ئەمیری حەسەنپوور بۆ گوڵان: ئامانجی سە‌رە‌كیی لە كوردایەتی، بونیادنانی دە‌وڵە‌تی نە‌تە‌وە‌یی بووە‌

ئەمیری حەسەنپوور بۆ گوڵان: ئامانجی سە‌رە‌كیی لە كوردایەتی، بونیادنانی دە‌وڵە‌تی نە‌تە‌وە‌یی بووە‌
ئەمیری حەسەنپوور یەكێكە لە جەمسەرەكانی زمانناسی كە ساڵانێكی دوورودرێژە لە تاراوگە چەندین تێزو نامە و توێژینەوەی لەسەر زمان و چەمكەكانی نەتەوەو مەدەنیەت و دیموكراسی هەیە، لەدایكبووی ساڵی 1943ی مەهابادە و هەر لە ساڵانی شەستەكانەوە لە ئەدەبی ئینگلیسی بەكالۆریۆسی لە زانكۆی تاران وەدەست هێناوە، ئیتر دواتر زۆربەی تەمەنی خۆی لەگەڵ زەمەن لە پێشبڕكێیەكی بەردەوام وخێرای خوێندندا بووە تا لە ساڵانی 1968ـــ 1972هەردووتێزی ماجستێرو دكتۆرای هەر لەسەر زمانناسی لە زانكۆی تاران وەدەست هێناوە، ئینجا لە لقی پێوەندییەكانی زانكۆی ئیلینیۆی دەستی بە خوێندن كردۆتەوەو دواتر لە ساڵی 1989لە لقی زمانناسی كۆمەڵایەتی و مێژوویی هاوچەرخی كەنەدا بەناوی (هۆكاری زمان لە گەشەكردنی نەتەوەدا ــ ستانداردكردنی زمانی كوردی 1918ــ1985)دكتۆرانامەیەكی دیكەی وەرگرت ؛ لە ساڵانی دوای 1986 تا ئێستا لە زانكۆكانی ویندسۆر/كۆنكۆردیا / تۆرنتۆ / مامۆستای وانەبێژە و لێكۆڵینەوەكانی لەسەر جۆرەكانی ڕەخنە و بزووتنەوە كۆمەڵایەتیەكان و ناسیۆنالیزم و جینۆساید بڵاوكردونەوە، ئەم پرسیارانەمان لە گۆڤاری گوڵانەوە ئاراستە كرد چونكە نزیكن بەو بابەت و بیركردنەوانەی ئەمیری حەسەنپوور كەلە شەستەكانەوە وەك بیرمەندێكی كورد تاووتوێیان دەكات...
زۆ‌رجار كەباسی پرۆ‌سە‌ی بونیادی نە‌تە‌وە‌ دە‌كەین، دە‌بێت باس لە پرۆ‌سە‌ی بونیادی دە‌وڵە‌ت بكە‌ین، تا چە‌ند پرۆ‌سە‌ی بونیادنانی دەوڵە‌ت بۆ‌ پرۆ‌سە‌ی بونیادی نە‌تە‌وە‌ زە‌مینە‌یە‌كی لە‌بار دە‌ڕە‌خسێنێت؟ ئایا چۆ‌ن لە‌پرۆ‌سە‌ی بونیادی نە‌تە‌وە‌دا ئامادە‌باشی بۆ‌ پرۆ‌سە‌ی بونیادی دە‌وڵە‌ت دە‌كرێت؟

- لێكدانە‌وە‌ی پێوە‌ندی نێوان «دە‌وڵە‌ت» و «نە‌تە‌وە‌« پێویستی بە‌ وردبوونە‌وە‌ لە پرسی تیۆریی هە‌یە. باسی ئە‌و پێوە‌ندییانە‌ زۆر بە‌رینن ولێرەدا من تە‌نیا دوو بابە‌ت هە‌ڵدە‌بژێرم:
ئە‌لف - لە روانگە‌ی تیۆری دیمۆكراسییە‌وە‌ (بە‌ تایبە‌ت تیۆری «نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نی»)، نە‌تە‌وە‌ دیاردە‌یێكی حقووقی-سیاسییە‌ كە‌ تە‌نیا بە‌ دامە‌زرانی دە‌وڵە‌ت پێك دێ. بە‌ پێچە‌وانە‌ی ئە‌و بۆچوونە‌، لە تیۆری ماركسیستیدا نە‌تە‌وە‌ دیاردە‌یێكی مێژوویی-كۆمە‌ڵییە‌‌ كە بە‌ هە‌ڵوە‌شانی پێوە‌ندییە‌ دە‌رە‌بە‌گییە‌كان و سە‌رهە‌ڵدانی پێوە‌ندیی دە‌سمایە‌داری پە‌یدادە‌بێ و بوونی نە‌تە‌وە‌ بە‌ بوونی دە‌وڵە‌تە‌وە‌ گرێ نادرێ، بە‌ڵام بزووتنە‌وە‌ی نە‌تە‌وە‌یی ئامانج و بە‌رنامە‌ی ئە‌وە‌یە‌ كە دە‌سە‌ڵاتی سیاسی، واتە‌ دە‌وڵە‌تی وە‌دە‌ست بكە‌وێ. لە‌و روانگە‌یەوە‌، نە‌تە‌وە لە پڕۆسە‌ی پێكهاتنی خۆیدا‌ دە‌وڵە‌ت دادە‌مە‌زرێنێ و دە‌وڵە‌تیش كە دامە‌زرا نە‌تە‌وە‌ دە‌گوورێنێ، پە‌رە‌ی پێدە‌دا، پتە‌وی دە‌كا، و دە‌یپارێزێ. بۆ وێنە‌، لە روانگە‌ی ماركسیسمە‌وە‌، دە‌كرێ بڵێین كورد لە ئاخری سە‌دە‌ی نۆزدە‌وە‌، بە‌ تایبە‌ت دوای شە‌ڕی جیەانی هە‌وە‌ڵ، بە‌ ئە‌سپایی وە‌ك نە‌تە‌وە‌ سە‌ری هە‌ڵێناوە‌ و یە‌كێك لە نیشانە‌كانی دامە‌زرانی نە‌تە‌وە‌ی كورد پە‌یدابوونی بزووتنە‌وە‌ی نە‌تە‌وە‌یی (كوردایە‌تی) بووە‌ كە ئامانجی سە‌رە‌كیی بونیادنانی دە‌وڵە‌تی نە‌تە‌وە‌یی بووە‌.
