جێگری سەرۆكی پەیمانگای كاتۆ: هەرێمی كوردستان چەند بەهێز و ئەكتیڤ بێت لەبەرژەوەندی تەواوی ناوچەكەدایە

جێگری سەرۆكی پەیمانگای كاتۆ: هەرێمی كوردستان چەند بەهێز و ئەكتیڤ بێت لەبەرژەوەندی تەواوی ناوچەكەدایە
تید گەلن كارپنتەر جێگری سەرۆكی دیراساتی بەرگری و سیاسەتی دەرەوەیە لە ئامۆژگای بەناوبانگی (كاتۆ) و هەتا ئێستا 18 كتێبی لە بوارەكانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان داناوە كە ئەم بابەتانە دەگرێتەوە، هێزی زیرەك، بەرەو سیاسەتێكی رۆشن بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، شەڕی داهاتووی ئەمریكا لەگەڵ چین لەسەر تایوان، مەتەڵی كۆریا و كێشەی پێوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ كۆریای باكوور و كۆریای باشوور، سیاسەتی دراوسێی خراپ، شەڕی دۆڕاوی ئەمریكا سەبارەت بە ماددە بێهۆشكەرەكانی ئەمریكای لاتینی، هاوپەیمانەكانی ئەمریكا دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد، ئەمە و بە سەدان وتاری رۆژنامەنووسی لە رۆژنامەكانی ئەمریكاو جیهاندا بڵاو كردۆتەوە، پرۆفیسۆر كارپنتەر یەكێكە لە چاودێر و شرۆڤەوانەكانی بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، بۆ قسەكردن سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئەو گۆڕانكارییانەی لە رووی جوگرافیای سیاسییەوە لەو ناوچەیە روودەدات، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ ئەنجامدا كە ئەمە دەقەكەیەتی:
* زۆربەی چاودێران و پسپۆران پێیانوایە كە لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، نەخشەی جیۆپۆلۆتیكی ناوچەكە گۆڕانكاریی بەسەردا دێت، بەشێوەیەك كە هێزە هەرێمییەكان دووبارە رێك دەخرێنەوە، ئایا بە رای بەڕێزت پێگەی عێراق لەم هاوكێشە تازەیەدا چۆن دەبێت؟
- بەڕای من و بەپێی ئەو شتانەی كە دەیبینین، دوو وڵات ئەگەری دەركەوتنیان هەیە وەكو بەهێزترین دوو وڵات لە ناوچەكە. هەڵبەتە توركیا دیارترین هێزە لە ناوچەكە، لەبەرئەوەی «ئەنكەرە» هەموو هەوڵ و رێگەچارەیەك دەگرێتەبەر لەپێناوی بەهێزكردنی پێگەی وڵاتەكەی، هاوكات لە سیاسەتەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خۆی دوورپەرێز راگرتووە. هێزی دووەم ئێران-ە كە بەردەوامە لە بونیاتنانی هێز لە ناوچەكە و لە دەركەوتندایە، شایەنی باسە هەر لەدوای جەنگی «كەنداوی یەكەمەوە و بە رێگەی لاوازكردنی رژێمی سەدام حوسێن، ئێران پێگەیەكی بەهێزی بۆخۆی درووستكردووە لە ناوچەكە. بەڵام بەداخەوە عێراق بووە بە گۆڕەپانێك بۆ ململانێ و كێبڕكێی بونیاتنانی هێز لە ناوچەكە بۆ وڵاتانێك وەكو توركیا و ئێران و تا راددەیەك عەرەبستانی سعودیە، بەڵام لەو بڕوایەدا نیم كە عەرەبستانی سعودیە كاریگەرییەكی ئەوتۆی هەبێت یان بتوانێ ركابەری و ململانێی توركیا یان ئێران بكات لە ناوچەكە.

