سروە عوسمان: هەموو ئیرادەی نوستووم بە گەڕ خست و توانیم بە سەر شێرپەنجەدا زاڵ بم

سروە عوسمان: هەموو ئیرادەی نوستووم بە گەڕ خست و توانیم بە سەر شێرپەنجەدا زاڵ بم
سروە عوسمان مستەفا، خێزاندارە و دایكی دوو كچ و كوڕێكە، خۆی و هاوسەرەكەشی مامۆستان و، وەك خۆی باسی دەكات، لە ماوەی دە ساڵدا سێ جار رووبەڕووی نەخۆشیی شێرپەنجە بووەتەوە. ئەو خانمە دانیشتووی شاری هەولێرە و جگە لە مامۆستایی، هاوكات نووسەر و شاعیرو هەڵگری ناسناوی «سروەی بەیان»ـە، باسی چۆنیەتی زاڵبوونی بە سەر نەهامەتییەكانی ژیانیدا دەكات و، راشكاوانە وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان دەداتەوە.

سروە عوسمان مستەفا (سروەی بەیان)، لە دەستپێكی وتەكانیدا بەمجۆرە پێناسەی خۆی دەكات: «دایكی سێ منداڵم (دوو كچ و كوڕێك)، خۆم و هاوسەرەكەشم مامۆستاین و لە ژیانێكی مامناوەندی دەژین. كە باسی ژیانی خۆم دەكەم، نازانم لە كام نەهامەتییەوە دەستی پێ بكەم، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە لەوەتەی خۆم دەناسم، خامەكەم ئەندێشەی نەبڕاوەی كچە كوردێك دەنووسێتەوە، دوای ئەوەش كە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە هاتم، بوومە خامەیەكی ناودار و كەوتمە نووسینەوەی ناخی خۆم و هەموو ژنانی بەش مەینەت. جێی داخە هێندە دەردەسەریم دیوە، هەرگیز لەچەند دێڕێكدا كورت ناكرێتەوە، بەڵام بێگومان دەبێ لە هەوڵی بەردەوامیدا بین، چونكە ژیان بەردەوامە. ئێستا سروەی بەیان خاوەنی دوو كتێبی شیعریە و چەندین بەرهەمی دیكەی ئامادەیە بۆ چاپ.»

