٨ ی مارس بۆ ژنان و ئافرەتان چی دەگەیەنێ..؟؟!!!

٨ ی مارس بۆ ژنان و ئافرەتان چی دەگەیەنێ..؟؟!!!
بێگومان دەبێ کارە پیرۆزەکەی ژنە تێکۆشەری کۆمەنستی ئەلمانی کلارا زیتکن (clara Zetkin.)لە یاد نەکەین وھەمیشە لەگەڵ یادی ٨ ئاداردا چەپکێ گوڵ بۆ رۆحوی پاکی ئەو دابنێین، چونکە ئەو ژنە قارەمانە بوو کە لەساڵی ١٩١٠ بە دەنگی بەرز داوای یەکسانی مرۆڤەکانی کرد بە تایبەتی یەکسانی ژن و پیاو لە ئەرک مافەکاندا ، بێگومان کلارا یەکیک بوو لە کادیرە پێشکەوتوەکانی جیھانی کۆمەنستی و سۆسیالیزم..بەردەوام بوونی خەباتی ژنان لە پێناوی یەکسانیدا درێژەی کیشا تا ساڵی ١٩٧٥ یەکەم کۆنگرەی کۆمەڵەی نیو نەتەوەی لە مەکسیک لەسەر مافەکانی ژن بەستراو لە ساڵەکانی ١٩٧٧ بریاری لەسەر دراو لە ساڵی ١٩٧٨ ئەم یاسایە جێبەجێ کراو٨ مارس بوو بەرۆژی یەکگرتنی ژنان بۆ ئازادی و مافەکانیان .لەو میژووە ھەموو ساڵێ ژنانی جیھان لەو رۆژەدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن بە گوێرەی خواستەکانیان . ژنی کوردو ٨ ئادار ( مارس) بێگومان ھەموومان ئەو راستیە باش دەزانین ئەگەر ژنانی جیھان جاریک چەوساوە بن کە ناوی بنێین چەوسانەوەی رەگەزی ، ئەوا ژنی کورد سێ جار چەوساوەیە. ١/ چەسانەوەی نەتەی و نیشتمانی ٢/ چەسانەوەی رەگەزی ٣/ چەوسانەوەی کلتوری و ئاینی بە درێژای مێژوو گەلی کورد لە خەبات وتێکۆساندا بوە لە پێناوی مافە سەرەتاییەکانی ژیان ومانەوەی لە خاک وزیدی خۆی وبەرگری لە زمان ونەرێت ونیشتمانی خۆی کردوە ، لە ھەموو تەمەنی خەباتەکاندا ژنی کورد بوە بە خۆراکی ئاشی شۆڕشەکان ،ھەموو ئەرک وماندوبونەکان لە ئەستۆی ژناندا بوە ئەمە لە دەستدانی رۆڵەکانی جەرگ سوتانی بە کورو کچومێردوبراو باوکی .ھەمیشە بەشی زیندانی کۆمەڵایەتی وبەندیخانەی داگیرکەران و کۆیلە کردنیان وسوکایەتی پیکردنیان لە لایەن دوژمنانی ئەم گەلەوە پێکراوە ئەمە جگە لە ئەرکی پەروەردەکردن و کارکردن ورووبەروی رۆژگارە سەختەکانی ژیان بۆتەوە .خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دویدا ژنی کورد شان بەشانی براکانیان چەکی شۆڕش و بەرگریان کردەشان و چیتر دانانیشن تا فرمێسکی بێدەسەڵاتی بۆ خەباتگێران برێژن ..ئیستا پیاوان فرمێسک بۆ ژنانی کورد دەڕێژن . نمونەی بەرچاوی ژنی کورد شەرڤانانی کۆبانێ بوو کە بوو بە سمبولی ژنانی جیھان . بەلام لە سیستەمی سیاسی ئەمرۆی کوردستان مەخابن تەنھا ئەوەندە دەڵێم جگە لە موتربە کردنیان بە سیاسەتی حیزبی و پاڵپشتیان بۆ دەنگ ورەنگی پیاوان ھیج مۆرکێکی ژنایەتی وخەباتی ژنایەتی مافی ژنانیان لێنابینرێ.. جگە لەمەش ھۆکارێکن بۆ خەفەکردنی مافی ژنان . چەوسانەوەی رەگەزی ! ژنی کورد لە زۆر مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤی پیاو بێبەش کراوە تەنھا لەبەر ئەوەی رەگەزی مێینەیە ، تەنانەت نەیتوانیوە ئاوات وخواستەکانی خۆی بەدەستبھێنێ لە فاکتەرو بوارەکانی ژیاندا ، ئەگەر چی لێھاتوو زیرەک بووبێ لە بوارێک لە بوارەکانی ژیان و ڕێگەی پێنەدراوە وەکو کورێک بچێتە دەرەوەی ووڵات وپسپۆری لە کارەکەی بەدەست بھێنێ ، یاخود ئەگەر زۆر ئارەزووی لە وەرزش و جۆرەکانی وەرزش بوبێ ، بابەتی رەگەزیەکەی ڕێگەی پێنەداوە لە بوارەکانی وەرزش پەرە بە ئارەزوەکانی خۆی بدات و تەنھا لە چوارچێوەی چەند پیشەیەک خەفە کراوە ئەمە جگە لە بواری ھونەری و پیشەییەکان .. واتە ئەگەر عەقڵێکی بازگانی باشیشی ھەبوبی نەیتوانیوە کاری بازرگانی و پیشەیی بکات .