كەركووكییەكان لە پێناو گەڕانەوەی شكۆی هاووڵاتییان داوای گەڕانەوەی هێزی پارتی دەكەن

كەركووكییەكان لە پێناو گەڕانەوەی شكۆی هاووڵاتییان داوای گەڕانەوەی هێزی پارتی دەكەن
كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، لە دۆخێكی نائاسایی و نایاساییدان و دانیشتووانی ئەو ناوچەیانە لە لایەك گیرۆدەی تەعریبێكی نوێن و بە هەموو شێوەیەك غەدریان لێ دەكرێت، لە لایەكی دیكەشەوە تەڕاتێن و جموجووڵی تیرۆریستانی داعش تەنگی پێ هەڵچنیون. بۆیە پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن، گەڕانەوەی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئەو دەڤەرانە سەقامگیری و دڵنیاییان پێ دەبەخشێت. بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان زیاتر باسی ئەو پرسە گرینگە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی

شیلان جەباری كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەگەڵ خانەوادەكەی روویان لە هەولێر كردووە، سەرەتا جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هەمیشە لە غیابی پارتیدا، كورد لەناوچە كێشە لەسەرەكان ژێردەستە بووە و غەدری لێ كراوە، لە ئێستاشدا بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەی پارتی لە شارەكەدا بوونی نییە، وەزعی كەركووك زۆر خراپە، نەك هەر لە رووی سیاسی، بەڵكو لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە هیچ دڵخۆشییەك لەناو شاری كەركووك نییە.» گوتیشی: «ئێستا لە كەركووك بە ئاشكرا و رۆژانە كوشتن و رفاندن و دزی و تاڵان ئەنجام دەدرێت، بۆیە خەڵك بە ژن و پیاو و منداڵ و پیرەوە بۆ پاراستنی سەر و ماڵی خۆیان و گەڕانەوەی كەرامەتیان چاوەڕوانی گەڕانەوەی پارتی دەكەن، چونكە ئەوەی لە فەرهەنگی پارتیدا بوونی نییە، خۆنەچەماندنە، پارتی تاكە هێزی كوردستانە، ڕووبەڕووی داگیركەران و دوژمنانی خەڵك و خاكی كوردستان وەستاوەتەوە».

د. شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «هەمیشە خەڵكی كەركووك چاوەڕێی گەڕانەوەی پارتی بۆ شارەكەیان دەكەن، لە بەر ئەوەی سەنگ و قورسایی پارتی لای كەركووكییەكان جێگەی خۆی هەیە و، رایان وایە بە گەڕانەوەی پارتی دۆخی سەپێندراو و دۆخی بەسەربازیكردنی ئەو شارە كۆتایی پێ دێت، هەڵبەت ئەگەر كۆتاییشی پێ نەیێت، بە جۆرێك لە جۆرەكان بەرەو ئاساییكردنەوە دەڕوات، بۆیە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك زۆر گرینگە و بە گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك باڵانسی هێز بەلای هێزە كوردستانییەكاندا دەشكێتەوە، بەڵام بەو شێوەی كە پارتی دەیەوێت» هاوكات دەڵێت: «پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كە نابێت هیچ هێزێكی بێگانە كە لە دەرەوەی كەركووك هێنراونەتە ناو شاری كەركووك لەو شارەدا بمێنن و دەبێت لەو شارە دەر بكرێن و بۆ شوێنەكانی خۆیان بگەڕێنەوە، هەروەها دەبێت دۆخی ئیداریی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە و پرۆسەی تەعریب رابوەستێت، ئەو سیاسەتە ئیدارییەی لەلایەن راكان سەعید وەك پارێزگاری سەپێنراو كە لەلایەن ئێمەوە ئیعتیرافی پێ ناكرێت، دەبێت كۆتایی پێ بێت، ئەویش چ لە گۆڕینی بەرپرسی یەكە كارگێڕییەكان و چ لە دابینكردنی سەقاگیری و ئەمانە كۆمەڵێك خاڵن بە لای پارتییەوە خاڵی جەوهەرین، هەروەها لە مەلەفی ئەمنیی كەركووك قسە لەسەر ئەوە كراوە كە دەبێت سوپا و پێشمەرگە بەیەكەوە هەماهەنگی بكەن بۆ پاراستنی كەركووك، چونكە ئەو شوێنانە ناوچەی كێشە لەسەرن، لە ناو شاریش جگە لە هێزە ئەمنییە خۆجێییەكان ئەو بارەگا و ماڵانەی داگیر كراون، بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەكانیان، لە مونتەڵەقی ئەو هیوایانەی كە هەیە، بۆ ئەوەی هەردوو حكومەت بگەنە رێككەوتن و ئەو بەڵێنانەی بۆ ئاساییكردنەوەی كەركووك دراون و ئەو هێزە سیاسییە نێودەوڵەتییانەی كە لەسەر خەتن بۆ پاڵپشتی لە پرۆسەی ئاساییكردنەوەی شارەكەن.» گوتیشی: «پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داوە بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و كاندیدی خۆی دەستنیشان كردووە، هەموو هەوڵێكیش دەدات كە كاندیدانی پارتی لە شارەكەدا سەر بكەون بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیی راسەقینەی خەڵكی كوردپەروەریی كەركووك بكەن، لە بەغداش مساوەمە بە دەنگەكانیان نەكەن و داكۆكیكارێكی راستەقینە بن لەسەر مافەكانیان و رێگری لەو پێشێلكارییان بكەن كە لەبەرامبەر خەڵكی شارەكە دەكرێت.»