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە چۆن و كەی نەخۆشیی شێرپەنجە هێرشی بۆ هێنایت و ماوەی چەند ساڵ لە رووبەڕووبوونەوەیدا بوویت؟ دەڵێت: «ئەوەی راستی بێ، من لە ماوەی دە ساڵدا سێ جار رووبەڕووی ئەو دەردە نەگریسە بوومەوە، بەڵام وا دەژیم و بوومە یەكێك لەوانەی كە بە شێرە ژنی شێرپەنجە بەزێن ناو دەبرێم. پێش دەساڵ و لە كۆتایی ساڵی2009دا بوو، كاتێ هەستم كرد، گرێیەكی نامۆ لەژێر گۆی مەمكی چەپەم خۆی گرمۆڵە كردووە، بە زووترین كات لەگەڵ هاوسەرەكەم خۆم گەیاندە دكتۆرێكی تایبەت بە گرێ، ئەویش پشكنینی بۆ نووسیم. هەمان كات چوومە تاقیگە و پشكنینەكەیان بۆ ئەنجام دام، هەر لەو پشكنینە ترسناكە دڵم داخورپا و هەستم بە مەترسییەك كرد، چونكە جۆری پشكنینەكە وەرگرتنی نموونەی خانەیی بوو لە شوێنی گرێیەكە و ئازارێكی زۆری دام، دەبوو هەتا سبەی ئێوارەش چاوەڕێی ئەنجامی پشكنینەكە بكەم. ئەو كاتەی یەكەم زەنگی مەترسی لەسەر ژیانم لێی دا، ئەو ئێوارەیە بوو كە ئەنجامی پشكنینەكانم بردەوە بۆ لای دكتۆر و یەكسەر بێ هیچ پێشەكییەك وتی: پیسە و خانەی شێرپەنجەییە و دەبێت بە زووترین كات نەشتەرگەریت بۆ بكەم و لای بەرم. تۆ بڵێی لەو خەبەرە ناخۆشترم بیستبێ لە ژیانم؟ ئێستاش رقم لە گوێیەكانمە، چونكە هەواڵێكی ئەوتۆی پێ گەیاندم كە وەكو برووسكە كاسی كردم. بەسەر دنیاوە نەمام، كەوتبوومە خەیاڵاتی مردن و بەجێهێشتنی كوڕە تاقانە بچكۆلانەكەم، كە ئەو كاتە تەمەنی تەنیا چوار ساڵ بوو، كچەكانیشم لە تەمەنێكی هەستیاردا بوون، هەموویان پێویستیان بە دایك هەبوو. بیرم دەكردەوە چی بكەم؟ ترس و دڵەڕاوكێ و چارەنووسی نادیار هەموو لێم ببوونە دێوەزمە و مۆتەكەی ژیان؛ تاوێك دەگریام و، تاوێك مات و مەلوول بڕوام نەدەكرد، ئەوە منم دەردێكی ئاوا قورس بەرۆكی گرتووم. ئێوە دەزانن هەندێ دەرد تەنیا ناوی گەورە و ترسناكە، بەڵام كە دەچیتە ژێر باری ئیتر ئاسایی دەبێت، منیش چەند دكتۆرێكی دیكەم كرد بۆ دڵنیابوون و شێوازی چارەسەرەكە، دواتر دوای سێ رۆژ بڕیاری گەورەترین و مەترسیدارترین نەشتەگەریم دا، كە لە ژیانم كردبێتم. ئەوە یەكەم هەنگاو بوو بۆ چارەسەر.

هەنگاوە ترسناكەكان دواتر دەستیان پێ كرد، ئەو كاتانەی تووشی چارەسەری كیمیایی و لێزەری بووم، بە راستی رۆژگارێكی یەكجار ناخۆش بوو، چونكە نەخۆشخانەكانمان پڕبوون لە تووشبووان بەو دەردە. ئەوەی ئازاری دەدام، كەموكوڕییەكانی نەخۆشخانە و شێوازی چارەسەر و بێ شوێنی بوو. نەخۆش دەبوو هەموو ژیانی لە نەخۆشخانە بەسەر ببات، تا چارەسەرەكان وەردەگرێت. دوای مانگێك لە نەشتەرگەری بە ناچاری چوومە وڵاتی ئەردەن بۆ دووبارە پشكنین و دڵنیابوون لە جۆری چارەسەری كیمیایی كە وەرم دەگرت، چونكە ئەو كاتە لە خەستەخانەكانی هەرێم ئامێری باشمان نەبوو. لەوێ دیسان هەموو پشكنینەكانم بۆ دووبارە كرایەوە لە خەستەخانەی خالیدی و خەستەخانەی حوسەین بۆ شێرپەنجە. نەشتەرگەریی دووەمم لەوێ بۆ ئەنجام درا لە رۆژی11ی ئاداری 2010 دواتر چارەسەرم بۆ دەستنیشان كرا و گەڕامەوە بۆ كوردستان، بەڵام كەوتمە هەوڵی ڤیزەوەرگرتن بۆ ئەڵمانیا لە رێگەی براكەم كە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە. لەو ماوەیە تا كارەكانی ڤیزە و سەفەرم رێككەوت 25 جەلسەی لیزەرم لە خەستەخانەی رزگاری وەرگرت، كە ناخۆشترین رۆژگارم لەوێ بەڕێ كرد. لەو كاتانە لەگەڵ ئەو نەخۆشانەی كە قژ بە سەریانەوە نەمابوو، لەگەڵ ئەوانەی رەنگیان هەڵبزڕكا بوو، لەگەڵ ئەوانەی هێز لە لەشیاندا نەمابوو، لەسەر عارەبانە پاڵیان پێوە دەنان و...هتد. ئیتر دڵم ببوو بە پارچە خەڵووزێكی رەش. دواتر ڤیزەی وڵاتی ئەڵمانیام وەرگرت و بە دیداری خوشك و براكانم شاد بوومەوە. لەوێ چوومە خەستەخانەی شاری هانۆڤەر، دەستم بە چارەسەر كرد. نازانم چی بڵێم و چۆنی باس بكەم، دەربارەی جیاوازیی دكتۆر و خەستەخانە و كارمەندی وڵاتی ئەڵمانیا و ئەوانەی لای خۆمان، بە راستی ئێستاش دڵم بۆ تووشبووانی ئەو دەردە نەگریسە لەم كوردستانە بەپەرۆشە. هەرچەندە لەم چەند ساڵەی دوایی ئامێری باش و چارەسەری باش گەیشتە كوردستان، بەڵام خەڵك لەژێر فشارێكی گەورەی دەروونیدان، لە بێ دەرامەتی و بێ خزمەتی و كەمی و خراپی داودەرمان و چارەسەر. لە ساڵی 2013 ئازیزترین بوونەوەر لە ژیانم كە دایكم بوو، بەو دەردە وەفاتی كرد.

