە هەڵبژاردنەكان لەكەركوك بەلیستی كراوە بێت، بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت دەنگ بەكێ دەدات. كەركوك لەگەڵ ئەو خزمەتگوزارییەی بۆی كراوەو ئەو پارەیەی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە بۆی خەرجكراوە كەموكورتی زۆری تێدایە، هەردوولا پارتی و یەكێتی هاوكاری و پارەیان بۆ كەركوك سەرفكردووە، بەداخەوە لەبەرئەوەی ئەم كارانە هەمووی بەشێوەی دوو حزب كراوە بەشێوەی ئیدارەیەكی یەكگرتوو نەكراوە كەوا بەرنامەو كارەكان بەشێوەیەك ڕێكبخرێت، بۆ ئەوەی بزانرێت لەكوێ باشترە ئەو پارەیە خەرج بكرێت، ئەمانە هەمووی لەو هۆیانەن كە وایكردووە تاراددەیەك خەڵكی بێزار بن. لەم كاتەدا كاتێك لە 25ی مانگدا بانگەوازی خۆپیشاندان لەهەموو عێراقدا كرا كەركوكیشی گرتەوە، ئەوەی سەركردایەتی بانگەوازی دەكرد دووجۆر خەڵك بوون، جۆرێك هاوڵاتیبوون كە هەستیان بەكەموكوڕی و نەبوونی خزمەتگوزاری دەكرد كە بەدینەهاتبوو، لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە دەیانوویست دەنگی خۆیان بگەیەننە بەرپرسان، ئەمەش مافێكی سروشتی و ئاسایی هەموو هاووڵاتییەكەو لە هەموو شوێنێكدا خەڵكی ئەو مافەی هەیە، بەڵام ئەم خەڵكانەی كە مافی ڕەوایان هەبوو خەریكبوو لەلایەن پاشماوەكانی بەعس و تیرۆریست و هێزە شۆڤێنییەكانی دژ بە كورد كە ئارامی كەركوكیان بێ خۆش نییەو دەیانەوێت بارودۆخی كەركوك بۆ پێش 2003 بگەڕێننەوە ویستیان نییەتی باشی ئەم خەڵكانە بەلای خۆیاندا ڕابكێشن بۆ ئەوەی بۆ كاری خراپ لەناو كەركوك بەكاری بهێنن، تەنانەت ئەم داواكارییانەیان نەدەشاردەوەو داواكاری زۆر خراپ بوون و باری كەركوكی تێك دەدا، لەوانە:
1- كەركوك نابێت بگەڕێتەوە سەر كوردستان.
2- هێزی پێشمەرگەو ئاسایش نابێت لەكەركوك بمێنێت.
3- لەكەركوك و ئەو ناوچانەی زۆرینەی كوردی نییە نابێت بارەگای پارتە سیاسییەكانی كورد بمێنێت.
4- ماددەی 140 دەستووری نییەو ئیعترافی پێ ناكەین و نابێت جێبەجێ بكرێت.
لەپشت ئەم خاڵە سەرەكییانەشەوە دەیان پیلان و مەرام و مەبەستی تر هەبوو كە هەر هەمووی دژ بە كوردەكانی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی هەرێمی كوردستان و مافە ڕەواكانی سەرجەم پێكهاتەكانی تری دانیشتووانی كەركوك بوو، ئەوەبوو لای هەموو لایەك ڕوون و ئاشكرا بوو كە ئەو گروپ و تاقمە لە حەویجەو چەند شوێنێكی تری پارێزگای كەركوك خۆپیشاندان بكەن و دەسەڵاتی ئەو شوێنانەیان بە تەواوەتی ئیفلیج كردوو خۆیان داگیر و كۆنترۆڵ كرد، تەنانەت بارەگای ئەنجومەنی قەزایان لەحەویجەو ڕیاز سووتاندو بەتەواوەتی دەستیان بەسەر هەموو دەزگاكاندا كرد، گرفتەكە لەوەدایە لەناو ئەم گروپ و تاقمانانە تیرۆریست و كەسانی بەدەر لە یاسا هەیە، زانیاریمان لەلایە سەركردەی حزبی بەعس لە سوریاوە بەشێكیان هاتوونەتە حەویجە لە پارێزگای كەركوك، ئێستاكە بەشێك لەو سەركردانەی حزبی بەعس كە لەسوریاوە هاتوون لەگەڵ تیرۆریستان لەحەویجە ئامادەكاری دەكەن بۆ تێكدانی بارودۆخەكەو خۆ ئامادەكردن بۆ كاری خراپ.