تیۆری دیمۆكراسی پێوە‌ندی نە‌تە‌وە‌و دە‌وڵە‌ت یە‌كلایە‌نە‌ دە‌بینێ و پێی وایە‌ دە‌وڵە‌ت و نە‌تە‌وە‌ یە‌كن و دە‌وڵە‌ت نە‌تە‌وە‌ دروست دە‌كات. بە‌ پێچە‌وانە‌، لە روانگە‌ی ماركسیسمە‌وە‌، نە‌تە‌وە‌ كە فۆرمێكی پێوە‌ندی دە‌سمایە‌دارییە‌ لە پرۆسە‌ی پیەهەڵگرتنیدا بۆ پێگە‌یشتنی خۆی پێویستی بە‌ دە‌وڵە‌ت هە‌یە‌ و بونیادنانی دە‌سە‌ڵاتی دە‌وڵە‌تیی دە‌كاتە‌ پڕۆژە‌ی سە‌رە‌كی خۆی. دە‌بێ بڵێین پێوە‌ندی نە‌تە‌وە‌و دە‌وڵە‌ت دوولایە‌نەیە‌: نە‌تە‌وە‌ دە‌وڵە‌ت دادە‌مە‌زرێنێ و كە دە‌وڵە‌ت دامە‌زرا نە‌تە‌وە‌ دە‌یپارێزێ و رایدە‌گرێ.
ئە‌گە‌ر لە باسی تیۆرییە‌وە‌ بچینە‌ باسی مێژوویی، بۆ وێنە ‌واهە‌یە‌ دە‌گوترێ كە «نە‌تە‌وە‌ی عێراق» بە‌ دامە‌زرانی دە‌وڵە‌تی عێراق پێك هات. ئە‌وە‌ راستە‌ كە «نە‌تە‌وە‌ی عێراق» پێش شە‌ڕی جیهانی هە‌وە‌ل لە ئارادا نە‌بوو و دە‌وڵە‌تی بەریتانیا پێكیهێنا. بە‌ڵام لە روانگە‌ی ماركسیسمە‌وە‌، «نە‌تە‌وە‌ی عێراق» نە‌تە‌وە‌ نییە‌‌ و نە‌تە‌وە‌یێكی وا پێك نە‌هاتووە‌،‌ عێراق وڵاتێكی فرە‌نە‌تە‌وە‌ییە‌. دیارە‌ دە‌وڵە‌تی بریتانیا كە عێراقی دامە‌زراند، بۆ یە‌كپێگرتنی عە‌رە‌ب و كورد و ئاشووری و توركمە‌ن و گە‌لانی دی، ئە‌و فكرە‌ی باودە‌كرد كە گشتیان بە‌شێك لە «نە‌تە‌وە‌ی عێراق»ن، بە‌ڵام نە‌تە‌وە‌-دە‌وڵە‌تی عێراق لە سە‌رە‌تاوە‌ وە‌ك دە‌وڵە‌تێكی عە‌رە‌بیی پێكهات و لە دژی گە‌لانی ناعە‌رە‌ب زە‌بروزە‌نگی وە‌ك كۆكوژی و ژێنۆسایدی دە‌كارهێنا.
لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا پڕۆژە‌ی دە‌وڵە‌تی نە‌تە‌وە‌یی پێكهێنان و راگرتنی یە‌كگرتوویی نە‌تە‌وە‌یە‌، واهە‌یە‌ ناسیۆنالیستان بۆ گە‌یشتن بە‌ دە‌سە‌ڵاتی دە‌وڵە‌تیی ئاما‌دە‌ن كە نە‌تە‌وە‌ لە‌ت و كوت بكە‌ن و خۆیان ببنە‌ چینی دە‌سە‌ڵاتداری بە‌شێك لە نە‌تە‌وە‌. بۆ وێنە‌، ئێستە‌ «نیشتمانی عە‌رە‌بی»، كە لە عومانە‌وە‌ هە‌تا مە‌راكیش درێژە‌ی هە‌یە‌، بە‌سە‌ر پتر لە بیست دە‌وڵە‌ت دا دابە‌ش بووە‌. دە‌سە‌ڵاتدارانی هە‌ركام لە‌و دە‌وڵە‌تانە‌، لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا بانگە‌شە‌ی یە‌كگرتوویی نە‌تە‌وە‌ی عە‌رە‌ب دە‌كە‌ن، زۆرتر خە‌ریكی داڕشتنی تایبە‌تێتی نە‌تە‌وە‌ی خۆیانن و ئامانجی سە‌رە‌كییان ئە‌وە‌یە‌ كە لە باتی یە‌كگرتوویی «نە‌تە‌وە»‌ و «نیشتمانی عە‌رە‌بی»، پارچە ‌پارچە‌یی نە‌تە‌وە‌ پتە‌وتر بكە‌ن و چینی دە‌سەڵاتداری نە‌تە‌وە‌-دە‌وڵە‌تی خۆیان بن. لە ساڵانی شە‌ڕی جیهانی هە‌وە‌ڵ (1914-1918)دا كە بریتانیا و فە‌رانسە‌ ئیمپراتۆری عوسمانییان تێكشكاند و «نیشتمانی عەرە‌بی»یان داگیر كرد، هیچ ناسیۆنالیستێكی عەرە‌ب بە‌ خە‌یاڵیدا نە‌دە‌هات كە ئە‌و نیشتمانە‌ بە‌رینە‌ وا لە‌ت و كوت بكرێ (تە‌نیا مە‌شریق و مە‌غریبیان لە بە‌رچاو بوو)، بە‌ڵام دوای شە‌ڕ گشتییان هاوكاریی فە‌رانسە‌ و ئینگلیسیان كرد بۆ ئە‌وە‌ی نیشتمانە‌كە‌یان پچڕپچڕ بكرێ و خۆیان بە‌ دە‌سەڵات بگە‌ن، ئە‌ویش لە سایەی سە‌رۆكایە‌تی ئینگلیس و فە‌رانسە‌دا.
