مەتران رەبان ئەلقەس بۆ گوڵان: لەژێر سێبەری ئاڵای كوردستاندا ئێستا مەسیحییەكان بە ئاشتی و دیموكراتی دەژین

مەتران رەبان ئەلقەس بۆ گوڵان: لەژێر سێبەری ئاڵای كوردستاندا ئێستا مەسیحییەكان بە ئاشتی و دیموكراتی دەژین
مەتران رەبان ئەلقس مەترانی دهۆك و سەرسەنگ و ئامێدی و دەوربەریەتی و ئێستا قوتابخانەیەكی نێودەوڵەتی بۆ پەرەوەردە و فێركردنی بۆ قوتابیانی كوردستان لە شاری دهۆك كردۆتەوەوهەر خۆشی سەرپەرشتی ئەو قوتابخانە نێودەوڵەتیەدەكات، هەروەها یەكێكە لە گەورە پیاوانی كریستیان كوردستان و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە وەك پیاوێكی گەورەی ئاینی كریستیان لەقەڵەمدەدرێت و چەندین جار سەردانی فاتیكانی كردووە و لە نزیكەوە پاپای فاتیكانی بەرەوشی كوردستان ئاشنا كردووە،راستی واقیعی هەرێمی كوردستانی بە جیهان راگەیاندووە،مەتران رەبان سەبارەت بە ناچاربوونی مەسیحیەكانی بەشەكانی عێراق بۆ ئەوەی روو لەهەرێمی كوردستان بكەن و ئەو پێشوازییە لەسەر راسپاردەی بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو برا مەسیحیانە دەكرێت، لە دیمانەیەكی تایبەتیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان بەمجۆرە هاتە ئاخافتن و ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.
گوڵان: پێكەوە ژیان و لێبوردەیی یەكێكە لە سیما جوانەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام لەبەشەكانی دیكەی عێراق هەست دەكەین لێبوردەیی و پێكەوە ژیانی فرە ئایینی و نەتەوەیی ئاسان نییە و ئاستەنگی بۆ دروست دەكرێت، ئایا چۆن سەیری پێكەوە ژیانی فرە ئایین و نەتەوەكانی كوردستان دەكەن؟
مەتران رەبان ئەلقەس: تێڕوانین و بیروباوەڕم ئەوەیە؛ من مرۆڤێكم لەكوردستان دەژیم، مانەوەو ژیانم و نەمان و مردنم لەسەر ئەم خاكە لەگەڵ براكانمدایە، تێڕوانینی من مرۆڤانەیە و بڕوام بەپێكەوەژیان و پێشكەوتنی میللەتەكەم و سەقامگیری ئاشتی و خۆشگوزەرانی و هەنگاونان بەرەو پێشكەوتن هەیە. لەناو ئەم چوارچێوە جوانەدا ژیان خۆشترو پڕ لەمانا دەبێت، ئەو كات جیاوازی نێوان مەسیحییەك و موسڵمانێك و ئاینزایەكی تر نامێنێت. بەڵام ئەمە بەس نییە بۆ چەسپاندنی هزری پێكەوەژیان پێویستیمان بەیاساو دەسەڵاتێك هەیە كە خزمەت بەپاراستنی ئەم چەمكانە بكات، لێرەدا پرسیارێك دەوروژێت ئەویش ئەوەیە: (كێ ئەمڕۆ پارێزگاری لە مەسیحییەكانی عێراق و كوردستان دەكات؟). من لەكوردستان دەژیم بۆیە پێویست ناكات خۆم جیا بكەمەوە بەپێی ئایین و ئەم واقیعەی لەكوردستاندا پەیڕەوكراوە كەبەپێچەوانەی عێراقەوەیە. كاتێك خوالێخۆشبوو بارزانی نەمر حزبی دامەزراند تەماشای پێكهاتەی كۆمەڵگای كوردستانی كرد، كە فرە ئیتنی و ئاینییە بۆیە ناوی حزبەكەی كردە، پارتی دیموكراتی كوردستان. لەلایەكی تر ئەگەر لەناو پێگەیەكدا پێكەوە بژین و هەریەكە بڵێت من عەرەب و كوردو مەسیحی و سوننەو نەتەوەی ترین ئەوا ئەو كات ئەمە دەبێتە زیندانێكی گەورە. بەپێچەوانەوە بۆ ئەوەی لەعێراقێكی ئازادو سەركەوتوو بژین پێویستە لەخۆشی و ناخۆشی لەگەڵ یەكتر هاوبەش بین، هەروەكو چۆن لەهەرێمی كوردستان پێكەوە بەهەموو ناخۆشی و خۆشییەكان دا تێپەڕ بووین. بۆیە من پێم وایە هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوە ژیانی هەموو ئایین و نەتەوەكانە ئەمەش جـــــــــوانــــتــرین ســـیماكانی هـــەرێمی كوردستانە، كە وایكردووە هەموو ئاینزاكان و نەتەوەكان بەئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانی بژین.