پێویستە مافی ڕەوای خەڵك لە مافی خراپی گروپ و تاقمی تر جیا بكەینەوە
گوڵان: پێتوانییە پێویستە تاكی كورد لەهەموو كاتێك زیاتر وابەستەی مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بێت، تاچەند هەموو لایەنەكان و حزبە كوردستانییەكان لەسەر مەسەلەی نەتەوەیی كەركوك یەك دەنگن؟ ئایا ئەو گروپ و تاقمانەی كە بەڕێزت باسی دەكەی سوودی لەو نائارامییە وەرگرتووە كە خۆپیشاندانەكان لەپارێزگای سلێمانی تووندوتیژی لێكەوتۆتەوەو جۆرێك لە نائارامی لەهەرێمی كوردستان ڕوویداوە؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: پێش ئەوەی 25ی ئەم مانگە بانگەوازی خۆپیشاندان بكرێت لەسلێمانی خۆپیشاندان هەبووە، ڕەنگە كەسانێك وا لێكی بدەنەوە كە هاتنی هێزی پێشمەرگەو خۆ ئامادەكردنی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بەمەبەستی بەهانا هاتنی كەركوكییەكان بۆ ئەوەیە سەرنجی خەڵك لە خۆپیشاندانی شوێنەكانی تری كوردستان جیا بكەنەوە، كە بەحەقیقەت وانییە. ئەو تاقم و گروپانەی دەیانەوێت لە پارێزگای كەركوك نائارامی بخەنەوەو هێرش بكەنە سەر خەڵكی مەدەنی زۆر زووتر سەرقاڵی پیلان و خۆڕێكخستنەوەن، خۆپیشاندان لەهەرێمی كوردستان هەبێت ئەم توندڕەوو تیرۆریستانە هەر سەرقاڵی پیلان بوون، پێویستە مافی ڕەوای خەڵك لە مافی خراپی گروپ و تاقمی تر جیا بكەینەوە، خەڵكی ئێمە هەیە لەكەركوك بەتایبەتی كوردی كەركوك ناڕەزایەتی زۆری لەسەر خزمەتگوزاری و بارودۆخەكە هەیە، بێكاری و نەبوونی كارەباو مانەوەی زۆری خوێندكار بەوەی كاتێك ئامادەیی تەواو دەكەن جێگەیان نییە بچنە زانكۆكانی كوردستان، چونكە كوردەكانی كەركوك ناتوانن بچن بۆ زانكۆكانی موسڵ و بەغدا، خەڵكی خۆمان لەكەركوك داخوازی ڕەوای لەئیدارەی كوردستان هەیە، بەڵام ئەم حاڵەتە زۆر زۆر جیاوازە لەگەڵ ئەو كەسانەی كە بۆ مەبەستی خراپ دەیانەوێت ئیستغلالی ئەو وەزعە بكەن، خەڵك پێویستە زۆر وریا بن، بۆیە پێش 25ی مانگ چووینەتە ناو خەڵكی خۆمان و پێمان وتوون نابێت: ئێمە وەكو كورد لەكەركوك لەگەڵ گروپ و تاقمی بەعسی و تیرۆریستی بەشداری خۆپیشاندان بكەین. هەر بۆیە لەكەركوك كوردەكان كەسیان بەشداری خۆپیشاندانیان نەكردوو، بە بڕوای من كوردی كەركوك بەهەموو بۆچوون و لایەنگرانی حزبەكانەوە هەست بەوە دەكەن كەركوك مەسەلەیەكی نەتەوەییە و گرنگەو دەبێت یەكهەڵوێست بن لەسەری، وابزانم هەموو حزبەكانیش لەسەر ئەوە یەكن كەئەمە مەسەلەیەكی نەتەوەیی و چارەنووسسازە.