* ئێوە وەك چاودێرێك و شرۆڤەوانێك لەسەر رەوەشی عێراق و ناوچەكە و هەروەها هەرێمی كوردستانیش، ئایا چۆن پێگەی هەرێمی كوردستان لەم هاوكێشەیە دەخوێننەوە؟
- بێگومان هەرێمی كوردستان تاكو ئەمڕۆش ئارامترین ناوچەیە و خاوەن سەقامگیرترین حكومڕانییە لە عێراق، زۆربەی سیاسەتمەدارە جیاوازە نێودەوڵەتییەكانی دەرەوەی هەرێم لە بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەئاگان و لەو راستییە تێدەگەن. بەڵام كێشەی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران هەڵوێستێكی باشیان لەگەڵ ئەم هەرێمەدا نەبووە، بەشێوەیەك كە ئەو دوو وڵاتە هەمیشە بەدوای دەرفەت دەگەڕێن و هەر كاتێك بارودۆخەكەیان بۆ بڕەخسێ گوشار دەخەنە سەر هەرێمی كوردستان و هەوڵی لاوازكردنی پێگەی هەرێمەكە دەدەن. ئەوەی راستیش بێ، لەو بارەیەوە بەڵگە لەسەر توركیا و ئێران هەیە كە بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوانیاندا هەیە و هەوڵی بۆ دەدەن. هەر لەبەر ئەو هۆكارەشە كە دەبینین لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا و تاكو ئەمڕۆش پێوەندییەكانی نێوان توركیا و ئێران پێوەندییەكی دۆستانە و بەهێزە. لەهەمان كاتیشدا دەبینین ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر نیگەرانە بەهۆی سیاسەتی دەرەوەی توركیا كە لایەنگری ئێران دەكات. بەداخەوە هەرێمی كوردستان لە بارێكی هەستیاردایە لەبەرئەوەی خاوەن دوو وڵاتی دراوسێیە كە هەردووكیان وڵاتانێكی بەهێزن و هاوكات لەگەڵ هەرێمەكەدا نەیارن و هەڵوێستی دژایەتییان لە بەرامبەریدا هەیە.

* ئەمڕۆ لە عێراق لایەنە سیاسییەكان هێشتا سەرقاڵی پێكهێنانی حكومەتی نوێن. دەبینین كوردەكان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا رۆڵی كاریگەر دەگێڕن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیش پرۆسەی سیاسیی عێراقی لەبەرچاودەگرن. ئایا تا چەند لایەنەكانی دیكەی عێراق لەو هەڵوێستانەی هەرێمی كوردستان تێدەگەن و هاوكاردەبن لە چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق؟
- كورد كارێكی باش دەكات كە ئەو رۆڵە گرنگە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەگێڕێت، لەبەرئەوەی هێزە سیاسییەكانی كورد لە سیستەمی سیاسیی عێراقدا فاكتەرێكی گرنگن بۆ راگرتنی هاوسەنگییەكان، هەروەكو ئێوەیش ئاماژەتان پێكرد كە كورد رۆڵی گرنگ دەگێڕێ. بەهەرحاڵ، بەڕای من تاكە رێگەچارە بۆ كورد كە بیگرێتەبەر بریتییە لەوەی كە كاربكات لەپێناوی پێكهێنانی حكومەتێكی جێگیر و تێگەیشتوو و لۆژیكانە لە بەغدا، حكومەتێك كە تا راددەیەك بتوانێ ئارامی و سەقامگیریی پارچەكانی دیكەی عێراق راگرێت و هاوكات واز لە هەرێمی كوردستان بێنێت و كێشەی بۆ دروست نەكات. ئەمە ستراتیژییەتی بەرگرییە كە سەركردەكانی كورد پیادەی دەكەن بۆ راگرتنی هاوسەنگیی پرۆسەی سیاسیی لە بەغدا و بونیاتنانی سەقامگیری و ئارامی لە عێراق لەپێناوی نەهێشتنی هەر ئەگەرێكی هەڵگیرسانی شەڕێكی نوێ لەنێوانی پێكهاتەكانی عێراق. پێموایە كە هەڵگیرسانی هەر شەڕێك لەو جۆرانە لە مەودایەكی فراوان دەبێت و نائارمی و ناسەقامگیری و گێلەشێواویی لێ دەكەوێتەوە و هەڕەشەیەكی زۆر گەورە لەسەر عێراق و داهاتووی وڵاتەكە درووست دەكات و هاوكات كاردانەوەی خراپیشی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێكهاتەی كوردەكان دەبێت، بەڵام هیچ وڵاتێك لە دراوسێكانی عێراق نابینرێت كە هەوڵبدات یان ئارەزوومەند بێت لە دروستبوونی عێراقێكی جێگیر و سەقامگیر و خاوەن حكومەتێكی بەهێز. هاوكات هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە هەر وڵاتێك لە دراوسێكانی عێراق بەدوای دەرفەتێكدا دەگەڕێت لەپێناوی لاوازكردنی عێراق، هەروەها هیچ نیشانەیەكی باش نابینم و بەهیچ شێوەیەك باوەڕناكەم تەنانەت لە داهاتووشدا ئەو هەڵوێستەیان لە بەرامبەر عێراقدا بگۆڕێت.

