لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی تالاسیمیا هۆشداریی زیادبوونی ڕێژەی تووشبووان دەدرێت
پێویستە پشكنینی خوێن بۆ هەموو ئەوانە بكرێت كە تەمەنیان لە نێوان
١٥-١٩ ساڵیدایە و ئەنجامی پشكنینەكانیش ڕەوانەی داتابەیسێكی نیشتمانی بكرێت»
ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، ڕۆژی 8ی مانگی ئایاری بە ڕۆژی جیهانی تالاسیمیا دیاری كردووە و لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا چەندین هەڵمەتی خوێنبەخشین و كەمپینی هۆشیاری لە بارەی نەخۆشییەكە ڕادەگەیەندرێت. تالاسیمیا باوترین نەخۆشیی بۆماوەییە كە لە باوانەوە بۆ منداڵان، لە ڕێگەی جینەكانەوە دەگوازرێتەوە. پسپۆڕانی بواری نەخۆشییەكانی خوێن، هێما بۆ ئەوە دەكەن كە ئەم نەخۆشییە دەتوانرێت لە ڕێگەی گواستنەوەی بەردەوامی خوێن بۆ كەسانی تووشبوو كۆنتڕۆڵ بكرێت و لە دەرهاوێشتەكان بەدوور بن، هەروەها چاندنی موخ، ڕێگەچارەی سەرەكییە كە نەخۆشییەكە بە یەكجاری بنبڕ دەكات. لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 4000 توشبووی تالاسیمیا هەن، كە لە بانكی خوێن مانگانە خوێنیان بۆ دابین دەكرێت، بەپێی ئامارەكانیش ڕێژەكە لە هەڵكشاندایە. بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان زیاتر تاوتوێی ئەو پرسە گرنگە دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی فەرمانگەی میدیای و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرانبەر بە دۆخی تەندروستیی تووشبووانی تالاسیمیا و ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی خانەوادەكانیان، لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەنجامدانی سەرجەم پشكنین و وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشكییەكانی تووشبووانی تالاسیمیا لە تەواوی نەخۆشخانە حكوومییەكان، سەنتەرەكانی دڵ و تیشك لە هەرێمی كوردستان، بێ بەرانبەر ئەنجام دەدرێن.
لە جیهاندا زیاتر لە ٢٨٠ ملیۆن كەسی تووشبوو بە تالاسیمیا هەن، زۆرینەیان دەكەونە وڵاتە دواكەوتوو و تازەپێشكەوتووەكان، هیندستان ڕیزبەندی پێشەوەی گرتووە، ٤٢ ملیۆن تووشبووی تالاسیمیا لەو وڵاتە هەن، وڵاتانی باشووری ئاسیا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقاش زۆرترین تووشبوویان هەیە.
ساجیدە عەلی دایكی دوو تووشبووی تالاسیمیایە، ئەویش وەك یەكێك لەو هەزاران كەسەی كە لە نزیكەوە بە ئاریشە و كێشەكانی ئەو نەخۆشییە ئاشنان، داوا لە حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەكات، «بایەخی زیاتر بە تووشبووانی تالاسیما بدەن» و سەبارەت بە منداڵەكانی خۆیشی دەڵێت: «هیوادارم حكومەت و هەموو خێرخوازان ئاسانكاری بۆ تووشبووانی تالاسیما بكەن، بۆ ئەوەی لەو ئازارە بەردەوامە ڕزگاریان بێت، ئەویش بە ناردنە دەرەوەیان بۆ چاندنی مۆخ كە تاكە چارەسەری یەكجارییە». گوتیشی: «دوو كوڕەكەم تەمەنیان سەرووی 15 ساڵییە، زۆر هەوڵمان دا، ناونووسییان بكەن بۆ چوونیان بۆ هندستان، بەڵام گوتیان تەمەنیان گەورەیە و ئەگەری سەركەوتنی نەشتەرگەرییان كەمە. ئەوان لە ئێستادا زۆر بێزارن و نائومێد بوون لە چاندنەوەی مۆخ بۆیان، بەداخەوە تووشبووانی تالاسیما جگە لە خوێن و دەرمان، زۆر نیازیان بە مامۆستا و پزیشكی دەروونناس و توێژەری كۆمەڵایەتی هەیە، چونكە لە بارودۆخێكی زۆر هەستیار دەژین».
د. محەمەد دەروێش پسپۆڕی نەخۆشییەكانی خوێنی كلینك/ لە سەنتەری تالاسیمیای هەولێر، سەرەتا ئاماژە بەوە دەكات كە «نەخۆشیی تالاسیمیا باوترینی نەخۆشییە بۆماوەییەكانە لە سەرانسەری جیهاندا و، تووشی ئەو كەسانە دەبێت كە سەرچاوەیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی دەریای ناوەڕاست، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هیندستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. وڵاتی عێراق (بە هەرێمی كوردستانیشەوە) یەكێكە لەو وڵاتانەی كە ئا هاوكات دەستێكی بەرزی نەخۆشانی تالاسیمیا لەخۆ دەگرێت، ئاماژەكانیش وا دەردەخەن، ڕێژەكەیان لە هەڵكشاندایە».
هاوكات جۆرەكانی ئەو نەخۆشییە بەمجۆرە دەستنیشان دەكات و دەڵێت: «لە ڕووی ئاكامەكانەوە، تالاسیمیا دەبێتە سێ جۆری سەرەكی:
1. هەڵگری تالاسیمیا، ئەم جۆرەیان هەڵگری سیفەتی نەخۆشییەكەیە، بەڵام هیچ كێشەیەكیان نییە واتە كەم خوێن نین.
2. تالاسیمیای ناوەند، ئەمەیان جۆرێكە لە تووشبووان كە پێویستیان بە خوێن دەبێت، بەڵام بە ڕێژەیەكی كەمتر لە تالاسیمیای گەورە.
3. تالاسیمیای گەورە، ئەمەیان جۆری سەرەكیی توشبووانن، كە نەخۆش بە درێژایی تەمەنی پێویستی بە خوێن دەبێت.»
سەبارەت بە چارەسەریش دەڵێت: «تاكە چارەسەری هەنووكەیی كە بەردەستە بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا، پەیوەستە بە گواستنەوەی خوێن بە درێژایی تەمەن و لابردنی ئاسنی زۆرە لە سووڕی خوێندا، كە ئەمە فشارێكی گەورە دروست لە سەر بانكەكانی خوێن دەكات، زۆر جاریش دەبێتە هۆی قەیرانی نەبوونی بڕی پێویستی خوێن. جگە لەمە دەبێتە بارگرانییەكی گەورەی ئابووری لەسەر حكومەتەكان. هەروەها دابینكردنی دەرمانی پێویست بۆ ئەم چینە بارگرانییەكی دیكەیە بۆ سەرشانی دەوڵەتەكان. تاكە ڕێگایەكیش كە حكومەت بیگرێتە بەر بۆ ڕیشەكێشكردنی ئەم نەخۆشییە، ئەوەیە كە هۆكارە سەرەكییەكە بنبڕ بكات».
ئەو پزیشكە پسپۆڕە جەخت لەوە دەكاتەوە كە «هاوسەرگیریی نێوان دوو هەڵگر، تاكە هۆكارە بۆ نەخۆشیی تالاسیمیا، كۆنتڕۆڵكردنی ئەم نەخۆشییەش، پێویستی بە هەماهەنگی لە نێوان سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەتدا هەیە، كە گرینكترینیان كەرتی پەروەردە، خوێندنی باڵا، تەندروستی، دادگا، ئەوقاف، ڕوشنبیری و ڕاگەیاندنە، كە بە داڕشتنی ماستەرپلانێكی تۆكمە، لە ڕێی پڕۆژەیەكی نیشتمانیی گەورەدا كە هەموو سێكتەرە ئاماژەپێكراوەكان، دەتوانێت بۆ بنیادنانی خێزانێكی تەندروست و كۆمەڵگەیەكی بێ تالاسیمیا، هاوبەش بكات.