گوڵان: پێشنیاری سەرۆك بارزانی بەهاتنی مەسیحییەكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی دیكەیە، بۆ پاراستنی مەسیحییەكان، ئایا بەڕێزت چۆن سەیری ئەم هەنگاوەی سەرۆك بارزانی دەكەیت؟
مەتران رەبان ئەلقەس: پێش ئەوەی باسی ئەو هەڵوێستە گەورەیەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەم؛ دەمەوێت باسێكی ئەو كۆنگرە بەرفراوانەتان بۆ بكەم كە لە رۆما بەستراو (پاپا ) و پتر لە 180 مەتران و پیاوانی ئاینی مەسیحی و نوێنەرانی زانایانی ئیسلامی لەسوننەو شیعەو ئایینی جوو تێیدا بەشدار بوون، مەبەستی سەرەكی بەستنی كۆنگرەكەش باسكردنی ئەو توندوتیژی و تیرۆركردنە بوو كە مەسیحییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق رووبەڕووی بوونەوە. ئەم كۆنگرەیە 14 رۆژی خایاند و تایبەت بوو بەكەنیسەی كاسۆلیكی، لەرۆژانی كۆنگرەكەدا هەر یەكە لەنوێنەرانی كەنیسەكان و ئایینی ئیسلام و جوو وتارو پەیڤی خۆیان خوێندەوە، لەكۆنگرەكە پتر جەخت كرایە سەر ئەو پەلامارو توندوتیژییانە كە لە شارەكانی بەغدا و موسڵ و بەسرا روویاندا و تێیدا ژمارەیەك لەهاووڵاتییانی سیڤلی مەسیحی و مەتران و قەشە بوونە قوربانی و تیرۆر كران، ئەوەی لەكۆنگرەكەم بینی بەداخەوە هیچ كەسێك باسی كوردستانیان نەكرد، ئێمە لەوێ بزر بووین و وەكو ناوچەیەكی وێرانكراو تەماشای كوردستانیشیان دەكرد. بەدرێژایی كۆنگرەكە كەس ناوی كوردستانی نەهێنا تەنیا دەیانوت باكووری عێراق، لەكۆنگرەكەدا سێ تا چوار جار پاپا ئامادەبوو، منیش لەپەیڤێكدا كاتێك پاپا ئامادە بوو وتم:( بۆ ئێوە دەزانن بۆچی مەسیحییەكان لەرابردوودا ئاوارەی بەغداو موسڵ و بەسرا بووبوون، دیارە ئێوە ئاگاداری ئەو مێژووە نین ؟ كەچۆن لەساڵی 1961 رژێمی ئەوسای بەغدا شەڕی لەدژی كوردو گەلی كوردستان دەست پێكرد زۆر لەكوردەكان و مەسیحییەكان ئاوارەی شارەكانی دەرەوەی هەرێم بوون، بگرە لە 95%ی گوندەكانی مەسیحییەكان بەهاوشێوەی كوردەكان وێرانكراو خەڵكەكەشی ئاوارە بوون، زۆر لە ئاوارەكان زمانی خۆیان كە زمانی سریانی- ئارامی بوو لەبیر كرد، لەدوای 2003 كاتێك رژێمی بەعس نەماو لەناوچوون ئەوانەی هاتنە سەر حوكم لەعێراق بەمەسیحییەكانیان وت ئێمە ئێوە ناناسین و دەستیان كرد بەقەتڵوعامی مەسیحییەكان و چەندین هاوڵاتی سیڤل و مەتران و قەشە كرانە ئامانجی تیرۆرستان و حسابی ئەو 40 ساڵەیان نەكردن كە لە سەر زێدی گوندو خاكی خۆیان دەركراون و ئاوارەبوون، ئەم كوشتن و تیرۆرە لەعێراقدا تا ئەمڕۆ بەردەوامە، هەر بۆیە مەسیحییەكان دووبارە روویان كردەوە هەرێمی كوردستان كە ناوچەیەكە یاساو ئازادییەكانی