* سەبارەت بە سیاسەتی سەركردایەتیی كورد. بەشێوەیەكی گشتی ئەمڕۆ لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و هەرێمیدا دەبینین گرنگییەكی زۆر بە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم دەدرێت و رێزێكی گەورەی لێ دەگیرێت، كە لەم دواییانەدا بە فەرمی بانگهێشتكرا بۆ ئەم وڵاتانە. ئایا تا چەند ئەم بایەخە بە سەرۆك بارزانی رەنگدانەوەیەكە بۆ هەڵوێستی كورد لەبارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق؟ و رات چییە بەرامبەر سیاسەتی كورد و رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسی لە عێراق؟
- بەڵێ بێگومان، پێموایە كە هەموو كەسێك لە ناوەوە و لە دەرەوەی هەرێم دان بە گرنگیی رۆڵی كورد و سەركردەكانی كورد دەنێن، هەرەوها رۆڵی دیپلۆمات و سیاسەتمەدراە كوردەكان بەرز دەنرخێنن. هەر لەبەر ئەو هۆكارەش هەڵبەتە بە رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت و بە فەرمی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بانگهێشت دەكرێن بۆ تاوتوێكردنی هاوكێشە و مەسەلە گرنگەكان. بەڵام ئەگەر هات و هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی راگەیاند و بوو بە وڵاتێكی تایبەت بەخۆی، هەرگیز لەو بڕوایەدا نەبن كە حكومەتی ناوەندی بەغدا هەڵوێستێكی دۆستانەی بۆ هەرێمەكەتان هەبێت، یان بەو بارە رازی بێت. هەروەها لەهەمان رووەوە و سەربارەت بە وڵاتانی دراوسێدا، تەنانەت گەر ئەوان هەرچی بە فەرمی بڵێن یان هەرچی راگەیەنن، هەرگیز باوەڕنەكەن وڵاتانی دراوسێ بەو واقیعە رازی بن یان تێیبگەن، لەبەرئەوەی هەمیشە هەڵوێست و هەستی نەیار و دژایەتیان لەبەرامبەر هەرێمەكەتاندا دەمێنێت.

* لەم دواییانەدا بەڕێز بارزانی سەردانی توركیای كرد و چاوی بە ئەردۆغان كەوت بە مەبەستی پتەوكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا، پاشان سەردانی فەرەنسای كرد. بەشێوەیەكی گشتی، ئایا بەڕێزت سیاسەتی سەرۆك بارزانی چۆن دەخوێنیتەوە؟
- بەڕای من بارزانی هەوڵی زۆر باشی ئەنجامداوە و تا راددەیەك هەندێ لە كێشەكان پێشكەوتنێكی باشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام وێڕای ئەو شتەش و تەنانەت گەر هەرچەند كاریگەربێت و هەرچی بكات یان هەر هەوڵێكیش بدات، گەر بارزانی بێت یان هەر سەركردەیەكی دیكە لە داهاتوو، ئەوە دینامیكییەتی هێزە هەڵسوڕێنەرەكانی ناوچەكە هەر نەیار و ناحەز دەبن لەبەرامبەر كورد و هەمیشە دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن. خۆزگە هەردووك لە توركیا و ئێران بەشێوەیەكی ژیر و لۆژیكانە بیربكەنەوە و لەو راستییە تێبگەن كە كوردستانێكی بەهێز و بەتوانا و ئەكتیڤ مایەی سوودمەندییە بۆ تەواوی ناوچەكە، بەڵام ئەوان بەهیچ شێوەیەك لەو گۆشەیەوە بیری لێ ناكەنەوە و بەو شێوەیە سەیری كوردستان ناكەن. بەڵكو لەبری ئەوە، دەبینین ئەوان هەرێمی كوردستان بە ئەگەرێك دەژمێرن وەكو گرفتێكی چاوەڕوانكراو بۆ وڵاتەكانیان. هەر بۆیە ئەوان بەشێوەیەكی سنووردار و زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن.

* ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی ئارامدایە و هەنگاو بەرەو ئابووری بازاڕ هەڵدەگرێت. بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا تا چەند یەكێتی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆئەوەی زیاتر گەشە بەخۆیەوە ببینێت و پێشكەوێت و ببێت بە نموونەیەك بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- ئەمەیان پرسیارێكی زۆر باشە. پێموایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڵبەتە حەزدەكات پێوەندییەكی دۆستانە و بەهێزی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت. لەلایەنێكی دیكەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دوودڵە لە ئەنجامدانی هەر رەفتارێك یان وەرگرتنی هەر هەڵوێستێك لەبەرئەوەی دەترسێت ئەو شتە ببێت بە مایەی لاوازتربوونی یەكگرتوویی عێراق و تێكچوونی پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا. لەهەمان كاتیشدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تەواوی جەختكردنەوەی لەسەر هەرێمی كوردستان هەڵگرتووە و زیاتر ئاراستەی كردووە بەرەو كێشە هەرە گەورەكان كە رووبەڕووی ئەمریكا بووەتەوە، بەتایبەتی لە «ئەفغانستان» و ناوەڕاستی ئاسیا. هەر بۆیە لەو بڕوایەدام كە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە ئەولەویاتەكانی ئەجیندای ئەمریكا نابن، بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو كە جەختی لەسەر دەكردنەوە. ئەمڕۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر سەرقاڵە بەو كێشە و گرفت و قەیرانانەی كە لە ئەفغانستان رووبەڕووی بووەتەوە، جگە لە كێشە ئابوورییە ناوخۆییەكان بەتایبەتی ئەو سستی و پاشەكشە بەردەوامەی كە بە توندی بە ئابووریی ئەمریكا كەوتووە. بەڕای من، ئەمڕۆ ئەمریكا گرنگی بە جیهانەكەتان نادات و وەكو جاران بەدواداچوونی بارودۆخەكان ناكات.

