وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رِه‌نسا: یاداشتنامه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانى ئیمزا كرا، پێوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا دیارى ده‌كات

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌رِه‌نسا: یاداشتنامه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانى ئیمزا كرا، پێوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و فه‌ره‌نسا دیارى ده‌كات
بێرنارد كۆشنه‌ر له‌ چه‌ند دێرِێكدا:(بێرنارد كۆشنه‌ر) له‌ 1ی نۆڤه‌مبه‌ری ساڵی 1939 له‌دایكبووه‌، (كۆشنه‌ر) سیاسه‌تمه‌دار و دیپلۆماتكاره‌ و پزیشكه‌. ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری (مێدیسنس سانس فرۆنتیێرس)ه‌ (MSF). كه‌ ناسراوه‌ به‌ رێكخراوى: "پزیشكانى بێ سنوور" و "پزیشكانی جیهان". ئێستا (كۆشنه‌ر) وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رِه‌نسا و كاروباره‌كانی ئه‌وروپایه‌ له‌ حكومه‌تی "فیلۆن"ی باڵی راست، له‌ رابردووشدا به‌وه‌ ناسرابوو كه‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی چه‌پی ناوه‌نده‌.له‌ ژیانی سیاسیدا وه‌ك ئه‌ندامێك ده‌ستی پێكرد له‌ پارتی كۆمیۆنیستی فه‌رِه‌نسی، له‌ساڵی 1968 له‌ رێكخراوی خاچی سوور وه‌كو پزیشكێك له‌ "بیافرا" كاریكردووه‌ له‌میانی جه‌نگی ناوخۆیی نه‌یجیریا. له‌ساڵی 1971 "مێدیسنس سانس فرۆنتیێر"ی دامه‌زراند (پزیشكه‌ بێ سنووره‌كان). له‌ سه‌رده‌می شه‌رِی ناوخۆیی لوبنان (كۆشنه‌ر) وه‌كو خۆبه‌خشێكی مرۆیی له‌ رۆژهه‌لاَتی به‌یروت له‌كاتی گه‌مارۆدانی سه‌ر كه‌مپی "نابا" كاریكرد، (كۆشنه‌ر) له‌ ساتێكدا ژیانی خۆی خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ كه‌ هیچ رێكخراوێكی بیانی ئاماده‌نه‌بوو ئه‌و كاره‌بكات، هه‌روه‌ها زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ كاریكردوه‌ له‌گه‌ڵ ئیمامی شیعه‌ "موسا ئه‌ل سه‌در".له‌ساڵی 1988دا، (كۆشنه‌ر) ژیانی حكومیی ده‌ست پێكرد كه‌ له‌ حكومه‌تی سوشیالیست ده‌ستبه‌كاربوو، هاوكات (كۆشنه‌ر) هه‌ر ئه‌ندامیش نه‌بوو له‌ پارتی سۆشیالیستی فه‌رِه‌نسی. له‌ كابینه‌ی حكومه‌ت ساڵی 1988 بۆ كاره‌ مرۆییه‌كان پۆستی وه‌رگرت. پاشان له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆك "میتران" له‌ساڵی 1992 كرا به‌ وه‌زیری ته‌ندروستی و هاوكات به‌رده‌وام بوو له‌ ژیانی سیاسیی له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپادا. له‌نێوانی سالاَنی 1993- 1997 حكومه‌تێكی باڵی راست حكومرِانیی فه‌رِه‌نسا كرد.له‌ساڵى 1991 یه‌كێك بوو له‌و خۆبه‌خشانه‌ى له‌ كۆرِه‌وى كوردستان رۆڵێكى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ هه‌روه‌ها یه‌كێك بووه‌ له‌و به‌رپرسه‌ فه‌ره‌نسیانه‌ی كارى بۆ ده‌ركردنی برِیارى 688 ى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى و دروستكردنى نه‌واى ئارام بۆ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، له‌نزیكه‌وه‌ له‌سه‌ر كێشه‌ى كورد شاره‌زایه‌ و دۆستایه‌تى نزیكى له‌گه‌ڵ به‌رێز مسعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و له‌ سالاَنى حه‌فتاكاندا جه‌نابى بارزانى نه‌مرى بینیوه‌و پێى سه‌رسام بوو، هه‌روه‌ها له‌نزیكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رێز تاڵه‌بانى ئاشنایه‌تى هه‌یه‌ و له‌ ساڵى 2007 كه‌ كونسوڵخانه‌ى گشتى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر كرایه‌وه‌، وه‌ك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا له‌و رێوره‌سمه‌ ئاماده‌بوو و له‌گه‌ڵ به‌رێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى كابینه‌ى پێنجه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كونسوڵخانه‌ى گشتى فه‌ره‌نسای له‌هه‌ولێر كردۆته‌وه‌ ،كه‌ تێیدا د.