لە ھەموو کارە پیشەییەکانی ناو شارو بازارەکان بێبەشکراوەو رەگەزی مێینە لێی بۆتە ڕێگر ... ئەمانە گەلێ شتی تر کە ئێوە باش دەزانن کە رەگەزی مێینە چۆن خەفەکراوە لەسەر رەگەزەکەی لە بوارەپیشییەکانی ژیاندا کە چەندەھا پیشە ھەیە پیاوان دەیکەن وبۆ ژنان بەھۆی رەگەزییەوە نەگونجاوە بیکەن . چەوسانەوەی کلتوری و ئاینی ! ئەم فاکتەرەیان کە دەڵین کلتوری و ئاینی پەیوەست نیە تەنھا بەئیسلامەوە ، چونکە ئەم ناوچەیەی ئیمە دەتوانین بڵێن جگە لەوەی خودی ناوچەکە رۆڵێکی گرنگی ھەبووە لە داھێنانی ئاینیەکان ھەروەھا پردی (جسر) پەرینەوەی ئاین وکلتورەکانیش بوە ، ئیسلامیش کەڵکی لە دابونەرێتی ئاینەکانی پێش خۆی وەرگرتوە لە بارەی مافی ژنانەوە و چۆنیەتی ھەڵسوکەوتی لەگەڵ ژنان .. ھەموو ئاینێکیش داب ونەرێت وکلتوری خۆی تێکەڵ بە ئاینەکەی کردوە زۆر جار بە عەقڵی کۆمەڵگەکە گونجاندویەتی ،وە لە ھەموو ئاینەکانیشدا زیاتر پشتی بەھێزو بازوو بەستراوە ، و بەشان وباڵای لایەنی بەھێزدا شکاندویەتیەوە ،و لە بەرژەوەندی خۆی کاری کردوە کە ھێز بۆ خۆی زیاد بکات ،واتە ھێزە بەھێزەکان کە دەکاتە رەگەزی نێرینە بکاتە پاڵپشت ، ئەگەر تەماشای مێژوو بکەین ھەموو ئاینەکان لەسەر دەستی پیاوان تیۆریەکەی بۆ دارێژراوە و پیاوانیش پراکتیزەیان کردوە ، لە ھەموو ئاینەکاندا بەرژەوەندی ھیز رەچاوکراوە ،ئەگەر تێروانینمان ھەبی بۆ گشت ئاینەکان دەبینین گرێبەستی ھاوسەرگیری (عقد الزواج) ئەگەر لە ١٠ دە خاڵ وابەستەبێ لە پرۆگرامی ئاینەکاندا ئەوا بەلای کەمەوە ٧ حەوت خاڵی لەبەرژەوەندی رەگەزی نێردایە ، تەنانەت لە بواری زمانەوانیشدا لە زمانە سەرکیەکانی جیھانیشدا دەوترێ ( پیاو قسە دەکات ، یان پیاو بریار دەدات ) نەک ھەر پیاوان ئەم رستەیە بەکار دەھێنن بەڵکو ژنانیش بەکاری دەھێنن ، بێگومان ئەمەش لە سەرچاوەی ھێزو دەسەڵاتەوە ئەم رستە فەرھەنگیە دروست بوە .بەھەرحاڵ ژنی کورد لە داب ونەرێت وکلتورە ھەمەرەنگەی بەسەریدا سەپاوە لە نەتەوەکانی تری ناوچەکە زیاتر زەرەرمەند بوە بە بەراورد لەگەڵ ئافرەتانی ناوچەکەکەدا، دەتوانین بڵێین زۆر جار وەکو کاڵا بەکار ھێنراوە .. تەنانەت پیاوەتی و بەخشین و کرین وفرۆشتنیپێوەکراوە ،کە تەنھا لەدێر زەماندا بە کۆیلەکان کراوە ، ئەمە جگە لەوەی تا ئێستاش کچ دەکرێتە گرێدانەوەی خزمایەتی و کەسایەتی ، دەوترێ (پاروو لە دەم بۆ کۆش بێ باشترە وەی لەوەی بکەوێتە زەوی) واتە دەبێ کچەکە بدەن بە ئامۆزاو پورزاو خاڵۆزا ، ئەمەش جگە لەوەی تاوانە وزوڵمە لە مافی ژن ھەروەھا دەبێتە ھۆکاری گەلێ نەخۆشی ماوە بۆو بەرکەوتەی خراپ ..بۆ ئەو خێزانەی دروستی دەکەن .



دھۆک بارزانی/ بەرپرسی ناوەندی سۆرانی ی.ئا.ک
Top