ئەم پڕۆژەیە فرەڕەهەندە و لە چەند ئاستێكەوە كاری لەسەر دەكرێت. لەسەر ئاستی باڵا كە بڕیاربەدەستەكان دەگرێتەوە، تاكوو تاكێكی سادەی ئەم كۆمەڵگەیە لە هەر سووچێكی ئەم وڵاتەدا بێت، كە لە چەند قۆناغ پێكدێت:
قۆناغی یەكەم:
ناساندنی ئەم نەخۆشییە بە كاربەدەستان و یاسادانەرەكان، بۆ زیاتر ئاشنابوونیان بە گرنگیی ئەم بابەتە و پتەوكردنی پەتی پەیوەندی لەگەڵ ئەم چینەی كۆمەڵگەدا و ڕوونكردنەوەی دەرهاوێشتە ئەرێنییەكانی ئەم پڕۆژەیە كە دەبێتە هۆكارێك بۆ پاراستنی سامانی مرۆیی و ئابووریی وڵاتەكەمان. پێشبینی دەكرێت كە دەرئەنجامی ئەم قۆناغە داڕشتنی چەند یاسایەك بێت، بۆ ڕێگەگرتنی بنچینەیی لەم نەخۆشییە هاوشێوەیی وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپی كە بەمجۆرەن:
1. داڕشتنی چەند یاسایەك بۆ ڕێگەگردن لە هاوسەرگیریی نێوان دوو هەڵگردا لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان.
2. چالاككردنی یاساكان كە جەخت لەسەر مارەنەبڕینی هاوسەرەكان دەكات، لەلایەن مامۆستا ئایینییەكان بە بێ بەڵگەی پزیشكیی سەلمێندراو.
3. سازدانی چەندین كۆڕ و سیمینار بۆ دادوەرە بەڕێزەكان بۆ ئاشنابوونی زیاتریان بەم نەخۆشییە.
قۆناغی دووەم:
ناساندنی ئەم نەخۆشییە بە كۆمەڵگە، ئەمەش بە چەند ڕێگایەك دەكرێت:
1. پەروەردە:
هەڵبەتە لە بواری پەروەردەدا دەكرێت، زۆر چالاكی و ڕێكاری مەعریفی بۆ پێناسەكردنی ئەم نەخۆشییە بە جگەرگۆشەكانمان ئەنجام بدرێت و بەرژاوڕوونییان پێ بدرێت، بۆ گرینگیی ئەم بابەتە، ئەویش بە:
• زیادكردنی بابەتی تالاسیمیا لە پڕۆگرامەكانی خویندنی قوتابیان لە بابەتەكانی زانست، ئایین، بەها كۆمەڵایەتییەكان و دەروونناسی. ئەویش بە داڕشتنی پڕۆگرامێكی زانستیی تۆكمە و پتەو و بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنە پسپۆڕییەكانی وەزارەتی پەروەردە.
• كردنەوەی چەند خولی دەروونناسیی تایبەت بۆ مامۆستایانی ماندوویی نەناس، سەبارەت بە ئاشنابوونیان بە چۆنیەتیی مامەڵەكردنیان لەگەڵ ئەو قوتابییانەی كە تووشی تالاسیمیا بوون.
• سازدانی چەندین كۆڕ و سیمینار بۆ دایك و باوكانی بەڕێز لە ڕێی چالاكییەكانی قوتابخانەكانەوە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی هووشیارییان و هاندانی ئەو خێزانانەی كە تووشبووی تالاسیمیایان هەیە، بۆ بەردەوامبوونی جگەرگۆشەكانیان لە خوێندن.