لە كوردستانیشدا، پڕۆسە‌یێكی وا لە ئارادایە‌. ئێستە‌ نزیكە‌ی بیست ساڵە‌ «حكومە‌تی هە‌رێمی كوردستان» وە‌ك دە‌وڵە‌تێكی نیوە‌سە‌ربە‌خۆ دامە‌زراوە‌ و تە‌واوی خەسڵە‌تە‌كانی دە‌وڵە‌تی تێدا بە‌دیدە‌كرێ. لێرە‌دا، دە‌زگایێكی دە‌وڵە‌تیی پێكهاتووە‌ كە بە‌سە‌ر هە‌رێمێكی دیاریكراودا حكومە‌ت دە‌كا، سنووری هە‌یە‌، ئیدارە‌ی مە‌دە‌نی وعە‌سكە‌ری هە‌یە‌، و پەرلەمان و سە‌رۆكی حكومە‌ت و كابینە‌ی وە‌زیرانی خۆی هە‌یە‌. تە‌نانە‌ت لە باسی كێشە‌كانی زمانی كوردیدا (كێشە‌ی زمانی ستاندارد و رە‌سمی)، سنووری حكومە‌تیی خۆیان بە‌ دە‌وری زمانی كوردی دا دە‌كێشن، بە‌و سنووردانانە‌ زمانە‌كە پچڕپچڕدە‌كە‌ن، ئە‌و سنوورە‌ش بە‌رهە‌می دابە‌شبوونی كوردستان لە شە‌ڕی جیهانی هە‌وە‌ڵە‌. دە‌سەڵاتدارانی حكومە‌تی هە‌رێم و رۆشنبییرە‌كانیان ئە‌گە‌ر ئە‌وبە‌ری سنووریش ببینن و پێیان خۆش نە‌بێ زمانە‌كە پچڕپچڕبكەن، دە‌وڵە‌تیی بوونی دە‌سەڵات بە‌رە‌و پڕۆژە‌یێكی وایان دە‌با.
ب. لە تیۆری دیمۆكراسیدا، دە‌وڵە‌ت نوێنە‌ری نە‌تە‌وە‌یە‌، بە‌ڵام لە روانگە‌ی تیۆری ماركسیستییە‌وە‌، دە‌وڵە‌تی نە‌تە‌وە‌یی ناتوانێ نوێنە‌ری تە‌واوی نە‌تە‌وە‌ بێ و تە‌نیا بە‌رژەوە‌ندیی چینی دە‌سەڵاتدار واتە‌ چینی سە‌رمایە‌دار رە‌چاودە‌كا. دوای بیست ساڵ حكومە‌تی هە‌رێم، بە‌ لاچوونی دە‌سەڵاتی رێژیمی بە‌عس و تە‌واو بوونی زوڵمی نە‌تە‌وە‌یی لە بە‌شێكی زۆری كوردستانی باشوور، ئێستە‌ ناكۆكی نێوان گە‌لی كورد و دە‌وڵە‌تی كورد تە‌قیوە‌تە‌وە‌. ناڕە‌زایی لە باری بە‌ڕێوەچوون (فە‌قیری و هە‌ژاری و برسێتی)، بێكاری، گە‌ندە‌ڵی، سانسۆركردن، تە‌سك بوونی مە‌ودای ئازادییە‌ مە‌دە‌نییە‌كان، زە‌بروزە‌نگ لە ژنان، زۆر كێشە‌ی دی ناكۆكی نێوان دە‌وڵە‌ت و نە‌تە‌وە‌ توندوتیژتردە‌كا. ‌
لە پرۆ‌سە‌ی بونیادی نە‌تە‌وە‌دا رۆ‌شنبیران ئە‌ركێكی هێجگار گە‌ورە‌یان دە‌كە‌وێتە‌ سە‌رشان، بە‌ تایبە‌تی لە‌و بوارە‌ی كە دە‌بێت هۆ‌شیاریە‌كی ئە‌وتۆ‌ لە نێو رای گشتی و هاوڵاتیاندا بخوڵقێنن، كە ئە‌و هۆ‌شیارە‌ متمانە‌ی ئە‌وە‌ی پێبكرێت لە‌سە‌رچاوە‌ی راست و لە پێناوی بە‌رژە‌وە‌ندی ئایندە‌ی نە‌تە‌وە‌ بونیاد نراوە‌، پرسیاری ئێمە‌ لێرە‌دا ئە‌وە‌یە‌ ئایا چۆ‌ن رۆشنبیران دە‌توانن بە‌ ئاراستە‌ی بونیادی هۆ‌شیارییە‌كی رە‌سە‌ن لە كۆ‌مە‌ڵگە‌ كاربكەن؟
- ئە‌و پرسیارە‌ چە‌ند پێش-فە‌رزی تێدایە‌ كە هە‌ركامیان پرسیاری دی دێننە‌ گۆڕێ‌. لە پێشدا دە‌بێ ئە‌وە‌ بڵێم كە «رۆشنبیران» (لێرە‌دا مە‌بە‌ستم «ئینتێلیجێنسیا»یە‌)‌ توێژێكی كۆمە‌ڵیی یە‌كپارچە‌ و یە‌كدە‌ست نین و لە باری سیاسی و ئیدیۆلۆژی و بۆچوون و تێگە‌یشتندا پارچە‌ پارچە‌ن و لە بە‌رە‌ی دژبە‌یە‌كتردا رادە‌وە‌ستن. تە‌نانە‌ت لە كۆمە‌ڵی دە‌رە‌بەگییدا، كە رۆشنبیران، توێژێكی زۆر بچووك و تە‌سك بوون (كە زۆربە‌یان مە‌لا و فە‌قێ و شێخ و خان و ئاغا و تاجر و میرزاكانیان بوون و‌ گشتییان پیاو بوون)، بۆچوونە‌كانیان وە‌ك یە‌ك نە‌بوون. بۆ وێنە‌، ئە‌حمە‌دی خانی، بە‌ پێچە‌وانە‌ی زۆربە‌ی رۆشنبیرانی زە‌مانی خۆی، داگیركراویی و دابە‌شكراویی كوردستانی بە‌ دە‌ستی «رۆم و عە‌جە‌م» كرد بە‌ كێشە‌یێكی سیاسی («مە‌حرووم» و «مە‌حكووم» بوونی كورد) و ئە‌دە‌بی (مە‌م و زین وە‌ك دوو پارچە‌ی كوردستان، پە‌رە‌پێدانی نووسین بە‌ كوردی، دانانی فە‌رهە‌نگی عەرە‌بی-كوردی)، رە‌خنە‌ی لە چینی دە‌سەڵاتداری كورد گرت (یە‌ك نە‌گرتنی خانە‌كان لە دژی داگیركەران و كە‌م تە‌رخەمییان لە مە‌ڕ زمان و ئە‌دە‌بی كوردی)، ناكۆكی چینی دە‌سەڵاتداری كورد و «شاعیر و فە‌قیران»ی دە‌ربڕی، و نە‌بوونی كتێب و نووسین بە‌ زمانی كوردی وە‌ك كۆسپێك بۆ رزگاری گە‌لی كورد دانا. كاتێك لە ئاخری سە‌دە‌ی نۆزدە‌ دا، توێژێكی رۆشنبیری نوێباو سە‌ری هە‌ڵدە‌هێنا، ناكۆكی نێوانیان ئە‌وە‌ندە‌ی دی توندوتیژتر ‌بوو. حاجی قادری كۆیی، لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا لە ریزی رۆشنبیرانی سونە‌تیی (تە‌قلیدیی) دە‌ورە‌ی دە‌رە‌بە‌گیی‌ دا وە‌ڕێ كە‌وتبوو، دوای چوونی بۆ ئە‌ستە‌مبووڵ وە‌ك دە‌نگی نوێباوی ناسیۆنالیسمی كوردی هاتە‌ مە‌یدان و بە‌گژ رۆشنبیرانی سونە‌تیدا چوو.
ئێستە‌، لە سە‌رە‌تاكانی سە‌دە‌ی بیست دا، گۆڕانێكی زۆر لە توێژی رۆشنبیری كورددا بە‌دیدە‌كرێ. گۆڕانی هە‌رە‌ گرینگ لە چە‌ندێتیدایە‌: ژمارە‌ی ئە‌وانە‌ی حیرفە‌ یان پیشە‌یان كاری فكرییە‌ یە‌كجار زۆر بووە‌ -- نووسە‌ر، مامۆستا، خوێندكار، پارێزەر، لێكۆڵە‌رە‌وە، هونە‌رمە‌ند، رۆژنامە‌نووس، ‌ئە‌وانە‌ی لە ئامڕازی راگە‌یاندنی گشتی و لە خەباتی سیاسیدان و زۆری دی. رۆشنبیران لە نێو ئە‌وانە‌ پە‌یدا دە‌بن بە‌ڵام لە كۆمە‌ڵی چینایە‌تیدا هە‌ر رۆشنبیرێك بە‌ لای چینێك دا دە‌ڕوا یان لایە‌نی چینێك دە‌گرێ. بۆ وێنە‌ رۆشنبیری وە‌ك قانیع، وردی، جگە‌رخوێن، و گۆران لایە‌نی خەڵكی زە‌حمە‌تكێش وە‌ك كرێكار و جووتیاریان ‌گرت و لە دژی چینی دە‌سەڵاتدار، بە‌ تایبە‌ت دە‌رە‌بە‌گ، وە‌خۆكە‌وتن بە‌ڵام مە‌سعوود محە‌مە‌د لەسە‌رچینی دە‌رە‌بە‌گی دە‌كردە‌وە‌ و دە‌رە‌بە‌گانی بە‌ «براگە‌وە‌رە»‌ی دادە‌نا.
گۆڕانێكی گرینگ لە ئاخروئۆخری سە‌دە‌ی بیستە‌وە‌ پە‌یدابوونی توێژی رۆشنبیری ژنە‌. گۆڕانێكی دی، دوای 1918، دابە‌شبوونی ئە‌و توێژەیە‌ بە‌‌سە‌رچە‌ند وڵاتی جیاوازی وە‌ك توركییە‌، ئێران، عێراق، سوورییە‌ و یە‌كێتی سۆڤێت (1921-1991) و پاشماوە‌كە‌ی، كە لە هە‌ر یە‌ك لە‌و وڵاتانە‌دا لە بارودۆخی تایبە‌تیدا بە‌ سیاسە‌ت و ئیدیۆلۆژی و كەلتوور و زمانی جیاواز وە‌ڕێكە‌وت. توێژی رۆشنبیر لە توركییە‌ كە دە‌نگی بۆ ماوە‌یێكی زۆر كپ كرابوو لە ساڵانی 1960وە‌ وە‌خۆكە‌وت و ئێستە‌ هێزێكی گرینگە‌. هە‌روە‌ها، لە ئاخری سە‌دە‌ی بیستە‌وە‌ تا ئێستا، بە‌ پە‌یدابوونی دیاسپۆرای (دوورە‌وڵاتیی) نوێ بە‌ تایبە‌ت لە وڵاتە‌ رۆژئاواییە‌كان، هە‌ڵاواردنی ئە‌و توێژە‌ بە‌رینتر بووە‌ و لە جەنگە‌ی لە‌ت و كوت بوونیدا بۆتە‌ بە‌ بە‌شێك لە رۆشنبیریی جیهانی.