رزگار سەعدوڵا كارگێڕی ناوچەی زانكۆ لە كەركووك، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «بارودۆخی ئیستای كەركووك لە رەوشێكی ئێجگار مەترسیداردایە و گەڕانەوەی پارتی لەم بارودۆخەی ئێستادا زەروورەتێكی مێژووییە». هەر لەو بارەیەوە گوتی: «كەركووك و كەركووكییەكان لە دوای رووداوەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەو دۆخە تاڵ و خەراپەی كە رۆژانە لە سایەی دەسەڵاتی سەپێندراوی كەركووك لە ماوەی رابردوو چێشتوویانە و جێبەجێنەكردنی هەموو ئەو بەڵێنانەی كە حزبە كوردییەكان بە هاونیشتمانیانی پارێزگاكەیان داوە، تەواوی هیوا و ئومێدەكانی كەركووكییەكانی لە گۆڕ ناوە، لە ئێستاشدا تەواوی كەركووكییەكان چاویان لە گەڕانەوەی پارتییە بۆ شارەكە و ئەم هیواداربوونەشیان بۆ پێگەی پارتی دەگەڕێتەوە، بۆ ئەو وەزن و خەباتە رزگاریخوازەی كە لە پێناو دۆزی نەتەوەی كورد تێكۆشانی كردووە، ئەمەش بووەتە گەورەترین هیوا و ئومێد بۆ كەركووكییەكان كە چاوەڕێی گەڕانەوەی پارتی دەكەن بۆ پارێزگای كەركووك.» گوتیشی: «پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی داستانی سحێلاو پردێ و مەحموودیە و رێككەوتننامەی ١١ی ئازار ئەو بەڵگەنامانەیە كە یەكەم ددانپێدانانی فەرمی بە ناسنامەی كورد و كوردستانی لێ كەوتووەتەوە. راپەڕین و شكاندنی ئەفسانەی داعش و ئاوەدانی و دیپلۆماسیەت و سەقامگیری و ریفراندۆم، لە كارنامە و ئەجندای پارتیمان بووە، پاراستنیشیان بۆ پارتی هیچ كاریك ئەستەم نییە و نابێت، هەڕ ئەمەشە لەم قۆناغە مێژووییە وای كردووە تەنیا چارەسەری دۆخ و كێشە هەڵپەسێندراوەكانی كەركووك لای پارتی بێت، بۆیە ئەگەر دەستپێشخەریی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتیمان نەبێت، بە جۆریك دۆخی كەركووك دەشێوێت كە چارەسەری ئاسان نەبێت، بەتایبەتی كە بەهۆی تەعریب و پێشێلكردنی یاسا و عەسكەرتاریەت وای لێ دەكەن، ئیتر هیج سیمایەكی كوردی و ژیان لەو شارە نەمێنێت.»
Top