ئافرەتێكی بەرگدروو باسی سەركەوتنەكانی بۆ گوڵان دەكات: “توانیم بە داهاتی كارەكەم بژێوی خێزانەكەم بە زیادیشەوە دابین بكەم”
December 29, 2020
کۆمەڵایەتی
فەوزیە كاكەوەیس، ناسراو بە (فەوزیە خەیات) ئافرەتێكی دانیشتووی شاری سلێمانییە و تەمەنی 48 ساڵە و دایكی شەش منداڵە، وەك خۆی باسی دەكات، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە خولیا و ئارەزووی كاری دروومانی هەبووە و، هەر لەمبارەیەوە دەڵێت: «لە تەمەنی 13 و 14 ساڵی دەستم بە كاری دروومان كرد، هەمیشە یارمەتی و رێنماییم لەسەر وردەكاریی بڕین و دروومانم لە دایكم وەردەگرت، چونكە ئەو شارەزاییەكی باشی لەو كارە هەبوو، هاوكات خوشكێكیشم بەرگدروو بوو، منیش وردە وردە دەستم پێكرد و، دوای شەش مانگ فێری دروومانی هەموو جۆرە جلوبەرگێك بووم، سەرەتا جلی خۆمانم دەدووری، ئێستاكەش جگە لە خوشكەكەم براژنێكم و دوو برازام خەیاتن، دەتوانم بڵێم بە خانەوادەیی ئەو كارەمان هێناوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامین، تەنانەت جلی بووكێنی كچەكەمم بە خۆم دووری كە خوارەوەكەی 11 مەتر بوو.»
كاتێك پرسیاری ئەوە لەو بەرگدرووە دەكەین، كە ئایا پاڵپشتی سەرەكیت لە بوارە كارەكەتدا كێ بووە؟ لە وەڵامدا دەڵێت: «جگە لە دایكم، هاوسەرەكەشم زۆر پاڵپشتی كردووم و یەكەم دیاری دوای هاوسەرگیریمان كە بۆی كڕیم، مەكینەیەكی دروومان بوو، لە جۆری پەپوولە.» گوتیشی: «كاتێك منداڵەكانم ورد بوون، كاتێك قوتابیی زانكۆم هەبوو، لە هەموو بارودۆخێكدا لە كارەكەم بەردەوام بووم.»
فەوزیە كاكەوەیس لە درێژەی ئاخافتنەكەیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە «سەرەتا بە مەكینەیەكی پەپوولە» دەستی بە كار كردووە، كە هەرزانترین جۆری مەكینەی دروومانە و دواتر پەرەی زیاتری بە ژمارە و جۆری مەكینەكان دروومان داوە، «بەڵام لە ئێستادا ژمارەی مەكینەكانم لە سەرووی 10 مەكینەیە.» هاوكات دەڵێت: «وێڕای ئەوەی كاری دروومان حەز و خولیایە، بەڵام بەشێكی زۆریشی بۆ پەیداكردنی بژێوی رۆژانەیە، ئێمە لە ماڵەوە هەر هەموومان ژیانمان لەسەر ئەو ئیشەیە، كوڕەكانم زۆر هاوكارمن و كچەكەشم دیزاینی جلەكانم بۆ دروست دەكات، یەكێك لەشاگردەكانم برازای خۆمە، دەرچووی زانكۆیە و یەكێكە لە یەكەمەكانی زانكۆ، ئەو زۆر لە من شارەزاترە لەبەر ئەوەی تەمەنی زۆر لە من بچووكترە، هەندێك جار لە ئیشەكان پرسی پێ دەكەم.»
ئەو خاتوونە خاوەن كارە، زیاتر باسی كارەكەی دەكات و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «سوپاس بۆ خوای گەورە ئەوەی دەمویست و هەوڵم بۆی دەدا، پێی گەیشتم، وادەزانم هەموو دونیا هی منە كە بەرهەمی ماندووبوونی خۆمم بینی و توانیم بە داهاتی كارەكەمان بژێوی خێزانەكەمان بە زیادەوە دابین بكەم، بە خۆشحاڵییەوە چوار لە منداڵەكانم زانكۆیان تەواو كردووە و یەكێكیشیان ئەمساڵ چوو بۆ زانكۆ.»
فەوزیە پەیامی تایبەتی بۆ خانمان هەیە و بەمجۆرە باسی كرد: «لێرەوە لە رێگەی گۆڤاری گوڵان بەو خانمانەی بێكارن و نەیانتوانیوە ببنە خاوەن كاری خۆیان، دەڵێم ئافرەتێك كە دێتە مەیدانی كار زۆر پێویستە هەرگیز رەخنە و تانەلێدان لە كارەكەی ساردی نەكاتەوە، بێگومان سەرەتای هەموو كارێكیش زەحمەتە و ماندووبوون و سینگفراوانیی زۆری پێویستە، بەڵام هیچ شتێك مەحاڵ نییە، كۆڵنەدان و بەردەوامبوون دەتگەینێتە هەموو ئامانجێك، بەداخەوە هەندێك لە خانمان كە دێنە ناو دونیای كار، بەدوای كاری ئاسان و داهاتی باشدا دەگەڕێن، بەڵام تاوەكو ماندوو نەبیت و زەحمەتی نەكێشیت، بەرهەمی كارەكەت نابینیت، بۆیە پێیان دەڵێم: هەرگیز لە ئەنجامدانی كاری قورس و سەخت مەترسن، پێویستە ئافرەت پێش هەموو شتێك بڕوای تەواوی بەخۆی و بە تواناكانی هەبێت، بەتایبەتی كە تاوەكو ئەمڕۆش هەندێك لە پیاوان پێیانوایە ژن تەنیا بۆ منداڵ خستنەوە و كونجی ماڵەوە دروست كراوە.» گوتیشی: «من وەك ئافرەتێك كە زیاتر لە 30 ساڵە لەسەر پێی خۆم وەستاوم و سەربەرزانە كاردەكەم، رووبەڕووی تانەلێدانی زۆر بوومەتەوە، تەنانەت لە پەیجەكەم هەندێك كەس كە ژمارەیان لە چاو ئەو كەسانەی دەستخۆشیم لێدەكەن، زۆر كەمە، قسەی زۆر ناخۆشم بۆ دەنووسن، بەڵام هەرگیز ناتوانن لە كارەكەم ساردم بكەنەوە، چونكە ئەو جۆرە كەسانە ناخیان نەخۆشە و رێزی متمانەبەخۆبوون و مرۆۆڤبوون ناگرن.»