گوڵان: لەم قۆناغە ناسكەی كە كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، چۆن بتوانین هۆشیاری نەتەوەیی و نیشتمانییەكان بەراددەیەك لای تاكی كورد بەرز بكرێتەوە، كە ئەو چوارچێوەیە بێت كە تێیدا هەموو داخوازی و داواكارییەكانی تری هاووڵاتییانی تێدا كۆبكرێتەوە؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: من لێرەدا بەتایبەتی باسی كەركوك دەكەم، بە ڕای من ئەو هەنگاوانەی لەم دواییەدا نرا، ئەو بەیاننامەیەی لەلایەن هەموو حزبەكان دەركرا، و دواتر هاتنی جەنابی كاك كۆسرەت ڕەسول و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێرەو كۆبوونەوە لەگەڵ هەموو حزبەكان و داواكاری لێیان كە بەشداری هەر گۆڕانكاری و چاكسازییەكان بكەن كە لەكەركوكدا روودەدەن و دەبێت دەنگیان تێیدا هەبێت ئەمانە هەمووی وادەكات كە هەموو هێزە كوردستانییەكان واباشترە پێكەوە كاربكەین بۆ شتی باش و بەیەكیشەوە كەموكوڕییەكان ببینین، ئەم نموونەیەی ئەمڕۆ لەكەركوك هەیە دەبێت هەمان نموونە لەسلێمانی و هەولێر و دهۆك و سنجار و خانەقین و هەموو شوێنێكی تر هەبێت، مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان خاڵی هاوبەش و چارەنووسسازە و ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر تاكی كورد وریاو شارەزایە لەو پیلانانەی دژ بەكەركوك و كوردەكان دەكرێت.
لەكەركوك پێویستیمان بەوەیە
هیچ لایەنێك وەكو حزب تەسەروف نەكات
گوڵان: باست لەكەموكوڕی كرد، پێتوانییە كاتی ئەوە هاتووە پاڵپشتی و پشتگیری لەدامەزراوەكان بكرێت و ئەو دامەزراوانەی ئەمڕۆ لەكەركوكدا هەیە پێویستی بەگۆڕانكاری و چاكسازی هەیە، بەراددەیەك لەلایەك لەئاست پیلانەكاندا بن كە دژ بەكورد دادەڕێژرێت و لەلایەكی ترەوە چارەسەری بنەڕەتیی بۆ كێشەو گرفتەكانی ڕۆژانەی هاوڵاتییانیش هەبێت؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: لەكەركوك پێویستیمان بەوە هەیە هیچ لایەنێك وەكو حزب تەسەروف نەكات، پارتی و یەكێتی و گۆڕان و زەحمەتكێش و یەكگرتوو كۆمەڵ و پارتەكانی تر پێویستە لەڕێگەی دامەزراوەكانەوە خزمەت بەشارەكەو ئەزموونەكەمان بكەن، لەكەركوك ئیدارەو پارێزگاو ئەنجومەن و دامودەزگاكان هەن، وەكو پێشتر باسم كرد ڕەنگە چاكسازی و گۆڕانكاری پێویست بێت، لەم گۆڕانكارییەش پێویستە بیر لەوە نەكەینەوە ئەم پۆستە هی یەكێتییەو ئەمە هی پارتییەو یان هی فڵانە حزبی تر، ئێمە دەبێت بەشێوەیەك تەماشای بكەین جێگەو پۆستمان هەیە با باشترین كەسی بۆ دەستنیشان بكەین، جا پارتی بێت یا یەكێتی یا گۆڕان یا ئیسلامی یا كوردو توركمان و عەرەب، پێویستە لە دامەزراوەكان باشترین و پرۆفیشناڵترین كەس دانرێت كە خزمەت بەخەڵكی كەركوك بكات، گەر بەوشێوەیە مامەڵەمان كرد من لەو بڕوایەم هەموو لایەنگر و ئەندامانی ئەو حزبانەو خەڵكی كەركوكیش بەهەموو پێكهاتەكانییەوە سوودمەند دەبن و دڵیان پێ خۆش دەبێت و لێی ڕازی دەبن، پێویستە پۆست و دامەزراوەكان لەڕێگەی خەڵكی پاك و دڵسۆزو لێهاتوو شارەزاوە لە كەركوك بەڕێوە ببرێت. ئەم حاڵەتە لەكوردستانیش پێویستمانە، لەم پێناوەشدا قسەكراوەو ڕێككەوتن كرا كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو هەموو كێشەیە بدۆزرێتەوەو هەنگاوی پراكتیكیش دەنرێت.