تا ئێستە‌ باسی چە‌ندێتی توێژی رۆشنبیرم كرد و پێم وایە‌ ئاوا وە‌ڵامی پرسیارە‌كەم داوە‌تە‌وە‌: ئێمە‌ ناتوانین چاوە‌ڕێی وە‌ی بین كە توێژێكی وا جۆراوجۆر تاقە‌ ئە‌ركێكی بۆ گە‌ڵالە بكە‌ین. زۆربە‌ی رۆشنبیری كورد بە‌ربە‌رە‌كانی زوڵمی نە‌تە‌وە‌یی كردووە‌، دژایە‌تیی نە‌تە‌وە‌ دە‌سەڵاتدارە‌كانی وەك (تورك و عەرە‌ب و فارس) و دە‌وڵە‌تە‌كانیانی كردووە‌، چاوی خۆی لە زوڵمی چینایە‌تی (چە‌وساندنە‌وە) و زوڵم لە ژنان و زوڵمی دی قووچاندوە‌. بە‌ كورتی، رۆشنبیری ناسیۆنالیست دوژمنی دە‌رە‌كیی دە‌بینێ بە‌ڵام دوژمنی ناوە‌كیی وە‌بە‌رچاو ناخا. ئە‌و چوارچێوە‌ تە‌نگە‌ رێگە‌ نادا كە رۆشنبیر بۆچوونی رە‌خنە‌گرانە‌ی هە‌بێ و گۆڕانی بنە‌رە‌تیی پێوە‌ندییە‌ كۆمە‌ڵی و جینسێتییە‌كان بكاتە‌ كێشە‌ی سە‌رە‌كیی. ئێستە‌ كە ماوە‌ی بیست ساڵە‌ لە كوردستانی باشوور»حكومە‌تی هە‌رێمی كوردستان» دە‌سەڵاتی هە‌یە‌، رە‌خنە‌ لە دە‌سەڵاتی سیاسیی كورد دە‌ستی پێكردووە‌ بە‌ڵام ئە‌و رە‌خنە‌یە‌ لە چوارچێوە‌ی بیری ناسیۆنالیستی نایە‌تە‌دە‌رێ. دیارە‌ رۆشنبیری وە‌ك (گۆران) هە‌بوون كە هە‌م زوڵمی نە‌تە‌وە‌یی و هە‌م زوڵمی ناوخۆییان دیوە‌ و وە‌دوای هاودە‌نگیی گە‌لانی دنیا بۆ داهێنانی داهاتوویێكی نوێ كە‌وتوون‌. زۆربە‌ی ئە‌و رۆشنبیرانە‌ بە‌شێك لە رە‌وە‌ندی فكریی كۆمۆنیستی بوون كە بە‌ شكستی پڕۆژەی سۆسیالیسم و گە‌ڕانە‌وە‌ی دە‌سمایە‌داری (لە 1956 لە یە‌كێتی‌ سۆڤێت و 1976 لە چین) بە‌رە‌و بێدە‌نگی چوون. ئە‌وانە‌ش كە لە رە‌وتی كۆمۆنیستی دا ماونە‌وە‌، بۆچوونی رە‌خنە‌گرانە‌یان سە‌بارە‌ت بە‌ رابردووی كۆمۆنیسم (دە‌سكەوتە‌كان، شكستە‌كان، تاوانە‌كان، هە‌ڵە‌كان) نییە‌ و ئامادە‌نین كە، ماركس وتە‌نی، بە‌ «رە‌خنە‌گریی بێ بە‌زە‌ییانە‌« بە‌رە‌نگاری رابردوو و ئێستە‌ی بزووتنە‌وە‌ی كۆمۆنیستی بن.
كەوابوو، بە‌ بۆچوونی من، ئە‌ركی رۆشنبیران ئە‌وە‌ نییە‌ كە بە‌ «هۆشیارییە‌كی رە‌سە‌ن» پڕۆژە‌ی نە‌تە‌وە‌ڕۆنان بە‌ڕێوە‌ بە‌رن. كێشە‌كە‌، كێشە‌ی «رە‌سە‌نایە‌تی» نییە‌. رۆشنبیر دە‌بێ لە سنووری باری باو تێپە‌ڕێ و ئاسۆیێكی وا وە‌‌بە‌رچاوبخا كە رێگە‌ بە‌ زوڵم و چە‌وسانە‌وە‌ و هە‌ژاریی و برسێتی نە‌دا. ئە‌وە‌ش شتێك نییە‌ كە رۆشنبیری كورد بۆ خۆی كە‌شفی بكا. ئاسۆیێكی وا لە كۆنە‌وە‌ لەبە‌رچاوی رۆشنبیران بووە‌ (یۆتۆپیای جۆراوجۆر) و ئیمكانی وە‌دی هاتنە‌كە‌ی، لە ناوە‌راستی سە‌دە‌ی نۆزدە‌وە‌، لە تیۆری ماركسیستیدا دابین كراوە‌‌. لە دنیای ئە‌وڕۆدا، كە خێرا بە‌رە‌و كارە‌ساتی زۆر ناخۆش دە‌ڕوا، هیچ رۆشنبیرێك بە‌ بێ سە‌رخوران لە تیۆرێ ناتوانێ بە‌دیلێك لە بە‌رامبە‌ر باری باو دابنێ، بە‌دیلێكی كە ئە‌و بارە‌ نە‌فی بكا و بارێكی دی لە جێگە‌ی دابنێ. هێگڵ وتە‌نی، «ئازادی بریتییە‌ لە نە‌فیی زە‌روورە‌ت» (واتە‌ نە‌فیكردنی ئە‌وە‌ی كە باری ئێستا پێكدێنێ). ئە‌گە‌ر ئە‌وە‌ راست بێ، دە‌كرێ بپرسم كە رۆشنبیری كورد، كە زۆربە‌یان ناسیۆنالیستن، كام زوروورە‌ت نە‌فی دە‌كە‌ن؟ ئە‌گە‌ر تێزهە بە‌ناوبانگە‌كە‌ی ماركسیش بگێڕمە‌وە‌ (تێزی 11 سە‌بارە‌ت بە‌ فۆیرباخ) كە دە‌ڵێ «فەیلە‌سوفە‌كان تا ئێستە‌ دنیایان بە‌ شێوە‌ی جۆراوجۆر لێكداوە‌تە‌وە‌، [بە‌ڵام] نوكتە‌ گۆڕینی‌ دنیایە‌«، پرسیارێكی دی دە‌كە‌م: رۆشنبیری كورد چۆن ئە‌و دنیایە‌ دە‌گۆڕێ؟ لە باتی ئە‌و زە‌روورە‌تە‌ چ دادە‌ڕێژێ؟
ئە‌گە‌ر بە‌و جۆ‌رە‌ سە‌یری پرۆ‌سە‌ی بونیادنانی نە‌تە‌وە‌ لە واقیعی كوردستان بكە‌ین و ئە‌م چە‌مكە لە هە‌ردوو چە‌مكی ناسیۆ‌نالیستی رۆ‌ژئاوا و قە‌ومیە‌تی عەرە‌بی جیابكەینە‌وە‌، بە‌واتایە‌كی دیكە ئە‌گە‌ر بمانە‌وێت بونیادی بیرێكی نە‌تە‌وە‌یی سە‌ردە‌میانە‌ بكە‌ین دوور لە دیاردە‌ی شۆ‌فێنزمی، ئایا چۆ‌ن دە‌توانین بناخە‌ بۆ‌ ئە‌و بیرە‌ نە‌تە‌وە‌ییە‌ دابڕێژین؟
- بیری نە‌تە‌وە‌یی، كوردایە‌تی یان ناسیۆنالیسمی كوردی، لە ئاخری سە‌دە‌ی نۆزدە‌دا بە‌ تایبە‌تی لە بە‌ردە‌می حاجی قادری كۆیی دا، داڕێژرا‌. دیارە‌ ئە‌و بیرە‌، وە‌ك هە‌ر بیرێكی دی، گۆڕانی بە‌سە‌رداهاتووە‌ و ئێستە‌ چە‌ند رە‌وە‌ندی هە‌یە‌ -- لە بیری هە‌رە‌ رە‌گە‌زپە‌رستانە‌وە‌ بگرە‌ («ئاریایی» بوونی كورد و «هە‌ڵبژاردرانی كورد لە لایە‌ن «یە‌زدانە‌وە‌« وە‌ك پە‌یامنێر بۆ نە‌تە‌وە‌كانی دی) ‌تا بیری كورد وە‌ك «نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نی». لە‌گە‌ڵ ئە‌وە‌شدا دووبە‌رێتی نە‌تە‌وە‌ی «مە‌دە‌نی» و «قە‌ومی» (ئێتنیك) زۆر كۆنە‌ (دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ سە‌دە‌ی 18)، رۆشنبیری كورد تازە ئە‌و باسە‌ی دۆزیوە‌تە‌وە‌. كاتێكی ئە‌و باسە‌ هاتە‌گۆڕێ (پازدە‌ ساڵ لە‌وە‌ی پێش)، شە‌ڕی ناوخۆیی لە كوردستانی باشوور زۆر كە‌سی نائومێد كردبوو و هێندێكیشی لە كوردایە‌تی بێزاركردبوو. لە جە‌نگە‌ی ئە‌و تاریكاییە‌‌دا، تیۆری «نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نی» وە‌ فریای نائومێدان كە‌وت. ئە‌و تیۆرییە‌ دە‌ڵێ ناسیۆنالیسم باش و خراپی هە‌یە‌: نە‌تە‌وە‌ی «مە‌دە‌نی» باشە‌ و نە‌تە‌وە‌ی «قە‌ومی» خراپە. ئە‌گە‌ر لە كوردستان شە‌ڕی ناوخۆیی، «براكوژی»، یان «خۆكوژی» هە‌یە‌، لەبە‌ر ئە‌وە‌یە‌ كە ناسیۆنالیسمی كوردی لە رێگە‌ی راستە‌قینە‌، واتە‌ «ناسیۆنالیسمی مە‌دە‌نی»، لای داوە‌ یان هە‌ر نە‌كەوتۆتە‌‌ سە‌ر ئە‌و رێیە‌. جا ئە‌ركی رۆشنبیران ئە‌وە‌یە‌ كە ناسیۆنالیسم كوردی مە‌دە‌نی بكەن.