فردریك تیسۆ وه‌ك كونسوڵى گشتى فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر ده‌ست به‌كار بووه‌.كه‌ "لیۆنێڵ جۆسپن" له‌ساڵی 1997 بوو به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی فه‌رِه‌نسا، (كۆشنه‌ر) بۆ دووه‌م جاری كرا به‌ وه‌زیری ته‌ندروستی.رۆڵى كۆشنه‌ر له‌ كاره‌ مرۆییه‌كاندا1- له‌ (رواندا):له‌میانی جینۆسایده‌كه‌ی "رواندا" له‌ نیسان- تا ته‌ممووزی ساڵی 1994 (كۆشنه‌ر) دووجار سه‌ردانی "كیگالی"ی كرد بۆ مه‌به‌ستی رزگاركردنی منداڵه‌ هه‌تیوه‌كان تا به‌ فرِۆكه‌یه‌ك بۆ فه‌رِه‌نسا بیانبات. (كۆشنه‌ر) له‌و ئه‌ركه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌لاَم ته‌نیا یه‌ك منداڵ گیانی له‌ده‌ستدا كاتێك كه‌ به‌هۆی دواكه‌وتنی ئامرازه‌كانی گواستنه‌وه‌ی فه‌رِه‌نسی له‌ فرِۆكه‌خانه‌ی "نیرۆبی" منداڵه‌كه‌ مرد. (كۆشنه‌ر) له‌ مانگی ته‌ممووز بۆ دووه‌مین جار له‌پێناوی كۆتایی هێنان به‌و قه‌یرانه‌ گه‌رِایه‌وه‌ بۆ "رواندا"و هه‌وڵیدا له‌گه‌ڵ جه‌نه‌رِاڵی به‌رپرسی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان "رۆمیۆ دالێر" بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ سوپاكه‌ی بگه‌رِێنێته‌وه‌ بۆ "رواندا" و ئاشتی بچه‌سپێنێ..2- نوێنه‌رایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ "كۆسۆڤۆ":له‌ 15ی ته‌ممووز/1999 و به‌پێی برِیاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش ژماره‌ 1244، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان "كۆفی ئه‌نان" "كۆشنه‌ر"ی كاندیدكرد وه‌كو یه‌ككه‌مین نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆكی نێرده‌ی كاتیی ئیداره‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNMIK) له‌ "كۆسۆڤۆ". له‌ماوه‌ی 18 مانگدا (كۆشنه‌ر) توانیی ئیداره‌یه‌كی نوێی مه‌ده‌نی پێكبهێنێت له‌گه‌ڵ بونیاتنانی سسته‌مێكی سیاسی له‌شوێنی سسته‌مه‌ "سرِبی"یه‌كه‌. هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ بونیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی كه‌ به‌هۆی جه‌نگی "كۆسۆڤۆ"وه‌ دارِمابوو. له‌ 21ی كانوونی دووه‌م/2001 دیموكراتێكی سۆشیالیست شوێنی گرته‌وه‌، "هانز هاكه‌رپ". هه‌ر له‌ هه‌مان ساڵدا (كۆشنه‌ر) ی بۆ سێیه‌مین جار كرده‌ وه‌زیری ته‌ندروستی، تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2002 له‌به‌رامبه‌ر هه‌وڵ و چالاكییه‌كانی له‌ "كۆسۆڤۆ"، زانكۆی "پرستینا" برِوانامه‌ی دكتۆرای فه‌خریی به‌ (كۆشنه‌ر) به‌خشی.3- له‌باره‌ى داگیركردنی عێراق له‌ لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌:ماوه‌یه‌كی درێژه‌ (كۆشنه‌ر) داكۆكیكاره‌ له‌ ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی. له‌ سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2003، (كۆشنه‌ر) ده‌نگیدا بۆ لابردنی سه‌ددام حسێن له‌ سه‌رۆكایه‌تی عێراق و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ده‌ستێوه‌ردان له‌دژی دیكتاتۆرێك پێویسته‌ ببێت به‌ یه‌كێك له‌ ئه‌وله‌ویاته‌كانی جیهان.