• هاندانی قوتابیانی تووشبوو بۆ پێشاندانی بەهرە و كارامەییەكانیان لە ڕێی چالاكییەكانی قوتابخانە و ناساندنیان لە كۆڕ و كۆبوونەوەكان.
• بە سوودوەرگرتن لە لێژنە پەروەردەییەكان، ئامادەكردنی نامیلكەیەكی تایبەت بە تالاسیمیا. دەكرێت ئەم نامیلكەیە بە چەند ئاست بنووسرێتەوە. ئاستی سەرەتایی؛ كە كورتەباسێكی پوخت بە زمانێكی سادە و ساكار دەربارەی تالاسیمیا بنووسرێت. ئاستی مامناوەند؛ لەم ئاستەدا دەكرێت چەند شتێكی زیاتر باس بكرێت لە ڕووی پێكهاتە و گواستنەوەی نەخۆشییەكە. ئاستی پێشكەوتوو؛ كە ئەمە دەكرێت، بكرێتە سەرچاوەیەكی زانستی و پتەو بۆ ناوەندەكانی خوێندن.
• هەماهەنگیكردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ سوودوەرگرتن لە كەناڵەكانی پەروەردەیی لۆكالی و نیشتمانی، ئەویش بە ڕەخساندنی بەرنامەیەكی تایبەت بە نەخۆشیی تالاسیمیا بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاریی تاكەكان لەبارەی ئەم نەخۆشییە و چۆنیەتیی ڕێگەگرتن لە زۆربوونی حاڵەتەكان لە ناو كۆمەڵگەدا.
2. وەزارەتی ڕۆشنبیری و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان:
دەكرێت وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەشدارییەكی چالاكی هەبێت بە ناساندنی نەخۆشیی تالاسیمیا لە ڕێگای چەند میكانیزمێكەوە:
• ناساندنی ئەم چینە لە فیستیڤاڵە هونەری و هەرەوەزییەكانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ئەویش بە بەشداریپێكردنیان لەم چالاكییانەدا بە سوودوەرگرتن لە بەهرەكانیان.
• بەكارهێنانی سەرچاوەكانی میدیایی (بینراو، بیستراو و نووسراو)ی وەزارەت بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە.
• هاندانی كەناڵەكانی تەلەڤزیۆن (ئاسمانی و لۆكالی) بۆ بەشداریكردنیان لەم پڕۆژەیە لە ڕیگەی ڕێكلامەكان، كورتە ڤیدیۆكان، تەرخانكردنی بەرنامەی تایبەت، سپۆنسەركردنی كاروچالاكییەكانی ئەم پڕۆژەیە و هاندانیان بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ پاڵپشتیكردنی سەنتەرەكانی تالاسیمیا.
• بە كارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بۆ ناساندنی ئەم نەخۆشییە و سپۆنسەركردنی پەیجەكان بۆ گەیاندنی ئەم پەیامە بە زۆرترین بینەر و خوینەر.
3. وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایانی كوردستان:
نكۆڵی لەوە ناكرێت، ماموستایانی ئایینی هەر لە سەرەتای پڕۆژەكەوە بەشدارن لەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا، بەڵام جەخت لەسەر چەند خاڵێك دەكرێتەوە، ئەوانیش:
• چالاككردنەوەیی ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە گەیاندنی ئەم پەیامە لە ڕێی مەنبەرەكانەوە.
• مارەنەبڕینی هاوسەرگیرییە تازەكان بە بێ بەڵگەنامەی پزیشكیی سەلمێندراو.
• بەردەوامبوون لە سازدانی خول و كۆڕ و سیمینارەكان بۆ مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی لە هەر شوێنێك بێت.
4. وەزارەتی خوێندنی باڵا:
ڕۆڵێكی هەستیاری دەبێت لەم پڕۆژەیە لە ڕێگەی:
• دەكرێت تالاسیمیا وەك بابەتێكی كۆمەڵایەتی و زانستی لە قۆناغە سەرەتاییەكانی زانكۆ باس بكرێت.