ئە‌گە‌ر مە‌بە‌ست لە «بیری نە‌تە‌وە‌یی سە‌ردە‌میانە‌« بیری «نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نییە‌«، پێویستە‌ بڵێم ئە‌و بیرە‌ كۆنە‌ و سە‌ردە‌میی نییە‌. بیری نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نی لە دە‌وری رۆشنگە‌رییدا (ئاخری سە‌دە‌ی 17 هە‌تا ئاخری سە‌دە‌ی 18) داڕیژرا و لە ئاخری سە‌دە‌ی 18 دا لە شۆڕشی ئە‌مریكا (1776) و فە‌ڕانسە‌ (1789) وە‌دیهات. لە سە‌رە‌تاوە‌ تا دوای شە‌ڕی جیهانی هە‌وە‌ڵ، لە زۆربە‌ی ئە‌و نە‌تە‌وە‌ مە‌دە‌نییانە‌دا (ئینگلیس، فە‌رانسە‌، ئە‌مریكا، كانادا...)، ژنان كە نیوە‌ی كۆمە‌ڵ بوون مافی دە‌نگدانیان نە‌بوو. لە ئە‌مریكا، لە 1776 بە‌و لاوە‌ بۆ ماوە‌ی یە‌ك سە‌دە‌ كۆیلایە‌تی لە ئارادابوو و دوایە‌ش كە كۆیلایە‌تی قە‌دە‌غە‌ كرا، پیاوی هە‌ژار و ئە‌وانە‌ی كە سپی نە‌بوون لە مافی دە‌نگدانیان بێبە‌ش بوون، لە كانادا نە‌تە‌وە‌ بوومییە‌كان ‌تا ساڵانی 1960 مافی دە‌نگدانیان نە‌بوو. ئە‌و مافانە‌ش تە‌نیا بە‌ خەباتێكی بێوچان وە‌دە‌ست كە‌وتن. با لە پراتیكی نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نی ڕابگە‌ڕێینە‌وە‌ سە‌ر تیۆرییە‌كه‌ی و ددان بە‌وە‌دا بنێین كە «نە‌تە‌وە‌ لە تە‌واوی ئە‌و كەسانە‌ پێك دێ كە لە بە‌رامبە‌ر قانوون دا یە‌كسانن بە‌ بێ لە‌بە‌رچاوگرتنی رە‌گە‌ز، دین، زمان، رە‌چە‌ڵە‌ك، جینسێتی، و تاد.» لەگە‌ڵ ئە‌وە‌شدا، ئە‌و بە‌رابە‌رییە‌ باشترە‌ لە جیاوازی دانان لەسە‌ر بنچینە‌ی رە‌گە‌ز و دین و زمان و جێنسێتی و تاد، دیسان ئە‌وە‌ بە‌رابە‌ری لە بواری قانوون دایە‌ و لە دە‌رە‌وە‌ی قانووندا نابە‌رابە‌ری لە ئارادایە‌. بە‌ كورتی، بە‌رابە‌ریی قانوونی ناتوانێ نابە‌رابە‌ری لابە‌رێ و بگرە‌ درێژەی پێدە‌دا. قانوون تە‌نیا یە‌ك سە‌رچاوە‌ی نابە‌رابە‌رییە‌ و سە‌رچاوە‌كانی دی لەنابە‌رابە‌ریی لە ژیانی ئابووری و كۆمە‌ڵایە‌تی دایە‌. لە روانگە‌ی مێژووییە‌وە‌ دە‌كرێ بڵێین كە نابە‌رابە‌ریی قانوونی خۆی بە‌رهە‌می نابە‌رابە‌ری لە ئە‌وپە‌ڕی قانوونە‌. تە‌نانە‌ت ئە‌گە‌ر قانوون چاك بكرێ بۆ ئە‌وە‌ی هاووڵاتییان تە‌واو بە‌رابە‌ر دابنێ (ئە‌وە‌ش لە نیو سە‌دە‌ی رابردوودا لە ئینگلیس و فە‌رانسە‌ و كانادا و ئە‌مریكا و...كراوە‌)، دیسان ناتوانێ چارە‌سە‌ریی ئە‌و نابە‌رابە‌رییانە‌‌ بكا كە لە دە‌رە‌وە‌ی قانوون هە‌ن‌‌. ئە‌وە‌ش شاردراوە‌ نییە‌ و زۆر لە رە‌خنە‌گران، ماركسیست و ناماركسیست، دانیان پێناوە‌. بە‌ڵام ماركس ئە‌وە‌ی لێ زیادكردووە‌ كە مافی بە‌رابە‌ریی، مافی نابە‌رابە‌رییە‌ لەبە‌ر ئە‌وە‌ی ئە‌وانە‌ی كە لە مافدا بە‌رابە‌ر دادە‌ندرێن، لە ژیانیان دا نابە‌رابە‌رن، و ئە‌گە‌ر، بۆ وێنە‌، ئە‌وانە‌ی نابە‌رابە‌رن یە‌ك داهاتیان هە‌بێ (مووچە‌ی بە‌رابە‌ر بۆ كاری بە‌رابە‌ر)، ئە‌وە‌ی كە نیازی زۆرترە‌ (بۆ وێنە‌ ماڵباتێكی گە‌ورە‌تری هە‌یە‌) بە‌ڕێچو‌ونی سە‌خڵە‌ت تر دە‌مێنێ. بۆ ئە‌وە‌ی ئە‌و نابە‌رابە‌رییە‌ چارە‌سە‌ر بكرێ، داهات دە‌بێ بە‌گوێرە‌ی نیاز بێ نە‌ك بە‌ پێوانە‌ی بە‌رابە‌ریی. لە ناكۆكی كۆمە‌ڵایە‌تیش دا هە‌روایە‌. بۆ وێنە‌، لە كۆمە‌ڵێكی فرە‌زمانیی، فرە‌لەهجەیی، یان فرە‌ئایینی دا، ئە‌گە‌ر ئە‌و زمان و لەهجە‌ و ئایینانە‌ بە‌رابە‌ر نە‌بن و یە‌كیان فرە‌تر، یان گە‌ورە‌تر، یان بە‌ دە‌سەڵاتتر بێ، تە‌نانە‌ت ئە‌گە‌ر قانوون گشتیان بە‌رابە‌ر دابنێ نابە‌رابە‌ریە‌كانیان دووپات دە‌بێتە‌وە‌. مە‌بە‌ستم لە‌و باسە‌ ئە‌وە‌یە‌ كە بڵێم نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نی رە‌خنە‌یەكی زۆری لێكراوە‌ و ئە‌گە‌ر پڕۆژەی ئێستە‌ی رۆشنبیرانی كورد ئە‌وە‌ بێ كە نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نی دابمە‌زرێنن، بە‌ بڕوای من، چاویان لە رابردوو دە‌بێ نە‌ك لە داهاتوو؛ ئە‌وە‌ندە‌ی من دیتوومە‌، بیری نە‌تە‌وە‌ی مە‌دە‌نییان وە‌رگرتووە‌ و هیچ ئاگایان لە دە‌ریایەك رە‌خنە‌، كە لە روانگە‌ی جۆراوجۆرە‌وە‌ كراوە‌، نییە‌.