له‌ 4ی شوبات/2003 به‌ هاوكاریی "ئه‌نتوان ڤه‌یڵ" له‌ "لامۆند" بابه‌تێكیان نووسی له‌ژێر ناونیشانی "نه‌ جه‌نگ و نه‌ سه‌ددام". تیایدا (كۆشنه‌ر) باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ره‌خنه‌ی لێ گیرابوو و دژایه‌تی ده‌كرا له‌به‌رئه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه‌ له‌ روودان بوو له‌دژی عێراق. هه‌روه‌كو له‌ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ش روونه‌، (كۆشنه‌ر) پێشنیارده‌كات كه‌ ده‌كرێ لادانی رژێمه‌كه‌ی "سه‌ددام" له‌رێگای رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بێت به‌ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی دیپلۆماسی و سیاسی.وه‌ك یادێك بۆ هاورِێ و نوێنه‌ری كۆچكردووی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق "سێرجیۆ ڤیێرا دی میلیۆ"، (كۆشنه‌ر) بوو به‌ ئه‌ندامێكی دیار له‌ دامه‌زراوه‌ی "سێرجیۆ ڤیێرا دی میلیۆ".كاندیدكردن بۆ پۆسته‌كانی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان:له‌ ساڵی 2005 (كۆشنه‌ر) كاندیدی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بوو بۆ پۆستی كۆمسیۆنی بالاَی په‌نابه‌ران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان (UNHCR)، به‌لاَم پۆسته‌كه‌ درا به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی "پورتوگال"، "ئه‌نتۆنیۆ گه‌ته‌رس"، كه‌ "كۆفی ئه‌نان"ی سكرتێری گشتیی ئه‌و كاته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كاندیدی كردبوو.له‌ساڵی 2006دا، (كۆشنه‌ر) كاندیدكرا بۆ پۆستی به‌رِێوه‌به‌ری گشتی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، به‌لاَم ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رنه‌گرت و له‌ رێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پۆسته‌كه‌ درایه‌ كاندیدی "هۆنك كۆنگ"ی چینی "مارگرێت چان فه‌نگ فو چه‌ن" .پۆسته‌كانی:- یه‌كه‌مین وه‌زیره‌ بۆ كاره‌ مرۆییه‌كان له‌ ساڵی 1988- تا 1992 (له‌ كابینه‌ی "مایكڵ رۆكارد").- وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ساڵی 1992- تا 1993 (له‌ سه‌رده‌می "پیێر بێرێگۆڤۆی").- ئه‌ندامی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا له‌ ساڵی 1994- تاكو 1997.- وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ساڵی 1997- تاكو 1999 (له‌ سه‌رده‌می "لیۆنێڵ چۆسپن").- یه‌كه‌مین نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ "كۆسۆڤۆ" له‌ساڵی 1999- تا 2001.- وه‌زیری ته‌ندروستی له‌ساڵی 2001- تا 2002.- وه‌زیری كاروباره‌كانی ده‌ره‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی 2007ه‌وه‌.
* فەرەنسا نەك ‌تەنیا وڵاتێکی گەورەیە و ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵکو خاوەن مێژوویەکی زۆر کۆن و شارستانیەتێکی بەرفراوان و دەوڵەمەندیشە. هەروەها خاوەنی شۆڕشێکە لە هەموو جیهاندا كە بە ئیلهامبەخشی ئازادی بۆ مرۆڤ ناسراوە. دەپرسین ئایا فەرەنسا چۆن دەڕوانێتە عێراق و هەرێمی کوردستان؟ هەڵوێستی فەرەنسا بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان چییە؟

- سەرسامم بەو رێبازەی وڵاتەکەتان بڕیویەتی. وێڕای تەنگوچەڵەمەی یەکجار زۆر و لەسایەی بوێری و ئازایەتی نموونەیی خەڵکەکەی، عێراق خەریکە گرەوی پشتڕاستکردنەوه و هەستانەوە‌ دەباتەوە: عێراق سەروەری و سەربەخۆیی خۆی بەدەست هێناوەتەوە، باری ئاسایش باشتر بووە، دامودەزگاکان بەهێزتر دەبن، بەڵام پێویستە لەدوای هەڵبژاردنەکانی 7/3ی رابردوو، حکومەت بەزووترین کات دابمەزرێت.