تێدایەو ڕێز لەهەموو ئاینزاكان دەگیرێت و یەكسانانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. لەگەڵ ئەمەش دەمودەست جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا 370 گووندی مەسیحییەكان ئاوەدان بكرێنەوەو قوتابی و مامۆستاو فەرمانبەرانیان بۆ بگوازرێنەوەو لەشوێن و میلاكاتی خۆیان لەكوردستان دەست بەكار بن و پارەو مووچەیان پێدرا. كەنیسەو دێرەكانیان ئاوەدانكرانەوە، ئێستا لەژێر سێبەری ئاڵای كوردستان مەسیحییەكان بە ئاشتی و دیموكراتی دەژین و یاسا لەم هەرێمە سەروەرە، تەنانەت برا كوردەكانیان پێیان نەوتن ئێوە كێن و لەكوێ هاتوون؟ بەو پەڕی ڕێزەوە پێشوازی و خزمەتكران. بۆچی ئێوە ناپرسن مەتران و پاتریەك و قەشەكانی ئامادەن بۆ نایەن بەچاوی خۆتان جیاوازی و راستییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداو موسڵ و بەسرا ببینن؟ كە جیاوازییەكەی ئەوەیە كوردستان جێگای ئاشتی و لێبووردەیی و برایەتییە، ئەو قوتابخانەیەی تێیدا وانە دەخوێنراو دەبوون بەقەشە نەگونجا لەبەغدا بەردەوام بێت و لەساڵی 2007 هاتنە عەینكاوە لەپایتەختی هەرێمی كوردستان . ئەو قوتابخانە ئاینیەش پێویستی بەكۆمەڵگایەكی بەرفراوان بوو، ئەوەبوو دەستبەجێ لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان دروستكراو ئاوەدانكرایەوە. هەروەها بارەگای پاتریركییە كە رووبەرەكەی 40 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و لەلایەن سەرۆك بارزانی لەشارۆچكەی عەینكاوە تەرخانكرا، ئەگەر بچن بیبینن بزانن چەند شوێنێكی جوان و هاوچەرخە، ئەم بارەگایەش هەر لەبەغدا بوو لەبەر زوڵم و ستەم بۆ كوردستان گوازرایەوە. دەبێت ئەوە بزانن كە 7000 خێزان كە پتر لە 180 هەزار كەس دەبن لەبەغداو شارەكانی تر هاتوونەتە كوردستان و لەعەینكاوەو ناوچەكانی تری هەرێم نیشتەجێبوون و ئازادانە مومارەسەی ئایین و كارو پیشەكانی خۆیان دەكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لێبووردەیی و برایەتی زۆر بەهێز لەكوردستان هەیە، ناڵێین كوردستان لەوپەڕی ئاسوودەییە و وەكو بەهەشت وایە، بەڵكو هەندێكجار گرفت هەیە، بەڵام چونكە دەسەڵات هەیەو یاسا سەروەرەو حكومەتی كوردستان لەسەر بنەمای پێكەوە ژیان و خزمەتكردن و لێبووردەیی و برایەتی دروست بووە و، حكومەتەكەش پابەندی كەلتوورو بنەماكانی خۆشگوزەرانیە بۆ گەلی كوردستان و یەكەمین جارە لەمێژوودا دەستوور هەبێت و ڕێگا بەئازادی و بیروباوەڕو هزر بدات، واتە هەموو كەس لەكوردستان ئازادە بەجیاوازی ئایین و نەتەوەوە، هەركەسێك بەئایینی خۆی مومارەسەی مەراسیمە ئاینییەكانی خۆیان دەكەن.