لە كەركوك دووبارە تەماشای هەموو ئەو پۆستانە دەكرێتەوە كە پێوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە
گوڵان: بڕیارە بەم نزیكانە گۆڕانكاری لەزۆربەی پۆستە گرنگەگانی كەركوك دا بكرێت، لەناویاندا پۆستی پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەن و سەرۆكی پۆلیس و بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان و چەندین پۆستی تر، ئایا لەسەر وردەكاری زیاتری ئەو گۆڕانكارییانە ڕێككەوتوون؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: گۆڕانكاری ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە پۆستێك بەدەست یەكێكی زۆر باشیشەوە بێت دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك، پێویستە گۆڕانكاری لە شوێنەكەیدا بكرێت، ناكرێت كەسی باشیش تەنیا لەیەك وەزیفەدا سوودی لێوەربگیرێت، بۆ نموونە بەڕێوەبەر یا بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتییەكی پۆلیس بۆ دەبێت 7- 10 ساڵ لەو پۆستەیدا بێت و لەهەمان شوێندا بێت، لەهەموو جیهان گواستنەوەو ڕێكخستنەوەی كار پرۆسەیەكی بەردەوامەو كاریگەری باشی لەسەر پێشخستن و پەرەپێدانی كارەكان هەیە، ئەمە ئەگەری گەندەڵی و كەموكوڕی كەم دەكاتەوەو خەڵكەكان زیاتر باوەڕیان پێی دەبێت، یەكێك ماوەیەكی زۆر لەشوێنێك بێت خۆشی گەندەڵ نەبێت دەوروپشتەكەی وایلێدێت و لەسەر یەك شێوەی كاركردن ڕادێن، بۆیە دەبێت لە كەركوك دووبارە تەماشای هەموو ئەو پۆستانە بكرێتەوە كە پێوەندی بەبەرژەوەندی گشتییەوە هەیە تاوەكو بەباشترین شێوە خزمەتی خەڵكی ئەم شارە بكرێت.
گوڵان: ئایا بەڕێزت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك لە جێی عەبدولڕەحمان مستەفا پارێزگاری ئێستای كەركوك دەستنیشانكراوی؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: تاكو ئێستا هیچ دەستنیشان كردنێك نییە، بەڵام باسی گۆڕانكاری لەپۆستەكاندا هەیە، تا ئێستا هیچ كەسێك بۆ هیچ شوێنێك دیاری نەكراوە، ئەوە لەنێوان لایەنەكاندا باسی لێوەدەكرێت و چی باش بێت بۆ دانیشتووان و خەڵكی بەئەمەكی كەركوك ئەوە ئەنجام دەدرێت.