پە‌روە‌ردە‌ و فێركردن و زمان، بە‌شە‌ گرنگە‌كانی بونیادی نە‌تە‌وە‌ پێكدێنن، ئێمە‌ وە‌كو كورد هە‌م لە پە‌روە‌ردە‌ و فێركردن كە‌موكورتیە‌كی هێجگار زۆ‌رمان هە‌یە‌ هە‌م لە زمانیش، بە‌تایبە‌تی كە ‌تا ئێستا نە‌مانتوانیوە‌ زمانێكی یە‌كگرتوو بونیاد بنێن، ئایا چۆ‌ن دە‌توانین لە‌م دوو بوارە‌دا هە‌وڵە‌كانمان چڕبكە‌ینە‌وە‌؟

كێشە‌كانی پە‌روە‌ردە‌ یە‌كجار زۆرن و باسە‌كە‌شی زۆر ئاڵۆزە و وە‌ڵامدانە‌وە‌ی پێویستی بە‌مە‌ودا و دە‌رفە‌تێكی زۆر هە‌یە‌‌. ئە‌وە‌ندە‌ی من ئاگام لێبێ، رێبازی پە‌روە‌ردە‌یی و شێوە‌ی فێركردن و بە‌رنامە‌ی خوێندن و نە‌ریتی پە‌روە‌ردە‌ی ریژێمی پێشوو هێشتا هە‌ڵنە‌وە‌شاوە‌تە‌وە‌ بگرە‌ بنچینە‌ی فكری پە‌روە‌ردە‌یی ئێستایە‌. دیارە‌ ئەوەش دە‌زانم كە وە‌زارە‌تی پە‌روە‌ردە‌ هە‌یە‌، ناوەڕۆكی كتێبە‌كان گۆڕدراون و زۆربە‌یان بە‌كوردین، مامۆستایان كوردن، زانكۆی ئینگلیسی-زمان هە‌یە‌ و تە‌نانە‌ت ئاشۆریە‌كانیش كتێبی دە‌رسی بە‌ زمانی خۆیان هە‌یە‌. كە دە‌ڵێم رێبازی پە‌روە‌ردە‌ نە‌گۆڕدراوە‌ مە‌بە‌ستم ئە‌وە‌یە‌ كە ئامانجی پە‌روە‌ردە‌ ئە‌وە‌ نییە‌ كە ئە‌وانە‌ی ‌خوێندن تە‌واودە‌كە‌ن ئامادە‌ بكرێن بۆ كاركردن لە كۆمە‌ڵێكی نوێ دا، بە‌ ژیانێكی ئابووریی و كۆمە‌ڵیی نوێ كە لە سە‌ر بنچینە‌ی عەدا‌ڵە‌ت و ژیانێكی بە‌حورمە‌ت و بە‌ئازادی و خۆشی دامە‌زرابێ. لە پە‌روە‌ردە‌دا، وە‌ك بوارە‌كانی دی، ئە‌و دە‌مودە‌زگایە‌ی كە بە‌عس لە 1991دا بە‌جێی هێشت، بە‌ میرات وە‌رگیراوە‌ و بەكوردی كراوە‌. رێبازی پە‌روە‌ردە‌یی، واتە‌ فە‌لسە‌فە‌ و سیاسە‌تی پە‌روە‌ردە، لە حكومە‌تی هە‌رێم دا چییە‌؟ لە ریژێمی بە‌عسدا پە‌روە‌ردە‌ دە‌بوو لە خزمە‌ت بە‌رهە‌مهێنان و بە‌رهە‌مهێنانە‌وە‌ی نە‌تە‌وە‌ی (عەرە‌بی) عێراق بێ. لەحكومە‌تی هە‌رێم دا ئامانجی پە‌روە‌ردە‌ چییە‌؟

كێشە‌كانی زمانیش زۆرن بە‌ڵام لە دوو ساڵی رابردوودا، كێشە‌ی جیاوازیی لەهجە‌یی دیسان سە‌ری هە‌ڵێناوە‌تە‌وە‌. دوای 1991، كە دە‌سەڵاتی بە‌عس لە سە‌ر بە‌شێك لە كوردستانی باشووردا لاچوو، خە‌ڵكی بادینان دە‌نگی خۆیان دە‌ربڕی و گوتیان كە دە‌یانە‌وێ لەهجە‌ی كورمانجی لە نووسین و گوتن دا دە‌كاربێنن. ئە‌وە‌ داخوازیێكی عادلانە‌یە‌ و دە‌بێ ئە‌و مافە‌یان بدرێتێ. بە‌ڵام ئاگاتان لێیە‌ كە چۆن هێندێك لە سۆرانیخوازەكان بە‌ربە‌رە‌كانی ئە‌و مافە‌ دە‌كەن. لێرە‌دا، ئە‌وە‌ بە‌دی دە‌كرێ كە دە‌ڵێم بنچینە‌ یان چوارچێوە‌ی فكریی رۆشنبیران، بە‌لاچوونی بە‌عس، نە‌گۆڕدراوە‌. ئە‌و كوردستانە‌ی ئە‌و سۆرانیخوازانە‌ دە‌یانە‌وێ، كوردستانێكی دیمۆكراتی نییە‌.

لە بۆچوونی سیاسیدا، ئامانجیان بونیادنانی نە‌تە‌وە‌یێكی یە‌كدە‌نگ و یە‌كرە‌نگە‌ ئە‌ویش بە‌ دە‌نگ و رە‌نگێكی كە خۆیان پێیان خۆشە و بە‌ ‌زۆرە‌ملی و زەبرو زەنگ و بێمافیی ولەسە‌ر بنچینە‌ی نیزامێكی بە‌رزیی و نزمیی‌.
Top