فەرەنسا ئامادەیە پشتگیری لە عێراق بکات بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانیدا سەرکەوتوو بێت و خۆی بە دۆستی نزیکی عێراقییەکان دەزانێت. هەر لەم روانگەیەشەوە بوو کە دەسەڵاتدارانی فەرەنسی بە دەستپێشخەری سەرۆک کۆمار بڕیاریان دا لە هەموو بوارەکاندا پەرە بە پێوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بدەن.
هەر وەک ئاگادارن، خۆم چەند جارێک سەردانی عێراقم کردووە، لە ساڵی 2007 و جارێکی تر لە 2008دا.
2009 ساڵێکی تایبەت بوو سەبارەت بە پێوەندی نێوان فەرەنسا و عێراق، سەرۆک کۆمار سەردانی عێراقی کرد، دوای ئەویش چەندین جار سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی فەرەنسی و عێراقی چاویان بەیەکتر کەوتووە، دوایین جاریش بەڕێز تاڵەبانی سەردانی فەرەنسای کرد. ئەم گەرموگوڕییە لە پێوەندییەکانماندا بێوێنەیە.
خۆم وەکو چالاکوانێ پارێزگاری لە مافی مرۆڤ و هەم وەکو پزیشکێک پێشتر زیاتر لە 10 جار سەردانی عێراقم کردووە و بۆ ماوەیەکی زیاتریش ماومەتەوە. زۆر بڕوام بەوە هەیە کە لە چوارچێوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ عێراقدا، پەرە بە پێوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان بدەین. فەرەنسا رابردوویەکی دوورودرێژی دۆستایەتی و هاوکاری لەگەڵ هەرێمەکەتاندا هەیە. زۆر خۆشحاڵم بە سەردانی بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ فەرەنسا، ئەو کەسایەتییەکی گەورەی هەرێمەکەتانە و ئەوڕۆ یەکەم سەرۆکی هەرێمە کە بەدەنگی خەڵک هەڵبژێردراوە. ئێمه (واتا کوشنێر و سەرۆک بارزانی)‌ زۆر لەمێژە یەکتر دەناسین و لە سەرەتای ساڵەکانی حەفتادا مستەفا بارزانی باوکیشیم ناسیوە و پێی سەرسام بووم.

* ئێمە وەکو کوردی کوردستانی عێراق بەڕاستی رۆڵی فەرەنسا لە بڕیاری دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە ساڵی 1991 بەگوێرەی بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرز دەنرخێنین. هەر بۆیەشە لەو بڕوایەداین کە ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمی هەوڵ و تەقەللای فەرەنسایە بۆ گەلی کورد. دەپرسین ئایا فەرەنسا تا چ راددەیەک گرنگی بەو بەشە ئارامەی عێراق دەدات کە چەند هەنگاوێکی بەرەو دیموکراسی هەڵهێناوە؟

- ئێوە ئاماژە دەکەن بە رابردووی پڕ لە ئازاری کوردەکانی عێراق و ئەو دەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها فەرەنسا گێڕایان بەمەبەستی پاراستنی کوردستان و مسۆگەرکردنی مانەوەی کورد. ئێستا زۆر بە باشی بەبیرم دێت، کاتێک لەگەڵ کونسوڵی گشتیمان (لە هەولێر)، فرێدریک تیسۆ، لە ساڵی 1991 لەسەر سنوورەکان بووین. چاومان بە کۆڕەوی ترسناکی سەدان هەزار کورد کەوت کە لەترسی بۆمباران هەڵدەهاتن. تێکڕای ئەندامانی خێزان، که جاری وا هەبوو‌ منداڵی ورد یان کەسانی بەساڵاچوویان لەسەر پشتیان دانابوو، بەهەر شێوەیەک با دەیانەویست بگەنە تورکیا یان ئێران. بەمەبەستی گەیاندنی یارمەتی و پێویستیی مرۆڤی جارێکی تر چووبوومە‌ حاجی ئۆمەران،. لەگەڵ دانیەل میتەران و فرانسوا میتەران هاتینە سەر ئەو باوەڕە کە دەبێت کوردەکان لەرێگەی بڕیارێکی ئەنجومەنی ئاسایشەوە بپارێزرێن. هەوڵێکی یەکجار زۆرمان دا تا بڕیاری 688 پەسەند کرا. خۆمان بە بەختەوەر دەزانین کە ئەوڕۆ دەبینین کوردستانی عێراق هەرێمێکی ئارامە، پێشدەکەوێت و تێیدا دیموکراسی پەرەدەستێنێت. ئێمە بەتایبەتی بەوە خۆشحاڵین کە دەبینین کوردەکان رۆڵی خۆیان بەتەواوی لە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراقی دەگێڕن. لێرەدا دەمەوێت بەتایبەتی رۆڵی سەرۆک تاڵەبانی بەرز بنرخێنم لەو هەڵوێستە عاقڵانە و حیساب بۆکراوانەی گرتوویەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاستەنگانەی بەرەو رووی عێراق دەبنەوە. من لەمێژەوە، لە چیاکاندا،‌ سەرۆک تاڵەبانی، مام جەلال و هاوڕێی گەورەی لەدەستچووم عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانم ناسیوە.