رۆڵی ڕۆشنبیران
ئەرك و بەرپرسیاریەتییە
گوڵان: رۆشنبیران چۆن دەتوانن لەم قۆناغەدا خەڵكی هۆشیار بكەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەچوارچێوەی دامەزراوە شەرعییەكاندا چاكسازی بكەن؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: ڕۆشنبیران لەم قۆناغە ناسكەو گرنگەی كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت ڕۆڵێكی باشیان هەیە لە پرۆسەی هۆشیاركردنەوەی نەتەوەیی و دەرخستنی كەموكوڕییەكان، پێویستە ئەم ڕۆڵە بەئینسافەوە بێت كاری باش بەجوانی و بە باشی بكرێت و كەموكوڕییەكانیش وەكو خۆی ئاماژەی پێ بكرێت و بڵاوبكرێنەوە. ڕۆشنبیر ئەركی گەیاندنی ڕاستییەكانە بۆ دەسەڵات و زمانحاڵی نەتەوەیە، ئەم ڕۆڵەش ئازادنە لەكوردستاندا پیادەدەكرێت و ئازادانە نووسین و قسەدەكرێت، هەر بۆیە من پێموایە ڕۆشنبیران هەروەكو چۆن ئەركیان لەسەر شانە هەرواش بەرپرسیارێتیشیان دەكەوێتە ئەستۆ.
گوڵان: بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری و گەڕانەوەی ئەو مافە بۆ هەرێمی كوردستان چی كراوەو ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك پێوەندی بەو هەنگاوەوە هەیە؟
دكتۆر نەجمەدین كەریم: سەبارەت بەگەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ماددەی 140ی دەستووری هەیە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت، لەوانەیە وا پێویست بكات لەهەنگاوی دوایەمی ماددەكەدا ڕێككەوتنێك هەبێت لەسەر دوا بڕگەی جێبەجێكردنەكە، بەڵام بەماددەیەكی دەستووری دەمێنێتەوە، حكومەتی نوری مالیكی خۆی و كوتلەكەی هەموو ئەوەیان ئیمزاكردووە كە دەبێت ماددەكە جێبەجێ بكرێت و تەنانەت هەنگاوەكانیش دیاریكراون و ڕێككەوتنامە لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 هەیە، لەم ڕوانگەیەوە پێموایە كە بڕیاردراوە لە داهاتوودا لەكەركوك چی بكرێت، ئەمەش چارەنووسە. سەبارەت بەكوردستان بەگشتی بە ڕای من كورد وەكو هەموو میللەتێكی تر مافی چارەنووسی هەبێت و ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.
من لە ئاییندەی كەركوك گەشبینم، ئەم گەشبینییەش بەو مانایە نایەت كەبەرنامەو كارمان نەبێت، بەڵكو دەبێت بۆ چارەنووسی ئەو بەشە گرنگەی نەتەوەكەمان كاری جددی بكەین، چونكە بەو شێوەیەی ئێستا غەدرێكی زۆر لەكەركوك دەكرێت، كەركوكێكی دەوڵەمەند بەنەوت كە دەیان ساڵە عێراق بەخێو دەكات، كاتێك بەو شێوە ئیهمالییە دەبینرێت ئەمە غەدر لەخەڵكی كەركوك و خاكەكەی دەكرێت، بۆیە دەبێت ئێمە سەیری بارودۆخی خەڵكی ئەم شارە بكەین بزانین چۆن باشی بكەین، ئەم واقیعە پارێزگاكە و شوێنە دابڕاوەكانی تری كوردستانیش دەگرێتەوە، كەركوك چوارەم شاری عێراق بووە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانیەوە تا ساڵی حەفتاكانیش، ئێستا پارێزگاكە تەنیا لە70%ی ڕووبەری پێشووی ماوەتەوە، بۆیە گەڕانەوەی ئەو شوێنانەی لەسەر كەركوك بووە ئەوە یەكەمین كارە پێویستە ئەنجام بدرێت، دواتر هێنانەوەی خەڵكەكانی كە ئاوارەو دەربەدەر ببوون، ئێمە سوورین لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستووری و جێبەجێكردنی بەپەلەی خاڵەكانی ماددەكە، بەداخەوە كات هەبووە خەڵكمان لەپۆست هەبووە كەچی كەمتەرخەم بووە لەكارەكانی. ئەمڕۆ كەركوكییەكان كورد بن یا توركمان یا عەرەب یا مەسیحی، هێزی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاسایش بەرگرییان لێدەكات و ئارامی و ئاسایشیان دەپارێزێت.