* ئەمڕۆ كوردستان خاوەن ئەزموونێكی دیموكراسییە و برەوی پێدەدات. هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فرەئایین و فرەنەتەوەییە و پێكهاتەكانی لەسەر بنەمای پێكەوەژیانێكی ئارام و ئاشتییانەدا دەژین. ئایا چۆن دەتوانرێت ئەزموونە سەركەوتووەكەی هەرێمی كوردستان بكرێت بە نموونە بۆ تەواوی عێراق؟
- بەڕای من روودانی ئەو ئەگەرە زەحمەتە، لەبەرئەوەی پێكهاتە جیاوازەكانی پارچەكانی دیكەی عێراق لە گروپە نەتەوەیی و ئایینییەكان تا راددەیەكی یەكجار زۆر ناكۆك و نەیارن. هەرێمی كوردستان لە پارچەكانی دیكەی عێراق زیاتر یەكگرتوو و یار و تێگەیشتوون. بەش بەحاڵی خۆم خۆزگە دەخوازم هەرێمی كوردستان ببێت بە نموونەیەك بۆ عێراق، بەڵام گومانم لە روودانی ئەو شتە هەیە و هەرگیز باوەڕناكەم هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی كاریگەرانە ببێت بە نموونەیەك بۆ پارچەكانی دیكەی عێراق.

* لە هاوكێشەی سیاسیدا و پاش كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، ئایا داهاتووی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی و داهاتووی عێراق بەگشتی چۆن دەبینیت؟
- كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا تاقیكردنەوەیەكی گەورەیە بۆ عێراق، بەتایبەتی لەبارەی چۆنیەتی خوڵقاندنی یەكگرتن لەنێوانی پێكهاتەكان و هاوكاری و هەماهەنگی بۆئەوەی عێراق بكرێت بە كۆمەڵگەیەكی خاوەن حكومڕانییەكی كارا، ئەوكات دەزانرێت كە ئایا عێراق ئەو توانایەی هەیە لە وەدیهێنانی ئەو شتانە یان نا، بەڵام ئەگەر هات و نەتوانرا ئەو كارە ئەنجامبدرێت و گێلەشێواوی و ناسەقامگیریی زیاتر عێراقی گرتەوە، ئەوكات هەرێمی كوردستان دەكەوێتە پێش ئەگەرەكانی توانست یان شكستهێنان لە دوورپەرێزی و خۆپاراستن لەو بارودۆخانە، لەگەڵ ئەگەری هەرێمی كوردستان لە بەردەوامبوون یان شكستهێنان لەو پێشكەوتن و پەرەپێدانەی لە بوارەكانی ئابووری و سیاسی و خۆشگوزەرانی كە لە هەرێمەكەیدا پەیڕەویان دەكات. بەڵام لێرەدا گرنگترین پرسیار دێتە كایەوە، ئەویش ئەوەیە كە ئایا وڵاتانی دراوسێ لەو بارەیەوە چی بۆ عێراق دەكەن؟ ئایا وڵاتانی دراوسێ هاوكاردەبن و هەوڵ دەدەن بۆ هێنانەدی سەقامگیری بۆ عێراق؟ یان لەبری ئەوە چاوەڕێی دەرفەت دەكەن لەپێناوی پتەوكردنی هێزەكانیان و لاوازتركردنی عێراق؟ بەڕای من ترسە هەرە گەورەكە كە پێشبینیی روودانی دەكەم ئەوەیە كە ئەوان زیاتر بەدوای دەرفەت دەگەڕێن بۆ لاوازكردنی عێراق و سەپاندنی هێزیان.

* لە دوا وشە ئەگەر هەر شتێكت هەیە بیڵێیت یان هەر پەیامێك ئاراستەی خوێنەرانمان بكەیت؟
- لەكۆتاییدا دەمەوێ بڵێم كە هەموو هاووڵاتییە ئەمریكییەكان هیوای سەركەوتن بۆ كورد دەخوازن و هەموومان ئومێدەوارین ئەو دەسكەوت و پێشكەوتنانەی كە تاكو ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان وەدیهێنراون بتوانن بیانپارێزن و برەوی پێبدەن. بەڵام واقیعەكە ئەوەیە كە ئێوە لە ناوچەیەكی زۆر ترسناكدا دەژین.
Top