گوڵان: فاتیكان وەكو مەرجەعی هەموو مەسیحییەكانی جیهان چۆن سەیری ئەو كارە توندوتیژییانە دەكات كە لەدژی مەسیحییەكان لەعێراقدا پیادە دەكرێت، چۆن سەیری هەڵوێستەكەی سەرۆك مسعود بارزانی دەكات بۆ پێشوازی لەمەسیحییەكانی عێراق؟
مەتران رەبان ئەلقەس: جەنابی سەرۆك بارزانی 2 جار سەردانی پاپای كردووە؛ جاری یەكەم لە 13/11/2005 جاری دووەمیش لەمانگی ئاداری 2009 بوو. پاپا ئاگاداری بارودۆخی كوردستانەو دەزانێت چی هەیەو چی روودەدات، جارێكیان پاپا بەجەنابی سەرۆكی وتبوو:( من دەزانم كوردستان وەك بەهەشت وایە..) سەرۆكی هەرێم لەوەڵامدا فەرمووبووی من ناڵێم بەهەشتە بەڵام من بەهەموو دڵ و هەست ئامادەم بۆ خزمەتی گەل و وڵات، بۆ برایانی مەسیحیش بەهەمان شێوە..، جارێك لەسەردانێكی سەرۆك بارزانی لەعەینكاوە فەرموو بووی من دووچاوم هەیە بەچاوێك سەیری مەسیحییەكان دەكەم و بەچاوەكەی ترم سەیری هەموو كوردستان دەكەم، لەكاتی ئەم توندوتیژییەی كە دەرهەق بەمەسیحییەكان لەشاری موسڵ و بەغداو بەسراو شارەكانی تری ناوەراست و خوارووی عێراق ئەنجام دەدرێت، سەرۆك بڕیاری دا بەباشترین شێوەو بەپێی پێویستی ژیان و گوزەران پێشوازی لەمەسیحییەكان بكرێت كە دێنە شارەكانی هەرێمی كوردستان. ئێستا لیژنەیەكی دروست كردووە بۆ ئاگاداربوون و هاوكاریكردنی مەسیحییەكان، ئەمەش وەكو ئەوە وایە كە باوكێك چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەكانی دەكات و چاوی لەسەریانە تاوەكو دوارۆژیان باش و گەشاوەو دیار بێت.

گوڵان: ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەخێزانە مەسیحییەكان دێنە هەرێمی كوردستان؛ ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن خۆیان بۆ پێشوازی لێكردنی كریستانەكان ئامادە كردووە؟
مەتران رەبان ئەلقەس: وەكو ئاماژەم پێدا ئێستا بەبڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەنابی مسعود بارزانی و بەسەرپەرشتی بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لیژنەیەك پێكهاتووە بۆ پێشوازیكردنی ئەو مەسیحییانەی ئاوارە دەبن لەعێراق و روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن، لیژنەكەش ئاسانكاری و هاوكاری تەواویان دەكات، خانووی نیشتەجێبوونیان بۆ دەدۆزنەوەو كرێیان بۆ دابین دەكەن و قوتابییەكانیان دەخەنەوە بەر خوێندن و مووچە دەدەنە فەرمانبەرەكانیان، لیژنەكە لەئامادەباشیدایە بەشەوو بەرۆژ. من دەڵێم مەرج نییە بەئاستێك كار بۆ مەسیحییەكان بكرێت هەست بەجیاوازی بكرێت لەگەڵ خەڵكانی تر لەكوردستان، ئێمە دەمانەوێت پێكەوە ژیان و لێبووردەیی و برایەتی هەبێت، دڵنیاشین لەكوردستان لەسایەی یاساو دەسەڵاتی سیاسی ئاشتی و تەبایی و خۆشگوزەرانی مسۆگەرەو نامانەوێت بەچاوی ئایینی سەیری یەكتر بكەین، بەڵكو لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ خاك پێكەوە بژین.