دایكم بە بەرچاومەوە دەپووكایەوە. بەداخەوە گەیشتبووە دواقۆناغ لەو نەخۆشییە، بۆیە بە كەمتر لە دوو مانگ گیانی سپارد. رۆحی شاد بێت، ئەو كارەساتە كاریگەریی خراپی لەسەر دەروونم دروست كرد و دوای چەند مانگێك دیسان دوچاری بوومەوە. ئەمجارە لە زێ (رەحم) وردە گرێ و كیسی ئاوی لەسەر هەردوو هێلكەدانەكانم پەیدا بوون و بوونە مایەی ترس و دڵەڕاوكێم. ئەمجارەش بە زووترین كات خۆم گەیاندەوە وڵاتی ئەڵمانیا. دیسان نەشتەرگەری و چارەسەری خێرا وای كرد ئەو دەردە ببێتە هەڵامەتێك لەلای من. كەوتمە گەڕان و گەشت بە وڵاتانی ئەوروپادا. دكتۆرەكەم پێشنیاری ئەوەی بۆ كردم، دەیزانی لە كۆمەڵگەیەكی پڕ دەردەسەرییەوە بارگەم تێكناوە، بە مەبەستی دووبارە ژیانكردن. لە ئەڵمانیا بۆ دووەم جار ژیانیان پێ بەخشیمەوە، ئەو وڵاتە بۆ من دووەم دایكمە، چونكە باوەشی میهر و خۆشەویستی و ژیانەوەی بۆ كردمەوە. لەوێ تێگەیشتم كە ئەم دەردە بە تۆزێ حەسانەوە و پشوودان و چارەسەر كۆتایی دێت. بەڵام دیسانەوە جارێكی دی لە ساڵی 2019 ترسی ئەوەم لێ نیشت شێرپەنجە بەرۆكی گرتبم. غودەكانم سست بوون و لەكار كەوتبوون. سەردانی هەندێ پزیشكم كرد لێرە و هەندێ رێنماییان كردم، تا گەیشتمەوە وڵاتی ئەڵمانیا و چارەسەرم بۆ كرا، ئێستاش بەردەوام لەژێر چاودێریی پزیشكدام و چارەسەرم هەیە. بەڵام ژیانێكی زۆر ئاسایی بەسەر دەبەم. من تامی مردنم كردووە، بۆیە ئێستا ژیانم لە لا خۆشەویستتر بووە.»

