لە پێناو رێزگرتن لە ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستی و ھێزەکانی ناوخۆ ھەڵمەتی قردێلەی شین رادەگەیندرێت

لە پێناو رێزگرتن لە ماندووبوونی کارمەندانی تەندروستی و ھێزەکانی ناوخۆ ھەڵمەتی قردێلەی شین رادەگەیندرێت
گەنجێکی شاری ھەولێر بەناوی سعود ھاشم وەک سوپاسگوزارییەک بۆ پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و ھێزە ئەمنییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ھەڵمەتی قردێلەی شینی رادەگەیەنێت، بەدەیان کەسیش وەک پشتیوانی لە ھەڵمەتەکە قردێلەی شینیان بە دەرگای ماڵەکانیانەوە ھەڵواسیوە.
لەمبارەیەوە سەرپەرشتیاری ھەڵمەتەکە سعود ھاشم بە گوڵانی راگەیاند:" لە ھەموو جیھان بەشێوەی جیاجیا رێز لە ماندووبوونی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی و ھێزە ئەمنییەکان دەگیرێت، ھەر بۆ ئەم مەبەستە لە چەند رۆژی رابردوودا ھەڵمەتێکم بەناوی (با قردێلەی شین لە دەرگای ماڵەکانمان بدەین)، بە ھاشتاگی (#ھەڵمەتی_قردێلەی_شین) راگەیاند، ئەمەش وەک سوپاس و پێزانینمان بۆ ماندوبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھێزە ئەمنییەکانی باشووری کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ھەوڵدەدەین ئەم ھەڵمەتە بکەینە ھەڵمەتێکی نیشتیمانی و چەند رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی ھاتوونەتە پێش بۆ فراوان کردنی ھەڵمەتەکە تاوەکو زۆرترین کەس ھانبدرێ بۆ بەشداربوون لەم ھەڵمەتە و ھەر کەسە و پارچە پەڕۆیەکی شین لە دەرگای ماڵەکەی بدات و پەیامی سوپاسگوزاری خۆی بگەیێنێ".
ھەروەھا گوتی:" لەسەر ئاستی دونیا ھەڵمەتی جۆراروجۆر وەک دەربڕینەکی مەدەنیانە و شارستانی بەرێوەچوو، بۆ نموونە لە ئیتاڵیا خەڵکەکە بە چەپڵە لێدان گوزارشتیان لە خزمەت و ماندوو بوونی کارمەندانی تەندروستی کرد و سوپاس و پێزانینەکانینان دەردەبڕی، ئێمەش لەو روانگەوە بە بەرپرسیارێتییەوە ھەستمان کرد ھەڵمەتێک کە لەگەڵ دابونەریت و کۆمەڵگەی ئێمە بگونجێت، بۆیە ئەو بڕیارەمان داو و پێمان باش بوو خەڵکی ئێمەش سوپاسگوزار بێت وپێزانینەکانینان بەشێوەی قردێلە یان پارچە قوماشەکی شین لە دەرگاکانیان بدەن، بەخۆشحاڵییەوە خەڵکێکی زۆر بەشداری ئەو ھەڵمەتەی کردووە و پێشوازییەکی باشی لێکراوە، چاوەڕوان دەکەم رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ھەڵمەتەکە فراوانتر بکەن و ھەموو شارەکانی کوردستان بگرێتەوە".
Top