گوڵان: برایانی مەسیحی لەعێراق و كوردستان هەموو كات پێكهاتەیەكی ئاشتیخواز بوون، هەموو كات خاوەنی لێبووردەیی بوون پرسیار ئەوەیە بۆچی ئێستا لەبەشەكانی خواروو ناوەراستی عێراق بوونەتە ئامانج و توندوتیژی لەدژیان پیادەدەكرێت؟
مەتران رەبان ئەلقەس: هۆكارەكە جەهالەت و دواكەوتەییە ئەمە هزرێكی كۆن و دژایەتییە دەرهەق بەمەسیحییەكان دەكرێت، لەلایەكی ترەوە لەوێ دەوڵەت و حكومەت و یاسا نییە هەروەها دەبێت دەستووری عێراق بەشێوەیەكی ئاوا بێت كە مەسیحییەكان بەپلە دوو نەژمێردرێن، مادام ئێمە دەڵێین عێراقین و كوردو عەرەب و مەسیحی و توركمان . پێكەوە لەسەر ئەو خاكە دەژین و خاڵی هاوبەش لەنێوانماندا هەیە، ئەوا دەبێت حكومەتی ناوەندی لەبەغدا بەیەك چاو سەیرمان بكات و هەموو لایەكمان بپارێزێت و دادپەروەری پیادە بكات. ئاشتی لەئاسمانەوە نایەتە خوارەوە دەبێت یاسا لەخزمەتی ئاشتی دا بێت، گەر من بمەوێت تەنیا هزرو كاری خۆم پەیڕەو بكەم ئەوا ئاشتی دەستەبەر نابێت. بۆیە دەمانەوێت لەناو مزگەوت و كەنیسە و قوتابخانە و خێزانەوە هزری پێكەوە ژیان و ئاشتی دروست بێت، تا هەموو عێراق و كوردستان بەئاشتی و ئاسوودەیی و ئازادی و دیموكراسی بژین، بەڵام هەر حزب و لایەنێك بۆ خۆی بێت دەبێتە پاشاگەردانی و یەكسانی و ئازادی نامێنێت.

گوڵان: ئێستا باس لەدروستكردنی ناوچەیەكی ئۆتۆنۆمی بۆ مەسیحییەكان دەكرێت ئایا ئەم ناوچەیە چۆن دەبێت و تاچەند دوای دامەزراندنی ئەم ناوچەیە مەسیحییەكان لەتوندوتیژی و هەڕەشە رزگاریان دەبێت؟
مەتران رەبان ئەلقەس: من نامەوێت قەت لەكوردستان جیا ببمەوە، هەردەمەوێت لەسەر ئەو خاكەی كوردستان پێكەوە بژین، نامانەوێت بەجیاوازی لەگەڵ برا عەرەبەكانیش بژین، ناكرێت هەر ئایین و نەتەوەیەك بەجیا بژی ئەمە هەڵوەشانەوەی پێكەوەژیانە، بەپێچەوانەوە لەرابردوو بەدرێژایی مێژوو ئینتمابوونمان بۆ ئەم خاكە هەیە، گەر ئاشتی لەعێراق هەبێت لەبەسرا دەژیم ئەگەر یاسا و دەستوور و هێزی پاراستن نەبێت ژیان نابێت و تیرۆر زیاد دەكات لەهەرشوێنێك بێت.
لەعێراق بەهەزارەها كەس تیرۆر كراو توندوتیژی گەیشتۆتە رادەیەكی زۆر ترسناك بەرادەیەك حكومەتی عێراق دەستی لەتیرۆر هەبوو، ماوەیەكی دوورودرێژ پتر لەهەشت مانگ لایەنەكانی عێراق بۆ دروستكردنی حكومەت نەگەیشتنە یەك، بەڵام بەدەستپێشخەری جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان وایكرد جارێكی تر لەعێراق پەرلەمان لەگەڵ یەكتر دابنیشن و حكومەت پێكبهێنن، چونكە سەرۆك بارزانی ئاشتیخوازە و دەیەوێت هەموو پێكەوە بژین و برایەتی و ئازادی بۆ هەموو عێراق بێتە دی.

گوڵان: دوا وتەت بۆ مەسیحییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان چییە؟
مەتران رەبان ئەلقەس: دروستكردنی هزری پێكەوەژیان و ئاشتی و ئازادی پێویستە ئامانجی هەموو هێزە ئاشتیخوازەكان بێت، كاتێك ئەم قوتابخانەیە نموونەییەم لەشاری دهۆك دامەزراندووە تێیدا تەنیا 40 قوتابی مەسیحی تێدایەو 300 قوتابی ئیسلامی لەخۆگرتووە، هەموو قوتابیەكان كەسی منن و بێ جیاوازی لەپێناو پێگەیاندنی نەوەیەكی نوێ تێدەكۆشین. دەمەوێت هەموو كەسێك لەعێراق و كوردستان بۆ بەهێزكردنی هزرو باوەڕی بەیەكەوە ژیان هەوڵبدات. كاتی ئەوەهاتووە ئاشتی و ئازادی و لێبووردەیی بەپەروەردەكردن بێتەدی، بۆ خزمەتكردنی خاك و گەلی خۆم كە كوردستانە، دەبێ ئەوانی دیكەش لەعێراق وەكو ئێمە بیر بكەنەوە.
Top