* کوردەکانی کوردستانی عێراق قوربانی هێرشی چەکی کیمیایی و ئەنفال بوون. دەزانین کە فەرەنسا یەکەم وڵات بوو کە کوشتاری ئەرمەنییەکانی بەشێوەیەکی فەرمی بە جینۆساید ناسیوە. تا چ راددەیەک دەتوانین گەشبین و ئومێدەوار بین کە فەرەنسا تراژیدیای ئەنفال و ئەو پەلامارانەی بە چەکی کیمیایی کراونەتە سەر کورد بە جینۆساید بناسێت؟

- دیارە ئەو بابەتەی باسی لێوە دەکەن بابەتێکی زۆر دەردناکە و لەوەش ئاگادارم کە کوردستان بەلایەوە زۆر گرنگە بەسەرهات و رابردووەکەی پشتگوێ نەخرێت و ئەو نەهامەتیانەی‌ بەسەری هاتوون بە فەرمی بناسرێن و دانیان پێدا بنرێن.
عێراق وەکو وڵات شەهیدی دەستی رژێمی سەدام حوسێن بوو، بەتایبەتی کوردستان ئازارێکی یەکجار زۆری چێشتووە. هیچ کە‌س نییە کەمپەینی ئەنفال و بەرنامەکەی لەبیر بکات کە بریتی بوو لە خاپوورکردنی 90 لە سەدی گوندەکانی کوردستان. دیمەنە ترسناکەکانی بۆمبابارانی کیمیایی هەڵەبجە لە بیری کەس پاک نابنەوە و بەتایبەتیش لە بیر و هۆشی مندا ماونەتەوە، خۆم دوو جار سەردانی هەڵەبجەم کردووە. بەشێوەیەکی شەخسی پشتگیری لە دەستپێشخەری هەموو ئەو رێکخراو و دامەزراوانە دەکەم کە دەیانەوێت ئەم کوشت و کوشتارانە لە بەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لە بەرامبەر مێژوودا بەشێوەیەکی عادیلانە بە فەرمی بناسرێن.
ئەوڕۆ عێراقێکی تازە بنیات دەنرێتەوە، عێراقێکی دیموکراتیک کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ دەگرێت. مافەکانی مرۆڤ بەرەوپێش دەچن. فەرەنسا شان بەشانی هەموو عێراقییەکان رادەوەستێت بۆ پاڵپشتی لێکردنیان لەپێناوی ئاوەدانکردنەوە و ‌هەستانەوەی وڵاتەکەیاندا.

‌ * سەرۆک سارکۆزی به فەرمی سەرۆکی بارزانی بانگهێشتی فەرەنسا کردووە. پرۆگرامی ئێوە بۆ سەردانی بارزانی لە فەرەنسا چییە؟

- هەروەکو پێشتریش وتم فەرەنسا پێوەندییەکانی لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ عێراق دادەمەزرێنێتەوە و گشت ناوچەکانی عێراقی بەلاوە گرنگە. هەر لەم روانگەیەوە بوو کە‌ سەرۆک سارکۆزی لە میانەی سەردانەکەی بۆ‌ عێراق هیوای خواست سەرۆک بارزانی بانگهێشتی فەرەنسا بکات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تێروتەسەل باس لە پێوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و کوردستانی عێراق بکرێت.
