دوو كچ ماوەی 18 ساڵە چاوەڕوانی دۆزینەوەی دایكیان دەكەن
March 3, 2020
کۆمەڵایەتی
گوڵان: كۆمەڵایەتی
هێشوو و هەورێ دوو خوشكن كە بۆ ماوەیەك لەخانەی بێ سەرپەرستاندا ژیاون. ئێستا هێشوو تەمەنی 22 ساڵە و هەورێ 21 ساڵانە، ئەوان وەك خۆیانان باسی دەكەن ئێستا لای پووریان (خوشكی دایكیان) دەژین.هێشوو بەمجۆرە باسی رابردووی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات: «پوورم دەیگێڕێتەوە كاتێك تەمەنی من چوار ساڵان بووەو هەورێی خوشكیشم تەمەنی سێ ساڵ بووە، باوكم دایكمی تەڵاقداوە و ئێمەشی ناردووەتە خانەی بێ سەرپەرستان، تەنانەت نەیهێشت دایكم بۆ دواجار لە باوەشیشمان بگرێت، تاوەكو باپیرەمان(بابی بابم) مابوو، زوو زوو دەهاتە سەردانمان و هەرجارێك دەهات، تا دەڕۆیشتەوە بۆمان دەگریا و بە گریانەوە دەیگوت: خۆزگە تاقەتی جارانم هەبووایە، هەرگیز نەمدەهێشت لە خانەی بێ سەرپەرشتان بمێننەوە. 10 ساڵ پێش ئێستا باپیرەم مرد و ئێمەش بێكەستر بووین. من و خوشكەكەم هەموو شەوێك بە حەسرەتی باوەشی دایكمان رۆژمان كردۆتەوە، سەبارەت بە دایكیشمان هیچی لەبارەوە نازانین، نازانین مردووە یان ماوە، پوورم دەڵێت،دایكم مێردی كردووەتەوە و لە دەرەوەی كوردستانە، بەڵام دڵم پێم دەڵێت، دایكم لە ژیاندا نەماوە و هەر ئەوكات كارەساتێكیان بەسەر هێناوە، ئەمڕۆش دوای ئەو هەموو ئازار و ناخۆشی و دەربەدەرییە من خوێندنی زانكۆو هەورێی خوشكیشم پەیمانگەی تەواو كردووە، پوورەكەمان دایكایەتیمان بۆ دەكات و لەگەڵ منداڵەكانی خۆی فەرقمان ناخات، هەمیشە دەڵێت: خوای گەورە نانێكی پێداوین و بەیەكەوە دەیخۆین، لە كاتێكدا ئەو ئافرەتێكی بێوەژنە و هاوسەرەكەی لە شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش شەهید بووە، راستە پوورمان بۆنی دایكمانی لێ دێت، بەڵام بوونی دایك لە ماڵەوە سەروەتێكی گەورەیە بۆ منداڵەكانی، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا شەوان بە ئومێدی ئەوە دەخەوین كە بەیانییەك لەخەو هەستین و دایكمان هاتبێتەوە.»
كۆمەڵناس هێمن عومەر لەرووی كۆمەڵایەتییەوە بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بەسەرهاتی ئەو دوو خوشكە دەردەبڕێت و هێما بۆ ئەوە دەكات، «پرۆسەی پەروەردە پێكهاتووە لە دایك و باوك و هەر یەكێك لەمانە ئەگەر لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا نەبن، ئەوا پرۆسەكە خەلەلی تێدەكەوێت.» هاوكات دەڵێت:« ئەو حاڵەتەی كە هەیە و لە لایەكەوە ئەو دوو كچە چارەنووسی دایكیان نادیارە و لەلایەكی دیكەوە باوكیان بەو شێوە دڵڕەقییە مامەڵەی لەگەڵ كردوون و لێیان بێبەری بووە، وایكردووە بێگومان ئەوان دووربوون لە هەست و سۆز و خۆشەویستی و ئەو بەزەییەی كە پێویستە هەر دایك و باوكێك بیداتە منداڵەكانی، بۆیە ئەوان ئێستا لە بارودۆخێكی دەروونیی ناجێگیردان و هیچ كەسێك جێگەی دایك و باوكیان پڕ ناكاتەوە، زانایانی دەروونناسی و كۆمەڵناسی گەیشتوونەتە ئەو راستییەی كە خانەی پەروەردەكردنی منداڵان بەهیچ شێوەیەك شوێنی خێزان ناگرێتەوە.» گوتیشی: «وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی ئامۆژگاریم بۆ ئەو دوو كچە ئەوەیە كە رابردوو لەبیر بكەن و خۆیان بەم رابردووە تاڵە نەبەستنەوە و هێندە حەسرەت بۆ شتێك نەخۆن كە گەڕانەوەی نییە، ئەوان ئێستا لە قۆناغی پێگەیشتندان و دەتوانن كەسانێكی باش بن و لە كۆمەڵگەی خۆیاندا خزمەتی خەڵك بكەن و هاوكاریی منداڵان بكەن، ئەگەر نەشچنە پرۆسەی هاوسەرگیرییەوە، چونكە ئەوەی كە رۆیشتووە، تەنیا رابردوویەكە و رابردووش دەكرێ پەند و وانەی لێوەربگیرێت، نەك بە خەفەت و مەراق بۆ رابردوو ژیان تاڵتر بكرێت.