• سازدانی كۆڕ و سیمینار و مێزگرد بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هوشیاری و زانستیی خوێندكاران لە قۆناغە جیاكانی زانكۆ.
• كردنەوەی خولی زانستی و دەروونناسی بۆ مامۆستایانی زانكۆ بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردنیان لەگەڵ خوێندكارە تووشبووەكان.
• جەختكردنەوە لە ئەنجامدانی پشكنینی تایبەت بە تالاسیمیا پێش هەنگاونان بۆ ناو پرۆسەی هاوسەرگیری.
قۆناغی سێیەم:
وەزارەتی تەندروستی لەم قۆناغەدا ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت، بەڵام لە سەرەتادا دەبێت، لێژنەیەكی تایبەت ڕابسپێرێت بۆ دانان و داڕشتنی ڕێنماییە تایبەتەكان بۆ ئەو میكانزمانەی باس دەكرێت لە خوارەوە:
1. گەڕان بە دوای هەڵگرەكان: ئەمەیان دەكرێت لە سەر چەند ئاستێكەوە بێت:
• پشكنینی خوێن بكرێت بۆ هەموو ئەوانەی كە تەمەنیان لە نێوان ١٥-١٩ ساڵیدایە. ئەنجامی پشكنینەكان ڕەوانەی داتابەیسێكی نیشتمانی بكرێت.
• پشكنینی خوێن بكرێت بۆ هەموو ئەو گەنجانەی كە بەرەو پرۆسەی هاوسەرگیری دەڕۆن.
• پشكنینی خوێن بكرێت بۆ منداڵە تازەلەدایكبووەكان بە مەبەستی ناسینی خێزانە هەڵگرەكان.
2. پتەوكردنی تاقیگە ناوەندییەكان و كردنیان بە سەرچاوەی سەرەكی بۆ پشكنینە بۆماوەییەكان.
3. پاڵپشتیی بەردەوام بۆ سەنتەرەكانی تالاسیمیای هەرێم بە دابینكردنی پشكنینی تایبەت بەم نەخۆشییە (ئەلێكترۆفۆریسیس) و فەراهەمكردنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا.
لەلای خۆیەوە سروە عەلی جەباری بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیای كوردستان لقی هەولێر، سەبارەت بەدۆخی تووشبووانی تالاسیمیا دەڵێت: «لەئیستادا لە ڕووی وەرگرتنی خوێن باشین، بەڵام لەرووی دەرمان و پێداویستیی خزمەتگوزارییەكان لە ئاستی پێویستدا نین، ناو بەناو هەندێك لە دەرمانەكانمان لە نەخۆشخانە نامێنن، وەك حەپی كلفەر و سكڵفینی بۆ دەرزی لێدانی دیسفیراڵ و چەندین لە دەرمانی تر وەك ڤیتامیناتەكان هیوادارم لایەنی پەیوەندیدار بە جدی بە دەنگ تووشبووانمانەوە بێن».
بەرپرسی ڕاگەیاندنی كۆمەڵەی تالاسیمیا سەبارەت بەوەی كە بۆچی نەتوانراوە ڕێژەكە كۆنتڕۆل بكرێت و لە زیاد بووندایە؟ دەڵێت:» بەڕای من یەكێك لە هۆكارەكان سستی دام و دەزگا پەیوەندیدارەكانە، هەروەها مامۆستایانی ئایینی و دادگاكان كە دوو هەڵگر لە هاوسەرگیریدا بەیەك دەبەستنەوە، تەنانەت نەتووانراوە وەكو پێویست هۆشیاریی تاك و كۆمەڵگە زیاتر بڵاوبكرێتەوە بۆ ڕێگریكردن لە نەخۆشییە بۆ ماوەییەكان بەتایبەت (تالاسیمیا).