لەماوەی سەردانەکەیدا، سەرۆک بارزانی چاوی بە سەرۆک کۆمار، سەرۆکی سێنا (ئەنجومەنی پیران) و هەروەها خۆم دەکەوێت. ئەم دوو چاوپێکەوتنە دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان و بابەتە ناوچەییەکان و پێوەندییە دوولایەنیەکان و هاوکاری نێوان فەرەنسا و هەرێمی کورد. سەرۆک بارزانی و من "نیازنامە" (Letter d’intention) یەک ئیمزا دەکەین کە چوارچێوەی هاوکاری هەمەچەشنەی هەردوولا لەکاتی ئێستا و لە داهاتوودا دیاری دەکات، لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و زانستی و کولتووریدا. هەر وەکو دەزانن، فەرەنسا تا ئێستا 73 زەمالەی خوێندن لە زانکۆکانی فەرەنسی بە قوتابیانی کوردی بەخشیوە، گرووپێکی ئاسەوارناسی فەرەنسی یەکەم پشکنینی ئاسەوارناسی لە عێراق له نزیک هەولێر دەست پێکردووە، دوو قوتابخانەی فەرەنسی لە هەولێر و سلێمانی کراونەتەوە، رێگە خۆش کراوە بۆ هاوکاری لەبواری تەندروستی گشتی و پەرە بەم هاوکارییە دەدرێت. ‌بەپاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی پێشوو، سەنتەرێکی کولتووری فەرەنسی لە هەولێر کراوەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، ئەندامانی ئەو شاندە گرنگە رێکخراوە کە لەم سەردانەدا هاوڕێیەتی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ دیدار و چاوپێکەوتن لەگەڵ وەزیرانی شارەوانی، گەشتوگوزار، سەرچاوە سرووشتییەکان و هەروەها وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. چەند کۆبوونەوەیەکیش رێکخراون بۆ دیتنی ژمارەیەک لەو خاوەن کارانەی کە لە کوردستان کار دەکەن. تێکڕای شاندەکە سەردانی مۆزەخانەی لۆڤر دەکەن و توێژەرێکیان لەگەڵ دەبێت کە پسپۆره لە باکووری عێراق.

* کونسوڵخانەی فەرەنسی خزمەتێکی زۆر باشی پێوەندییەکانی نێوان خەڵکی کورد و فەرەنسای کردووە. بەئومێدین ئەم پێوەندییە پەرەبستێنێت و لایەنەکانی سیاسی و ئابووریش بگرێتەبەر. لێرەدا دەبپرسین ئایا حکومەتی فەرەنسا تا چ راددەیەک پشتگیری لە خاوەنکاران و وەبەرهێنەرانی فەرەنسی دەکات بۆ ئەوەی له قۆناغی پەرەپێدان و بنیاتنانەوەی وڵاتەکاماندا یارمەتیمان بدەن؟

- فەرەنسا لە ساڵی 2007دا کونسوڵخانەی گشتی خۆی لە هەولێر کردووەتەوە. فرێدریک تیسۆ ‌- کونسولی گشتی فەرەنسا – کوردستان زۆر باش دەناسێت و دۆستی لەمێژینەی کوردە، ئەو نەك تەنیا دەیەوێت لەرێگەی پێوەندییەکانی لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمدا پێوەندی سیاسی نێوان فەرەنسا و کوردستان پتەوتر بکات، بەڵکو هەوڵ دەدات پەرە بە پێوەندییە ئابووریەکان بدات لەرێگەی یارمەتیدانی ئەو کۆمپانیا فەرەنسییانەی دەیانەوێت لە کوردستان کار بکەن، رێگەیان پیشان دەدات و خەڵکی گونجاویان بۆ دەستنیشان دەکات بۆ ئەوەی لە داهاتوودا یارمەتیان بدەن. کونسوڵخانەی گشتی فەرەنسا بۆ ئەم مەبەستە پشتی بە میسیۆنی ئابووری فەرەنسی لە عێراق بەستووە کە لە هەولێر دامەزراوە. جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە ئەو پێشکەوتنانەی لە فەرەنسا لەبواری تەندروستی بەدەست هاتوون، ئاستی پزیشکی لە فەرەنسا و تەندروستیی گشتی دەبێت جێی بایەخی ئێوە بن، چونکە ئەمە یەکێکە لە بناغەکانی بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەیەکی یەکسان و دادپەروەرتر.