كاتێك پەیامنێری گوڵان پرسیار دەكات: ئەو هێزە گەورەیەت لەكوێ هێنا، بۆ بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر نەخۆشییەكەتدا؟ سروەی بەیان دەڵێت: «كاتێ جەستەم بەر شاڵاوی دەردی نەگریسی شێرپەنجە كەوت؛ بێ بەزەییانە هەرجارەو بە تیغێك دادڕیان كرد، تا رۆحیشم پارچە پارچە بوو؛ پارچەیەك نێژرا؛ پارچەیەك هەتیو؛ پارچەیەك سزادراو لە جەستەدا بەجێماو؛ فرمێسكە خوێناوییەكانی چاوی دایكم و خەم و پەژارەی باوكم و رەنگ زەردی و دڵەڕاوكێی خوشك و براكانم و سەرسوڕمانی جگەرگۆشەكانم لەم دەردە كتوپڕەی دایكیان؛ بێنازی و هەناسەی ساردی هاوسەرەكەم و روانینی ئازیزانم؛ هەموو ئەوانە لە ناخەوە هەژاندمی؛ نەمویست رێز و خۆشەویستیی هەموویان ببێتە بەزەیی و لەو گۆشەنیگایەوە لێم بڕوانن ـ ویستم پێیان بڵێم: دەمەوێ بۆ ئێوە بژیم. بۆیە هەموو ئیرادەی نوستووم بەگەڕخست و هەزاران هەزار نەفرەتم لە تەوێڵی ئەو قەدەرە كرد؛ هەزاران هەزار نەفرەتم لە دیداری مەرگ كرد؛ سوێندم بە پاكیی فرمێسكەكانی چاوی دایكم خوارد؛ كە بە هێز و ئیرادەوە هەردووكیان بنێژم (دەرد و مەرگ). بۆیە زۆر ئازایانە بەرەنگاری خانەی شێرپەنجەیی بوومەوە و بە ورەی بەرز و پۆڵایینەوە؛ بە خۆشەویستی و پشتگیری خێزان و براكانم و خۆشەویستیی هەمووان و دڵسۆزیی هاوڕێیان، توانیم زاڵ بم بەسەر ئەو پەتایەی ناوی نراوە شێرپەنجە.»


سروەی بەیان، كە خۆی بە «پاڵەوانێكی شێرپەنجە بەزێن» دەناسێنێت، چ پەیامێكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەیە و چییان پێ دەڵێت، بەتایبەت بە خانمانی تووشبوو؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا دەڵێت: «ئێستا من پاڵەوانێكی شێرپەنجە بەزێنم. ژنێكی مرۆڤدۆستم و یارمەتیی هەموو تووشبووان دەدەم. سەردانیان دەكەم. قسەیان بۆ دەكەم. لێرەوە دەنگم بەرز دەكەمەوە و بە هەموو تووشبووان دەڵێم و بەتایبەتی خانمان، پێویستە بزانن شێرپەنجە نەخۆشییەكە وەكو هەر نەخۆشییەكی دیكە چارەسەری هەیە و، هیچ ئەو مەترسیدارە نییە، كاتێ تۆ بڕیار دەدەیت، بیبەزێنی. تۆ گەورەترین هێز لە خۆتدا دەبینییەوە. ژیان جوانتر دەبینی، چونكە رووبەڕووی نەخۆشییەك دەبیتەوە، فێرت دەكات رێز لە مرۆڤبوونی خۆت بگریت. ئەگەر تووشبووی شێرپەنجە بە دەروونێكی فراوانەوە بەرەنگاری ببێتەوە، ئەو كاتە دەبینێت، ئەو نەخۆشییە نەگریسە چەند بچووكە لەچاو گەورەیی مرۆڤ، تەنیا هۆشیاری و دڵنیابوون لە تەندروستی بە پشكنینی بەردەوام زامنی ژیانێكی ئاسوودەیە. ئومێد دەكەم شێرپەنجە وەكو پەتایەك سەیر بكەن و نەهێڵن ژیانتان تێك بدات. ئێوە لە هەموو دەردێك گەورەترن. بە هیوای سەلامەتی و چاكبوونەوەی هەموو توشبووان. ژیان شایانە بۆی بجەنگیت.»
Top