حکومەتی فەرەنسا یارمەتی دارایی پێشکەش بە دوو کۆمپانیای گەورەی فەرەنسی کردووە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی پاک لە کوردستاندا. لە 2009 و 2010 دا چەند شاندێکی بەرهەمهێنەری دانەوێڵە و ئامێری کشتوكاڵی و هەروەها سوپێرمارکێتی گەورەی وەکو "کارفوور" و کۆمپانیای گواستنەوە و کاروباری ئاو و بەرهەمهێنانی کارەبا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
لە داهاتوویەکی نزیکدا "ماڵی فەرەنسی بۆ کشتوکاڵ و ژینگە" لە هەولێر دەکرێتەوە. ئەمەش لەسەر داوای حکومەتی هەرێمی کوردستان دێتەدی کە دەیەوێت لە بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵدا کەڵک لە ئەزموونی فەرەنسی وەربگرێت. کارەکانی ئەم سەنتەرە سەرتاسەری کوردستان دەگرێتەوە، بەڵام لە سەرەتادا لەسەر ئاستێکی خۆجێییدا کار دەکات.

* حکومەتی فەرەنسا تا چ راددەیەک لەبوارەکانی ئاسەوارناسی و گەشتوگوزاردا یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات؟

- فەرەنسا لەبواری ئاسەوارناسیدا هاوکارییەکی زۆر ‌باشی دەسەڵاتدارانی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و پەرە بەم هاوکارییە دەدات. لە مانگی ئەپریلدا یەکەم پشکنینی ئاسەوارناسی لەلایەن پرۆفیسۆر رووئۆ لە شوێنێکی نزیک بە هەولێر بەناوی کلک مشک دەستی پێکردووە، بەهاوکاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کۆلیژی ئاسەوارناسی زانکۆی سەلاحەددین. مێژووی ئەم شوێنەوارە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان و تاکو ئێستا چەندین کەلوپەلی کۆنی زۆر بەنرخ دۆزراونەتەوە (بناغەی ماڵ، گوڵدان، سیرامیک). فەرەنسا هەروەها لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا سەنتەری فەرەنسی بۆ ئاسەوارناسی و زانستە کۆمەڵایەتییەکان- کە بەشێکە لە ئەنستیتوی فەرەنسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست- لەناو قەڵاتی هەولێر دەکاتەوە، ئەم سەنتەرە لە کوردستان و لەسەرتاسەری عێراق چالاکی دەنوێنێت. یەکەم بەرهەمی ئەم هاوکارییە سیمینارێک دەبێت کە لە رۆژانی 13 و 14 ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ لەلایەن ئەنستیتوی فەرەنسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر سازدەکرێت. ئێستاکە هاوکارییەکی پتەو لەگەڵ کۆلیژەکانی زانستە سیاسییەکان و ئاسەوارناسی زانکۆی سەلاحەددین دامەزراوە و پڕۆژە هاوبەشەکانیش دەستنیشان کراون. ئەم هاوکارییە دەتوانێت زانکۆکانی تری عێراقی، وەکو زانکۆی بەغدا یان موسڵیش دەگرێتەوە.
لە بواری گەشتوگوزاردا، کە خاوەنی تواناییەکی زۆر گرنگی پەرەسەندنە، فەرەنسا ئامادەیە وەڵامی هەموو داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بداتەوە بۆ وردبوونەوە لە هەموو شێوەکانی هاوکاری. فەرەنسا یەکەم وڵاتی گەشتوگوزارییە لەجیهاندا و ئەزموون و شارەزاییەکی یەکجار زۆری لەم بوارەدا هەیە کە دەکرێت سوودی لێوەربگیرێت بۆ پەرەپێدانێکی هێور و ئارامی کەرتی گەشتوگوزار بە رێزگرتن لە ژینگەی کوردستانی عێراق. دەتوانین پێکەوە بیر لە وردەکارییەکانی "ماستەرپلان"ێک بۆ کەرتی گەشتوگوزار لە کوردستان بکەینەوە.
Top